١ فرۆشگایەکی گەورەی سوئێدی بە ناوی ئیکیا لە نزیک ماڵی ئێمەیە. پیاو حەق بڵێ سەری مارومێروی تێدایە و هەمیشەش جمەی دێت. نازانم ئەوە چیە ئەو خەڵکە هەر دەکڕن و دەکڕن. لێرە ئاسەوارێک لە قەیرانی ئابووری و گیروگرفتەکانی ناوچەی ئۆرۆ وەبەرچاوناکەون. منیش جارجار لە گەڵ سەر لەو سەنتەرە دەدەم .
ماوەیەک لەمەوبەر، ئێوارەیەک لە ئیکیا لە پڕ توشی دۆستێکی زۆر قەدیمی و هاوسەنگەرێکی دەورانی خەباتی سەختی پێشمەرگایەتی بووم. من دەمزانی ئەو دۆستە لە نۆروێژە. بەڵام نەمزانی بوو هاتۆتە ئۆسلۆ. هەر بۆیە حزووری زیهنیم نەبوو. ئەو دۆستە کاک خالید سوارە بوو لە گەڵ براژنە سوعدا. کاک خالید یەکێک لە کادرە تێکۆشەرەکانی کۆمیتەی ناوچەی بەربنە بوو. زۆر لە مێژبوو یەکترمان نەدیتبوو. دیارە لەگەڵ براژن زۆر لە مێژتریش بوو یەکتریمان نەدیتبوو. بە هەرحاڵ چاک و خۆشیەکی گەرممان کرد و پێک شادو شوکربوینەوە. سەیرەلە کوێ لێک دابڕاین و لە کوێ توشی یەک بوینەوە. بە خۆشیەوە ئێستا کاک خالید و خوشکە سوعدا، پاش دەیان ساڵ ژیانی هاوبەش و پێکەوەبوون خاوەنی پێنج منداڵی جوان و ژیکەڵەو ژیرن. شنە، شەهێن، شەوبۆ، ئومێد و . واتە لە ئاکامی پێوەندیی نێوان دوودڵی ئەواندا، پێنج دڵی هاوبەش درووست بوون. هیوادارم بەختەوەربن و لە ژێرسێبەری دایک و باوکیاندا گەورەبن .
٢
تازە کەوتبوینە قۆناخی شەڕی پارتیزانی. بە ناچاری هەندێک لە بنکەکانی خۆمانمان هێنابوونە بنارەکانی قەندیل و زستانان لەو بنارە دەماینەوە و ڕۆژ ژمێریمان دەکرد کەی بەفر بتوێتەوە و بڕۆینەوە ناوچە. ناوەندی سپی سەنگ یەکێک لە ناوەندە کارا و چالاکەکانی حیزب بوو و هێزی قەندیلیش یەکێک لە هێزە هەرە پۆڵاینەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوو. بەڕاستی دوژمن زەندەقی لێ چوو بوو. بەوتەی کاک سەعیدی نەمر لە هێرشدا پڵنگ بوو و لە دیفاعیش دا وەک قەندیل سەخت بوو. واتە ناوی خۆی بەخۆیەوە بوو. هەر بەو هۆیەوە بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگەکان لەو ناوچەیەش، وەک بنەماڵەو کەسوکاری پێشمەرگەکان لە هەموو کوردستاندا، لە ژێر فشاری جۆراوجۆری دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دابوون و بەسەدان پیلانیان بۆ وەڕێخستبوون. ئازار و ئەشکنجەی جۆراوجۆر، بێ حورمەتی و سوکایەتی، لێدان و پێدادان و ئیمزا پێکردن و سواری ماشێن کردن و بە خیاباناندا گێڕان و دەرکردن و ڕاونان و بەڕەڵاکردن لە سنورەکان و هەزاران پیلانی دیکەش.
دقیق وەبیرم نایە کە چ سالێک بوو ، لە بیرمە سەرەتای بەهار بوو ، پێشمەرگەکان لە حاڵی گەشت دابوون لە ناوچە. لە پڕ خەبەریان داینێ کە ڕێژیم پۆل پۆل ژن و منداڵی پێشمەرگەکان دەگرێ و خەریکە دەیان نێرێتە ناوچە سنوریەکان. بە خۆشیەوە خەڵک لە هەموو جێ یەک ژن و منداڵی پێشمەرگەکانیان داڵدە دەدان و دەیان شاردنەوە. یەکەمین پۆل لەو ژنومنداڵانە کە وەدەریان نابوون گەیشتبوونە سنوور. ئەو پۆلە بریتی بوون لە خوشکە پیرۆز، هاوسەری کادری بەوەجی ڕێبەرایەتی حیزب و فەرماندەی لێوەشاوە و قارەمانی هێزی قەندیل، کاک سەید ڕەسوڵی ئەحمەدی، براژنە فاتم ، هاوسەری بەڕێز کاک حاجی گوڵاوی فەرماندەی ئازا و تێکۆشەری لکی دووی هێزی قەندیل، براژنە ڕووحزا هاوسەری شەهیدی نەمر کاک حەسۆ عەلی پوور ، فەرماندەی بە زیبک و قارەمانی لکی یەکی هێزی قەندیل، براژنەسوعدا، هاوسەری کادری بەوەجی حیزب لە ناوچەی بەربنە و ئەندامی کۆمیتەی ناوچە ی بەربنە کاک خالید سوارە، براژنە ئایش خێزانی کاک محمەد ئەمین بایەزیدی، فەرماندەی ئازا و قارەمانی لکی چواری هێزی قەندیل و هاوسەری چەند تێکۆشەری دیکەی حیزبیش. سوپای پاسداران ئەوانی بە توێتا هێنابووە سنور و لەو نێو بەفر و سەرماو سۆڵەدا هەڵی ڕشتبوون و وڵات بەدەری کردبوون. بە داخەوە لە ئاکامی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامیدا ، کوڕە بچکۆلەکەی کاک محمەد ئەمین بایەزیدی بە هۆی کەوتنەخوار لەسەر ئەسپ، زەربەی گەورەی وەسەری کەوت و ساڵێک دواتر بوو بە قوربانی و سەرەنجام گیانی لە دەستدا و چوە نێو کاروانی شەهیدانی کوردستان. هەزاران سلاو لە گیانی پاکی سامانی جوانە مەرگ.
٣
سوپای پاسداران داوای کردبوو کە ئێوە ئەوانەی هاوسەری پێشمەرگەن، دەبێ بڕۆنە لای هاوسەرەکانتان و تەڵاقیان لێوەرگرن و داوای جیابوونەوە بکەن. لە غەیری ئەوەدا ئیجازەتان نیە بێنەوە و لێرە دانیشن. بەشێک لە هاوڕێان گەیشتبوونە ئەو ئاکامە کەو هاوسەرە ئازیزەکانیان تەڵاق بدەن. ئەوان کە بە تەجەسومی ئیرادەی لە شکان نەهاتووی هێزی پێشمەرگە ناسرابوون و ناسراون ، پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت کە ئەوکارە بکەن بۆ ئەوەی بە دوژمن نیشاندەن ئەو جۆرە پیلانانە زەڕەیەک کار لە ڕووحیەی خەباتگێرانەی ئەوان ناکات. لە بیرمە هاوڕیانی فەرماندە هەموو یان لەسەر ئەو هەڵوێستە کۆکبوون. ئەو قسە ئێستا ڕەنگە بۆ خوێنەر تەنیا وەک بیرەوری گێرانەوە بێتە بەر چاو. مرۆڤ دەبێ پێشمەرگەبێ و ئامادەی قوربانی دانی گەورەبێ ، جا دگاتە ئە لووتکە بەرزەی بەخشندەیی و فیداکاری . لێرەدا جارێکی دیکەش كرنۆش بۆ ئەو ڕووحیاتە بەرزە دەبەم . ئێمەش کۆمیتەی ڕێبەری مەڵبەند هەموو توانای خۆمان بەکار دەهێنا کە ژن و منداڵی هاوڕێانی کادر و پێشمەر تا دەکرێ دەبێ لە نێو خەڵکی خۆماندابن و نە یەنەدەرەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو پیلانەی دووژمن پوچەڵ کەینەوە. داواوامان لە دەفتەری سیاسی کرد لەو بارەوە رێنوێنیمان بکات کە چبکەین . ئەوە یەکەم جار بوو ڕێژیم لە ناوچەکانی ئێمە ، پیلانێکی ئەوتۆی بەڕێوەدەبرد. دەفتەری سیاسی زوو وەڵامی داینەوە و شەش حەوت خاڵی وەک ڕێنوێنی ڕیزکردبوون. خاڵی یەکەم بریتی بوو لەوە کە بە هیچ جۆر نا بێت هاوڕێ یانمان هاوسەرەکانیان تەڵاق بدەن و هەر لەو کاتەشدا دەبێ کارێکی وابکەن بگەڕێنەوە نێوخۆی وڵات و لە نێو خەڵکدابن. چوونکە ئەگەر ئێوە ئەو کارەبکەن، رێژیم دەمی شیرین دەبێ و لە هەموو جێیەک ئەو پیلانە بەڕێوە دەبات. یانی دەبێ بیاننێرنەوە و ئەو داخوازەی رێژیمیش وەبەرچاونەگرن و تەلاقیان نەدەن.
دوای گەیشتنی پەیامی دەفتەری سیاسی لە گەڵ ئەو هاورێانە کۆبوونەوەمان کرد و نەزەراتی دەفتەری سیاسیمان شڕۆڤەکرد. لە بیرمە کاک خالید سوارە کە تازە چەند هەفتەیەک دەبوو ژیانی هاوبەشی لە گەڵ براژنە سوعدا پێک هێنابوو، زۆر ئیسراری لە سەر ئەوەبوو کە هەرچی دەیکەین باشە بەڵام نابێ کارێک بکەین کە بەندی یەکەمی ڕێنونیەکەی دەفتەری سیاسی وەبەر چاو نەگیرێ. ئەو دەیگووت ئەوە بڕیاری دەفتەری سیاسیەو نابێ بیشکێنین. بە داخەوە ژیانی سەختی سیاسی و خەباتگێڕانە ، جاری وایە عیشق و خۆشەویستی و ئەوین، ئەو پێوەندیە بەرز و پاکەش دەخاتە ژێر هەورەکانی خۆی. نآچمە سەر ئەو ەی کە چەندەمان کار کرد تا توانیمان ئە مەسەلەیە حەلکەین. سەرەنجام بە خۆشیەوە بڕیاری دەفتەری سیاسیمان نەشکاند و بە هیممەتی براژنە پیرۆز و براژنە ڕووحزاو براژنە ئایشێ و براژنە فاتم و براژنە لەیلا و براژنە زارا و دەیان و سەدان براژنی دیکە ئەو پیلانەی دوژمن تێکشکا و سەری نەگرت. ئێستا کە کاکە سەربەرز و قەمەرو شلێر و محیەدینی شەهید حەسۆ و کاکە سمکۆ و گەزیزە و سەیران و سەحەری کاک سەید ڕەسوڵ و کوڕەکانی کاک حاجی گوڵاوی و كچ و کوڕەکانی کاک خالید سوارە دەبینم، ئەو پەیامەی دەفتەری سیاسیم دێتەوەبیرو خۆشحاڵم کە توانیمان حەكیمانە بجوڵێینەوە و بەوتەی کاک خالید ئەو بڕیارەی دەفتەری سیاسی نەشکێنین. ئاخر ئەگەر ئەو کارەمان کردبا ئەو منداڵە جوانانەی شۆڕش و خەبات ئەوڕۆ لە ژیاندا نەدەبوون. لێرەشدا ئازایەتی و فیداکاریەکە هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژنە ڕووسوورو گیانفیدایانە. کەسانی وەک باجە مریەم و باجە زارا و باجە لەیلاو باجە پیرۆزو باجە رووحزا و باجە فاتم و سەدان خوشکی دیکە کە سەرەڕای ئەو هەموو ئەزیەت و ئازار و پیلانانەی ڕێژیم، بۆیەک جاریش نێوچاوانیانیان لە کاک سەید ڕەسوڵ و کاک موحەمەدە ڕەشەو کاک هەمزەی نەمر و کاک حەسۆ و کاک محەمەدەمین بایەزیدی و کاک خالید تێگنەناو هەمیشە شانازیان بەوەدەکرد کە هاو�سەرەکانیان پێشمەرگەی رێگای ئازادی کوردستانن. بە پێویستی دەزانم گەرمترین سڵاو بۆ هەموو ئەو ژنانە بنێرم کە شانازی ئەوەیان هەبوو هاوسەری پێشمەرگەکانی کوردستانبن. هیچ گومانم لەوەدا نیە کە بە شێکی زۆری ئەو شانازیانەی کە پێشمەرگەکان لە مێژوودا تۆماریان کردون، دەگەڕێنەوە بۆ پشتیوانی و فیداکاری و گەورەیی هاوسەرەکانیان. سڵاو لە براژنە فاتمی هاوسەری کاک حاجی گوڵاوی و برانە ئایشێی دایکی سامانی جوانەمەرگ و براژنە پیرۆز و براژنەسوعدا و خوشکی گەورەم، شێرەژنی ڕۆژانی سەختی خەبات و بەرخۆدان، براژنە پیرۆز و هەزاران شێرەژنی نێو شۆڕش لە هەرکوێ یەک کە هەن.
ئەو ڕۆژانە سەرۆک ئۆبامام دیت، لە پێوەندی لە گەل جێژنەکانی سەری ساڵدا، سەردانی بنەماڵەی سەربازەکانی ئەمریکای دەکرد و بەو جۆرە قەدرزانی خۆی لە سەربازەکان و بنەماڵە و هاوسەرکانیان نیشاندەدا.جگە لەوە هەر ئەو ڕۆژانە دیسان هەر لە پێوەندی لە گەڵ مە سەلەیەکی لەو چەشنەدا، بیبیسی هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە دەڵێ هاوسەرەکانی سەربازانی ئینگلیس کە لەدەرەوەی وڵات خەریکی مەئموریەتن، لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و پێکەوە گۆرانیان وتوە و باسی موعانات و ژان و ئازا ر ئیفتیخاراتەکانی خۆیان و هاوسەرکانیان کردوە. بە بێ ئەوەی خۆیان بزانن و تەنانەت بێ ئەوەی چاوەڕێ�ش بن. ئەلبوم و گۆرانەکانیان کەو تونەتە مەوقعیەتی پلە یەک لە جەدوەلی ریزبەندی ئەلبوومەکانی ئەو چەند هەفتەیەدا لە ئاستی ئینگلیستان. خەڵک وەک نیشاندانی هاوپێوەندی میللی دەگەڵ ئەو ژنانە، ئەلبوومەکانیان دەکڕن و گۆرانیەکانیان دەڵێنەوە . بەمجۆرە داهاتێکی دەیان و سەدان ملیۆن دۆڵاریش بە ئەو ژنانە دابین بوە.سەیر ئەوەیە ، ژنەکان داهاتی ئەو ئەلبوومانەیان بۆ کردنەوەی سندووقێک تەرخان کردوە، کە یارمەتی قانوونی و جۆراوجۆری دیکە بەو سەربازانە دەکا کە لە مەئموریەتەکاندا، زیانیان دیوە و لە کاتی گەڕانەوە بۆ وڵاتدا، پێویستیان بە پێڕاگەیشتن هەیە. نازا �نم ئێمە چۆن بتوانین سیغەیەک بو هاوپێوەندی نیشاندان لە گەڵیان و قەدرناسی لە هاوسەری پێشمەرگەکان بدۆزینەوە؟ بەڵام دەکرێ جارێک لە جاران حیزب و میللەتەکەمان بە جۆرێک لە جۆران ئەو ئەمەگناسیە نیشان دەن.
ئیبڕاهیم لاجانی
2011/12/30{jcomments off}