ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی چه‌په‌کانی ئاڵمان له فرانکفۆرت:
کوردستان میدیا
کوردستان نوێنگه‌ی دڵ و ده‌روونی منه و ئه‌ندیشه‌کانی دوکتور قاسملوو کاریگه‌رییه‌کی قووڵی له‌سه‌ر من هه‌بووه
ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی چه‌پی ئاڵمان له ئه‌یاله‌تی هسن/فرانکفۆرت و کوڕی شه‌هید عبدالرحمان فیچی شه‌هیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، که به هۆی گوشاری هه‌مه لایه‌نه‌ی رێژیم زاڵ به‌سه‌ر ئێران‌دا و به هۆی چالاکییه سیاسییه‌کانی
خۆیه‌وه به ناچار وڵات به‌جێ ده‌هێڵێ و رێگای تاراوگه یان دوورخستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێیانه و یان ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی دوورخستنه‌وه‌دا، وه‌ک مه‌رگی به‌رده‌وام و چه‌شنێ له به‌ندی تاکه‌که‌سی له ساباتی دووری له نیشتمان ناو ده‌بات، ئه‌م دێڕانه به زمان ده‌هێنێت.
دوکتۆر عادڵ فه‌یزی، بۆ گه‌یشتن به ئاواته‌کانی واته خوێندن له بواری زانستی سیاسیی، قۆڵی هیمه‌ت و تێکۆشان هه‌ڵده‌ماڵێ و وه‌ک یه‌که‌مین که‌س له ماوه‌ی که‌مترله چوار ساڵدا بۆ پله‌ی کارناسی باڵا له زانستگه‌ی گۆته‌ی فرانکفۆرت سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ و دواتر تێزی دۆکتورای سه‌ره‌رای دووربوونی له توێژینه‌وه‌که‌ی له‌ژێر ناوی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی ئێران به پله‌یه‌کی به‌رز کۆتایی ده‌هێنێ.
ئه‌زموونه‌کانی له ئه‌ندامه‌تی له حیزبی دێموکرات‌دا به له‌به‌رچاو گرتنی شێواز و مودیرییه‌ت و شێوه جۆراوجۆره‌کانی خه‌باته که بوونه‌ته هۆکاری شوێندانه‌ر بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و له حیزبی چه‌پی ئاڵمان‌دا. سه‌رکه‌وتنه‌کانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ فه‌زا و به‌ستێنی کراوه‌ی زاڵ به‌سه‌ر ئاڵمان‌دا، هه‌رچه‌نده ئه‌و راستییه‌شی له‌به‌رچاوه که نه‌مامی هزر و بیری له کورستان‌دا چاند و له ئاڵمان‌دا باڵای کرد. کوردستانی داگیرکراو که ته‌نانه‌ت مافی خوێندنی له زانکۆ‌و له ساباتی سه‌ره‌ڕۆیی حکوومه‌تیدا بۆ ئه‌و و زۆربه‌ی هاونه‌وه‌کانی پتر وه‌ک تابۆو بڤه‌یه‌ک بووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و کاروباری په‌نابه‌رانی حیزبی چه‌په‌کانی ئاڵمان له ئیاله‌تی “هسن”ی ئاڵمان، له‌و باوه‌ڕه‌دایه که، گۆڕان له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و نێوخۆیی کوردستان دا، رۆڵی شه‌هید د.قاسملوویه و بوونی به ملوێن کوردی ره‌وه‌ند و په‌نابه‌ر له ئورووپا و ئه‌زموونی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رنجراکێشییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی ئازادی کوردستان، له هۆکاره‌کانی ناسراویی کورد به کۆمه‌ڵگای ئورووپایی و به‌تایبه‌تی ئاڵمانه. هۆکارگه‌لێک که به هۆی بارودۆخی زه‌مه‌نی هه‌رکام به شێوه‌ک له شکڵ‌گرتنی ئه‌م بیرۆکه و پرۆسه‌یه‌دا رۆڵیان هه‌بوه،. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناسینی حیزبه ئورووپاییه‌کان له پرسی کورد هێشتا به شیوه‌یه‌کی سیستماتیک و قووڵ جێی نه‌گرتوه.
دوکتۆر فه‌یزی به‌رده‌وام ده‌نگی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له حیزبی چه‌په‌کانی ئاڵمان‌دا بوه و وه‌کوو یه‌که‌مین کوردی ئێرانی ئه‌ندام له‌م حیزبه‌دا، ئه‌ندامه‌تی خۆی له حیزبێکی ده‌ره‌کیی دا نه‌ته‌نیا نه‌بۆته هۆی را‌گرتن و به‌ربه‌ست له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ خه‌بات و چالاکی له بزووتنه‌وه‌ی کورددا، به‌ڵکوو له‌و باوه‌ڕه‌دایه که به هۆی ره‌فتاری ئه‌نترناسیۆنال بوونی حیزبی چه‌په‌کانی ئاڵمان و باوه‌ڕی حیزب به پشتیوانی له بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌کانی دژی داگیرکاری (کلۆنیالیست) به‌شداری کورده‌کانی له حیزبه ده‌ره‌کییه‌کاندا ده‌توانێ هۆکاری شوێندانه‌ر له به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردی هه‌بێت.
دوکتۆر فه‌یزی، گرینگ‌ترین هێزی دینامیک و بزووتنی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ خه‌ڵک و گه‌لی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و له کاریگه‌رییه‌کانی دوولایه‌نی تاک و کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر یه‌کتر درێژه ده‌دات. ئه‌و پێی وایه که گۆرانکارییه‌کانی داهاتووی کوردستان به‌ستراوه به گۆڕانکاریی جیهانی، ناوچه‌یی و ئێرانه‌وه. به داهاتووی کوردستان به شانازییه‌وه خۆشبینه و کوردستان وه‌کوو دڵی خه‌باتی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ناوزه‌د ده‌کات. ئازادی کوردستان نه‌ک وه‌کوو خه‌ون، به‌ڵکوو وه‌ک واقعیه‌تێکی راسته‌قینه و حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌زانێ و مزگێنی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و یه‌کپارچه‌یی کوردستانیش بۆ هاونیشتمانانی ده‌دات.
ئاماده کردنی ڕاپۆرت و وتوووێژ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کومیته‌ی ئاڵمان
دەقی وتووێژ له‌گه‌ڵ د. عادڵ فه‌یزی:
ـ سه‌ره‌تای ژیان خۆتان له دوو بڕگه زه‌مانی ئێستا و رابردوودا ..
ئه‌لف، له ده‌ورانی دوورکه‌وتنه‌وه یان په‌نابه‌ریی یان هه‌رچی که بوه هۆی هاتنتان بۆ وڵاتی ئاڵمان؟ ب: به‌ر له ده‌ورانی ناوبرا تا سه‌ره‌تای ژیانێکی دیکه بفه‌رموون:
ـ چالاکییه سیاسییه‌کانی من رۆژ له دوای رۆژ زیاتر ده‌بوو، چونکه سته‌مکاریی رێژیم گه‌شتبووه ئاستێکی زۆر. چه‌ند هاوڕێکمیان ده‌ستبه‌سه‌رکرابوون، هه‌موو نیشانه‌کان وا ده‌ری ده‌خست که ره‌نگه ئێمه‌ش به‌هۆی یه‌کێ له هاورێکانمانه‌وه له‌ژێر گوشاری ئه‌شکه‌نجه‌ی تاقه‌تپڕوکێندا ئێعتراف بکه‌ن و هه‌ر ئان و ساتێک ئیمکانی ده‌ستبه‌سه‌رکرانی ئێمه‌ش هه‌بوو.
ئه‌مه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گومانێک بوو، به‌ڵام کاتێ هه‌واڵیان پێ دام که ماڵی ئێمه له لایه‌ن مه‌ئموورانی ئه‌منییه‌تییه‌وه پشکێنراوه و برا گه‌وره‌که‌م و خاڵۆشمیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوه، ئیتر دڵنیا بووم، که هاوڕێکه‌مان ناوی ئێمه‌ی هێناوه. هیچکات دڵم لێی نه‌یه‌شا و نیگه‌ران نه‌بووم به‌و هۆیه‌وه. هه‌مووکات نیگه‌رانی بووین، چونکه کێشه‌ی زۆری هه‌بوو، له هه‌ر حاڵ‌دا، هه‌واڵیان پێ دام که هه‌موو به‌ڵگه‌کی ناسنامه‌ی منیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوه. چه‌ند رۆژێ له ماڵی یه‌کێ له هاوڕێیانم خۆم شارده‌وه و له‌و رێگایه‌وه له ئێران هاتمه ده‌ره‌وه. چاره‌نووس منی به‌ره‌و ئاڵمان هێنا. ژیانی تاراوگه له سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ئاڵمان، وه‌ک به‌ندێکی تاکه‌که‌سی وابوو. دووری له نیشتمان هه‌ر ساتێ بۆ من مه‌رگێکی به‌دواوه بوو. ماوه‌یه‌کی زۆری نه‌خایاند تا به ژیانی غوربه‌ته‌وه خوو بگرم. هیچکات به بیرمدا نه‌ده‌هات که ئه‌م هه‌موو ماوه درێژه له ئاڵمان‌دا بمێنمه‌وه. زۆربه‌ی کات بیری گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان (باشووری کوردستان) ده‌یدا له مێشکم، ده‌مهه‌ویست بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناو ریزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب. ئه‌وێش ئه‌منییه‌تێکی وه‌های نه‌مابوو و خۆشیان له قۆناخێکی سه‌خت و دژوار‌دا ده‌ژیان. له هه‌رحاڵدا به یارمه‌تی و هاوفکری خوشک و برایانم له ئاڵمان‌دا مامه‌وه. ده‌ستم به کار کرد. پاش یه‌ک ساڵ کار له هۆتێلێکدا، قۆناخی به‌ر له زانکۆم ده‌ست پێ‌کرد. ئه‌وه‌ش ساڵێکی خایاند. دواتر له زانکۆ ده‌ستم کرد به خوێندن، هه‌میشه‌ش ئاواتم ئه‌وه‌بوو له زانکۆ‌دا زانستی سیاسی بخوێنم، له ئێران‌دا ئه‌م بواره‌م بۆ نه‌ڕه‌خسا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو جار له کونکووری سه‌راسه‌ری دا به‌شداریم کرد و پله‌ی خوار ده‌هه‌زارم به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام دیسان مه‌ئموورانی ئیتلاعاتیش به روونی و راشکاویی ته‌واوه ده‌یانگوت که یان ده‌بێ له‌گه‌ڵمان هاوکاریی بکه‌ی، یان چوون بۆ زانکۆ له مێشک‌دا له‌بیر خۆت به‌ره‌وه.
ساڵی 2003 ده‌ستم کرد به خوێندن، ماسته‌رم له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا ته‌واو کرد. به شیوه‌یه‌ک که به‌ڕێوه‌به‌رانی زانکۆش باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد. له‌وانه‌یه من بتوانم بڵێم یه‌که‌مین که‌س بووم که ماوه‌ی خوێندنی ده‌وره‌ی ماسته‌ریم که‌متر له چوار ساڵ له زانکۆی گۆته‌ی فڕانکفۆرتدا ته‌واو کردوه. تازه له سه‌ره‌تاوه زمانی ئاڵمانیشم باش نه‌بوو. به‌ڵام ناچاربووم رۆژانه لانیکه‌می 10 کاتژمێر ده‌رس بخوێنم. له ساڵی 2007 دا نووسینی تێزی دوکتوراکه‌م ده‌ست پێ کرد. تێزی دوکتوراکه‌م له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت/ نه‌ته‌وه‌ی ئێرانه‌وه نووسی. کارێکی نوێ بوو و به‌م هۆیه‌شه‌وه له کاتی نوسینی دا تووشی زۆر کیشه هاتم، به‌ڵام به‌گشتی کارێکی جوان ده‌رهات.
له ئێران له بنه‌ماڵه‌یه‌کی سیاسی‌دا له‌دایکبووم، باوکم پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو له خه‌باتێکی نابه‌رابه‌ردا شه‌هید بوو. خاڵۆم له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا به تاوانی ئه‌ندامه‌تی له حیزبی دێموکرات‌دا پاش ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر ئێعدام کرا. سه‌روه‌ت و سامانی ئێمه‌یان ده‌ستی به‌سه‌را گیرابوو. له حه‌وتوویه‌کدا لانیکه‌می سێ جار ماڵی ئێمه‌یان ده‌پشکنی. بارودۆخێکی دژواریان بۆ ئێمه پێکهێنابوو. ناڕاسته‌وخۆ دووریان خستبووینه‌وه. به شێوه‌یه‌ک که ناچار بووین به‌رده‌وام شوێنی ژیانمان بگۆڕین. له هه‌موو ژیانمدا له ئێران دا به‌رده‌وام ماڵبه‌کۆڵ و په‌راوێزنشین بووین. به‌ره‌و هه‌ر شوێنێک ده‌چووین شت و مکی ماڵمان ده‌شارده‌وه. به‌ڵام له ماوه‌ی ژیاندا هیچکات، ژیان بۆ من گرینگتر له خه‌بات و تێکۆشان نه‌بوو. شۆڕشگێڕبوون هه‌روه‌ک هه‌ناسه‌کێشان و له هه‌موو ده‌مێکدا هاوڕێم بوو و ته‌نیا هۆکاری زیندوومانه‌وه‌م بوو. ئیمان به نه‌ته‌وه‌که‌م بۆ من گه‌وره‌ترین و گرینگ‌ترین له ئیمانێک به هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌کان بوو و هه‌یه.
بۆ نموونه به‌ستراوه‌نه‌بوون، یان ئه‌ندامه‌تی یان پڕوپاگه‌نده بۆ رێکخراوێکی دژبه‌ری رێژیمی ئێران، یان ئه‌وه‌ی که له روانگه‌ی یاسای ئێستاکه‌ی ئێرانه‌وه چالاکیی سیاسیی قه‌ده‌غه‌کراو وێنا ده‌کرێ، باروودۆخی ئێستای خۆتان چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه؟
ـ ـ من چ ئه‌ندامی حیزب یان ئۆرگانیزاسیۆنێک بم یان نه، دژبه‌ری حکوومه‌تی ئێستای ئێران، واته حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووم و هه‌م و هه‌رواش ده‌مێنم. به خۆشییه‌وه من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که له ماوه‌ی خه‌باتی سیاسیمدا هه‌مووکات ئه‌ندامی حیزبێک بووم، هیچکات هه‌وڵم نه‌داوه که ئه‌ندیشه‌کانم به چوارچێوه‌یه‌ک که حیزب بۆ منی دیاری کردوه، رێک بخه‌م و به راده‌یه‌ک که حیزب له منی ده‌وێت ده‌رببڕم. هه‌مووکاتیش قسه‌ی خۆمم به بێ هیچ ترس و دڵه‌راوکێیه‌ک ده‌ربڕیوه. شۆڕشگێڕ بووم و ده‌مێنم.
ئه‌ندامه‌تی له حیزب یان رێکخراوێکی ده‌ره‌کی دا، به هۆی هاوشێوه‌یی له فکر و روانگه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌مای ئه‌ندیشه و هزری ئێوه یان له راستیدا بزووتنه‌وه‌ی کوردی و حیزبه کوردییه‌کان بوه، یان هه‌ڵبژاردنێک له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه؟ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه یان ئه‌م دوو حیزبه چییه؟ ده‌ست رۆیشتوویی و نفووزی کام یه‌ک له‌م دوو ره‌وته بۆ ئێوه گرینگتره؟
من ئێستاش نزیک به ده‌ساڵه که ئه‌ندامی حیزبێکی ئاڵمانیم. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا من هاوکات ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بووم. ئه‌م دوو حیزبه زۆر له یه‌ک ناچن. من له سه‌رده‌می خوێندنم له زانکۆ‌دا که‌وتمه ژێر کاریگه‌ریی بیرۆکه‌ی چه‌پڕه‌وکانه‌وه و ئه‌م بیرۆکانه‌ش رێگای ژیانی من و خوێندنی منیشیان له‌خۆ گرت.
له راستیدا حیزبی دێموکرات زۆرتر وه‌ک حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان ده‌چێت. بێگومان ئه‌مه به‌رنامه و ئه‌ساسنامه‌ی حیزبی دێموکرات بوو که منی له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی چه‌پ ئاشنا کرد. به‌ڵام ئه‌مه حیزبی چه‌پ و زانکۆ و قوتابخانه‌ی فڕانکفۆرت بوو که ئه‌م بیر و هزرانه‌ی له مێشکی مندا په‌ره‌پێ دا. حیزبی دێموکرات و به گشتی حیزبه کوردییه‌کان چوارچیوه‌یه‌کی ناوچه‌یی و گۆڕه‌پانی چالاکیی بچووکیان هه‌یه. به‌ڵام حیزبی چه‌پی ئاڵمان پرسه ناوخۆییه‌کانی ئاڵمان و جیا له‌وه پرسه‌کانی ئورووپا و جیهانیشیان له به‌ستێنی چالاکیی خۆیان داناوه. هه‌ڵبه‌ته هه‌رکام له‌م دوو حیزبه ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی تایبه‌تی خۆیانن. کوردستانی ئێران ناوچه‌یه‌کی بچووکه، به‌ڵام ئاڵمان و ئورووپا به‌رینترن و له روانگه‌ی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه جێگای سه‌رنجه‌و گرینگییه‌کی تایبه‌ته. ئه‌ندامه‌تی له‌م دوو حیزبه‌دا ته‌واوکه‌ر و هاوتای یه‌کترن.
به شێوه‌یه‌ک که من ده‌توانم ئه‌زموونه‌کانی رابردووم له حیزبی کوردی‌دا به‌ده‌ست هێناوه له حیزبی چه‌پی ئاڵمان‌دا به‌کاری ده‌هێنم، هه‌ڵبه‌ت مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان و سووژه‌کان زۆر جیاوازن پێکه‌وه، له هه‌مان کاتدا ده‌توانین بڵێین به باسکردنی ده‌توانین به‌راوردی بکه‌ین.
هه‌ستی هاوگری و به‌ریانی ئێوه وه‌ک کوردێک به‌ئاڵمانه‌وه چیه؟ وشه‌گه‌لێ وه‌ک کوردستان، ئیران و ئاڵمان چ هه‌ستێک به ئیوه ده‌به‌خشن؟
ئاڵمان له روانگه‌ی یاساییه‌وه نیشتمانی یه‌که‌می منه، من هه‌موو سه‌رکه‌وتنه‌کانم قه‌رزداری ئه‌م مه‌مله‌که‌ته و فه‌زای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته ده‌زانم. هه‌رچه‌ند ئێره‌ش بۆ من ئیده‌ئال نیه. کوردستان نوێنگه‌ی دڵ و ده‌روونی منه، نیشتمان باو باپیرانی منه. کوردستان منی گه‌یانده ئاڵمان و دڵنیام که رۆژێکیش ئاڵمان من ده‌گه‌ڕێنێته‌وه زێده‌که‌م. ئه‌م دوانه‌ش هه‌ر وه‌ک دوو حیزبه‌که ته‌واوکه‌ر و هاوتای یه‌کترن. هه‌ردووکیان له دڵی مندا جێگایان هه‌یه. هه‌رچه‌نده جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوانه له قۆناخ و زه‌مانێکدا یه‌ک ناگرێته‌وه و هه‌رچه‌نده‌ش له رووی شوێن و زه‌مه‌نییه‌وه هه‌ردووکیشیان له‌یه‌کتر جیاوازن.
حیزبێک که جه‌نابتان له‌وێدا چالاکن یان ئه‌ندامه‌تیتان هه‌یه، تا چ راده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کوردستاندا ئاشنان؟ ئایا به‌ر له‌وه‌ی ئێوه یان که‌سانێ وه‌ک ئێوه له کوردستان یان ئێران له‌و حیزبه‌دا چالاک بوون و پۆستێکیان هه‌بوه؟ رۆڵی ئێوه له‌و پێوه‌ندییه‌دا یان له راستیدا هه‌وڵه‌کانتان بۆ ناساندنی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و حیزبه‌دا چ بوه؟
من له حیزبی چه‌پی ئاڵماندام، له بنه‌ڕه‌تدا مه‌سه‌له‌ی کورد و کوردستان له ئورووپادا تازه‌یه و پێشینه‌یه‌کی درێژماوه‌ی نیه. گۆڕانکارییه‌کان له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا و ناوخۆی کوردستاندا و بوونی مرۆڤگه‌لێکی مه‌زن وه‌ک دوکتور قاسملوو، کوردیان به وڵاتانی رۆژئاوایی ناساند. بوونی نزیکایه‌تی یه‌ک ملوێن کوردی کوردستانی تورکیه له ئاڵمان و خه‌باتی بێ وچانییان، کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی له ناساندنی مه‌سه‌له‌ی کورد به ئاڵمانییه‌کان و حیزبه ئاڵمانییه‌کاندا هه‌بوه. سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی عێراق و سه‌رنجداربوونی له روانگه‌ی ئابوورییه‌وه بۆ شرکه‌ته ئورووپاییه‌کانیش رۆڵێکی گه‌وره‌یان هه‌بووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش دیسان ناسینی حیزبه ئورووپاییه‌کان، ناسینێکی قووڵ و سیستماتیک نیه.
له کورده‌کانی ئێران من که‌سێک ناناسم که له‌م حیزبه‌دا بووبێت و یان ئێستاش هه‌بێت. کورده‌کانی تورکیه‌ش زۆر نین، به‌ڵام کچه کوردێکی تورکیه هه‌یه له رێگای حیزبی چه‌په‌وه چوه‌ته پارلمانی ئورووپاوه.
به‌ڵێ چه‌ند ئێرانییه‌ک له حیزب‌دا هه‌یه. که‌سێک له‌وانیش له ئاستی باڵای ئه‌م حیزبه‌دایه. نیما سه‌ماوات، نوێنه‌ری پارلمانی برلینه. له بنه‌ڕه‌تدا چونکه ئێرانییه غه‌یره کورده‌کان ماوه‌یه‌کی زۆره له ئورووپا و ئه‌مریکادا ده‌ژین و خوێندوویانه و یان لیره‌دا خه‌ریکی کاری بازرگانی بوون، توانیویانه له‌م ئیمتیازه که‌ڵک وه‌ربگرن و بچنه ناو سیستمی سیاسی و ئابووریی رۆژئاواوه. به‌ڵام کورده‌کان به‌داخه‌وه له‌م ده‌رفه‌ته بێ به‌ش بوون. به‌ڵام به خۆشییه‌وه نه‌وه‌ی دووهه‌می کورده‌کان به باشی جێگا و پێگه‌ی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه.
من له هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ریی یان کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی چه‌پ له پارێزگای هسن/ شاری فرانکفۆرتم. من ده‌نگی زوڵاڵی نه‌ته‌وه‌که‌م له‌م حیزبه‌دا بووم و هه‌م. له ماوه‌ی سمینارگه‌لێکدا هه‌موو هه‌وڵێکم بۆ ناساندنی خه‌ڵکی کورد به ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م حیزبه بووه. له کۆبوونه‌وه‌گه‌لێکی جیاوازدا هه‌م پشتیوانیم له پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌کان کردوه و ده‌یکه‌م. له ئێستادا خه‌ریکی وه‌رگێڕانی به‌رنامه و ئه‌ساسنامه‌ی ئه‌م حیزبه‌م به زمانه‌کانی کوردی و فارسی. ئه‌م کاره‌ش له لایه‌ن رێبه‌ری حیزب و به‌ڕێوه‌به‌ریی پیوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیزبه به من پێشنیار کردوه‌و ئه‌وه نیشانده‌ری گرینگی و قورسایی سیاسی کورده‌کان له ئاڵمانه. منیش هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ریی پیوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و هه‌روه‌ها کاروباری په‌نابه‌ریی ئه‌م حیزبه له ناوچه‌ی خۆماندام.
ئه‌ندامه‌تی له حیزبێکی ده‌ره‌کییدا، پێویستییه‌کان، سنووره‌کان یان به‌ربه‌ستگه‌لی بۆ به‌رده‌وامیتان له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی ئێوه پێک نه‌هێناوه؟ ئه‌ندامه‌تی یان چالاکیی ئێوه له حیزب و رێکخراوه کوردییه‌کاندا به سه‌رنجدان به پوتانسیه‌ل و تواناییه‌کانی تاکه‌کسیتان، له به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌تی ئێوه له رێکخراو یان حیزبێکی ده‌ره‌کیی باشتر و شوێندانه‌رتر نیه؟
ئایدۆلۆژیی و راستییه‌ک که له حیزبی چه‌پی ئاڵمان له‌سه‌ر ئه‌وه بونیات نراوه، جیاوازییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئینسانییه‌کانی حیزبه کوردییه‌کاندا هه‌یه. به‌ڵام هیچ کات ئه‌م حیزبه به‌ربه‌ستێک نه‌بوه بۆ خه‌باتی سیاسی من له گۆڕه‌پانی کوردستان و ئێران‌دا و ناشبێت. له بنه‌ڕه‌تدا بیرۆکه‌ی چه‌پگه‌رایانه و سوسیالیستی هیچ دژایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ خه‌باتیی ئازادیخوازانه‌ی گه‌له سته‌ملێکراوه‌کاندا نیه. ئایدۆلۆژیی چه‌پ به‌رده‌وام پشتیوانی ئه‌م خه‌باته‌ی کردوه و یارمه‌تییه‌کی زۆری داون. هه‌ڵبه‌ته له‌م بواره‌شدا به‌ریانگه‌لێکی جیاواز هه‌یه که زۆربه‌یان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پشتیوانییه‌کان جیاوازیی بیروڕایان هه‌یه.
من هیچ کات ده‌ستم له خه‌باتی هاوته‌ریبی میلله‌ته‌که‌م هه‌ڵنه‌گرتوه. هه‌رچه‌ند به هۆکارگه‌لێک دڵیه‌شانم له هه‌ندێک حیزبی کوردی دێته پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته ناوخۆییه و له بنه‌ڕه‌تدا پێوه‌ندی به خه‌باتی گه‌لی کورده‌وه نیه. خه‌باتی گه‌ل به‌رده‌وام به‌ره‌وپێش درێژه‌ی هه‌یه. من هه‌میشه خۆم له دڵی گه‌لدا ده‌بینمه‌وه و هیچ کاتیش له‌و هه‌سته دوور نه‌بووم. چ له رۆژانی سه‌خت و دژواری ژیان و خه‌باتم له ناوخۆی نیشتمانه‌که‌م و چ له رۆژانی هێمن و خۆشبژێویی ژیانم له ئورووپادا. یه‌ک به‌یه‌کی ئێمه هیچ گرینگی و مانایه‌کمان نیه، ئه‌مه کۆمه‌ڵگا و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییه که به ئێمه مانا و واتا ده‌به‌خشێ و بۆ هه‌ر کام له ئێمه پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێ. به‌گشتی من ئێستاش بوون و به‌شداری خۆم له حیزبه ئاڵمانییه‌کاندا به گرینگتر ده‌بینم. ئێمه له ناو حیزبه کوردییه‌کاندا خه‌ڵکی زۆرمان هه‌یه که بتوانن پۆست و پله‌ی تایبه‌ت وه ئه‌ستۆ بگرن و بتوانن به چالاکییه‌کانی خۆیان حیزبه کوردیه‌کان به‌ره‌وپێش پاڵ بنێن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا تاکه‌کان له ناو حیزبه ئاڵمانییه‌کانیشدا زۆر به‌رچاو نین. من یه‌که‌مین کوردی ئێرانیم له ناو حیزبی چه‌پی ئاڵمان‌دا و هه‌روه‌ها یه‌که‌مین که‌سم که پله‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م حیزبه‌م له ئه‌ستۆیه. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش بۆ زۆر که‌س سه‌رنجراکێش بێت، به‌ڵام بۆ من که‌مێ ئازارهێنه‌ره. چونکه ئه‌مه که‌مته‌رخه‌میی ئێمه کورده‌کان نیشان ده‌دات. ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ دۆز و پرسه‌کانمان به گوێی جیهان بگه‌یه‌نین، ده‌بێ به‌شداریی به‌رچاومان له حیزبه ئورووپایه‌کاندا هه‌بێ. به هێنانه‌وه‌ی نموونه‌یه‌ک باسه‌که زۆرتر روون ده‌که‌مه‌وه. من ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ بڕیارنامه‌یه‌ک بۆ پشیتوانیی له دۆزی کوردان له حیزبی چه‌پی ئاڵمان‌دا بهێنمه به‌رباسه‌وه، ته‌نیا یه‌ک ده‌نگم هه‌یه. هه‌رچه‌نده له کۆمیته مه‌رکه‌زیشدا بم. ئێستا ئه‌گه‌ر زۆرتر بین، شانسمان زۆرتره.
له‌وانه‌یه زۆر که‌س بۆ ئه‌وه‌ی جێگایان پڕ نه‌بێته‌وه و پۆست و پله‌یان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، زۆر حه‌زیان لێ نه‌بێ که که‌سێکی دیکه بێته ناو کاروباری حیزبییه‌وه. به‌ڵام که‌سانێ که دڵیان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان لێ ده‌دا، به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌کسییاندا فه‌رز ده‌که‌ن.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له حیزبه‌که‌تاندا بریارێک یان گرێبه‌ستێک به پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی و ئیستراتژیکی نه‌ته‌وه‌ی کورد یان بزووتنه‌وه‌ی کوردی ده‌ربچێت ، ئه‌وکات دژکرده‌وه‌ی جه‌نابتان چی ده‌بێ؟
من نامه‌وێ بڵێم که حیزبی چه‌پی ئاڵمان ته‌واو و که‌ماڵه، به‌ڵکوو پێم وایه ئه‌م حیزبه هیچ کات هیچ هه‌نگاوێکی دژ به خه‌باتی گه‌لانی سته‌ملێکراو هه‌ڵناهێنێ. چونکه ئه‌م حیزبه به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌نترناسیونالی خۆی له یارمه‌تیدان به نه‌ته‌وه‌کان ده‌بینێته‌وه. حیزبی چه‌پ خه‌باتی گه‌لانی سته‌ملێکراو له راستای ئازادیی و مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و هاوته‌ریب له‌گه‌ل خه‌بات دژی ئیمپریالیست و دژه کلۆنیالیستی ده‌زانێ.
کام که‌سایه‌تی کورد یان ئاڵمانی کاریگه‌ریی له‌سه‌رتان هه‌بووه؟
بێگومان من هه‌م وه‌ک تاکێک له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، له ژێر کاریگه‌ریی که‌سانی دیکه و بیر و هزری کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگادا بووم. له سه‌ره‌تای لاویه‌تیدا خه‌بات و بیر‌و ئه‌ندیشه‌ی دوکتور قاسملوو کاریگه‌رییه‌کی زۆری له‌سه‌ر من هه‌بوو. پاشان هاتن بۆ ئورووپا و خوێندن له زانکۆ، بیر‌و فکری مارکسیستی و نیومارکسیستگه‌لی وه‌ک ئا‌نتۆنیۆ گرامشچی، نیکوس پوولانتساز. یوهان گالتۆنگ و ئیمانیول ڤالرشتاین، کاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر من هه‌بووه. هه‌ڵبه‌ته بیرمه‌ندانێک وه‌ک تۆماس هابز، ژان ژاک رۆسۆ، مۆنتسکیۆ، لودویگ فویرباخ، نیچه و هێگلیش کاریگه‌ریی زۆریان هه‌بوه. به‌ڵام من هیچکات خۆم به مورید و لایه‌نگی هیچ که‌س و ئایدۆلۆژییه‌ک نه‌زانیوه و نازانم. هه‌ر که‌سێک شیاوی هه‌ڵه‌یه و هیچ مرۆڤێک کامڵ و عه‌قڵی ته‌واو نیه. هه‌موو بیر‌و فکری ئێمه‌وه هه‌ڵقوڵاوی زه‌مه‌ن و شوێنه که ئێمه‌ی تێیدا ده‌ژین. هیچ کردارێک ره‌ها و ئه‌به‌دیی نیه. به‌هاو بایه‌خگه‌لێک که تا دوێنێ ده‌بوونه به‌ها، ره‌نگه ئه‌مڕۆ وه‌ک کرداره نا باو و ناهه‌نجاره‌کان بناسرێن. کردارگه‌لێک له ئورووپا شیاوی په‌سه‌ندن له زۆربه‌ی دنیادا ناپه‌سه‌ند و دوور له ئه‌خلاق و بنه‌ما ناو ده‌بردرێن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه بنه‌ما ژێرخانه‌کانیشیان هه‌یه که هه‌موو تاکه‌کانی مرۆڤایه‌تی له خۆ ده‌گرێت، وه‌ک مافه‌کانی مرۆڤ، مافه‌کانی ژنان و هتد.
داهاتووی بزووتنه‌وه‌ی کوردی له کوردستانی ئێران چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟
گرینگ‌ترین هۆکاری دینامیک بوونی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک، خه‌ڵکه‌کانیه‌تی. ئه‌م خه‌ڵکه‌شن که له ژیر کاریگه‌ریی پیوه‌ندییه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگان که تێیدا ده‌ژین. کۆمه‌ڵگا وه‌کو گشتێک که له تاک به تاکی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێک هاتوه، هه‌م له‌ژێر کاریگه‌ری تاکه‌کاندایه و هه‌میش ئه‌ویش کاریگه‌ریی له‌سه‌ریان هه‌یه. له روانگه‌یه‌کی دیکه‌وه کۆمه‌ڵگاش وه‌کوو ئه‌ندامێک له ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگای جیهانییه. کۆمه‌ڵگا له‌ژێر کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵگای جیهانیدایه و کاریگه‌ریشی له‌سه‌ریان هه‌یه. له رسته‌یه‌کدا، گۆڕانکارییه‌کانی داهاتووی کوردستان به‌ستراوه به گۆڕانکارییه‌کانی ئێران، ناوچه‌و جیهانه‌وه. به‌ڵام گرینگ‌ترین گۆڕانهه‌ڵگربوونی کۆمه‌ڵگا له تاکه‌کانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئه‌وه ئێمه‌ین که ده‌توانین ئاینده‌ی کوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که بگۆڕین و بیخه‌ینه قه‌یرانه‌وه. و تا شوێنێک که پێوه‌ندی به تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، واته تاک به تاکی کورده‌کانه‌وه هه‌یه، به شانازییه‌که‌وه ده‌ڵێم که خۆشبینانه‌یه. کوردستان هه‌میشه دڵی خه‌بات و شۆڕش بوه له ئێران و له هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا و هه‌روه‌هاش ده‌مێنێته‌وه.
خه‌بات بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کپارچه‌یی کوردستان تازه ده‌ستی پێ کردوه، به سرنج‌دان به گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه و ئاڵ‌وگۆڕێک که به زوویی شایه‌تی ده‌بین، ده‌بێ مزگێنی ئازادی نیشتمان به هاونیشتمانه‌کانمان بده‌م. ئه‌مه ئیدی خه‌ون نیه، ئێمه به زوویی شایه‌تی به‌دیهاتنی ده‌بین. به هیوای ئه‌و ڕۆژه‌و ئازادیی هه‌موو نه‌ته‌وه سته‌ملێکراوه‌کان و ژێرده‌ست، زیندوو ، راوه‌ستاو و سه‌ربڵیند و قایم ده‌مێنین تا ئه‌و رۆژه بونیاد بنێین و به چاوی خۆمان ده‌یبینین.
زۆر سپاس بۆ ئیوه ئه‌زیزان
{jcomments off}