"an independent online kurdish website

qader_eliasiسڵاو هاوڕێی به‌ڕێز کاک قادر تکایه‌ خۆت بناسێنه به‌ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان (خه‌ڵکی کام ناوچه‌ی کوردستانی و له‌ کام شوێن پێشمه‌رگایه‌تیت له‌ ریزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا کردووه


و. لە گەڵ سڵاو بۆ بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان و پیرۆزبایی رۆژی ٢٦ ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێوە و گشت تێکۆشەرێکی کورد کە ناوی پێشمەرگەیان لاپیرۆزە، ناوم قادر ئەلیاسی یە. خەڵکی گوندێکی دەشتی زەهاوم. لە ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی بووم بە پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران،  لە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، هەورامان، داڵەهۆ، له‌ مەڵبەندی ١( سنە، کرماشان و مەریوان) خزمەتم کردووە. ئەندامی کۆمیتە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ئەندامی کۆمیتەی شارستانی هەورامان، ئەندامی کۆمیتەی شارستانی داڵەهۆ و کادری کۆمیسیونی سیاسی، نیزامی و لە کۆتاییدا کادری مەڵبەندی ١ بووم.  دواتر لە ئۆردووگای رومادی گیرسامەوە و بووم بە بەرپرسی کۆمیتەی ح دک ا لەو ئۆردووگایە کە حەشیمەتی زیاتر لە٤٠٠٠٠ کەس دەبوو. لە کۆتایی ١٩٩٢ ی زایینی وەک پەنابەر لە وڵاتی نۆروێژ وەرگیرام و لەو کاتەوە تا هەنووکە لە تەنیشت کاری رۆژانەدا بە هونەری گۆرانییەوە سەرقاڵم و خۆم بە پێشمەرگەی ئەو بوارە دەزانم. دیارە بە شانازییەوە، لە گەڵ هەموو گلە و گازەندەیەک، ئێستاش بە حیزب و رێبازە پیرۆزەکەی وەفادارم.

·        بیره‌وه‌یه‌کی ژیانی حیزبی یان پێشمه‌رگایه‌تی خۆتمان بۆ باس بکه‌.

و‌.      هاوینی ١٣٦٦ ی هەتاوی بوو. لە کێوی کۆساڵان لە نزیک شاری مەریوان، دوای ١٥ شەو و رۆژ ماندوویەتی و شەڕ لە گەڵ دوژمن، بە چەند پێشمەرگەی بریندارەوە  خەریکی پشوودا بووین و دواتر بە نیاز بووین پێشمەرگە بریندارەکان بگوێزینەوە بۆ پشتی بەرەی شەڕ. واتە بیانگوێزینەوە بۆ بنکەی هێزی شاهۆ و زاگرۆس هەڵکەوتوو لە”دەرەتفێ”ی نێوان سنووری دوو وڵاتی ئێران و عێراق. یەکێک لەو بریندارانە گەنجێکی ١٧ تا ١٨ ساڵان بوو بە ناوی عەبدولوەهاب رەوایی ناسراو بە عەبدول. خاڵۆی ئەم گەنجە بریندارە شەهید مەحموود بەگی کڵاشی ناسراو بە مەحموود دیموکرات، بەرپرسی کۆمیتەی جوانڕۆ بوو کەچەند رۆژ بەر لەو رێکەوتە  بە پیلانی جاشێک لە جوانڕۆ بە دیل گیرابوو کە دواتر لە زیندانی دێزڵاوا(دیزل آباد) ی کرماشان لە سێدارە درا. عەبدول لە بەر برینەکەی ئەم هەواڵەی پێڕانەگەیەنرا بوو. تەنیا بەرپرسەکان ئاگادار بوون. دەمەو عەسر کۆمەڵێک پێشمەرگە لە دەوری یەک کۆبووینەوە. چامان دەم کرد و مامۆستا هێمن وتەنی( گریانمان بە پێکەنین سواخ دەدا). عەبدولیش لە گەڵ ئەوەی بریندار بوو، هات بۆ لامان و دوای چاک و چۆنی، وەڵامی دایەوە: من باش نیم و دەزانم ئەم برینە دەمکوژێ. ئێمەش دەستمان کرد بە دڵدانەوەیی و وتمان: ئیمشەو دەتان گوێزنەوە بۆ بنکەی هێز و لەوێش دوکتور ئامادەیە. بزەیەکی هاتێ و رووی کردە من و داوای مقامێکی لێکردم. منیش بە بیستنی ناوی ئەو مقامە و یادی هاوڕێی بە دیل گیراوم کاک مەحموود، کسپە لە جەرگمەوە هات و ناچار خۆم راگرت و مقامەکەم بۆ خوێند کە بەم شیعرە دەست پێدەکا:

دایە گیان بۆچی “من”ت بەخێو کرد؟   

بۆ خۆشی خۆت بوو؟ یان بۆ گەلی کورد

وامن بۆ گەلم خۆم ئەدەم بە کوشت

خوای ئەکرد دەریای فرمێسکت ئەڕشت

پاش مقامەکە و تۆزێک رامان لە هەموومان هەستا و چۆوە بن ئەو بەردەی کە وەک پەناگە بۆی سازکرابوو. کاژێر(سەعات)ێک لەو دیدارە رابرد و یەکێک لە پێشمەرگەکان هات و وتی: عەبدول شەهید بوو. منیش ئەو ئێوارەیە بۆ مەرگی جوانەمەرگی عەبدول و خەمی پەنگ خواردووم لە مەڕ بەدیل گیرانی کاک مەحموودی خاڵۆی عەبدول و هاوڕێی چەند ساڵەی خەباتم، چەند هەنگاوێک لە هاوڕێکانم دوور کەوتمەوە و بە کوڵی دڵ گریام. 

·        ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان (26 ی سه‌رماوه‌ز)  لای تۆ چ مانایه‌کی هه‌یه‌ و چۆنی تاریف ده‌که‌ی ؟

و‌.      رۆژی پێشمەرگە واتە رۆژی رێزلێنان و قەدرزانی  لەو مرۆڤانەی کە لە سپای میللی نەتەوەیەکدا بۆ پارێزگاری خاک و گەل کۆکراونەتەوە و  سازمان دراون. کە سپا هەبوو، وڵاتێکی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی سپا بیپارێزێ. کە وڵاتیش هەبوو، ئاڵا و سەربەخۆیی و سەربەستی ئەو نەتەوەیە دەستەبەر کراوە. کە سپا و ئاڵا و وڵاتیش هەبێ، بوونی نەتەوەیەک بە هەموو سەروەرییەکانییەوە دەردەکەوێ. کەوابوو رۆژی پێشمەرگە لە لای من بە واتای بەختەوەری نەتەوەیەک لە گشت بوارەکانی ژیاندا پێناسە دەکرێ.

·        که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که‌ پێیان وایه‌ ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌واو بووه‌ ، تۆ نه‌زه‌رت له‌و باره‌وه‌ چیه‌ ؟

و‌.      ئەگەر ئەرکی پێشمەرگە پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی نەتەوەیەک بێ، هیچ کات بە سەر نەچووە و تا وڵات و خاک و گەل هەبێ، پێشمەرگەش دەمێنێ. ئەوەی تەنیا گۆڕانی بەسەردا دێ، شێوەی خەباتی پێشمەرگەیە. دوێنێ لە مەتەرێزی بەرگری داکۆکی لە گەل و خاک کردووە، ئەمڕۆ لە سەنگەری پارلەمان بە گژ کەم و کۆڕییەکاندا دەچێتەوە و سبەی بە رۆڵێکی دیکەوە دەردەکەوێ. لە سەرجەمی گشت ئەو ئەرکانەدا پێشمەرگە بوونی هەیە و بە بێ ئەو ئەو ئەرک و هەرمانانە راناپەڕێ. بۆیە چارەنووسی پێشمەرگە و نەتەوەی کورد پێکەوە گرێدراوە و بە یەکەوە پێناسە دەکرێن.

·        باشترین وشه‌ که‌ پێشکه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ بکه‌ی چیه‌ ؟

و‌.      باسکی بە هێزی گەل و هەڵۆی بەرزەفڕ و پارێزەری ناسنامەی نەتەوەی کورد، لەو چەمک و پەیڤانەن کە کاڵای پڕ بە باڵای پێشمەرگەن.

·        له‌ کۆتایی دا ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان 9 ساڵی ته‌واو کرد، چیت هه‌یه‌ بۆ ساڵ ڕۆژی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان ؟

و‌.      لە گەڵ داوای تەمەن درێژیی بۆ ئەو ماڵپەڕە لە دڵاشیرینە، بە دڵەوە دەخوازم لە لێکدانەوەی هەواڵ و ئاریشە و کێشەکانی رۆژدا بێلایەن بێ و وەک تریبوونێکی قەڵەمە سەربەخۆ و خاوێنەکان رۆڵی خۆی بلەیزێ. سەرکەوتوو بن!

ئاماده‌ کردنی:   

ساڵه‌ نه‌ڵۆسی و کاووس عه‌زیزی

ئیمایل {jcomments off}

s.nalosi@gmail.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی