خوێندنه‌وه زۆر گرنگ بۆ هه‌موو که‌سێک ، یه‌کێکه له پێویسترین پێویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا.. له دوای هه‌ڵمژینی هه‌وای پاک و خوارنه‌وه و خواردن و نووستن و کارکردن ، ریزبه‌ندی دێته سه‌ر خوێندنه‌وه.
. وه‌کو چۆن پێویستیمان به خواردن و ئاو خوادنه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بژین.. هه‌روه‌هاش پێویستیشمان به خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بابه‌ت هه‌مه‌ڕه‌نگه هه‌یه ، چونکه خوێندنه‌وه خۆراکی مێشکه و، هۆی گه‌شه‌کرن و ده‌وڵه‌مه‌ندن کردنی هۆش و گۆش و زه‌ین و زیره‌کی و بلیمه‌تی و زانایی و دانایی و پێشکه‌وتن و داهێنانمانه.. بڕوا ناکه‌م تام و چێژی هیچ خۆشییه‌ک بگاته خۆشی و له‌زه‌تی خوێندنه‌وه.
خوێندنه‌وه ، له بنه‌ما هه‌ره سه‌رکییه‌کانی دروست کردنی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واو و سه‌رکه‌وتووه.. هه‌ر له منداڵییه‌وه تا ئه‌و رۆژه‌ی که سه‌رده‌نێینه‌وه ، پێویستیمان به خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌ی بابه‌ت هه‌مه‌ره‌نگه هه‌یه.. تا زیاتریش بخوێنینه‌وه و زیاتر وه‌ربگرین.. هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ی خوێندوومانه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی وه‌رمان گرتوون و ده‌یانزانین.. دڵۆپێکن له ئۆقیانووسێکدا.
کتێب باشترین هاوڕێیه.. کتێبخانه‌ش جوانترین و قه‌شه‌نگترین باخچه و گوڵزاری پڕ گوڵ ههمهرهنگهیه.. کتێبخانه ده‌وڵه‌مه‌نترین باخ و بێستانی خۆشترین و به تامترین میوه‌یه.. کتێبخانه باشترین شوێنی سوود وه‌رگرتن و خۆ رۆشنبیرکردنه.
کتێب ، باشترین مامۆستایه، که به‌بێ چاوسوورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه و به‌بێ لێدان فێرمان ده‌کا..له باره‌ی بایه‌خی کتێب و کتێبخانه‌وه، له گۆشه‌نیگای ناودارانه‌وه:
تۆماس جیفه‌رسۆن ده‌ڵێ : ” من به‌بێ کتێب ، ناتوانم بژیم “
مارکۆس سیکه‌رۆ ده‌ڵێ : ” ئه‌گه‌ر باخچه‌یه‌ک و کتێبخانهیهکت هه‌بێ ، واته له هیچت که‌م نییه “
دیگۆن لایلی ده‌ڵێ : ” کتێبخانه‌که‌ت پڕبێ له کتێب ، باشتره له‌وه‌ی که جزدانه‌که‌ت پڕ بێ له پاره “
گاندی ده‌ڵێ: ” ئه‌وه‌ی رۆژانه رۆژنامه‌یه‌ک نه‌خوێنێته‌وه، من به نه‌زانی داده‌نێم “
فنست ستاریت ده‌ڵێ: ” کاتێ که کتێب کۆده‌که‌ینه‌وه، واتا به‌ختیاری کۆده‌که‌ینه‌وه”
ئۆلیڤه‌ر گۆڵدسمیس ده‌ڵێ : ” که بۆ یه‌که‌مین جار کتێبێک ده‌خوێنمه‌وه ، واته هاوڕێیه‌کی تازه‌م گرتووه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به رێکه‌وت بۆ جارێکی تر هه‌مان کتێب بخوێنمه‌وه ، واته بۆ جاری دووه‌م چاوم به هاوڕێیه‌که‌م ده‌که‌وێته‌وه “
ئه‌براهام لینکۆڵن ده‌ڵێ :” ئه‌و شتانه‌ی که من حه‌زده‌که‌م بیان زانم، له کتێب دان. باشترین هاوڕێشم، ئه‌و که‌سه‌یه که کتێبێکم پێشکه‌ش بکا، که نهم خوێندۆته‌وه”
فریدریک نیتشه ده‌ڵێ : ” هه‌وڵده‌ن بخوێننه‌وه ، وه‌ک راوچییه‌کی به ده‌ست و بردیش ، بیر و بۆچوونی چاک راوبکه‌ن و ، له هزره بۆگه‌ن و کۆنه‌کانیش دوور بکه‌ونه‌وه “
ئۆمه‌ر هانسینس ده‌ڵێ: ” تا کتێب زۆرتر بێت، زانست و زانیاریش زیاتر ده‌بێت”
راسته که ئینته‌رنێت له رۆڵی کتێب و گۆڤار و رۆژنامای که‌متر کردۆته‌وه .. به‌ڵام بایه‌خ و چیژی خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه هه‌رگیز کاڵ نابێته‌وه.
منداڵان به هۆی خوێندنه‌وه‌وه ، حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان گه‌شه‌تر ده‌کا و ، ئاسۆی زانست وزانیاری و رۆشنبیریی گشتییان فراونتر ده‌بێ، فه‌رهه‌نگی وشه و رسته و زمانه‌وانیان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بێ ، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان ده‌ست ده‌که‌وێ که که له‌لایاندا بێ وه‌ڵامن . هه‌ندێ له‌و گرێیانه‌ش ده‌که‌نه‌وه ، که رامانی کردوون.. هه‌ر به هۆی خوێندنه‌وه‌وه، منداڵان بنه‌ما پێویستییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌کی دروست و راست فێرده‌بن، وه‌کو: کۆشش کردن و تێکۆشان، خۆڕاگرتن و کۆڵنه‌دان، راستی و راستگۆیی، هاوکاری و یارمه‌تیدان، گه‌شبینی و هیواداری، یه‌کسانی و ئازادی، دادپه‌روه‌ری و رهواناسی ، گه‌ل و نیشتمانپه‌روه‌ری ، دڵسۆزی و خۆشه‌ویستی ، بڕوا به‌خۆبوون ، هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و ویژدان زیندوویی ، … هتد.
له‌م روانگه‌یه‌وه ، ئه‌مڕۆ له وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ، له شار و شارووچکه و له گه‌ره‌ک و دێهاته‌کان و له هه‌موو قوتابخانه و پۆلێکی خوێندندا ، به‌ڵکو له هه‌موو ماڵێک و هه‌موو ژوورێکی نووستنی منداڵانیشدا ، کتێبخانه‌ی گه‌وره و بچووکیان تیدا هه‌یه و، به هه‌زاران کتێب و گۆڤار و سه‌رچاوه‌ی ههمهڕهنگهیان بۆ هه‌موو قۆناخ و ته‌مه‌نێک تێدایه.. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندین کتێبخانه‌ی گه‌ڕۆکیان هه‌یه، که دێهات و گه‌ڕه‌ک و شوێنانی تر به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و.. تازه‌ترین کتێب و گۆڤار ده‌خه‌نه به‌رده‌ستی شه‌یدایانی خوێندنه‌وه .. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی رۆژانه نه‌خوێنێته‌وه که‌سێکی دابڕا و بێ ئاگایه و ، ئه‌و رۆژه به نرخانهشی به‌فیڕۆ ده‌دات.. هه‌ر ماڵێکیش کتێبخانه‌ی تێدا نه‌بێت ، وه‌ک ئه‌وه وایه که چێشتخانه‌ی تێدا نییه .. با کتێب و کتێبخانهشمان ، ته‌نها بۆ دیکۆر و رازانه‌وه‌ی ماڵ و قوتابخانه‌کانمان و کتێبخانه گشتییه‌کانمان نه‌بێت ، شووره‌ییه ئه‌گه‌ر کتێبه‌کان نه‌کرابێتنه‌وه و تۆزیان لێ نیشتووبێ .
من هه‌ر کاتێک ماوه‌م هه‌بێت زۆرترین کاتی په‌رژان و پشووی خۆم له کتێبخانه‌ی گشتی ( بێرگن ) له نه‌رویج ـ ئه‌و شاره‌ی لێی ده‌ژیم ـ به خوێندنه‌وه به‌سه‌رده‌به‌م. ژماره‌یه‌کی باشی کتێب و گۆڤاری کوردی له‌م کتێبخانه‌یه‌دا له به‌شی کوردی‌دا هه‌یه ، که به‌شێکیان بۆ منداڵانن.. کتێبی تازه‌شیان تێدایه. ساڵی پار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌که‌دا قسه‌م کرد و گله‌یی ئه‌وه‌م کرد، که له چاو ژماره‌ی کورد و به‌شه‌کانی زمانه‌کانی تر ، زۆر که‌متر کتێبی تازه بۆ به‌شی کوردی ده‌کڕن .. بۆچی ؟ وه‌ڵامی به‌ڕیوه‌به‌ری کتێبخانه‌ی بێرگن ئه‌وه بوو..وتی ئێمه به‌پێی خوێنه‌ران و خوازیارانی کتێبه‌کانی هه‌ر به‌شێک کتێبی تازه ده‌کڕین . له راستیدا قسه‌که‌شی راستن.. به داخه‌وه وه‌کو وتم که‌س به قه‌ی من هاتووچۆی ئه‌و کتێبخانه‌یه ناکات ، مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن کوردێک ، یا منداڵێکی کوردمان ببینم ، که کتێب بخوێنێته‌وه یان کتێبێک بخوازێ و بیباته‌وه بۆ ماڵه‌وه .. که‌چی رۆژی به سه‌تان منداڵ و لاو و ژن و پیاوانی نه‌ته‌وه‌کانی ترم به‌رچاو ده‌که‌ون ، مه‌گه‌ر له‌کاتی ته‌وابوونی ده‌وام به‌جێی بهێڵن، که به‌جێشی ده‌هێڵن،هه‌ر یه‌که چه‌ند کتێبێکی خوازراو ده‌باته‌وه بۆ ماڵه‌وه.
تا ئیستا به ته‌واوی نه‌زانراوه ، له که‌یه‌وه منداڵ هۆگری کتێب و خوێندنه‌وه ده‌بێت.. ئه‌مانه هه‌ندێ پرسیارن یارمه‌تی دایکان و باوکان ده‌ده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی که بزانن و بۆیان ئاشکرا بێت ، که منداڵه‌کانیان حه‌زیان له کتێب خوێندنه‌وه هه‌یه:
(*) ئایه تێبینی ئه‌وه ده‌که‌ی که ، مناڵه‌که‌ت حه‌ز ده‌کا سه‌یری کتێب و گۆڤار بکا؟
(*) که منداڵه‌که‌ت به ته‌نها بێ ، حه‌ز ده‌کات جار و بار کتێب به ده‌سته‌وه بگرێ؟
(*) که کتێبی له به‌رده‌ستدا بێ، لاپه‌ڕه‌کانی هه‌ڵده‌داته‌وه.. سه‌یری وێنه‌کانی ده‌کا؟
(*) هه‌ندێ جار، وا خۆی ده‌رده‌خا ، که ئه‌و کتێبه‌ی له بهردستییه ده‌یخوێنێته‌وه؟
(*) ئایه منداڵه‌که‌ت حه‌ز به‌وه ده‌کا، که یاری وشه‌سازی( ریزبه‌ندی وشه ) بکا؟
(*) ئایا بایه‌خ و سه‌رنجی ئه‌و رسته نووسراوانه ده‌دا ، ئه‌گه‌ر پێشانیانی بده‌ێ؟
(*) هه‌ندی له‌و وشه و رستانه‌ی که له‌و چیرۆکانه‌ی بۆت خوێندۆته‌وه ، له‌به‌ر خۆیه‌وه دووباره‌یان ده‌کاته‌وه ؟
(*) مانای وشه‌کانت لێ ده‌پرسێ ؟
(*) که خوشک و برای له خوی گه‌وره‌تر ، کتێبیان له به‌رده‌ستدا بێ ، ده‌چێت به لایانه‌وه و، سه‌رنجیان ده‌دا ؟
ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی وه‌ڵامه‌کانی ئه‌و پرسیارانه به ( به‌ڵێ ) بێ..واته منداڵه‌که‌ت حه‌زی له خوێندنه‌وه هه‌یه و ، پێویسته ئه‌م حه‌زه بقۆزیته‌وه و ، به‌پێی ته‌مه‌نی کتێب و گۆڤاره کوردییه‌کانی بۆ بکڕیت .. له سه‌ره‌تاوه کتێبی وێنه‌داری ره‌نگاوڕه‌نگی ئاسانی بۆ دابین بکه .. هه‌ر کتیب و گۆڤارێکیشی خوێنده‌وه ، ستایشی بکه و ، خه‌ڵاتێکی پێشکه‌ش بکه.. خهلاتهکهت هه‌رزان به‌هاش بێ .. دڵخۆشی ده‌کا.
جا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانتان ، هۆگری خوێندنه‌وه بکه‌ن و، بیان که‌ن به هاوڕێی کتێب.. پێویسته ره‌چاوی کۆمه‌ڵێک زانست و رێنمایی پێویست بکه‌ن ، وه‌ک:
(*) پێویسته ئێوه‌ی دایکان و باوکان، ببنه نموونه و له به‌رچاوی منداڵه‌کانتاندا کتێب و گۆڤار و رۆژنامه بخوێننه‌وه ، تا منداڵهکانشیتان چاو له ئێوه بکه‌ن.
(*) به ده‌نگێکی مامناوه‌ندی و به ره‌وانی و به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری خۆش و سه‌رنج راكێش.. کتێبی چیرۆک و هۆنراوه و سه‌رگوزشته و سهرکيشی بۆ منداڵه‌کانتان بخوێننه‌وه..به تایبه‌تیش ئێواران پێش نووستن..کۆمه‌ڵێک پرسیاریش بوروژێنن بۆئه‌وه‌ی منداڵه‌کانت له مه‌به‌ستی چیرۆک و هۆنراوه‌کان تێ بگه‌ن.
(*) له ماڵه‌کانتاندا ، ئه‌که‌ر کرا له ژووری منداڵه‌کانتان کتێبخانه دابنێن و به كتیب و گۆڤاری منداڵان بیان ڕازێننه‌وه.
(*) پێویسته کتێبخانه‌کانی قوتابخانه‌کان، به کتێب و گۆڤاری هه‌مه‌ره‌نگه‌ی منداڵان ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێن و، کتێب بدرێت به منداڵان بیبه‌نه‌وه و له ماڵه‌وه بیان خوێننه‌وه. (*) پێویسته مامۆستایانی زمانی کوردیمان ، رۆڵێکی کاریگه‌ریان هه‌بێت له هاندان و رێنمایی کردنی قوتابیان ، بۆ خوودانه خویندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار.
(*) پێویسته مامۆستایانی زمانی کوردیمان، فێری منداڵان بکه‌ن که چۆن هاومانی ئه‌و وشانه‌ی ماناکانیان نازانن ، له فه‌رهه‌نگه‌کانی زمانی کوردی بیان دۆزنه‌وه.
(*) پێویسته منداڵان به خوێندنه‌وه‌ی بێ ده‌نگ رابهێنن .
(*) ئه‌و منداڵانه‌ی شه‌رمنن ، پێویسته رایان بهێنن و، له‌به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا به ده‌نگه‌وه کتێب یا هه‌ر بابه‌تێکی تر بێت بخوێننه‌وه .. تا شه‌رمیان بشکێ .
(*) بێگومان خوێندنه‌وه ، منداڵان زیره‌کتر وبلیمهتر ده‌کات. هه‌ندێ له منداڵان حه‌زی خۆده‌رخستنیان هه‌یه له به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا.. نابێ سه‌رکوتیان بکه‌ن و، رێ‌یان لێ مه‌گرن .. با ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌نگ نه‌خواته‌وه و ده‌ری ببڕن.
(*) منداڵه‌کانتان له‌سه‌ر خێرایی خوێندنه‌وه رابهێنن.
(*) منداڵه‌کانتان رابهێنن ، که له کاتی خوێندنه‌وه‌دا ، ره‌چاوی خاڵبه‌ندییه‌کانی رێزمان بکه‌ن بۆ نموونه : که گه‌یشتنه بۆر(،) که‌می بشوو یا هه‌ناسه‌یه‌ک بده‌ن، له خاڵی کۆتایی رستهشدا (.) ، پشوویه‌کی زیاتر یا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی لێ بکه‌ن .
(*) ئه‌و منداڵانه‌ی له خوێندنه‌وه‌دا لاوازن ، نابێت په‌راوێز بکرێن.. پێویسته چاره‌سه‌ر هۆی لاوازیان بکه‌ن و ، هۆیه‌کانی پێشکه‌وتنیان بۆ دابین بکه‌ن.
(*) پێویسته ره‌چاوی ئه‌وه‌ش بکه‌ن ، له رووی توانا و بیر و زه‌ین و به‌هره و زیره‌کییه‌وه ، جیاوازی له نێوان منداڵاندا هه‌یه .
(*) منداڵان رابهێنن، له مانا و مه‌به‌ستی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یان خوێننهو تێ بگه‌ن.
(*) پێویسته منداله‌کانتان به‌رن ، بۆ به‌شی کتێب و گۆڤاری منداڵان له کتێبخانه‌ی گشتی شاره‌کانتان.. هیواداریشین به‌شی منداڵان زیاتر گرنگی پێ بده‌ن و به کتێب و گۆڤاری تازه ده‌وڵه‌مه‌ندیان بکه‌ن.
پێنج مانگ به‌ر له ئێستا سه‌ردانی کتێبخانه‌ی گشتی شاری که‌رکوکی خۆشه‌ویستم کرد ، داوام له خاتوو (شادیه به‌کر محه‌مه‌د) ی به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌که‌ی گشتی که‌رکوک کرد که به‌شی منداڵانم پێشان بدات .. به‌داخه‌وه به‌شی منداڵانیان ته‌نها به ناو به‌شه.. له سووچێکی هۆڵێکی بچووکی تاریک‌دا ، له سه‌ر رهفتێکی به‌رزدا ، چه‌ند کتێبێكی منداڵان دانرابوون ، که ژماره‌یان له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی ده‌ستم که‌متر بوون .. ناویان لێ نابوون به‌شی منداڵان .. بڕوا ناکه‌م له مانگێکدا چوار منداڵی کوردمان روو له‌م به‌شه بکه‌ن .. بێن چی بخوێننه‌وه ؟ نیگه‌ران و دڵگران بووم.. خاتوو شادیه ش .. له به‌شی منداڵانیان رازی نه‌بوو .. گله‌یی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که وه‌کو پێویست ئاوڕ له کتێبخانه‌که‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه و هاوکاری نه‌کراون.
داوا له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری کوردستان ده‌که‌م ، که کۆمه‌ڵێک کتێب و گۆڤاری کوردی بۆمنداڵان ، پێشکه‌ش به کتێبخانه‌ی گشتی شاری که‌رکوک بکه‌ن .
هیوادارم که ببینه هانده‌ری باشی کوردیله‌کانمان ، بۆئه‌وه‌ی خوو بده‌نه خوێندنه‌وه و ببنه ئاشنای کتێبخانه و ، ببنه هاوڕێی هه‌میشه‌ی کتێب .
وه‌کو ده‌ڵێن : ” فێربوون به منداڵی ، وه‌ک نه‌خشی سه‌ر به‌رده “
{jcomments off}