09-11-1390
باس له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان پێوه‌ندی به دێمۆکراسی و حکومه‌تی دێمۆکراتیک هه‌یه و به‌پێچه‌وانه‌وه باس کردنی واتایه‌کی نابێت. دێمۆکراسیش واته سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک به گشتی.
به‌ڵام کاتێ که بۆی نییه هه‌مووان به‌شدار بن له ره‌وتی هه‌ڵسووڕان و حکومت کردندا و کۆمه‌ڵگاش پێویستی به چالاکی له بواره جۆراوجۆره‌کاندا هه‌یه به پێویست خه‌ڵک نوێنه‌رانی خۆیان بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کان له‌و بواره‌دا دیاری ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان پێده‌به‌خشن. له‌م راستایه‌دا هه‌ڵبژاردن یه‌کێک له بنه‌ماکانی دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تیه و شێواز و مێکانیسمێکه که له‌و رێگایه‌وه نوێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵک بۆ چالاکی له ناو سیسته‌می سیاسی‌دا هه‌ڵده‌بژێردرێن. که‌واته له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانیشدا نوێنه‌ران بۆ یاسادانان روانه‌ی پاڕله‌مان ده‌کرێن که به‌شێکی گرنگه له سێ به‌شی سیسته‌می سیاسی واته یاسادانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری. هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌ندێ پێناسه‌ی ‘به‌شداریی سیاسی’ که له دێمۆکراسیدا واتای هه‌یه، هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌کو یه‌کێک له شێوازه‌کانی به‌شداری سیاسی خه‌ڵک دێنه ئه‌ژمێر و به راده‌ی به‌شداری کردن، به‌شداری نه‌کردنی وشیارانه‌ی خه‌ڵکیش خۆی ده‌توانێ گه‌وره‌ترین به‌شداری سیاسی بێت و زۆر جار پیشانده‌ری ئاستی به‌رزی که‌له‌پووری سیاسی به‌شداری کردنه. واته کاتێک خه‌ڵک به وریاییه‌وه به‌شداری نه‌که‌ن پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که باری وریایی سیاسی‌یان له سه‌ره‌وه‌یه‌و نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ببه‌خشن به که‌سانێ که ناکارامه‌ن و به‌و شێوازه راده‌گه‌ینن که ده‌سه‌ڵاتێ که له‌سه‌ر کاردایه شه‌رعیه‌تی نییه‌و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک نیه. له‌م پێوه‌ندیه‌دا چه‌ند پرسێک دێته ئاراوه که گرنگترینی ئه‌وانه ئه‌وه‌یه که نوێنه‌ری راسته‌قینه کێیه؟ و پێش مه‌رجه‌کانی هه‌ڵبژاردن چین؟
بۆ ئه‌وه‌ی دێمۆکراسی تا راده‌یه‌ک به واتای راسته‌قینه‌ی نزیک ببێته‌وه پێویسته نوێنه‌ران تا ده‌کرێت پیشانده‌ری حه‌ز و ویستی خه‌ڵکی هه‌رێمی هه‌ڵبژاردنی خۆیان بن واته که‌سێک کاتێک ده‌توانێت وه‌کو نوێنه‌ری که‌سێکی تر ره‌چاو بکرێت که له ئاستێکی به‌رزدا تایبه‌تمه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌بێت و هه‌ڵگری هه‌ست و ئۆگری و داخوازیه‌کانی پارێزراوه‌که‌ی بێت و سه‌ربه‌ست و توانا بێت بۆ گواستنه‌وه و راگه‌یاندنی ویسته‌کانی. له‌م پێناوه‌دا سه‌ربه‌ستی (ئازادی) که خۆی وه‌کو یه‌کێک له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی دێمۆکراسیه گرنگترین پێش مه‌رجی هه‌ڵبژاردنه. له وڵاتێکی دێمۆکراتیکدا سه‌ربه‌ستی راده‌ربڕین و کۆبوونه‌وه و پێکهێنانی رێکخراو و حێزب گه‌وره‌ترین پێویستی هه‌ڵبژاردنه. که‌واته ئه‌گه‌ر له وڵاتێک‌دا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه نه‌بن و سه‌ربه‌ستی بوونی نه‌بێت هیچ که‌سێک ناتوانێ نوێنه‌ری که‌سێکی تر بێت و حکومه‌تی بێ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش ناتوانێ دێمۆکراتیک بێت و بێ مسۆگه‌ر بوونی ئه‌م سه‌ربه‌ستیانه هه‌ڵبژاردنیش واتایه‌کی نابێت.
له سیسته‌می دێمۆکراتیکدا ده‌بێت سه‌ربه‌ستی هه‌بێت که تاک و تاقمه‌کانی کۆمه‌ڵگا راشکاوانه له رێگای راگه‌یه‌نه جۆراوجۆره‌کانه‌وه داواکاریه‌کانیان ده‌رببڕن و هه‌روه‌ها بتوانن کۆڕ‌و وکۆبوونه‌وه‌یان هه‌بێت. کاتێک ئه‌م هه‌له بڕه‌خسێت به شێوه‌ی سروشتی ده‌بێت ئه‌و داواکاریانه بگوێزرێنه‌وه ناو سیسته‌می سیاسی ئه‌گینه ده‌ربڕینیان قازانجێکی به دواوه نابێت. له‌م راستادایه که دامه‌زراوه‌کان ده‌ور ده‌گێرن و حێزبی سیاسیش وه‌کو سه‌ره‌کیترینی ئه‌و دامه‌زراوانه له کۆمه‌ڵگادایه که ویستی خه‌ڵکی کۆ ده‌کاته‌وه و له رێگای نوێنه‌رانیانه‌وه به مه‌به‌ستی لێکدانه‌وه‌یان ده‌یانگوێزێته‌وه نێو سیسته‌می سیاسی. ئه‌م سه‌ربه‌ستیانه له هه‌ر دوو شێوازی سیسته‌می سیاسی سه‌رۆکایه‌تی و پاڕله‌مانیدا ده‌بینرێن. که‌واته هه‌ڵبژاردن کاتێک واتادار ده‌بێت که ئه‌م سه‌ربه‌ستیانه به شێوه‌ی به‌رابه‌ر بۆ هه‌مووان هه‌بێت و خه‌ڵک هه‌ست بکه‌ن که نوێنه‌رانیان نوێنه‌ری ویست و داخوازه‌کانیانن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه هه‌ڵبژاردن ناتوانێت پیشانده‌ری دێمۆکراتیک بوونی حکومت بێت و ده‌بێت به ئامرازێک بۆ شه‌رعیه‌ت به‌خشین به حکومتی نادێمۆکراتیک و له ئاکامدا نه کارامه‌ییه‌کی بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌بێت و نه ده‌بێته هۆی ئاڵوگۆڕی سیاسی و سووڕانی ده‌سه‌ڵات له ناو سیسته‌می سیاسی‌دا. هه‌موو سیسته‌مێکی سیاسی پێویستی به پشتگیریی له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه به شێوازی جۆراوجۆر بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامی و پیشاندانی مه‌شروعیه‌تی خۆی که یه‌ک له‌وانه که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ڵبژاردنه‌کانه. حکومه‌تی نادێمۆکراتیکیش پێویستی به‌م پشتگیریه ده‌بێت و له راستیدا به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی وه‌ها حکومه‌تگه‌لێکدا به واتای یارمه‌تیدانه بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه سیاسیه که مرۆڤی دێمۆکرات ده‌بێت دووره‌په‌رێزی لێ بکات.
به‌پێی ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه، سه‌باره‌ت به ئێران ده‌بێت بگوترێت که چ له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا و چ له سه‌رده‌می حکومتی به ناو کۆماری ئیسلامی خه‌ڵک نه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون و نه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان هه‌بووه. ئێران که وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌ئایینیه و جگه له‌وانه‌ش گروپ و تاقمی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆری زۆری تێدایه هیچ کات ئه‌و سه‌ربه‌ستیه‌ی (ئازادیه‌ی) به خۆیه‌وه نه‌بینیوه که ئه‌م گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیانه بتوانن سه‌ربه‌ستانه نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن. له‌م وڵاته‌دا نه سه‌ربه‌ستی راده‌ربڕین هه‌بووه و نه سه‌ربه‌ستی حێزبی. هیچ کام له‌و گروپانه نه‌یانتوانیوه سه‌ربه‌ستانه را و ویستی خۆیان ده‌رببڕن و حێزبی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت. ئه‌و به ناو حێزبانه‌ش که له ئێران‌دا بینراون له راستیدا تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی حێزبی سیاسی‌یان نه‌بووه و سنووردار کراونه‌ته‌وه به ئه‌حزابی ئیسلامی شێعه و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی دیاریکراوی ره‌ژیم حێزبێک نابینرێت و هه‌موویان بنه‌مای ئایدیۆلۆژیکی وه‌کیه‌کیان هه‌یه. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌بوونی هه‌ندێ دامه‌زراوه‌ی حکومه‌تی بۆ پاڵفته‌کردنی پاڵێوراوان و به‌ربه‌ست دانان بۆ به‌شداری پاڵێوراوانی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک له‌مپه‌ڕێکه بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری راسته‌قینه. جگه له نه‌بوونی ئه‌م پێویستیانه، سیسته‌می سیاسی تیۆکراتیکی ئێستاکه‌ی ئێرانیش راهاتوو نییه له‌گه‌ڵ هیچ کام له جۆره‌کانی سیسته‌می سیاسی واته نه تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی (سه‌رۆک کۆماری) هه‌یه و نه پاڕله‌مانی (سه‌رۆک وه‌زیران). و نه جیایی سێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری له سیسته‌می سیاسی‌دا ده‌بینرێت. ده‌سه‌ڵات به ته‌واوه‌تی له ده‌ستی تاکه‌که‌سی “وه‌لایه‌تی فه‌قیه” دایه‌و له تیۆری وه‌لایه‌تی فه‌قیهی کۆماری ئیسلامی‌دا ته‌نانه‌ت په‌سه‌ندی خه‌ڵکی واته “مه‌قبولیه‌تی گشتی” که له هه‌ندێ له تیۆریه نه‌رمه‌کانی وه‌لایه‌تی فه‌قیهدا ده‌بینرێت ره‌چاو ناکرێت و به کرده‌وه له‌وه‌ها سیسته‌مێکدا بڕیاری کۆتایی له ده‌ست رێبه‌ردایه و پاڕله‌مان و به‌شه‌کانی تری سیسته‌م کارامه‌ییان نییه. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا به‌ته‌نیا بوونی هه‌ڵبژاردن کارساز نییه، بۆیه له راستیدا له ماوه‌ی سی و چه‌ند ساڵی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له ئێران هیچکام له گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به گشتی نه‌یانتوانیوه نوێنه‌ریان هه‌بێت و ویسته‌کانیان هیچکات سه‌ربه‌ستانه نه‌گوتراوه و نه‌گوێزراوه‌ته‌وه ناو سیسته‌می سیاسی. به‌شداری خه‌ڵک جۆرێ فریودان بووه‌و هه‌ڵبژاردن به‌ته‌نیا بۆ شه‌رعیه‌ت دان به سیسته‌می سیاسی به‌کار هێنراوه. له وڵاتێک‌دا که سه‌ربه‌ستی بیروڕا ده‌ربڕین و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمه‌ڵ نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه له ژێر چه‌تری سانسۆر و نه‌بوونی راگه‌یه‌نه‌ی سه‌ربه‌ست و راگرتنی خه‌ڵک له ره‌وشی نائاگاییدا، ئاگایی سیاسی پێکنایه‌ت و که وریایی سیاسی نه‌بوو خه‌ڵکیش ناتوانن نوێنه‌ری چاک هه‌ڵبژێرن و نوێنه‌ری چاک و پیشانده‌ری ویستی ئه‌وانیش له ناو تاقمی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی چاوه‌دێریدا نابینرێت.
جگه له‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به ئێران که پیشان ده‌دات به گشتی له‌و سیسته‌مه‌دا هه‌ڵبژاردن واتایه‌کی نییه، بارودۆخی ئێستاکه‌ی ئێرانیش به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ساڵی 1388ی هه‌تاوی و رووداوه‌کانی دوابه‌دوای ئه‌وه که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێران زۆر راستییان بۆ ده‌رکه‌وت سه‌باره‌ت به نێوه‌ڕۆک و سروشتی ئه‌و جۆره سیسته‌مه سیاسیه و ساردبوونه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌تایبه‌ت چینی رووناک‌بیر و وریای کۆمه‌ڵگا بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، به‌شداربوونی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنی نوێی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی‌دا جگه له شه‌رعیه‌ت به‌خشین و یارمه‌تیدان به ره‌ژیم بۆ مانه‌وه هیچ ده‌ستکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نابێت و عه‌قڵانیه‌تی مرۆڤی وریا ئه‌وه په‌سه‌ند ناکات. ره‌نگه تا پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری 1388 هه‌ندێ لایه‌ن به هۆی جۆراوجۆر و به‌تایبه‌ت باوه‌ڕ به چاکسازی سیسته‌می سیاسی له رێگای هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران و سه‌رۆک کۆماری نوێ خۆیان رازی ده‌کرد که به‌شداری هه‌ڵبژاردن بن که‌چی ئه‌دی پاش ئه‌و رووداوانه‌ش ئه‌و پاساوانه نه‌ماوه و هۆیه‌ک بۆ به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا نییه، هه‌رچه‌ند دیاره که ره‌ژیم کاری خۆی ده‌کات و هه‌ڵبژاردنیش به‌ڕێوه ده‌بات و ره‌نگه به ده‌سکاری کردن ئاماری به‌شداربووانیش به زۆری رابگه‌نێت.
سه‌باره‌ت به کوردستان و گه‌لی کورد له ئێران‌دا ده‌بێت بگوترێت که به هۆی نه‌بوونی حکومه‌تی دێمۆکراتیک و نه‌بوونی پێویستیه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌ت سه‌ربه‌ستی راگه‌یه‌نه و حێزب و له‌وانه راگه‌یه‌نه‌و حێزبی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کان له‌لایه‌که‌وه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه به‌رگیری کردن له هه‌ڵبژاردن و پاڵێوراوی تاکی سه‌ربه‌خۆی کورد له‌لایه‌ن داموده‌زگا حکومه‌تیه‌کانه‌وه، له مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران‌دا نوێنه‌رێ که بکرێ ناوی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردی به سه‌ردا بنرێت و نوێنه‌ری ویست و داخوازی گه‌لی کورد له بواره جۆراوجۆره‌کاندا بێت نه‌بینراوه. له هه‌ر دوو سیسته‌می پاشایه‌تی و ئیسلامی‌دا گه‌لی کورد نه به شێوه‌ی تاکی سه‌ربه‌خۆ نه به شێوه‌ی حێزبی نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌ستانه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بێت. بۆ نموونه له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا پاڵێوراوی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵکی مه‌هاباد سارم سادق وه‌زیری به ساکاری ده‌نرێته لاوه‌و که‌سێک له تارانه‌وه له جێگای داده‌نرێت. به پێی پێناسه‌ی نوێنه‌ر ئاخۆ ده‌کرێ ئه‌م که‌سه نوێنه‌ری شارێک بێت که هیچ تایبه‌تمه‌ندی و ویستی وه‌کیه‌کیان نه‌بێت. له سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامیشدا نه‌ته‌نیا حێزبه کوردیه‌کان سه‌ربه‌ست نه‌بوون بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردن و هه‌موو جۆره رێگای خه‌باتی سیاسی یاسایی داخراو بووه بۆیان به‌ڵکو به شێوازی تاکی سه‌ربه‌خۆش هیچ کات نه‌یانهێشتووه که‌سێ که پیشانده‌ری ویستی گه‌لی کورد بێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بێت و دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی چاوه‌دێر (“شۆرای نیگه‌هبان”) و دیکه‌ی دامه‌زراوه حکومه‌تیه‌کان به‌رگیریان له به‌شداری ئه‌و که‌سانه کردووه. هه‌ندێ جاریش به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمانه‌وه هه‌ندێ که‌س که خه‌ڵکی شوێنه‌کانی تری ئێران بوون و به هه‌رهۆیه‌ک به‌تایبه‌ت کاری حکومه‌تی هاتوونه‌ته کوردستان بۆ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراون! له ئاکامدا هیچ کات کورد به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بووه و هیچ کاتیش رێگه‌ی پێنه‌دراوه که ویسته‌کانی به شێوازی یاسایی بگوێزرێته‌وه ناو سیسته‌می سیاسی و سیسته‌می سیاسیش هیچ خۆی به به‌رپرسیاری وه‌ڵامدانه‌وه نه‌زانیوه چۆنکو نه‌یهێشتووه هیچ ویستێک سه‌رهه‌ڵبێنێت. ئه‌وه‌ی که به ناو نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کورد له سه‌رده‌می ره‌ژیمی ئیسلامی‌دا تاکو ئێستا نه‌یانتوانیوه زه‌ختێکی ئه‌وتۆ بۆ جێبه‌جێ کردنی ماده‌کانی 15 و 19ی یاسای بنچینه‌یی بخه‌نه سه‌ر حکومه‌ت و هه‌روه‌ها زۆر نموونه‌ی تری له‌و چه‌شنه و پێوه‌ندیدار به مافی سه‌ره‌تایی خه‌ڵک پیشانده‌ری بێ ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌ران و له راستیدا نه‌بوونی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یه. ته‌نانه‌ت له باری ئایینیشه‌وه بێ ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌ران تاڕاده‌یه‌ک بوو که له سه‌رده‌می چاکسازیخوازاندا که ده‌کرێ بڵێین به‌هێزترین فراکسیۆنی کورد و سوننی له مه‌جلیسدا هه‌بوو بۆ ساده‌ترین پۆستی مه‌جلیس واته ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی رێگه‌یان پێنه‌دراو ئه‌و فراکسیۆنه‌ش چ بۆ کورد و چ بۆ سوننه کارێکیان لێنه‌خێزیا. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا که سه‌رکرده‌کانی ره‌ژیم هیچ بڕوایان به بوونی نه‌ته‌وه‌کان نییه و له سیسته‌مێکدا که مرۆڤ به‌های نییه و مافی مرۆڤ واتایه‌کی نییه دیاره به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردندا جگه له قبووڵی چه‌وسانه‌وه و تیاچوون و تواندنه‌وه‌ی زۆرتر و به ره‌وا زانینی کرده‌وه‌کانی ره‌ژیم ده‌سکه‌وتێکی نابێت و نائاگابوونی به‌شداربووان پیشان ده‌دات. که‌واته ئێستا که هه‌ندێ له لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئێرانیش به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی گه‌یشتوون که گه‌لی کورد ساڵانێکی زۆره پێیگه‌یشتووه، چاک وایه له‌و ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌رگیردرێت و به به‌شداری نه‌کردن له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا جارێکی تر ئاگایی سیاسی – نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد پیشان بدرێت و به‌و شێوه‌یه رابگه‌یندرێت که هه‌ڵبژاردن به بێ مسۆگه‌ر کردنی پێویستیه‌کانی بێ واتایه‌و پیشانده‌ری دێمۆکراتیک بوون نیه‌و نوێنه‌رێکیش که به‌و شێوازه کورسی پارله‌مان داگیر ده‌کات نوێنه‌ری خه‌ڵک نییه‌و له‌و سیسته‌مه‌شدا وه‌ها نوێنه‌رێک کارێکی له ده‌ست نایه.
ده‌بێت حیزب و دیکه‌ی لایه‌نه‌کان هه‌وڵ بده‌ن خه‌ڵکی ئاگادار بکه‌نه‌وه که باسی یارانه و مووچه و شه‌ست ساڵه و یارمه‌تی تری حکومه‌تی بۆ هه‌ندێ له خه‌ڵک پێوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنه‌وه نییه به‌و شێوه‌ی که ترسیان هه‌بێت که ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن لێیان ده‌بڕدرێت به‌ڵکو ئه‌وانه به مافی خۆیان بزانن و به‌شداری نه‌کردنیش به مافی خۆیان. هیوادارین زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئێران و کوردستان به‌و ده‌ره‌نجامه بگه‌ن و به به‌شداری نه‌کردن به هه‌مووان بسه‌لمێنن که ئه‌و سیسته‌مه نادێمۆکراتیکه‌یان ناوێت و خوازیاری گۆڕانن و له‌و رێگایه‌وه هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا باس کرا پیشان بده‌ن که ئاستی وریایی و که‌له‌پووری سیاسی‌یان له سه‌ره‌وه‌یه، هه‌روه‌ها که له ماوه‌ی سی و چه‌ند ساڵی رابردوودا نه‌ته‌وه‌ی کورد به گوێره‌ی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران به‌رز بوونی ئه‌و ئاسته له وریایی پیشان داوه.
وێرای ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه به‌ڵام سه‌رنجدان به چه‌ند تێبینی پێویسته:
1- رووداوی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو یه‌کێک له گرنگترین رووداوه سیاسیه‌کانی مانگه‌کانی داهاتووی ئێران ده‌بێت. گرنگایه‌تیه‌که‌شی له‌وڕووه‌وه‌یه که جیاوازی سه‌ره‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ که‌شوهه‌وای هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی که پێشتر به‌ڕێوه‌چووه و یه‌که‌مین ده‌نگدانه پاش سه‌رکوتی گه‌وره‌ترین بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له ماوه‌ی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی‌دا که ره‌ژیم به هێنانه پای سندۆقی ده‌نگ ده‌یهه‌وێت مه‌شرووعیه‌تی له‌ده‌ستچووی به ده‌ست بهێنێته‌وه. به‌ڵام به‌پێی هه‌ڵوێستی لایه‌نه جۆراوجۆره‌کان و چالاکی راگه‌یه‌نه جیاوازه‌کان و پێکهاتنی رایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له ناو خه‌ڵکدا ئه‌مه ساکار نییه بۆ ره‌ژیم و چالاکی راگه‌یه‌نه‌ی ره‌ژیم بۆ به‌لارێدا بردنی بیروڕای گشتی جیهانی به راده‌ی پێویست کارامه نییه.
2- هه‌ڵبژاردنه‌کانی مه‌جلیس جیاوازن له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری و چۆنکو زۆرتر ناوچه‌یی و خۆجێییه تاکو نیشتمانی و سه‌رتاسه‌ری هه‌موو جارێک بڕێ له خه‌ڵک به‌شداری ده‌کات. که‌واته هه‌ستی ناوچه‌گه‌رایی و خێڵ و هۆزایه‌تی و .. کاریگه‌ریان هه‌یه‌و حکومه‌تیش له‌و هه‌سته که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. له شاره بچووکه‌کاندا که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن جموجووڵی زۆرتره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ر هۆز و خێڵێک پاڵێوراوی خۆی هه‌یه و له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا پشتگیریی لێده‌که‌ن جیاواز له‌وه‌ی که چ بیر و مه‌رامێکی سیاسی هه‌بێت و ئه‌مه هیچ پێوه‌ندیه‌کی به بارودۆخی سیاسی وڵاته‌وه نییه. به‌رپرسانی حکومه‌تیش ئه‌مه ده‌زانن و تێده‌کۆشن که که‌سێک له هه‌ر هۆز و خێڵێک هه‌ڵبه‌ت که‌سێکی جێی متمانه‌ی خۆیان په‌سه‌ند بکه‌ن بۆ پاڵێوراوی. پێکهاته‌ی هه‌ندێ له شاره‌کانیش مه‌زهه‌بیه‌و حکومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات که که‌سانێکی مه‌زهه‌بیش په‌سه‌ند بکات و له هه‌ندێ شاریشدا له ده‌مارگرژی نێوان دوو مه‌زهه‌ب که‌ڵک وه‌رگرێت وه‌کو شاری سه‌رپێڵ زه‌هاو. به‌ڵام له شاره گه‌وره‌کاندا به‌تایبه‌ت تاران بارودۆخ جیاوازه و له ناو خه‌ڵکدا باسێکی وه‌ها ناکرێت به‌تایبه‌ت له شوێنه گشتیه‌کاندا و خه‌ڵک هانده‌رێکی ئه‌وتۆیان نییه بۆ به‌شداری کردن. که‌واته وێرای ئه‌وه‌ی که حکومه‌ت مه‌ترسی هه‌یه که رێژه‌ی به‌شداربووانی هه‌ڵبژاردن بێته خواره‌وه و له باری ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه مه‌شڕوعیه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی تر له ده‌ست بدات به‌ڵام هه‌ر به هۆی ئه‌و ناوچه‌یی بوونه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه که بڕێ له خه‌ڵک به‌شدار بن زۆر بۆی جێی نیگه‌رانی نیه.
3- له زۆر ناوچه‌ی ئێران‌دا راگه‌یه‌نه‌ی ناوه‌ند کاریگه‌ره‌و به هۆی نه‌بوونی راگه‌یه‌نه‌ی دژبه‌ر و به‌رگیری له‌وانه حکومه‌ت ده‌توانێ له‌سه‌ر خه‌ڵک کاریگه‌ری هه‌بێت و هانیان بدات بۆ به‌شداری. چۆنکو له ئێران‌دا خه‌ڵک به گشتی واته ئاپووره‌ی خه‌ڵک و تووده زۆر کاریگه‌رن و توده‌ش له کاتێکدا که راگه‌یه‌نه‌ی دژبه‌ر ئازاد نییه ده‌که‌ونه به‌ر کاریگه‌ری راگه‌یه‌نه‌ی ناوه‌ند. له ئێران‌دا به گشتی و به‌تایبه‌ت له کوردستاندا به‌کارهێنانی سه‌ته‌لایت و ئینته‌رنێت سنووردار کراوه‌ته‌وه. زه‌خته‌کان بۆ به‌کارنه‌هێنانی سه‌ته‌لایت زۆرتر کراوه و هه‌ڕه‌شه‌ش ده‌کرێت که که‌س نابێت له سه‌ر ئینته‌رنێت له هیچ ماڵپه‌ڕ و وێبلاگێکدا باس له به‌شداری نه‌کردن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکات. نموونه‌یه‌ک له‌م کارانه له نووسراوه‌ی ئه‌ندامێکی رایه‌ڵه‌ی فه‌یسبووکدا به‌مجۆره ده‌بینرێت: “هه‌ر ئێستا دوو کادری یۆنیفۆڕم له‌به‌ری نیرووی ئینتزامی، قاقه‌ز به‌ده‌ست هاتن و ناویان نووسیم که ده‌بێ دیشی سه‌ته‌لایه‌ته‌که‌م کۆ که‌مه‌وه، و هه‌ڕه‌شه‌یان کرد که جاری دیکه ئه‌گه‌ر بێینه‌وه به مۆڵه‌تی فه‌رمی دێینه‌وه و ماهواره‌که‌ت لێ زه‌وت ده‌که‌ین. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ڕایان گه‌یاندووه که هیچ سایت، وێبلاگ و ماڵپه‌ڕێک بۆی نییه باسی هه‌ڵبژاردن به شێوازێکی نایاسایی بکا و بانگه‌شه بۆ ته‌حریمی بکا، جا به ڕاستی له‌و کاتانه دایه که مرۆڤ هه‌ست به چکۆله‌یی، زه‌بوونی و دیلی خۆی هه‌تا سه‌ر ئیسقان ده‌کا!”
4- بارودۆخ و هه‌ڵوێست گرتنی سیاسی ئه‌م خوله‌ش جیاوازه له خوله‌کانی پێشوو. وه‌ک دیاره رکابه‌رایه‌تی له نێوان شه‌به‌نگی “ئوسوول گه‌رایان” دایه و لایه‌نه‌کانی به‌رانبه‌ر چالاکیه‌کی ئه‌وتۆیان نییه‌و چالاکانه به‌شدار نابن. هه‌ڵبه‌ت چاکسازی خوازانی ئێستای ناو مه‌جلیس به‌شدار ده‌بن ئه‌گه‌رچی نه له ژێر ناوێکی تایبه‌تدا. وێده‌چێت له شاره گه‌وره‌کاندا بۆ ساز کردنی که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن رکابه‌رایه‌تی و جیاوازی سیاسی، ئابووریی و که‌له‌پووری نێوان دوو لایه‌نی ئوسوول گه‌را واته لایه‌نی حکومه‌تی به‌ره‌ی خۆڕاگری (جبهه پایداری) و به‌ره‌ی یه‌کگرتووی ئوسوول گه‌را (جبهه متحد اصول گرا) گه‌وره و زه‌ق بکرێته‌وه. واته رکابه‌رایه‌تی له دوو ره‌وشی چاکسازی خواز و ئوسوول خوازه‌وه و گۆڕدراوه بۆ ره‌وشی ئوسوول خوازی توندره‌و و ئوسوول خوازی نه‌رم. له وه‌ها دۆخێک‌دا بۆی هه‌یه که له‌سه‌دی به‌شداری که‌م بێته‌وه. هه‌روه‌ها پێکهێنانی ره‌وتی به ناو لاده‌ر (جریان انحرافی) که بۆ حکومه‌تی ئێستا به‌کار ده‌هێنرێت هه‌ندێ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که تاکتیکێکه بۆ راکێشانی خه‌ڵک بۆ پێی سنۆقه‌کان هه‌رچه‌ند کێشی لایه‌نگرانی ئه‌م تیۆریه چه‌ندان قورس نییه.
5- تایبه‌تمه‌ندیه‌کی تر ئه‌وه‌یه که له ئێران‌دا هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس رێک له نێوان دوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری دایه و ده‌سه‌ڵاتیش به ده‌ستی سه‌رۆک کۆمار و حکومه‌ته و هه‌وڵ ده‌دات که هه‌ر جۆرێک بێت نوێنه‌رانێ که لایه‌نگری سیاسه‌ته‌کانی خۆیان بن بکێشنه مه‌جلیس که بتوانن به‌رنامه‌کانیان درێژه پێ بده‌ن که‌واته دوو بابه‌ت لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت یه‌که‌م لایه‌نی ئه‌حمه‌دنژاد هه‌وڵ ده‌دات بۆ هێنانی لایه‌نگرانی خۆی و سنووردارکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌و راستاشدا ره‌نگه ته‌نانه‌ت رێژه‌ی به‌شداری زۆری خه‌ڵکی بۆ گرنگ نه‌بێت و به‌وبۆنه‌وه ئازادی زۆرتر نه‌درێت به لایه‌نی به‌رانبه‌ر واته چاکسازی خوازان ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. له‌م راستادا له یه‌که‌مین هه‌واڵه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه که زۆرێک له نوێنه‌رانی چاکسازیخوازی خولی پێشووی مه‌جلیس له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه له قۆناخی یه‌که‌می چاوه‌دێڕیدا له باری شیاویه‌تیه‌وه ره‌ت کراونه‌ته‌وه که کرده‌وه‌ی له‌م چه‌شنه کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شداری خه‌ڵک ده‌بێت. دووه‌م لایه‌نێ که رێژه‌ی به‌شداری بۆ گرنگ ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێ که‌شه‌که ئازادتر بکات بۆ هێنانی هه‌ندێ لایه‌نی دژبه‌ری ئه‌حمه‌دی نژاد و له ئاکامدا ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداری زۆرتری خه‌ڵک. له هه‌رحاڵدا چۆن ئه‌و ئازادیه ته‌واوه نادرێت ره‌نگه نه‌توانن لایه‌نی زۆر له‌گه‌ڵ خۆیان بخه‌ن. که‌واته به گوێره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تر لایه‌نی که‌متر به‌شدار ده‌بن.
6- هه‌ندێ ناڕه‌زایه‌تی به هۆی یارانه‌کانه‌وه خه‌ریکه پێکدێت به‌ڵام حکومه‌ت رایده‌گرێت و ره‌نگه نه‌هێڵیت ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وتۆی هه‌بێت تا دواتر و دیسان له‌و سه‌رده‌مه‌شدا هه‌ندێ خه‌ڵکی ئاسایی هه‌ر به‌و بۆنه‌وه که یارانه‌یان پێدراوه و ترس له بڕانی ئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن … ده‌کێشرێنه پای سندۆقه‌کان.
7- به پێی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تر که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن به‌وجۆره‌ی که ده‌بێت له ناو خه‌ڵکدا نیه‌و زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌تایبه‌ت چینی خوێنده‌وار و سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆیان گرنگ نیه‌و مایل به به‌شداری نین. که‌شی هه‌ڵبژاردن له به‌فرانباردا هێشتاکو هه‌ستی پێنه‌کراوه له ناو خه‌ڵکدا. به‌ڵام پاش ناونووسی پاڵێوراوان که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن بڕێ له چاو پێشتر گۆڕاوه به‌تایبه‌ت له شاره بچووکه‌کاندا. له‌لایه‌کی تره‌وه “کۆمه‌ڵێک له نوێنه‌رانی خوله‌کانی پێشووی مه‌جلیس له ده‌ره‌وه‌ی وڵات”، “شۆرای هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌ی چاکسازی” و “شۆرای هه‌ماهه‌نگی رێگای سه‌وزی ئۆمید” و “به‌ندکراوانی سیاسی” رایانگه‌یاندووه که به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12 ره‌شه‌مه هیچ قازانجێکی بۆ خه‌ڵکی ئێران نابێت و که‌واته تێیدا به‌شداری ناکه‌ن. لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له دوو ساڵی پێشه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که پاش ده‌سکاری و ساخته‌کردنی سیسته‌ماتیکی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1388 چی تر چاره‌نووسی وڵات له سندۆقی ده‌نگدا نییه به‌ڵکو له شه‌قامه‌کاندا دیاری ده‌کرێت. رووناکبیران و چالاکانی سیاسیش که سه‌ر به ده‌سه‌ڵات نین ره‌ژیم به مه‌شرووع نازانن و به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان به به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سیسته‌می ملهوڕی ده‌زانن. وێرای ئه‌م لایه‌نانه به‌ڵام تاقمێک له حێزب و چالاکانی سیاسیش هه‌ن که خۆیان به لایه‌نگری سه‌ربه‌ستی و دێمۆکراسی ده‌زانن به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که له هه‌لومه‌رجی ئێستاکه‌دا کۆماری ئیسلامی نه ده‌یهه‌وێت و نه ده‌شتوانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ستانه به‌ڕێوه ببات. که‌واته له به‌رانبه‌ر تاکتیکی ره‌ژیمدا ده‌ست به‌سه‌ر بوون. له‌م چه‌شنه گروپانه له ناو کورده‌کانیشدا هه‌یه به شێوه‌یه‌ک که به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو لایه‌نه کوردیه‌کان به‌ره‌ی به ناو یه‌کگرتووی کورد (جبهه متحد کورد) له به‌یاننامه‌یه‌کدا که 30 سه‌رماوه‌زی 1390 به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمانه‌وه بڵاوی کردووه‌ته‌وه پشتگیری له به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات! له دیمانه‌یه‌کدا به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا سوهرابی نوێنه‌ری پێشووی مه‌ریوانیش راده‌گه‌ینێت که خۆی و به‌ڕێز حاسڵ داسه نوێنه‌ری پێشووی پیرانشار به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن به‌ره‌ی یه‌کگرتووه‌وه به‌شدار ده‌بن که کرده‌وه‌یه‌کی ناسیاسیانه و به‌ته‌نیا هه‌لپه‌رستانه‌یه له‌و بارودۆخه‌دا. جێی سه‌رنجه که ره‌نگه به هه‌ندێ هۆکاری له‌م چه‌شنه له نزیکه‌و هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌ندێ گۆڕانکاری تر له راوبۆچوونی لایه‌نه جیاوازه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاتدا پێک‌بێت.
8- راپۆرته‌کان وا پیشان ده‌ده‌ن که گه‌مارۆی ئابووری ئێران کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه به جۆرێ که له رۆژانی سه‌ره‌تای زستانی ئه‌وساڵدا هه‌ندێ ئا‌مراز و پێویستی پتر له 100% نرخیان چووه سه‌ره‌وه به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار کارناسان باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که کاریگه‌ری زۆر توندی له‌سه‌ر حکومه‌ت و لاواز کردنی ده‌بێت. هه‌ندێ چین و توێژ وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوخۆ که ئا‌مراز و که‌رسته‌یان له ده‌روه دێت و خوێندکارانی ده‌ره‌وه و گه‌شتیاران… به توندی زه‌ختیان له‌سه‌ره. دیاره ئه‌م دیارده‌یه کاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵک ده‌بێت و ده‌کرێت بۆ ساردکردنه‌وه خه‌ڵکی که‌ڵکی لێوه‌رگیردرێت هه‌رچه‌ند خه‌ڵکی که راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و شته سه‌روکاریان هه‌یه ئاگادار بوونه‌ته‌وه و به‌و هۆیانه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌کانیان لا گرنگ نییه. گه‌مارۆی ئابووری، زه‌ختی دامه‌زراوه‌کانی مافی مرۆڤ، ئاژه‌نسی نیوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناو‌کی و … بێگومان کاریگه‌ر ده‌بن له‌سه‌ر که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن. به پێی هه‌ندێ شرۆڤه‌کاری گه‌مارۆ و ئابڵۆقه‌ی ئابووری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی لاواز ده‌کات، نرخه‌کان ده‌باته سه‌رێ و گه‌نده‌لی زۆرتر ده‌کات و ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی نیزامیه‌کان و له هه‌ڵبژاردندا به هۆی زه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی، جموجووڵی نیزامیه‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زۆرتر ده‌بێت. له‌م نێوانه‌دا باسی داخستنی دۆڵی هورمز له‌لایه‌ن ئێران و به‌رگیری له هاتوچۆی که‌نداو و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناتۆ بووه‌ته باسی ناو کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی خه‌ڵک و ترس له شه‌ڕ باڵکێشاوه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا.
9- له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا حکومه‌ت شه‌رعیه‌تی خۆی له ده‌ست داوه و به درێژه‌ی سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌ره‌وه زۆربه‌ی دامه‌زراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ په‌ڕاوێز خستنی ئێران له باری سیاسیه‌وه ده‌ست به‌کار بوون و له زۆر بابه‌تدا هاوده‌نگی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر حکومه‌تی ئێستاکه. له ئاکامدا وێرای مه‌ترسی شه‌ڕ له دژی ئێران، بێ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ستانه ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیه نیوده‌وڵه‌تیه‌کان هه‌سته‌مه. ئه‌وه له کاتێکدایه که ئاکاری ده‌سه‌ڵات له ساڵی 1388 به‌ملاوه پیشان ده‌دات که له یاری خه‌ڵک سالاری وه‌ڕه‌ز بوون و ده‌یانه‌وێت که نه‌ترسانه به‌ره‌نگاری هه‌ر شتێک ببنه‌وه که بۆ ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها کێشه‌ساز بێت.
10- سه‌باره‌ت به کوردستان، دیاره هه‌ڵوێستی حێزب و لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو ده‌بێت و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی لایه‌نه ئێرانیه‌کان پاش رووداوه‌کانی ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی ئه‌و رێگایه‌یان گرتووه‌ته به‌ر که لایه‌نه کوردیه‌کان پتر له سێ ده‌یه‌یه دیاریان کردووه و جه‌ختیان له‌سه‌ری هه‌بووه و ئه‌مه‌ش هۆی پێکهێنانی هه‌ندێ هاوپه‌یمانی و یه‌کگرتوویی له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی خه‌بات له دژی ملهوڕی پێکهێناوه. به‌ڵام جیا له‌م لایه‌نانه، له ئاستی بیروڕای گشتیدا بێگومان ده‌ره‌تانی پێکهاتوو به هۆی راگه‌یه‌نه کوردیه‌کان و رایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی پێکهاتوو له ناو خه‌ڵکدا کاریگه‌ری هه‌بووه و به‌شێکی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌تایبه‌ت شارنشینی له‌به‌ر گرتووه هه‌رچه‌نده له شوێنه په‌ڕاوێزکه‌وتووه‌کاندا به هۆی نزم بوونی ئاستی ئاگایی سیاسی، هه‌ژاری و بێ‌کاری و … ئه‌م کاریگه‌ریه که‌متره. زۆربه‌ی رووناکبیران و چالاکانی سیاسی و خوێندکارانی کورد نه‌ته‌نیا دژبه‌ری به‌شدارین به‌ڵکو خوازیاری په‌لاماری ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێرانن و هیوایه‌کیان به‌و سیسته‌مه نییه له رێگای چاکسازیه‌وه و چاوه‌ڕوانی رووداوی له چه‌شنی لیبیا و سوریه‌ن. هه‌روه‌ها چینی بازاڕی و ئه‌سنافیش له زۆر شوێنی کوردستاندا به‌و ئاگاییه گه‌یشتوون که هه‌ڵبژاردن قازانجی نییه و به ته‌مای به‌شداری کردن نین. به‌ڵام ره‌ژیم زۆرتر تیشکی خستووه‌ته سه‌ر چینی جووتیار و ورده بازاڕی و ورده‌واڵه‌فرۆش که جه‌ماوه‌رێکی زۆری کۆمه‌ڵگا پێکده‌هێنن و راده‌ی ئاگایی سیاسیشتان زۆر له خواره‌وه‌یه. چالاکی پڕوپاگه‌نده‌یی و راگه‌یه‌نه‌یی ره‌ژیم له نێو ئه‌م توێژانه‌دا زۆر به‌ربڵاوه و به هۆی چه‌ند بابه‌تێکه‌وه ره‌نگه ئه‌م چینه به‌شداریان زۆر بێت له‌وانه: گه‌ڵاڵه‌ی یارانه‌کان که له‌م توێژانه‌دا لایه‌نگری زۆره‌و هێشتاکو ئه‌م چینانه که له په‌ڕاوێزی شاره‌کان و گونده‌کاندا ده‌ژین نه‌که‌وتوونه‌ته به‌ر زه‌ختی ئابڵۆقه‌ی ئابووری به هۆی که‌ڵک وه‌رنه‌گرتنیان له هه‌ندێ ئا‌مراز و که‌لوپه‌ل که بۆ چینه‌کانی تر پێویستن، خێڵه‌کی بوون له ناو ئه‌م توێژانه‌دا زۆره‌و ره‌ژیمیش وشیارانه به هێنانی هه‌ندێ مۆره‌ی سووتاو که‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن له ناو ئه‌م چینه‌دا داخ ده‌کات، پێکهینانی ترس و دڵه‌ڕاوکێ له ناو ئه‌م توێژانه‌دا که ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن و ناسنامه‌یان مۆر نه‌کرێت یارانه‌یان پێ‌نادرێت که‌واته هه‌رچه‌ند بڕواشیان به هه‌ڵبژاردن نه‌بێت له هه‌ژاری ده‌نگ ده‌ده‌ن، هه‌ندێ پاڵێوراو به به‌ڵێن دان به‌م توێژانه له رێگای چوونه مزگه‌وته‌کان و گونده‌کان ده‌یانه‌وێت به‌شداری خه‌ڵک زۆرتر بکه‌ن.
11- چینی کارمه‌ند و مووچه وه‌رگری حکومه‌تیش وێرای هه‌بوونی وریایی سیاسی به هۆی هه‌ندێ ترس وه‌ک له‌ده‌ستدانی کار و کێشه له داهاتوودا چاره‌یه‌ک نابین جگه له به‌شداری کردن و ده‌نگۆی لایه‌نه حکومه‌تیه‌کان و پڕوپاگه‌نده‌ی ناڕاسته‌وخۆش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ترسیان دوو ئه‌وه‌نده ده‌کات. که‌واته جگه له لایه‌نی سیاسی و چالاکی مه‌ده‌نی و رووناکبیریی، چ له ئێران و چ له کوردستاندا به‌تایبه‌تی ده‌بێت سه‌رنجی لایه‌نی پێکهاته‌یی و ئایدئۆلۆژیکی ده‌سه‌ڵات بدرێت که به شێوازی جۆراوجۆر زه‌خت ده‌خاته سه‌ر کارمه‌ندان بۆ به‌شداری کردن و ئه‌م لایه‌نه‌ش جه‌ماوه‌رێک له‌خۆ ده‌گرن. له ساڵانی رابردووش‌دا زۆربه‌ی تازه به‌سه‌رکارچووان به شێوه‌ی گرێبه‌ستی یه‌ک ساڵه (قه‌راردادی) یان په‌یمانی براونه‌ته سه‌رکار و له ره‌سمی کردنه‌وه‌ی کارمه‌ندان خۆ ده‌پارێزن و مه‌رجی زۆریان بۆ ره‌سمی کردن هه‌یه و ئه‌مه‌ش هۆی ترس و به‌شداری به‌شێک له کارمه‌ندان ده‌بێت که ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن گرێبه‌ستیان تازه ناکرێته‌وه‌و یان ناکرێن به ره‌سمی و زۆربه‌ی کارمه‌ندانیان له‌و بارودۆخه‌دا راگرتووه و وه‌کو ئامرازێک هه‌میشه ئه‌م کێشه قورسایی له‌سه‌ر ئه‌م چینه ده‌بێت.
12- به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه حێزب و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیۆنی ئێرانی ده‌بێت دیسان هه‌وڵی خۆیان بده‌ن بۆ لانیکه‌م که‌مکردنه‌وه‌ی به‌شداری خه‌ڵک چۆنکو هه‌رچی رێژه‌ی به‌شداری که‌م بێت شه‌رعیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی ره‌ژیم که‌متر ده‌بێته‌وه‌و ره‌ژیم ناتوانێت وه‌کو ئا‌مراز که‌ڵکی لێوه‌رگرێت. نوێنه‌رانێکیش که به که‌مترین ده‌نگه‌کان ده‌چنه وه‌ها مه‌جلیسێک ناتوانن وه‌کو نوێنه‌رانی هه‌موو که‌سانی خاوه‌ن ده‌نگی هه‌رێمی هه‌ڵبژاردنیان شه‌رعیه‌تیان هه‌بێت و ناتوانن داواکاری ئه‌وه بن که نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکن به‌ڵکو داگیرکه‌ری کورسی و ملکه‌چی رێبه‌ر و سه‌رۆک کۆمارن و وه‌کو کارمه‌ندێکی ساده و ئامرازێک بۆ جێبه‌جێ کردنی کار و مه‌به‌سته‌کانی ره‌ژیم له ناوچه‌ی پێوه‌ندیداردا چاویان لێده‌کرێت{jcomments off}