"an independent online kurdish website

rashid_rehmaniناوم رشید رحمانییە و خڵکی گوندی زەرواوی خواروو سەر بە شارستانی بانەم

زۆر بەداخەوە شەرەفی پێشمەرگایەتیم پێنەبراوە ئەگەرچی یەکێک لە خولیاکانم بووە ، بەڵام بە خۆشحالیەوە لە ٢٢ی پووشپەری ٨٣ی هەتاویەوە بە پەیوەندی گرتن لە گەڵ کۆمیتەی دەرەوەی حیزب

لە فەرانسە و پاشان لە کۆمیتەی یۆنان شانازی ئەندامەتی لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانم پێ بەخشراوە و ئێستا وەک ئەندامی ئەو حیزبە لە کۆمیتەی ئاڵمان درێژە بە کاری خۆم ئەدەم .

پرسیاری ئەوەم لێ دەکرێ ئەگەر بیرەوەریەکم لە گەڵ پێشمەرگەدا هەبێ ، رەنگە هەرکام لە ئێمە کە لە نزیکەوە شاهدی بەرخودان و حەماسەی پێشمەرگە بووبین بە دەیان بیرەوەری تاڵ و شیرینمان هەبێ ، زۆر جار بیرەوەری لە سەر حەماسە خۆڵقێنی و فیداکاری و دڵسۆزی پێشمەرگە کراوە ، لێرەدا من پێم خۆشە لە بیرەوەری سەردەمی منداڵی بدوێم و باس کەم ،رەنگە زۆرشتم بەتەواوی لەبیر نەمابێ ، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە هێشتا بە سەدان کەس لە پێشمەرگە گیان لە سەردەستەکانی ئەو کاتی گەل هەروا لە گۆڕەپانی خەباتدا ماون وخۆیان لە ناخی ئەو رووداوانەدا بوون کە هیوادارم بتوانن بەوەردی لەسەر ئەو هەموو خەبات و فیداکاریە زیاتر بنووسن .

من لە جێژنی قوربانی ساڵی ٥٩ی هەتاوی بە پێشمەرگە ئاشنا بووم کە ٥ ساڵان بووم ، لەو رۆژەدا لەشکرێکی گەورە لە سەردەشتەوە بەرەو بانە هاتن، لە گوندی زەرواو لە لاین دەستەیک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لەیدرا کە بەداخەوە چەند کەسێکیان لێ شەهید بوو و ئەو لەشکرە بەرەو بانە رێکەوت و لەوێرا کەوتە بەر حماسەخۆڵقێنەرانی کوردستان و تەفن و تنا بوو، ئیتر لەو تاریخەوە پێشمەرگە بۆ من بووە پاڵەوان، بووە سونبولی ئازادی و سۆز و خۆشەویستی گەل و نیشتمان ،پێشمەرگە لای من هەموو مانایەکی جوانی دەبخشێ ،

هەر لەو سەردەمەدا بە دەیان جار شاهیدی قارەمانی و فیداکاری پێشمەرگە بووم ، شاهیدی ئەوە بووم کە هێند بەوەرە بوون تەنانەت کاتێک فرۆکەکان دەهاتن سەر ناوچەکە و ئاوای خۆمان و راکت باران و شێست تیر بارانیان دەکرد بێ ئەوەی تۆزقاڵێک لەوەرەیان کەم بیتەوە یا خود بترسن رووبەروویان دەبوونەوە و هەر لەو زەرواوە بە بەرچاوی مناڵیمەوە فرۆکەیکان خستەخوار ، هەر ئەم رووداوانە وای لی کردبووم کە تەنیا هێزێک بوونی هەیە و ئەویش پیشمەرگەیە و بەس ، تەنانەت ئەم بۆچوونە ئێستاش هەروا فیکر و زێهنی داگیر کردووم و باوەری قووڵی منە لە سەر پێشمەرگە ،هەر لە سوونگی ئەم باوەرەمەوە پێم خۆش بوو باسێک لە سەر قارەمانی و فیداکاری پێشمەرگەی کوردستان لە بەهاری ساڵی شەستەوە تا کۆتای زستانی ٦١ی هەتاوەی بە کورتی باس کەم

بەداخەوە هەم ئەوە کە زۆر شتم لە بیر نەماوە و هەمیش دەرفەتی باس کردن لە هەموو رووداوەکان نییە ، بۆیە تەنیا بەشێک لەورووداوانە باس دەکەم .

·         لە بەهاری ساڵی ٦٠ی هەتاوی بەرۆژانە لە شاری بانەرا لەشکری کۆماری ئیسلامی بەرەو سەردەشت رێ دەکەوت و لە هەژدەدۆڵانی زەرواو دەکەوتە بەر زەبری کورانی گەل بە تایەبەت پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات کوردستان و هەموو رۆژێک تامی شکستیان پێ ئەچێشتن ، بەو جۆرە تا پاییزی ساڵی ٦٠ هێرش بەردەوام بوو ، بە هەزاران کەس بوونە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ناو هەر شیو و دۆڵیکیشدا بە دەیان ماشینی سووتاوی تێ کەوت ،ئیتر هەژدەدۆڵان بوو بە مەکۆی فیداکاری و حەماسە و لە کوردستان دەنگی دایەوە و قارەمانانی ئەو داستانانە بە حماسەخۆڵقێنەرنای شەرە حماسیەکانی هەژدەدۆڵان ناویان دەر کرد ، رۆژ بە رۆژ دوژمنی دژی گەلی وەک ورچی برینداری لێ ئەهات و بۆ رۆژی دوایی بە هێزی تازەنەفەسەوە و بە پشتیوانی ئاگری تۆپخانە و فرۆکە بۆ سەر سەنگەری قارەمانانی گەل و خەڵکی بێ دیفاع و بێ تاوانی کورد لە ناوچە هێرشی دێنا ، بەو جۆرە شەڕێکی قورس و خوێناوی درێژەی کێشا تا کۆتای وەرزی پاییزی ساڵی ٦٠ کە توانی زەرواو بگرێ ،شایانی باسە ئەم شەڕە لە سەر جادەی سەرەکی بانە   سەردەشت بوو کە هێشتا بەرەو گووندەکانی دوور لە جادە تەشەنەی نەکردبوو ، لەو ماوەیەدا بە دەیان جار تا زەرواو دەهاتن و دەکەوتنە بە زبرەی بەهێزی پێشمەرگە ، زۆر جار زبری قورسیان لێ دەکەوت و تا ناو شاری بانە کە نزیک ١٥ کیلۆمترە راویان دەنان ، سەرەڕای ئەوەی کە زبری کوشندەیان وێ دەیکوت بەڵام بۆ رۆژی دوای سەر لەنوێ هێرشیان دەهێنایەوە .لە کۆتای مانگی خەزڵوەری سالی شەست هێرشەکان چڕتر بوونەوە و هەر بەو پێیەش هێزی پێشمەرگە زیاتر ریزەکانی خۆی قاییم دەکرد و لە ناوچەکانیترەوە پێشمەرگەیکی زۆر هاتبوونە شوێنی شەڕەکە ، لە سەر و دەمی گرتنی زەرواو دا خەڵک بە ناچار گوندەکەیان لە بەر هێرش و تۆپباران چۆڵ کرد و هەرکەس بۆ شوێنێک پەرتەوازە بوو، من ئەوکات لە گەڵ شەهید عەبدۆڵا زەرواوی کە لە من گەورەتر بوو شوان بووم، تەنیا ٢ مەڕم لە بەر بوو بەڵام شەهید عەبدۆڵا زەرواوی مەر و بزنێکی زۆری لا بوو ، تەنانەت هی گوندەکەش ، رۆژی پێش گرتنی زەرواو بە هۆی تۆپبارانی سەختەوە نەمان توانی برۆینەوە بۆ ئاوای، بۆیە چووینە کەندڵ رێک ئەو رۆژەی کە شەهید کاک ئەحمد جاوید فەڕ ( شەهید هەژار ) شەهید کرا، ناوچەکە بە تەواوی ئاڵۆز بوو ، خەڵک ئاوارە و دەر بەدەر و هێزی پێشمەرگەش لە شەرێکی گەرمدا ، کەلاکی پاسدار و بەسیجی وەک گەڵای دار رژابوون لە مەیدانی شەڕدا ، لە هێزی پێشمەرگەش شەهید هە بوو کە تا ئێستاش بە داخەوە نازانم چەند ، بەڵام ناوی شەهیدان کاک هەژار و کاک عەبدۆڵلا تۆپچیم لە بیر ماوە ، ناوچەکە ئێجگار زامدار بوو ، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە هێزی پێشمەرگە بشدار بوو، خەڵکیش بە پێی توانا لە گەیاندنی پێداویستی بە هێزی پێشمەرگە ئەلحق و ئینساف دریغیان نەدەکرد بە تایەبەت لە گوندەکانی دەور و بر، گوندەکانی یاکوباوا و شەیدیلە و کانی سوور و کندڵ و گوێزڵێ و هتد پشتی جەبهەی هیزی پێشمەرگە بوو ، لە کیوی قەڵاگاوە زال بە سەر ناوچەدا رژێم تۆپبارانی ناوچەی دەکرد ، هەر ئەو شەوە هێرشی بۆ کێوی مەردەک زال بە سەر دەشتەتاڵ لە پشت ئاوای کەندڵ هێنا و بەوە زیاتر شەرەکە گەرم بوو ، هەر بۆیە بە ناچار کەندەڵیش لە بەرەبەیاندا چۆڵی کرد، لەو سەر و دەمەدا بە تەنیا لە گەڵ بەشێک لە خەلکی گووندەکەی خۆم لە کەندەڵ بووم، خەبەرم لە ماڵی خۆمان نەبوو کە روویان کردۆتە کوێ ، بەڵام هەر کەس منی ئەدی دەستی بە سەرمدا ئەهێنا و ماچی دەکردم، نەمدەزانی بۆچی ؟

ئەوە بوو کە منیش ویرای خەلکی کەندەڵ و خەلکی ئاواییەکەی خۆم و ٢ مەڕەکانم ملی رێگامان بەر لە نوێژی بەیانی گرتە بەر و چووین بۆ ساڵووک ، پەیکا پەیکا تۆپ وەک رێژنە بارانە بەسەرماندا دەباری ، کیوی مەردەک گیرا، بە گیرانی مەردەک قەڵایەکی بەهێزی پێشمەرگە لە دەست چوو ، زیانی گیانی و ماڵی خەڵک و هێزی پێشمەرگە زۆر بوو، ناوچەکە یەکپارچە ئاگر بوو، هەر بە هۆی ئەو ئاگەر بارانەوە لە گوندی یاکووباوا تۆپێک لە تەندوورێک ئەدا و کچێکی جەحێڵ بریندار ئەبێ ، وەک شاهیدانی ئەو رووداوە بۆیان باس کردم بڕایەکم بە ناوی رحمان کە برا گەورەمان بوو بە هانایەوە دەچێ ، هێشتا چەر و دووکەڵی تۆپەکە تەواو نابێ کە دووهم تۆپ لە هەمان تەندوور ئەدا و کاک رحمانی برام لە رۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی شەشت شەهید دەبێ، بەڵام بە خۆشیەوە ئەو خانمە کە ناوەکەی نازانم زیندوو دەمێنێتەوە .

hamid_rehmani_shehid_pdki_mnali_shehid_rehman-rahmani

من بەم رووداوەم نەزانی بوو و هەر ئەوەش بوو کە ئەو خەڵکە ئاوا سۆزی بۆم هەبوو، ماچیان دەکردم ی یارمەتیان ئەدام، ئاخێر بارو دۆخەکە وابوو کەس نەیدەتوانی سەر کەس وەپرژێت ، لە هەمان کاتدا شەهید حامیدی برام لە ناو جەرگەی شەڕەکەدا بوو و ئەویش خەبەری شەهید رەحمانی نەبیستبوو ، دایک و باوکیشم لە سڵیمانی بوون، ژن و منداڵی شەهید رەحمانیش وێرای دوو خوشکم کە گەورەکەیان تەنیا ١٣ ساڵان بوو کەس نەیدەزانی روویان کردۆتە کوێ ، واتە کەسمان لە کەسمان خەبەری نەبوو، زۆربەی خەڵکەکە وەک ماڵی ئێمە پەرتەوازە بووبون ،پاش ئەم رووداوە منیان بردە ئاوای سیچان و لە ماڵێک دایان نام کە نازانم ماڵی کێ بوو، پاش دوو رۆژ ناردیانم بۆ ئاوای قایبرد بۆ ماڵی شەهید سەید رەشید حوسەینی کە خێزانی پوورزای خۆمە ، بە گەیشتنم بۆ مالی پوورزاکەم کە هێشتا زامی هاوسەرەکەی هەروا ئازاری ئەدا ،بینیم خەڵکێکی زۆر لە ماڵیان بوو، ماڵەکەیان جمەی ئەهات ، ئەو جارەش هەر نەمدەزانی بۆچی ئەو خەڵکە لەوییە و هەمووشیان سۆزیان بۆ من هەبوو، ماچیان دەکردم و فرمێسکم لە چاوانیاندا ئەدی. وەک گێژ وابووم ، هیچم نەدەزانی بۆ ئەو خەڵکە وا دەکا ؟

شەو هات و شەویش بە هەمان شێوە خەڵک هاتنە ماڵی پوورزاکەم و دائەنیشتن و دەستیان بەرز دەکردەوە و پێم وابوو کە دۆعا دەخوێنن، پاشان دەستیان دەکرد بە قسە و باس، خانمێکی مێهرەبان و جوان کە نەمدەناسی ( دوای پیی وتم کە دایکی کاک سەید ئیبراهیم و کاک سەید نەجمەی هاشمییە. ئەوانم دەناسی ، ئاخێر هاورێی شەهید حامید و شەهید رەحمان بوون، بە داییم لە ماڵی ئێمە بوون ، نێوانیان لە گەڵ ماڵی ئێمە زۆر خۆش بوو ، هەربۆیە منیش و ئەوانێش یەکترمان دەناسی )   لە خۆشکە خەجیجەی پوورزامی پرسی ئەوە منداڵی کێیە .

منی پێناساند

ئەو خانمە مێهرەبانە بە ئارامی و لە سەرخۆی وتی یانی برای شەهید حامیدە ، من بێ خەبەر بووم، ئاگام لە چ نەبوو، بەڵام بە ناوی شەهید حامید توورە بووم، وتم کاکم پێشمەرگەی قارەمانە،. ئەو شەهید نابێ ، دیارە بەرێزیان بە هەلە ناوی هێنا ، چونکە کاک رحمان شەهید بووبوو نە حامید ، ئەم قسەیەی من ناخی میوانەکانی هەژاند و تێکرا دەستیان کردە گریان ، هیچم نەدەزانی ، ئەو خەلکە دەگریا و منیش دەگریام و زوو زووش دەموت کە ئەو پیشمەرگەی قارەمانە و شەهید نابێ ، بەڵام خەمبار بووم نازانم بۆ ؟ وادیار بوو کە باوری قووڵم بە نەمری پێشمەرگە کۆسپی تێ کەوتەبوو، ئەوە خەمێکی بەژان بوو بۆمن ، چۆن دکرێ کەسێکی وەک پێشمەرگە لە باوەری قووڵی مندالیتدا بەرگی نەمری پۆشی بێ و پێت بڵێن کە مردووە ، تا ئێستا دەیان وت پێشمەرگە نەمرە بەڵام ئێستا چی؟ ئەویش دەمرێ ؟ قبوول کردنی ئەم باوەرە بە مانای هەرەس هێنانی ژیانە ، بە مانای مەرگی خەیاڵ و خەونی بێگەردی منداڵییە ، ئاخێر چۆن شتی وا دبێ کە پاڵەوانی ئەفسانەی خەیاڵت ماندوو و شەکەت بێ ، ئەو پاڵەوانەی کە پشتت پێ بستبوو ، لە بیری منداڵیتدا بە بەرگی پیرۆزی خۆت دادەپۆشی و رۆحی پێشمەرگەت بە جەستەی خۆتا دەکرد ؟پێت بڵێن کە مردووە ؟

بەڵام بەداخەوە رووداوەکە راست بوو، ئەگەرچی کاک حامید شەهید نەبووبوو بەڵام پۆڵێک لە باشترین رۆڵەکانی گەلی کورد، پۆلێک لەو پاڵەوانانەی کە پشتی منداڵیم پێ بەستبوون گیانی خۆیان کردبووە پردەبازی گەیشتن بە مافی رەوای نەتەوەکەیان و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووبوون کە هەروەک باسم کرد یەک لەوان شەهیدی فەرماندە کاک هەژار و وێرای شەهید رحمانی برام .

hamid_rehmani_shehid_pdki

پاش چەند رۆژ مانەوەم لە ئاوای قایبەرد سەر ئەنجام منیان لە شاری بانە ڕادەستی کەس و کارم کردەوە کە بە هۆی ئیزن نەدان بە گێرانی پرسە و سەرەخۆشی لە لایەن جەللادەکانی رژێم لە گوندەکەی خۆمان ، لە شاری بانە و لە ناو کەس و کاردا و بە دزییەوە بەرێوە چوو، شایان باسە هەواڵی شەهید رحمان لە رێگەی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانەوە و لە شاری سلێمانی کە لە سەرەتادا باسم کرد بە ئاگاداری دایک و باوکم گەیشت کە ئەوەش هێندەیتر زامەکانی قووڵتر کردبووە ،

پاش ئەم بەسەرهاتە و نزیک مانگێک دوای گەراینەوە بۆ ئاواییەکەی خۆمان، بەڵام ئاوای چی ؟ چ شتێک لە جیی خۆی نەمابوو، لە بن هەر درخت و تەپۆلکە و رێگا و سەربانی هەر ماڵێک ڕەوێک لە داگیرکەرانی لێ مۆڵ درا بوو ، لە سەربانی ماڵی ئێمەش دۆشکەی دوژمنی لێ بوو کە تا بەیان تەقەیان دەکرد و لە ترسانا تا بەیانی خەومان لێ نەدەکەوت ،ئێمە زۆر منداڵ بووین، تەنانەت سێ مانگ پاش شەهید بوونی برا گەورەکەم دوایین یادگاری چاوی بە دونیا هەڵ هێنا ،ئاوای تەمی لە سەر نیشتبوو ، ئەگەر جاران ئاوای بە تیشکی روخساری پێشمەرگە چڕاخان دەبوو ، ئەگەر گۆڤەند و گاڵتە و گەفی شەوانی لادێ تێکەڵ بە هەیبەتی پێشمەرگە بووبوو ، ئەگەر لە سەر سفرەی ماڵەکانمان و لەسەر ڕانی هەر پێشمەرگەیک منداڵێک پاڵی لێ ئەدایەوە و پێشمەرگانە بۆی دائەنیشتین و پێشمەرگانە فێری نان خواردن و پاروو گرتن دەبووین و لە دونیای منداڵیماندا پاڵمان بە پاڵەوانێکی راستەقینەوە ئەدا ، ئەگەر پێشمەرگە لە ماڵان و بە تایەبەت ماڵی ئێمە جمەی دەهات و دەستە دەستە دەهاتن و پشوویان ئەدا و بەختەوەر بووین بەوەی کە ئاوێتە بە رۆحی پێشمەرگەین بەڵام ئێستا کەلەوشکانی جەهل و نەزانی هاتوونەتە ئاوای ، هەمووشتێک نامۆ بوو، ماڵ نامۆ، سەربان نامۆ، میوان نامۆ ، ئەوەی هەبوو نامۆ بوو .

هێشتا چەند رۆژێک تێ نەپەری بوو کە پلانی بە چەکدار کردنی ئاواییەکانی ژێر دەسەلاتی داگیرکەران دژ بە هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد .بە زۆر خەڵکیان چەکدار کرد و کەس نەبوو بتوانێ خۆی لەم بارودۆخە دژوارە بپارێزێ ،

فشار بۆ سەر بنەمالەی پێشمەرگە دەستی پێکرد و داوای هاتنەوەی کورە پیشمەرگەکانیان دەکرد ، لەم ناوەدا ماڵی ئێمە و بە تایەبەت باوکم پیی لە عەرز چقاند و ئامادە نەبوو چەک بە دژی رۆڵەکانی گەلی کورد هەڵ گرێ و بە تایەبەت کە لە هەمان کاتدا رۆلەیکیتری لە ناو ریزەکانی حزیبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە خەباتی پاراستن و بەرخودان دا بوو ، ئامادەنەبوونی باوکم بۆ ئەم کارە، کاری کردە سەر رژێم و بە ناچار فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە بانە بۆ رازی کردنی هاتە زەرواو و هاتنە ماڵی ئێمە، لە گەڵ ئەوەدا کە دەستی کرد بە دانی وەعدە و بەڵێنی رژێم بۆ دانی پاداش بۆ باوکم، ئەوەشی وت کە پێویست ناکا لە شانی کات، دەتوانێ تەنیا وەری گرێ . ئەوان سوور بوون لە سەر ئەوەی باوکم چک هەڵگرێ ، دیارە دوو مەبەستیان هەبوو یەکەم بەربەستێک لە بەر دەم خەڵک نەدەما بۆ دەربرینی نارەزایەتی و دووهەمیش شکاندنی کەسایەتی بنەماڵە شەهید و پێشمەرگە بوو . بەڵام وڵامەکە روون بوو ، ئەویش وڵامی نا ، بۆیە دوای دەستی کرد بە هەرەشە و گوڕشە و پەروەندە سازی بۆ باوکم و زیندانی کردن و سەرئەنجام ئێعدام ، هەر بۆیە باوکم لە جاران زیاتر پیداگری لە سەر رازی نەبوونی بۆ چەک هەڵ گرتن کردەوە و بەم شیوەیە گیرا و کردیانە زیندانەوە و بۆ جارێکیدی بێ سەرپرست ماینەوە ، شایانی باسە لە ناو تەواوی ئەو گوندانەی بە زۆر چەکدار کرابوون تا ئەو جێگای ئاگادار بم و بە شاهیدی هەموو خەڵکی ناوچە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا ماڵی ئێمە هەڵمان نەگرت و بەو جۆرە بۆ هەتا هەتایە شانازی ئەوەمان پێبخشرا کە لە هیچ هەل و مەرجێکی دژواردا تەسلیمی ویست و داخوازی دوژمنی گەلەکەمان نابین تەنانەت لەو حاڵەتە دژوار و دڵ برینداریەدا ،پاش تێپەڕ بوونی چەند مانگ بەسەر گرتنی باوکم، سەر ئەنجام ئازاد کرا و ئازاد کردنی بووە هۆی خۆشحاڵی خەڵکی زەرواو و ئەوانیش زۆر زوو چوونە بەردەم فەرمانداری و ئیتلاعات و مانیان گرت و پاش حەوتووێک چەکەکانیان تەسلیم کردەوە و بەو جۆرە چەکیان لە تێکرای ئەو گووندانە وەر گرتەوە، پێویستە لیرەدا ئیشارە بە رۆڵی هێزی پێشمەرگەش بەکەم کە لە دەور و بەری ئاواییەکان بوون و بە تایەبەت لە گووندی یاکووباوا بە هەماهەنگی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە گەڵ چەند کەسێک لە خەڵکی ئاوای ، لە شەودا بە سەر جاش و پاسدارەکانیان دا و ئەوەی لەو گووندەدا بوو کوژرا و خەلکیش چەکەکانیان تەسلیم بە سازمانی خەبات کردەوە و بەم شێوەیە پیلانی کورد بە کورد بەکوشتدانی رژێم هەرەسی هێنا ،

دوابەدوای چەک داماڵین، ئەمجارە جاش و پاسدارەکان کەوتنە ئازار و ئەزیەتی بنەمالەی پێشمەرگەکان و بەتایەبت ماڵی ئێمە کە وەک کێوەکانی کوردستان لە بەرانبەریاندا ڕاوەستابووین ،

لغاوی چەند جاشێکی خائین و خۆفرۆشیان وەک تالیب و موتەللیبی حەسن بەگی نوێژگە و حەمەی حەسن عەلی میاراوایان کردەوە و لە گیانی بنەماڵەی پێشمەرگەیان بەردان،ئەو خائینانە بە رۆژانە و بە پاڵ پشتی سوپای پاسداران بە سەریاندا ئەداین و بە لێدان و ئازار و ئەشکنجە و بە بێ جیاوازی و وەرد و دریشتمانەوە و بە رۆژانە و هەر رۆژێ بۆ چەندین جار لە ماڵ وەدەریان ئەناین و یان لە مالەکەماندا دەرکەیان لە سەر قوفڵ ئەکردین و دەیان وت ئێستا بە ئارپیجی لێتان ئەدەین ، گریان و شین و باوکەرۆێ ئێمە کە ٨ منداڵ بووین و تەنیا دایکم و براژنم لەگەڵماندا مابوون دڵی هەر مرۆڤێکی دەهەژاند کە چاوەرێی مەرگمان دەکرد بە سات و کات ، دیارە بە تکا و رەجای خەڵکی ئاوای وازیان لێ دەهێناین و بۆ رۆژی دواتر بە هەمان شێوە دەستی پیدەکردەوە ،بەو جۆرە و بۆ یەک ساڵی رەبەق درێژەیان بە ئازار و ئەشکەنجەی ئێمەدا تا ناچار بەوەمان کەن کە شەهید حامید برام واز لە پێشمەرگایەتی بێنێ و خۆی تەسلیم بە داگیرکەران کاتەوە ، بەڵام خەیاڵیان خاو بوو، نە تەنیا تەسلیمی داخوازی دژی گەلیانەی رژێم نەبوو ، بەڵکوو زیاتر لە جاران سوور بوو لە سەر درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان و

سەرئەنجام لە رێبەندانی ساڵی ٦١ی هەتاوی و پاش شەڕێکی زۆر قارەمانانە لە دۆڵی کوخان و لە خوار ئاوای پیاوێن ویرای دوو پێشمەرگەیتر و پاش هەشت سەعات شەڕ و بەربەرەکانی لە گەڵ هێزی زۆر و پۆشتە پەرداخی رژێم و کوشتنی زیاتر لە ٧٠کەس لە دوژمنانی گەلی کورد ،بە سەختی بریندار بوو ،لە ژێر سەرماو شەختە و سٶل و بەفرێکی بیوینە کە ئەوسالە بە ساڵی بەفرەزۆرەکە ناسراوە بۆ نەخۆشخانەی حیزب لە قالویی مهاباد و پاش چەند رۆژ رێگا برین گواسترایەوە ،بە هۆی کاریگەری برینەکەی لە نەخۆشخانە لاقیان بریەوە و بەڵام سەرەرای ئەوەش بە داخەوە پاش هەڤدە رۆژ بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ چاوەکانی بۆ هەتا هەتایە لە سەر یەک دانا و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

لەخۆڕا نەبوو کە دوژمن بە بوونی شەهید حامید لە ناو هێزی پێشمەرگەدا شڵێژا بوو ، ئەگەرچی تەنیا سەردەستەیک بوو بەڵام ناوی بەبووە وێردی سەرزمان و لە هەر شوێنێک دوژمن ناوی دەبیست زەندەقی دەچوو ، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە شەڕەکانی دژ بە داگیرکەران بەشدار بوو، باوەرێکی قووڵی بە حیزبەکەی و نەتەوەکەی بوو، ئینسانێکی زۆر قارەمان بوو ، پاش تێپەربوونی ٢٩ ساڵ بە سەر شەهید بوونیدا ئێستاش وێردی زمانی خەڵکی ناوچە و هاورێکانیەتی ، تا ئێستاش وەک فەرماندەیەکی شارەزا و بەتوانا یادی دەکەنەوە رەنگە ئەم دێرانە لە زمان برایک کە سۆزی بۆی هەیە بوترێ ، بەڵام با هاورێیانی شاهیدی ئەو راستیە بدەن .

لێرەدا بە پێویستی دەزانم لە زار ئەو کەسانەی کە وێرای باوکم لە نەخۆشخانەی قالوێ هاورێتیان دەکرد ، هەڵوێستی باوکم لە سەر مەرگی شەهید حامید بگێرمەوە کە دیارە زۆر بەی پێشمەرگەکانیش شاهیدی ئەوە بوون.

کاک مەحممەدی ئامۆزام ئاوا بۆی باس کردم .

ئێمە هەر شەوەی یەکێکمان لای دەماینەوە و ئەوانیتر دەچووینە ماڵی ئەو خەڵکە قارەمانەی قالوێ و دەخەوتین

ئەو شەوەی حامید گیانی بخت کرد ، رۆژەکەی حاڵی زۆر باش بوو، هەموومان دڵخۆش بووین بە باری تەندرووستی ئەو، باوکت وتی ئەمشەو من لای دەمێنمەوە و ئێوە برۆن پشوویک بدن، زۆر ماندوون

بۆ رۆژی دوای کە هاتینەوە بۆ نەخۆشخانە ، باوکت لە دەرەوەی چاخانەکە دانیشتبوو، چاوەرێی ئێمەی دەکرد .بانگی کردین و پاش ئەحواڵپرسی لە خۆی و حامید، وەتی هەموو شتێک باشە لە خوا بزیاد بێ،ئیتر ئێمە لەوێ نانی بەیانیمان بە دڵێکی خۆشەوە خوارد ، کاتێک کە تەواو بووین پەی وتین خۆتان کۆوەکەنەوە و دەرۆێن، مەحمەد تۆ برۆ تراکتۆرێک ئامادەکە، وتم بۆ ؟ چی روویداوە ؟ زۆر بە لەسەر خۆی وەتی حامید ئمشەو گیانی سپارد ، نەمویست لە خەوتان کەم، چوونکە رێگایەکی سەختمان لەبەرە،

پاشان بۆی باس کردم کاتێک کە چووین بۆ نەخۆشخانە ، باوکت دەستی کرد بە دڵنەوای دوکتورەکان و سوپاسی کردن، دڵنەوای پێشمەرگەکانی دەکرد، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک خەم دایگرتبێ ، بەڵام زوو زوو شوکرانەژمێری خوای دەکرد و دەیوت کوڕەکەم پیرۆزت بێ ،ئیدی لەوێوە و هەروەک باسی سەختی رێگا و بەفری ئەوساڵم کرد ، بە یارمەتی خەلکی ناوچەی مهاباد و بۆکان و گوند بە گوند تەرمی شەهید حامیدیان تەسلیم بە یەکتر دەکرد و بە وەڵاخ و زۆر جار وەک باسی دەکرد بە گوریس دارمەیتەکەیان بە چەند کەس لە کوێستانەکان لە ناو ڕندووە بەفرەکاندا بەرەو بەرزای هەڵدەکێشا وکێو بە کێو و دۆڵ بە دۆڵ و بەمجورە و تەنیا بۆ گەیشتن بە گووندێکی سەر بە شاری بانە زەحمەتێکی ئێجگار زۆریان کێشا ، دیارە هێزی تایەبەتی پێشمەرگەش لە گەڵیاندا هاتبوون و تا ئاوای کەشەنێی سەر بە بانە و هەر لەوێ بە خاکیان سپارد، کاتێک کفنی دەکەن باوکم رووی تێدەکا و پەی دەڵێ کورە شیرینەکەم ئەو بەرگە جوانە و پڕ لە شانازیەت پیرۆز بێ و پاشان لە سەر قەبران و لە ناو ئاپۆڕای سەدان پێشمەرگە و خەڵکێکی زۆری ئاوای کەشەنێ و دەور وبەر بۆ خەڵکەکە ئەدوێ و دڵنەوای هاورێکانی دەکا لە حاڵێکدا یەک فرمێسکیش لە چاوانی نایات و ئەم حاڵەتە دڵتەزێنە لە باوکی دوو شەهیدی رێگای روزگاری هەم ناخی خەڵک و پێشمەرگە دەهەژێنێت و هەم زیاتر هاورێکانی دڵگەرمتر بە درێژەدانی رێگای شەهیدان دەکا، بەمجۆرە و لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا دیان بە دڵی زامداریدا دگرێ و ئیزنی فرمێسک رشتن بە چاوانی نادات   نەکا دوژمن فرمێسکەکانی ببینێ و پەی دلخۆش بێ و تا دەگاتەوە چواردیواری ماڵەکەی خۆی و لەوێ ئیتر پڕ بەدەڵ دەست دەکا بە هەڵ رشتنی خەم و پژارەکانی و بەو جۆرە خەمی لە دەستدانی دوو رٶلەی شیرینی لە ناو ماڵ و منداڵیدا بەش دەکا

راستە ئەوەی وەک بیرەوەری باسم کرد بەشێک لە بیرەوەری بنەماڵەی خۆم بوو، بەڵام بە دڵنیایەوە بە سەدان و هەزاران بنەماڵەی لەو جۆرە و تەنانت دڵتزێنتر و خەباتکارتر لە کوردستان بوونیان هەیە ، بۆیە سەر رێز حورمت بۆ ئەو بنەمالانە و بۆ شەهیدانیان و خەبات و تێکۆشانیان دائەنوێنم

هەر لەم دەرفەتە کەڵک وەر دەگرم و پاش ٢٩ ساڵ بەسەر شەهید بوونی کاک حامیدی برامدا و لە دوورەوە سوپاسی ئەو خەڵکە قارەمان و نیشتمان پەروەرە دەکەم و بە بێ جیاوازی و هەر لە خەڵکی پێشمەرگەپەروەری قالوێوە تا دەگاتە گوندی کەشەنێ و بە دڵنیایەوە نە لەبیرمان کردوون و نە قەتیش لە بیریان دەکەین .

ئەرکی پێشمەرگایەی و ئەو کەسانەی کە پێیان وایە کاتی بەسەر چووە

هۆکاری ئەوەی کە کەسانێک پێیان وایە ئەرکی پێشمەرگایەتی بەسەر چووە رەنگە لە چەند تەوەرێکدا خۆی ببینێتەوە .

بەر لە هەر شتێک پێموایە ئەو کەسانە نەیان توانیوە نە کۆمەڵگای خۆیان بناسن و نە مافی نەتەوەکەیان و نە دوژمانیان ، نەیانتوانیوە بە باشی پێشمەرگە بناسن و لە سەر ئەرک و کاری پێشمەرگە خوێندنەوەی درووست و واقعیان نەبووە .

هەموو باش دەزانین کە لە هەموو جیهاندا و هەر دەوڵەت و نەتەوەیک هێزی خۆپاراستنی هەیە وئەم هێزەش چ بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و چ بە پیی عورف و عادەتی راگرتنی تەرازووی هێز بۆ پارێزگاری رەوایە و هەر بەو پێیە بۆ گەلی کوردیش رەوایە، هەرکام لەو نەتەوانە ناوێکی بۆئەو هێزە دیاری کردووە و کوردیش ناوی پێشمەرگەی لەسەر داناوە ، کەواتە ئەگەر پێمانوابێ بوونی پێشمەرگە تەنیا بۆ ژیان لە شاخ و شەڕی پارتیزانییە و سونبولی ژیانێکی سەخت و دژوار لە چیاکانە ، ئەوە لە هەلەداین . بەڵکوو راست لەمەودای چوونە ناو موعادڵاتە سیاسیەکانە کە بە پشت بەستن بەو هێزە دەتوانی لە سەر مێزی گوفت وگۆ لە گەڵ هەر لایەنێکدا ویست و داخوازیەکانت بخەیتەروو ، ئەگەر خاوەنی ئەو هێزە نەبی زحمەتە زۆر حیسابت بۆ بکرێ ،

بەشێکی تری ئەو بۆچوونە لە سەر پێشمەرگە رەنگە بگەرێتەوە بۆ نا ئومێدی کە بە دەیان سالە گەلی کورد لە خەباتدایە و پێیان وایە دەستکەوتی بێجگە لە کوشت و کوشتار و ماڵوێرانی بە دوادا نابێ کە جارێکی دی لە هەلەدان، هەر لەم کوردستانەی خۆمان حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە کە بەرهەمی هێزی پێشمەرگەیە ،. ئەگەر بەدوور لە دمارگرژی و بە سەداقەتەوە باس لە حکوومەتی هەرێم کەین ، دەبینین لەوێدا دەوڵتمان هەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و پارلمانمان هەیە، ئەمانە بە ئازادانە و لە لایەن خەلکەوە هەڵبژێردراون ، ژێرخانی ئابووری رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر دەبووژیتەوە و ئەمنەیت و ئاسایشی خەلک دابین کراوە ،باری گوزەرانی خەڵک ئاڵ و گۆری بەسەردا هاتووە، بە دەیان و سەدان رێکخراو و ئینجیئۆی مەدەنی دامزراون ، بە ئاشکرا دژ بە هەر هەلە و گەندەڵیێەکی حکومەت ئازادانە هەڵوێست دەگیردرێت ، وڵاتان کونسوولگەری خۆیان دەبەنە کوردستان و لە بنیادنانەوەی ژێر خانی ئابووری بەشداری دەکەن، لە ئاست ناوچەکەشدا حکوومەتی هەرێم رۆڵی خۆی بە پێی پێویست دەگێرێ و تەنانەت ئێستا بە ئاشکرا باس لە پرسی کورد لە بەشەکانیتر دەکا. جۆدا لەوەش لە کوردستانی باکوور کە بەدەپە و کەجەکەمان هەیە مەگەر بەرهەمی بوونی هێزی پێشمەرگە نین، ئایا تورکیا ئەوەندە دەڵسەغاواتە روخسەت بە کوردان بدا تا حیزبی خۆیان هەبێ ؟ نوینەری راستەقینەی خۆیان بۆ پارڵمان و بۆ سەرۆک شارەوانیەکان هەڵبژێرن ؟ کەواتە ئەوەی کە دەیبینین بەرهەمی بوونی هێزی پێشمەرگەیە .

بەشێکیتر لەو کەسانە کە پێێان وایە ئەرکی پێشمەرگایەتی تەواو بووە ، مۆرەو بە کرێ گیراوی دوژمنانی کوردن، یا ئەوانن کە لە گۆڕەپانی خەبات و سیاسەتدا دوڕاون کە دیارە هۆی دۆڕانەکەیان دەگەرێتەوە بۆ نیازی بەرژەوەندی شەخسیان لە کاتی خەبتادا و بەشێکی بەرچاویش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری دین و مەزهەب و ئیدئۆلۆژی سەیر و سەمرەوە کە لە ناخی خۆیاندا و بە خەون و خەیاڵ و دروشمی بێ بنەما ، ژیانێکی دوور لە راستیان بۆ خۆیان پێک هێناوە .

زۆر بەداخەوە کەمنین ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی رووناکبیر و رۆژنامەوان و نووسەردا ئەمرۆ بە دژی حیزبە کوردیەکانی کوردستانی ئێران و هێزی پەشمەرگە شت دەنووسن، دیارە بەشێک لەوانە راستەوخۆ کەوتوونە داوی پلانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بەشێکیان خوێندنەوەی نادرووستیان لە سەر نەتەوەکەیان هەیە و بەشێکیشیان دەبەی بڵەین هەر رووناک بیر یان شتێکی دی نین بەڵکوو لە دونیای ئازادی راگەیاندنی ئەمرۆ بە تایەبەت هێڵی ئینترنێت هەروا و بە دوور لە هەر جۆرە خوێندنەوەێیک روخست بە خۆیان ئەدەن کە شت بنووسن بە بێ ئەوەی بیر لە ئاکامەکەی کەنەوە .

مادام باسمان لەرەوا بوونی هێزی پێشمەرگە بۆ نەتەوەی کورد کرد ، واباشە کەسایەتی پێشمەرگەش بناسین

تا ئێستا پیرۆزی ناوی پێشمەرگە لە ناو نەتەوەی کورد دا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە بە بروای من ، بۆ؟

ئێمەی کورد لە لایەن داگیکەرانی کوردستانەوە مافەکانمان لێ زەوت کراوە ، وڵاتەکەمان داگیرکراوە و سەروت و سامانمان بە تالان ئەبەن، هەر بەوەشەوە نەوستاون بەڵکوو سەدان پیلانی دژی مرۆییان بەسەردا سپاندووین، دەیان هەوێ پاکتاومان کن و زمان و کلتوور و مێژوومان نەمێنێ ، لەژێر هێڵی نەداری رایان گرتووین و هیچ جۆرە خزمتگوزاریێک لە کوردستان ناکرێ ، ژێر دەستە وکۆیلەیان کردووین ، روون و ئاشکرایە ئەگەر ئەمە کاری دوژمان و داگیرکەران بێ ئەدی چۆن رۆژێک لە رۆژان مافت پێ ئەدەن؟ هەر لەبەر رووناکایی ئەم دلاقەوەیە کە لە ناو کورد دا شۆڕشە یەک بە دوای یەکەکان سەریان هەڵداوە و دژی ئەم ناعەداڵیەتە خەبات و بەرخودانیان کردوە .

کێ ئەم شۆڕشانەیان وەئەستۆ گرتووە ؟ دیارە پێشمەرگە بووە .

رۆڵەکانی کورد واتە ئەو مرۆڤانەی کە هەستیان بەم ناعەداڵیەتیە کردووە بە بێ هیچ پاداشێ و بە خۆ بەخش تێکەڵاو بەم شۆرشانە بوونە ، بەو پەری سەغاوەتەوە ئامادەی فیداکاری بوون و گیانی خۆشیان هەر لەم پێناوەدا بەخشیوە، ئەوانە پارێزەری راستەقینەی خەڵکەکەیان بوون و لای نەتەوەکەیان خۆشەویست بوون ، خەڵکی بەرێزەوە یادیان دەکاتەوە و خاڵێکی سەرەکی بۆ ئەو هەموو خۆشەویستیە دەگەرێتەوە بۆ سەرکردە و رێبەرانمان کە ئەوانیش هەر بە هەمان شێوە ئامادەی ئەو فیداکاریانە بوون و گیانی خۆشیان بخت کردووە و بەمجۆرە کاروانی نەمران و رێبازی پێشمەرگەیان زیاتر رازاندۆتەوە ، مادام ئامانجی پێشمەرگە روونە بۆمان و وەک لە سەریشەوە باسم کرد کە بۆ کورد هێزی پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە لە ولاتانیتر بۆ خۆپاراستن ناوی خۆیان بۆ داناوە وەک ئەرتەش و سوپا و ژاندارم و،،،هتد،. لە ناو ئەو هێزانەدا نزم و دسپلین هەیە و دەبەی پابەند بە بریاراتی سەرووی خۆیان بن و کاری سەربەخۆ نەکەن کە بێنەزمی پێک بێنێ و یان رووداوی دڵتەزێنی لێنەکەوێتەوە،بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردیش هەروایە ،تەنانەت زیاتریش .

لە سوپای وڵاتاندا هێز زۆرە ، پوول و پارە و بودجە زۆرە ، بۆیە بە دەر کردن یان بە کوشتنی چەند کەسێک لەو هێزە هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆردرێ ، بەلام لە ناو هێزی پێشمەرگەدا وانییە ، پێشمەرگە سەرمایەی حیزب و نەتەوەکەیەتی و بە خۆبەخش کار دەکا، فیداکارو دلسۆزو پارێزەرە ، بۆیە لەدەستدانی کارەساتە بۆ حیزبەکەی و بە پێچەوانەوە بوونی هەوێنی بەرخودانی پاراستنە بۆ نەتەوەکەی !

   ٢٦ی سەرماوەز واتە ئەورۆژەی کە دوایین بنکەی سەرکوتی رژێمی حەمەرەزاشا لە شارەوانی مهاباد کەوتە دەست خەڵک و پێشمەرگە، تایەبەتمندی خۆی هەیە ،

یەکەم ئەوە کە بە کۆتای هاتنی ئەو بنکەیە بەتەواوی کورد توانی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ کار بۆ رێک خستن و یەک ریزی هێزەکانی بەکە، ئیتر سەرچاوەیکی ئەوتۆ نامێنێ ئەگەر کەسانێک ژێر بە ژێر لە بیری خۆش خزمەتی بە دوژمن و پیلان گێران دژ بە دەستکەوتی گەل کورد لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەکەن .

دووهەمیش ناوزد کردنی ئەو رۆژە جارێکیتر لە جێی خۆیدایە وەک رۆژی پێشمەرگە .

ئەگەرچی نەتەنیا رۆژەکان ، بەڵکوو سەرجەم ساتەوەختەکانی هەر شەو و رۆژ ێ پڕە لە فیداکاری و قوربانیدانی رۆڵە خەباتکارەکانی گەلی کورد و پڕە لە حماسەی بێوێنە و شکستی دوژمنان لە مەیدان شەڕ و بەربەرەکانیدا و هەر سات و کات و شەو و رۆژێ ، شایانی ئەوەیە وەک رۆژی پێشمەرگە ناوزد کرێ ،بەڵام تایەبەتمندی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی لەوەدایە کە خۆڵقێنەرانی ئەوداستانە لە دامزرێنەرانی کۆمارە خۆشەویستەکەی کوردستان وەک یەکەم کۆماری مودێڕن و سەردەمیانە لە ناوچەدا بوون ، بۆ یەکەم جار حیزبێکی مودێرن لە سەر دەستی ئەوان بۆ کوردستان درووست بوو وەک حیزبی دێنوکراتی کوردستان و لەوێرا بەدواوە خەباتی گەلی کورد لە سەر شێوازی نوێ و سەردەمیانە دەستی کرد بە خەبات و تێکۆشان و حیزب و رێکخراوی کوردی تر چ لە کوردستانی ئێران و چ لە بەشەکانیتری کوردستان لە سەر ڕێچکەی ئەوان سەریان هەڵدا و ئەوەی کە ئەمرۆ لە گۆرەپاندایە ، بەرهەمی ئەو خەباتە بێ پسانەوەیە کە بۆ یەکەم جار لەو سەردمەدا بۆ گەلی کورد رەنگی مودێرنیزەی بە خۆوە بینی . کەواتە زۆر سرووشتی و لە عەینی کاتدا زۆر بەجێیە کە رۆژە سوونبولیک و پیرۆزەکانمان بەو رۆژانەوە گرێ دەین وەک رۆژی شەهیدان و رۆژی پێشمەرگە و رۆژی هەڵ کردنی ئاڵای کوردستان و هتد…کە هەم توانیبێتمان وەفا و ئەمەگناسی خۆمانیان بۆ دووپات کەینەوە و هەمیش رێزمان لە خەبات و تێکۆشانیان گرتبێ .

بۆ پێشمەرگە

بە سەدان کتێب و هەزاران رستە و هۆنراوە و بەیت و حەیران و لاوک لە بارەی پێشمەرگەوە نووسراوە و وتراوە کە هەموویان باس لە قارەمانی پێشمەرگە دەکەن ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانە هێشتا هەر کەمە و هێشتا ناتوانین بە تەواوی کەسایەتی پێشمەرگە تاریف بەکەین یان وێنای بەکەین ، هەر بۆیە زۆر بە کورتی دەڵێم پێشمەرگە ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەیە کە بەر لە هەموو کەسێک هەست و بیر و عەقڵی دەکەوێتە گەڕ و گەشە دەکات، بەر لە هەموو کەسێک هەمووشتێک دەبینێ و هەست بە جیاوازی هەموو شتێکیش دەکا ، واتە پێشمەرگە بە هەر ئاستێکی خوێندەواریەوە و تەنانەت ئەگەریش نەخوێندەواریش بێ ، رووناکبیرێکی بەتەواو مانایە .

لەگەڵ ئەوەدا خاوەنی دڵێکی گەورە و فراوانە، فیداکارە و خەڵکی خۆی خۆش دەوێ ، سونبوولی سەداقەت و پاکییە و ئامادەیە لە پێناو سەرفرازی نەتەوەکەی گیانی خۆی بە بێ پاداش بەخت کا .

بۆیە دەڵێم ئەی پێشمەرگە ! لە بەرابەر قەڵافەت و هەیبەتی بوێر و کوردانەتدا کڕنۆش دەبەم و لە ئامێزت دەگرم و شانازیت پێوە دەکەم ، دڵنیا بە کە خۆشەویستی نەتەوەکەتی و پاڵەوانی منداڵانی گەلەکەت .

بۆ چاوی دایکی شەهید تۆ رووناکی ، تا لە سیلەی چاوتەوە دوارۆژی بەرهەمی خوێنی بە ناهەق رژاوی رۆڵەکەی پێ بەبینێ ،

بۆ باوکی شەهید ئەستوندکی پیری و بۆ خوشکی شەهید برای ئەوی و بۆ برای شەهید پشتی برای و بۆ گەلیش دوارۆژی پڕشنگداری ئازادی و سەربەستی ، بژی پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەل !

بە نیسبەت مەڵپەری پێشمەرگەکانەوە بەر لە هەموو شتێ بە بۆنەی تەواو بوونی ٩ ساڵەی کار و تێکۆشانتان پیرۆزبای لە خوێنەرانی بەرێز و بەرێوەبەرانی و بە تایەبت هەردوو برای خۆشەویستم کاک ساڵە نەلۆسی و کاک کاووس عەزیزی دەکەم ، لە هەمان کاتدا رۆژی پێشمەرگەی کوردستانتان لێ پیرۆز دەکەم کە بەشێکی زۆر لە تەمەنتان لە رێگای پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا سەرف کردووە و ماندوو بوون و زەحمەتتان کێشاوە و ئێستاش هەروا وەک پێشمەرگەیکی ماندوو نەناس و دڵسۆز لە رێی راگەیاندن و کاری مێدیایی درێژە بە ئەرک و تێکۆشانی پێشمەرگانەی خۆتان ئەدەن

هەر بۆیە پڕ بە دڵ هیوای تەمەن درێژی و لەش ساغیتان بۆ بە ئاوات دەخوازم ،هەم بۆخۆتان وهەم بۆ ماڵ و مندال و ئازیزانی بەرێزتان ،

دیارە هیچ کارێ بە بێ زەحمەت و تێکۆشان و بە بێ کەم و کوڕی ناکرێ و نابێ و رەنگە لە مەیدانی مێدیایشدا ئەوشتە هەر وا بێ و هەڵگری بارێکی قورسی بەرپرسیارەتی بێ ، لەم رووەوە ماڵپەری پێشمەرگەکانیش وەک هەموو مەڵپەرێکیتر لەم جۆرە کێشە و گرفتانە بێ بەش نییە و ناش بێ .

   لەگەڵ ئەوەشدا و بەهۆی ئەوەی کە لە خوێنەرانی سەرەکی مەڵپەرەکەتانم ، بە ئیسانفەوە دەڵێم ڕەچاو کردنی ئەخلاقی رۆژنامەگەریتان بۆ من جیی دەڵخۆشیە کە لە سەرووی هەموو شتێ دایە و هیوادەخوازم وێرای زیاتر دەوڵەمەند کردنی بە بابەتی جوان و بەکەڵک و سەردەمیانە ، زیاتتر خزمەت بە بواری راگەیاندن و پەروەردە و زمان و کولتووری کوردی بەکەن .

جارێکیتر ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان و پێ خستنە ناو دەهەمین ساڵی کار و تێکۆشانی مەڵپەرەکەتان لێ پیرۆزبای دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازم .

بە سوپاسەوە

رەشید رحمانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی