"an independent online kurdish website

پێشەکی
وە دەست هێنانی مافە کانی مرۆڤ وەک مافی حوکم ڕانی بە سەر زێد و گیان و ماڵ ، ئازادی لە بەڕێوە بردنی کارو باری ناوخۆ، مافی بەشداری لە بەڕێوە بەرایەتی گشتی دا، ئازادی وتار لە ناو کۆڕی خەڵکانی تر دا nusin_07

، ئازادی بۆ گەشاندنەوەی تایبەتی یەکانی نەتەوایەتی ، ئازادی بۆ پەرە پێدانی ئاوەدانی – ئابوری و ئازادی بۆ بەشداری لە دارایی یە کانی گشتی دا ، داوا کاری گەلێکن کە بە درێژایی مێژو هەر گەل و نەتەوەیەک ئارەزوی کردوە و هەر نەتەوەیەک هەوڵی داوە بە پێ ی تێگەیشتنی و بە ڕادەی توانایی خۆی ، دەستیان پێ ڕابگەیەنێ و لەم بەرهەمە سروشتیانە دا بەشدار بێ .

لە دونیا دا وە لەم گۆڕەپانەی هەوڵدان و کێ بەرکێ یە دا :

-نەتەوە گەلێک هەن کە زوتر لە نەتەوەکانی تر لە پێویستی گەیشتن بەم ئاواتانە گەیشتون .
-نەتەوە گەلێک هەن کە زو تر لە نەتەوەکانی تر دەستیان گەیاندۆتە کەرەسەکانی پێ گەیشتن بەم ئاواتانە .
-نەتەوە گەلێک هەن کە لێهاتوانە تر لە گەلانی تر ئامرازە کانی گەیشتن بەم ئاواتانە یان دەکار هێناوە .

لە ناو نەتەوەکانی جیهان دا :

-نەتەوە گەلێک هەن کە تەنیا بە بەشی خۆیان ڕازی نەبون و بە زۆرە ملی ، بۆ دەست بە سەر بەشێکی زۆرتر دا گرتن ، بە دەکار هێنانی ڕێ و شوێنی بێڕەحمانە ، دەست درێژی یان کردۆتە سەر مافی خەڵکانی تر و دەستیان بەسەر گیان و مالی ئەوانیش دا گرتوە . ئەم گالانە بۆ گەیشتن بە ئاواتە کانیان ، خۆیان لە هێرش و ژنۆسایدی نەتەەکانی تریش نە پاراستوە .
– نەتەوە گەلێک هەن کە بۆ دەست بە سەر وڵات و سەروەتی گەلانی تر دا گرتن ، دەستیان داوەتە ڕێ و شوێنی خەڵەتێنەر وفریو کارانە . ئەم گەلانە بە بیر و پیلان ، نەتەوەکانی تریان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیان و سەرزەوی ئەوانیان داگیر کردوە و سەروەته کانیان بۆ لای خۆیان ڕا کێشاوە .

لە لایەکی تر ، نەتەوەگەلێک هەن ، کە بە هەر هۆیەک ، چ لە ڕێگەی بەڕێوە بەرایەتی داڕشتراو ، چ لە ڕێگەی پێلان و فریو ، نەیان ویستوە یان نەیان توانیوە ، نەک تەنیا دەست بە سەر گیان و وڵاتی نە تەوەکانی تر دا بگرن ، بەڵکو تەنانەت گیان و ماڵ و وڵاتی خۆشیان بپارێزن .
هێندێک نەتەوەی جیهان بە ژیری و بە خێرایی یەکی زیاترلە گەلانی تر ، پللە کانی پێشکەوتی زانستی ، فەلسەفی ، کۆمەڵایەتی و ئابوری یان تێ پەڕاندوە و توانیویانە بە زۆربەی مەبەست و ئاواتە کانیان بگەن . لە کاتێک دا کە بەشێک لە گەلان نەیان توانیوە ئەم قۆناغانە تێ پەڕ کەن و لە پللە کانی سەربەرزی و پێشکەوت ، وە سەرکەون .
ئەو نەتەوانەی کە توانیویانە پللە کانی سەرکەوت و گەشە تێپەڕ کەن ، لە ئاکام دا توانیویانە بە یارمەتی هێز و سەروەت و کەرەسەی بەرهەمی پێشکەوتەکانیان ، بی نیاز لە دەکار هێنانی کەرەسەی ڕەق ، بە چەشنێکی نەرم ئامێرانە ، سەرزەوێکان ، هێزەکانی فکری و فیزیکی و سەروەتی سروشتی خەڵکانی تر بەرەو خۆیان ڕاکێشن و نەتەوەکانی وەدوا کەوتو ، بکەن بە چاو لە دەستی خۆیان .
بە پچەوانەی بیرو ڕای باو لە ناو نەتەوەکانی وەدواکەوتو دا ، هەڵکەوتی جوغڕافیایی ، بارو دۆخی ئاو و هەوایی تایبەت وە هێزەکانی پێشگری دەرەوەیی ، ناتوانن ببنە هۆکاری سەرەکی وە دواکەوتویی یان سەرکەوت .
هۆی سەرەکی سەرکەوتی هەر گەلێک ، بریتی یە لە توانایی یە کانی ئەو نەتەوە . بریتی یە لە هەست کردن و ناسینی پێداویستی یەکانی پێشکەوت . بریتی یە لە خۆ بە شیاو زانین ، نەک خۆ بە کەمتر زانین . یانی نەتەوە یەک بیر لەوە بکاتەوە کە چی لەو نەتەوانە کەمترە کە خۆیان بە شیاوی سەر کەوتن و ئاغایی دەزانن .
ڕێگای سەرکەوتویی بریتی یە لە ناسینی کەم و کۆڕی یە کان ، ناسینی نەخۆشی یەکانی ناوخۆ وە هەوڵدان بۆ چارە سەر کردنیان . بریتی یە لە حازر بون لە مەیدان دا ، نەک توڕە بون لە هەر ڕەخنەیەکی ڕەوا و نا ڕەوا و زۆ تۆران و چۆڵ کردنی گۆڕەپانی کێ بەرکێ . بریتی یە لە تێ گەیشتن لەم ڕاستەقینە کە ڕێگەی سەر کەوتن و پێ گەیشتن ، لە کۆڵانی کێ بەر کێ بۆ بەرز تر بونەوە ، بۆ پێشکەوت ، لە کۆڵانی بەرنامە داڕشتن بۆ گەیشتن بە مەبەستە کان و هەنگاو هەڵێنان بۆ دابین کردنی هەست و داواکان تێ دەپەڕێ .
لە ڕاستی دا وشیار بونەوەی نەتەوایەتی و ڕابەرایەتی ڕێک و پێکی هەڵکەوتوانی نەتەوە یە کە دیاری کەرە ، نەک هەڵکەوتویی جوغڕافیایی و تایبەتمەندی ئاو و هاوا . زۆر نەتەوە هەن کە دەیان وە یان سەدان ساڵ بوو کە لە گوی گا دا خەوتبون و ئیستیعمار دەی دۆشین . ئەم نەتەوانە تەنیا کاتیک کە بە یارمەتی و ڕێبەرایەتی ڕابەرانیان لە خەوی بێ خەبەری هەستان ، توانیان دواکەوتویی سەردەمی خەوی غەفڵەت بسڕنەوە و ببنە نەتەوەیەکی وەها بە هێز کە دونیا ‌حیسیبیان بۆ بکاتەوە . کە تەنانەت ئیستیئماری کۆن یش دەستی یارمەتی یان بۆ لا درێژ کات . وە ئەمە لە ‌حاڵێک دا ڕو ی داوە کە شوێن و هەڵکەوتویی جوغرافیایی یان نە گۆڕاوە .
ئەو نەتەوانەی کە توانیویانە لە درێژایی مێژو دا ببن بە ئیمپڕاتۆری ، هێزی ئیستیعماری وە یان ئەمپریالیستی ، لە هەر هەل و مەرجێکی تاریخی دا بە بە پێی ڕادەی پێشکەوتویی مەدەنییەت و ڕێ و شوێنی شارستانییەت ، بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان ، ئاکاری خۆیان ڕێک خستوە . ئەم گەلانە لە هەڵکەوتی جۆراوجۆر دا ، بە پێ ی پێویست ، کردەوەی سەخت ئامێرانە وە یان نەرم ئامێرانە یان دە کار هێناوە . لەم ڕێگەش دا سەربەخۆ بڕیاریان داوە و هیچکاتێک ئیجازەیان لە کەس نەخواستوە .
کورتەی وتە ئەمەیە کە دونیا گۆڕەپانی بەربەرەکانێ بۆ مانەوەیە . لەم گۆڕەپانەدا ئەوانە سەرکەوتون و ماونەوە کە توانیویانە پرۆسەی خۆ ڕاگری و گەیشتن بە ئاواتەکان ، لێهاتوانە تێ پەڕ کەن . ئەو نەتەوانەش کە لە کارەوانی ئەم کێ بەرکێ یە دا بۆ سەرکەوتن ، داماون ، یان دەبێ لە ڕابوردو دەرس وەرگرن و خۆیان ساغ کەنەوە ، یان مل بە درێژەی رەوتی داماوی خۆیان بدەن .
کوردەکان لە ڕیزی ئەو نەتەوانە دان کە دوای شکان لە بەرانبەر ڕەقیبە کانیان دا ، نەیان توانیوە پشت ڕاست کەنەوە و پلە و ڕۆڵی دیاری کەری ڕابوردویان ببیننەوە . لەمێژە کە ئەم نەتەوە نەیتوانیوە هۆیەکانی سەر نەکەوتنی خۆی بناسێ و ئەرکی ئەم بەسەرهاتەی تەنیا خستۆتە سەر شانی لاوەکی .

کوردەکان هێشتا ئەم ڕاستەقینەیان نە سەلماندوە کە تەنیا ڕێگەی پێ گەیشتن بە ئاواتە کانی مێژویی- نەتەوایەتی و مرۆڤانەیان ، بریتی یە لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی بڕوا بەخۆیی ، پشت بە خۆ بەستن ، ناسینینەوەی ئەرکی مێژویی لە بەرانبەر وڵاتێکی کۆن دا کە سەردەمێک خۆیان ئیدارەیان دەکرد . بەرز کردنەوەی زانستی نەتەوەیی ، لێک کردنەوەی هەڕەشە و دەرفەت ، هەڵسەنگاندنی بارو دۆخی خۆیی ،ناسینی تواناکانی ڕەقیب ، دیاری کردنی ئامانجە کانی داهاتو ، جێ خۆش کردن و پێگە دانان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ، هەنگاو هەڵگرتن بەرەو ئامانج .
دوای پێکانی ئامانجە کانیش ، ڕاگرتن و بەرهەم هێنانیان . هەموی ئەمانەش لە کاتێک دا دەکرێ کە لە مەیدانی کێ بەرکێ دا بمێنیەوە ، نەک مەیدان بۆ ڕەقیب چۆل کەن . کورد وتەنی : ئەوەی تۆریا بەشی خوریا .
ئەگەر چاوێک بخشێنینە دەورو بەرمان ، دەبینین کاتێک توڕە بوین و تۆراوین و جێگە (ماڵ و شارو دێی خۆمان ) جی هێشتوە ، لاوەکی هاتوە و جێی گرتوینەوەو حوکمی کردوە

جیهانی ئێستا :
جیهانی ئێستا بەرهەمی ڕێگەیەکی پڕ لە هەڵسو کەوتی مێژوی نەتەوەکانە .
جوغڕافیای جیهان ، ئێستا لە دەست ئەو نەتەوانە دایە کە توانیویانە لەم ڕێگە پڕ کێشەیە دا ، خۆیان بپارێزن و لە لە هەڵسو کەوتە کانی دا سەر هەڵدەنەوە .
جیهانی ئێستا لەدەست هێزی سەرمایە دایە ، سەرمایە بەرهەمی بەڕێوە بەرایەتی ژیرانەیە . هێز و دەسەڵاتداریش ، دەسکەوتی زۆرتر بونی سەرمایەن .
لە جیهانی ئێستادا وتە بەلایەنێک دەدرێت و گوێ لە کەسانێک دەگیرێ کە خاوەنی هێزی ئابوری – زانستی و تێکنۆلۆژیکن . ئەو نەتەوانەی کە هێشتا دەستیان بەم سێ ئامرازە نەگەیوە ، ناچارن وە شوێن بڕیارە کانی دەسەڵاتدارانن کەون .
جێهانی سەرمایە ، هەمو کەرەسەکانی نیزامی ، ئابوری ، ئێلێکتڕۆنیک و ڕاگەیاندنی گشتی لەدەست دایە و هەمو ناوەندەکانی نێو نەتەوایەتیش قەرزدار و چاو لەدەستی ئەون .

ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

بەشێک لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە دیوار بە دیواری کوردەکانن ، لە سێ نەتەوەیی سەرەکی پێک هاتوە .
1- عەڕەبەکان کە لە چەندین وڵات دا جێ گرن .
بەرژەوەندی گشتی عەڕەبەکان بە چەشنێکە کە سەرەڕای ناکۆکی ناو خۆیان ، لە سەر مەسەلەیەک بە ناوی کوردوستان لە گەڵ یەک ڕێکن .
بەرپانی جوغڕافیایی وڵاتەکانیان ، دەسەڵاتی ئابوری و مەزنی خوازی نەتەوەیی عەڕەب ، بە کوردەکان کە دانیشتوانی مێژویی سەرزەویە کانی خۆیانن ، کەمترین دەرفەتی جوڵانە وە نادات .
2 – تورکەکان
تورکە کان کە پاشماوەی ئیمپراتوریەتی عوسمانین ، سەرزەویەکانی داگیر کراوی کوردەوکان بە مڵکی خۆیان دەزانن و سەڕەڕای ئەمە کە دەزانن کوردوستان سەرزەوی ئەزەلی و ئەبەدی کوردانە ، بە پێی سروشتی درۆ زنانە و داگیر کەرانە ی مێژویی یان ، تێ دەکۆشن هەر جوڵانەوەو سرتەیەکی نەتەوایەتی ، جا چ لە لایەن کوردەکانەوە بێت یان غەیری کورد بە توڕەیی یەکی کە تایبەتی مێژوی تورکانە لە گەرو دا بمرێنن .

3 – ئێران
ئێران وڵاتێکی ئاریایی یە و ناوی خۆی لە ئێرانی یە کان کە یەکێک لەوانە کوردەکانن وەرگرتوە . ئێران بە ماد و ئیلام و پارسە وە بۆتە ئێران وە تەواوی سەربەرزی یە مێژویی کانی خۆی لەوانەوە دەزانێ . تا چەند سەدە دوای ‌‌لە سەر تەختی حکومەت لاچونی کوردەکان ، وڵاتانی دەرەوە ، ئێرانیان هێشتا هەر بە ناوی کوردەکان واتە ماد ە وە دەناسی . بەڵام دوای هێرشی عەڕەبەکان و دوای ئەوان مۆغۆل ، حکومەتەکانی ئەو سەردەمانە کە پاشماوەی هێرشی عەرەب و مۆغۆل بون ، ئەو بەشانە لە ئێران کە ملییان بۆ داگیر کەر دا نەدە نەواند ، خستە ژێر گوشار وە لە هەمو دەرفەتەکانی دوایی دا ، لەگەڵ عەرەب و مۆغۆل (کە بنەچەکەی خۆیان بون ) ڕێک کەوتن و کوردیان سەرکوت کرد . حاکمانی غەیرە ئێرانی ئێران لە سەر دەمی دەسەڵات داری یان دا ، ، گەورەیی وسەربەرزی ئێرانیان لە پێناو غەرەز و ئامانجە کانی داگیر کەرانەی خۆیان دا قوربانی کرد .

ئەو ‌‌حکومەتانە :

-لە ڕوی غەرەز و بە هۆی بێ لیاقەتی ، بەشی هەرە زۆری کوردوستانیان لە هێندێک پەیمان نامەی شەرمەزار دا بە ئیستیعمارو تورک و روس دۆڕاند .
-لە پێناو مانەوەیان لە سەر تەختی حکومەت ، چەند بەش لە کوردواستانیان بەخشی .
-بە مەبەستی دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران و ئێرانی وە بە تایبەت بۆ لە ناو بردنی کورد ، یارمەتی یان بە دەوڵەتانی عەڕەب و تورک دا .
لە هەمو ئەمانە دڵتەزێن تر ئەمە بو کە حکومەتەکانی بە ڕواڵەت ئێرانی وە تەنانەت فارسی وەک پەهلەویش ، بە هاودەنگی لە گەڵ عەرەبەکان ( سوریە و عێڕاق ) وە تورکەکان (تورکیە)، هەمان بەڵایان بەسەر کورد هێنا کە عەڕەب و مۆغۆل هێنابوی .
-دەڵێن درۆزن فەرامۆشکارە . ‌‌حکومەتی پەهلەوی لە لایەک لە “شاری سوتاو ” لە سیستان ، بە 4100 ساڵ مێژو ، بە وێنەی شوێنەواری شارستانیەتی کەونارا ناوی دەبرد ، لەلایەکی ترە وە جەژ نی بۆ 2500 ساڵەیی حکو مەتی شاهەنشاهی دەگرت . کەسیش نەبو لێی پرسێ ، ئەعلا‌‌حەزرەتا ! سوێندی حەزرەتی عەباس مان باوەڕ کرد ، کلکی کەڵە شێرە کە چۆن بشارینەوە ؟
-لە ئاکام دا کوردەکان ، بە وێنەی بناغە دانەرانی شارستانییەتی کۆنی ئێرانی و ئاریایی ، بە دەستی دوژمن و بە یارمەتی دۆست ، کەوتونە بەر پەلامار و سەرکوت کراون .
-کوردیش هیچکاتێ نە ئەوەندە هێز دار بوە و نە لە ناوەندێکی حکومەت و بەڕێوە بەرایەتی دا بەشداربوە کە بتوانی پێشی ئەم ڕەوتەبگرێ . ڕابەرانی کورد کە توانای دەمە تەقە لە گەڵ ڕەقیبانیان نەبوە ، پێگەیان بۆ ڕەقیب جێ هێشتوە و ڕویان لە کێو و تەلان کردوە . بێ هودە نییە کە کورد وتویەتی کوێستانەکان هێچکاتێ پشتی کوردیان بەر نەداوە .

بارو دۆخی ئێستای کوردوستان :
کوردەکان کە زەمانێک ئێمپڕاتوری یەتی ماد یان دامەزراند بو ، لە زەمانە کانی زۆر کۆنەوە یەکێک لە هێزە کانی چارە نوس دیاری کەری ئێران بون . بەڵام ئێستا تەنیا بەشێکی بچوک لە ئیمپڕاتوریەتی ماد ماوەتەوە کە ئەویش کراوەتە چەند کوت و لە نیوان چەند وڵات دا بەش کراوە. هەر بەشێکیش ، کەوتۆتە دەست دەرو جیران و لەسەری شەڕە .
ڕادەی بەشداری کوردەکانی گەمارۆ دراو لەم چەند بەشە دا ، لە بەڕێوە بەرایەتی ورد و درشتی ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتی دا ، لە سیفر نیزیک ترە .
لە ناو پارچەکانی لەکوردوستان جیا کراو دا ، تەنیا کوردوستانی عێڕاقە کە دوای هێرشی هێزەکانی ڕۆژئاوایی وە ڕوخانی دیکتایۆری بەعس ، توانیویەتی (لە ژێر چاوەدێری نێو نەتەوایەتی دا )، بەشێک لە نیشتیمانەکەی ئیدارە بکات و لێهاتویی دێمۆکراتیکی خۆی وەک ڕابوردو بسەلمێنێ .
بەڕێوە بەرایەتی لاوازی کوردەکان ، لە پارچەکانی تر دا هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوە و ئەو پارچانە ، دواکەوتو ترین بەشەکانی ئەو چەند وڵاتەن .

**********************
سەر هڵدانەوەی نەتەوایەتی کوردەکان ( ئەویش نا پوخت و ناتەواو ) لە کوردوستانی تورکیە ، ئێران و عێڕاق ، بۆ وەدەست هێنانەوەی پلە و پایەی نەتەوەیی و جیهانی ، هاوکاتە لەگەڵ تێک ڕوخانی ئیمپڕاوری عوسمانی .
کوردەکانی تورکیە کە بە تەنیایی نەیان توانیبو ئاواتە کانی نەتەوایەتی یان بهێننە دی ، خەباتی هاوبەش و سەرانسەری خۆیان ، لەگەل تورکەکانی جەوان دەست پێ کرد و بە هاوبەشی ( وە هەڵبەت بە سەر کردایەتی و ڕابەرایەتی ئەوان ) توانیان هێزەکانی کۆنەپەرەست تێک بشکێنن و بیرۆکەی نوێخواز بهێننە سەر کار . بەڵام کوردە کان دیسان بە هۆی لاوازی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی ، نەیانتوانی لە بەرهەمەکانی سەرکەوتنەکە کەڵک وەرگرن . ئەوە بو کە هێزەکانی پاوانخوازی تورک کەوتنە گیانی هاوپەیمانانی کۆن و سەرکوتیان کردن . کارێک کە هەتا ئێستا هەر بەردەوامە .
لەم مەودایە دا هەوڵدەران و ‌حیزبەکانی کوردی نەیانتوانیوە ڕێگایەک بۆ ڕزگاری لەم ئاکارە پاوانخوازانە و دواکەوتوانە بدۆزنەوە . لەبەر ئەمە تورکە کان هەر بە هێزتر بون و ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی یان گەشەی سەندوە . لە بەرانبەر دا ، بارو دۆخی ئابوری – سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەکان هەر بەرەونزمی و فەوتان ڕۆیشتوە . شەڕی درێژ خایەن و بێ بڕانەوە بڕستی لە هەردو لا ، بەتایبەت کورد بڕیوە و زیانی گەورەی بە جوغڕافیای تورکیە ، بەگشتی ، وە بە تایبەت ژیانی ئینسانی – کۆمەڵایەتی و ئابوری کوردەکان گەیاندوە .

ئاکاری کوردەکان و دەوڵەتانی تورک ، تەنانەت هەتا ئێستاش ، نەک چارەسەر کردنی نەرم ئامێرانەی ئەم گرفتە ، بەڵکو بۆچونی سەخت ئامێرانەو توڕەر و نیزامی بوە . تا ئێستاش هە ر کورد بوە کە زێد و نێشتیمانی چۆڵ کردوە و هەر تورک بوە کە کوردی ڕاو ناوە .
بە و هۆیانەی کە باسمان لێ کردن هێزە کانی دەرەوەیی و نێو نەتەوایەتی ش لەدوی دەسەڵات دار دەدەن نەک بێ دەسەڵات و بێ هێز .
لە کوردوستانی عێڕاقیئش بارو دۆخ بە چەشنێکی تر هەر وەک تورکیە بوە . کوردەکان لە ‌عێڕاقتش نەیان توانیوە لە بارو دۆخی جیهانی کە دوای تێک ڕمانی دەوڵەتی عوسمانی پێک هات ، کەڵک وەرگرن .
هاوپەیمانیەتی کورت خایەنی کورد و عەڕەب بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ، هەر وەک تورکیە ، دوای سەرکەوتن ، گەیشتە شەڕ و تێک هەڵچون وە سەدان هەزار مرۆڤ ، بەتایبەت کورد بونە قوربانی ئەم شەڕ و تێک هەڵچونانە . لە ئاکام دا ، عێڕاقێک کە دەیتوانی ببێتە وڵاتێکی پێشکەوتو ، بە هۆی زیانە کانی نەتەوایەتی ئەم تێک چڕژانە بێ بڕانەوە ، بو بە وڵاتێکی نیزامی و دیکتاتۆرپەروەر و پڕ ئاژاوە .
بەشە ئەرکی هیچکام لە دو نەتەوەی کورد و عەڕەب لەم ئاژاوە دا کەمتر لە یەک نییە .
کوردوستانی ئێران
بەر لە درێژە دان بە ڕوون کردنەوە ی بارو دۆخ و دەوری نەتەوەی کورد لە چارەنوسی خۆی دا، دەبێ بەم ڕاستەقینە ئاماژە بکرێ کە هێزە کانی جیهانی و ناوچەیی ، بە تایبەت لە دو سەدەی ڕابوردو دا ، شوێنێکی گەلێک گرینگیان لە سەر چارە نوسی نەتەوەکانی ئەم ناوچە دا داناوە .بەڵام هەر لەم کاتەش دا ئەمەش ڕاستە قینەیەکی سەلمێندراوە ، کە کەم و زۆری ئەم شوێن دانانە بە پێ ی بەهێزی و ژیری یان کەم هێزی و کەم تەرخەمی نەتەوەکانی ناوچە ، لە زیاد و کەمی داوە . واتە هەرچەند کە نەتەوەکان ژیر تر بوبن کەمتر کەوتونە بەر تەوژمی پیلانەکانی ئەم هێزانە وە بە پێچەوانە ، هەرچەند کەم زاناتر و کەم ژیر تر بوبن ، زیاتر وەبەر کەوتون و پێ شێل کراون . هێزەکانی لاوەکی ، وەک ئیستیعمارو ئەمپریالیزم وە هەروەها ئیستیبدادی ناوچە ، تەنیا کاتێک توانیویانە نەخشە کانی خۆیان جێ بە جێ بکەن و لغاوی چارەنوسی نەتەوەکان بەدەستەوە بگرن ، کە ئەو نەتەوانە ، لاوازو لێک پڕژاو بوبن و هەوساری بەڕێوەبەرایەتی ژیانی خۆیان لە دەست دەرچوە .
بارو دۆخی کوردەکان لە ئێران لە گەڵ کوردەکانی تورکیە و عێڕاق و سوریە لێک جیاوازن . کوردەکانی ئێران لە وڵاتێک دا دەژین کە بەشێکی گرینگ لە نەتەوەکانی ئەم وڵاتە ، ئاریایی و ئێرانین . مێژوی هاوبەش ، فەرهەنگ و زمانی هاو بەش و ئاوات و ئارەزوی هاو بەش ، پێکەوە لکاوی گەلێکن کە کوردەکانی ئێران سودی لێ وەر دەگرن . لە کاتێکا لە وڵاتەکانی دیکەی وەک تورکیە و عێڕاق و سوریە ، زۆر لە و هاوبەشی یانە لە ئارا دا نین . بۆ وێنە زمان و فەرهەنگ و ڕسومات و مێژوی کوردەکان لە گەڵ عەڕەبی عێڕاق و سوریە وتورکی تورکیە لێک جیاوازن .
مەبەست و ئاواتی هەمیشەیی نەتەوەکانی ئاریایی دانیشتوی جوغڕافیای بەرپانی ئێران ، وەک کوردەکان ، پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگی ئاریائی و سەربەرزی شارستانیەتی کەونارای ئێران بوە . شارستانییەتێک کە خۆیان لە دامەزراندن و گەشە سەندنی دا بەشدار بون . تەمەدونێک کە عیلم و زانست و فەلسەفە و ئاوەدانی و ئازادی و مافی مرۆڤی پێشکەشی جیهانیان کردوە .
هێرشە کانی شارستانییەت ڕمێنی عەرەب و مۆ‌غۆل یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوخانی تەمەدونی کوردەکان و ئێرانیە کان بون .
دا سەپاندنی زۆرەملانەی نابەرانبەری کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆر وە لە ئاکام دا فەوتانی یەک گرتویی نەتەوایەتی ، بو بە هۆ کار و ڕێ خۆش کەری هێرشی هۆزەکانی وە حشی و لە ئاکام دا تێک شکانی ئیمپڕاتوریەتی ئێران . مانەوەی هێرش کەران و درێژەی حوکمی داگیر کەرانە یان ، ئەم لێک بران وتەفرەقەی قوڵ تر کردوە . ئەم تەفرەقە نەتەوایەتیە هەر دێت و قوڵتر دەبێ تا جێگەیەک کە ئیتر داگیر کەر بڕست لە نێچیرەکەی دەستێنێ .
دوای هێرشی هۆزەکانی وەحشی بۆ سەر ئێران ، تەنیا کوردەکان هەڵوەدا نە بون ، بەڵکو تەمەدونی ئێران کەوتۆتە ژێر پێ و حوکمڕانی چەوسێنەرایەتی داگیر کەران . لە ناو بردنی ئەم شوێنەوارە نەگبەتە کە ڕزگاری کوردیشی تێکەڵاوە ، تەنیا بە یەک گرتویی و دەست دانە دەستی گەلانی ئێرانی ئەم وڵاتە سەر دەگرێ . ڕابوردو نیشانی داوە کە ئەمە دەردێک نییە تەنیا بە کورد چارە بکرێ . بەڵکو هەرەوەز و هاوکاری یەکی گشتی ئێرانی پێویستە . گەشە پێدانی فەرهەنگ و کەلەپوری وڵات ، حازر بونی ڕۆڵە کانی کورد ( وەک خەڵکانی تر ) لە سەر کلاسی دەرس ، لە بازار و لە سەر کار وە بەشداری لە بەڕێوە بەرایەتی وڵات دا ، دەتوانێ ئەم دەردە چارە سەر کات .
**************
ئێستا چەندین سەدە لە هێرشی عەرەب و مۆغۆل تێ پەڕیوە و بەشێکی زۆر لە هێرش کەران لە ناو فەرهەنگی ئێرانی دا تواونەوە و بون بە بەشێک لە خەڵکی ئێران . ئێستا لێک جیا کردنەوەی ئێرانی و عەرەب و مۆغۆل نە دەگونجی و نە مەعقوڵە . کە وایە پێداویستی ئێستا ، گەیشتن بە یەکگرتویی نەتەوایەتی و هاودەنگی بۆ خۆش بەختی گشتی هەمو نەتەوەو دانیشتوانی ئەم وڵاتەیە .
دیارە ئەم یاسایە ئەو بەشە لە داگیر کەرانی مۆغۆل و عەرەب ناگرێتەوە کە هێشتاش لە سەر چەوساندنەوەی فەرهەنگی ئێرانی پێ دادەگرن و لە لایەکەوە دەڵێن ئێمە ئێرانین بەڵام بە ئاشکرا لە تورک و عەڕەب لایەنگری دەکەن وتێ دەکۆشن سیاسەتی پان تورانی و پان عەڕەبی بە سەر ئێمە دا داسەپێنن . کورد وەک گەلانی تری ئێرانی لەگەڵ ئەوانەی ئازەربایجان بە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان دەزانن یان خوزستان بە عەرەبستان دەناسن ، بەربەرە کانێ دەکات . هیچ ئێرانی یەک ڕێگە بەوە نادات کە ئەژمارێک پاشماوەی داگیرکەرانی مۆغۆل ، ئازەری بە تورک بناسن وە لە کاتێکا بە ڕواڵەت رویان لە ئێرانە ، دڵیان لەگەڵ دەوڵەتانی تورک لێ بدات . ئەگەریش تا ئێستا تاقمێک توانیویانە ئەم ورتە بە سەر لێو دا بێنن ، لە بەر ئەمەیە کە خاوەنانی ئەم وڵاتە ، رویان لە هەندەران و تەلانان کردوەو زێدیان بۆ نامۆ بە جێ هێشتوە .
ئەگەر عەرەب و مۆغۆل دوای داگیر کردنی ئێران ، بە پێی سروشتی داگیر کەرانەیان ، ویستیان فەرهەنگ و ڕەفتاری خۆیان بە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە دا بسە پێنن وە بەشێکی هەرە گرینگ لە شوێنەوارەکانی تەمەدون و فەرهەنگی و مێژوی ئەم وڵاتە لە ناو بەرن ، لە بەرانبەر دا ئێرانیە کان وە بە تایبەت کوردە کان دەبوایە لە بەرانبەر ئەم هێرشە دا زیاتر لەمە ڕاوەستن . بەشێک لە تاوانی ئێرانیەکان وە بە تایبەت کوردەکان ئەمە بو کە ملیان دا بە دو بەرەکایەتی ناو خۆ وە لە بەرانبەر خواستی سەر کوت کەرانە و فەرهەنگ کوژی داگیر کەران دا تەسلیم بون .
هەڵبەت دیارە ئەم لٶمە تەنیا ناگەڕێتەوە سەر کوردەکان . نەتەوکانی تری ئێرانیش نەیان توانیوە بە یەک گرتویی لە گەڵ کوردەکان فەرهەنگ و شارستانیەتی ئێرانی خۆیان بپارێزن . بە پێچەوانە لە زۆر دەرفەت دا لەگەڵ فەرهەنگی داگیر کەر هاو دەست بون وە هاووڵاتیە کانی کوردی خۆیان بە یارمەتی داگیرکەران سەرکوت کردوە .
ناسین و ناساندنی هۆیەکانی ئەم تەفرەقە و چەند بەرەکایەتیە لە ناو ئێرانیەکان دا ، بەشێک لە هۆکارەکانی هەڵخزان و ڕەت بردنی فەرهەنگی ئێرانی و ئاریایی و لاواز بون و چکۆلە تر بونەوەیی ڕۆژ لە ڕۆژی ئیمپڕاتۆریەتی کورد و ئێرانی ئاشکرا دەکات وە نیشان دەدات کە بۆچی کورد و ئێرانی ، لە جیاتی سەرکەوت و گەشە ، بەرەو نزمی و داکشان دەچن .
یەکێک لە گرینگ ترین ئەرکەکانی ئێرانیەکان لەم هەل و دەرفەتە دا ، هەوڵ دانە بۆلێک نیزیک بونەوە و یەکگرتویی لە پێناو پاک کردنەوەی هەمو هۆکارەکانی لاوازی نەتەوەیی وە زیندو کردنەوەی ئازادی و مافی مرۆڤ کە ئەم وڵاتە گەورە سەردەمێک پێ ی بە ناوبانگ بو .
پێشکەوت و گەشەی فەرهەنگی و ئابوری ئێران و ئێرانی کاتێک دەست دەدا کە نەتەوەکانی خاوەنی ئێران بڕواننە داهاتو وە ئەم وڵاتە بۆ هەمو دانیشتوانی ئاوەدان کەنەوە .
سەرنج دانە سەر ئەم نوکتە کە کورد تا کو ئێستا هەر لەسەر دورە پەرێزی لە بنەڕەتی نەتەوایەتی ئێرانی خۆی پێی داگرتوەو بە بوزگوڕە بەشە لە ناوچە کانی هێشتا بەدەستەوە ماوی ، ڕازی بوە و دەستی لە خاوەنیەتی هەمو ئێران کێشاوەتەوە ، زۆر لە دوا کەوتوییەکانی کورد دەخاتە ڕو . فارس دەڵێ ” به مەرگ بێگیر تا بە تەب ڕا‌ضی شود ” کارێک کە دوژمنانی کورد کردویانە . واتە ئەوان وتویانە کە کورد جیایی خوازە و کوردیش ، هەر لە سەر ئەمە ڕۆیشتوە کە بی سەلمێنێ وا نییە . لەکاتێکا کورد دەبوایە ، بە حەق ، هاوار بکات کە ئەو داگیر کەرە و دەبێ بچێتە دەرەوە . تاکو ئەو بی سەلمێنێ داگیر کەر نییە و هەوڵ بدات بمێنێتەوە .
*******************
هۆیە کانی دورە پەرێزی و توڕەیی و تۆران

لە عیلمی ڕەوان ناسی دا بەم مەسەلە یە ئاماژە کراوە کە ئەگەر کەسانێک ، بەتایبەت لە سەر دەمی مندالی یەوە ، بە چەشنێکی بەردەوام کەوتبنە بەر هێرشی هەڕەشە ، مەترسی وە ئازاری جیسمی و ڕەوانی ، لە داهاتو دا توشی هێندێک گرفتی کەسایەتی دەبن . بۆ وێنە :
1 – هەست بە شەرمێونی لە دوان و ئاکارو بە گشتی ڕوبەڕو بون لە گەڵ مرۆڤانی تر دەکەن .
2 –بە ڕاشکاوی بڕوای خۆیان دەر نابڕن و ئاوەڵە نادوێن و بە دە خۆ ڕابینی ناجوڵێنەوە .
3 – بۆ هەر کردەوە و بڕتارێک بە تایبەت ئەگەر گەورە بێت وتەنانەت پێوەندی بە دیاری کردنی چارەنوسی خۆشیانە وە بێت ، چاوەڕوانی ئیجازە وەر گرتن لە کەسانی تر دەبن .
4 – لە ئتستیدلال و ڕاضی کردنی لایەنی بەرانبەریان دا بە وت و وێژ سەر ناکەون و بە ناچار لە بەرا دەتۆرێن و دە کشێنەوە وە لە ئاکام دا پەنا دەبەن بۆ توڕەیی و تێک هەڵچونی فیزیکی .
ئێرانیە کان وە بە تایبەت کوردەکان لە ماوەی چەند سەدەی ڕابوردو دا بە چەشنێکی بەردەوام کەوتونەتە بەر پەلاماری هەڕەشە ، مەترسی ، دەست درێژی و تەجاوز .
خەڵکی کورد بە تایبەت لە دو سەدەی ڕابوردو دا ، بە بێ ئەوەی کە پشتیوانێکیان هەبێ ، توشی هەڕەشە ، کوشت و بڕو تاڵان ، کۆمەڵ کوژی و ژنۆساید ، وێران کرانی شار و دێ یەکانیان ، وەدەرنران و کۆچی بە زۆر لە لە زێد و نیشتیمان وە سەر کوت و بە حیساب نەهێنان هاتون . سروشتی یە، نەتەوەیەک کە لە وەها بار و دۆخێک دا ژیا بێت نەتوانێ لە مەترسی گیرۆدەبونی بە وە ها ئاکام گەلێکی رەوان ناسانە خۆی بپارێزێ .
یەکێک لەو گرفتانەی کە کوردەکان گرفتاری بون دەستاو دەست کردن و ڕاشکاو نەبون لە دەربڕینی ئاشکرای داوخوازە کانی قانونی و ڕەوای خۆیان وە دە خۆ ڕانەدیوی و نیاز بە هێزێکی دەرەوەیی بوە کە پشت ڕاستیان کاتەوە و لە دویان بدا .

هەر وەک ئاماژەی پێ کرا وە لە هەمو کتێبە کانی مێژو یی ش دا داکۆکی لە سەر کراوە ، یەکێک لە هۆیەکانی هەرە سەرەکی تێک شکان و کەوتن و تێداچونی ئێران ، تەفرەقە و لە ئاکام دا لاواز بون لە بەرانبەر هێرشی بێگانەکان دا بوە . ئێستاش تەنیا ڕێگای چارە سەری ئەم دەردە و بەرگری لە درێژەی ئەم ڕەوتە سەر بەرەو ژێرە ، یەک گرتویی ئێرانیە کانە .
یەکێک لە هێزەکانی گرینگ بۆ زیندو کردنەوەی تەمەدون و شارستانیەتی ئێرانی ، کوردەکانن . کوردەکانن کە دەتوانن بە چەشنێکی کارامە ئەم ئاواتە کۆنە بە یارمەتی هاووڵاتیانی تریان ، لە ڕاستە قینە نیزیک تر کەنەوە .
کوردەکانی ئێران دەیانتوانی و ئێستاس دەتوانن ، بە برڕێوەبەرایەتی یەکی ڕێک و پێک ، لە پاڵ ئێرانیەکانی ئاریایی نەژاد وهاوشانیان ، بە سەر ئەم هێرشە مالوێران کەرە دا سەرکەون و تەمەدون و فەرهەنگی ئازادی پەروەری ئێرانی ، لەم تاڵانە ڕزگار کەن . کوردەکان دەتوانن، هەروەک کە ئێستا لە کوردوستانی عێڕاق دا بون بە لەمپەری هێمنایەتی و ناوەندی دێمۆکڕاسی ، ئێرانیش لەم ڕامان و وەستانە ڕزگار بکەن .
بەڵام کوردەکان خۆیان توشی مڵۆزمی تەفرەقەن وە هەر ئەم تەفرەقەیە کە لە چەند سەدەی ڕابوردو دا ئەوانی تا ئەم جێگەی ئێستا یانی لاوازی و بي دەرەتانی داکێشاوە .
بێ گومان هەر نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە ناوخۆی دا دوبەرەکایەتی تەجروبە بکات ، بەڵام بە مەرجێک کە ئەم دوبەرەکایەتی یە ئاکامی هەوڵدان بۆ پێشەوە چون بێت و بەرهەمێکی چارەنوس دیاری کەری بۆ بەرەی مرۆڤ هەبێت .
هۆی سەرەکی کزی و بێ دەرەتانی نەتەوەی کوردیش ، بە وێنەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی شارستانیەتی ئاریایی ، نەک دەست تێوەردان وپیلانی دەرەوەیی یەکانە ، بەڵکو بەر لەمە ، ناتەبایی ، تەفرەقە ، کزی ئیرادە و دەخۆ ڕانەبینی وە لاوازی ئاگایی نەتەوەیی یە . مڵۆزمی ناتەبایی و تەفرەقە کە خۆی لە پێ نەگەیشتویی فەرهەنگی سەرچاوە دەگرێ ، هێشتا بەسەر ئەم نەتەوە و هەمو ڕێکخەاوە سیاسی و مەدەنیە کانی دا زاڵە و بەربینگیان بەرنادا .
تەنانەت ئیمڕۆ وە دوای هەزاران جار تەجروبە و خەتا و شکست و پاشە کشە ، کوردەکانی عێڕاق لە هەڵبژاردنەکانی 2010 دا نیشانیان دا کە هێشتا بەرژەوەندی نەتەوەی خۆیان نەخستۆتە سەرەوە و هێشتا ناتوانن چارەنوسی نەتەوەکەی خۆیان بە چەشنێکی ئەوتۆ دیاری بکەن . کوردەکانی عێڕاق لە هەڵبژاردنەکانی 2010 دا نیشانیان دا کە تەفرەقە یانی کزی ئاگایی نەتەوەیی ، هەر ئێستاس دەردی سەرەکی ئەوانە .
کوردەکانی ئێران و عێڕاق لە ڕابوردو دا دا سەلماندیان کە تەفرەقە و پێک دادانی ناوخۆ ، لە سەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوایەتی دایە . هە ڵە کانی زەقی حیزبەکان ، ڕێکخراوەکان و کەسایەتیە کانی سیاسی لە هەڵسەنگاندن و نرخاندنی تایبەتمەندیەکانی وەخت دا ، نیشانی دا کە کوردەکان هێشتا بەو ڕادە لە باڵغ بونی سیاسی نەگەیشتون کە بارو دۆخی ڕۆژ بە دروستی هەڵسەنگێنن و جێ بۆ بەشدار بون لە دەسەڵات دا بکەنەوە و بە هاوپەیمانی نەتەوایەتی ڕێ بۆ گەیشتن بە ئاوات و داوخوازەکانی نەتەوەکەیان خۆش کەن .

لە ئێرانی سەردەمی پەهلەوی دا ، لاوازی سیاسەتمەداری ، کوردەکانی کردە دوژمن و خستیانیە پەراوێز . لە سەرەتای شۆڕشی 57 یش دا ، لە ڕاستی دا ، کزی سیاسەتوانی کوردەکان لە دۆزینەوەی هاوزمانی و لێک تێ گەیشتن بوو کە سەری لە شەڕ و تێک هەڵچون دەرهێنا .
کوردەکان لە هەمو ئەم بوارانە دا بە وێنەی کەمایەتی یەکی جیاواز ، کەمایەتی یەک کە نەک هاوکارو هاو شانن ، بەڵکو لە بەرانبەر دا ڕاوەستاون ، واتە ئۆپۆزتسیۆنن ، هاتونە مەیدان .
پێک نەهاتن ، نا کارامەیی لە دۆزینەوەی ڕێگە بۆ دوان و پێکەوە کار کردن ، ڕێگەی لە شوێن دانان لە سەر ڕەوتی کۆمەلایەتی و بەشداری لە ڕابەرایەتی دا داناوە .
کوردەکان لە ڕابوردو دا نەیان توانی لە پاڵ نەتەوەکانی تر دا لە پێگە و بەرژەوەندی یەکانی خۆیان پارێزگاری بکەن . زەمانێک ” تورکەکانی جەوان ” بە پشتیوانی کوردەکان هاتنە سەر کار ، بەڵام دوای ئەوە کورد نەی توانی لە هیچ بەرهەمیکی سەرکەوتن بەش بەری . بە پێچەوانە بوو بە نێردیوانی هێزداری تورک بۆ سەرکوتی خۆی .
لە عێڕاق ، حکومەتەکانی کودەتا یەک لە دوای یەک هاتنە سەر کار و ڕوخان . کوردەکانیش ئەگەر لە هاتنەسەر کاری ئەوان دا بەشدار بووبن، هیچکات نەیان توانی لە بەرهەمەکانی دەسەڵات داری کەڵک وەرگرن و تێی دا بەشدار بن .
هیچکام لە ڕابەرانی بزوتنەوەی کوردی ، چ لە عێڕاق ، چ لە تورکیە یان لە ئێران ، نەیان توانی لە دەرفەتەکانی پێش هاتو بۆ بەشداری و وەرگرتنی بەشێک لە مافە کانی کوردەکان کەڵک وەر گرن . ڕابەرە کانی ئەم دوایی یانەش سەرەڕای ناسیاوی نێو نەتەوایەتی وپێوەندی نێو دەوڵەتی و نیزیکایەتی و هامو شوێ و دیتنی وڵاتانی پێشکەوتو ، نەیان توانی ئاڵو گۆڕێک لە ئاکاری توڕەی و کردەوەی سەخت ئامێری کوردەکان دا بەدی بێنن و ڕەوتی خەباتی کورد لە بەرەنگاری بگوێزنەوە بۆ لای هاوکاری و بەشداری . وا دەر دەکەوێ کە کاتێک گەڕاونەوە ناو کوردوستان ، هەمو ئەو ڕی و شوێنانەی لە دونیای موتەمەدن دا دیویانە ، لە بیریان چۆتەوە .
ڕابەرانی ئەحزاب و بزوتنەوەکانی کوردی ، هەموییان ڕابەاڕانی کەش و هەوای توڕەیی و شەڕ بون نەک ڕابەڕانی گۆڕان و کلا کردنی ڕێگە بەرەو مانۆڕی سیاسی و سەوداو پێک هاتن و دابین کردنی بەشێک لە داوخوازەکانی خەڵکەکەیان . بەداخەوە هێشتاش ئەم ڕەوتە هەر بەر دەوام و سەرە ڕۆیە .ڕابەرانی حیزەبەکانی ئێستایش لە جێگەی هەوڵدان بۆ لێک نیزیک کردنەوە و کۆ کردنەوەی هاو چەشنیە کان بۆ ساڕێژ کردنی دەردێک ، لە تەپڵی شەڕ ونیفاقیان داوە . لە کاتێکا خەڵکەکەیان لەم لاڕێیی یەو نیفاقە ناڵیون .بەم چەشنە وە تا ئێستا گرێ ی نەدامەتی و ناکامی هەروا پوچەڵ ماوەتەوە .
بەم بۆنە و زۆر هۆی ترەوە ، دەبێ بە ڕاشکاوی بوترێ کە نە ئیستیعمار و نە ئەمپریالیزم و نە هیچ هێزێکی تر ، زیاتر لە چەند بەرەکایەتی و نیفاقی ناوخۆی ناو ڕێکخراوەکانی کوردی نەیان توانیوە شوێنی وێرانکەر لە سەر چارەنوسی نەتەوەی کورد دابنێن . لە ڕاستی دا ئەم ئاڵۆزی بیر و بۆ چون و ڕابەرایەتیە ڕەق و نە خەمڵیوی کوردەکانە کە بەر لە هەر هێزێکی لاوەکی ، پێشی کرانەوەی گرێ پوچەڵی مەسەلەی کوردی گرتوە .

ڕێگە چارە :

بەتایبەت کە ئێستا ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا توشی ئاڵۆزی و گۆڕان هاتون و ڕێگەیەکی تریان لە پێش نییە ، کورد دەبێ لەم دەرفەتە مێژو ییە ، کە بەم زوانە هەڵناکەوێتەوە ، کەڵک وەرگرێت وە لەسەر ڕێگەچارەیەکی یەکجاری ساغ بێتەوە .
گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی بەربڵاو کە هەمو لایەنەکان بگرێتەوە ، تەنیا گرێ بەستی ئامادەیی هێزە کانی نەتەوایەتی و نەتەوەدۆستە ، بۆ ڕاوێژ و پێک هاتن لەسەر وێک چونەکان و ڕەچاو کردنی ڕاوێژ و کردارێک کە بەرژەوەندیەکانی نەتەوایەتی و سەرکەوتی وڵاتەکەیانی تێ دا دابین بکرێت .
واتە دەبێ دیاری بکرێ کە ئەگەر مەبەستی هەمو لایەک هەر وەک ڕادەگەیەندرێ ، گەشەو سەرفەرازی وڵاتە ، دەبێ ڕێگە لە درێژەی ئاڵۆزی و ناتەبایی نەتەوایەتی بگیردرێ . دەبێ خەڵکی ئێران لەگەڵ خۆیان و ئەم مەسەلە ساغ بنەوە کە ئایا وەک وڵاتانی پێشکەوتو دەیانەوێ نیزامێکی یەکجاری بێتە سەر کار ، یان هەر چەند دەیەیەک ئینقیلابێک رو بدات و تاقمێکی تر حکومەت بگرنە دەست و ئەم ڕەوتە هەتا سەر هەر درێژەی هەبێ .
ئەوەی کە دەکەوێتە سەر شانی خەم خۆرانی مەسەلەی ئێران و کورد ئەمەیە کەڕێگە بۆ ئەو ڕون کردنەوە خۆش کەن .
لەم ڕێگایە دا ئەم نوکتانەی خوارەوە بێگومان دەتوانن بنەما و پردەبازک بن بۆگۆڕانکاری لە کردەوە دا و گۆڕانی چارەنوس :
1 – بەر لە هەمو شتێک پێداخشانەوە بە سەر ڕابوردو وە دەسکەوتەکانی دا .
2 – پێک گرتنی نەتەوەی خۆمان لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە لانی کەم لە یەک سەدەی ڕابوردو دا ڕێگەی ڕزگاری و پێشکەوتی نەتەوایەتی یان بڕیوە .
3– هەڵسەنگاندنی ئەم ئەگەرە کە پەرەسەندنی ڕو کردن لە کردەوەی نەرم ئامێرانە لە سەر بنەمای کەم کردنەوەی گرژی و توڕەیی ، دەتوانی چ دەسکەوتێکی هە بێت !؟
4– خۆئامادەکردنی هێزەکانی نەتەوەدۆست بۆ وتو وێژ و ڕاوێژ وە لە ئاکام دا پێک هاتن لە سەر وێک چونەکان و هاو چەشنیەکان کە دەتوانێ بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی گەلی کورد لە ماوەیەکی کورت تر دا دابین بکات .
5 – کردار و ڕێگەگەلێک کە لەگەڵ شارستانیەتی ئیمڕۆیی دا بخونێتەوە و لەلایەن بیرو بڕوای ئاشتی خوازانەی سەدەی بیست و یەکەم پەسەند بکرێت .ئەمەش بریتی یە لە دەکار هێنانی شێوەکانی دیمۆکڕاتیک و سیاسی وە دوری لە کەکڵک وەرگرتن لە کەرەسەکانی توندو تیژی و گرژی خوڵقێن . لەبەر ئەمە کە جیهانی ئیمڕۆ بە پێچەوانەی ڕابوردو شێوەڕیگەی دێمۆکراتیک ، حقوقی وە نەرم ئامێرانەی بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکان هەڵبژاردوە . پێ داگری لە سەر جیاوازی یەکان ، پێداگری لەسەر تەفرەقەیە وە پێداگری لە سەر تەفرەقە بەرانبەرە لەگەڵ بەردەوامی نەدامەتی نەتەوایەتی .
6 – هەوڵ دان بۆ لێک نیزیک کردنەوەی حیزبەکان و تێکۆشەرانی سیاسی – مەدەنی ئێران بە مەبەستی دابین کردنی ئاشتی نەتەوایەتی و دیاری کردنی نەخشە ڕێگای داهاتوی کورد .
7– بە دڵنیایی و داکۆکی یەوە دەتوانرێ بوترێ کە کوردەکان هێشتاش دەتوانن ببنە هۆی سەرەکی بۆ ئاشتی نەتەوایەتی لە ناوچە دا .
8 – بە تەئکید دەتوانرێ بوترێ ، تا زەمانێک کە کوردەکان تاعونی تەفرەقەیان لە ناو خۆ دا بنە بڕ نەکردوە وە بە یەک دەنگی نەگەیشتون ، ئاشتی نەتەوایەتی لە ئێران و ناوچە دا بەم زوانە سەر ناگرێ.
9 – بە ڕاشکاوی دەتوانرێ بوترێ کە ئەگەر کوردەکان لەم هەلە مێژویی یە دا نەتوانن بەسەر گرفتەکانی ناوخۆیی دا زاڵ بن ، پرۆسەی دڵ تەزێنی ناکامی نەتەوایەتی هەر وا درێژەی دەبێ . ئەرکی ئەو ناکامی یەش جارێکی تر دەکەوێتە سەر شانی ڕێکخراوەکان و هەوڵدەرانی کۆمەڵایەتی .
10 – ئێستا بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە شکۆفەی هیوا خەریکە سەر هەڵدەدات . بیرٶکەی بەربەرە کانێ لەگەڵ پاوانخوازی حیزبی و کۆنەپەرەستی سیاسی ، هەرچەند کەم هێز ، پەرە دەستێنێ . نەرم و نیانی بۆ چون و هاو دەنگی و هاو ڕێ یی ڕو لە زیادی یە ، جیهان بینی کردەوە بین ، خەریکە پەەرە دەستێنی و سۆنەت گەرایی جێ بۆ بۆ چونی تایبەتی سەدەی بیست و یەکەم چۆل دەکا . ئەم رەوتە ماقوڵە مزگێنی بەخشی داهاتویەکی ڕونە .

بە تەجرەبە سەلماوە کە زیانی ڕێگەکانی سەخت ئامێری گەلێک زۆرترن لە دەسکەوتەکانی . بۆ وێنە :

1 – بەر تەسک بونی کەش و هەوای ئازاد و خوڵقێنەر .
2 پەرەسەندنی گرژی و توڕەیی .
3 – نەمانی مەودای وتو وێژ ی هێمنانە و لێک تێ گەیشتن .
4 – هاتنە سەرکاری کەسانی نیزامی و ئەمنییەتی لە جێگەی مودیرانی پسپۆڕ و تێکنۆ کرات.
5- داسەپانی یاسای نیزامی بە جێگەی حقوقی .
6 – تێک هەڵچونی نیزامی .
7 – کەوتنە مەترسی گیانی هاو وڵاتیان و درێژ تر بونی کاروانی شەهیدان .
8 – چۆل بونی شار و دێ لە مرۆڤی کارامە و لاو .
9 – نەمانی بار و دۆخی هێمن بۆ فێر کاری زانستی ، بەر هەم هێنانی زانست ، گەشە پێدانی ئابور و ئاوەدانی .
10 – هێرشی دەرفەت خوازان و سود پەرستان بۆ ناوچەکانی شڵەژاو و داگیرکرانی شارو دێ و زەوی و ئیمکانات . بە کورتی رەخسانی دەرفەت بۆ تاڵان و بڕۆی نا ئەهلان .
11 – ئاخرەکەی ، قوڵتر بونی هەرچی زیاتری چاڵی هەژاری و ناهومێدی نەتەوەکەمان .

ڕێگەکانی چارەسەری مەسەلەی کورد

1 – گۆڕانی بنەمای بەڕێوەبەرایەتی سیاسی . لەبەر ئەم هۆیە کە درێژەی ڕێ و شوێنی باوی ئێستا ، ئەگەر بە ئاکامکیش بگات گەلێک پڕ هەزینەو درێژ خایەنە . لەلایەکی ترەوە مێژو سەلماندویەتی کە گرژی و توڕەیی ، گرژی و توڕەیی دەخولقێنێ .
ئەوەی با دەچێنێ ، تۆفان دەدروێتەوە . لە هەر لایەکیشەوەبێت ، تۆزەکەی دەچێتە ناو چاوی خەڵک .
2 – ڕێگە چارەی بەربەرەکانێ لەگەڵ توڕەیی ، توڕەبون نییە . هەرچەند کە بەسەریشت داسەپابێ . کەسانێک توڕەیی وە پێش سیاسەت دەخەن کە لە بوار ی سیاسەتوانی دا لاوازن .
3 –بە شەڕ و زۆرەملی ، ئەویش لە مەیدانێکی نابەرانبەر دا ، ئاڵ و گۆڕ بەدی نایەت .
بەشداری لە سیستەمی ئابوری – سیاسی وە گۆڕاندنی ڕوانینی ناوەند کاتێک دەگونجێ کە تۆ یش لە وێ حازر بیت . لە جێگەیەک کە تۆ حازر نیت ، سروشتی یە کە کەسانی تر بڕیارت بۆ بدەن .
4 – پێوەندی بزوتنەوە ی کورد لەگەڵ بزوتنەوەی ناوچەکانی تر .
5 – لێک نیزیک بونەوە بۆ یەکگرتویی دەنگ و کردەوەی هێزەکانی لێک بڵاو .
6 – گەڕانەوەی ئەو هێزانەی شارو دێی خۆیان بەجێ هێشتوە وە خەباتیان بۆ پەرەپێدانی کار و خوێندن و تێکۆشانی ئابوری و فەرهەنگی .

ڕۆشنبیران و هەڵکەوتوانی کۆمەڵگای کوردی ، میوەگەلێکن کە لە هەل و مەرجی دژواری ئابوری و کۆمەڵایەتی دا بە خوێنی دڵ هاتونە بەرهەم . بە هیچ چەشنێک نابێ کۆمەڵگا لە هێز و بەرهەمی ئەم بەرە ، لە گۆڕەپانی بون و بەدی هێنان دا بێ بەش کەین .
ئایا باشتر نەبو ئەو خوێندەوارە کوردانە لە جیاتی هەڵوەدایی لە هەندەران ، لە زێدی خۆیان بمێننەوە وهێزی کارامەی خۆیان بۆ نوسینی چوار پەڕتوک سە بارەت بە مێژوی نەتەوەکەیان و دوفەرهەنگی کوردی دەکار بێنن ؟
کاتێک کە هێزەکانی لاو و کارامە گۆەپانی ژیانی شارو دێ بە جێ دێڵن ، کۆمەڵگا چەک دەکرێ .
لە وەها کاتێک دایە کە کەسایەتی ناکارامە و ناشیاو دەست بەسەر پلەو شوێنەکانی دیاری کەری چارەنوسی کۆمەڵایەتی – ئابوری و سیاسی دا دەگرن . زیانی دۆخێکی وەها ، هەزار جار لە تێشکان لە مەیدانی شەڕ دا زۆرترە و برینێک بەدی دێنێ کە هەتا هەتایە ، چارەسەر نابێ .
مێژو دەڵێ ، کەمتر پێش هاتوە ، هێزی نیزامی کەمایەتی بە بێ پشتیوانی هەمەلایەنەی توێژەکانی هاووڵاتی ، بەسەر توانای حکومەت گەلێک دا سەر کەوێ کە لە هەرچەشنە کەرەسە و ئیمکاناتی ناوخۆ ، ناوچەیی وە جیهانی سود وەردەگرن .ئاکامی وەها تێک هەڵچونێک لە پێشدا دیارە .
****************
جێی داخە کە کوردەکان سەڕەڕای ئەو هەموە هێزو توانائیەی رابوردو و ئێستایان ، شانیان لە ژێر باری ئەرکەکانیان بۆ پارێزگاری لە وڵاتە بەرینەکەیان لاداوە و ئەم ئەرکەیان بە ئەو هێزانە ئەسپاردوە کە بە وتەی خۆیان میوانی زۆرەکین .
کوردەکان هەمیشە لە مە ناڵیون کە ئەوانەی لەڕێگەی هێرش وتەجاوز وڵاتەکەیان داگیر کردون ، خاوەن مالیان بە جیایی خوازی تاوانبار کردوە . بەڵام کەمتر بیریان لەوە کردۆتەوە کە لەوانەیە، کەم تەرخەمی خۆیان یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ئاکامە بێت .
کەسێک کە چاوەڕوانە میوان دەردەکانی ناو ماڵی چارەسەر کات و پێی بڵی چۆن ڕابێ و چۆن ڕۆنیشێ ، چۆن چاوەڕوانی ناکات هەر ئەویش بەسەر چارەنوسی دا زاڵ نەبێ ؟
کوردی ئێرانی لە جێگەی ئەمە کەبە وێنەی خاوەن ماڵ ڕێگە چارە بدۆزێتەوە و خۆی وە پێش کەوێت ، چاو لەدەستی پیشە کردوەو چاوە ڕوان بوە میوانی لاوەکی جڵەودار بێت و مافی بۆ دابین بکات !
تا ئێستا ڕابەرانی کوردی نەک ڕابەرانی گۆڕان بەڵکو ڕابەرانی درێژەی ڕێ و شوێنی کۆن بون و لە دوی ئاڵۆزی یان داوە . لە کاتێکا ڕابەر کەسێکە کە بارو دۆخی نالەباری ئێستا بگۆڕێت و ڕی بۆ گۆڕان دابین کات .
کە واتە بۆێ هەیە کەمو کۆڕییەکانی ڕابەرایەتی کورد لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا پێناسە بکەین :
-بێ هێزی لە گۆڕان و درێژە دان بە ڕێگەکارەکانی تەجروبە کراو ی کۆن و ناکارامە .
-خۆ شل کردن لە بەرانبەر سەرەرۆیی تەفرەقەو ناتەبایی دا .
-هێنانە گۆڕی گەڵاڵە گەلێکی نەگونجاو ، بە بێ لێک دانەوەی ڕون لە بارودۆخی بەردەست .
-لاوازی لە خستنە بەر دەستی گەڵاڵەیەکی گونجاو و گشتی بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد .
-بایەخ نەدان بە ڕێگە چارەکانی سیاسی و قانونی و پاڵ دانەوەی تەنیا بە ، بەگژ داچونەوەی چەکدآری .

دوا وتە
بە چاو خشاندن بە سەر مێژوی کەمتر سەر کەوتوی ڕابوردو دا ، ئێستا وا دێتە بەر چاو کە ئەرکی سەر شانی ڕابەرانی کورد ، دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەیک بێت کە لەگەڵ بارو دۆخ و بیر و باوەڕەکانی سەدەی بیست و یەکەم دا زۆر تر بخوێنێتەوە .

زۆربەی هێزە سیاسیە کان بڕوایان بەم ڕاستە قینە نییە کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی خەڵک هاتۆتە سەر کار . لە کاتێکا دە بێ ئەم ڕاستی یە بسەلمێنن کە جەماوەری خەڵک بزوتنەوە سیاسی یە کان و شۆڕشە کان دەخوڵقێنن . کۆماری ئیسلامیش وەک هەمو سیستەمەکانی ڕابوردو، بەرهەمی هەوڵ و کۆششی ئەم خەڵکە یە . بەشیکی بەر فراوان لە خەک هاتون و ئەم نیزامەیان پێک هێناوە . تۆ نیزامێکی باشترت بۆ جێ بە جێ دەبێ ؟ فەرمو دای مەزرێنە . بەڵام ئەم داوخوازەی تۆ لە ناوە وە دەکرێ ، نەک لە دەرەوە وە . هەر وەک وترا جیهان گۆڕەپانی کێ بەر کێ یە . ئەوەی ئەم گۆڕەپانەی جێ هێشت ناتوانی ڕخنە لە بەرهەمەکەی بگرێ .
کاتێک ددان بەم ڕاستەقینە دابندرێ ، ئەو دەم دەتوانرێ دروست تر لە گەل ئەم شۆڕشە و کۆماری ئیسلامی یان هەر سیستەمێکی تر هەڵسو کەوت بکرێ . کەسێک کە هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە پێ ی لە سەر ئینکار داگرتوە ، بەر لە هەمو شتێک لا ڕێ یی و ناڕاستی خۆی سەلماندوە و ڕای گەیاندوە کە نازانێ و ناتوانی کاری سیاسی بکات .

ئەو کەسانەی تەنیا لە سەر مەسەلەی کورد پێ دادەگرن و خۆیان لە مەسەلەی ئێران و ناوچە بە گشتی دەبوێرن هەر لە سەرەتاوە، ڕا دەگەیەنن کە بە پێچەوانەی ئەمە کە دەڵێن ئێمە خاوەنی ڕاستە قینە و لە مێژینەی ئەم وڵاتانە ین ، دەست لە مافی خاوەنیەتی خۆیان بەسەر ئەم وڵاتە پان و بەرینانە دا دەکێشنەوەو ئەم مافە بۆ خەڵکی تر بەجێ دەهێڵن . بەم چەشنە پاشە کشەی مێژو یی یان دەست پێ دەکەن وە خۆیان لە چوار چێوەی بەشێکی بەر تەسک لە وڵاتەکەیان دا گەمارۆ دەدەن . لە وە ها کاتێک دا ئەوانەی زۆربەی خاکی ئەم وڵاتانەیان بە دەستەوەیە ، بۆ دەبێ بۆیان نەبێ چاو ببڕنە ئەو بەشە چکۆلەش و لە وێش وەدەریان نەنێن ؟
ئەوانەی کە ولات و خەڵکە کەیان هەر وەک مال و منداڵی خۆیان بە جێ دەهێڵن ، نابێ چاوەڕوان نەبن کە کەسی لاوەکی ، لە نەبونی ئەوان دا چاوی تەماحیان تێ نەبڕێ . بەڵام کاتێک وەک هەڵۆ باڵ بە سەر ماڵ ومنداڵ و زێد و نیشتیمانیان دا بکێشن ، کێ دەتوانێ چاوی حەرامیان تێ ببڕێ و بە دیل و تاڵانیان بەرێ؟{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی