ئا: ئه‌فراسیاب گرامی
به‌شی سێهه‌م و کۆتایی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رێز د.عه‌بدوڵڵا ئه‌بریشه‌می
د.عه‌بدوڵڵا ئه‌بریشه‌می: هه‌ر چه‌شنه رێفۆرمێک له نێو سیستم دا که بتوانێ هاوبه‌شی کورد له ”ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وته گشتییه‌کان” پتر بکا، مه‌ودای فه‌ڕق و جودایه‌تی که‌متر ده‌کاته‌وه‌و به قازانجی گه‌لی کورده
6ـ به‌گشتی شه‌ڕ له کوردستان چ ئاسه‌وارێکی له دوای خۆی به‌جێ هێشت؟
= جگه له ویشکبوونی به‌ستێنی هه‌ر چه‌شنه چالاکییه‌کی شارستانیانه، ئاسه‌واری هاوکات و دوایی شه‌ڕه‌کان به‌گشتی به‌و چه‌شنه بوون: کوشت و کوشتار، خه‌سارێکی له راده به‌ده‌ر، ئاواره بوونی ده‌یان هه‌زار چالاکی سه‌رده‌م و ماڵ و منداڵ به سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، کورد‌و کوردستان پتر له هه‌ر کاتێک، که‌وتنه ته‌نگانه‌و ژیر چاوه‌دێری ئه‌منییه‌تی ده‌سه‌ڵات، له گشت وڵات و بۆ هه‌رکارێک، کورد که‌وته به‌ر کۆسپ و لاری و فه‌ڕق و جودایه‌تی! به‌ڵام له سه‌رده‌می شه‌ڕه‌کان، باری هه‌راو هوریای رۆژئاوا‌و دوژمنانی رژیمی نوێی ئیران، نه‌خوازراو به کۆڵی گه‌لی کورد دادرا!
زۆرکه‌س، ته‌نانه‌ت ژن و منداڵ، پیروپاتاڵ، نان هێنه‌رو بێ تاوان، یان له نه‌کاو، یان به‌ئانقه‌ست، وه‌به‌ر تیر‌و ده‌سڕێژ که‌وتن، به‌شێکیش ده‌گیران یان ده‌کوژران، زۆرێک له ئه‌ندام و چه‌کداری حیزبه‌کان ده‌گه‌رانه‌وه، وه‌ک “تهوواب” سه‌رشۆڕانه یان به‌فێڵ یان وه‌ک به‌کرێگیراو. سووکایه‌تی پاکسازی و ته‌عه‌هود ساندن له کارمه‌ندانی ئیداره‌کان، بێکار مانه‌وه‌ی هه‌زاران بێسه‌وادو خوێنده‌وار، ملکه‌چ و داماو… هه‌ر به‌پێی فیلان، به‌شێک بوون له ئاسه‌واری چه‌کداربوونی حیزبه‌کان، که شه‌ڕی به‌دواوه بوو؛ چ ده‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت چ خۆبه‌خۆ.
ره‌ش ترین ئاسه‌واری شه‌ڕ، که‌وتنه ژێر باڵی ئه‌منییه‌تی و فه‌ڕق و جودایه‌تی زۆر. دوور که‌وته‌وه له په‌ره‌گرتنی ئابوورییه‌کی “بنه‌مادار”. هه‌نووکه، له‌به‌ر ئابووری بێ بنه‌مای وڵات، بژیوی سه‌دان هه‌زارکه‌س به به‌رهه‌می دانوستانی که‌ل و په‌ل و راگوێستنیان له سنوره‌کان، دابین ده‌کرێ، ره‌وتی راگوێستن له پرۆسه‌ی دان‌و ستاندا، چ بهکۆڵبار چ به بارگین، زۆرجار وه‌به‌ر ده‌ستڕێژی سنووروانه‌کان ده‌که‌وێ، ئه‌وه نیشان ده‌دا بژیوی سه‌دان هه‌زارکه‌س له کوردستانی رۆژهه‌ڵات، به موویه‌ک به‌نده! له کاتێکدا ئه‌وانه‌ی نه‌که‌وتوونه ژێر چه‌تری ئه‌منییه‌تی و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌رگیراون، داهاتی بنه‌ماداریان هه‌یه، به‌ڵام تاقمی وه‌هاشیان تێدا هه‌ڵده‌که‌وێ به میلیارد کێشه‌وه‌ی پووڵ و پاره ده‌که‌ن و هه‌ڵلووشانی هه‌ر جاره‌یان له بانکه‌کان، پتر له به‌رهه‌می سه‌دان ساڵ گشت دانوستانی سه‌ر سنووره‌کانی کوردستانه. دیاره ئه‌وان کۆلبارو بارگینیان گه‌ره‌ک نییه تا وه‌به‌ر ده‌ستڕێژی سنووروانه‌کان بدرێ، ئه‌گه‌ر کاریان به لێ پرسینه‌وه‌ش بگا، چ باکیان نییه و بۆخۆیان و ماڵ و منداڵیان به‌ره‌و “که‌مپ” ره‌پاڵ نادرێن...
زۆر به‌ر له سۆرش، ئێمه چه‌ندکه‌سێک هه‌وڵمان ده‌دا پارێزگای (استان) موکری(یان نێوێکی تر) به ناوه‌ندی مه‌هاباد سازبدرێته‌وه، به‌ڵام تورکه‌کانی ناوده‌سه‌ڵات، به تایبه‌ت له ورمی، به‌رگریان ده‌کرد و ده‌یکه‌ن. له کاتێکدا له‌م چل په‌نجا ساڵه‌دا، ده‌یان پارێزگا له ئیران سازدراوه، دوای شۆرشی57 ئه‌و هه‌وڵه له ئارادا بوو، به‌ڵام وته‌بێژی مامۆستا شێخ عیزه‌ددین له وه‌ڵامی مندا که به نوێبه‌ری پژیشکانی مه‌هاباد داوای هاوکاریم بۆ ئه‌و هه‌وڵه ده‌کرد، کوتی: ئه‌و کارانه بورۆکراتیکن، به‌رنامه‌ی مه ناگرنه‌وه! کوتمان پارێزگاری له مه‌دره‌سه‌ی کشت و کاڵ و ئاژه‌ڵداری مه‌هاباد له بناری میاندواو بکڕی، ئه‌ویش وێڕای گۆره‌پانی ده‌شتی حاجی حه‌سه‌ن خرایه سه‌ر میاندواو! (به‌ڵام مه‌ڕه‌کان له‌پێشدا له لایه‌ن سه‌رکرده‌کورده‌کان راگوێزران و به په‌ته، ده‌دران به هاواڵان و خواردران!)که‌سیش مرته‌قی لێ نه‌هات! چه‌ندساڵ دواتر به‌دوای درێژه پێدان به‌م ویسته، ده‌سه‌ڵات ئاوڕی لێ نه‌داینه‌وه. به‌ڵام له‌رووی پڵان، تا بهردهرهشان خرایه سه‌ر میاندواو! لای باکووڕیش هه‌ر وای به‌سه‌رهات! ئه‌وانه تۆسقاڵێک له ئاسه‌واری شهر له ناوچه‌ی موکریانن. به ئی ناوچه‌کانی تر نازانم، ئه‌وه کاری رێکخراوه‌کانه له جیات به‌شێک له هێزی چه‌کدار، “هێزی لێکۆله‌رو کاغه‌زو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستیان” وه‌ڕێ خستهبا، لیستی ئاسه‌وارو خه‌ساره‌کانیان تۆمار کردبا. ته‌نگانه‌کانی گه‌لی کوردیان له گۆره‌پانی ئه‌زموون و لێکۆڵینه‌وه ناسیبا…
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆخۆشمان و رێکخراوه سیاسێکانمان له مه‌ودای سیاسه‌ت و راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگا به‌دوورین، مهتهڵۆکهکانمان ئاخندراو له‌م بیرانه‌و مێژووی پڕ له کاره‌ساتی کوردن:
گاڕان به خرهوه رۆیی، له مانگا به‌ڵه‌ک مه‌پرسه! بزن خۆی دهکولانهی مه‌ڕ ئاخنی و ده‌ری په‌ڕاند، مه‌ڕی هه‌ڵوه‌دای شاخ، کوتی: خوریله‌ی خۆم خۆشبێ، کولانهم بۆ چییه!
7ـ وڵاتی ئێران و کوردستان به‌تایبه‌تی به‌دوای شۆڕشی 57 و ده‌یه‌ی شه‌ست، به سهختتریتین بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕی پاش ئه‌و فه‌زایه، ره‌وتی رێفۆرم که به 2ی جۆزه‌ردان ناوبانگی ده‌رکرد سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ستێنه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی رێفۆرم له ئێران‌دا بوارێکی بۆ مشارکه‌تی سیاسی کورد له ئاستی پارلمان‌دا هێنایه گۆڕێ، جه‌نابتان ئه‌م فه‌زایه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
= له 2ی جۆزه‌ردانی ساڵی 1376 کاندیدایه‌ک له ئێران بۆ سه‌رۆککۆمار ده‌نگی هێنایه‌وه، که بڕوای وابوو هه‌رکه‌س “توانایی چارهیخۆنووسی هه‌یه”. ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵک جێی هیوا بوو. به‌ڵام سه‌رکۆمار له ئیران، ئه‌گه‌ر له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات دانه‌بێ، کارێکی ئه‌وتۆی له‌ده‌ست نایا. دوای 2ی جۆزه‌ردان، له لایه‌ک خه‌ڵک وه‌خۆ که‌وتن، له بیری ئه‌و سه‌رۆککۆماره له مه‌ودای چارهیخۆنووسدا که‌لک وه‌ربگرن، له‌لای تر بازنه‌ی ده‌سه‌لات ده‌ستی به قایمکردنی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی خۆی کرد‌و ده‌رفه‌تی چالاکی لایه‌نگرانی 2ی جۆزه‌ردانی، ته‌واو ته‌سککرده‌وه. به‌وحاڵه‌ش سه‌رکۆماری 2ی جۆزه‌ردان، جارێکی تر ده‌نگی هێناوه، به‌ڵام دوای دوو ده‌وره کوتی پۆستی سه‌ر کۆمار له ئیران، “ته‌داروکات چییه”. (به‌ڵام بۆ ئه‌وکه‌سه‌ی له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵتدا نه‌بێ!)
وه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا سه‌ده‌ی بیست نیشانی دا ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستووره‌ی له شۆرشی وڵاتێک ده‌که‌ونه‌وه، خه‌ڵک ناتوانن به ویستی سه‌رده‌م بیانگۆڕن. چونکوو لێکدانه‌وه‌ی ده‌ستووری به‌رهه‌می شۆرش، له جه‌غزی ده‌سه‌ڵاتێکی تایبه‌ت دایه. له ره‌وتێکی ئه‌وتۆدا رێفۆرمخواز ده‌یه‌وێ توانایی گۆرانکاری به ره‌وتی یاسایی وه‌ده‌ست بێنی تابتوانێ هاوکات ده‌گه‌ڵ گۆڕانی هه‌ل و مه‌رج، ببزوێتهوهو باشاری ته‌نگانه‌کانی کۆمه‌لگا بکا تا خه‌ڵک و ده‌وڵه‌ت پێویستیان به پێکهه‌ڵپڕژان نه‌بێ. گۆرباچۆفیش هه‌ر ده‌یه‌ویست وابکا، به‌ڵام سیستمی دامهزهاو له‌سه‌ر شۆرشی ئۆکتۆبر، تێکرووخا. بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات له ئێران، به‌ری ئه‌و ره‌وته‌ی گرت.
به‌کورتی به‌رهه‌می شۆرشه‌کانی سه‌ده‌ی بیست، ئه‌و ده‌ستوورو دانراوانه بوون که به‌شی بنه‌ره‌تی ده‌سه‌ڵات به چه‌شنێک به‌ڕیوه ده‌چوو که خه‌ڵک توانایی لێکۆلینه‌وه له ره‌وتی کار‌و بابه‌ته‌کانیان نه‌بوو. ئه‌وه‌ش ببوو به هۆی نارازی بوونی به‌شیکی به‌رچاو له خه‌ڵکی وڵات له ده‌سکه‌وتی شۆرشه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو.
8 ـ ئه‌گه‌ر له چه‌ند خاڵدا ده‌سنیشان بکه‌ین، جیاوازییه‌کانی پرسی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد و ریفۆرمخوازی ده‌وڵه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز که له‌م دواییانه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا، له چیدان؟
= باشتره ئاماژه به‌و راستییه بکرێ که ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌ڵێنییان به رێفۆرمخوازه‌کان دا‌و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزیان وه‌ڕێخست، له جه‌غزی بیری رێبه‌رانی ئه‌و چالاکییه‌دا نه‌بوون. له لایه‌کی تر له ئێران، کورد وه‌ک فارس و تورک، له ده‌سه‌ڵاتی سیستم دانییه، دیاره رێفۆرمخوازی ده‌وڵه‌تیش تواناییه‌کی ئه‌وتۆی نابێ کوردیش هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بکاو فه‌ڕق و جودایه‌تی لابه‌رێ. به‌ڵام هه‌ر چه‌شنه رێفۆرمێک له نێو سیستم دا که بتوانێ هاوبه‌شی کورد له ”ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وته گشتییه‌کان” پتر بکا، مه‌ودای فه‌ڕق و جودایه‌تی که‌متر ده‌کاته‌وه‌و به قازانجی گه‌لی کورده.
9ـ پرسی نێوان ده‌وڵه‌ت و سیستمه سیاسییه‌کانی کورد (حیزبه‌کان) چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
= دیاره دوو شۆرشگێر له وڵاتێک‌دا سهرناکهن! وه‌ک دوو حیزبی شۆرشگێری کورد له کوردستان به‌یه‌که‌وه هه‌ڵیان نه‌کردو پێکهه‌ڵپڕژان! جیاوازی بیر‌و بروا، بنه‌مای پرسی نێوان ده‌وڵه‌ت و حیزبه کوردییه‌کانه. ئه‌وه‌ی شایانی باسه، بروا، ئایین و ئیدیۆلۆژی – وه‌ک ده‌ستووری چالاکی- بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌کرێنه دروشمی بزووتنه‌وه. باوه‌ڕو بروای ئیدیۆلۆژیک به گشتی، تا گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رچاون. دواتر، ته‌نیا راگرتنی ده‌سه‌ڵات مه‌به‌سته. ئیدیۆلۆژی به گشتی وه‌ک هۆکارێک بۆ درێژه‌دان به پاوانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌کار ده‌برێ. له‌م وڵاتانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بڕوا‌و ئیدیۆلۆژی چه‌قاون، ئه‌گه‌ر حیزب هه‌بێ سه‌ر وهدهوڵهته، ئه‌گینا حیزب ره‌قیبی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته. به واتایه‌کی تر، له‌م وڵاتانه، حیزب و ده‌وڵه‌ت وه‌ک دوو ره‌قیب دژ به‌یکن، له ئیدیۆلۆژی لێک جیا که‌لک وه‌رده‌گرن، حیزب ده‌یه‌وێ به ده‌سه‌ڵات بگا یان به‌شێک له ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێ، ده‌وڵه‌تیش ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵات به پتوونی له ده‌ست خۆی دابێ. له ئێران حیزبه کوردییه‌کان ده‌یانه‌وێ خاوه‌نی به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆ‌و ئیران بن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات کاتێک له ئی لای خۆی ئاوڕ ناداته‌وه، چۆن ئاوڕ له‌حیزبه کوردێکان ده‌داته‌وه؟ وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا، سیستمی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به پێی ئیدیۆلۆژی، له جه‌غزی سانترالیزم و ده‌ستووری ئاینیی تایبه‌ت دایه. سیستمی داواکارێکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردیش(له زمان حیزبه‌کانه‌وه)، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جهغزهیه. ئه‌وه‌ش پرسی نێوان دوو ره‌وتی جیاوازی ئیدیۆلۆژی له ئاست وه‌ده‌ست هینانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دایه. کاتێک ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بکه‌وێته نێو قالبی ئیدیۆلۆژی، وه‌ک ئه‌ویه ئاو له قالبێکدا بکرێته سه‌هۆڵ! به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دامه‌زراو له‌سه‌ر دێموکراسی گشت لایه‌نه، هه‌ر وه‌ک ئاو ده‌مێنێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی سه‌هۆڵ، ده‌کرێ له هه‌ر قالبێک بکرێ و خه‌ڵک که‌لکی لێ وه‌ربگرن.
10ـ رووناک‌بیر و ره‌وتی رووناکبیری له کوردستاندا چۆن پێناسه ده‌که‌ن؟
= رووناک‌بیر به مانای گشتی ئه‌و که‌سه‌یه بیروباوه‌ڕی خۆی له جه‌غزی داسه‌پاوی ناو کۆمه‌ڵگا قه‌تیس نه‌کردبێ. به‌و پێوانه‌یه، رووناکبیری کورد ئه‌و که‌سه‌یه ده‌توانێ به سه‌ربه‌ستی بیر بکاته‌وه، کێشه‌و ته‌نگانه‌ی کورد لێکبداته‌وه. دیاره ئه‌و چه‌مکه پیویستی به ئاگایی و توانایی ده‌ربڕینی بیر‌و روانگه هه‌یه تا ره‌وت دیاری بکا. به‌ڵام ئێستاش له کورده‌واریدا نه‌ته‌نیا هه‌ست، به‌ڵکوو باوه‌ڕی قهتیسکراو له چوارچیوه‌ی داسه‌پاو به‌رگری له په‌ره‌ساندنی ره‌وتی پیویستی رووناکبیری کورد ده‌کا.
11ـ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و قه‌یرانه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی هه‌میشه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ شوێندانه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و به‌تایبه‌تی کوردستانی ئێران، به‌هاری عه‌ره‌بی و رووخانی دیکتاتۆره‌کان چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر کورد له کوردستانی ئێران هه‌یه؟ ئایا کۆپی وه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ک له کوردستانی ئێران‌دا مه‌حاڵ ده‌بێت؟
= له دنیای ئه‌وڕۆدا خه‌ڵک له ماڵه خۆیانه‌وه قه‌یران و رووداوه‌کانی جیهان ده‌بینن و ده‌بیسن، دیاره قه‌یرانه‌کان له‌سه‌ر بیر‌و بۆچوون و کرده‌وه‌یان شوێن داده‌نێن، به تایبه‌ت له‌سه‌ر گه‌لی کورد له ئێران که له فیکری رزگاری له ته‌نگانه‌ی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی دان. به‌ڵام وه‌ک چه‌ندجار ئاماژه‌ی پێکرا، کورد له ده‌ره‌وه‌ی جه‌غزی ده‌سه‌ڵاتی گشتی ئێران دایه، بۆیه ئه‌و پرسیاره، چه‌مک و دۆزی کورد ناگریته‌وه. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی به‌هاری عه‌ره‌بیان (بۆ لابردنی دیکتاتۆره‌کان) وه‌ڕێ خستووه، له ناو جه‌غزی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی خۆیاندان. موباهرک، قه‌ززافی و…ش هه‌ر له‌و جه‌ماوه‌ره‌ن که راساون.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه: له‌ئێران، ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌و تواناییه‌یان هه‌یه ره‌وتی ده‌سه‌ڵات (حاکمییه‌ت) بگۆڕن، تا چ راده‌یه‌ک له‌سه‌ر دان پیانان به ته‌نگانه‌و کێشه‌ی مافی گه‌لی کوردن؟
رێکخراوه‌و رووناکبیرانی کورد تاچ راده‌یه‌ک توانیویانه کێشه‌ی ماف و ته‌نگانه‌کانی کورد بۆ خه‌ڵکی ئێران روون بکه‌نه‌وه؟ ئه‌و خه‌لکه‌ی سه‌باره‌ت به خواستی گه‌لی کورد، روانگه‌یان شێوێندراوه؟
12ـ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له چه‌ند خاڵدا خه‌سارناسی یان پاتۆلۆژی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی بکه‌ین، ئه‌و خالانه کامانه‌ن و زۆرتر چ بهستێنیک ده‌گرێته‌وه که بزووتنه‌وه‌ی کوردی لاواز یان به‌هێز بووه؟
= لێکدانه‌وه‌ی چه‌مکی بزاڤ به شێوازی دوور له هه‌ست و بیر و روانگه‌ی داسه‌پاو، ده‌گونجێ. ره‌وتی پێویستی خه‌سارناسی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له‌به‌رچاو گرتنی توانایی هه‌ر دوو لایه‌نی ده‌رگیره. هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیش، خهسارو به‌ختکردنی گه‌ره‌که، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه: نرخی خهسارو به‌ختکردن، تا چ راده‌یه‌ک پێویسته‌و چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ؟ وه‌ک کوترا، ره‌وتی شۆرش بروای به هه‌ڵسه‌نگاندنی بیر‌و کرده‌وه‌ی خۆی نییه، بۆ کوردیش هه‌ر وایه. چالاکی شارستانیانه‌ی سیاسی وه‌ک دیپلۆماسی، دوور له توندوو تیژی وههڵسهنگێندراون، ره‌مه‌کی نین.
دیاره به‌ختکردن له بواری سیاسیش دا بۆ ئامانجه. به‌ڵام ئه‌و به‌ستێنه‌ی لاوازی و به‌هێزی بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌ستنیشان ده‌کا، به روانگه‌ی شۆرشگێری لێک نادرێته‌وه‌و هه‌ڵناسه‌نگێنرێ. چونکوو ره‌وتی شۆرشگێڕی به‌تایبه‌ت له ناو کوردی رۆژهه‌ڵات له مه‌ودای “هه‌موو یان هیچ” دایه، له ره‌وتێکی ئه‌وتۆدا باسێک له خه‌سارناسی له ئارادا نییه. کاتێک چه‌ک هه‌بوو، بزووتنه‌وه هه‌یه‌و گشت ویسته‌کان دێنه‌گۆڕێ. ئه‌وش تا ئێستا هه‌ر خه‌ساری لێکه‌وتۆته‌وه. به‌ڵام کاتێک مه‌ودای بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه له ئارادا نه‌بوو، چ چالاکییه‌کیش نییه، هیچ داوایه‌کیش نییه، هه‌موو مرته‌قیان لێبڕاوه. نه‌بوونی چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، خۆی خه‌سارێکی گه‌وره‌یه.
بۆهه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بیر‌و بۆچوونه، بڕوانینه چه‌مکی حکوومه‌تی کوردستان(46- 1945): چ له کاتی دامه‌زراندنی حکوومه‌ت، چ له کاتی تێکدان و تێکچوون، ره‌وتی کرده‌وه‌ی ره‌مه‌کی له ئارادا نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌ڵسه‌نگێندراو بوو. دروسته که‌سایه‌تی وه‌ک پێشه‌وا خۆی فیدای به‌رگری له خه‌ساری گه‌لی کورد به‌تایبه‌ت شاری مه‌هاباد کرد، به‌ڵام کورد به دنیای نیشاندا ده‌توانێ له ده‌وروبه‌ری خۆی شارستانیانه‌تر ببزوێته‌وه.
رژیمی شا له به‌رامبه‌ر ره‌وتی شارستانیانه‌ی(مه‌ده‌نی) کۆکردنه‌وه‌ی حکوومه‌تی کوردستان، بیانوویه‌کی ئه‌وتۆی بۆ په‌لاماری زۆر پڕ له خه‌سار به کوردستان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت موڵک و ماڵی پێشه‌واو بنه‌ماڵه‌ی و هاوکارانی له ده‌ستدرێژی رژیم به دوور مایه‌وه. له کاتێکدا له بزووتنه‌وه‌ی دوای شۆرشی 1357، هه‌زاران که‌س بی تاوان کوژران، موڵک و ماڵیان له‌ده‌ستدا و …
حیزبی دێموکراتی دوای کۆمار، تا ماوه‌ی نزیک به بیست ساڵ، هه‌ر حیزبێکی شارستانیانه‌و ئاسایی (نهشۆرشگێرانه) ده‌ناسرا. له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جار که‌وته به‌ر په‌لاماری رژیمی په‌هله‌وی، به‌سه‌دان که‌س له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی گیران و به‌درێژایی ته‌مه‌نیان زیندانی کران. وه‌ک ئاگاداربم، که‌س له‌و زیندانیانه نه کوژراو موڵک و ماڵی وان داگیرنه‌کرا.
به‌ڵام رژیمی په‌هله‌وی که له چالاکی شارستانیانه‌ی مافخوازی کورد جارز ببوو، کاتێک ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حیزبی دێموکرات، له کوردستانی باشور بوون و تێکه‌ڵاو به شۆرشی ئه‌یلول بوون و به‌شێکیان چه‌کیان هه‌ڵگرت. رژیمی شای ده‌رفه‌ته‌که‌ی قۆسته‌وه‌و به درندانه‌ترین چه‌شن ده‌گه‌ل حیزب و لایه‌نگرانی چه‌کداری رووبه‌ڕو بوویه‌وه(47- 46). شا له مارسی 1975 (ره‌شه‌مه‌ی 1353)، ده‌گه‌ڵ سه‌ددام به ناوبژی بۆمێدیهن له ئه‌لجه‌زایر دهستبهیهک بوو، به‌ڵایه‌کی زۆر خراپتری به سه‌ر شۆرشی ئه‌یلول و کوردی باشور هێنا. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌بوو شا‌و سه‌ددام هه‌رکامه به چه‌شنێک له‌ناوچوون! بۆمێدیهنیش بهچهشنێکئ گوماناوی سه‌ری تێداچوو، ئه‌رێ بڵێی ئه‌وانه خوداگیری کورد نه‌بووبن!؟
له هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ساری بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی داسه‌پاوی 7- 46 و دوای ئینقلابی 1357، ده‌گه‌ڵ چالاکێکانی25- 1321 و 45- 1327 بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کام به‌ستێن بۆ بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌هێزو کامیان لاواز‌و پڕخه‌سار بووه.
له پێوه‌ندی ئه‌و باسه‌دا ئاماژه به رووداوێک ده‌که‌م و کۆتایی به قسان دێنم:
پاییزی ساڵی 1380 له دانیشتنێکی زانکۆی تاران(که له لایه‌ن خوێندکارانی به نێو قه‌ومییه‌کان ساز درابوو)، له‌پڕ له لایه‌ن خوێندکارانی کورد، بانگکرام! ئه‌وان گوتیان له دوکتور ره‌مه‌زانزاده مان ویستبوو وه‌ک قسه‌که‌ری کوردان بیته ناو دانیشتنه‌که( ئه‌وکات ره‌مه‌زانزاده، وته‌بیژی سه‌رکۆماری 2ی جۆزه‌ردان بوو). به‌ڵام نزیک به ده‌سپێکی دانیشتن، په‌یامی ناردبوو که ناتوانم بێم! بۆیه له‌و درهنگییهدا به لێ بووردنه‌وه داوایان له من کرد که خۆبگهیهنمه دانیشتنه‌که. هه‌ستام و چووم، دانێشتنه‌که له لایه‌ن مامۆستایه‌کی کۆمه‌ڵناسی زانکۆی تاران به‌ڕێوه‌ده‌چوو که ته‌مه‌نیشی زۆر نه‌بوو، ئه‌و له به‌رامبه‌ر قسه‌و داواکاری خوێندکاره کورده‌کان به توندی کوتی: باشتره ئێوه تفه‌نگ هه‌ڵبگرن و ئێمه‌ش بێینه جه‌نگتان!!
ئه‌و بیره‌ی مامۆستای کۆمهلناس! له کام به‌ستێن ههلقوڵی بوو؟
13ـ وه‌ک پرسیاری کۆتایی، کاری رووناکبیری کورد له‌م دۆخه‌دا چیه؟
= وه‌ک مامۆستای کۆمه‌ڵناسی زانکۆی تاران کوتی: کاری رووناکبیری کورد چه‌ک هه‌ڵگرتنه! به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی مامۆستای ناسیۆنالیستی ئێرانی، نه‌ک چه‌کی جه‌نگ و مرۆڤکوژی، به‌ڵکوو چه‌کی مرۆڤ دۆستی! به‌رگری له مافی مرۆڤ، وتووێژ‌و راگه‌یاندن، چه‌کی بیر‌و زمان و قه‌ڵه‌م و دیپلۆماسی بۆ لێک تێگه‌یشتن و روونکردنه‌وه‌ی خۆی کورد‌و هاووڵاتیانی ئیرانی، له خواسته شێوێندراوه‌کانی گه‌لی کورد، که له لایه‌ن خوازیارانی “سانترالیزم” و پاوانخوازی سیستمی حکوومه‌ت و مودیریت، ئیشتاش هه‌ر ده‌شێوێندرێ!
کاتێک ئێرانیگه‌ل لێک حاڵی بن، هه‌موویان ده‌توانن له چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی ئیران‌دا به‌خۆشه‌ویستی به‌یه‌که‌وه بژین.
په‌راوێزه‌کان:
* بۆ زۆرێک له بابه‌ته‌کان ده‌کرێ چاوێک له وێبلاگی www.abrishamiabd.blogfa.com/”نوشتههای 1353 به بعد” بکرێ. له‌باره‌ی کۆمۆنیزم و ده‌وڵه‌ت، ناسیۆنالتزم و ده‌وله‌ت و کێشه‌ی کورد، بۆچوونه‌کانی نووسه‌ر له کتیبه‌کانی دا هه‌ن.
*کتینی (نقدو بررسی ناسیونالیسم/1994 تاران، که له هه‌ریم وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر کوردی) له‌و باره‌وه دواوه.
*حکوومه‌تی کوردستان له پاییزی 1324/1945 به هه‌لکردنی ئاڵا‌و سازدانی هیزی پێشمه‌رگه، به‌وچه‌شنه دامه‌زرانی خۆی راگه‌یاند، به‌لام له رێبه‌ندانی 1324/ 1946 حکوومه‌ت ره‌وتی کۆماری وه‌خۆ گرت و ئه‌و سه‌رده‌م ناوی جمهوری کوردستانی له‌سه‌ر داندرا. چه‌ند ساڵ دوای نه‌مانی کۆماری کوردستان، به ده‌هۆ ناوی داتاشراوی جمهوری مهاباد! به‌سه‌ری داسه‌پێندرا.
**له “نوشتههای 1353 به بعد” درج شده در اردیبهشت 1389، درباره شورای اجتماعی در مهاباد:
…در آن هنگام (اواخر آبان 1357(، در مسجد حاج سيدبايزيد (جنب ميدان “منگوران”) جمعی به نام شوراي اجتماعي شهر (مرکب از اصناف مختلف) تشكيل شده بود؛ من هم از سوي پزشكان مهاباد در آن شورا شركت مي کردم. در یکی ازجلسات شورا خواستار تشکیل کمیته‌ای شدم که در هنگام سقوط رژیم آن کمیته بتواند آلترناتیو مردم منطقه بهجای عوامل حکومت باشد و به طور مستقیم با مرکز – که در آن زمان کسان دیگری در رأس حکومت خواهند بود- تعامل و تفاهم برقرار کند. هم چنین اشاره کردم چنان کمیته‌ای به منظور دردست گرفتن اختیارات محلی، بهتر است اقدام به آماده کردن گروهی از جوانان و افراد مشخص و داوطلب بکند تا در صورت لزوم، آنان به‌سان تنها گروه مسلح در شهر، جانشین نیروهای انتظامی بشوند و در اختیار کمیته قرار بگیرند. اما این پیشنهاد مورد موافقت گردانندگان تشکل های سیاسی قرار نگرفت. جالب این است فردای آن روز که در اداره بودم، بازهم تیمسار پزشکپور تلفن کرد و گفت از استان به من گفتند شما را به سبب این پیشنهاد توقیف کنم، اما من گفتم صبر می کنیم تا کمیته تشکیل بشود دست به‌کار می شویم! ولی من می دانستم که رژیم دیگر توان چنین اقداماتی را از دست داده است! هرچند گروه خبرچینانش بسیار فعال بودند و در همهجا حضور داشتند!
{jcomments off}