"an independent online kurdish website

باس کردن لە کەسایەتی شەهیدی گەورە و رێبەری هه ڵکەوتوو و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دکتۆر قاسملوو و رۆڵ و کاریگەری ئەو کەسایەتیە بەرزە لە سەر شۆڕش و جولانەوەی ئازادیخوازانەی گەلەکەمانfershid_shinoyi

  ،بۆ هه موولایەک روون و ئاشکرایە و  منیش نە لە توانام دایە باسی بکەم و نە مەبەستی بابەتەکەشم  شی کردنەوەی ئەبعادی فیکری و سیاسی و کەسایەتی شەهید دکتۆر قاسملوویە و ئەو باسە جێ دێڵم بۆ قاسملوو ناسان و کەسانی ئاکادێمیک و رووناکبیرانی دەروەستی کورد هه تا بە لێکدانەوەی زانستیانە ی خۆیان ، زیاتر و زیاتر لایەنە کانی ژیان و خەباتی ئەو ئینسانە بەرزە هه ڵسەنگێنن و بە نەوەی تازەو نەوەکانی داهاتووی کوردی بناسێنن.مەبەستی من لەو بابەتە ئەوەیە کە ئاوڕێک بدەمەوە لەو لایەنانەی کە ٢٣سال دوای شەهید بوونی کاک دکتۆر قاسملوو،ئێستاش لە گەورەیی و مەزنی قاسملوو دەترسێن و بە تایبەت لەو دوو یا سێ ساڵی رابردوو دا  نووکی هێرش و بێ رێزیەکانیان بۆ سەر کەسایەتی و خەباتی شەهید قاسملوو ،روو لە زیاد بوون دایە .ئەوانە کێن و چ تەیف و لایەنانێک لە خۆ دەگرێت؟مەبستی سەرەکی لەو هێرشانە چیە ؟ هه وڵ دەدەم بە گوێرەی توانای خۆم  لایەنەکانی شاراوەی ئەو جەرەیانانە  روون بکەمەوە.

دکتۆر قاسملوو  چ وەک مرۆفێک و چ وەک رێبەری گەلێکی بن دەست ، بێ گوومان لە درێژەی ژیان و خەباتی خۆی دا ، هه ڵەشی هه بووە  رەخنەشی لە سەرەو هه وەک بۆ خۆی زۆر جار فەرموویانە کە  هه م ئەو وەک کەسایەتی و هه میش حیزب بێ هه ڵە و خەتا نین ، پەس نە بۆ خۆی و نە  حیزبەکەشی  هیچ کات پیش یان بە ڕەخنەو ڕەخنە گران نەگرتووە و بە دڵ ئاوەڵاییەوە گوێ یان بۆ راگرتوون ، هه ربۆیە لێرە دا مەبەست لەو بابەت و کەسانە نیە کە رەخنەی زانستی و سیاسیانە لە دکتۆر قاسملوو دەگرن و شڕۆڤەی رەوتی رووداوەکان دەکەن بەڵکوو مەبستی من لە نووسینی ئەو بابەتە ئەو ڕق و کینە لە مێژینانەن کە بە نێوی رەخنە دەرخواردی خوێنەری کورد دەردرێن.

کاتێک  لە ژێر رێبەرایەتی  ژیرانەی  قاسملوودا ، ئەندامانی پەرش و بڵاوی حیزب کە هه ر یەکە و لە شارێکی کوردستانی عێراق دانیشتبوون و بە شێک لە وانیش ببوونە پاشکۆی لایەنێکی تری کوردستانی ، هه موویان کۆ کرانەوە و حیزب کرا بە خاوەنی ئەساس نامە و پیرەو و پرۆگرامێکی پێش کەوتوانە و مرۆڤ تەوەرانە ،جارێکی دیکەش حیزبی دێموکرات لە دوای نسکۆی دوای رووخانی کۆماری کوردستان ، بە گووڕ و تینێکی دیکەوە هاتەوە نێو گۆڕەپانی خەبات، هه ربۆیە  زۆر زوو ناحەزانی کورد وحیزبی دیموکرات کەوتنە پیلان گێڕی و هێرش کردنە سەر کەسایەتی دکتۆر قاسملوو کە بە بۆ چوونی من لەو چەند بەشەی خوارەوە پێک دێن :

١- کۆماری ئیسلامی ، دووژمنی سەرەکی و قەستە سەری قاسملوو

پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و بە تاڵان بردنی بەرهەمه کانی شۆڕش لە لایەن خومەینی و ئاخوندەکان ئەویش لە ئاکامی  بێ بەرنامەیی و ئیشتبای موحاسباتی و لێکدانەوەی هه ڵەی زۆر کەس ولایەن لە سەر دروشمەکانی خومەینی ، ئەوە خەڵکی کوردستان بوون کە لە ژێر رێنوێنی و رێبەری دکتۆر قاسملوودا ، زۆر زوو ماهیەتی کۆنەپەرەستانەی ئیزامی تازەیان ناسی و لە رێفراندۆمی١٢ خاکەلێوەی ساڵی ٥٨ بەشداریان نەکردوو و دەنگیان نەدا بە سیستمی کۆماری ئیسلامی.

پاشان لە دوای راگەیاندنی فتوای جیهاد لە دژی گەلی کورد لە لایەن خومەینی و هێرشی هێزەکانی رێژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان ، دیسان ئەوە هه ر قاسملوو بوو بە دوای شکست هێنانی هه موو هه وڵە ئاشتیخوازیەکانی  بۆ پێش گرتن بە شەرێکی ماڵ وێران کەر، بریاری مانەوە و بەرگری لە بەرابەر هێزی دوژمن دا و بە هه زاران کەس لە لاوانی خوێن گەرمی کورد هاتنە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەو و هێزی بەرگری میللی  . درێژە کێشانی شەری کوردستان و گەورە بوون و گەشەی رۆژ لە دوا رۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر رێبەرایەتی کاریزماتیکی دکتۆر قاسملوو دا ، شتێک نە بوو کە ئاخووندە هزر ویشکەکان بتوانن تەحەموولی بکەن ،هه ر بەو هۆیەوە لە هیچ هه وڵێک بۆ لێدان و حەزفی فیزیکی ئەو غافڵ نە بوون و تا سەر ئەنجام توانیان  لە هه ست و بیری  ئاشتیخوازی و بێزاری لە شەڕی ئەو پیاوە مەزنە کەڵکی خەراپ وەر بگرن و لە سەر مێزی ووتوو وێژی ئاشتی شە هید بکەن.

تێرۆریستانی حاکم لە تاران پێ یان وابوو کە بە شەهید کردن و نەمانی قاسملوو ، دەتوانن کۆتایی بە خەباتی کورد بۆ ئازادی بێنن و حیزبەکە و رێبازەکەی لە بەین بەرن. ئەگەرچی شەهید بونی دکتۆر قاسملوو توانی زەربەیەکی قوورس و بە ژان و قەرەبوو نەکراوە لە پەیکەرەی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد لە رۆژ هه ڵاتی کوردستان بدات  بەڵام بەو حاڵەش دووژمن نەیتوانی بە مەبەستی سەرەکی خۆی واتە لە بەین بردنی رێبای قاسملوو بگات.

بە پێچەوانەی هه موولێکدانەوەکانی ئیستراتژیستەکانی کۆماری ئیسلامی ،بیست و چەند ساڵ دوای شەهیبوونی قاسملوو ، دەبینین کە یاد و هزر و فکری ئەو گەورە پیاوە ،رۆژ لە دوای رۆژ لە نێو نەسلی تازە ، زیاتر پەرە دەستێنێت و تەنانەت کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ئەندێشە و فکر و گەورەیی قاسملوو ، گشت سنوورە حیزبیەکان و تەنانەت ناوچەییەکانیشی تێپەڕاندووە و ئەورۆ هه ر نیشتمان پەروەرێکی کورد لە هه ر جێگایەکی ئەو کوردستانە بێت  بە ڕیزەوە یاد لە قاسملوو دەکاتەوە ، هه ر بۆیە پیلان دارێژەرانی وەزارەتی ئیتلاعات لە مێژە بە بەرنامەیەکی درێژ خایەنی بیر لێکراوە و بە سەرفی کات و هه زینەیەکی زۆر ، لە حاڵی جێ بە چی کردنی  پرۆسەیەکی  تێرۆریستین بەڵام ئەمجارەیان کەسایەتی و گەورەیی قاسملوویان کردۆتە ئامانج و لە هه موو مێتۆدەکان  و ئامرازەکانی جۆراوجۆر کەڵک وەر دەگرن.

لەو پرۆسەیە دا، پیویست ناکات ریژیم خۆی راستەوخۆ جێ بە جێ کاری ئەو پیلانە بێت و زۆرتر هه وڵ دەدا لە عاملی کورد بە لابی سازی لە نێو جەرەیاناتی سیاسی و بە ساپۆرت کردنی مادد ی و مەعنەوی لەو شوێنانە کە ئیمکانی عەمەلی بوونی زۆرترە ، هه وڵ دەدەن کە ئەو پیلانە خائینانەیە بە کورد بە ئەنجام بگەێنن.

٢- چەپی تووند ڕەوی کورد و کێشه یە کی مێژوویی لە گەڵ قاسملوو

کاتێک دکتۆر قاسملوو ئاگاداری شێوەی حوکمڕانی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانی بلۆکی شەرق بوو و بۆی دەر کەوت کە ئەو شێوازە حوکمڕانیە ناتوانێت وەڵام دەری ویستە ئینسانی و نەتەوەییە کانی گەلان و بە تایبەت گەلی کورد بێت. بە هاتنەوەی بۆ نێو حیزب و وەدەست گرتنی جڵەوی ڕێبەرایەتی حیزب ، هه وڵی  زۆری دا نفووزی فکری و سیاسی و تەشکیلاتی  حیزبی توودە لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان  دا کەم بکاتەوە ، هه ربەو هۆیەوە زۆر زوو کەوتە بەر تانە و تەشەر وپیلانگێڕی چەپە دوگماتیستەکانی کورد و دەست وپێوەندەکانی حیزبی توودە لە نێو حیزب و تاوانبار کردنی بە خیانەت کردن بە ئامانجەکانی سۆسیالیسمی مەوجوود و خۆش خزمەتی کردن بە ئیمپریالیسم.ئەو هێرش و تانە وتۆمەتانە تا کاتی شەهید بوونی دکتۆر قاسملووش هه ر بەر دەوام بوون .

لەو چەند ساڵەی ڕابردوو کە خەڵکی کوردستان سالانە لە یادی شەهید بوونی دا ، رێز دەگرن لە یاد و خەباتی کاک دکتۆر دەبینین کە دیسان ، هەمان تانەو تۆمەتەکان دەستیان پێ کردۆتەوە و ئەمجارەیان بە شیددەت و هیددەتێکی زۆرتر و زیاتر.

٣-  بەرەی یەکگرتووی  پاشماوەکانی تاقمی حەوت کەسی و جەرەیانی دابراو لە دوای کۆنگرەی هه شت

لە ئاکامی خەبات و لێزانی و کارزانی و سیاسەتی ژیرانەی قاسملووی رێبەر دا، هه ر بە ماوەیەکی زۆر کەم  ئەو کەسانەی بە لووت بەرزی و غرورێکی کازب و بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە تاقمی حەوت کەسی و موجاهیدینی رەجەوەی لە دابڕاوانی کۆنگرەی هه شت ،دیتمان کە چۆن زەلیلانە و لە نە هایەتی تێک شکان لە باری سیاسی و تەشکیلاتی و تەنانەت ئابووریەوە  گەڕانەوە نێوە ریزه کانی حیزبێک کە رۆژانێک  هه ڵوێستی جوودابوونەوەی خۆیان بە هه ڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە دەزانی و شانازیشیان پێوە دەکرد.ئەگەر چی ئێستاشی لە گەڵ بێت  ئەو پرسیارەیان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت ئەو ئەندام و لایەنگرانەی خۆشیان بێ وەڵام هێشتۆتەوە کە ئەگەر جودا بوونەوە لە حیزبێکی وەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، هه ڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بوو ، ئەی هاتنەوە نێو ئەو حیزبە ،ئەویش بە بێ هێچ ئاڵ و گۆڕێک لە سیاسەت و پێڕەو پرۆگرامی ئەو حیزبە نێوی دەبێتە چێ؟ تەسلیم بوون یان شکست هێنانی پرۆسەی ئینشعاب؟ یان لە مەیدان نەمانی قاسملوو و شەرەفکەندی؟

ئەو تاقمەش ،دوای هاتنەوەیان بۆ نێو حیزب لە گەڵ ئەوەی هیچ کات ، نەیان توانی خۆیان بەوە قانع بکەن کە  شەهیدان قاسملوو و شەرەفکەندی  وەک رێبەری خۆیان قەبووڵ بکەن ، بەڵام بە هۆی ئەوە کە دەیان زانی خۆشەویستی قاسملوو تا چ ڕاددەیەکە بە تایبەتی لە نێو بەدەنەی حیزب دا ، بە ناچار بێ دەنگ ببون و نەیان دەوێرا هێج کارێکی   بە کردەوە لە دژی ئەو گەورە پیاوانە ئەنجام بدەن  جگە لەیەک دوو هه وڵی شکست خواردوو ، وەکی فشار هێنان بۆ بەرێز عبدللە حسن زادە لە مەڕ لابردنی وێنەی شەهیدان قاسملوو و شەرەفکەندی لە شوێنە رەسمیەکانی حیزب کە بە داخەوە جەنابی مامۆستاش بە هۆی مەسایلی جیناحی و باندو باند  بازی ئەو کاتی نێو حیزب  ، مەجبوور بە قەبووڵی ئەو پێشنیارە خائینانەیە بوو کە بە خۆشیەوە لە گەڵ دژ کردەوەی زۆربەی هه رە زۆری بەدەنەی حیزب تەنانەت لە نێو جیناحەکەی خۆشیان بەرەوڕوو بونەوە و جارێکی دیکەش لە هه مبەر قاسملوو و گەورەیی ئەو دا وادار بە قەوبووڵی شکست بوون .

لە دوای دابڕانی کۆنگرەی سێزدەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەویش ئیئتلافێکی نا موبارەک  بوو لە پاشماەکانی تاقمی حەوت کەسی، جەرەیانی  ئینشعابی دوای کۆنگرەی هه شت ، هیندێک کەسی نزیک لە رێفۆرمیستەکانی کوردی نێو خۆ و ئەڵبەتە جەمعێکیش لە کەسانی ناوەند گەرای و بەعزەنیش دڵسۆز. بە چاو لێکردن لە پێک هاتەی ئەو جەرەیانە ، بە روونی دەر دەکەوێت کەخەتە فکریەکان بە چ ئاراستەیەک دان و  هه ڵوێستیان بەرامبەر بە شه هیدان قاسملوو و شەرەفکەندی چۆن دەبێت ، بەڵام لە بەر ئەوەی بە سەلاحی خۆیان و تەشکیلاتەکەیان نە دەزانی بە ئاشکرا بیروو بۆ چوونی خۆیان بەیان بکەن ، سیاسەتی تەقیە واری مەلایانەیان ڕەچاو کرد و بێ دەنگیان هه ڵبژارد.

ئەو جەمعەش کاتێک دەبینن کەبە پێچەوانەی لێکدانەوەکانیان ، شەهید بوون و نەمانی فیزیکی دکتۆر قاسملوو نە تەنیا نەی توانی  قاسملوو لە یادەکان لە بیر بباتەوە بەڵکوو رۆژ لە دوای رۆژ ، خۆشەویستی قاسملوو ونێو و یادی قاسملوو لە نێو خەڵکی کوردستان لە حاڵی زیاد بوون دایە ، ترس سەراپای وجوودی داگرتن  بۆیە وە خۆ کەوتوون لە رێگای  دەست و پێوەندیەکانیان لە دەرەوە و نێوەوەی وەڵات و بە دەمامکی رێبەر تەنیا پێشەوایە  لە حاڵی داڕشتنی سناریۆەیەک دان کە ساڵانێکە کاری بۆ دەکەن.سناریۆیەک کە لەو دا لە لایەک وا نیشان دەدرێت کە رێبەری کورد بەس شەهید پێشەوا قازی موحەممەدە و هه ر کەس باسی قاسملوو بکات ئەوە بە مانای رەد کردنەوەت پێشەواو دژایەتی کردنی ئەو مرۆڤە بەرزەی مێژووی کوردایەتیه لە حاڵێک دا هیچ کات شەهید دکتۆر قاسملوو نوقتەی موقابلی پێشەوا نەبووە ەو خۆی بە رێبواری رێگای پێشەوا زانیوە.

لایەنی دیکەی ئەو سیناریۆیە ئەوەیە کە دەیان هه وێت لە سەنگەری پشتیوانی لە ئەحمەد تۆفیق و دانانی وێنەی ئەو کەسە لە تەنیشت وێنەی رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات ئەویش لە حاڵێک دا کە خوودی بە رێز عبدللە حسن زادە لە کتێبی پەنجا ساڵ خەبات لە پێناوای ئازادی دا دەڵێت کە ناوبراو بە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی لە ریزەکانی حیزب دەر کراوە . بە بەر جەستە کردنەوەی نێوی ئەو کەسە و وورروژاندنی مەسەلەی کوژرانی ،  کە گۆیا  ئەوە بە پیلانی دکتۆر قاسملوو ئەنجام دراوە و کوژراوە . ئەوەش لە حاڵێک دایە کە هه موو کەس دەزانی کە ئەحمەد تۆفیق بە هۆی  پشتیوانی و تەنانەت  گۆڕینی نێوی رۆژنامەی کوردستان ، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب بە  رۆژنماەی بارزان  ، لە مێژ بو کەوتبۆ بەر رق  وغە زەبی دەوڵەتی مەرکەزی عێڕاق کە لە شەڕێکی درێژ ماوە دابوو لە گەڵ بارزنی دا  ،شتێکی زۆر سروشتی بوو کە ئەگەر بکەوێتە بەر دەستیان وا بە ئاسانی لێی خۆش نابن .

ئەوانە وزۆر مێتۆدی دیکە کە بە کاری دەبەن بە مەبەستی  شکاندنی کەسایەتی وئیعتبار و خۆشەویستی ئەو پیاوە ناودارەی کورد و لە ئاخریش دا ڕژاندنی ڕق و بوغزی تێک شکان و هه ست بە کەمی کردن لە بەرامبەر شەهید دکتۆر قاسملوو ئەویش بە دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە نەمانی  دا.

٤- ئیسلاحخوازانی حکوومەتی  کورد لە نیو خۆی کوردستان

هه موو ئەو کەسانەی کە ئاگادری رەوتی رروداوەکانی دوای سەرکەوتنی شؤڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری نیزامی ئیسلامین ، باش دەبێ ئاگاداری ئەوە بن کە کورد بە گشتی و شەهید دکتۆر قاسملوو بە تایبەتی ، چەندە  بە تامەزرۆییەوە وچەندە بە مەسوولیەتەوە هه وڵی ئەوەیان داوە کە کێشەی کوردستان لە رێگای ئاشتیخوازانەوە چارە سەر بکەن و تەنانەت کورد لە هه ڵبژاردنەکانیش بەشداری دەکرد و شەخسی دکتۆر قاسملووش وەک نوێنەری کوردستان لە مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری هه ڵبژێردرابوو.ئەوانە هه موو نیشان دەری ئەوەن کە کورد هیچ کات لە هه وڵی شەڕ و ئاژاوە دا نەبووە و هه تا فەرمانی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستان نە درا و لە شکەریانی جەهل و نەزانی دەستیان نەدایە قەتڵ و عامی خەڵکی گوندەکانی کوردستان، دکتۆر قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  هه ر پێ دا گر بوون لە سەر شەر نە کردن و چارەسەر کردنی ئاشتیانە کێشەی کورد، بەڵام کاتێک دووژمن هاتووە و لێبڕاوە بۆ کوشتن و تاڵان و وێرانی، چ رێگایەکی دیکە لە بەر دەم دکتۆر قاسملوو دا دەبوو ، جگە لە بڕیاری بەرگری چەکدارانە  یا تەسلیم بوونی بێ قەید و شەرت بە دووژمنی هار.

بە داخەوە لەو ساڵانە دا ، دەبینین کە کەسانێکی نزیک لەو ئیسلاحخوازانەی حکوومەتی ، هاو ئاهنەگ لە گەڵ باقی جەرەیانەکانی دیکە ، لە هه وڵی ئەوە دان کە تاوانی هه ڵایساندنی شە ڕی کوردستان باوێنە ئەستۆی شەهید دکتۆر قاسملوو و حیزبی دێمۆکرات و کۆماری ئیسلامی وجنایەتەکانی لە کوردستان  موبەڕڕا بکەن . باشترین نموونە بۆ ئەو پیلانە نوسینەکان و لێدوانەکانی دکتۆر ئەبریشەمی بێت کە نە تەنیا هه وڵ دەدات تاوانی شە ڕ باوێتە سەر دکتۆر قاسملوو و حیزبی دێموکرات ، بەڵکوو دەی هه وێت کە حیزب و شەهید قاسملووش بە عاملی رێژیمی بەعس بداتە قەڵەم کە لە ژێر تەئسیر و نفووزی حیزبی بەعس شەڕیان لە کوردستان دا وەرێ خستووە و بەم چەشنە خۆش خزمەتیەکی بە بەو پیلان وپرۆسەی درێژ خایەنەی ژووری فکری وەزارەتی ئیتلاعات کردبێت .جا ڕەنگە ئاگاهانە ویا نائاگاهانە.

نوقتەی ئیشتراکی ئەو چوار جەرەیانە

ئەو چەند جەرەیانە کە لە سەرەوەئیشاڕەم پێ کردوون ،  لە زۆر باورەوە لە یەکتری دوورن و زۆر جاریش رەنگە نوقتەی موقابلی یەکتریش بن ، بەڵام گشتیان لە یەک مەسەلە دا هاوبەرژەوەندی و هاو فکرن ، ئەویش لێدانی تیشە لە ریشەی فکر و ئەندێشە و لە نەهایەت دا رێبازی پڕ لە شانازی  قاسملوویە. رێبازێک کە ئەمڕۆ سنورە حیزبیەکانی تێ پەڕاندووە و بۆتە سەمبوول و هێمای مەزلوومیەت و شوناس وئاشتیخواز بوونی نەتەوەیەک، رێبازێک کە لە سەر ئەساسی لێهاتوویی و لێزانی و ئەخلاق و ئوسوولی شۆڕشگێڕێ دامەزراوە ، رێبازێک کە ئەمڕۆ لاوانی نەسلێ نوێ کە لە دوای شەهید بوونی قاسملوو لە دایک بوونە بە شانازیەوە  خۆیان بە رێبواری رێگای ئەو دەزانن.

ئەو چوار جەرەیانەی کە  باس کران ،کە رەنگە لایەنی دیکەش هه بن کە لە خزمەتی ئەو پیلانەی کۆماری ئیسلامی دابن ،لێبڕاون بە هه ر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت چ لە رێگای نووسراوەکانیان لە سایەتەکان وبڵاو کراوە گشتیەکان ، لە سمینار و مەراسمەکان و بە گشتی لە هه ر دەرفەتێک کەڵک وەر دەگیرێت بۆ ئەوەی کەسایەتی قاسملوو بشکێنن ،بۆ ئەوە ی ئەو چەکە بە هێزەی کە لە دەستی لاوانی کوردستان دایە  لە دەستی دەر بێنن ، بۆ ئەوەی کە  بە شکاندنی کەسایەتی قاسملوو ، ئەو رێبازە پیرۆزەش لە بایەخ  ئیعتباری کەم بکەنەوە و نەسلی تازە و لاوانی خوێن گەرمی کورد  لە یادی قاسملوو ، لە هزر و فکری قاسملوو ،لە ئەندێشە و رێبازی قسملوو ،دوور بکەنەوە. لە بەر  ئەوەی  باش دەزانن کە هه تا نێو و یاد و رێبازی قاسملوو هه ر وا لە نێو دلێ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان مابێت و هه تا درووشمی قاسملوو ،قاسملوو ڕێگات درێژەی هه یە  ، درووشمی سەرەکی لاوانی خەبات گێڕی کوردستان بێت ، بێ گوومان هیچ عەرسە و مەیدانێک بۆ مانۆڕ دانی ئەوان نامێنتەوە و قسەیەکی تازتر لە قسەکان و سیاسەتەکان و بەرنامەکانی قاسملوو پێ نابێت ، هه ر وەکی تەنانەت خودی حیزبەکەی دکتۆر قاسملووش دوای بیست و دوو ساڵ لە شەهید بوونی  ، نەی توانیوە شتێکی تازە تر لە سیاسەت و بەرنامە کانی ئەو رێبەرە کاریزمایە بدەنە دەرە. چوونکە قاسملوو لەو رێبەرو نووخبانە بوو کە دەیان ساڵ لە پێش زەمانی خۆیان بوون.

بەرگری لە قاسملوو، ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی

لە گەڵ ئەوەی دکتۆر قاسملوو خۆشەویستی گەلەکەی خۆیەتی و ناحەزانی ئەو  جێگایەکیان لە نێو دڵی خەڵکی د انابێتەوە ، بەڵام بەو حاڵەش پێویستە لە سەر گشت ئەو کەسانەی کە رێزیان هه یە بۆ خەبات و تێکۆشانی شەهیدانی رێگای ئازادی و لە سەرووی هه موویانەوە دکتۆر قاسملوو ، کە بە مەبەستی لەقاو دانی ئەو پرۆسە هاوبەشەی  ناحەزانی رێبازی قاسملوو بکەونە خۆ و هه ر کەس بە  گوێرەی توانای خۆی لایەنەکانی دیکەی ئەو پرۆسەیە شی بکەنەوە .

با لێرە دا رەخنەیەکی جیددشم هه بێت لە رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئامادەیە بۆ هه موو شتێکی بچووک،  هه ڵوێست دەگرێت و راگەیاندراوێکی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی لە سەر بڵاو بکاتەوە ، ، لێی حاڵی نابم و تێ ناگەم  ونازانم بۆ چی لە ئاست ئەو هه موو بێ ڕێزی و هێرشانە کە دەکرێتە سەر شەهید دکتۆر قاسملوو ئاوا مات و بێ دەنگە ؟ ئەوەش لە حاڵێك دایە کە خۆیان پێ رێبواری راستەقینەو میرات گری رێبازی قاسملوویە کە بە حەقیش هه ر وایە ، هه ر بۆیە ئەرک و مەسوولیەتی حیزب لە بەرگری کردن و خاوەندارێتی کردن لە قاسملوو بەر لە هه موو کەس و لایەنێک لە سەر شانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

فەرشید شنۆیی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی