هەر وەک ئاگادارن رێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوت و خامۆشکردنی بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە هەموو پیلان و ئامڕازێک کەڵکوەردەگرێ.
یەکێک لەو پیلانانە بریتیە لە پەلامار بۆ سەر سامانە سروشتی و مڵک و سەروەت و سامان و دارایی خەڵک و بەتاڵان بردنی شوێنەوارەکانی تەمەدوون و شارستانیەتی کورد. دزین و بەتاڵان بردنی ئاسەوارە قەدیمیەکانی ژێرخاکی کوردستان، کە بایەخی مێژووییان هەیە، سیاسەتی ئاشکرای کاربەدەستانی ڕێژیم بووە لەو چەندساڵانەی دواییدا.
ڕێژیم سەرەڕای دەکارکردنی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسی و پۆلیسی لە کوردستان و گرتن و ڕاونان و ئیعدامی ڕۆڵە خەباتگێرەکانی گەلەکەمان، لەباری فەرهەنگی و کولتوریشەوە، کەوتۆتە سڕینەوەو لە نێوبردنی زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و داب و نەریتەکانی کۆمەڵی کوردەواری.
ئێستا رێژیم لە رێگای بە ڕواڵەت ئینساندۆستیەوە، خەریکی بەخشینەوەی پارەیەو لەو رێگایەوە دەیەوێ مڵک و زەوی و زار و مەرتاعی خەڵک دەکڕی و لەورێگایەوە دەیەوێ ئاوارەو سەرگەردانیان بکات و لە سەرزێدو خاکی باوک و باپیرانی خپی ووەدەریان بنێ. سەیر ئەوەیە رێژیم لە هەندێک شوێن سیما و نیەت دزێوی خۆی نیشاندەداو ئەو کەسانەی ئامادەنەبن مڵک و ماڵ زەوی و زاریان بفرۆشن، بە زۆری و لە رێگای بەکارهێنانی هێزە پۆلیسی و ئەمنیەتەکانیەوە ، لێیان داگیردەکا و مڵک و ماڵیان دەکاتە مڵی دەوڵەت.
ئێستا ڕێژیم خەریکی بەرێوەبردنی پیلانێکی لەو چەشنەیە لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار.
بەربنە ناوچەیەکی پان و بەرین و شاخاویە و کوتۆتە بناری قەندیل . لە باری ستراتیژیکیەوە، دەکەوێتە سەرسنوری هەرێمی کوردستانی فیدڕاڵ لە عیراق. لەباری سروشتیەوە ئەو ناوچەیە جوان و ڕازاوەیە و دەکرێ بکریتە هاوینە هەوار و سەیرانگا و تەنانەت پارکیکی میللی و بە زستان و هاوین و بەهار و پایزان خەڵک بگرێتە باوەش. ئاو و کانیاو مێرگ و مێرغورازێکی زۆری تێدایە. مـێرگە چەکۆ لە کوێستانە بەناو بانگەکانی ناوچەکەیە. ئەو ناوچەیە کەوتۆتە بەری باشوری بناری شاخی سپی رێزی خەیلانیان. ئەو ناوچەیە لە نیوان شنۆو پیرانشار هەڵکەوتوە.
هەر وەک وتمان هەڵکەوتی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە و بایەخی ستڕاتیژیکی مەنتیقەکە، بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژیم بیخاتە ژێر چاودێری و مەیدانی بەڕێوەبردن و تاقیکردنەوەی پیلانەکانی خۆی. ئاخر خەڵکی ئەو ناوچەیە هەمیشە پشتوپەنای بزووتنەوی میللی دیموکراتی کوردستان بوە و ناوچەکەش مەیدانی تێکۆشانی هێزەخەباتگێرەکانی نێو بزووتنەی کوربووە.
تایبەتمەندیەکی دیکەی ناوچەکە ئەوەیە کە هەروەک باسمان کرد، دەکوێتە سەر سنوری کوردستانی عێراق. کەئەوەش بە نۆرەی خۆی گرینگیی مەنتیقەکە لەباری سیاسیەوە دەباتەسەر. بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ئەو ناوچەیە هەمیشە شوێنی هەڵسوڕان و چالاکی نواندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە. بە سەدان ڕۆڵەی کورد لەو ناوچەیەدا بوونەتە پێشمەرگە و بە سەدان کوڕ و کچی قارەمانی ئەو ناوچیە لە ریزەکانی شوڕش دا خەباتیان کردوە و خەبات دەکەن و ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوونە.
لە بواری ئابووریشەوە خەڵکەکەی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین و بە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەم هێنانی خواردەمەنی بە حیساب دێ.
لەبەر ئەم هۆیانە کەوتۆتە بەر پیلانی ڕێژیم و دوژم دەیەوێ خەڵکەکەی ئاوارە و هەڵوەدابکات و لە سەرخاک و نیشتیمانی بابوباپیرانیان دەریان پەرێنی. ئاخر ئەو ناوچەیە دەکرێ وەک پردی هاتوچۆی پێشمەرگە بە حیساب بێت.
ئێستا رێژیم دەیەوێ لەو ناوچە ئاوبەندێک بە ناوی ئاوبەندی سێڵوێ درووستکات. بە تەواوبوونی ئەو ئاوبەندە هەموو ناوچەکە دەکەوێتە ژێر ئاو. بۆ نموونە هەموو گوندەکانی سێڵوێ، پیرەکانی، گردەسوور ، قوببە ، کولیچ، گردی کاولان، ماشکان، زێوکە،خاڵدار، هەمزاوای سەروو، هەمزاوای خواروو، دەبێ چۆڵبکرێن. هەروەها کوێستانەکانی سوڵتان، خەلەکان، گۆرانگێ، مێرگەچەکۆ، چیغی دەرێ، کانی سەربەزێر، کانی خودای، تاڵەجاڕان، دەکەونە بن ئاو.
یەکیك لە ئامانجەکانی ریژیم ئەوەیە ئاوەکانی ئەو ناوچەیە لە ڕێرەوی سروشتی خۆی لادا و بە چیغەدەرێ دا بیان باتەوە حەسەنلوو و لەوڕا بۆ ناوچەی عەجەمستانیان بەرێ.
بەجێ یە خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار بە تایبەتی ئەو پیلانەی ریژیم لە قاودەن و بۆ پوچەڵکردنەوەی بکەونە ناڕەزایەتی دەربڕێن.
لەو بەینەدا ئەرکی هێزە سیاسیەکانی کوردستانە کە خەڵکی ناوچە لە قوڵایی ئەو پیلانە دژی کوردستانی و زدی میللیە ئاگادارکەنەوە. ئەرکی سەرشانی راگەیەنە گشتیەکانی کوردستانە بۆ لەقاودانی ئەو پیلانە بکەونەخۆ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ راوەستان بەرامبەر بە و پیلانانەی رێژیم مۆبیلیزەبکەن.
ڕەحیم ڕەمەزانی
نۆروێژ
١٠.٠٢.٢٠١٢
تێبینی
هەندێک لەو زانیارانەی کە پێوەندیان بەو باسەوە هەیە لە بەرێز کاک مەحمود بەچەکورد(لاوازە) وەرگیراون کە سوپاسی دەکەین{jcomments off}