Hoppa till innehåll
Hem » بۆ مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە . جەمیل کولاهی

بۆ مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە . جەمیل کولاهی

پێشتر کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو هاوڕێیە حیزبییانە، وا تەمەنی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادی لە نێو حیزبدا تێپەڕاندووە، خوێندبووە. کە بە داخەوە لە سەر جەنابت باسی زۆر نەرێنییان کردووە.cemil_kolahi

ئەمن چونکە دەمزانی لە نێو رێکخراوی سیاسیدا لە نێوان مرۆڤەکاندا شەڕی دەسەڵات دێتە پێش، زۆر لە سەریان نەڕۆشتم. چون وا لێکم دەدایەوە کە رەنگە ئەو کەسانە رقێکیان لە مامۆستا هەبێ، بۆیە وا باسیان کردووە. بەڵام کاتێ کۆرتە مێژووی حیزبم خوێندەوە کە بەشێکی بە دەستی جەنابت نووسراوە، هەروەها سەرنجی وتارەکانتم داو لە گەڵ هەڵس و کەوتەکانت لە تەنیشت یەکتردا دامنا، بە داخەوە بە ئاکامێکی زۆر ناخۆش گەیشتم!

ئەو ئاکامە ناخۆشانە وا لە ئاکامی هەڵسەنگاندنی ئاخاوتنەکانت لە گەڵ هەڵس و کەوتەکانت پێیان گەیشتم بریتی بوون لە:

– خۆویستی

– نەبوونی هەستی شۆڕشگێڕی

– خوو خدەی دیکتاتوری

– تینووی دەسەڵات

– یەک نەگرتنی قسەو کردەوە

ئەم تایبەیمەندییانە کە لە خوارەوە بە پێی نووسینەکانی خۆت، دەیانورووژێنم، وایان کردووە کە هەرچی خۆتۆ ماندوو کردووە، ئاکامێکی بۆ کورد بە دواوە نەبێ هیچ، بەڵکو ببیەتە مایەی دڵساردی گەلی کورد. لەم نێوەدا تەنیا هێندێ مرۆڤی ساویلکە کە تایبەتمەندییەکانی رێبەری نازانن، هەروەها هێندێکیش بە بۆنی قازانج پەرەستی و گەیشتن بە دەسەڵات، دەیانەوێ ئەو غەدرەت لێ بکەن و ناوی ڕیبەرت لە سەر دابنن. بەڵام بێ ئاگا لەوە کە هیچکام لە مەرجەکانی رێبەرت تێدا بە دی ناکرێن. ئەوەی کە هانی دام ئەم نامەیە بنووسم، دەگەڕێتەوە بۆ هێندێ وردە قسەی لایەنگرانت کە لەم دوایە دەیانگۆت: به‌ڵێ‌ مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ زۆر لە دوكتور قاسملوو گه‌وره‌تره‌ و زۆریش خزمه‌تكارتر و كه‌م هه‌ڵه‌تر و دڵسۆزتر بووه‌ و هەر وەها ئەو وتووێژەی جەنابت کە لەم دوایانەدا، لە گەڵ واڵا پرس کردووتە.

کاتێک کە مێژووی حیزبم خوێند، پاراگرافێکی زۆر سەر سووڕ هێنەرم خوێند کە بە قەڵەمی جەنابت لە سەر خۆت نووسرابوو کە دەڵی: ”هەر بۆ زاخاوی مێشک پێم خۆشە بی گێڕمەوە، ئەندامێکی حیزب کە منی بۆ نێو ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات بانگهێشتن کرد، تەنیا روونکردنەوەو هاندانی بۆ من ئەوە بوو کە ئەگەر ببمە حیزبی ناوم دەچێتە تاران و تەنانەت مۆسکۆش. ئەمنیش بە عەقڵی ئەو وەختم پێم وابوو دەسکەوتێکی زۆر گەورەم چنگ دەکەوێ.” (ڵاپەڕەی ١٧٩ کۆرتە مێژووی حیزب/ع. حەسەنزادە)

ئەمە نیشانی ئەوەیە کە هەستێکی شۆڕشگێڕانە و خۆ نەویستانە پاڵی بە جەنابتەوە نەناوە کە بێتە ناو ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتەوە. بەڵکوو جەنابت بە دوای دەسکەوتەوە بووی. واتە جەنابت رۆحێکی شۆڕشگێڕانەت نەبووە، بەڵکو بە شوێن دەسکەوتێکی گەورەتر بووی بۆ خۆت  نە بۆ گەل. تەنانەت ئەگەر بتوتبا بە بۆنی ئەوەوە کە ناوی کورد بچێتە تاران و مۆسکۆ، هاتمە نێو ریزەکانی حیزب، دەمتوانی بڵم کە بە هۆی کورد پەروەری و شۆڕشگێڕییەوە هاتوویتە نێو ریزەکانی حیزبەوە. هەستی دەستەبەر کردنی قازانجی تاکە کەسی لە سرۆشتی رێبەردا لە دەستەبەر بوونی قازانجی گشتییە. واتە رێبەر دەبێ قازانجی گشتی لە سەروی قازانجی تاکە کەسیدا دابنێ. کەوابو جەنابت ئەم تایبەتمەندییەت تێدا نیە. خۆت بە قەڵەمی خۆت و بە بێ ئەوەی کە زەختێکت لە سەر بێ، باست لە سەر دەروونی خۆت کردووە، دەرتخستووە کە بۆچی ریزەکانی حیزبت هەڵبژارد. من حاشا لەوە ناکەم کە کاری ئەرێنیت کردبێ، کاری ئەرێنیت کردووە، بەڵام نە بۆ رزگاری نەتەوە، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە دەسکەوتی تاکە کەسی زیاتر. چون بە هەستێکی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەگەراییەوە ریزەکانی حیزبت هەڵنەبژاردووە. لانیکەم ویستە دەروونیەکانت و کردەوەکانت کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەدەم ئەو راستییە دەدەخەن.

دوای خوێندنەوەو لاپەڕەیەکی زۆر گەیشتمە پاراگرفێکیتری سەیرو سەمەرە کە لە سەر کۆنگرە هەشتیەکان کە ئێستا بوونەتە یەکێک نووسیوتەو دەڵی: ”ئەگەر جیابوونەوەی ئەو دەستەیە لە کادرو ئەندامانی حیزب ئەویش بەو شێوە ناشیرینە و لەو کاتە ناسکەدا زەبرێکی گەورەی لە بزووتنەوەی میللی دیمۆکراتیکی گەلەکەمان وەشاند، دانانی ناوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سەر خۆیان زیانێکی گەورەتری لە حیزب و بزووتنەوە وەشاند…جیگەی وەبیر هێنانەوەیە کە بەوەشەوە نەوێستان و هەر وەک بیانەوێ شەڕ بفرۆشن و شەڕ هەلیسێنن تەواوی ناوەکانی ناو حیزبیان لە سەر ئۆرگانەکانیان دانا… بە دانانی ناوی حیزبی دیمۆکرات لە سەر خۆیان بە کردەوە زەمینەی شەڕ هەڵگیرساندنیان خۆش کردو فەزای سیاسی کوردستانیشیان تووشی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە هێنا… ئەگەر ناوێکی دیکەیان لە سەر خۆیان دانابایە و شتێکی تازەیان داهێنابایە، دوور نەبوو، کۆمەڵێکی زیاتر لە ئۆگرانی مەسەلە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران وەدوایان بکەون” (لەپەڕەی ٤٤٨ و ٤٤٧/کۆرتە مێژوو/ ع. حەسەنزادە)

بەڵام لە وتووێژ لە گەڵ واڵا پرێسدا لە سەر وتووێژە نەکراوەکەی دۆکتور خۆسرەو عەبدۆڵاهی دەڵی : ” ئەم پرسیارە هەق وایە بەرەوڕووی کاک خوسرەوی عەبدوڵڵاهی، یان حیزبەکەی بکرێتەوەو بۆ من‌و کەسی دیکە نیە لەجیاتی وان وەڵام بدەینەوە. ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە هەیە، ئەم حیزبە نە داوای ناوگۆڕین لەکەس دەکا، نە لەسەر ناو کەس دەکوژێ‌و نە داوای ناوگۆڕینیش لەکەس قبووڵ دەکا. ئەوەش کە داخوا ئەمە سیاسەتی حیزبەکەیەتی یان نا؟ هەر دەبێ لەخۆیان بپرسرێ. بەڵام لە عورفی سیاسی‌و دیپلۆماسیدا وا باوە کاتێک وتەبێژێک یان نوێنەرێک قسەیەکی پێچەوانەی سیاسەتی حیزب‌و دەوڵەت دەکا، ڕوونکردنەوەیەک دەرێ کە ئەمە بیرو بۆچوونی خۆیەتی‌و حیزب یان دەوڵەت لێی بەرپرس نیە.”

ئەوە چۆنە کە دانانی ناوی حیزب لە لایەن کۆنگرە هەشتییەکانەوە لە سەر تاقمەکەیان، بۆ ئەوان بە ناڕەواو قٶڵ هەڵماڵین بۆ شەڕی براکۆژی، بەڵام دووپات کردنەوەی هەمان کردەوە لە لایەن خۆتەوە بە هاوبەشی هەمان تاقم، بە مافی بێ ئەملاو ئەولا و مەشرووع دەزانی؟ دەڵی کەسیش مافی ئاخاوتنی نیە لەو بارەوە. دەرکردنی فتوای حەرام کردنی کردەوەێەک بۆ خەڵک و حەڵاڵ کردنی هەمان کردەوە بۆ خۆت دەرخەری چیە؟ دەرخەری خۆویستی، خوو خدەی دیکتاتوری، دوو رووی و ناراست بوون لە گەڵ خەڵک نەبێ، چیە؟ ئەگەر بۆ کۆنگرە هەشتییەکان حەرام بوو، بۆ تۆش حەرامە. ئەگەر ئەو کات شەڕی براکوژی لێ کەوتەوە، دڵنیا بە ئەمجاریش ماچ کردنی لێ ناکەوێتەوە. چونکە جەنابت خەریکی بە داهاتووی شۆڕشێک گەمە دەکەی، بۆ قازانجی تاکە کەسیت. ئەگەر بە وتەی خۆت کۆنگرە هەشتییەکان بە دانانی ناوی حیزب لە سەر خۆیان زەمینەی شەڕیان ساز کرد، ئەی جەنابت بە دانانی ناوی حیزب زەمینەی چیت دروست کردووە؟ شەڕ یان دۆستایەتی؟ بە دڵنیاییەو دەبێ بڵم تۆش زەمینەی دۆستایەتیت ساز نەکردووە.

پاشان دەچیتە سەر مینبەرو باسی ”عورفی سیاسی و دیپلۆماسی” دەکەی و داوای روونکردنەوە لە بەڕێز عەبدۆڵاهی دەکەی. بەڵام لە هەمانکاتدا خۆت نەتەنیا عورفی سیاسی و دیپلۆماسیت ژێر پێ ناوە، بەڵکوو پێڕەو و پرۆگرم تاقمەکەت پێشێل دەکەی. چون ئەوە رێبەرایەتی تاقمەکەتە دەبێ بڕیار بدا کە ئەو کارە دەبێ بکرێ یان نا، جەنابۆ خۆ هیچ بەرپرسیارییەتییەکت لەو تاقمە نیە، ئەوە چۆنە کە قسەی یەکەم دەکەی. بڕیاری نەگۆڕ دەردەکەی. ئەوە دەرخەری یەک شتە ئەویش ئەوەیە کە پلەی یەکەم، دووهەم، سیهەم و … تا دوای لەو تاقمەدا هەر لە ئەستۆی خۆتە. واتە رێبەرایەتی فشەیە، خۆت هەر کات پێت خۆش بوو و هەر کارێ لە قازانجت بوو، دەیکەی. هەر کاتیش بە زیانی قازانجی تاکەکەسیت بوو بە پێچەوانەی هەموو نووسینەکانت و پێرەو و پرۆگرامی تاقمەکەت هەڵوێست دەگری. ئیتر رێبەرایەتی کارتونیش هەر با کۆبوونەوە بکا بۆ خۆی و خەریکی ئەو چاکسازی دیمۆکراتیکە بن، وا بەڵێنیت دابوو بیکەی و نەتکرد. لانیکەم لە کۆنگرەی دواییتاندا دەرکەوت.

 کاتێک نەفەری یەکەمی حیزب بووی, واتە زۆرینە بووی، لە سەر کەمایەتی و زۆرایەتی بۆ چوونێکت هەبووە، کە وتووتە دەبێ کەمایەتی مل دابکێشێ بۆ بڕیاری زۆرایەتی، هەر چەند زۆرایەتی لە هەڵەشدا بێ. بەڵام کاتێ خۆت دەبێتە کەمایەتی، خۆت قسەی خۆت پێشێل دەکەی. لێرەشدا هەر قازانجی تاکە کەسییە کە وات لێ دەکا، لە قسەی خۆت پاشگەز بێتەوە. ئێستاش ویدیوی قسەکانت لە کاتی هاتنەوەی کۆنگرە هەشتییەکان لە سەر یوتیوب ماوە کە دەڵی: ”بەڵێ ئێمە ئیختلافی نەزەرمان هەیە، ئەگەر ئێستاش نەبێ ئەمن پێمخۆشە خۆداحافیزی لە گەڵ بکەم، حیزبی یەک دەستم ناوێ، چونکە مردوویە، بێ کەڵکە، کە حیزب ئیختلافی نەزەرری تێدا نەبوو لە دوو حاڵەت بە دەر نیە، یان مردووە و هیچ نازانن یان یەکێک دیکتاتورەو ئەوانی دیکە زەلیلن… ئەوە تەنیا میعیارە لە دنیادا کە پەسند کراوەو دەبێ وەکو حەکەم رەچاوی بکەین، چار نیە، ناتوانین رێک کەوین لە سەر مەوزووعێک هەموومان، ناتوانین هەر کەسەو بۆ لایەکی بکێشین چونکی دەپسین، چار چیە دەڵین بابا ئەکسەریەتەکە نەزەری چ بوو ئەوە جێ بە جێ دەبێ… بە ویژدانەوە پێتان دەڵم حەز دەکەم هەر رۆژی دوای کۆنگرە خەڵک نەزەراتی خۆی بڵێ، بەڵام نەزەراتی خۆی، نە تەوهین بکا، نە سەرپێچی بکا نە بڕیاری حیزبی بەرێتە دەرێ نە حیچ… حەتا لە گەڵ تەسویبی ئەوەش ئێمە هیچ رێگایەکمان نیە بۆ ئەقەلییەت غەیری بەڕێوە بردنی بریاری ئەکسەریەت، کەما ئینکە ئەگەر دیمۆکراتیش بین ئەکسەریەت هیچ رێگەیەکی نیە غەیری حۆرمەت دانان بۆ ئەقەلییەت لە هەموو شتێکدا…”

باشە تۆ، بۆ خۆت ملت بە بڕیاری ئەکسەریەت نەدا؟ خۆ ئەگەر بڵی حۆرمەتیان نەگرتم، جەنابت را نەوەستای کە روون بێتەوە ئایا حۆرمەتت دەگیرێ یان نا. چ سەر پێچییەک مابوو کە نەیکەی؟ چ بڕیارێکی حیزب مابوو کە نەیشکێنی و نەیبەیتە دەرەوە؟ چ حیزبێکی کوردستانی باشور مابوو کە نەیهێنیتە سەر حیزب؟ نهێنی حیزب مابوو کە نەیخەنە سەر ئینتێرنێت؟ ئەوە کی بوو لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەی یەکبوون کە ئەوکات دەیگۆت سەربەخۆم، هەیئەتتان پێک دەهێناو هەر رۆژەو بۆ لای حیزبێک دەڕۆشتن و نهێنییەکانی حیزبتان دەبرد بۆیان؟ هەر لە سالۆنی کۆنگرەوە کە دەسەڵاتت لە دەست دا، ئیتر بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکانت کەوتنە مەترسی. بۆیە تەنانەت لە جێژنی دوای کۆنگرەشدا بەشداریت نەکرد، تا بەم شێوە بە لایەنگرانت بڵی شەڕەکە دەستی پێکردووە، قۆڵی لێ هەڵماڵن.

ئێستاش لە وتووێژە نوێیەکەت لە گەڵ واڵا پرێس دەڵی: ”…بەباوەڕی من ئەوەی ئەمڕۆ دەبێ قسەی لێ‌بکرێ‌و هەوڵی بۆ بدرێ کرانەوەی دەرگای دیالۆگ‌و دامەزراندنی پێوەندی‌یەکی سالم‌و دۆستانەو دواتر بیروڕاگۆڕینەوەو هاوکاریی خەباتگێڕانەیە. ئەگینا واقیعبینانە نیە لەو کەش‌وهەوا دەروونی‌یەدا کە کۆنەهاوڕێکانمان بۆخۆیان دروست کردوە قسە لە یەک‌گرتنەوە بکرێ. وابزانم هەموو لایەک ئاگادارن کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هیچ پێشمەرجێکی بۆ دانیشتن‌و‌‌ دیالۆگ نیەو لە هەر دەرفەتێکیشدا ئامادەیی خۆی بۆ ئەوە ڕاگەیاندوە. بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر تائێستا نەک هەر بۆ ئەوە ئامادە‌‌ نەبوون، بەڵکە لەجێدا حەز ناکەن ئەو باسانەیان لەگەڵ بێتە گۆڕێ”

لە پێشدا پرسیارێکی گەورە دێتە پێشەوە کە ئاخۆ ئەگەر جەنابت ئەوندە لایەنگری پێوەندی سالم و دۆستانەیت، یان ئەوەندە لایەنگری هاوکاری خەباتگێڕانەیت، بۆ پێش لە جیابوونەوەت ئەم تایبەتمەندییانەت نەبوو؟ یەک نەگرتنەوەی ئاخاوتن و هەڵس و کەوتەکانی پێشووت ئەوەمان پێ دەڵین کە جەنابت بە درێژایی تەمەنی حیزبایەتیت، دەرت خستووە کە هەستی رووناکبیری و خەباتگێڕیت کاتێ گۆڵی کردووە، کە ویستبێتت کەس یان لایەنێک لە سەر رێگەی خۆت هەڵگری. واتە ژستی دیمۆکراسی و رووناکبیری گرتن بۆ گەیشتن بە ویستێکی نادیمۆکراتیک. هەر لەو پاراگرافەی سەرەوە گەورەترین چەواشەکاری تێدایە. یەکەم وێنا کردنی خۆت وەکو مرۆڤی دیمۆکراتیک و وێنا کردنی لایەنی بەرانبەرت وەک دیکتاتور و پاوانخواز. بەڵام بەڵگە مێژووییەکان پێچەوانەی ئەمەمان پێ دەڵن. بۆ وێنە نووسینێکی خۆت دەخەمە بەر دەستت، با بیخەمەوە بیرت. دوای ئەوە کاک مستەفا هێجری لە کۆنگرەی دەیەمدا، لە سکرتێری کەوت و جەنابت بویتە سکرتێر، ئاوا لە سەر کاک مستەفا دەدوی: ”لە کۆنگرەی دەهەمدا لەگەڵ ئەوەی بە خۆشییەوە سکرتێری حیزب ئامادە بوو و لە باشترین وەزعی جیسمی دا بوو، کەسێکی دیکە بە سکرتێری هەڵبژێرا، بەڵام سکرتێری پێشوووەک ئاڵوگۆڕێکی زۆر ئاسایی چاوی لێ کرد، لە بەر دەم بەشدارانی کۆنگرەدا پیرۆزبایی لە سکرتێری تازە کردو سەرکەوتنی بۆ بە ئاوات خواست” (کۆرتە مێژووی حیزب/لاپەڕەی ٥١٥و ٥١٦/ع.حەسەنزادە)

جەنابی مامۆستا! مێژوو رەحم بە کەس ناکا. بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵن کە جەنابت تەنیا بە قسە رووناکبیرو دیمۆکراتی. هەڵوێستی خۆت دوای کۆنگرەی سێزدەهەم و هەڵوێستی کاک مستەفا دوای کۆنگرەی دەیەم بێنە پێش چاوت. با بۆت دەرکەوێ کی شۆڕشگێڕە و کی نیە؟ ئایا ئەگەر کاک مستافاش وەک جەنابتی بکردایا جەنابت دەتتوانی درێژە بە سکرتێری خۆت بدەی؟ هەر ئەو کەسە وا بە دیمۆکراتترین شێوە دەسەڵاتی پێشکەشت کرد، بە راشکاوانە لە تیشک تی.ڤی.دا  پێکەوە گرتنی کۆنگرە بە بەشداری لایەنی سێهەم دەرنەبڕی؟ ئایا ئەوە کوێی ویستی دیمۆکراتییانەو هاوکاری خەباتگێڕانەی جەنابت دەر دەخا کە کە دەڵێ: ” بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر تائێستا نەک هەر بۆ ئەوە ئامادە‌‌ نەبوون، بەڵکە لەجێدا حەز ناکەن ئەو باسانەیان لەگەڵ بێتە گۆڕێ” کی دەتوانێ ناوی ئەمە بنێتە راستگۆیی؟ خۆ لانیکەم کاک مستەفا لە تەلەفزیوندا بە ڕاشکاوی رایگەیاندو کاک حەسەن شەرەفیش لە کۆبوونەوەی هێزە کوردستانییەکاندا لە نوروێژ بە وردی باسی لە سەر کرد.

جەنابی مامۆستا! جەنابت تاوانباری. دەبێ لە بەرانبەر گەلێکی بندەستدا وەڵام بدەیتەوە، کە بۆچی بە بۆنی بەرژەوەندی تاکە کەسیت گەمەت بە چارە نووسی گەلێک کرد، بۆچی هەوڵ و تێکۆشان و فیداکاری هەزاران شەهیدت کردە قۆربانی بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکانت. ئێستاش هاتووی دەتهەوێ بە دەربڕینی دوو قسەی رووناکبیرانە، ئەو تراژیدیەی وا دەسکردی خۆتەو تووشی بزووتنەوەی کوردت کردووە، بیخەیتە ئەستۆی بە قەولی خۆت کۆنە هاوڕێانت. بەڵام نەوەی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە گەڵ ئەوەی وا جەنابت لێی تێگەیشتووی. نەوەی ئەمڕۆ بە چاوی بەستراو هەموو شتێک قبووڵ ناکا، بەڵکو لە پێشدا هەواڵی رێشەی شتەکە دەپرسێ. واتە نەوەی ئەمڕۆ نەوەی لێکۆڵینەوەو توێژینەوەیە، بە دوو قسەی خۆش، هەڵناخەڵەتێ. واتە نەوەی ئەمڕۆ قسەو کردەوە پێکەوە دەبینێ. کەوابوو بە جێگەی ژستی بێ ناوەرۆکی دیمۆکراتیک و رووناکبیری هەوڵ بدە ببیتە خاون کەسایەتییەک کە قازانجی نەتەوەیی و گشتی بخەیتە سەرووی قازانجی تاکە کەسیتەوە. چون ئەو تایبەتمەندییە لەو تایبەتمەندییانەیە کە هەموو تایبەتمەندییە باشەکان بە شوێن خۆیدا دێنێ و مرۆڤ دەکاتە خاون کەسایەتییەکی بەرز کە هەموو دنیا شانازی پێوە بکات.

….

نووسه‌ر خۆی به‌رپرسه‌ له‌و نووسینه‌ .

{jcomments off}