"an independent online kurdish website

شارستانەکانی جوانڕۆ و ڕەوانسەر

٣- شارستانی جوانڕۆ    . پێکهاتە، زاراوە، ئایین، ژمارەی دانیشتوان و جوگرافیاali_qenberi1

 ئەم شارستانەش کە هەڵکەوتووە لە ڕۆژئاوای کرماشان وە هاو سنوورە لە گەڵ شارستانەکانی سەلاسی باوەجانی، رەوانسەر و هەورامان،  شارستانێکیتری پارێزگای کرماشانە کە ژمارەی دانیشتوانی (ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی) ٦٢٧٩٧ کەس بووە، کە ئێستە پاش شەش ساڵ دەبێ نزیکی ٨٥ هەزار کەس بێت.

خەڵکی جوانڕۆ بە گشتی یان بە زۆری سەر بە هۆزی جافن کە بە زۆری( تا ئەو جێگاییەی نووسەر بزانێت) لە تایفەکانی (عەشرەتەکانی) جوانڕۆیی ( مەنسوورئاغەیی، مەنووچەری، زێرانی، کڵاشی، ڕۆستەمبەگی)، باوەجانی، قوایی (قوبادی)، وەڵەوەیی، تاوگۆزی وە بە دڵنیاییەوە خەڵکانیتری سەر بە هۆز وە تایفەی تریش هەن وە هەمووی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زاراوەی( جافی) سۆرانی دەپەیڤن وە سەر بە ئایینی ئیسلام وە مەزهەبی سونین.           هەروەها عەشرەتەکانیتری وەک دڕۆیی وە نەگری لە شار و دەوروبەری شاری جوانڕۆ و لە بناری کێوی شاهۆ بە ئاژەڵداریەوە سەرگەرمن و لە هاویناندا لە سەر کێوی شاهۆ رەشماڵ (دەوار) هەڵدەدەن.

شارستانی جوانڕۆ لە دوو بەخش (شارۆچکە) پێکهاتووە: یەکەم، بەخشی ناوەندی (مەرکەزی). ناوەندی ئەم بەخشە شاری جوانڕۆ و دێهستانەکانی ملەپاڵنگانە (نزیکی ٣٠گوند) و بازانە (٣٥ گوند). دووهەم، بەخشی کڵاشە. ئەم ناوچەیش لە دوو دێهستان پێکهاتووە کە بریتین لە دێهستانی کڵاشی (١٧ گوند) و دێهستانی شەروێنە (١٧ گوند). داوای لێبوردن لە خوێنەر دەکەم  ناوی گوندەکان لە سایتی ویکی پیدیا زۆر تێکەڵ و پێکەڵ بوو. لە وانەیە ژمارەکان کەمتر یان زیاتر بن. 

گەورە بوونەوەی شاری جوانڕۆ لە دوای شەڕی ئێران وە عێراق، و هاتنەوەی ئاوارەکانی شەڕ بوو لە عێراق، کە دوای ساڵانێک ئاوارەیی بەشێکیان گەڕابوونەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، رەوانسەر و سەرپێڵی زەهاو جێگیر بوون. لە زۆر جێگاش چوونەوە نێو گوندەکانی خۆیان.

جوانڕۆ لە ڕووی ئابوورییەوە

ئەگەر چی نووسەر زانیارییەکی دیکومەنتی لە سەر باری ئابووری خەڵکی ئەم ناوچەیە بە دەست نەکەوت، بەڵام لە بەر ئەوەی خۆم لە بنەڕەتدا لە ئەم ناوچەیەوە زۆر دوورنەبووم، دەزانەم کە بە تایبەت زۆربەی ئەو خەڵکە بێجگە لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کرێکاری، کاری ئیدارارتی دەوڵەتی وە کەسابەت شتێکیتریان نییە.  خەڵکێکی زۆری ئەم ناوچەیە بۆ کرێکاری ڕوو لە شوێنەکانیتری ئێران دەکەن. ڕژیم هەر وەک شوێنە کوردنشینەکانیتر ئەم ناوچەیەیشی لە دواکەوتوویی ئابووریدا هێشتوەتەوە.    لە ئەم ناوچەیە کارخانەیەک یان کارگەیەک نابیینی کە بە لانی کەمەوە ١٠٠ کرێکار تێدا کار بکات!

جوانڕۆ لە ڕووی سیاسییەوە

ئەگەر چی لە سەرەتاوە خەڵکی جوانڕۆ بە پێی قورساییان،  بەشدارییەکی زۆر بەرچاویان لەشۆڕشی کوردیدا نەبوو، بەڵام ئێستە وە بە تایبەت لە ئەم ساڵانەی دواییدا جمووجووڵی سیاسی و بەشداری خەڵکی ئەو ناوچەیە لە نێو حیزبە کوردیەکاندا زۆر بەرچاوە.  لە سەر ڕووداوی کوشتنی گووماناوی مامۆستا مەلا موحەمەدی رەبیعی (پێشنوێژی مزگەوتێکی سونییەکانی شاری کرماشان)  خورۆشانێکی گەورەی جەماوەری لە شاری جوانڕۆ ڕوویدا کە چەندەها کەس لە خەڵک وە هێزەکانی ڕژیم کوژران. ئێستە بە پێی ئەو هەواڵانەی کە دەگات، هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لە ناوچەکە زۆر لە ئاستێکی باشدایە.                                                                          

بۆ ئاگاداری خوێنەران ڕێکخراوێکی سیاسی بە نێوی یەکیەتی دیموکراتی کوردستان هەیە کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتییەکەی خەڵکی ناوچەی جوانڕۆن. ئەم ڕێکخراوە کە بەس چاڵاکی سیاسی دەکات و لە شاری سلێمانی نیشتەجێن ٨ یان ٩ ساڵ پێش لە پکەکە جیا بوونەتەوە ( ئەو کاتەی کە پکەکە پژاکی دروست کرد بۆ ڕۆژهەلاتی کوردستان).

هەر وەک باسم کرد بەشداری خەڵکی ئەم ناوچەیە لەحیزبەکانیتریشدا بەر چاوە و تەنانەت خاوەنی چەندها قوربانیشن. لە ئەم ناوچەیش هەر وەک شوێنەکانیتر بەداخەوە خەڵکی خۆفرۆش هەبوون کە چوونە پاڵ ڕژیمەوە  و لە بەرانبەرهێزە کوردیەکان  بۆ ماڵی دونیا چەکیان هەڵگرت.  ئێستە گەورەترین خەتەر کە لە ئەم ناوچەیە هەیە، خۆ ڕێکخستنیی ئیسلامییە توندڕەوەکانە کە  لە داهاتوودا ببنە کێشە لە بەرانبەر بە سیکولاریزم، ئازادی و پێکەوەژیانی پێکهاتە مەزهەبییە جۆاروجۆرەکانی ناوچەی کرماشان. ئەم بیری ئیسلامییە بە سەر دوو بۆچوون دا دابەش دەبن: یەکەم بیری مفتی زادەیی، کە کەمێک نەرم و نیان ترن. نموونەی ئەخوان موسلمین لە میسر یان یەکگرتووی ئیسلامی لە باشووری کوردستان. دووهەم، بیری سەلەفی و وەهابیە. ئەمانە زۆر توندڕەوترن و لە کوشتنی خەڵکی بیرجیاواز ئەگەر بۆیان بکرێت دەست ناپارێزن. نموونەی کوشتن و لەت لەت کردنی جەنازەی ٤٠ پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی لە گوندی خێڵی حەمە (نزیک ١٠ ساڵ پێش ئێستە) لە ناوچەی هەورامان و شارەزور. لە بەر ئەوەی خەڵکی ناوچەی کرماشان دابەشە بە سەر شیعە مەزهەب، سونی مەزهەب و پەیڕەوانی ئایینی یاری، سەر هەڵدانی هەر چەشنە بیری توندڕەوی مەزهەبی دەتوانێت کارەسات بخولقێنێ کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کورد بە گشتی و خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتیدا نییە!

جوانڕۆ لە باری کەلتووری و هونەرییەوە

لە باری هونەریشەوە لە ئەم ١٥ -٢٠ ساڵەی دواییدا چەندها هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە جوانڕۆ هەڵکەوتووە کە دەورێکی باشیان هەبووە لە بووژانەوەی فەرهەنگ وە کەلتووری کوردەواری. لە بەر  نزیک بوونی ناوچەی جوانڕۆ لە هەورامان خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە لە باری هوونەرییەوە زۆر لە سەر یەک تەئسیریان هەبووە. زۆر بەی هونەرمەندانی جوانڕۆیی بە جوانی گۆرانی هەورامی دەچڕن. هەڵپەرکەی قڵایی تایبەتی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە.        لە ئەم ناوچەیە زۆر گرنگی دەدرێت بە جل و بەرگی کوردی. لە ناو شاردا بە دەگمەن خەڵک جلی دیکە لە بەر دەکەن. ڕادەی خوێندەواریش تا ڕادەیەکی باش بەرەو پێش چووە.

جوانڕۆ لە باری مێژووییەوە

ناوچەی جوانڕۆ لە رابردوودا یەکێک لە ١٨ ناوچە میرنشینەکەی ئەردەڵان بووە کە لە لایەن سەید ئەحمەدبەگی جاف و کوڕەکانییەوە ئیدارە کراوە. پاش مردنی ناوبراو و لە سەر وەسییەتی خۆی، ڕۆستەم بەگی وەکیڵ دەسڵاتی ناوچەکە دەگرێتە دەست. حەمدوڵای مستەوفی (زمان و مێژوو ناسی ئێرانی، سەدەی ١٥ زایینی) مێژوی جوانڕۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ. بە وتەی ناوبراو ئەم شارە لە پێشدا ناوی ئاڵانی یان هاڵانی بووە. ئێستەش سەراوێک لە نزیک شاردا هەیە بە ئەم ناوە (سەراو هاڵانی). ئەم مێژووە ڕۆشن نەکراوەتەوە ئاخۆ تا زەمانی لە ژیاندا بوونی نابراو (حەمدوڵڵای مستۆفی) کە سەدەی ١٥هەم بووە؟ یان تا ئێستە ویکی پێدیا مە بەستیەتی. ئەگەر تا ئەو کات بێت؟ ئەم مێژووە  دەکاتە ١٢٠٠ ساڵ.   لە زەمانی (ئەگەرهەڵە نەبم) رەزا شادا بەگزادەکانی وەکیڵ ماوەیەک لە حکوومەت یاخی بوونە و دەستیان داوەتە چەک و بەرەنگاربوونەوە.

٤- ڕەوانسەر

ژمارەی دانیشتوان و هەڵکەوتەی جوگرافیایی

شارستانی رەوانسەریش یەکێکیترە لە شارستانەکانی پارێزگای کرماشان کە هەڵکەوتوە لە باکووری شاری کرماشان و لە مەودای ٥٠ کیلۆمتری سەر ڕێگای کرماشان بۆ پاوە. بە پێیی سەرژمێری شەش ساڵ پێش لە ئێستە ژمارەی دانیشتوانی ٤٥٣٢٤ کەس وە ئێستە دەبی نزیک بە ٥٥٠٠٠ کەس بێت. ناوی ڕەوانسەر دەگەڕیننەوە بۆ ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانە کە لە سەراوەکە دێتەدەر، واتە سەراوی ڕەوان، کە کراوە بە رەوانسەر.                          

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ویکی پێدیا نووسیویەتی، شارستانی ڕەوانسەر پێکهاتووە لە دوو بەخش و شەش دیهستان. بەخشی ناوەندی (مەرکەزی) کە پێکهاتووە لە شاری ڕەوانسەر و ئەم چوار دێهستانە: ١- دێهستانی بەدر، ٢٥ گوند     ٢- دیهستانی حەسەن ئاوا، ٤٠ گوند ٣- دێهستانی دەوڵەت ئاوا کە لە ٣٥ گوند پێکهاتووە و بە زۆری سەر بە تایفەی وەڵەدبەیگین (وەڵەوەیی). ٤- دێهستانی زالوئاو کە هەڵکەوتووە لە سنووری وەڵەوەیی – سنجاوی و زۆر بەی خەڵکەکەی سەر بە هۆزی سنجاوین، بەڵام خەڵکانی سەر بە هۆز و تایفەی تریش هەن کە بە ژێر زاراوەی جافی دەپەیڤن. خەڵکی زالوئاو سەر بە مەزهەبی سونیی، شیعە و یارین  بەخشی شاهۆش لە دوو دێهستانی مەنسوورئاغەیی و قۆڕیقڵا پێهاتووە کە یەکەمی لە ١٠ گوند و دووهەمی لە ٨ گوند پێکهاتووە کە بە زۆری لە تایفەکانی جوانڕۆیین کە بە مەنسوورئاغەیی و مەنوچەری ناسراون.   لە گەڵ داوای لێبوردن لە خوێنەر، لە بەشی دووهەمی وتارەکەمدا نوسیبووم کە قۆڕیقلا سەر بە شارستانی جوانڕۆیە، بەڵام وادیارە کە کەوتووەتە سەر شارستانی ڕەوانسەر.

پێکهاتەکان، زاراوەکان و ئایین

خەڵکی رەوانسەر بە زاراوەی سۆرانی و ژێر زاراوەی ئەردەڵانی وە جافی دەپەیڤن وە لە باری مەزهەبیشەوە سەر بە مەزهەبی سونی شافیعین. بە هۆی نزیکی لە هۆزی سنجاوییەوە کە هۆزێکی گەورەی ناوچەی کرماشانە وە بە زۆری سەر بە ئایینی یارین تا ڕادەیەکیش خەڵکی ئەو هۆزە لە ناوچەی رەوانسەر دەژین. زۆرینەی خەڵکی ڕەوانسەر سەر بە هۆزی ئەردەڵانن کە بێجگە لە رەوانسەر لە کامیاران، سنە وە کرماشانیش دەژین. ئەردەڵانەکان دەورانێکی زۆرفەرمانڕەوایی بەشێکی خاکی کوردستانیان کردووە لە ژێر نێوی عەمارەتی ئەردەڵان کە ناوەندی دەسڵاتەکەیان شاری سنە بووە. جگە لە ئەمانە کە ئاماژەی پێکرا چەندین تیرەو تایفەیتر لە ناوچەکە هەن وەک عەشرەتی وەڵەوەیی (وەڵەدبەیگی) کە لە بەینی جوانڕۆ وە ڕەوانسەردا دەژین کە لە نزیکی ٣٠ گوند پێکدێن. عەشرەتەکانیتری ناوچەکە تا ئەو جێگایە نووسەر ئاگادارە، بریتین لە دەوڵەتاوایی، نەگری، خەراجیانی ،گەشکی، دڕۆیی مەنسوورئاقەیی، مەنوچەری، سنجاوی و…هتد.

سروشتی ڕەوانسەر

شاری ڕەوانسەر بە هەبوونی سەراوێک کە لە ناوەڕاستی شاردا تێپەڕ دەبێ و لە بن شاخەکەی پشت شارەوە دێتە دەرەوە، جوانییەکی بێ وێنە دەبەخشیتە شار. ئەم ئاوە دەڕژێتە نێو ئاوی قەرەسوو. ڕەوانسەر لە زستاناندا زۆر سارد ولە هاویناندا هەوایەکی زۆر فێنک وە ئاوێکی زۆر سارد وە خۆشی هەیە.   پشتی ئەم شارە،  کێوی شاهۆ وە ئاوایەکانی پشتە و خەراجیان و داوێنی شار کە دەبێتە ڕۆژئاوا، دەشتێکی یەکجار پان و بەرینە کە ناوچەکانی سنجاوی، زالواو، وەڵەوەیی وە تا جوانڕۆی لێوە دیارە.  مەرقەدی وەیسی قەرەنی کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن حەزرەتی وەیس لە سەر بەرزاییەکەوەیە کە لە نزیکی شاری ڕەوانسەر هەڵکەوتووە کە ساڵانە تەوافکارانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن کە تا ڕادەیەکیش بە هۆی ئەو گەشتیارانەوە سوودی زۆر بە ئابووری ناوچەکە  دەگەیەنێت.

باری ئابووری

ئابووری خەڵکی ڕەوانسەریش هەر وەک شوێنەکانیتر لە ڕێگای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کرێکاری وە کەسابات دابین دەکرێت. ڕێژەی بەرهەم هێنانی دانەوێڵە لە ئەم ناوچەیەدا تا ڕادەیەک لە سەرەوەیە. هەروەها بەشێکی خەڵکی ئەم ناوچەیەش لە دامو دەزگاکانی دەوڵەتیدا لە بەشی خزمەتگوزاریدا وەک مامۆستا و فەرمانبەر کار دەکەن.

باری ڕامیاری (سیاسی)

خەڵکی ڕەوانسەریش تاڕادەیەکی بەرچاو لە نێو ڕێکخراوە سیاسیەکاندا چاڵاکانە بەشداریان کردوە و بە هۆی نزیکی لە شارەکانی کامیاران وە سنەوە ئاستی بیری سیاسی وە شۆڕشگێڕیان  لە ئاستێکی باش دایە. هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕێکخراوە کوردیەکان وەک حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە شاری ڕەوانسەر مەقەڕیان کردەوە و تا کاتی هێرشی ڕژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان (٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨هەتاوی) ئەم دوو ڕێکخراوە کوردییە لە ئەم ناوچەیە کار و چاڵاکیان دەکرد و هەر ئێستەش ڕەوانسەریەکان لە نێو حیزبە کوردیەکاندا بەشدار و چالاکن. لە ئەو ناوچەیەش هەر وەک شوێنەکانیتر، خەڵکی خۆفرۆش هەبووە کە پاڵیان بە دوژمنەوە دابوو لە دژی بزوتنەوەی کوردی، بەتایبەت لە گوندەکان.

باری هونەر و خویندن

هەر وەک لە سەر جوانڕۆ باسکرا لە ڕەوانسەریش ڕادەی خوێندەواری و ڕوو کردن لە هونەر تا رادەیەکی باش گەشەی کردووە

سەرچاوەکان: نەقشەی ئێران، ویکی پێدیا و زانیارییەکانی نووسەرە لە سەر ناوچەکە.

لە بەشی چوارەمدا باسی شارستانەکانی سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ دەکرێت. چاوەڕوان بن!

عەلی قەنبەری، سوید 29-2-2012زایینی

.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی