– به‌ڕێز د. فاروق ڕه‌فیق بۆ زۆر که‌س و خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته ئاشنایه و لێره‌دا پێویست به ناساندن ناکات، بۆیه ڕاست ده‌چمه ناو بابه‌ته‌که‌وه:
– بۆ یه‌که‌مجار له سمینارێکی ئه‌و به‌ڕێزه به‌شدار بووم و له نزیکه‌وه گوێم له بیر‌و بۆچون و قسه‌کانی بوو. وته‌کانی زۆر ڕه‌شبینی به‌رامبه‌ر به کورد و کوردستان و به تایبه‌ت ئه‌حزابی کوردی پێوه دیار بوو.
– به داخه‌وه ئه‌و به‌ڕێزه له‌و کۆڕه‌دا به لای باوه‌ڕی منه‌وه به گۆتره و بێ کات و ڕێژه‌ی دیاری کراو، قسه‌کانی به تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵی ده‌ست پێ‌کرد، وادیاره ته‌نیا خۆی و خه‌یاڵه‌کانی خۆی ده‌بینێ و ئه‌رزی واقیع و شوێن و زه‌مان نا‌ناسێ و دونکیشو‌تانه تێده‌ته‌قێنێ و ده‌ڕوا!.
– ئه‌وه‌نده ڕق و تۆڕه‌یی له بزووتنه‌وه و ئه‌حزابی سیاسی و ئاینی نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری هه‌یه که به لای باوه‌ڕی منه‌وه ئه‌گه‌ر شۆڕش و حیزبه کوردیه‌کان دۆستی وایان هه‌بێ دوژمنیان ناوێ، و ئه‌و به‌ڕیزه بۆیان ده‌ڕووخێنن.
– کاک فاروق له‌و سمیناره‌یدا پێشه‌کی زیاد له کاتی خۆی قسه‌ی کرد و ئه‌وه‌ی پێی کرا و توانای هه‌بوو به شپرزه‌یی و توڕه‌یی و ڕه‌شبینیه‌وه، هه‌ر مشتێک له ده‌شتێکی پێکه‌وه گرێدا و مێژووی هه‌موو بزووتنه‌وه کوردیه‌کانی تا خۆپیشاندانه‌کانی ” 17 شوبات” ی2011ز. برده ژێر پرسیار و زه‌ڕه‌بینی سوتانه‌وه.
– لێره‌دا چه‌ند خاڵێک له باسه‌کانی ئه‌و به‌ڕێزه زۆر به کورتی ده‌که‌مه نێوئاخنی ئه‌م بابه‌ته و هه‌رکام لێدوانێکیان له سه‌ر باس ده‌که‌م:
– یه‌که‌م، باسی زمان و پاوان‌کردنی کرد، که گوایا ئه‌حزاب و ده‌سه‌ڵاتی کوردی به ته‌واوی قۆرخیان کردووه و یاده‌وه‌ریه‌کانی کوردیان قوت داوه، که به تێکه‌ڵیه‌ک له باسه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوبات و سه‌رکوتکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌ستی پێ‌کرد.
– دووه‌م: باس له حه‌ڤده‌ی شوبات، دیسان به دوور و درێژی و له نێوئاخنی باسه‌کانیدا چوو بۆ پارچه‌کانیتری کوردستان و هێرشی کرده سه‌ر حیزبه کوردیه‌کان و هه‌مووی به دارده‌ست و دروستکراوی بیانی و… زانی و به بێ ئاگا بوون له ئاڵ و گۆڕه ناوه‌کی و ده‌ره‌کیه‌کانی کورد و کوردستانی ناوزه‌د کردن.
– دیسان هاته‌وه سه‌ر باسی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له کوردستانی عێراق و به ڕژێم و یه‌کێک له ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کانی ناوچه‌ی ناو بردن و ته‌نانه‌ت سه‌دامی له جه‌ور سته‌م کاری‌دا له‌وان به که‌متر زانی و پێی وابوو ئه‌مان خرابترن!.
– هیوادارم خوێنه‌رانی به‌ڕێز به سه‌رنجه‌وه بابه‌ته‌کان بخوێنێته‌وه و به هه‌ڵه لێم تێنه‌گه‌ن. به لای باوه‌ڕی منه‌وه ده‌سه‌ڵاتی کوردی له هه‌رێمی کوردستان تا ئه‌مڕۆش هێشتا پڕه له گه‌نده‌ڵی و که‌م و کۆڕێ و که‌م کاری و فه‌ردپه‌ره‌ستی..، به‌ڵام با هندێک زۆرتر وردبین بین له مه‌به‌سته‌کان؛
– چۆنه کاک فاروق به ئازادانه جنێو و ئیهانه‌ت ئه‌کات و به که‌یفی خۆی هات و چۆی ئه‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ر ئه‌کات و که‌س ڕێگری نیه، که هیوادارم هه‌روا ئازاد بێ گرفت بێت، به‌ڵام نه‌ک ئازادی ڕه‌هایی، کێشه‌ی بۆ پێش نه‌یه‌ت و بابه‌ته‌کانی خۆی بگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕژێمی سه‌دام خرواترن، چۆنه که ده‌توانێت ده‌نگی خۆی و هاوبیرانی به ئاشکرا له کوردستان به‌و په‌ڕی گۆتره‌یی و ئارره‌زوومه‌ندانه به‌رمه‌لایانه قسه‌ی دڵی خۆیان بکه‌ن؟.
– جه‌نابی له هه‌شتاکانه‌وه به قه‌وڵی خۆی خه‌باتی سپی ئه‌کات، که چی پیش ساڵه‌کانی 94 یان ته‌نانه‌ت 2003ز. ده‌نگی له کوێ بوو بۆ ده‌رنه‌ده‌هات به دژی داگیرکه‌رانی کوردستان؟
– ئه‌و کات ئه‌حزابی کوردی له شاخ بوون- کوردستان کیمیاباران و ئه‌نفال ده‌کرا- شار به شار و ناوچه به ناوچه ده‌یانگێڕان و به ناو شاره‌کانی کوردستانی باشوردا ده‌یانبردن بۆ شوێنی نادیار و ژن و منداڵیان لێک جودا ده‌کردنه‌وه، کچ به جیا و پیاو به جیا، ڕاپێچ ده‌کران و ده‌ست و باڵیان له ئاسمان زه‌وی بڕابوو، به به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری کودستان به‌ره‌و گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان ڕاپێچ ده‌کران و به خرابترین ڕه‌زاله‌ت له ناو ئه‌بران؛ ئه‌و به‌ڕێزه و سه‌رجه‌م خه‌ڵکی شه‌قام له کوێ بوون و بۆ نه‌ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و مردنی گشتی هه‌ڵبژێرن؟ وه‌ک ده‌ڵێن؛ ” مردن له ته‌ک دراوسێ جێژنه، یان ” گه‌ر ڕۆژی حه‌شره مه‌رگه و کۆتایی ئێمه‌ش حازرین بۆ ماڵئاوایی”، له کوێ بوون ئه‌و کات ئا به‌م شێوه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌نگ هه‌ڵبڕن، که گوایا ئه‌حزابی کوردی ئه‌مڕۆ خه‌ریکی بڕینه‌وه‌ی لاق و قاچی تاکی کورده، و کوردستان ئه‌فرۆشێ؟!
– به‌ڕێز د. فاروق ده‌ڵێ: ” ئازادی به قه‌د سه‌ره ده‌رزییه‌ک له کوردستان نیه، و شۆڕشه کوردیه‌کان له زه‌ره‌ر زیاتر هیچ قازانجیان بۆ کورد نه‌بووه”؛ ئه‌ده‌ی ئه‌گه‌ر ئازادی نیه چۆن ئه‌توانێ سه‌رکرده‌کانی کورد به خێڵه‌کی، زاڵم، نه‌زان، بێ سیاسه‌ت و چاوچنۆک ناو ببات و ده‌مه‌ته‌قه‌یان پێ بکات و که‌س نه‌ڵێ پشتی چاوی برۆیه؟
– ده‌ڵی: ” 100 ساڵه حیزبی کوردی تاکی کورد ئه‌کوژن و میلله‌تی کورد ده‌فرۆشن..” به‌ڵام ئه‌و به‌ڕێزه، لایه‌نه‌کانیتری نابشکنێت، و کێشه و قه‌یرانه سیاسی ئابووری، به‌رژه‌وه‌ندیه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان نابینێ که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له ناو پاپۆڕی شه‌ق و شڕی سه‌ر زه‌ریاکان و له لافای به لێزمه‌ی پڕ له لیته و چڵپاوی نا ئارامیه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره حیزبی کوردی به له خۆ بوردووی و دانانی سه‌رمایه‌ی ژیانی تاکی کورد به‌و په‌ڕی فیداکاری له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمان، له تاڵترین ده‌ورانی ڕۆژگار سه‌ر به ژێر داوێنی دۆست و دوژمن کردن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌یه‌ک بۆ میلله‌ته‌که‌ی بدۆزێته‌وه، چه‌نده تێکۆشاوه؟
– ئه به‌ڕێزه، له وانه‌یه له ژیانیدا تاڵی و سۆڵی ڕۆژگاری نه‌چێشتبێت و هه‌ر له بن سۆبه‌ی گه‌رمی زستان و هه‌واری هاوینانی که‌نه‌دا و رۆژئاوا سه‌یری ڕووداوه‌کانی کرد بێت و ته‌شه‌ر و توانجی دابێت.
– نمونه: وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که له پشت شیشه‌وه سه‌یری لێزمه‌ی باران ئه‌کات، یان له ناو گۆڕه‌پانێکدا ته‌ماشای یاری تۆپ تۆپێن ئه‌کات و به زه‌وق و ئاره‌زووی خۆی ده‌ڵێ ئاوا بچن! وا بێن! ئه‌و لای بگرن! ئه‌ملا ڕاکه‌ن… و سه‌لیقه‌ی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گۆڕه‌پانه‌که‌دا شی بکاته‌وه له کرداردا نه‌بێت و یاری زانان به نه‌زان و که‌م ئه‌زموون دابنێت. که‌سێکی ته‌ماشا چی له گه‌ڵ که‌سێک که له مه‌یدانی کرده‌وه‌دایه و له ناو جه‌رگه‌ی گۆڕه‌پانی یاریدایه یان له ژێر ڕێژنه‌ی بارانی به خۆڕ دایه ئه‌و له پشتی شیشه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌کان ئه‌کات جیاوازیه‌کی یه‌کجار زۆره. ئه‌مه زۆر هه‌ڵده‌گرێ و هیوادارم که به‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه توانیبێتم خوێنه‌ران تێگه‌یه‌نم.
= به درێژایی ده‌یان ساڵ له سه‌ر دۆزی سیاسی وڵاتی کوردان حیزبه‌کان سه‌دان و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی به نرخیان فیدای گه‌ل و نیشتمان کردووه، چه‌ندین ساڵ له چاڵه ڕه‌شه‌کانی ڕژیمه تۆتالیتاره‌کانی ناوچه، به‌ربه‌ره‌کانی مه‌رگیان کردووه و هندێکیان پاش چه‌ندین ساڵان له زیندان بێ ئیعتراف کردن که چی دواتر له دار یان تیرباران کراون. قه‌بووڵ کردنی کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌کانی کوردستان ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه بووه که کورد ویستوویه‌تی نه‌مرێت و وه‌ک نه‌ته‌وه زیندووه‌کان به زیندوویی و سه‌ر ڕاست بمێننه‌وه، ئه‌وه‌ش له سایه‌ی شۆڕشه کوردیه‌کانه‌وه بووه، ئه‌و باج و سه‌رمایه‌یان دانا و تا ئیستا به‌رهه‌می زۆر باشیان بووه و گه‌یشتوونه‌ته قۆناخی زۆر باش که به لای باوه‌ڕی منه‌وه له‌وه ده‌رچووه ئیتر بترسین له‌وه‌ی کورد قڕ بکرێته‌وه. ئه‌مانه ئه‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته سیاسی، جوگرافیایی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی… هتد به‌رهه‌می ئه‌حزابی کوردی و تاکی رۆشنبیری ناو حیزب و چه‌کی ده‌ستی پێشمه‌رگه بووه که میلله‌تی کوردی گه‌یاندووه‌ته ئه‌مڕۆکه. ئاخۆ مه‌گه‌ر ته‌نیا قسه‌ی بریقه‌دار و ئازادی ڕه‌هایی لێدراوی، وه‌ک جه‌نابی به‌رهه‌میان هێناوه؟.
– د. فاروق پێی وایه؛ که ” ئه‌حزابی کوردی، ” زمان و یاده‌وه‌رییه‌کان و گشت به‌ها ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردی پاماڵ و یه‌خسیر کردووه.
– ئه‌گه‌ر وایه؛ چۆنه کورد تا ئیستا له سایه‌ی هه‌ر ئه‌و حیزبانه‌وه گه‌یشتووه‌ته نزیک لوتکه‌ی ئاسۆ، و به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری هه‌ڵده‌کشێن.
= برای به‌ڕێز! ئه‌حزابی کوردی، یان باشتر بێژم گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کورد به هه‌وڵ و هیمه‌تی ڕۆڵه‌کانی، له چوارچێوه‌ی حیزبه کوردیه‌کان، ڕێگه پڕ هه‌وراز و نشێو و هه‌ڵدێره‌کانی بڕیوه و پاپۆڕی سه‌ر شه‌پۆلی ناڕوونی زه‌ریاکانی نه‌جات داوه‌وه و گه‌یاندوویانه‌ته ئه‌مڕۆی من و تۆ. وشیاری کوردی، له 17ی شوباتی ته‌قدیس کراوی تۆوه، نه‌بووه، وشیاری کوردی لانی که‌م نزیک به 100 ساڵه ده‌ستی پیکردووه و هه‌ر جاره به‌رهه‌مێکی باشی بۆ کورد هه‌بووه.
= ڕاسته کورد له هندێک هه‌ڵکه‌وت و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی نه‌یتوانی که‌ڵکی باش وه‌رگرێت و به سوودی خۆی بقۆزێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر ته‌نیا تاوانی سه‌ران یان ڕێبه‌رانی کورد نه‌بوون. به گشتی ئاستی ڕۆشنبیری و گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه په‌روه‌ری کورد که‌م بووه و کورد له قۆناخه‌کانی فیئۆداڵی و خێڵه‌کی ژیاوه و دوژمن ده‌ستێکی سه‌ره‌کی بووه له‌و ڕه‌وته نه‌خوازراوانه.
= تاک و حیزبی کوردی له زه‌مان و ده‌ورانێک خه‌بات و شۆڕ‌شیان کردووه، پیناسه‌ی کوردی‌یان هه‌ڵگرتووه که سه‌رده‌می بێ ئاگایی و وشیاری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و به تایبه‌تی گه‌لی کوردمان بوو که وه‌ک ئیستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ” ماسمیدیا” و ڕۆشنگه‌ری، تۆڕه جیهانیه‌کان، مانگه ده‌سکرده‌کان و فه‌یسبووک نه‌بووه. قۆناخه‌کان جیاوازن و هه‌رکام به پێی کات و ڕه‌وتی سه‌رده‌می خۆی گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌بووه. قۆناخی خه‌باتی کوردی به هه‌موو به‌شه‌کانیه‌وه به‌رهه‌می ڕووداو و ئاڵه‌گۆڕ و شۆڕشه کوردیه‌کان بووه.
= له مێژوودا و به تایبه‌ت هه‌ر له ده‌وروبه‌ری کوردستانی خۆمان، زۆر گه‌ل و نه‌ته‌وه زمان و وڵات ناسنامه‌یان به یه‌کجاری ڕیشه‌کێش کراوه و نه‌ماون. به‌ڵام به خۆشیه‌وه گه‌لی کورد توانی به پشتیوانی خوای گه‌وره و هیمه‌تی خۆی، بزووتنه‌وه‌ی کورد به فیداکاری و فیدا کردنی گیانی ڕۆڵه به نرخه‌کانی بگاته ئه‌م ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ که هه‌موومان چاومان هه‌ڵهێناوه، و به زمانی شیرینی کوردی ڕه‌خنه و گازنده ده‌گرین. هه‌ر هیچ نه‌بێ بزووتنه‌وه‌ی کوردی و ڕووداوه مێژوویه‌کان کوردیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌م قۆناخه، ئێمه‌مانان ده‌بێ ده‌ستی بگرین و هێزی پێبده‌ین و هه‌ر که‌س کار و هه‌رمانی خۆی بکات. ڕووناکبیران به کۆڕ و کۆبوونه‌وه و ڕۆشنگه‌ری و وشیاری پێ دان هانده‌ر بن بۆ باشتر کردن نه‌ک ڕووخاندن، و له هه‌مان کات ئاڵترناتیڤێکی باشتر نه‌بێت. سیاسه‌توان ئه‌رکی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رفراوان بکات و کورد و تاکی کورد له سیاسه‌ت و کاروباری سیاسی زیاتر شاره‌زا و به‌رچاو ڕوونی بدات نه‌ک ڕه‌شبینی و بێ هیوایی به کۆمه‌ڵگه.
– د. فاروق، ” حیزب و بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌خاته قاڵبێکی بچوکه‌وه و پێی وایه؛ که مشتێک خه‌ڵکی هه‌لپه‌ره‌ست و گوایا نا ڕۆشنبیر له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات و حیزبایه‌تی به‌ڕێوه ده‌به‌ن…”
= پرسیار لێره‌دایه: به باوه‌ڕی د. فاروق، چه‌ند له سه‌دی خه‌ڵکی کوردستانیان له گه‌ڵه ئه‌و حیزبانه‌دایه و جه‌ماوه‌ری حیزبی و ده‌سه‌ڵات زۆرترن یان به گشتی دژبه‌رانی حیزبه‌کان؟ ئه‌گه‌ر پێی وایه که به پاره یان ترساندن و تۆقاندن کۆمه‌ڵیان زۆر بووه، ئاخۆ، مرۆڤی ڕۆشنبیر و ئازادیخواز چۆنین به پاره هه‌ڵ ئه‌خه‌ڵه تێنرێ یان له ترسان و تۆقان ده‌ترسن؟ ئه‌گه‌ریش به باوه‌ڕی ئه‌و به‌ڕێزه وشیاری له ناو تاکی کورد هێشتا له پله‌ی نزم دایه، خۆ ڕێگاچاره ئه‌وه نیه که ئه‌و له پێشی گرتووه، که به توندی تێژی و گرد بوونه‌وه و مانگرتن، یان ئه‌گه‌ریش مانگرتن و ناڕره‌زایه‌تی بێت ده‌بێ به وشیاریه‌وه بێنه مه‌یدان نه‌ک به کۆمه‌ڵ و گۆتره، که ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر ده‌بێته ئه‌وه‌ی 17ی شوبات که دوای چه‌ند مانگ ئازار و ماندوو بوون له پڕێکه‌وه ڕیسه‌که‌ی لێی ببێته‌وه به خوری و له یه‌ک ساتدا ئه‌و مه‌یدانه که به هه‌زاران که‌سی لێ کۆ ببووه‌وه وا زوو چۆڵ و هۆڵ بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که هیچ ڕووی نه‌دابێت! ئه‌مه چی ئه‌گه‌یه‌نێت؟ جه‌نابی پێ وایه که ” هێزی ئاسایشی کوردستان ئه‌وه‌نده دڕه‌نده‌ن و گوشاریان زۆرتره”، که من قه‌ت پێم وایه ئه‌گه‌ر به قه‌ولی جه‌نابیشی بوو بێت خۆ به ڕاده‌ی سه‌رکوتکاریه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، وه‌ک: میسر، لیبی، یه‌مه‌ن و سوریه نه‌بوون و نین، که چۆن ئه‌و گه‌لانه خۆیان فیدا کرد و هه‌ڵوێستیان بوو و به‌ربه‌ره‌کانیان کرد و ئیستاش هه‌ر وا به پێوه‌ن له‌و جۆره مه‌یدانانه که ڕۆژ نیه خه‌ڵکیان لێ نه‌کوژێت، که چی هه‌ر سورن له سه‌ر مافه ڕه‌واکانیان.
مه‌به‌ست لێره ورووژاندنی هه‌ستی خه‌ڵک نیه که خۆیان به کوشت بده‌ن…، یان هه‌روه‌ها مه‌به‌ستیش به‌راورد کردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له گه‌ڵ ئه‌و ڕژیمه سه‌رکوتکارانه نیه که ناومان هێنان، و ته‌نیا بۆ روونکردنه‌وه بوو که ئه‌گه‌ر به قه‌وڵی ئه‌و به‌ڕێزه، زۆربه‌ی خه‌ڵک ناڕازین و له‌و په‌ڕی هه‌ژاری و ترس و وه‌حشه‌تدا ده‌ژین، بۆچی ئه‌و زوڵمه قه‌بووڵ ئه‌که‌ن، مه‌گه‌ر ناڵێن؛ ” قه‌بوڵکردنی زوڵم له خودی زوڵم خراوتره”.؟
= 17 شوبات ئیلهامێک بوو له‌وه‌ی ” مه‌یدانی الته‌حریری میسر” و گوناحی و تاوانیش نیه که له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، به‌ڵام ئه‌وانه دوو حه‌ره‌که‌تی جیاواز بوون- ئه‌وه‌ی میسر گه‌لێکی ڕاپه‌ڕیو، مافخوازی ڕۆشنبیر، زانییان بۆ هاتوونه‌ته ئه‌و گۆڕه‌پانانه و ئه‌گه‌ر و مه‌گه‌ری خۆیانیان کردبوو، و هه‌روه‌ها داخوازی و ڕێبه‌رێیه‌کی له پشته‌وه هه‌بوو. پاشان ڕژیمی حوسنی موباره‌ک زۆر جیاواز بوو له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کورد له هه‌رێمی کوردستان. ڕاسته له هندیک بوواره‌وه حاڵه‌ت و خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه به واتای ئه‌وه نیه ئیتر کۆپی هاو شێوه بێت. به هه‌ر حاڵ ئه‌مه زۆر ئاو هه‌ڵده‌گرێ و …
= میلله‌ت ده‌بێ له ماف و داخوازیه‌کانی شاره‌زا بێت و بزانێت چۆن به پێی ڕه‌وتی سه‌رده‌م داواکاریه‌کان بهێنێته به‌ر باس و تیشکی لێکدانه‌وه، و به ڕێبازێکی مه‌ده‌نیانه داواکاریه‌کانی خۆی بێنێته ناو بازنه‌یه‌کی دیاری کراو و ڕوون.
– له لایه‌کیتره‌وه، جه‌وهه‌ری ناوه‌ڕۆکی ئه‌و ڕووداوانه ڕۆشنبیر و ئاگایی جه‌ماوه‌ر و تاکه و ئه‌وه‌ش به کوتوپڕی نایه‌ته دی و نابێ په‌له بکه‌ین له به‌هاری چوزانم، به ناو عه‌ره‌بی، کوردی …. هتد ئه‌وه وه‌ک ئه‌وه ده‌مێنی به قسه‌ی ” مامۆستا مه‌سعود مه‌حه‌مه‌د” که ده‌ڵێ ( زۆر کردن و په‌له‌کردن له شتێک که کاتی نه‌هاتبێت نه‌گه‌یشتبێت وه‌ک جنینی مانگایه‌ک وایه که هێشتا خۆی نه‌گرتووه و نه‌بوو به گوێلک به زۆر ده‌ریهێنیت، که ئه‌وه‌ش نه‌ک هه‌ر به زیندوویی ئه‌و گوێره‌که نایه‌ته جیهانه‌وه بگره له‌وانه‌یه دایکه‌که‌شی له‌و زه‌خت و زۆره‌دا پێوه‌ی بمرێت…) بۆیه من پێم وابوو ئه‌و ڕه‌وشه بۆ کوردستان هێشتا زوو بوو. به هه‌ر حاڵ هیوادارم که هه‌ردوو لای ده‌سه‌ڵات و دژبه‌ر پێکه‌وه هه‌رکام به دانی باج و نرخ له لایه‌ن خۆیانه‌وه بێنه‌وه مه‌یدانه‌وه و پێکه‌وه گفت و گۆ بکه‌ن، که ته‌نیا چاره‌سه‌ری، ڕێگای دیالۆگ و دانوستانه، لێک حاڵی بوونه، به‌رده‌وامی و پشوودرێژیه. له پڕێکه‌وه نابێ به کورێک.
— به‌ڕێز کاک فاروق ده‌ڵێ: ” حیزب و بزووتنه‌وه کوردیه‌کان هه‌موویان له لادێ و شاخ دروست بوون و شاری نین!”
= یه‌که‌م لێره ئه‌و به‌ڕێزه ئیهانه‌ت ده‌کات به لادێ و گوند و شاخه‌کانمان، که له کاتێکدا هه‌ر ته‌نیا گوند و شاخه‌کان بوون به پشتگر و سه‌نگه‌ری قایمی له بڕان نه‌هاتووی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی که ئه‌و پێی وایه سڕاوه‌ته‌وه، هه‌ر له ناو لادێ و شاخه‌کانی کوردستان بۆ کورد پارێزراوه و ماوه‌ته‌وه.
– دووه‌م بێ ئاگایه له‌وه‌ی که حیزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی زاده‌ی شاریشمان هه‌بووه؛ وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان که له مهاباد و له ناو جه‌رگه‌ی شار دامه‌زرا.
– یان ده‌ڵێ: ” حیزب بێت سیاسه‌ت ده‌مرێت، حیزب سیاسه‌تی کوشتووه”!
= ئه‌و به‌ڕێزه سیاسه‌ت به چی تێگه‌یشتووه؟ خۆی حیزبایه‌تی یانی سیاسه‌ت کردن هه‌ر له سایه‌ی حیزبه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێک دێن. هه‌ر له سایه‌ی حیزب و بزووتنه‌وه کوردیه‌کانه‌وه‌یه که چه‌ندین قۆناخی باشی بڕیوه و ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته ده‌وڵه‌تی کوردی وه‌ک: ” دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له مهاباد و حکومه‌تی شێخ مه‌حمود له سلێمانی، له سایه‌ی حیزبی کوردی و شۆڕشی کورد بوو، بۆیه‌که‌مجار 11ی ئاداری 1970ز هاته ئاراوه و کورد ناسنامه‌ی کورد بوونی وه‌رگرت و بوو به لایه‌ن و هێزێک له عێراقی نوێ، زمان و فه‌رهه‌نگ و کولتوری گه‌شه‌ی سه‌ند و بوژایه‌وه. هه‌ر سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و تاکی سیاسی کورد بوو که کێشه و دۆزی کوردی گه‌یانده هه‌موو جیهان و گوێ و چاوی گه‌لان و ده‌سه‌لاتدارانی بۆ لای کورد و کوردستان ڕاکێشا که هه‌ر له ” سمکۆ و شۆڕشه‌کانی ئارارات و ئاگری، سلێمانی و مهاباد، بارزانی و شۆڕشی نوێ، ” قاسملوو” و چه‌ندین که‌سایه‌تی سیاسه‌توانی کورد، کوردیان ناساند و به‌رزیان کرده‌وه بۆ ئاستی نێو نه‌ته‌وه‌یی. هه‌رچه‌ند له‌وه‌ش ئاگادارین که کورد له سیاسه‌تدا هێشتا که‌می هێناوه و نه‌یتوانیوه به پێی شاره‌زایی و بیر تێژیه‌وه له قه‌یرانه‌کان زوتر خۆی ڕزگار بکات، و له ئاست چاوه‌ڕوانیدا نه‌بووه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌توانانه‌ی کورد بوون که کوردیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌مڕۆکه.
– کاک فاروق ده‌ڵێ: ” شه‌هید هی حیزب نیه”،
= من ده‌ڵێم ئه‌ی حیزب هی کێیه؟
– له‌وانه‌یه ئه‌و به‌ڕێزه به بیرکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه و ئه‌مڕۆیانه‌ی ڕۆژئاوایی بیر بکاته‌وه، به‌لام ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌یان ساڵه شانازی به حیزبایه‌تی خۆی ئه‌کات و پێشمه‌رگه‌یه، کادر، ئه‌ندام یان هه‌ر به‌رپرسایه‌تییه‌کی له حیزبێکدا هه‌بووه و له چوار چێوه‌ی ئوسوڵی حیزبی‌دا هه‌ڵس و که‌وتی کردووه و خۆی به ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و حیزبه زانیوه، چۆنین له کاتی مردن یان شه‌هید بوونی ناوی بخوێنرێته‌وه؟ ئه‌وه وه‌ک ئه‌وه وایه که ئێمه هه‌موو مرۆڤین و له بنه‌چه‌یه‌که‌وه هاتووین و ناسنامه‌مه‌ی خێزانی، بنه‌ماڵه‌یی، ڕه‌گه‌زیمان ناوێ، و ئه‌گه‌ر مردین یان شه‌هید بووین هه‌ر بڵێین؛ فڵان له ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی مرد یان کۆچی دوایی کرد! مه‌گه‌ر نازانێت که مرۆڤ هه‌رده‌م به‌ناو و ناوبانگیه‌کانیه‌وه شاده و ئه‌گه‌شێته‌وه و شانازی ئه‌کات؟
– له هنێک بواره‌وه له وه‌لیا هاوڕا بووم؛ وه‌ک: ” ماچ کردنی سه‌دام،… که ئه‌وه کارێکی باش نه‌بوو هه‌موو که‌سیش هه‌ڵه ئه‌کات و مرۆڤ بێ هه‌ڵه نابێت. ده‌یانتوانی سه‌دام ماچ نه‌که‌ن و به کزێکه‌وه له ژێره‌وه‌وه سه‌یری نه‌که‌ن یان ئاماده نه‌بن له چاو کامێره و دوربینی ته‌له‌فزیونه‌وه… به هه‌مه حاڵ، دیسان ڕێگاچاره‌ی کورد له‌و به‌شه ئه‌و کات و ئیستاش هه‌ر به‌غدایه و ده‌بێ له‌وێ وت‌و وێژ بکرێت و به چاره‌یه‌ک بگه‌ن.
== یان شه‌ڕی برا کوژی که ڕووداوێکی پڕ کاره‌سات و قێزه‌ون بوو. یان قۆرخ کردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه کۆ کردنه‌وه و سه‌ودای سیاسی له گه‌ڵ ڕژیمه کورد کوژه‌کان و ئاڵۆز کردنی مه‌ودای ئه‌حزاب و بزووتنه‌وه‌ی پارچه‌کانیتری کوردستان و سنووردارکردنیان له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی و سیاسه‌تی دووفاق و نه‌هێشتنی ئه‌خڵاقی سیاسی له هندێک بواره‌وه، یاخۆ گه‌نده‌ڵی و کار و ئه‌رک به که‌سی نه‌شیا و که‌م وکۆری حکومه‌ت و پاڕلمان و بێ یاسایی‌ی و نه‌بوونی یاسایه‌کی په‌سه‌ندکراوی چه‌قبه‌ستووی هه‌ڵبژێراوی ده‌ستی یاسادانه‌ران و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، دوو ئیداری تا ئیستاش و ململانه‌ی ناسالم، یان تۆپ بارانی سنووره‌کانی کوردستان و ڕاوه‌دوونانی تێکۆشه‌رانی کوردی به‌شه‌کانیتر و ڕه‌شه‌کوژی، ماچ و گوڵ بردن بۆ سه‌ر سیمبۆلی کورد کوژانی مێژوو له لایه‌ن هندێک له که‌سایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستانه بۆ تاران و ئه‌نکارا کارگه‌لێکی ناڕه‌وا و دوور له پرنسیپی ئه‌خلاقی و برایه‌تی کورد بوون و له‌و که‌م و کۆڕیه به‌رچاوانه‌ن که کورد هه‌ڵه‌ی تیا کردووه. ئه‌وه‌ش ڕاسپارده‌ی ده‌ستی مێژوو ده‌بێ و مێژوو له‌و هه‌ڵانه خۆش نابێت و تۆمار ده‌کرێت. به‌ڵام خۆ ناکرێ پێوه‌ندیه‌کانیش بپچڕێنن و ده‌رگاکان له خۆیان دابخه‌ن، ده‌س به چه‌ک بن و هه‌رده‌م ئاماده‌ی شه‌ڕێکیتر و ماڵویرانی بن و کوردستانی ئه‌و به‌شه بکه‌نه‌وه به ڕمبازێن و ته‌ڕاتێنی دوژمنانی گه‌له‌که‌مان.
– ئه‌و به‌ڕێزه له به‌شی کۆتایی قسه‌کانیدا هێرشی کرده سه‌ر پارته‌کانیتری کوردستان، و به ” بێخه‌به‌ر و بێ ئاگای ناوزه‌دی کردن له مه‌ڕ خه‌ڵکانه‌ی ناوخۆی وڵاته‌کانیان و به گرێدراوی ئه‌حزابی چه‌پ و توده‌یی و ئه‌تاتورکی یان شویعی ناوی بردن، له هه‌مانکات باسێکی کرد له زمانی کوردی و شاره‌کانی کوردستان وه‌ک کرماشان و سنه که گوایا ئه‌وانه‌شمان له ده‌س چووه و زمانی کوردی له‌و شوێنانه ته‌فریس کراون و تا ئیستا بێجگه له خۆی نه‌بێ که‌س به ته‌نگیانه‌وه نه‌هاتووه.”
= له سه‌ر به ته‌فریس کردنی زمان له‌و ناوچانه، گومانی تێدانیه، که ڕژیمه یه‌ک له دوای یه‌کانی هه‌ر چوارده‌وری کوردستان له‌و کاره درێغییان نه‌کردووه و هه‌وڵی پاکتاو کردنی زمان و نژاد و ناوچه‌کانی کوردستانیان داوه و به‌رده‌وام خه‌ریکی ئه‌و پلیلانانه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه به‌و واتایه نیه که هه‌موو شتێک به ڕه‌شی ببینی و ئاورێک به ڕابردوو و ئیستای کوردستان نه‌درێته‌وه و هه‌ڕه‌مه‌کی ئاڵۆز بێ. لێره‌دا ناچمه سه‌ر ڕێشه و پێکهاته‌ی پارته کوردیه‌کان و ورده‌کاریه‌کانی، هه‌م کات زۆرتر ده‌با و هه‌میش خوێنه‌ر ماندوو ده‌کات و تا ڕاده‌یه‌ک ڕوونه که حیزبه‌کان چۆن و که‌ی دامه‌زراوه و زۆر دژوار نیه. ته‌نیا له‌م به‌شه‌ی کۆتاییدا ئه‌وه ده‌بێژم که ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانی جیهان له یه‌کتره‌وه سه‌رچاوه و ئیلهام وه‌رده‌گرن و ته‌واوکاری یه‌کترین، ئه‌وه که حیزبێک له شێوه‌ی فڵام حیزب یان له ژێر چه‌تری ڕێکخراوی چه‌پ، ناوه‌کی یان ده‌ره‌کی دامه‌زرا بێت، باوه‌ڕ ناکه‌م زۆر کێشه‌ی گه‌وره بێت، ته‌نیا ئه‌وه که بزانین به قازانجمانه ئه‌و به‌دیله، یان نه؛ ئه‌گه‌ر باش و به که‌ڵک بێت بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه، جا بۆ ڕه‌چاوی نه‌که‌ین؟ یاساکان و ته‌نانه‌ت به‌رنامه‌ی هه‌ر حیزب و ڕێکخراوێک له‌وانه‌یه له شوێن و سه‌رچاوه‌کانیتره وه‌رگیرا بێت، خۆ ئه‌وه تاوان نیه. هه‌ر ئه‌وه که به ئاو هه‌وای وڵات سازگار بێت و داب و نه‌رێتی کورده‌واری له‌که‌دار نه‌کات به وته‌ی بێژراو؛ ” بۆ دین دونیامان زه‌ره‌ری نه‌بێت”، باشتره که‌ڵکی لێ وه‌رگرین. هیوادارم مه‌به‌سته‌که‌م گه‌یاندبێت.
– ئه‌وه که ده‌ڵێ کوردستان له ده‌ست ده‌چێت و که‌س ئاگای لێ نیه، وه‌ک ئه‌وه وایه که بڵێین؛ ” له بێخه‌وه‌ران که‌شکه‌ک سه‌ڵه‌وات”!.
= ده‌ڵێم به‌و برا به‌ڕێزه‌م؛ ئه‌دی باشه! زمان و کولتوری کورده‌واری چۆن گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆ؛ خۆ پێشتر حاکمانی زۆر دڕه‌نده‌تر به سه‌ر ناوچه‌و هه‌رێمه‌کاندا زاڵ بوون چۆنین ئه‌و زمانه ڕه‌سه‌ن و کولتوره پڕ به‌هایه کوردی گه‌یه‌ندراوه‌ته ئه‌مڕۆکه؟ که دڵنیام تازه ئه‌وه ئیتر له ناو ناچێت و گه‌شه ده‌کات و سه‌رده‌م سه‌رده‌می لێک حاڵی بوونی نه‌ته‌وه‌و میله‌تانی جیهانه و دیالۆگ به سه‌ر هه‌موو شتیک‌دا زاڵ ده‌بێت و خه‌مت نه‌بێ.
= ئه‌حزابی کوردیش له کوردستانی ڕۆژهه‌لات که که‌وتووه‌ته به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ری جه‌نابی، ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ، که‌م و کۆڕییان هه‌بێت، که هه‌یانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ل و مه‌رجی ناوچه‌یی و به تایبه‌ت ئه‌و هه‌رێمه‌ی که ئه‌و به‌ڕێزه‌ی لێ ده‌ژی. له لایه‌کیتره‌وه بۆ ڕێزگرتن و پشتگیری کردن له‌و هه‌ریمه ئازاده باجی زۆریان داوه و له‌و باجدانه‌ش هێشتا هه‌ر به‌ڕێوه‌یه، که به‌داخه‌وه سه‌رمایه‌ی زۆر گه‌وره و به نرخیشیان له‌و پیناوه‌دا به‌خشی، که چی سوئیستیفاده و که‌ڵکی خرابیشی لێ وه‌رگیراوه.
– ده‌ڵێ: ” حه‌ره‌که‌تێکی میللی فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیری له نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، و پارته کوردیه‌کانی ئه‌و به‌شه لێی بێ ئاگایه.”
= د. فاروق ڕه‌فیق بۆ خۆی یان بێ ئاگایه یان نایه‌وێ ڕاستیه‌کان ببینێ که ئه‌حزابی کوردیی کوردستانی ئێران به‌رده‌وام وشیاره و به ئاگان له میلله‌تی خۆیان. نیشانه‌کانی ئه‌و بانگه‌واز و داواکاریانه‌یه که به‌رده‌وام له لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه ده‌درێن و له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه جێبه‌جێ ده‌بن که ئه‌گه‌ر بیبینێ ده‌زانێ که خه‌ڵک چۆن به پیر ئه‌و بانگه‌وازانه‌وه دێن، ئه‌رکه‌کانیان راده‌په‌ڕێنن. که ئه‌وه ئه‌گه‌ر به ئاگای و وشیاری نێوان حیزب گه‌ل نیه چیه؟
– کاک فاروق پێی وایه که ” ڕووداوی 17ی شوبات ڕووداوێکی گشتگر و سه‌رتاسه‌ری کوردستان بوو”.
= به‌ڵام به لای باوه‌ڕی منه‌وه ئه‌وه ڕاست نیه و ته‌نیا ئه‌و خۆپیشاندانانه ئه‌و کات له‌و شوێنه هه‌ر به دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بووه له هه‌رێمی کوردستان و داوای ویست و داخوازیه‌کانی خۆیانیان کردووه و پێوه‌ندی به‌س به هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌ت و پارلمانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بووه نه‌ک سه‌رتاسه‌ری کوردستان. که پێم وایه هه‌ر خه‌ڵکانی به‌شی کوردستانی عێراق له‌و خۆ پیشاندان و مانگرتنه‌دا به‌شدار بوون نه‌ک به‌شه‌کانیتر.
– له کۆتاییدا، هیوادارم ئه‌و به‌ڕێزانه که تایبه‌ت به‌شی کامێره و ڤیدیۆ بوون و وابزانم بۆ لایه‌ن و تیڤییه‌ک فیلمیان هه‌ڵده‌گرت، بێ سانسۆر وته‌و قسه‌کانی د. فاروق ره‌فیق که له 21/2/2012 له دانمارک شاری ئارهوس گیراوه ڕۆژێک بڵاو بکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان باشتر ده‌رکه‌وه‌ن.
مه‌جید کاکه‌وه‌یسی
22/2/2012
{jcomments off}