ئاسۆ ساڵه‌ح: خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا پاش شه‌ڕی 8 ساڵه , و پاش 8 ساڵ له سه‌رده‌می ڕه‌فسه‌نجانی، تووشی ئهفسۆردگیهک هاتبوون و پێویستیان به ڕێگه‌یه‌ک هه‌بوو که له‌وم باروودۆخه نه‌جاتیان بێت. بۆیه ڕێفۆرم ئه‌گه‌ر چی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام خواستی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگاش بوو.
ئاسۆ ساڵه‌ح: سه‌رده‌می ئیسلاحات، سه‌رده‌می “بوون و نه‌بوون” بوو، واته رێکخراوه‌کان، فراکسیۆنه‌کان، سه‌ندیکاکان و هتد بوونیان هه‌بوو، به‌ڵام هیچ کاریگه‌ریێکیان نه‌بوو
ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
__________________________________________________________________
ئاماژه: پاش سێ ده‌یه تێپه‌رین به‌سه‌ر شۆرشی 57، سیستمێکی دیموکراتیک له ئێران نه‌هاته ئاراوه، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلاحات و زۆر گۆرانکاریی دیکه هاته ئاراوه که مودیرییه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری کۆماری ئیسلامیی ئیرانی به‌ره‌و قه‌یران برد، ئه‌م وتوێژه تیشک ده‌خاته سه‌ر کاریگه‌رییه‌کانی گۆرانکارییه‌کانی ناو سیستمی ئێران، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلاحات و دۆزی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
پ ـ سه‌ره‌تا بۆ چوونه نێو باسه‌که‌مانه‌وه، به پرسیارێکی گشتگیره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م، پاش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی 57، سیستمێکی دێموکراتیک له ئیران‌دا دانه‌مه‌زرا و ئێران له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی دا رووبه‌رووی قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی خۆی له سێ ئاستی مودیرییه‌تی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بووه‌ته‌وه، به‌گشتی ساختاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران چۆن ده‌بینن؟
پێکهاته‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر وڵاتێک کاریگه‌ریان له سه‌ر یه‌کتر هه‌یه. واته ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵگایه‌ک پرۆسه‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن به‌ره‌و پێش چووبێت و کولتوری دیمۆکراسی و ئازادی هه‌بێت، مه‌حاڵه له‌و وڵاته سیستێمێکی دیکتاتۆر بتوانێت بوونی هه‌بێت. ئه‌مه‌وێ بگه‌مه ئه‌و ئاکامه‌ی که ئه‌گه‌ر له ئێران زۆرتر له سێ ده‌یه‌یه سیستێمێکی توتالیته‌ر و دیکتاتۆر حاکمه، هێشتا له نێو کۆمه‌ڵگای ئێرانی کولتوری دیمۆکراسی و ئازادی زۆر لاوازه. بۆ وێنه له بواری ژنان، مه‌سه‌له‌ی ئازاد و سه‌به‌خۆ ژیان کردنی ژن، کارکردنی ژن و ته‌نانه‌ت ده‌رس خوێندنی ژن هێشتا کێشه‌یه له نێو زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌کان. له وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌ک، به دڵنیایه‌وه بزوتنه‌وه‌ی ژنان ناتوانێت زۆر سه‌رکه‌وتن به ده‌س بێنێت، چوون هێشتا نه‌بۆته “ده‌غده‌غه” له نێو کۆمه‌ڵگا، بۆیه ده‌سه‌ڵاتیش به‌ره‌و دانی مافی ژنان هه‌نگاو نانێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جۆره ڕوانینه قه‌د به مانای سڕینه‌وه‌ی که‌م و کوڕیه‌کانی ده‌سه‌ڵات نیه. چوون زاتی به‌شه‌ر ئاوایه که به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت. له سیستێمێکی ئیدئۆلۆژیکی توتالیته‌ر وه‌ک کۆماری ئیسلامی، بۆ ئه‌م به‌ره‌و پێش چوونه له‌مپه‌ر دروست ده‌بێت. واته ساختارێکی بوونی هه‌یه که ته‌عریف بووه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ساختاره هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ک یا هیچ هزرێک و بیریک، ئیزنی هه‌بوونی پێ نادرێ. ئه‌م سیسته‌مه ئه‌بێته هۆی به‌ره‌و پاش چوونی کۆمه‌ڵگا و نه‌بوون یا لاواز بوونی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. به‌ڵام فاکته‌رێک که زۆر گرینگه که‌م ناوه‌دا “خواستی ئازادی” و “بایه‌خی ئازادی”ه که له نێو کۆمه‌ڵگای ئێران بوونی هه‌یه. هه‌ر ئه‌م خواسته‌یه که ئه‌بێته هۆی سهرهڵندانی ناڕه‌زایه‌تی له به‌رانبه‌ر سیستم و ده‌سه‌ڵات.
پ ـ وڵاتی ئێران و کوردستان به‌تایبه‌تی به‌دوای شۆڕشی 57 و ده‌یه‌ی شه‌ست، به سهختتریتین بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕی پاش ئه‌و فه‌زایه ره‌وتی رێفۆرم که به 2ی جۆزه‌ردان ناوبانگی ده‌رکرد سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ستێنه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی رێفۆرم له ئێران چ بوون؟
به‌ڕای من چه‌ند فاکته‌ر له سه‌ر سه‌رهڵدانی ڕه‌وتی ڕیفۆرم کاریگه‌ریان هه‌بوو:
– یه‌که‌م فاکته‌ر “هه‌بوون”ی بیری ڕێفۆرمخوازی له نێو به‌شیک له سیسته‌می حاکمی کۆماری ئیسلامی بوو. ئه‌گه‌ر بڕوانینه سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی، هه‌ر له دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کاتی، پاشان کێشه‌ی نێوان سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رۆک کۆمار و تا ده‌گاته ئه‌و بڕیارانه‌ی که له سه‌رده‌می شه‌ڕ ده‌دران و جووڵانه‌وی ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ گیراوانی سیاسی، هه‌موو کات ململانه‌یه‌ک له نێوان دوو باڵی ده‌سه‌ڵات له ئێران بوونیان هه‌بووه. له سه‌رده‌می “خۆمه‌ینی” ڕه‌وتی ڕێفۆرم نه‌یده‌توانی ده‌سه‌ڵاتی بگرێته ده‌س، هه‌م به هۆی نزیک بوونی باڵی به‌رانبه‌ر به خۆمه‌ینی، و هه‌م به هۆی بارودۆخی زۆر ناله‌باری وڵات پاش شۆڕشی 57 و پاشان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق و شه‌ڕ له کوردستان. بۆیه هه‌موو کات باڵی به‌رانبه‌ر به ڕێفۆرمخوازان (که سه‌رده‌مێک به ناو باڵی ڕاست پاشان باڵی مۆحافێزهکار و ئێستا به ناو ئۆسوولگه‌را ده‌ناسرێن) ده‌سه‌ڵات و مۆدیریه‌تی که‌لانی وڵاتیان به ده‌سته‌وه بوو.
– پاش ته‌واو بوونی شهر و مه‌رگی خۆمه‌ینی، باڵێک له نێوان دوو باڵی “چه‌پ و ڕاست” دروست بوو که ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوو بۆ سه‌رکه‌وتنی خاته‌می له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری. باڵێک که “تێکنۆکرات” بوون و یه‌که‌مین حیزبی “ڕه‌سمی” و “جیددی” (جگه له حیزبی کۆماری ئیسلامی!) پاش شۆڕشی 57 بوون، واته “حیزبی کارگۆزارانی سازه‌ندگی”. ئه‌م ته‌یفه تێکنۆکراته، به هۆی بوونی مۆرێکی به هێز وه‌ک “هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی” له نێو خۆیاندا، توانیان به‌شێک له مۆدیریه‌تی وڵات بگرنه ده‌سته‌وه. جێ وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه که پاش مه‌رگی خۆمه‌ینی، خامنه‌یی وه‌کوو “وه‌لی فهقیقه” هه‌ڵبژێردرا و ڕه‌فسه‌نجانی بووه سه‌رۆک کۆمار. به‌ڵام له هه‌شت ساڵی سه‌رۆک کۆماری ڕه‌فسه‌نجانی، ده‌سه‌ڵاتی ڕێبه‌ر زۆرتر و زۆرتر ده‌بوو. ئه‌مه بووه هۆی جیابوونه‌وه‌ی زۆرتری نێوان دوو که‌سایه‌تی مه‌تره‌ح، یان دوو به‌ره که له پشت ئه‌م دوو که‌سه بوون، واته خامنه‌یی و ڕه‌فسه‌نجانی. ئه‌مه‌ش ئاکامه‌که‌ی بووه هۆی ڕێگه باز کردنی ده‌زگای سه‌رۆک کۆماری (ده‌زگای ئیجرایی) بۆ ڕێفۆرمخوازه‌کان له هه‌ڵبژراندنی سه‌رۆک کۆماری 2ی جۆزه‌ردانی 76.
– له بواری نێونه‌توه‌یی دا، ڕه‌وایی کۆماری ئیسلامی هه‌رڕۆژه و که‌متر ده‌بووه‌وه، به تایبه‌ت پاش ڕاگه‌یاندنی بڕیاری دادگای میکونوس. بۆیه کۆماری ئیسلامی پێویستی هه‌بوو به که‌سێک که له بواری نێونه‌ته‌وه‌یی بتوانێت ڕوویه‌کی باشتر له کۆماری ئیسلامی ئێران پیشان بدات. ئه‌گه‌ر بڕوانینه دروشمه‌کانی خاته‌می پێش هه‌ڵبژاردن و ماوه‌یه‌کی کورت پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری، ده‌بینین که جگه له باسی ناوخۆیی، هه‌ندێ باس له بوایی نێونه‌ته‌ویی و سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ئێران مه‌تره‌ح ده‌کا، که له ژیانی کۆماری ئیسلامی بێ وێنه بوو. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیشی به‌زاندنی ساختار و چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی بوو. ئه‌مه له حاڵێکدایه که هه‌موو کات سیاسه‌تی ده‌ره‌کی له کۆماری ئیسلامی ئێران له ده‌س ڕێبه‌ری ئایینی ئه‌م وڵاته بووه، بۆیه له‌م ڕوانگه‌یه‌کی زۆر خۆشبینانه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئاکامه‌ی که ده‌ربڕینی ئه‌م دروشمانه به ده‌س رێفۆرمخوازه‌کان، ته‌نیا به ئیزنی باڵی حاکم بووه بۆ دروست کردنه‌وه‌ی سیمای کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕووی ده‌ره‌وه.
پ ـ ئایا رێفۆرم گۆڕانێک بوو له مودیرییه‌تی سیاسی ئێران دا، یان پێویستییه‌ک بوو بۆ خه‌ڵکی ئێران؟
ڕێفۆرم، گۆڕاننێکی درێژخایه‌نی له مۆدیریه‌تی سیاسی ئێران پێک نه‌هێنا، ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت و له ئاستی چه‌ند وه‌زیر مایه‌وه. بۆ وێنه وه‌زاره‌تی کورت خایه‌نی “مۆهاجێرانی” له وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئێرشادی ئیسلامی. له‌و ماوه کورته دا چه‌ند فیلم که پێشتر ئیزینی بڵاو بوونه‌وه‌یان وه‌ر نه‌گرتبوو، بڵاو کرانه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ندین کتێب و به‌رهه‌می هونه‌ری. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ماوه‌یه‌کی کورت بوو و مۆدیریه‌تی که‌لانی وڵات ته‌حه‌مۆلی ئه‌وه‌ی نه‌کرد، بۆیه به زووترین کات ناوبراو ئێستیزاح کرا و له کار لابرا. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی خه‌ڵکه‌وه، به دڵنیایه‌وه رێفۆرم پێویستیه‌ک بوو. ئه‌و دروشمانه‌ی که خاته‌می له سه‌ر ئازادی به‌یان ده‌ڕی ئه‌برێن، بووه هۆی ئه‌و ژماره ده‌نگه زۆره که پێی درا. خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا پاش شه‌ڕی 8 ساڵه و پاش 8 ساڵ له سه‌رده‌می ڕه‌فسه‌نجانی، تووشی ئهفسۆردگیهک هاتبوون و پێویستیان به ڕێگه‌یه‌ک هه‌بوو که له‌وم باروودۆخه نه‌جاتیان بێت. بۆیه ڕێفۆرم ئه‌گه‌ر چی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام خواستی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگاش بوو.
پ ـ رێفۆرمخوازانی ده‌وڵه‌تی، یه‌کێک له دروشمه سه‌ره‌کییه‌کانیان، جۆراوجۆری فه‌رهه‌نگی و قه‌ومی و هاوپێوه‌ندی و پێکه‌وه ژیانی هه‌موو ئه‌م فه‌رهه‌نگه جیاوازانه بوو. ئه‌م دروشمه بۆ کورد چ په‌یامێکی هه‌بوو و چ ره‌وتێکی له ناو کوردستاندا دروست کرد؟
له ئاستی تێئۆری و له ئاستی عه‌مه‌لی، ڕیفۆرمخوازان هه‌ندێ که‌سایه‌تی به توانایان له‌گه‌ڵ بوو. ئه‌وان کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیان تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ست پێ کردبوو، بۆیه له پاڵ دروشمی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ئاماژه‌شیان به کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌یه، ئامه‌ژه‌یه‌کی سه‌قه‌ت بوو. واته له ئاستی هه‌ندێ مافی سه‌ره‌تایی فه‌رهه‌نگی و له ئاستی دروشمی پێکه‌وه ژیان مایه‌وه. هه‌ڵبه‌ت له کرده‌وه‌ش دا هه‌وڵیان ده‌دا که مۆدیریه‌تی ئۆستانی، بدرێته ده‌س که‌سانی بوومی. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، چوون ئه‌و که‌سانه که هه‌ڵده‌بژێردران هیچ جۆره پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیان له ناو خه‌ڵک نه‌بوو. له ئاستی سیاسیش، ئه‌م درووشمه بووه هۆی پێک هێنانی رێفۆرمخوازی بۆ وێنه له کوردستان، واته ئه‌وان ویستیان که دروشمی ڕیفۆرم، لۆکالیزه بکه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌م جۆره لۆکاڵیزه کردنه‌وه له به چه‌ند هۆ تووشی شکه‌ست هات: 1- له ئاستی که‌سایه‌تی، واته ئه‌وانه که دروشم هه‌ڵگری رێفۆرم له کوردستان بوون هه‌ندێ که‌سایه‌تیان تێدابوو که به هۆی مێژویان، له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه قه‌بوول نه‌ده‌کران. 2- له ئاستی ده‌سه‌ڵات، واته ئه‌گه‌رچی رێفۆرمخوازان له کوردستان هه‌بوون، به‌ڵام هیچ جۆره دهساڵتێکی سیاسیان (که بتوانن رێفۆرمێک پێک بێنن) نه‌بوو. ئه‌وان ئه‌گه‌ر مۆدیریهتێکیشیان به‌ده‌سته‌وه بوو، به‌ڵام مۆدیریهتێکی ئێجرایی که توانای ئه‌نجامدانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، نه‌بوو. 3- ره‌وشی تایبه‌تی کوردستان که ئۆرگانه ئه‌منیه‌تیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه هه‌یه، گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتی ئێجرایی وڵات، ناتوانێ گۆڕان له کوردستان دروست بکات.4- نه‌بوونی هیچ جۆری پرۆژه‌یه‌کی کۆنکرێت له ده‌ست ڕێفۆرمخوازانی کورد. 5- پێوه‌ندی عه‌موودی رێفۆرمخوازان له ئاستی مه‌رکه‌ز (تاران) و رێفۆرمخوازان له کوردستان، واته هه‌ر جۆره حه‌ره‌که‌تێک پێویست بوو که له مه‌رکه‌ز په‌سه‌ند بکرێت.
5ـ پێگه‌ی کورد و مشارکه‌تی سیاسی کورده‌کان پاش ئه‌و دۆخه‌ی که کوردستانی تێدا بوو و ئه‌و فه‌زا ئه‌منییه‌تی و نیزامییه که له کوردستاندا هه‌بوو. له ده‌وره‌ی ئیسلاحاتی ده‌وڵه‌تیدا چۆن بوو؟
جه‌وی کوردستان گۆڕانکاریه‌کی ئه‌وتۆی له سه‌رده‌می ئیسلاحات به خۆیه‌وه نه‌بینی. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه سیاسی و ئه‌منیه‌تیه‌کان له کوردستان. واته ئه‌گه‌رچی بۆ وێنه هه‌ندێ NGO و رێکخراوه‌ی مه‌ده‌نی پێک هاتن، به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی ئیمکان بۆ چالاکی، نه‌یانده‌توانی چالاک بن. ئه‌وان “بوونیان هه‌بوو” به‌ڵام به هۆی جه‌وی ئه‌منیه‌تی کوردستان و نه‌بوونی ئیمکاناتی مادی، نه‌یانده‌توانی کاریگه‌ر بن. هه‌ڵبه‌ت له‌و ده‌وره هه‌ندێ حه‌وته‌نامه‌ی کوردی/فارسی پێک هاتن، به‌ڵام ته‌مه‌نیان زۆر که‌م بوو. له بیرمان نه‌چی هه‌ر له سه‌رده‌می رێفۆرمخوازان بوو که کوشتاری شاره‌کانی مه‌هاباد، سه‌قز و سنه پێک هات، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه بوو که چه‌ند رۆژنامه‌وانی کورد گیران، هه‌ندێکیشیان تووشی سزای قورس بوونه‌وه. بۆیه ئیسلاحات و رێفۆرمخوازان نه‌یانتوانی گۆڕانێکی مه‌حسوس له جه‌وی ئه‌منیه‌تی کوردستان پێک بێنن.
پ ـ قۆناغی ئیسڵاحات زۆر له لێکۆڵه‌رانی سیاسی له‌و باوه‌ره‌دان که فه‌زایه‌ک ره‌خسا بۆ کورد که له زۆر بواره‌وه بێته گۆڕه‌پانه‌که‌وه، یه‌ک له‌وان دروستبوونی فراکسیۆنی کورد له مه‌جلیسدا بوو، کارکرد و ده‌سکه‌وته‌کانی فراکسیۆنی کورد له هه‌مبه‌ر پرسی کورد له ئێران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
فراکسیۆنی نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلس ڕاسته‌وخۆ به‌رهه‌می رێفۆرمخوازان نه‌بوو، چوون ئه‌گه‌ر چاو له پێکهاته‌ی ئه‌م فراکسیۆنی بکه‌ین، ده‌بینین که نوێنه‌ری کوردیشی تێدابوو که رێفۆرمخواز نه‌بوون، ته‌رکیبی ئێستاشی هه‌ر وایه. به‌ڵام به ڕای من، ئه‌م فراکسیۆنه نه‌یتوانی سه‌رکه‌وتوو بێت. چون ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش وه‌کوو به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی سیسته‌می کۆماری ئیسلامی تووشی ده‌ورێکی باتڵ بوو و هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێکی پێ نه‌درا. بۆ وێنه خوێندکارانی کورد له‌و سه‌رده‌مه، داوای دروست کردنی “یه‌کیتی دیمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد”یان دا به کۆمیسیۆنی ماده 10ی ئه‌حزاب، فراکسیۆنی نوێنه‌رانی کوردیشیان له‌و باره ئاگادار کرده‌وه، به‌ڵام فراکسیۆن قه‌د نه‌یتوانی له سه‌ر په‌سه‌ند کردنی ئه‌و یه‌کیه‌تیه کاریگه‌ری هه‌بێت. له مهورێدێکی دیکه، له سه‌ر په‌سه‌ند کردنی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له زانکۆی کوردستانی شاری سنه، فراکسیۆن قه‌د نه‌یتوانی کایگه‌ر بێت، بۆیه تا ئێستاش ئه‌و وانه‌یه بۆنی نیه. بۆیه سه‌رده‌می ئیسلاحات، سه‌رده‌می “بوون و نه‌بوون” بوو، واته رێکخراوه‌کان، فراکسیۆنه‌کان، سه‌ندیکاکان و هتد بوونیان هه‌بوو، به‌ڵام هیچ کاریگه‌ریێکیان نه‌بوو.
پ ـ بۆ ئه‌و هه‌وڵانه به ئه‌نجامێکی گشتگیر له گۆره‌پانی سیاسی ئێران‌دا نه‌گه‌یشت و کورد هه‌میسان میلیتاریزه و ئه‌منییه‌تییه؟
کێشه‌ی کورد له ئێران له‌گه‌ڵ گۆڕانی ده‌زگای ئیجرایی (واته سه‌رۆک کۆمار و پارێزگار و چه‌ند مۆدیر) چاره‌سه‌ر نابێت، کێشه‌ی کورد له ئێران کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێرانه و کێشه‌ی بوونی جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌که که ته‌نانه‌ت له به‌شێکی به‌رچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه. بۆیه له سه‌رده‌می ئیسلاحاتیشدا ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ هه‌وڵ هه‌بوون، به‌ڵام ڕوانین بۆ کوردستان، هه‌ر ئه‌و ڕوانینه ئه‌منیه‌تیه بوو. بۆ وێنه له کوشتاری شاری سنه، پارێزگار عه‌بدۆڵڵا ڕه‌مه‌زان زاده بوو، که‌سێک که وه‌کوو رێفۆرمخوازێک پاش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی 88 ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه کرا. مۆعاوێنی سیاسی ئینتێزامی ئه‌و، به‌هرام نه‌سرۆڵڵاهی زاده بوو که ئه‌ویش یه‌کێ له رێفۆرمخوازانی به‌رچاوی کورد بوو. بۆیه ئه‌گه‌رچی رێفۆرمخوازان له “تاران” له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رانبه‌ر “واته ئۆسولگهراکان” له سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه بردنی وڵات هه‌ندێ کێشه‌یان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ردووباڵ ڕوانینێکی ئه‌منیه‌تیان بۆ کوردستان و کێشه‌ی کورد له ئێران هه‌یه. ئه‌م جۆره ڕوانینه ناتوانێ گۆڕان دروست بکات.
پ ـ عهمهڵکردی ئه‌حزابی سیاسی کورد له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی کوردستان به نیسبه‌ت ئه‌و ئاڵوگۆڕنه چۆن ده‌بینن؟
ئه‌حزابی سیاسی کورد له‌و سه‌رده‌مه هه‌ندێ هه‌ڵه‌یان هه‌بوو. واته هه‌ر ڕوانینیان بۆ هه‌ر جۆره ئاڵووگۆڕێک، به چاوێکی نێگاتیڤ بوو. بۆ وێنه له‌و سه‌رده‌مه هه‌ندی ئازادی درا، بۆیه بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان توانیان خۆیان هه‌ندێ به رێکخراوه‌یی بکه‌ن و بزوتنه‌وه‌ی خوێندکاران، ژنان و کرێکاران وه‌ک سێ بزوتنه‌وه‌ی به‌هێز خۆیان نواند. هه‌ندێ رێکخراوه له بواری مافی مرۆڤ پێک هاتن که به‌رچاوترینیان ریکخراوه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بوو و هه‌ندێ حه‌وته‌نامه بڵاو کرانه‌وه. ئه‌مانه هه‌موو به‌رهه‌می ئیسلاحات بوون که حاشای لێ ناکرێت. به‌ڵام ئه‌حزابی کوردی روانینێکی پۆزیتیڤیان به‌و گۆڕانانه نه‌بوو. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕوانینی ئه‌وان بۆ کۆماری ئیسلامی که هیچ جۆره رێفۆرمێک له‌و سیستمه ئیمکانی نیه. ئه‌مه له لایه‌که‌وه ڕاسته، بینیمان که واش بوو و رێفۆرم و رێفۆرمخوازی نه‌یتوانی ده‌وامی هه‌بێت. به‌ڵام له بواری ڕوانین به کۆمه‌ڵگا و هه‌ژاندن و دینامیکی کۆمه‌ڵگا، ڕوانینێکی هه‌ڵه بوو. ئه‌وان چوون باوه‌ڕیان به سه‌رچاوه‌ی گۆڕانه‌که نه‌بوو، هه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌و گۆڕانه‌یان به چاوی گۆماناوی سه‌یر ده‌کرد و باوه‌ڕیان پێ نه‌بوو. هه‌ر بۆیه بۆ وێنه کاتێ که رێکخراوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی پێک ده‌هات، حیزبه‌کانمان ئه‌گه‌ر هێرشیان نه‌ده‌کرده سه‌ر ئه‌و رێکخراوه‌یه، هه‌وڵیان نه‌ده‌دا که له‌و پۆتانسیێله بۆ چوونه ناو کۆمه‌ڵگای خۆیان که‌ڵک وه‌رگرن.{jcomments off}