"an independent online kurdish website

بە ئینسافی نازانم کە لە دووبەرەکیی نێوخۆیی و بە تایبەت لە جیابوونەوەی حیزبدا، هەڵوێستەکانی حیزب بە “مەنفی” دابندرێن.

abdulla_hijab-0

به‌رێز کاک عه‌بدوڵا حیجاب، پێشه‌کی پێم خۆش بوو پر به‌دڵ سپاست بکه‌م که‌ کاتی خۆت بۆ ئێمه‌ ته‌رخان ده‌که‌ی!

جه‌نابت مرۆڤێکی که‌ زه‌حمه‌تێکی یه‌کجار زۆرت له‌ ژێر سیاسه‌تی حیزبی دێمۆکرات‌دا بۆ ره‌زگاری نه‌ته‌وه‌که‌مان وخاکی پیرۆزی کوردستان کێشاوه‌ وئه‌رکی نیشتمانی خۆت وه‌ک کادرێکی هه‌ڵسووڕ له‌ رادیو ده‌نگی‌کوردستان به‌ زاراوه‌ی کرمانجی ژوروو و زمانی فارسی له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌کانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌جێ گه‌یاندوه‌.

خۆت ده‌زانی دوای له‌ت بوونی حیزبه‌که‌مان جه‌معێکی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی حیزب وه‌ک ره‌خنه‌ گرتن له‌و به‌ش به‌ش بوونه‌ بێ لایه‌ن له‌ کاری ته‌شکیلاتی دانیشتن وهه‌ریه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌ستی کرد به‌ فه‌عالیه‌ت, بۆ وه‌سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی حیزبه‌که‌مان، وه‌هه‌روه‌ها جه‌معێکیش که‌مپێنیه‌کیان پێک هێنا به‌ ناوی “که‌مپێنی یه‌کبوون” که‌ خه‌ڵکێکی زۆر هه‌م له‌ ناو رێزه‌کانی هه‌ردووک به‌شی حیزب‌دا هه‌م له‌ لایه‌ن دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان پشتیوانێکی زۆریان  لێکرد، ئه‌و که‌مپێنه‌ له‌و ماوه‌یه‌‌دا تێکۆشانی خۆی بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ک به‌ پێ توانا درێژه‌ داوه  وتا ئه‌و جێگایه‌ به‌رپرسی که‌مپین له‌ ‌گه‌ڵ سکرتێری هه‌ردووک به‌شی حیزب ئه‌و مه‌وزوعه‌ی هێناوه‌ته‌ به‌رباس‌, هه‌روه‌ها سایتی ” ناوه‌ندی ئاشتی وکه‌مپێنی یه‌کبوون” وه‌ک ماڵپه‌ری ئه‌و که‌مپینه‌‌ تێکۆشان وبۆچوونه‌کانی خۆی بۆ ئاشتی وبه‌تایبه‌تی له‌ به‌ینی ئه‌و دوو حیزبه‌ دا ده‌خاته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران.

به‌رێز کاک عه‌بدوڵا به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێن ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ ئێستا ئێمه‌ تێی‌داین،  له‌‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌می که‌ پێشــمه‌رگه‌ بووین، فه‌رقی یه‌کجار زۆره‌.

ئێمه‌ شاهیدین زۆربه‌ی جه‌وانه‌کان بۆچوونێکی توندتر وناسیۆنالیستی زیاتریان له‌ ئێمه‌ی به‌ ته‌مه‌نتر به‌رانبه‌ر به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌یه,‌ پێتان وایه‌ که‌ دروشمی حیزبه‌کان ده‌بێ گۆڕانی قوڵی تێدا پێک‌بێ.

1       پرسیار ،حیزب وه‌ک ئاوێنه‌ وایه‌ کاتێک مرۆڤ خۆی تێدا نه‌دیته‌وه‌ وبه‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی تێدا به‌دی نه‌کرد پێت وایه‌ ده‌بێ ئاڵوو گۆرێکی سیاسی له‌و حیزبه‌دا پێکدێ؟

منیش سوپاستان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتە و هیوام وایە کە بە هەوڵ و هیمەتی جیددی هەموو لایەک ڕیزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زووترین کات پتەوتر بن و برینەکانی بزووتنەوە سارێژ ببنەوە.

من ڕێکخراوی سیاسی وەک ئامرازێک دەبینم کە لە سەر بنەمای کۆمەڵە نرخێک دروست بووە، کراوە بە پەیمانێکی چەند لایەنە لە نێوان ئەندامەکانی‌دا و بۆ بەڕێوەبردنی پرۆگرامێکی سیاسی بە کار دێ. ئەندامەتی لە حیزبێک دا، پشتیوانی لە پەیمانێکی چەند لایەنەیە و تا کاتێک بەردەوام دەبێ کە تاکەکانی پێکهێنەری بڕوایان بە چوارچێوەی گشتی هەیە. واتا دەکرێ لە ئاستی خوارەوەی چوارچێوەی گشتی دا زۆر جیاوازی لە شێوەی کار و بیرکردنەوە دا هەبێ، بەڵام لە چوارچێوەی گشتی و لە سەر خاڵە سەرەکیەکانی سیاسی هاوبەندییەک پێویستە. ئەو کۆمەڵە نرخانەی کە ئەو ئامرازە پێک دێنن، نرخ و بایەخێکی جیاواز بەو ئامرازە دەدەن و دەبنە بنەمای ژیانی بەردەوامی سیاسی و پێکەوە گرێدانی ئەندامانی هەر حیزبێک.

ئەگەر کەسێک گەیشتە ئەو بڕوایە کە حیزبەکەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ناپارێزێ، پێویست ناکا هەوڵ بۆ گۆڕینی بدا، بەڵکوو دەبێ ئەو چوارچێوەیە بە جێ بهێلێ و چوارچێوەیەکی دیکەی بە تەواوی جیاواز دروست بکا.

 بەڵام هەر چوارچێوەیەکی سیاسی دەبێ بە پێی ئاڵۆگۆڕەکانی سەردەم و دەورووبەری خۆی، بەردەوام لە هەوڵی خۆگونجاندن، خۆنوێ کردنەوە و چاکسازی دا بێ. جاری واشە پێویست دەبێ کە ئاڵوگۆڕەکان بنچینەیی بن و تەنانەت بنەماکان و قەوارەی حیزبیش بگرێتەوە.

2       پرسیار، له‌ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودابۆچوون وسیاسه‌ته‌کانی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان  ئاڵوگۆرێکی به‌رچاویان تێدا به‌دی نه‌کراوه‌، ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سیاسی بکرێ پێتوایه‌ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌و چاوه‌روانیه‌ی خه‌ڵکی کورد لێیان هه‌یه بتوانن‌ وه‌دی بێنن؟

بەشێکی ئەو وەزعە سیاسیەی کە بە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە، دەگەرێتەوە بۆ سەر فاکتۆرە دەرەکیەکان و بەرۆکی هەموو لایەنەکانی گرتوە. بۆیە تەنانەت ئەگەر حیزبەکان ڕۆژانەش خۆیان بگۆڕن و بە تەواوی ئالوگۆڕ بە سەر شکڵ، قەوارە و تەنانەت ناوەرۆکی خۆشیاندا بێنن، ناتوانن وەزعەکە بگۆڕن. بۆ وێنە دەرفەتی بەشداری کردن لە سیاسەتی یاسایی، هەڵبژاردن، پێشکەش کردنی بەرنامەی کار بۆ خەباتی سیاسیان لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا و هتد. بەڵام بەشێکی دەگەرێتەوە سەر خۆیان و پلان و بەرنامەیان بۆ داڕشتنی ستراتێژییەکی هاوبەشی نەتەوەیی. لەم چوارچێوەیەدا لایەنەکان کورتی دێننەوە. هۆکارەکەش دەگەرێتەوە بۆ سەر نەبوونی کولتووری دێمۆکراسی و یەکتر تەحەممول کردن لە لایەکەوە و دەرکی ناڕاستبینانە لە کێش و قورسایی خۆیان لە لایەکی دیکەوە.

کێشەیەکی بنچینەیی لە لای ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی ئەوەیە کە گۆڕان لە تێکدان دا دەبینین. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. لە ناوەندەکانی دێمۆکراسیی جیهان، گەورەترین دەستکەوت لە گۆڕەپانی دێمۆکراسی و مافی یەکساندا لە ڕێگای پێکەوە کارکردن و ڕێفۆرمەوە وەدەست هاتوون. ئەگەر ئێمەش بڕوامان بە چوارچێوەی گشتی و نرخە هاوبەشەکان هەبێ، دەبێ هەر بەو شێوەیە بچینە پێش.

لە پێوەندی لە گەڵ شیانی حیزبەکان بۆ وەڵامدانەوە بە داخواز و هیواکانی هەنۆکەیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێ زیاتر ڕاستیەکان ببینین و هێزی ئێستای خۆمان لە بەر چاو بگرین. وا نیە کە ئەگەر ئاڵوگۆڕی نێوخۆیی هەبوو و حیزبەکان یەکیان گرتەوە یا برینە نێوخۆییەکان ساڕێژ کرانەوە ئیدی دەتوانین بە یەک و دوویەک کورد ڕزگار بکەین. ئەوەی کە ئێستا دەبینین چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستان یەکیەتیی نەتەوەییە و هێزەکانمان دەبێ هەموو هێز و تواناییان لەم بوارەدا وەگەڕ بخەن. لەو گۆڕەپانەدا وەزعی زاڵ بە دڵی من نیە. بەڵام بە هەموو شێوەیەک بۆ بردنە پێشی هیواکانم، چ لە چوارچێوەی حیزبەکەم دا و چ لەو دەرفەتانەی کە لە دەرەوەی حیزب‌دا هەمە، وەکوو کۆڕو کۆمەڵە ڕووناکبیری و زانستیەکان، سازی و ناوەندە نەتەوەییە سەربەخۆکانی وەکوو ناوەندی پەنی کورد (ناوەندی نووسەرانی کورد کە ئەندامی پەنی نێونەتەوەیی Internatinal PEN ە)، کۆمەڵەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و هتد کەڵک وەردەگرم.

3       پرسیار، له‌و ماوه‌ دوورو درێژه‌دا به‌ داخه‌وه‌ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌یانتوانی به‌ره‌یه‌کی پته‌و یه‌کگرتوو پێک بێنن، نه‌ک به‌ره‌یان پێکنه‌هێنا به‌ڵکوو  چه‌ند حیزبی دیکه‌شیان به‌ ئینشیعاب پێوه‌ زیاد بوه‌، ئه‌ وه‌زعه‌ چۆن ده‌بینی؟

وەکوو پێشتریش باسم کرد بیرکردنەوەی جیاوازم پێ دروستە و تەنانەت بۆ گەشە کردن و هاندان بۆ نوێکاری بە پێویستیشی دەزانم، بەڵام هەر چی دەکەم ناتوانم تەنانەت یەک هۆکاریش بۆ مەشرووعیەت دان یا تێگەیشتنی جیابوونەوەکانی نێو حیزبە کوردییەکان، بە حیزبی خۆشمانەوە ببینم. بێگومان لایەنە جیابوونەوەکان، هۆکاری تایبەت بە خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستانەیان هەیە و وەکوو کەسێکی لایەنگری دێمۆکراسیی لیبەرال، من ناتوانم سەداسەدی تاوانەکان بخەمە ئەستۆی جیابوونەوەکان و سەداسەدی ڕاستی و چاکەکانیش بۆ خۆمان و هاوبیرەکانم دابنێم. قسەی من ئەوەیە بۆ چی دەبێ ئێمەی کورد کە جارێ لە قۆناخی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەییداین، بە دەیان کۆسپی گەورەمان لە سەر ڕێیە، دوژمنەکانمان هەموومان هەر بە یەک چاوەوە سەیر دەکەن و لە نێوخۆی لایەنە کوردییەکان دا بە سەدان لایەنی هاوبەشمان هەیە، لە سەر جیاوازیی بۆچوون یا کەچە کورسییەک کە بەردەام نیە، وا پشت لە یەکتر بکەین کە هەموو لایەنە هاوبەشەکانمان لە بیر بکەین و شیر و تیر لە یەکتر بکێشین.

من هیچ ناکۆکیەکی بنچینەیی نە تەنیا لە نێوان حیزبە دایکەکان و لایەنە جیابوونەوەکانیاندا نابینم، تەنانەت لە نێوان حیزبە جیاوازەکانیش دا لەو قۆناخەدا ئەوەندە جیاوازی بە دی ناکەم کە ئاوا تیر بە سێەبری یەکترەوە دەنێن. هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە گەڵ نەمانی ئەو ڕێژیمەن، هەموویان سیستەمێکی دێمۆکراتیکیان دەوێ کە هەموو کۆنڤانسیۆنەکانی مافەکانی مرۆڤ قبوڵ بکا،، بەشی هەرە زۆریان سیستێمێکی فێدرالیان بۆ ئێرانی داهاتوو دەوێ، زۆربەیان عیلمانی بیر دەکەنەوە، بەشی زۆریان خۆیان بە سۆسیال دێمۆکرات دەزانن ووو. ئەو چەند خاڵانە بەشی بەرە یا یەکیەتیەک دەکەن کە تا ڕزگاریی کوردستان بەردەوام بێ.  

 

4       پرسیار، دوای له‌ت بوونی حیزبی دێمۆکرات نائومێدی له‌ ناو کوردی رۆژهه‌ڵات دروست بوه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و دوو حیزبه‌ جوابی” به‌ڵێ” به‌ داوای ئه‌ندامانی حیزب وخه‌ڵکی کوردستان بۆ لێک نزیک بوونه‌وه‌ نه‌ده‌نه‌وه‌، پێتوایه‌ چ وه‌زعێک دێته‌ پێش؟

لە ڕوانگەی منەوە حیزبی دێمۆکرات تووشی جیابوونەوە بووە، بەڵام نەبووە بە دوو حیزب. ئەوەی کە من دەبینم ئەوەیە کە ئەندامانی حیزب، تەنانەت ئەوانەی کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان بە جێ هێشتوە، لایەنگری دوو حیزبی جیاواز نین و هەموویان خۆیان وەفادار بە یەک ڕێبازی هاوبەش دەزانن. ئەوە خاڵێکی جێگای هیوایە و دەبێ بکرێتە بنەما بۆ کاری داهاتوو بۆ یەک خستنەوەی نێوماڵی کورد.

من ڕەخنەم لەو ئەدەبیات و فەرهەنگە سیاسیە هەیە کە ئەو شێوە قەیرانانە دەخوڵقێنن کە جیابوونەوەیان بە دواوە بێ. ئێستا جیابوونەوە بووە، بەڵام من نیشانەیەک لە دیاریکردنی ڕێبازی جیاواز نابینم. ئێمە لە ساڵی ٢٠١١ و لە جیهانێک دا دەژین کە بێجگە لەخۆمان، زۆر کەسی دیکەش دەزانێ کە هەم ٢ جار ٢ دەبێ بە ٤ و هەم ٢ و ٢. بۆیە قسەی من ئەوەیە کە ئەگەر قەرارە دوو حیزب بین با ببینە ٢ی بە تەواوی لە یەکتر جیاواز، ئەگەر یەک ڕێباز و بڕوامان هەیە، کە من ئەوە بە هێزتر دەبینم، ئەوە بەرد و ئەوەش تەرازوو با بێین و لە میکانیزمێک بگەڕێین کە کۆتایی بەو وەزعە بێنێ. ئێستا تەپ و تۆزی تووڕەیی جاران نیشتۆتەوە و دەکرێ باسی یەکخستنەوەی ماڵی کورد بخرێتە ڕۆژەڤی سیاسیەوە. ئەوەی کە دەبێ پێشی پێ بگرین کەڵک وەرگرتن لە هەست و دڵسۆزیی ئەندامان و ڕێبەرانی سیاسی وەکوو ئامرازی گەیشتن بە سیاسەتێکە کە بە قازانجی گەلەکەمان نیە.

ئەگەر لە داهاتووی نێزیک دا نێوماڵی کورد وێک نەخرێتەوە، تۆفانی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەڵاتی ئێمەش دەگرێتەوە و ئێمە وەبەر دەدا بە بێ ئەوەی توانایی خۆپاراستنمان بێ.

5       پرسیار، به‌ نه‌زه‌ری تۆ حیزبی دێمۆکرات ده‌بێ چی بکا تا بتوانێ نه‌سلی تازه‌ی پێ گه‌یشتوو ،به‌ تایبه‌ت چینی روناکبیر بێنیته‌ نێو ریزه‌کانی ته‌شکیلاتی خۆی؟

بەشێکی ڕێبەرایەتی حیزب جیلی تازەن و زۆر ڕدێن سپی تازەبیریشمان تێدایە. ڕووناکبیری تەنیا خوێندەواریی کلاسیک و خوێندنی زانکۆ نیە، بەڵکوو هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە بەرامبەر چارەنووسی نەتەوەکەی گەورەترین نیشانەی وشیاریی نەتەوەیی و ڕووناکبیریە. ئەوەی کە ئێمە پێویستیمان پێ هەیە کرانەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەییە کە شیاوی ڕێکخراوێکی سۆسیال دێمۆکراتی ئەو سەردەمە بێ. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە زمانی تێکەڵکەرەوە، زمانی دیالۆگ و مێتۆدی هاندانی ئەرێنی هەیە. زمانی تانە و تەشەر و ڕێبازی شکاندنی کەسایەتی گەورەترین کۆسپن.

6       پرسیار، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر کۆنگره‌ی 15 ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ته‌واو بوو، له‌ رێگای مێدیاکانه‌وه‌ ئاگاداری بۆچوونه‌کانیشیانی له‌ باره‌ی پته‌وکردنی ناو ماڵی کورد،  به‌ پێی په‌یره‌و پرۆگرام کۆنگره‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش نزیک بۆته‌وه‌، کۆنگره‌ی هه‌ردووک به‌شی حیزبی دێموکرات بۆ هاوکاری یان لێک نزیک بوونه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟

ئاگادارییەکانی پێوەندیدار بە کۆنگرەی داهاتووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی حیزبەوە بڵاو دەکرێنەوە و لە کاتی خۆی دا هەموو لایەک لێی ئاگادار دەکرێتەوە. بێگومان کۆنگرەی داهاتوو بۆ داڕشتنی بەرنامەی کار بۆ قۆناخی داهاتوو گرینگ دەبێ و میکانیزمێک بۆ کار لە چوارچێوەی نەتەوەییدا دەدۆزێتەوە.

من هەر هەوڵ و سیاسەتێک کە هەنگاوێک ڕێزەکانی بزووتنەوەی کورد لە یەکتر نزیک بکاتەوە بە قازانج دەزانم و پشتیوانیی لێ دەکەم. با دووبارەی کەمەوە، دەبێ بە هەموومانەوە پێش بە کەڵک وەرگرتنی ئامرازئاسایی لە دروشم و هەڵوێستی خەڵک پەسند بگرین و لە چارەسەرییەکی جەوهەری بۆ ئەو کێشەیە بگەڕێین.

بە کورتی بۆچوونی من ئەوەیە کە دەبێ بە شێوەیەکی ژیرانە کار بکەین و هەوڵی یەکخستنەوە تا سەر بپارێزین، بەڵام ئەگەر ئەوەندە جیاوازین کە نەکرا ببینەوە بە یەک، با ببین بە دووی بە تەواوی لێک جیاواز. ئەوەش تەنیا بە دیالۆگ دەکرێ.

7       پرسیار، که‌مپینی یه‌کبوون زۆر جار هه‌وڵی داوه‌ بۆ دروست کردنی دیالۆگ یان دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌کی موسبه‌ت له‌ به‌ینی هه‌ردووک به‌شی حیزبی دێموکرات، به‌ڵام هه‌موو جارێک هه‌ڵوێستی حدکا مه‌نفی بووه‌، بۆ وایه‌؟

بەشێکی دەگەرێتەوە سەر ئەزموونەکانی ڕابردوو. لێم ببوورن کە ئەو قسەیە دەکەم. ڕێزم هەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە کراوە و هەڵوێستی دروست و دڵسۆزانەی هەموو ئەندامانی ئێستا و پێشووی حیزب بە تایبەت لایەنگرانی یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب. بۆچوونی شەخسیی من ئەوەیە کە لانی کەم بەشێکی هاوڕێیانی پێکهێنەری کەمپێنی یەکبوون یا ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی کەمپێین و لە کاناڵەکانی جیاوازەوە بۆ یەکگرتەنوە هەوڵ دەدەن، ئەندامانی زۆر چالاکی کەمپێنی لێکترازاندن و جیاکردنەوەی حیزب بوون. بە خراپی لێک مەدەنەوە، مەبەستم ئەوە نیە کە ئەگەر کەسێک جارێک هەڵوێستێکی بوو کە لە جێ دا نەبێ دەبێ هەتا هەتایە داری ئەو هەڵوێستە بخوا. ئەوە بۆچوونێکی بە تەواوی هەڵەیە و من نایپارێزم. بەڵام بۆ ئەوەی کە داخوازی کەمپێین ببێتە جێی متمانەی حدکا، پێشنیار دەکەم کە کەمپێین لە گرفتی نێوخۆیی بزووتنەوەدا، هەڵوێستەکانی حدکا بە نەینی یا مەنفی چاو لێ نەکا.

بۆ ئەوەی کە لایەنێک یا کەمپێنێک سەر بکەوێ دەبێ بەر لە هەموو شتێک بە یەک چاوەوە سەیری لایەنەکان بکا، تەنانەت ئەگەر لایەنێک هەڵوێستی خراپیشی بێ، دەبێ کەمپێنی چاکەخواز خاڵە سپیەکانی ئەو هەڵوێستە‌ی کە لە ڕوانگەی ئەوەوە خراپن زەق بکاتەوە. کەمپێن دەتوانێ بە شێوەی جیاواز ڕەخنە لە سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزب بگرێ، بەڵام کە هاتە سەر هەوڵدان بۆ لێک نزیککردنەوە، نابێ چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی لە لایەنێک بێ کە هەمیشە دەیکوتێ. بۆچوونەکانی من سەبارەت بە دیالۆگ و لێک نزیکبوونەوە بۆ هەموو هاوڕیکانم ئاشنان و با بە ئینسافیشەوە بڵێم زۆر قسە و هەڵوێستم لێ قبووڵ دەکرێن کە ڕەنگە هێندێک کەس پێیان خۆش نەبێ. من بە دەنگی بەرز گوتوومە و دووبارەی دەکەمەوە کە پێوەندیی دۆستانەم لە گەڵ هەموو کەسایەتی و ئەو ڕێبەرە سیاسیانە هەیە کە لە کانیاوی حذكا ئاویان خواردۆتەوە. لە گەڵ زۆر کەسایەتی و هێز و لایەنی سیاسی لە ڕۆژهەڵات و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان پێوەندی دۆستانەم هەیە. لایەنگری یەکخستنەوەی ماڵی کورد و دژی جیابوونەوەکان، بە تایبەت بەردەوامیی جیابوونەوەی حیزبم. بەڵام بە ئینسافی نازانم کە لە دووبەرەکیی نێوخۆیی و بە تایبەت لە جیابوونەوەی حیزبدا، هەڵوێستەکانی حیزب بە “مەنفی” دابندرێن.

8       پرسیار، دوای پێک هێنانی که‌مپینی یه‌کبوون, له‌ لایه‌ن حدکانه‌وه‌ به‌ ره‌سمی چه‌ند کادرێک له‌ ریزی ته‌شکیلاتی حدکا ده‌رکران، تۆ پێت وایه‌ که‌سانێک که‌ بانگی ئاشتی ویه‌کبوون ده‌که‌ن ده‌بێ ده‌ربکرێن؟

نا، دەنگی ئاشتی و تەبایی نە کپ دەکرێ و نە دەردەکرێ. هەر حیزبێک میکانیزمی کار و شێوەی ڕێکخراوەیی خۆی هەیە کە ئەندامەکانی دەبێ پێبەندی بن. دەکرێ و دەبێ هەر تاکێک خاوەن بیر و بۆچوونی تایبەت بە خۆی بێ و لە سەریان ڕاوەستێ، بەڵام نابێ ڕێگا بدرێ کە ئەو بۆچوونە بۆ زەربە لێدان لە حیزبەکەی کەڵکی خراپی لێ وەربگیرێ. وەکوو عەرزم کردن، لە حدکا من لە ڕێگای هەموو کاناڵە حیزبیەکانەوە و تەنانەت لەو سێمینار و کۆڕ و کۆبوونەوانەی کە تێیاندا بەشدار دەبم بۆچوونەکانی خۆم لە سەر یەکریزیی نێوماڵی کورد باس دەکەم و ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبیشم. کە وابوو شێوەی دەربڕین زۆر گرینگە.

9       پرسیار، هه‌وڵ وتێکۆشانی که‌مپێنی یه‌کبوون ودڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ،بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ی دوو به‌شی حیزبی دێمۆکرات هه‌روه‌ها دروست کردنی دیالۆگ له‌ نێوانیان‌دا چۆن ده‌بینی؟

هەر هەوڵێک کە بۆ ئاشتی و یەکگرتنەوەی نێو ڕیزەکانی کورد بێ بە پیرۆزی دەزانم. پێشنیار دەکەم کە چەند پیوان و پرەنسیپ لە کارەکانتاندا ڕەچاو بکەن. یەکەمیان بێ لایەنیە، دوهەمیان زمانی دیالۆگە و سێهەمیان بەشداریکردن و زەقکردنەوەی لایەنە هاوبەشەکانە.

با هەموومان پێکەوە قسە بکەین و بۆچوون و بیروڕاکانمان ڕوون بکەینەوە. دیالۆگ دەستپێکی لێک تێگەیشتن و چارەسەرییە. ئەوەی کە من جار و بار وەکوو نەخۆشییەک دەبینم لێکدانەوەی هەڵەیە لە بۆچوون و هەڵوێستەکان. با پێش بەو شێوە لێکدانەوانە بگرین و لەوە دڵنیا بین کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو کەس پتر خێر و سەرکەوتنی خۆی دەوێ و لە خەمی پتەوکردنی یەکریزیی خۆی دایە. ئەگەر هەمووشمان ئەو یەکریزییەمان دەوێ، با حیسابە شەخسی و دڵئێشانە تایبەتیەکان وەلا بنێین و ڕێگا خۆش بکەین تا لە قۆناخی یەکەم دا ئەو دووبەرەکیە نەمێنێ و پاشان پێکەوە بەرەو کۆنگرەیەک بڕۆین کە هەموو ئەو کەسانەی کە خۆیان بە وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێمۆکرات دەزانن خۆیانی تێدا ببیننەوە.

به‌ سپاسه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری که‌مپینی یه‌کبوون سه‌ید عه‌لی هاشمی

منیش سپاستان دەکەم و بە هیوای سەرکەوتن.

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی که‌مپه‌ین

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی