ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی
ئاسۆ ساڵه‌ح: بزوتنه‌وه‌ی کورد مێژووی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵکه، دوو تایبه‌تی سه‌ره‌کی که ڕه‌وتی رێفۆرم له ئێران له‌وانه بێ به‌شه
ئاسۆ ساڵه‌ح: رێفۆرمخوازان له ساختاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێکن له سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شێکن له مێژووی من(وه‌کوو تاکی کورد)، ئه‌و به‌شه‌ی که رێبه‌ری منیان ئیعدام یا تێرۆر کردوه و ئه‌و به‌شه‌ی که جینۆسایدی قاڕنا و قهڵاتانیان پێک هێناوه، مێژوی منیش به‌شێکه له شۆناسی من
پ ـ له پاش هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می کۆماری ئیسلامی، بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له‌سه‌ر ده‌ستی رێفۆرمخوازانی ده‌وڵه‌تی دروست بوو، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ڵگری چ پرسگرێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟
بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز وه‌کوو به‌سته‌رێکی ناڕوون بوو که هه‌ر که‌س که باوه‌ڕی به رێفۆرم له ئێران‌دا هه‌بوو، چ ئۆپۆزیویسۆنی ناوه‌وه و چ ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه، ئاوه‌ته‌کانی خۆتان له‌و بزوتنه‌وه ده‌دیته‌وه. هاوکات ناڕوونی ئه‌و بزوتنه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌کوو بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕ و “ڕووخێنه‌ر” له لایه‌ن هه‌ندێ له تهیفگهلی ئۆپۆزیسیۆن چاوی لێ بکرێ. ئه‌مه له حاڵێکدا بوو که به‌ڕای من هاتنه سه‌رکاری مووسه‌وی یا که‌ڕووبی دووباره بوونه‌وه‌یه‌کی لاواز له ئه‌زموونی خاته‌می بوو. ته‌نانه‌ت هاتنه سه‌رکاری ئه‌وانیش ده‌بووه هۆی بێ هیوایه‌کی زۆرتر له کۆمه‌ڵگا. چوون ئه‌وان هه‌یه‌جانێکی زۆریان له کۆمه‌ڵگا پێک هێنا بوو، تهوهقۆعاتی کۆمه‌ڵگایان زۆرتر کردبوو، به‌ڵام ساختاری سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشان ده‌دات که ئه‌وان هیچ کاریگه‌ریه‌کیان نه‌ده‌بوو. ئه‌وه ده‌بووه هۆی دروست بوونی بێ هیوایی زۆرتر یا “ئهفسۆردهگیهکی کۆمه‌ڵایه‌تی” له ناو کۆمه‌ڵگای ئێران. ئه‌وان خوازیاری ئه‌و شتانه بوون که ده‌وڵه‌تی خاته‌می، کاتێک که زۆرینه‌ی مهجلسیشی به ده‌سته‌وه بوو و سپای پاسداران ئاوا به‌هێز نه‌ده‌بوو، نه‌یتوانی کارێک بکات.
پ ـ زۆر له روناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ی ولات و ناوخۆی وڵاتی کورد و ته‌نانه‌ت حزبی سیاسی قه‌ده‌غه‌کراوی کورد پشتیوانی ئه‌و جه‌ریانه بوون، بۆ کورد چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌بوو؟
من پێم وایه لایه‌نگری کردنی ئه‌و جه‌ره‌یانه له لایه‌ن حیزبێک، کارێکی زۆر ناشیانه بوو. واته لایه‌نگری کردنی بزوتنه‌وه و جه‌ره‌یانێک که، 1- ناڕوونه، 2- که‌سایه‌تیه به‌رچاوه‌کانی حازر نین مافی سه‌ره‌تایی تۆ و ئه‌و شته‌ی که تۆ ساڵه‌هایه بۆی خه‌بات ده‌که‌ی به فه‌رمی بناسێن، دژ به هه‌ر جۆره پره‌نسیپێکی کاری سیاسیه. من پێم وایه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له باشترین حاڵه‌ت ده‌کرا که به ئامانجی خۆی بگات. به‌ڵام ئامانجی چی بوو؟ هه‌ر به‌و جۆره که له پرسیاری پێشتریش ئاماژه‌م پێ کرد ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه زۆر ناڕوون بوو، به‌ڵام به له به‌رچاو گرتنی هه‌ندێ که‌سایه‌تی ئه‌و جه‌ره‌یانه، و هاوکات ئه‌و لێدوانانه که له لایه‌ن کهوڕوبه و مووسه‌وی و لایه‌نگرانیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاو ده‌بووه‌وه، زۆر ئاسان بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاکامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری و له باشترین حاڵه‌ت ناساندنی که‌ڕووبی یا مووسه‌وی وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار بوو. هه‌ڵبه‌ت لا په‌راوێزی ئه‌م ئامانجه سه‌ره‌کیه ئاماژه ده‌کرا به هه‌ندێ ئامانجی دیکه، وه‌کوو ئازادی گیراوانی سیاسی. من پێم وایه ئه‌م بزوتنه‌ویه به ئه‌م ئامانجانه، ته‌نیا ده‌سکه‌وتێک که ده‌یتوانی بۆ گه‌لی کورد هه‌یبێت، “له باشترین حاڵه‌ت” ئازادی هه‌ندێ گیراوی سیاسی که سزای قورسیان له سه‌ر نیه و دروست بوونی جه‌وێکی زۆر زۆر لاوازتر و سه‌قه‌تتر له جه‌وی ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 80. ئه‌مه که ئاماژه‌م پێ کرد له باشترین حاڵه‌تی دا بوو. بۆیه به له‌به‌رچاو گرتنی مه‌نتێق و ئه‌و مۆعادلهی که “له به‌رانبه‌ر ئه‌و شته‌ی ده‌ده‌م، چی وه‌ر ده‌گرم” و هه‌روه‌ها به له به‌رچاو گرتنی جه‌وی ئه‌منیه‌تی کوردستان، پشتیوانی له‌م بزوتنه‌وه‌یه له کوردستان کارێکی هه‌ڵه بوو.
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره کورت کراوه ده‌توانم ئاماژه به‌م هۆکارانه بکه‌م:
یه‌که‌م) ناڕوونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ڕوون نه‌بوونی دروشمه‌کانی، دووه‌م) له به‌رچاو نه‌گرتنی مافی گه‌لانی ئێران و مافی گه‌لی کورد له لێدوانه‌کان و کاری ته‌بلیغاتی پێش هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن دوو کاندیدای ئه‌و بزوتنه‌وه، سێهه‌م) جه‌وی ئه‌منیه‌تی کوردستان که رێگه‌ی نه‌ده‌دا بۆ هیچ جۆره کار و چالاکی له سه‌ر شه‌قام، چواره‌م) ڕوانینی زۆرینه‌ی حیزبه سیاسیه کوردیه‌کان و ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیان که پشتیوانی نه‌کردن له‌م بزوتنه‌وه‌یه بوو، پێنجه‌م) مهرهکزگهرا بوونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه و کار‌و چالاکیه‌کانیان.
بۆیه به دڵنیایه‌وه ئه‌م بێ ده‌نگیه به‌و چه‌ند خاڵه که ئاماژه‌م پێ کرد له مه‌سڵه‌حه‌تی گه‌لی کورد بوو.
پ ـ زۆر جار ده‌ڵێن که بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز خاڵی کۆتایی و دوایین ساته‌کانی رێفۆرمخوازی له ئێران دابوو، ئێوه ئه‌م وته‌یه چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه؟
ئه‌م وته‌یه له دوو ڕوانگه‌وه لێک ده‌درێته‌وه، له ڕوانگه‌ی به‌شێکی زۆر له خه‌ڵک، ئۆپۆزیسیۆن و هاوکات به‌شێکی زۆر له رێفۆرمخوازان، هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌شێکی دیکه له رێفۆرمخوازان.
له ڕوانگه‌ی یه‌که‌م، واته خه‌ڵک و به‌شێکی زۆر له رێفۆرمخوازان، ته‌نیا هه‌ڵبژاردن و ڕووداوه‌کانی پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری نه‌بوو که خاڵی کۆتایی رێفۆرمخوازان بوو، به‌ڵکوو درێژه پێ دانی ده‌سه‌ڵات به دوور خسته‌نه‌وه‌ی رێفۆرمخوازان له به‌شداری کردنی ده‌سه‌ڵات هۆکاری ئه‌م جۆره ڕوانینه‌ن. واته ده‌سه‌ڵات زۆر به ئاسانی توانیی ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کان به‌و جۆره بڵاو بکاته‌وه که رێفۆرمخوازه‌کان ده‌نگێکی ئه‌وتۆیان پێ نه‌درا بێت، پاشان گرتن و سه‌پاندنی سزای قورس به سه‌ر ڕێفۆرمخوازان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که ماوه‌یه‌کی زۆر له ناو ده‌سه‌ڵات ببون ده‌سپێکی ئه‌وه بوون که به‌شیکی زۆر له ئۆپۆزیسیۆن و رێفۆرمخوازان هیوایه‌کیان به رێفۆرمی ده‌سه‌ڵات له ئێران نه‌مێنی. به‌ڵام وه‌ڵامی هه‌ندێ له کاربه‌ده‌ستان به شه‌رته‌کانی خاته‌می و رێفۆرمخوازان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی مه‌جلس بووه هۆی گۆڕانی بیر و ڕا له نێو به‌شێکی زۆر له رێفۆرمخوازان.
به‌ڵام له ڕوانگه‌ی دیکه‌وه، من پێم وایه که رێفۆرمخوازی هه‌ر نه‌مردووه و هه‌ر ماوه. ده‌سه‌ڵات بۆ دروست کردنی کێبرکێیه‌کی ساخته له هه‌ڵبژاردنه‌کان پێویستی به رێفۆرمخوازان هه‌یه، به‌ڵام رێفۆرمخوازی لاواز و ئه‌وانه‌ی که هاوپووشانیهکی زۆریان له‌گه‌ڵ ئۆسوولگهراکان هه‌یه. به‌شێک له ڕێفۆرمخوازانیش که باوه‌ڕیان به کۆماری ئیسلامی هه‌یه و ته‌نیا خوازیاری هه‌ندێ رێفۆرمی زاهری له ساختاری ده‌سه‌ڵاتن، باوه‌ڕیان به مانه‌وه‌ی رێفۆرمخوازان و درێژه پێدانیان هه‌یه.
پ ـ بۆ کورد چی؟ ئایا بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌م دۆخه‌دا تێ ده‌په‌رێ که ره‌وتی ئیسلاحات له ئێران تێیدایه؟
پێم وانیه وابێت و پێم وایه که هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌وتی ڕێفۆرم و رێفۆرمخوازان له ئێران له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی کورد و حیزبه کوردیه‌کان کارێکی هه‌ڵه بێت. چوون بزوتنه‌وه‌ی کورد مێژووی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵکه، دوو تایبه‌تی سه‌ره‌کی که ڕه‌وتی رێفۆرم له ئێران له‌وانه بێ به‌شه. به‌ڵام چالاک نه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کورد به له به‌رچاو گه‌رتنی ساڵانی چالاکی ڕابردوو، به واتای گه‌یشتن به “بن به‌ست” له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی کورد نیه. به‌ڵکوو پێم وایه ئه‌مه ده‌ورێکی گۆزاره که تێپه‌ڕ ده‌بێ، به‌ڵام گرینگ داهاتووه. واته ئه‌وه‌ی که حیزبه‌کانمان وڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان لا ده‌بێت که به‌رنامه‌یان بۆ داهاتوو چییه؟ ئایا پرۆژێکیان هه‌یه؟!
پ ـ گوتاری ئیسلاحات و بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئایا گوتارێکی رووناکبیریمان هه‌یه که وه‌ک دیسکۆرسی رووناکبیری خاوه‌ن پێناسه و ره‌وتی خۆی بێت؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ئیسلاحات وه‌کوو نهحلهیهکی فیکری بێت، بیر سه‌ره‌تا به‌ره‌وه وشه‌ی “رێفۆرمیسم” له بزوتنه‌وی چه‌پ (کرێکاری) ده‌چێت. رێفۆرمیسته‌کان له‌و باوه‌ڕه دان که چینی کرێکار به بێ شۆڕشیش ده‌توانن له سیستێمی سه‌رمایه‌داری به‌ره‌و سوسیالیسم تێپه‌ڕن. ئه‌وان هه‌روه‌ها بڕوایان وایه که له ڕێگه‌ی رێفۆرمه‌کان، واته بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بدرێته ده‌س چینی کرێکار و به بێ ئه‌وه‌ی دیکتاتۆری پرۆڵتاریا دامه‌رزێ، ده‌کرێ بگه‌ینه سوسیالیسم.
“گوتاری ئیسلاح ته‌له‌بی” له کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوانینێکی هاوشێوه‌ی هه‌یه. واته ئه‌وان پێیان وایه که ده‌کرێ له ڕێگه‌ی هه‌ندێ ڕێفۆرم بگه‌ینه به ئازادی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ئه‌و دوو گوتاره خاڵی “ده‌سه‌ڵاته”، واته رێفۆرمخوازان له ئێران ده‌سه‌ڵات وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری و زۆرینه‌ی مه‌جلس ته‌عریف ده‌که‌ن و هه‌وڵیشی بۆ ده‌ده‌ن. هاوکات ته‌عریفی ئه‌وان له “ئازادی” و “کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی” ته‌عریفێکی جیاوازه و له چوارچێوه‌یه‌ک که به ناو کۆماری ئیسلامی ده‌ناسرێ، جێگه ده‌گرێ. بۆیه له‌م ڕوانگه‌وه به ڕای من گوتاری ئیسلاح ته‌له‌بی له ئێران، سه‌قه‌ته.
پ ـ ئه‌گه‌ر له چه‌ند خاڵدا ده‌سنیشان بکه‌ین، جیاوازییه‌کانی پرسی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد و ریفۆرمخوازی ده‌وڵه‌تی له چیدان؟
هه‌روا له پرسیارانی پێشووتر ئاماژه‌م پێ کرد، رێفۆرمخوازانی کورد به‌شێک بوون له ڕێفۆرمخوازانی مه‌رکه‌ز. رێفۆرمخوازانیش به گشتی خوازیاری هه‌ندێ رێفۆرمی سه‌ره‌تایی له سیستمی کۆماری ئیسلامی بوون، واته رهفۆرمی نێو پێکهاته. به‌ڵام پرسی کورد له کوردستانی ئێران، پرسی “بوون و نه‌بوونه”، واته ئه‌و تاکه‌ی که سرودی “هه‌ر “ماوه” قه‌ومی کورد زمان” ده‌ڵێته‌وه، سه‌ره‌تا له سه‌ر “مانه‌وه” واته “مان و نه‌مان” خه‌بات ده‌کات. ئێستا ئه‌و مانه‌وه، مانه‌وه‌یه‌کی جه‌سته‌یی (فیزیکی) بێت یا مانه‌وه‌ی هۆڤیه‌تی. رێفۆرمخوازان له ساختاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێکن له سیسته‌می کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شێکن له مێژووی من(وه‌کوو تاکی کورد)، ئه‌و به‌شه‌ی که رێبه‌ری منیان ئیعدام یا تێرۆر کردوه و ئه‌و به‌شه‌ی که جینۆسایدی قاڕنا و قهڵاتانیان پێک هێناوه، مێژوی منیش به‌شێکه له شۆناسی من. بۆیه ئه‌وه‌ی که ئینکاری منی کردوه، قه‌د ناتوانێ بۆ من به‌رهه‌مێکی هه‌بێت. بۆیه ته‌رکیبی “رێفۆرمخوازی کورد” ته‌رکیبێکی بێ مانایه، چون تاکی کورد، به‌و مێژوو و خه‌بات و تایبه‌تمه‌ندیانه، له ئێرانی ئێستا ناتوانێ ڕێفۆرمخواز بێت! پرسی کورد له ئێران هه‌ر ئه‌و پرسه‌ی ده‌یه‌ی په‌نجا و شه‌سته، ئه‌و کاته‌ی که رێفۆرمخواز بوونی نه‌بوو و هه‌موو له به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو له به‌رانبه‌ر تاکی کورد ڕاوه‌ستابوون. ئه‌م ڕوانینه ڕه‌ش بینانه نییه، به‌ڵکوو مێژووی من و گه‌له‌که‌مه. تاکی کورد قه‌د ناتوانێ ئه‌و مێژووه خوێناویه‌ی خۆی نه‌بیر به‌رێت.
رێفۆرمخوازانی ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌تا ته‌عریفێکی دروستیان له کورد نه‌بوو. واته بۆ ئه‌وان “کوردی سۆننی مه‌زهه‌ب” مانای هه‌بوو. بۆیه له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه به‌شێک له کوردستان بوونی نه‌بوو.
رێفۆرمخوازانی ده‌وڵه‌تی زۆرتر لایه‌نی ئابووری کێشه‌ی کورد له ئێرانیان ده‌بینی. واته ئه‌و پرسیاره‌یان ده‌وروژاند که بۆچی پارێزگای کوردستان له بواری ئابووریه‌وه پارێزگایه‌کی دواکه‌وتووه؟ ئه‌مه هه‌ڵبه‌ت به‌شیکه که کێشه‌ی کورد له ئێران، به‌ڵام سه‌رچاوی کێشه‌که نیه. ئه‌وان قه‌د ئاماژه‌یان به سه‌رچاوه‌ی کێشه‌که نه‌ده‌کرد.
پ ـرۆژههڵاتی ناوه‌راست و قه‌یرانه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی هه‌میشه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ شوێندانه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و به‌تایبه‌تی کوردستانی ئێران، به‌هاری عه‌ره‌بی و رووخانی دیکتاتۆره‌کان چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر کورد له کوردستانی ئێران هه‌یه؟ ئایا کۆپی وه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ک له کوردستانی ئێران‌دا مه‌حاڵ ده‌بێت؟
له سه‌ر به‌شی یه‌که‌یمی پرسیاره‌که‌ت، پێم وایه ئه‌و شۆرشانه سه‌ره‌تا توانایی خه‌ڵکی ناڕازی له به‌رانبه‌ر دیکتاتۆره‌کان پیشان دا، بۆیه نه ته‌نیا بۆ گه‌لی کورد، به‌ڵکوو وره‌ی دا به هه‌موو گه‌لانی بنده‌ست و سه‌رکوت کراو. پێم وایه سه‌ره‌کی ترین تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م گۆڕانانه که له به‌هاری ڕابردوو ڕوویان دا، “خێرابوون”ی ئه‌و گۆڕانانه بوو. واته که‌س بیری له‌وه نه‌ده‌کردوه که له که‌متر له یه‌ک ساڵدا سێ شۆرش له وڵاتانی “مێنا”(واته وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئافریقا) ڕوو بدات. ئه‌مه له بواری کۆمه‌ڵناسیه‌وه تیۆری “به‌سیجی توده‌یی” سه‌پاند. واته بۆ دروست بوونی ئه‌م به‌سیجه، هه‌ندێ فاکته‌ر ده‌کرێ ده‌خیل بن، کۆمه‌ڵگایه که ته‌شخیس ده‌دات ئه‌و فاکته‌ره ده‌توانێ ببێته پێکهێنه‌ری به‌سیجی تووده‌یی یا نا. خاڵێکی دیکه، بوون یا نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یه‌کده‌نگ بۆ دروست بوونی ئه‌م یه‌کده‌نگیه له نێو ده‌نگ فاکته‌رێکی کاریگه‌ر نییه. بۆ وێنه له‌م سێ شۆرشه ته‌نیا له لیبی کۆنگره‌یه‌ک وه‌کوو کۆنگره‌یه‌کی سه‌راسه‌ری بوونی هه‌بوو. هه‌ر له‌م بواره خاڵێکی دیکه که ئێستا له سوریه خه‌ریکین ده‌یبینین، جیاوازی خه‌ڵک و ئۆپۆزیسیۆنه. ئه‌گه‌رچی ئۆپۆزیسیۆنی سوریه سه‌رلێ شیواوه و تا ئێستا سێ کۆنگره‌ی سه‌راسه‌ری ڕاگه‌یندراون، به‌ڵام خه‌ڵک هه‌ر ڕۆژه له شه‌قامه‌کانن و خۆیان به رێکخراوه کردوه.
بۆ وڵامی به‌شی دووه‌م که کۆپی وه‌ها بزوتنه‌وه‌یه‌ک له کوردستانی ئێران مه‌حاڵ ده‌بێت، پێم وانیه. چوون گه‌لی کورد له ئێران به‌شێکه له گه‌لانی ئێران، به ته‌نیایی و ته‌نیا به شۆڕشی گه‌لی کورد، ناتوانین له ئێران بگه‌ینه دیمۆکراسی. ئێمه له خه‌بات دژ به کۆماری ئیسلامی پێویستیمان به گه‌لانی دیکه‌ی ئێران هه‌یه. بۆیه باس کردنی شۆڕشی ته‌نیا گه‌لی کورد له ئێران پێم وایه هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام گه‌لی کورد ده‌توانێ له‌م بزوتنه‌وانه و ئه‌م شۆڕشانه که‌ڵک وه‌ربگرێ. پێم وایه سه‌ره‌کیترین به‌شێک که پێویسته له به‌رچاوی بگرین، دروست بوونی “تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تییه”، واته ئه‌و شته‌ی که له یه‌که‌م شۆرش له تونس ڕووی دا.
ـ زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان کاک ئاسۆی به‌رێز.{jcomments off}