رۆژنامه‌ی “ئاڵای ئازادی” له ژماره‌ی 933 رۆژی چوارشه‌ممه رێکه‌وتی 21ی به‌فرانباری 1390ی هه‌تاوی كه له هه‌رێمی كوردستانی چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه، وتووێژێكی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێکهێناوه.. ..
ده‌قی چاو پێکه‌وتنه‌که به‌م شێوه‌یه:..
وتووێژ: گوڵباخ به‌هرامی
ئاڵای ئازادی: ئێستا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر به خێرایی گۆڕانکاری به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، که به به‌هاری عه‌ره‌بی ناسراوه، رێژیمه‌کان ده‌که‌ون، به‌ڕێزتان داهاتووی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن ده‌خوێننه‌وه له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو گۆڕانکاریانه؟
مسته‌فا هیجری: هۆکاره نێونه‌ته‌وه‌یی و نێوخۆییه‌کان له رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا هه‌موو نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه ئه‌و رێژیمه‌ش به‌ره‌و تێكڕووخان ده‌چێ، هه‌رچه‌ند ناكرێ رێكه‌وتێكی دیاری كراوه‌ی بۆ دابنێین. قه‌یرانه چاره‌سه‌ره نه‌كراوه‌كانی رێژیم له نێوخۆدا گه‌یشتوونه‌ته راده‌یه‌ک كه نه‌ک هه‌ر كۆماری ئیسلامی بۆی چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵكوو رۆژبه‌رۆژ قه‌یرانی زیاتر به‌رسه‌ریاندا كه‌ڵه‌كه ده‌بێ، ئابووری ئه‌و وڵاته به خێرایییه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو له داته‌پین دایه به جۆرێک كه ته‌نیا له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا(2011) نرخی “ریال”ی ئێرانی نێزیک به %50 له به‌رانبه‌ر دولاری ئه‌مریكی دابه‌زیوه. گرانی پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكیش هه‌ر به‌و راده‌یه ـ به تایبه‌ت له بواری گاز و كاره‌بادا هه‌ڵكشاوه ـ پله‌ی بێكاری به‌رز بۆته‌وه. مه‌شرووعیه‌تی رێژیم زۆر لاواز بوه، له ئاكامدا چه‌ند به‌ره‌كی كه‌وتۆته نێو دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌تی.
له باری نێونهتهوهیییهوه ته‌نیا له ساڵی 2011دا رێژیمی كۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به بۆنه‌ی پێشێل كردنی مافی مرۆڤ له ئێران و دانانی پلان بۆ تیرۆری باڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی له نیۆیۆرک، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به بۆنه‌ی هاوكاری نه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژانسه مه‌حكووم كرا. گه‌مارۆی زیاتر له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تیی ئورووپا به‌سه‌ر رێژیم‌دا سه‌پێنران كه گرنگترینیان، گه‌مارۆی بانكی ناوه‌ندی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بووه، و له چه‌ند رۆژی رابردووش پلان بۆ گه‌مارۆی نه‌وتی ئێران له‌لایه‌ن یه‌كیه‌تیی ئورووپاوه به شێوه‌ی سه‌ره‌تایی په‌سند كراوه.
ئه‌وانه و كۆمه‌ڵێكی دیكه له قه‌یرانه‌كانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رۆكی ئێرانیان گرتووه، هه‌مووی ئه‌مانه له حاڵێكدایه كه رێژیم كه‌مترین لایه‌نگری له نێوخۆدا هه‌یه و ته‌نیا به هێزی سه‌ركوت و زه‌بر و زه‌نگ خۆی راگرتووه.
ئاڵای ئازادی: چۆن ده‌ڕوانیته خۆ ئاماده‌کردنی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ هه‌ر گۆڕانێک که له ئێران‌دا روو بدات؟ پێتان وانییه بۆشایی زۆر هه‌یه و ئێستا كاتی پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی كوردی بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان؟
مسته‌فا هیجری: له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حیزبه كوردییه‌كان هه‌تا ئێستا لێک بڵاون و نه‌یانتوانیوه پلاتفۆرمێک یان به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێک بێنن. بێگومان ئه‌وه بۆشایییه‌که كه پێویسته پـڕ بكرێته‌وه، به‌ڵام كه‌نگێ پـڕ ده‌بێـته‌وه ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین.
ئاڵای ئازادی: رۆڵی حیزبه کوردییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌نسبه‌ت مه‌سئه‌له‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر خه‌باتی ئه‌و پارچه‌یه ده‌بێت؟
مسته‌فا هیجری: به بۆچوونی من كورده‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن له ئێران‌دا ئاڵوگۆڕێكی بنه‌ڕه‌تی بێته كایه‌وه و له‌و ئاڵوگۆڕانه‌دا كورده‌كانی ئه‌و به‌شه به مافه ره‌واكانی خۆیان بگه‌ن. چوونكه گومانی تێدا نییه كورد له هه‌ر پارچه‌یه‌كدا ده‌سكه‌وتی سیاسی باشی هه‌بێ، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ شوێندانه‌ریی ئه‌رێنی ده‌بێ بۆ به‌شه‌كانی دیكه، له راستیدا كورده‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دابه‌ش كراون به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش به‌هێزترین پاڵپشت و یاریده‌ده‌ری یه‌كترین به‌تایبه‌ت كه رێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه ده‌سكه‌وته سیاسییه‌كانی كورد له به‌شه‌كانی دیكه‌شدا له‌بار به‌رێ.
ئاڵای ئازادی: ئێستا که به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ستی پێکردووه و شه‌پۆلی ئه‌و گۆڕانکارییانه له‌وانه‌یه ئێرانیش بگرێته‌وه هه‌ڵوێستی حیزبه سیاسییه سه‌رانسه‌رییه‌کانی ئێران به نیسبه‌ت مه‌سئه‌له‌ی کورده‌وه چۆن ده‌بینن؟
مسته‌فا هیجری: هه‌ڵوێستی حیزبه سیاسییه‌كانی ئێرانی به نیسبه‌ت مه‌سه‌له‌ی كورد هێندێک ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه، به هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو. كه‌م نین ئه‌و رێكخراو و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه له‌مه به دوا ناكرێ نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی و یه‌ک له‌وان گه‌لی كورد به سه‌ركوت و زه‌بر و زه‌نگ بێده‌نگ بكرێ، بۆیه پێویسته مافی سیاسیی خۆیان له ئێرانێكی دێموكراتیكی داهاتوودا پێ بدری، به‌ڵام كه دێته سه‌ر باسی دیاری كردنی ئه‌و مافه، جیاوازیی بۆچوونی زۆر ده‌بینرێ، به گشتی ده‌بێ ئێمه خۆمان ئاماده بكه‌ین كه دوای رووخانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیش بۆ خه‌باتێكی سیاسی بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه ره‌واكانمان.
ئاڵای ئازادی: وه‌ک ئاگادارن به‌هاری عه‌ره‌بی له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا به‌ره‌و ئیسلامی سیاسی هه‌نگاوی هه‌ڵگرت و به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداریی ئیسلامی له ئێران له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوودا، ئایا پێشبێنی ده‌کرێت که ئایندهی ئێرانیش له‌دوای ئه‌و گۆڕانکارییانه به ئاراسته‌ی ئیسلامی سیاسی‌دا بـڕوات؟
مسته‌فا هیجری: خه‌ڵكی ئێران ئێستا زیاتر له سێ ده‌یه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتداریی رێژیمێكی ئیسلامی سیاسی تاقی ده‌كه‌نه‌وه و، له‌و ماوه‌یه‌دا بێجگه له دیكتاتۆرییه‌كی ئایینی، سه‌ركوتی هه‌ر چه‌شنه بیر و باوه‌ڕێكی ئازاد له هه‌ر رێگایه‌كه‌وه بێ، برسێتی، بێكاری و وێرانیی ئه‌خلاق، چی دیكه‌یان ده‌ستنه‌كه‌وتووه، هه‌ر بۆیه ئێستا خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ لابردن و بنیاتنانی حكوومه‌تێكی مه‌ده‌نیی دێموكراتیک كه له‌وێدا حكوومه‌ت و ئایین به ته‌واوی لێک جیاوازن، به‌ڵام وڵاتانی دیكه‌ی كه له به‌هاری عه‌ره‌بیدا ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كانیان رووخاند، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی خه‌ڵكی ئێرانی نه‌بوو. من پێم وایه خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ش پێویسته ماوه‌یه‌ک حكوومه‌ته ئیسلامییه‌كانی خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌زموونی خه‌ڵكی ئێران بگه‌ن.
ئاڵای ئازادی: به‌ڕێزتان داهاتووی سووریه به‌سرنجدان به گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه و داکۆکی کردنی ئێران له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته (سووریه) له‌لایه‌که‌وه و له‌لایه‌کی دیکه‌وه رۆڵی تورکیه له‌م نێوانه‌دا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مسته‌فا هیجری: راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه هه‌م لایه‌نگرانی حكوومه‌تی ئێستای سووریه و هه‌م دژبه‌رانی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌ییدا به‌هێزن، بۆیه ده‌كرێ بڵێین كه بێجگه له خه‌ڵکی به‌وره‌ی سووریه كه له دژی حكوومه‌ته‌كه‌یان له خه‌بات دان، شه‌ڕێكی داپۆشراوی ئه‌و دژبه‌رانه‌ش له سووریه به‌رده‌وامه و هه‌ر بۆیه‌ش هه‌تا ئێستا حكوومه‌تی به‌شار توانیویه‌تی به كوشتاری زیاتر له پێنج هه‌زار هاووڵاتی خۆی له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه. دوو لایه‌نی ئه‌م هێزه دژبه‌رانه، توركیه و رێژیمی كۆماری ئیسلامین و هه‌ردووكیان ده‌وری گرینگ و شوێندانه‌ر ده‌بینن، توركیه له راستای رووخانی حكوومه‌ت و ئێران له راستای به‌هێز كردنی حكوومه‌ت و مانه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا.
من له‌و باوه‌ڕه دام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌كی دژی حكوومه‌تی سووریه جیدی‌تر و لێبـڕاوانهتر یارمه‌تی خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی سووریه نه‌ده‌ن، ئه‌و رێژیمه كه به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتدا هیچ باكێكی له كوشتاری خه‌ڵک و وێران كردنی وڵات نییه، ده‌توانێ ماوه‌یه‌كی زیاتر درێژه به حكوومه‌ته‌كه‌ی بدا.
…
سه‌رچاوه: کوردستان مێدیا{jcomments off}