"an independent online kurdish website

جه‌میل کولاهی: من ئاماژە بە دوو هۆ دەکەم، یەکەم ئەوەیە کە تاکتیکی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد لە گەڵ هەڵکەوتەی جۆغرافیایی کوردستان یەک ناگرێتەوە. دووەم ئەوەیە کە کورد تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ئابووری وڵاتانی داگیر کەری کوردستانcemil_Kolahi

جه‌میل کولاهی: کۆمۆنیزم هیچ کات نەیدەتوانی ببێ بە پاشخانێک بۆ بزووتنەوەی نەتوەیی کوردستان، چون لە ئەساسدا کۆمۆنیزم نەتەوەگەرایی و ناسیونالیزم دژ بە بەرنامەی سەرەکی خۆی کە ریکخستنی کرێکارانی جیهانە دەزانێ، هەر وەک چون لە ئیسلامدا ناسیونالیزم حەرامەو دژ بە بەرژەوەندی ئۆممەتی ئیسلامی دەزانێ

جه‌میل کولاهی: بە گشتی دەتوانین بڵین هەوڵی کورد بۆ رزگاری و گەیشتن بە مافەکانی، سەرەکیترین هۆیە بۆ پێکهێنانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی، کە لە برکەگەلێ مێژوویدا هەر کامەیان سەری هەڵداوە

 

 

ــــ‌ـ سه‌ره‌تا وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چوونه‌ نێو باسه‌که‌مانه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، له‌ روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه‌ چۆن پێناسه‌ ده‌که‌ن؟

کۆمەڵناسی سیاسی بە مانای توێژینەوە لە سەر ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەیە کە لە سیاسەتدا شوێندانەرو کاریگەرن. کۆمەڵناسی سیاسی بە هۆی شێوەی روانینیەوە کە لە خوارەوە بۆ سەرێیە، زیاتر لەوەی کە لە سەر پێکهاتەی دەسەڵات ورد ببێتەوە، کاریگەرییەکانی کۆمەڵگە لە سەر سیاسەت دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کاتێ کە باس لە کارتێکەری کۆمەڵگە لە سەر سیاسەت دەکرێ، سرۆشتییە کە مەبەست لە کۆمەڵگە، هێزو رێکخراوە زیندووەکانی نێو کۆمەڵن. ئەم هێزو رێکخراوانە بە نیسبەتی تێپەڕینی کۆمەڵگە لە نەریتییەوە بۆ مۆدێڕن جیاوازن. لە کۆمەڵگە مۆدێڕنەکاندا بە هۆی پێکهاتنی رێکخراوی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان، ئەگەری کاریگەری ئەوان لە سەر سیاسەت زۆرترە.

کاتێک باسی کۆمەڵناسی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد دەکرێ، دەبێ ئەوە لە بەر چاو بگیردرێ کە بزووتنەوەی کورد بە تەواوی جیاوازە لە گەڵ بزووتنەوەیەک کە لە وڵاتێکی ئاساییدا هەیە. خەباتی کورد مەیدانی ریسک و مەترسییەو هیچ شتێک لەودا جێگیر نیە، بۆیە هێندێک هێزی کۆمەڵایەتی کە لەوانەیە زۆریش کاریگەرییان هەبێ، لە هاتن بۆ ناو مەیدانەکە خۆ دەبوێرن و بەرژەوەندییەکانیان لە گەڵ بەرژەوەندی دەزگای زاڵ بە سەر کوردستاندا، کە دەزگایەکی جێگیرو بەهێزترە هاوئاهەەنگ دەکەن. بۆیە تەنیا لە بەر ئەوەی کە جووڵانەوەی سیاسی هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، دەتوانرێ بە شێوەیەک لە گەڵ کۆمەڵناسی سیاسی گرێ بدری.

هێزە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەتوانین بە دوو دەستەی سەرەکی واتە نەریتی و مۆدێڕن دابەش بکەین؛ لە هێزە نەریتییەکان دەتوانین ئاماژە بە خاون مڵکەکان، رۆحانییەکان و بازاڕییەکان بکەین. خاون مڵکەکان گەورەترین و کاریگەرترین گرووپی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی سەرهەڵدانی جووڵانەوەی کورد بوون. عەشیرەگەلێکی گەورە وەک شکاک، مەنگۆڕو مامش بوونیان هەبووە، بەڵام بە گشتی عەشیرەو خاون مڵکەکان، بە پێی بەرژەوەندی خۆیان جووڵاونەتەوە نەک بە پێی بەرژەوەندی نەتەوەیی. رۆحانییەتی کوردستان لە دوو دەستەی شیعەو سۆننی پێکهاتووە. ئەگەر چی دەزگای رۆحانییەت دەزگایەکی گەورەو بە توانایە، بەڵام بە داخەوە هەر دوو لایەن بە پێچەوانە رۆحانییەتی نەتەوەکانیتری ئێران، نەیانتوانیوە لە سەر سیاسەت و جووڵانەوەی کورد کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێ. بازاڕییەکانی کوردستان لە رابردوودا بە هۆی ئەوەوە کە خەڵک بژیوی ژیانی خۆی لە کشتو کاڵ و مەڕو ماڵات بە خێو کردن بە دەست دەهێنا، زۆر بە هێز نەبوو، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەوەوە کە ئەو پێکهاتەیە گۆڕاوەو شارەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گەورە بوونەتەوە، دەسەڵاتی بازاڕییەکانیش زۆر بۆتەوە، کە لە مانگرتنەکانی ساڵانی رابردووی کوردستان ئەوەمان دی.

هێزە مۆدێڕنەکانیش بە دوو دەستەی حیزبە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان دابەش دەبن. حیزبەکان کە هەر لە سەرەتای دەسپێکی جووڵانەوەی نویی کورد وردە وردە سەریان هەڵدا کە خاوەنی جیهانبینی و رێبازی جۆراوجۆرن. زۆربەشیان خەباتی چەکدارییان کردووە. ریکخراوە مەدەنییەکانیش کە زۆربەی هەرە زۆریان لە ساڵی ١٣٧٥ تا ساڵی ١٣٨٢ لە سەردەمی دەسەڵاتی خاتەمیدا پێکهاتن. بەڵام بەرەبەرە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا سەرکوت کران و زۆربەیان هەڵپێچران.

__  بە لە بەر چاو گرتنی ئەو راستییە کە کورد خەباتێکی دوورو درێژی بۆ دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانی کردووە، بۆچی تا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتووە؟

پێش هەموو شتێک پارچەپارچە بوونی خاکی کوردستان و دابەش بوونی بە سەر وڵاتانی دەوروبەردا، یەکێک لە گرینگترین هۆیەکانی درێژ بوونەوەی خەباتی نەتەوەیی کوردە. چونکە ئەو دابەش بوونە هێزێ کوردی دابەش کردووەو دژمنی کوردی زۆرتر. پێکهاتەی عەشیرەیی زۆربەی هەرەزۆری ناوچەکانی کوردستان، کە دوژمن توانیویە لە رێگەی سەرۆک عەشیرەکانەوە گورزی خۆی بوەشێنێ لە پەیکەری جووڵانەوەی کورد، یەکێکی دیکە لە هۆیەکان بووە.

بەڵام بە ڕای من گرینگترین هۆەکان کە تا ئێستا یان کەس باسی نەکردوون یان لانی کەم من چاوم پێ نەکەوتوون، جیاوازن لەو هۆیانەی کە باسم کردن. من ئاماژە بە دوو هۆ دەکەم، یەکەم ئەوەیە کە تاکتیکی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد لە گەڵ هەڵکەوتەی جۆغرافیایی کوردستان یەک ناگرێتەوە. دووەم ئەوەیە کە کورد تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ئابووری وڵاتانی داگیر کەری کوردستان، کە بەشێکی زۆری نەوتی رۆژئاوا دابین دەکەن.

لە سەر یەکەم خاڵ دەتوانم ئاوا بڕۆمە ناو باسەکەوە؛ کوردستان هەر وەک باسم کرد لە نێوان وڵاتانی دەوروبەریدا دابەش بووە، بەڵام دابەش بوونەکەی بە شێوەیەکە کە هیچ وڵاتێک لە دراوسێیەتی کوردستاندا نیە کە کێشەی کوردی تێدا نەبێ. واتە هەمووی دوژمنی کوردە. تاکتیکی خەباتی کوردیش خەباتی چەکدارییە. ئەویش بە شێوەیەک کە دەبێ لەشکەرێکی پێشمەرگەو سەرۆک و رێبەرایەتی هەمووی ئاشکرا بێ. کەوابوو، دەبێ بە شوێن پشتی جەبهەیەکدا بگەڕی. لێرەدا موشکیلەکان دەس پێدەکەن، چون دەبێ بە هۆی شێوەی دابەش بوونی کوردستان، دۆژمەنێکی کورد وەکو پشتی جەبهە هەڵبژێرێ. ئاشکرایە کە دوژمنی کورد حەز بە سەرکەوتنی کورد لە هیچ پارچەیەک ناکا. بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدایە پێکەوە ناکۆکن، داڵدەی حیزبە کوردییەکان دەدەن نەک بۆ سەرکەوتن، بەڵکوو بۆ وەر گرتنی ئیمتیاز لە بەرامبەرەکەیان. بۆ نموونە کاتی خۆی شای ئێران پشتی مەلا مستەفای گرت تا ئیمتیازی خۆی لە شەتولعەرەب وەرگرت. بۆیە دوای گرێبەستی ئەلجەزایەر شار پشتی کوردی بەرداو بۆ لە نێو بردنی کورد یارمەتی دەوڵەتی عێراقی دا. بۆیە شۆڕشی کورد لە ماوەیەکی کورتدا تێک شکا.

من زۆر جار بیرم لەوە کردۆتەوە کە چۆن ئەرتەش رزگاریدەری ئیرلەند توانی یەکێک لە زلهێزەکانی دنیا، واتە بریتانتا بە چۆک دا بێنێ. ئەرتەشی ئیرلەند رێکخراوێکی بە تەواوی نهێنی هەبوو، کەس نەیدەزانی لە کوێیە یان رێبەرو فرماندەکانی کێن؟ بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی ئەمنییەتی بریتانیا کە یەکێک لە بە هێزترین دەزگا سیخۆڕییەکانی دنیایە، توانی سەرکەوتن بە دەس بێنێ. کوردیش بۆ سەرکەوتن پێویستی بە ئاوەها رێکخستنێکە. کاتێک کە کورد توانی رێکخراوێک وەها بخۆلقێنێ، یانی کارتی دەستی کەس نیەو بە دڵنیاییەوە سەر دەکەوێ. بە رای من کورد دەتوانێ بە خۆلقاندنی ئاوەها رێکخراوێک بە سەر ئەو کەندو کۆسپانەی وەک رازی کردنی وڵاتێکی داگیر کەری کوردستان بۆ جێ کردنەوەی بنکەو بارەگا بۆ حیزبەکانی، زاڵ بێ.

خاڵێکی دیکەی شیاوی ئاماژە ئەوەیە کە کورد تا ئێستا لە چوار چێوەی کوردستاندا نەڕۆشتۆتە دەرێ، واتە شەڕێک کە کردوویە بۆتە هۆی کاول بوونی زیاتری کوردستان، بە بێ ئەوەی کە ببێتە هەڕەشەیەکی گورە  لە سەر دەزگای ئابوور ئەو وڵاتانە. کە ئەویش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە شێوەی خەباتی چەکداری کورد ئاشکرا بووەو هێزی ئاشکراش ناتوانێ لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بجووڵێ. واتە دەبێ کورد بە تاکتیکی خۆیدا بچێتەوەو سەر لە نوێ خۆی رێک بخاتەوە بەڵام بە شێوەیەکی نوێ کە وڵامدەری بارو دۆخی ناوچە بە تایبەتی کوردستان بێ. واتە کورد دەبێ تاکتیکی هێرشبەرانە بگرێتە بەر نەک ئەو شتەی وا ناوی دەنێ بەرگری رەوا.

 
ـــــ سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ کورد، سه‌ده‌ی سه‌رکه‌وتن و شکه‌سته‌کان بوو، بزووتنه‌وه‌ی کلاسیکی کوردی هاته‌ بازنه‌یه‌کی دیکه‌وه‌ و ئه‌حزابی سیاسی درووست بوون، به‌گشتی به‌ستێنه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌وکات چ بوون که‌ حزبه‌کان سه‌یان هه‌ڵدا‌؟

پرسیارێکە کە وڵامی زۆر هەڵدەگرێ. بەڵام بە کورتی ئاماژە بە بەستێنەکان دەکەم. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بگەڕینەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتووری سەفەوی و عوسمانی. بۆ یەکەم جار کوردستان لە شەڕی چاڵدۆڕان لە ساڵی ١٥١٤دا بە سەر دوو ئیمپراتووری سەفەوی و عوسمانیدا دابەش کرا. لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیشدا ئەو بەشەی کە کەوتبووە ناو سنوورەکانی عوسمانی، بە لە بەر یەک هەڵوەشانەی ئیمپراتووری عوسمانی بە سەر سێ دەوڵەتی تازە پێکهێنراودا دابەش کرا. جێی خۆیەتی بە پەیمانی سێڤێر ئاماژە بکرێ کە بڕیار بوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد پێک بهێنرێ، بەڵام دواتر ئەم بڕیارە لە پەیمانی لۆزاندا ژێر پێ نراو کوردستان بە بندەستی مایەوە. پێش شەڕی یەکەمی جیهانی چەندین شوڕش بە مەبەستی رزگاری کوردستان پێک هاتووە، کە بە داخەوە بە شەهید بوونی سەر کردەی شوڕشەکان، شوڕشەکانیش مردوون. سەرەکیترین هۆی ئەوە بووە کە ئەم شوڕشانە بە تەواوی بەستراوە بە تاکی رێبەر بووە، کە بە لە ناو چوونی رێبەر، شوڕشکەش لە ناو چووە.

لایەنێکیتری مەسەلەکە، تەشەنە کردنی ئەو بیرو ئەندێشەو ئیدئۆلۆژییانەیە کە لە رۆژئاواوە سەر چاوکەیان دەگرت. هەروەها ناتوانین بە دابەشکرانی دنیا بە سەر دوو بلۆکی سوسیالیستی و کاپیتالیستی دا ئاماژە نەکەین. چونکە کوردستا لە سەر پشتوێنی ئەمنییەتی رۆژئاوا بە دەور یەکیەتی سۆڤیەتدا هەڵکەوتبوو، کە ئەوەش خاڵێکی گرینگە. بە دوای شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانیدا نەتەوەی کورد کە بە توندی سەرکوت کرابوو و لە روخانی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان، هیچی پێ نەبڕابوو. بەڵکوو تەنیا سەرکوتکەرەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی خراپتر گۆڕابوو. بۆیە ئەم بیرو ئیدئۆلۆژییە نوێیانە کە باسی رزگاری مرۆڤەکان و بەرابەری و یەکسانی وانی دەکرد، لە ناو کوردیشدا وەک باقی نەتەوەکانیتر جێی خۆیان کردەوە، کە دواتر حیزب و رێکخراوی سیاسی جوراوجۆری لێ کەوتەوە. باشی پێک هاتنی ئەم حیزبانە ئەوە بوو کە بێجگەم لە وشیار کردنەوەی خەڵک، بەرنامەیان هەبوو، یانی وەک شوڕشەکانیتر ئەوە نەبوو کە بە لە ناو چوونی سەرکردە ئەوانیش برۆخن. چون خەڵک بە دەوری بەرنامەی حیزبەکەدا کۆ دەبوونەوە، بەڵام خراپیەکەشی ئەوە بوو کە هەر حیزبەو گرووپی چەکداری خۆی پێک هێناو ئەوەندەیتر هێزی کورد دابڕ دابڕ کرا. چون ئەو حیزبانە قەد لە ژێر بەرەیکدا بۆ رزگاری کوردستان کۆ نەبونەوەو لە بڕکەگەلی مێژوویشدا لە گەڵ یەکتری بە شەڕ هاتوون، کە بۆتە هۆی بێ هیوایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە بە گشتی دەتوانین بڵین هەوڵی کورد بۆ رزگاری و گەیشتن بە مافەکانی، سەرەکیترین هۆیە بۆ پێکهێنانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی، کە لە برکەگەلێ مێژوویدا هەر کامەیان سەری هەڵداوە.


ــــ له‌ ئیران شۆڕشی مه‌شرووته‌، بوه‌ هۆی گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌ ئاستی ئێراندا، بۆ کورد کام قۆناخ ده‌توانین وه‌ک قۆناخی نوێ و سه‌رده‌می نوێ ده‌ستنیشان بکه‌ین که‌ بووبیته‌ هۆی گۆرانێک له‌ پێکهاته‌ی سیاسی؟

بە رای من دامەزرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و بە دوای ئەودا دامەزرانی کۆماری کوردستان کە هەر دووکی بە دەستە بەتواناکانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد کرا، قۆناخێکی مێژووی گرینگە کە بزووتنەوەی کوردی لە بزووتنەوەیەکی کلاسیک و نەریتییەوە بۆ بزووتنەوەیەکی مۆدێڕن و سەردەمیانە گۆڕا. بە شێوەیەک کە دوای ماوەیەکی کورتدا کورد هەر چەند تەمەنیشی کورت بوو، بوو بە خاوەنی دەسەڵاتێک، لە شێوەی کۆماری. کە لەو سەردەمەدا هەرچەندە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کورد، پێکهاتەیەکی عەشیرەیی بوو، بەڵام کوماری کوردستان توانی زۆرێک لە بایەخە ئینسانییەکان لە کوردستان جێگیر بکا. بۆ نموونە، لەو سەردەمەدا لە ژنان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناڤین سەرکۆت دەکران، ژنی کورد خاوەنی رێکخراوی خۆی بوو لە کۆماری کوردستاندا. بۆیە دەتوانین بڵین کە کۆماری کوردستان، سەرەکیترین نۆختە گۆڕانە لە بزووتنەوەی کورددا. بە شێوەیەک کە پاش و پێش خۆی دەسەڵاتێکی هاوشێوە پێک نەهاتووە. کە بتوانین بڵین ئەوە ناوی دەسەڵاتە، ئەوەی باشوور بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ شان بدا لە شانی کۆماری کوردستان، چون باشوری کوردستان ناوچەیەکە لە عێراقی فیدڕاڵ. بەڵام کۆماری کوردستان، کۆمارێکی سەر بەخۆ بووە کە خاون سەر کۆمارو سوپای میلی بووە.


ــــ له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئایدۆلۆژی کۆمۆنیسم وه‌ک دیارده‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی هه‌موو ناوچه‌که‌ی گرته‌وه‌، ئه‌م ئایدۆلۆژییه‌ بۆ نه‌یتوانی ببێته‌ پاشخانێکی فیکری بۆ بزووتنه‌وه‌ی کورد؟  بۆچی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ نه‌یتوانی خه‌ون و ئاواته‌کانی کورد به‌دی بێنێ؟ یان به‌ واتایه‌کی دیکه‌، بزووتنه‌وه‌ی کوردی به‌ره‌و کوێ برد؟

کاتێ کە کۆمۆنیزم سەرێ هەڵداو دنیا دابەش بووە سەر دوو بلووکی سوسیالیستی و کاپیتالیستیدا، ئیدۆلۆژی ئیسلامی بە شیوەیەکی بێ وێنە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا رەگ و رێشەی داکۆتا بوو، کە پەرە سەندنی ئیدئۆلۆژییەک کە دژی ئیسلام بوو، زۆر زەحمەت بوو. بە تایبەتی کۆمۆنیزم بە شێوەیەکی هێرشبەرانە بۆ سەر دین و فەرهەنگی خەڵک لە کوردستان دەستی پێکرد. هەر وەها پێکهاتەی کۆمەڵگەکەمان پێکهاتەیەکی عەشیرەیی بوو. کۆمۆنیزمیش دژ بە هەردووکی ئەم دوانە بوو. لە لایەکی دیکەوە کۆمۆنیزم دژ بە ناسیونالیزم بوو، کە لە کوردستان روو لە گەشە بوو. کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش بە بێ لە بەر چاو گرتنی ئەم دۆخە، دیانەویست راست ئەو کۆمۆنیستەی وا لە یەکییەتی سۆڤیەت دەسەڵات بە دەستە، لە کوردستانیش جێگیر بکرێ ببێ بە دەسەڵات. بۆیە بوو بە هۆی ئاژاوەی زیاتر لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا. هەروەها کۆمۆنیزم خاوەنی هیچ بەرنامەیەکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو بە دوای رێکخستنی چینی پرۆلێتاریای جیهانەوە بوو. کە ئەمە دژ بە بەرژەوەندی گەلێکی بندەست وەکوو کورد بوو. چونکە کورد خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نەبوو و وڵاتەکەی داگیرو پارچە پارچە کرابوو. کەواتە کورد لە قۆناخی رزگاریدا بوو و خەباتی دەکرد بۆ رزگار کردنی وڵاتە داگیر کراوەکەی. بەڵام کۆمۆنیزم نە تەنیا بەرنامەیەکی نەبوو بۆ ئەم قۆناخە، بەڵکوو لە زۆر شوێندا بوو بە لەمپەر لە بەردەم جووڵانەوەی کورددا. لە زۆر شوێندا کاتێ کورد بەرەو رزگاری هەنگاوی هەڵهێناوە، نەتەوە زاڵەکان بە سەر کوردستاندا، بە لە بەر کردنی جل و بەرگی کۆمۆنیستی خۆیان خزاندۆتە ناو ئەو حیزبە کۆمۆنیستانەوە و دژی جووڵانەوەی کورد، بەشەڕ هاتوون و هێزی کوردیان دژی جووڵانەوەی کورد بە کار هێناوە. واتە ئەو نەتەوانە بیری شۆڤێنیستی خۆیان لە قەوارە کۆمۆنیستیدا سەپاندووە و بە بیانووی ریکخستنی چینی پڕۆلێتاریا، بەشیک لە کوردیان دژی بەشەکەی دیکە لە مەیدانی شەڕدا بە کار هێناوە.

کۆمۆنیزم هیچ کات نەیدەتوانی ببێ بە پاشخانێک بۆ بزووتنەوەی نەتوەیی کوردستان، چون لە ئەساسدا کۆمۆنیزم نەتەوەگەرایی و ناسیونالیزم دژ بە بەرنامەی سەرەکی خۆی کە ریکخستنی کرێکارانی جیهانە دەزانێ، هەر وەک چون لە ئیسلامدا ناسیونالیزم حەرامەو دژ بە بەرژەوەندی ئۆممەتی ئیسلامی دەزانێ، لە کۆمۆنیزمیش وایە. هەر دووکی ئەم ئیدئۆلۆژییانە واتە ئیسلام و کۆمۆنیزم نەتەوەگەرایی دژ بە ئامانجی خۆیان دەزانن، بۆیە لە هەردووکیاندا حەرامەو دەڵن هەموو مرۆڤەکان رەش و سپی بران و یەکسانن.

خەون و ئاواتەکانی کورد پێکهێنانی کیانێکی سیاسی و رزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی بوو، کە کۆمۆنیزم بەرنامەیەکی ئەوتۆی بۆ بەدێهێنانی ئەو ئاواتانە نەبوو، ئەویش وەکوو ئیسلام دەیگۆت کوردو عەرەب و فارس بران. خەباتی نەتەوەیی رق و قین لە نێوان مرۆڤەکان پێک دەهێنێ. خەبات بۆ بەختەوەری و سەرکەوتنی چینێ کرێکار، بەرانبەری و یەکسانی ئینسانەکان، خەبات بۆ نەهێشتنی کەرتی تایبەت و بە گشتی کردنی ئامرازی بەرهەم هێنان و خەبات دژی ناسیۆنالیزم لە سەرتاسەری جیهان لە بەرنامە سەرەکییەکانی کۆمۆنیسم بوو، کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ خەباتی نەتەوەیی کورد یەکی نەدەگرتەوە، تا ببێتە پاشخانێک بۆی یان ئەوەی کە خەون و ئاواتەکانی کورد بە دی بێنێ.

 

درێژه‌ی هه‌یه‌…

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی