(١) وەکچۆن ساڵانی شەستو هەفتاو هەشتای سەدەی بیستەم، ساڵانی دەسەڵاتی هێزە نەتەوەییە عەلمانیو سۆسیالیستییەکان بوو لەدونیای عەرەبدا، پێدەچێت دەیەی دووهەمی سەدەی بیستو یەکەم دەیەی حوکمڕانی هێزە ئیسلامییەکان بێت لەم ناوچەیەدا. لەهەموو ئەو شوێنانەدا کە “بەهاری عەرەبی”سەرکەوتنی بەدەستهێناوەو لەو شوێنانەشدا
کە دەشێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئیسلامییەکان براوەی یەکەمی دۆخەکە بوونو دەبن. لهتونس پارتی “نەهزە”، لهمیسر ئیخوانی موسلمینو سەلەفییەکانو لهلیبیا گروپە ئیسلامییە چەکدارەکان براوەن. لهمەغریب حیزبی “عەدالەتو تەنمییە”، کە حیزبێکی ئیسلامییە، هەڵبژاردنەکانی بردەوەو لهیەمەنو سوریاش، لەدۆخی سەرکەوتندا، هەر ئیسلامییەکان براوەدەبن. وەکچۆن بەدرێژایی پەنجاکانو شەستەکانو هەفتاکانو هەشتاکان میزاجی گشتی کۆمەڵگا عەرەبییەکان میزاجێکی عەلمانی بوو، ئەمڕۆ لههەمان ئەو کۆمەڵگایانەدا میزاجی دینی میزاجی باڵادەستە.
ئەزموونی حوکمڕانیی ئیسلامییەکان لهدونیای عەرەبدا ئەزموونێکی تازە نییە، ساڵانێکە هەم لهغەزەداو هەم لهسوداندا دوو حکومەتی ئیسلامی دەسەڵاتدارن. مۆدێلی حوکمڕانییەکەشیان شوێنی بەخیلی پێبردن نییە، هەردوو مۆدێلەکە تەواو خراپو فاشیلو نادیموکراسو خاوەن مەیلی تۆتالیتارییو دژ بە ئازادیو مافە شەخسییەکانن، بەتایبەتی دژ بە مافی ژنانو ئازادی ئەوانەن کە وەک دەسەڵاتدارانی ئەو دوو ئەزموونە بیرناکەنەوەو ناژین. واتە مۆدێلی حوکمڕانی ئیسلامییەکان لهغەزەو سوداندا هیچی لهمۆدێلی دەسەڵاتە عەلمانییە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە باشتر نییە. لەدەرەوەی ئەم دوو مۆدێلەشدا، مۆدێلی تری حوکمڕانی ئیسلامییانە لەناوچەکەدا هەبووە، لەوانە ویلایەتی فەقی لهئێرانو ئەزموونی تاڵەبان لهئەفغانستانو ئەزموونی وەهابیزم لهسعودیە. ئەم سێ ئەزموونەش لهڕووی سیاسییەوە بۆگەنو لەڕووی مافو بەرپرسیارێتییەوە وێرانو لەڕووی رێزگرتنی راو بۆچوونی جیاوازەوە نزیک لهفاشیزمو لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پارچەپارچەو پڕ رقو ناکۆکیو دوژمنایەتیو لەڕووی ئابوریو پێشکەوتنیشەوە ناقۆڵاو خراپ.
سەرەڕای ئەو راستییانەی سەرەوە، ئەو هێزە ئیسلامیانەی “بەهاری عەرەبی”بەهێزیکردون، هێزی تازەن، ئەو هێزانە نین کە حوکمڕانبوون، بەڵکو ئەوانەن تا دوێنێ زۆرجار قوربانی دیکتاتۆریەت بوون لەناوچەکەدا. قسەو باسی ئەم هێزانە، تاڕادەیەکی زۆر، باس لهگرنگی ئەزموونێکی نوێی حوکمڕانی دەکات.
لهئەزموونێکی مەدەنی حوکمڕانی ئەدوێتو کەمتر باس لهدەوڵەتی دینی دەکات. ئەم هێزانە ئەم قسانەیان بەڕاستبێت یان نا، ئەو خاڵەی دەشێت هەموومان لەسەری تەبابین ئەوەیە، کە ساڵانی داهاتوو لهدونیای عەرەبدا ساڵانی حوکمی هێزە ئیسلامییەکان دەبێتو زۆرایەتی خەڵکیش لەو کۆمەڵگایانەدا لەسەر ئەوە رێکن ئەم هێزە ئیسلامیانە لەمڕۆدا حوکمڕانیان بن.
خاڵێکی گرنگە لێرەدا جەغتی لێبکەین ئەوەیە کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هێزە ئیسلامییە براوەکانی دوای “بەهاری عەرەبی”دا هەیە. بۆ نموونە بزوتنەوەی “نەهزە”لهتونس هێزێکی هێجگار میانڕەوە، لهبەرنامە سیاسیو ئابوریو کۆمەڵایەتیو کولتورییەکەیدا وشەی “شەریعەت”یان “حوکمی شەریعەت”یان “ئیسلام”وەک سەرچاوەی سەرەکی یان لاوەکی بۆ یاسادانان بەهیچ جۆرێک نابینرێت. باس لهحیجابپۆشیو ریشهێشتنەوەو یاساغکردنی مەیفرۆشیو داخستنی مەیخانەو پەلاماردانی تەنورەی کورتی ئافرەتان ناکەن. لەباتی ئەمانە داوای دەوڵەتێکی مەدەنی دەکەن کهلەسەر بنەمای بیرۆکەی هاووڵاتیبوون کاربکات، باس لهئازادی بیرکردنەوەو نووسینو رادەربڕین دەکەن. لەڕاستیدا ئیسلام لهبەرنامەی بزوتنەوەی نەهزەدا تەنها وەک چوارچێوەیەکی شارستانیو کولتوری ئامادەیە کە لەگەڵ زانستو پێدراوە فیکرییەکانی دونیای تازەدا، لهدیالۆگدایە. بەکورتی ئەوەی نەهزەی تونسی داوایدەکات، دەکرێت هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی نائیسلامیو نادینیش داوایبکات، لەوانەش زۆربەی هەرەزۆری هێزە عەلمانییەکانیش. هەمانشت بە نیسبەت حیزبی عەدالهو تەنمیە-ی مەغریبیشەوە راستە. لههەموو بەرنامەی ئەم حیزبەدا چوار وشەی ئیسلام بەکارهاتووە، ئەوانیش لەکاتی قسەکردن لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگای مەغریبیو قسەکردن لەسەر یاسای ئابوری، بەدەر لەمە لەبەرنامەی ئەم حیزبەدا نییە دەست بۆ ژیانی شەخسی ببات یان خۆیان بە بیروباوەڕو بۆچونی خەڵکەوە سەرقاڵکەن، یاخود مەیفرۆشی یاساغبکەنو پۆلیسی ئەخلاق دروستبکەن.
بەرامبەر بەم عەقڵیەتە کراوەیە لەو دوو ئەزموونەدا، دۆخی هێزە ئیسلامییەکان لهمیسرو لهلیبیای دوای قەزافیدا تەواو جیاوازە. لهمیسردا دووهێزی ئیسلامی گەورە هەن کە ئیخوانی موسلمینو بزوتنەوەی سەلەفییەکانن. ئیخوان هێزێکی فرەدەموچاوو فرەدەنگە، کەسانی تێدایە باس لهئازادی ویژدانو ئازادی دین تا رادەی ئازادی کوفرکردنو بێباوەڕی دەکەن، بەڵام کەسانی تری تێدایە لەدەرەوەی ئیسلامدا هەمووشتێک بە هەڵەو کوفرو نەشیاو دادەنێنو پۆلیسی بەسەر ژیانو ئەخلاقی کۆمەڵگاو تاکەکەسەکانەوە دەکەن. لەناو ئیخواندا بزوتنەوەیەکی گەنجانیش هەیە کە کێشەی گەورەیان لەگەڵ سەرە گەورەو کۆنەپارێزەکانی ناو حیزبەکەدا هەیە. سەرباقی درێژی تەمەنی ئیخوانەکان لهمیسردا، بەڵام تا ئێستاش باس لهحوکمی شەریعەتو باس لهئیسلام وەک تاقە سەرچاوە یان سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان دەکەن، هەڵوێستێکی نادیارو ناڕۆشنیان هەیە بەرامبەر بە ئافرەتو بەرامبەر بەو هاووڵاتییانەی دینێکی تر یان باوەڕێکی نادینیان هەیە. بزوتنەوەی سەلەفیش لهمیسر، بەبەراورد بە ئیخوان، بزوتنەوەیەکی تازەیە. تێڕوانینی ئەمانە بۆ ئیسلام تێڕوانینێکی هێجگار داخراوو دۆگماییە، لەدەرەوەی ئەو ئیسلامەدا کە ئەوان بەڕاستی دەزانن، هیچ شتێکی دیکە بەڕاست نازانن، مەسیحیو نادینییەکان وەک کافر دەبیننو مامەڵەدەکەن، تێڕوانینێکی نزمیشیان بۆ ئافرەت هەیە. سەلەفیەکان لەسەردەمی موبارەکدا بەلای سیاسەتدا نەدەهاتن، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە هێزێکی سیاسی بەهێز. کێشەی ئەم هێزە لەوەدایە کە هەڵگری دیدێکی وەهابی یان نیمچە وەهابی داخراوە بۆ ئیسلام.
لهلیبیای دوای قەزافیدا دۆخێکی جیاواز لهمیسرو تونسو مەغریب لەئارادایە. گەرچی شوناسی هێزە ئیسلامییەکانی لیبیا تا ئێستا بەباشی دیارنییە، بەڵام پێناچێت ئیسلام لهلیبیادا ئیسلامێکی کراوەبێت. لەیەکەمین دەرکەوتنی رەسمی دوای کەوتنی قەزافیدا، سەرۆکی مەجلیسی نیشتیمانی لیبیا، باسی لهکردنی شەریعەتی ئیسلامی بە تاقە سەرچاوەی یاسادانان کردو باسی گەڕانەوەی یاسای فرەژنی کرد کە قەزافی یاساغی کردووە.
وەک دەبینین هێزە ئیسلامییەکانی دوای بەهاری عەرەبی هێزی جیاوازن، ئەوەی دەکرێت هیوامان پێیبێت، ئەوەیە ترسی ئەم هێزانە لهدەنگدەرەکانیان، لهترسیان لهخودا گەورەتربێت، یان لانیکەم بەقەد ئەو ترسەبێت، چونکە تەنها ترس لهدەنگدەر وادەکات ناچاریاندەکات خۆیان لەگەڵ خواستو پێداویستییەکانی کۆمەڵگادا بگونجێنن.
سهرچاوه::”: :ئاوێنه{jcomments off}