33 ساڵ پێش ئێستا خه‌ڵكی ئێران به شۆڕشێك حكوومه‌تی پاشایه‌تی ئه‌م وڵاته‌یان رووخاندا و حكوومه‌تێكیان هێنایه سه‌ركار به ناوی كۆماری ئیسلامی ئێران.
گه‌رچی ئه‌و راپه‌ڕینه له لایه‌ن خه‌ڵكی ئێرانه‌وه قوربانی زۆری بۆ درا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی هاته‌سه‌ركار كه نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر دروشمه‌كانی شۆڕش و ویست و داواكاری خه‌ڵكی نه‌ماو كاری بۆ نه‌كرد، به‌ڵكوو ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی به تاڵان برد و داهاتوویه‌كی ره‌شی بۆ خه‌ڵكی ئێران به دیاری هێنا. هه‌ربۆیه ده‌توانین بڵێین به‌داخه‌وه ئه‌و شۆڕشه نه‌یتوانی هیچ گۆڕانێك له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی ئێرانی‌دا بكا.
پرسی ناوكی ئێران و مافه‌كانی مرۆڤ‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه و نادروسته‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی، ئێرانیان خستۆته نێو بازنه‌یه‌كی به‌رته‌سك. له لایه‌ك گوشاره سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵدانی ئا‌مریكا و وڵاتانی ئورووپایی، بۆ ته‌حریمی قورس تر و به‌ربڵاوتر بۆ سه‌ر ئه‌م رژیمه، بووه‌ته هۆی په‌ره‌گرتنی قه‌یرانێكی مه‌زنی ئابووری، كه سه‌رانسه‌ری وڵاتی گرتۆته‌وه. له ئێستا بۆ رزگاربوون له‌و ده‌سه‌ڵاته كامیان گونجاوتره: شۆڕش یان ریفۆرم؟
له‌مباره‌وه سه‌رنجتان بۆ خوێندنه‌وه‌ی بۆچوونی به‌شێك له رێبه‌رانی پارته سیاسییه‌كان و سیاسه‌تمه‌دارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان راده‌كێشین.
حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی جێگری سكرتێری گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وتی: ریفۆرم و چاكسازی هه‌نگاو به هه‌نگاو به مه‌رجێك ئیراده‌یه‌كی لێبڕاوانه‌ی له پشت بێ و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ست به كه‌موكوڕی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك بكا‌و باوه‌ڕی به ئاڵوگۆڕو چاكسازی هه‌بێ و به‌كرده‌وه‌ش هه‌نگاوی بۆ بنێ، له نه‌فسی خۆیدا ناتوانێ به خراپ و نه‌شیاو سه‌یربكرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی‌دا له‌گۆڕێ دایه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و رێژیمه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئیدئۆلۆژییه‌ك دامه‌زراوه كه ئاڵوگۆڕ هه‌ڵگر نیه و ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیمیش ئیدئۆلۆژی و ده‌سه‌ڵات له خزمه‌ت خه‌ڵك دا نابینن، به پێچه‌وانه‌وه باوه‌ڕیان وایه كه باوه‌ڕه‌كانیان نه‌گۆڕن و ئه‌وه خه‌ڵكه كه ده‌بێ له خزمه‌ت باوڕه‌كان و دهسهڵاتهكهیاندا بێ، بۆیه مه‌سه‌له‌ی ریفۆرم و چاكسازی به قازانجی ئازادی و ویست و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك له رێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا جێگایه‌كی بۆ نییه و هه‌ر هه‌وڵێك له‌و پێوه‌ندییه‌دا بێ ئاكام ده‌بێ. كه‌وابوو بێجگه له راپه‌ڕینی گشتی و هه‌وڵدان بۆ رووخانی رێژیم رێگایه‌ك بۆ دابین بوونی ویسته سیاسی و ئهساسییهكانی خه‌ڵك نامێنێته‌وه.
عومه‌ر ئێلخانی زاده، سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، له‌وباره‌وه ووتی: ئه‌گه‌ر مه‌نزوورتان ئه‌وه‌بێ خه‌بات بۆ ریفۆرم له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا مه‌ودای هه‌یه یان نا؟ من ده‌ڵێم به‌ڵێ خه‌بات و داخوازی جۆراوجۆری جه‌ماوه‌ر بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافیان مانای هه‌یه و ئێمه ده‌بێ رۆژانه پاڵپشتی ئه‌و خه‌باته بین تا گوشاری زۆرتر بۆ ده‌سه‌ڵات بێنن و یه‌كگرتوویی خه‌ڵك زۆرتر بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌نزوور ریفۆرمه له ناو ده‌سه‌ڵات و سیستمی كۆماری ئیسلامییه، كهوادایاره مه‌نزوری ئێوه ئه‌وه‌یه، من پێموایه خه‌یاڵێكی بێ ئاكامه و ئه‌و رێژیمه نیشانی داوه كه ناتوانێ هه‌ڵگری هیچ چه‌شنه ریفۆرم و چاكسازییه‌ك بێت. لانیكه‌م له ساڵی 1376ی هه‌تاوییه‌وه ریفۆرمخوازه ئیسلامییه‌كان ئیدیعای ئه‌وه‌یان كردووه كهدهیانههوێ گۆڕان له رێژیم‌دا پێك بێنن، به‌ڵام جیا له به‌لاڕێدابردنی زه‌ین و و زهی خه‌باتی جه‌ماوه‌ر كارێكیان نه‌كرد و بۆخۆشیان تێیدا شكان. هه‌موو ئه‌و رێژیمه و دامه‌زراوه و یاساكانی له‌سه‌ر ئه‌ساسی پاوانخوازی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دێموكراسی دامه‌زراوه، به چ میكانیزمێكی نێوخۆیی ده‌كرێ وه‌ها سیستمێك بگۆڕدرێ؟ سیستمێك كه هه‌موو پێكهاته‌كه‌ی بۆ دژایه‌تی دێموكراسی و نواندنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر پێك هاتبێ، غه‌یری له ناوچوونی ئه‌و یاسا دژی ئینسانی و دامه‌زراوه نادێموكراتیكانه چاره‌یه‌كی دیكه نیه. ته‌جروبه نیشانی دا كه ریِژیمه دیكتاتۆره‌كان جیا له روخاندنیان به شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی رێگایه‌كیان نه‌هێشتۆته‌وه بۆ خه‌ڵك. پێموایه كۆماری ئیسلامی وه‌ك بنه‌ما و بۆچوون و دامه‌زراوه به‌چه‌ندین قات پتر له دیكتاتۆره‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌ودا و به‌ستێنی گۆڕانی تێدا نییه و خۆی به نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌بینێ و یاساكانی به‌حوكمی ئیلاهی ده‌شوبهێنێ كه ده‌ست تێوه‌ردانی كوفر و ئلحاده. وه‌ها رێژیمێك به‌زۆر نه‌بێ ناڕوا و جه‌ماوه‌ر رێگایه‌كی نییه جیاله‌وه به‌شۆڕش بیڕوخێنێ.
به‌ڕێز ئیلخانیزاده له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی : به بڕوای من داهاتووی ئێران به مانی ئه‌و رێژیمه، داڕمانی ئابووری، فه‌قر و نه‌داری و برسیه‌تی زیاتر، ته‌ریككه‌وتنه‌وه له كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی، نائارامی و نائه‌منی و شه‌ڕ و ماڵوێرانی له رێیدایه. ته‌نیا رێگا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران بتوانن داهاتوویه‌كی باش بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له‌وه‌دایه كه هه‌مووان بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی تێبكۆشن.
هه‌روه‌ها كامیل نورانی فه‌رد، كارگێڕی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران، به‌م شێوه‌یه بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕی: هه‌ركام له‌و دروشمانه وێڕای بهستراوهبوونیان بهبهستێن و له‌مپه‌ره‌كان و سه‌رده‌م و زه‌مه‌نه‌وه، لایه‌نی باش و به‌هێز و لایه‌نی خراپ و لاوازیان هه‌یه. له راستیدا شۆڕش یان ریفۆرم له‌لایه‌ن ههڵگرانیهوه پێوه‌ندی سه‌ره‌كی و راسته‌وخۆی به‌جۆری سیسته‌م و نیزامهكانهوه هه‌یه.به مانایه‌كی دیكه ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كانن كه دروشمی خه‌ڵكی ئازادیخواز و رووناكبیر وماف ویست و جیابیری كۆمه‌ڵگاكان دیاری ده‌كه‌ن و خه‌تی پێده‌ده‌ن، ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌پێی رێژه‌ی دێموكراسی بوون و دیكتاتۆریه‌تیان ره‌وتی دروشم و میكانیزمی خه‌ڵك بۆ گه‌یشتن به ویست و داواكارییه‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن. بێگومان له وڵاتێك كه ده‌روونی ئازادیی و هه‌ناسه‌ی ئازاد هه‌بێ دروشمی خه‌ڵك له ده‌وری ریفۆرم و چاكسازیدا ده‌بێ و هه‌تا ده‌سه‌ڵاته‌كان زیاتر بازنه‌ی ئازادی و هه‌ڵسوڕانی خه‌ڵك به‌رته‌سكتر بكه‌نه‌وه دروشمه‌كان زیاتر له شۆڕش و ئاڵوگۆڕی قوڵ و بنه‌ڕه‌تی خول ده‌خۆنه‌وه. چه‌ند و چوون و كه‌م و زۆری ئه‌و حاڵه‌ته به‌پێی رێژه‌ی دێموكراتیك و یان دیكتاتۆریه‌تی نیزامهكان ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێ. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ ئه‌و دروشمانه له چوارچێوه‌ی نیزامی ئاخوندی‌دا هه‌ڵسه‌نگێنین پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت بكه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵات و جۆری سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ری ئێران. بۆ هه‌موو لایه‌ك روون و ئاشكرایه كه سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی وڵاتی ئێران خۆی له خانه‌ی یه‌كێك له خراپترین جۆره‌كانی سیسته‌مه دیكتاتۆره‌كان ده‌بینێته‌وه. رێژیمی ئاخوندی نیزامێكی فاشیستی له‌سه‌ر بناغه‌ی مه‌زهه‌بێكی دیاریكراوه‌و خۆی له ئیدئۆلۆژیێكی تایبه‌تدا پێناسه ده‌كا. به‌حوكمی سروشتی سه‌رجه‌م ئیدئۆلۆژییه‌كان رێژیمی ئاخوندیش بوونی خۆی له به‌رانبه‌ر دژ و ئانتیهك پێناسه و فۆرمبه‌ندی ده‌كا و له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك روانگه و بیركردنه‌وه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ سه‌رجه‌م بابه‌ته سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه و بیروبۆچوون و روانگه‌كانی دیكه‌ی په‌راوێز خستووه و به‌عه‌مه‌لی حاشا له‌بوونی جۆراوجۆرییه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئایینی و ئیتنیكی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی دیكه ده‌كا. بێگومان رێژیم له ماوه‌ی 33 ساڵی رابردوو به به‌رده‌وامی به‌ره‌و داخران و دوگماتیزمی زیاتر هه‌نگاوی ناوه و ده‌سه‌ڵات گه‌رووی هه‌ناسه‌ی خه‌ڵكی به ته‌واوی كپ كردووه.
به‌ڕێز كامیل نورانی فه‌رد وتیشی: له ئاوا هه‌لومه‌رجێكدا زۆر سروشتییه كه دروشمه‌كانی خه‌ڵك رادیكاڵتر و توندتر بێ و له كاتێكدا سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگ باڵی كێشاوه به‌سه‌ر وڵاتی ئێران و ده‌رفه‌تێك بۆ چاكسازی و ریفۆرم و باشتركردنی دۆخی خه‌ڵك له رێگه‌ی نه‌رم و نیان و ئاشتیخوازانه نه‌بووه و هه‌نووكه خراپتریش بووه، خه‌ڵك هانده‌درێن بۆ میتۆد و رێگه‌چاره‌ی زه‌بر و خوازیارانی شۆڕش و ئاڵوگۆڕی قووڵ و بنه‌ڕه‌تی ژماره‌یان رۆژ له‌دوای رۆژ روو له زیادبوون ده‌كا.
ئه‌م به‌رپرسه‌ی سازمانی خه‌بات وتیشی: به بڕوای من ریفۆڕم ده‌مێكه له وڵاتی ئێران مردووه‌و به‌خاك سپێردراوه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجام ماوه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌نیازنین ئاڵوگۆر له خۆیاندا پێك بێنن و به‌پێی سه‌رده‌م هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و دان به‌ویست و مافی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئێران دا بنێن. به باوه‌ڕی من رێژیمی سه‌ده نێوه‌ڕاستی ئێران هه‌رجۆره ئاڵوگۆڕێك به‌زیان بۆ سه‌ر مانه‌وه و ئه‌و ئهندیشانهی له‌سه‌ری پێكهاتووه ده‌زانێ هه‌رگیز ئاماده‌نابێ وه‌ڵامی لانیكهمی ویست و داواكاری خه‌ڵك به‌خۆشی و له‌رێگه‌ی ئاشتیخوازانه‌وه بداته‌وه.جا بۆیه رێژیمی ئاخوندی به‌ناچار ده‌بێ له‌رێگه‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌سه‌ركار لاببردرێ و به به‌رده‌وامی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ست به‌و راستیه ده‌كه‌ن روو به سه‌ره‌وه‌یه و له‌كۆتایشدا ئه‌وه چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی ئێرانه كه له رێگه‌ی شۆڕشی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌وه و بێ به‌شانی ئێران بروخێنرێ.
عه‌بدوڵا حیجاب، نوێنه‌ری حدكا له یوئێن پی ئۆ، ووتی: باس له‌سه‌ر دیارده‌كانی شۆڕش یا ریفۆرم ده‌توانێ له چه‌ند روانگه‌وه بێته گۆڕێ و پێوه‌ندی بدرێ به‌و ئامانجه‌وه كه بۆ دیاریكردنی شۆڕش و ریفۆرم له به‌رچاو ده‌گیرێ. ئه‌و دوو دیاردانه ته‌نیا دوو رێبازی جیاوازن بۆ گه‌یشتن به ئامانجی دیاریكراو. به‌شێوه‌یه‌ی گشتی له خه‌بات بۆ لابردنی سیسته‌می دیكتاتۆردا، دیاریكردنی رێبازی تێكۆشان به‌رله‌وه‌ی بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و پرنسپێكی نهگۆربێ، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ژیرانه له هه‌لومه‌رجی زاڵ و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌یه كه سیسته‌م بۆ خوازیارانی گۆڕانكاری ده‌یڕه‌خسێنێ. هه‌رچه‌ند سیسته‌م زیاتر نه‌رمی له‌خۆی نیشان بدا و توانایی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆرانكاڕییهكانی بێ، ئه‌وه‌نده رێبازی ریفۆرم شێوه‌ی درووستی خه‌بات و میتۆدێكی سه‌ركه‌وتووه. به‌پێچه‌وانه‌وه كاتێك سیسته‌م زیاتر له نێوخۆدابێ و له به‌رانبه‌ر ویستی گۆڕانگاریدا پتر راوه‌ستێ، ئه‌وده‌م ته‌نیا میتۆدی كاریگه‌ر بۆ پێكهێنانی گۆڕانكاری شۆڕشه.
عه‌بدوڵا حیجاب وتیشی: له مێژووی شۆڕشه‌كاندا، شۆڕشی فه‌رانسه له ساڵه‌كانی 1789-1799 گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسییه‌وه بگره تا سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ری، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیستمی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌لگادا پێكهێنا و جیهانی دوای خۆی گۆرٍێ. بۆیه‌شه ئه‌و شۆڕشه وه‌كوو دیارده‌یه‌كی تاقانه و بێ وێنه له‌مێژووی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تی دا خۆی نواندوه. بیرۆكه‌ی ئازادی، یه‌كسانی و برایه‌تی كه له‌و شۆڕشه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت، ئه‌وه‌نده بایه‌خی بوو كه توندوتیژییه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕش و ئه‌و نرخه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌رانسه بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و نرخانه‌ی دا له‌بیر برده‌وه. ئه‌و شۆڕشه زیاتر بۆیه به‌ڕێزه‌وه سه‌یری ده‌كرێ كه بیری نوێی گه‌شه‌پێداو ئێستا ئه‌و بیره نوێیه بۆ چاره‌سه‌ریی زۆربه‌ی كێشه‌كانی پێوه‌ندیدار به ماف و ئازادییه‌كانی تاكه‌وه سه‌رچاوه‌یه. شۆڕشه‌كانی دواتر نه‌یانتوانیوه ئه‌و جێگایه له مێژووی نوێ‌دا به ده‌ست بێنن. ره‌وتی شۆڕش هه‌میشه وه‌كوو سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌رانسه درێژخایه‌ن نیه و زۆرجار ئه‌و دیارده‌یه به كتوپڕی ده‌ست پێ ده‌كا و له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا گۆڕانكاری دروست ده‌كا، به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌شداران یا ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌كانی شۆڕشیش ناتوانن به‌رنامه‌ی وردی بۆ دابڕێژن و یابهرهو ئه‌و ئامانجه‌ی كه بۆ خۆیان ده‌یانه‌وێ بیبه‌ن.
سه‌باره‌ت به ریفۆرم به‌ڕێز حیجاب وتی: ره‌وتی ریفۆرم به‌پێچه‌وانه‌ی شۆڕشه‌وه، ره‌وتێكی درێژخایه‌ن و به‌پلانه و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ئاكامی رێفۆرم دا دێنه پێش به بنه‌ماتر و خۆڕاگرتن.نموونه‌كانی سه‌ركه‌وتووی ریفۆرم له سه‌رده‌می نوێ‌دا ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ن كه له وڵاتانی وه‌كوو ئیسپانیا، یونان و له‌و ساڵانه‌ی دوایشدا له شیلی هاتوونه‌ته گۆڕێ. له‌و ره‌وتانه‌دا تێپه‌ڕبوون له سیسته‌می داخراوه‌وه بۆ سیسته‌می كراوه به به‌رنامه ئه‌نجام دراوه‌و خوێن رشتنی له‌گه‌ڵ نه‌بووه.به‌ڵام جێگه و پێگه‌ی بیری شۆڕش له كۆمهڵگایهوه بۆ كۆمه‌ڵگای دیكه فه‌رق ده‌كا.له كۆمه‌ڵگایه‌كی دووره په‌رێز له توندوتیژی تێگه‌هی شۆڕش به‌نه‌رێنی و وه‌كوو نیشانه‌ی شێواندن چاوی لێ ده‌كرێ، له كاتێك دا كه بۆ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا شۆڕش به هاومانا له‌گه‌ڵ رزگاری و خۆشی چاوی لێ ده‌كرێ. له‌لای ئێمه ریفۆرم وه‌كوو سوكایه‌تی به ئامانجه‌كانی گه‌ل سه‌یرده‌كرێ، كه‌چی له كۆمه‌ڵگایه‌كی دێموكراتیكدا ریفۆرم پێداویستی پێشكه‌وتن و گۆرانكاریی چاككهرهوهیه. كه‌وابوو له‌هه‌ر جێگایه‌ك كه ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن له‌ره‌وتی ریفۆرمدا پێك بێ و سیسته‌م رێگا بدا كه بیری جیاواز گه‌شه‌بكا، بیركردنه‌وه له شۆڕش بیرێكی توندڕه‌وانه‌یه. له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی داخراوی وه‌كوو سیسته‌می ویلایه‌تی فهقیهدا، مه‌سه‌له‌ی ریفۆرم وه‌كوو تاكه رێبازی تێكۆشان بۆ گۆڕانكاری ناتوانێ له رۆژه‌ڤی سیاسی دابێ، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی گه‌شه‌كردنی ناكۆكییه نێوخۆییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران دا ده‌توانێ وه‌كوو فیلته‌رێك بۆ ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی شۆڕش به‌كاربێ.
دكتۆر كاوه عه‌بداڵی، چالاكی سیاسی له وڵاتى نورویَژبۆ لاوان وتی: ریفۆرم واته ئیسلاح ته‌ڵه‌بی له ئه‌سڵدا شێوه‌كارێكی ده‌ربازبوون بوو بۆ سه‌قامگیری هه‌رچی زیاتر رێژیم، كه له ده‌ورانی هاتنه‌سه‌ر كاری هاشمی ره‌فسه‌نجانی و دواتریش محه‌مه‌د خاته‌می قووه‌تی زیاتری به‌خۆیه‌وه گرت. رێژیم كه ده‌یزانی خه‌ڵك له ناوخۆی وڵات له‌لایه‌ك و حیزب و رێكخراوه سیاسییه‌كانی ئێرانی جێگیر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و زۆر رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی، باس له زوڵم و زۆری، بێ عه‌داڵه‌تی، ئیعدامی بێ به‌زه‌یانه‌ی به‌ندكراوه‌كانی سیاسی و به‌گشتی نه‌پاراستنی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن، له‌بیری رێگه چاره‌یه‌ك كه‌وتن. ئه‌و بیرۆكه‌یه دوو به‌رهه‌می باشی بۆ ئه‌وان ده‌بوو. یه‌كه‌م/ ئه‌وه‌ی كه خۆیان وه‌ك مامۆستایه‌كی ئایینی پێشكه‌وتوو عه‌داڵه‌تخواز به‌ئێران و جیهان ده‌ناساند. دووهه‌م/ ئه‌وه‌یه‌كه ژیانێكی نوێی له مێژووی ئه‌و رێژیمه نامرۆڤانه‌یه وه‌دی ده‌هێنا و ته‌مه‌نی درێژی بۆ رێژیمه‌كه به‌ئامانج ده‌گه‌یاند. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ بڵێم كه ئه‌وان له‌و پلانه‌ی خۆیاندا سه‌ركه‌وتنی باشیان هه‌بوو تاراده‌یه‌ك كه له ده‌وره‌ی سه‌رۆك كۆماری خاته‌می، رێژیم توانی جیا له‌و هه‌موو بێ عهدالهتیانهی كه به‌رده‌وام به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی‌دا ده‌سه‌پێندرا، ئێرانیان له جیهاندا به ئێَرانێكی دیموكراسیخواز و ویستیاری پێوه‌ندی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان ناساند، كه به‌خۆشیه‌وه هێنده‌ی پێ نه‌چوو كه دووباره ماهیه‌تی ئه‌سڵی ریژیم وهدهركهوتهوه و نه‌یانتوانی چیدیكه جیهان فریوبده‌ن.
هه‌روه‌ها به‌رێز عه‌بداڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه كاتێك ده‌توانین باس له ریفۆرم بكه‌ین كه لانیكه‌م حكوومه‌تێكی دێموكراسیخواز بوونی هه‌بێت و یه‌كه‌م ئه‌سڵی حكوومه‌تداری واته پاراستنی حه‌ق و حقووقی هه‌موو شاروهندێكی وڵاته‌كه‌ی له‌به‌رچاو گرتبێ. ریفۆرم له شوێنێك ده‌توانێ جێ بگرێ كه بناغه‌ی حكوومه‌ت و ئه‌سڵی یاسای وڵاته‌كه له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی عه‌داڵه‌ت داڕێژرابێ و ته‌نانه‌ت به‌مه‌به‌ستی چاكسازی یاسا و دابینكردنی ژیانی ئاسایی، له هێندێك جێگه‌دا پێویستی به ئاڵوگۆڕی ئه‌ساسی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه كرده‌وه‌ی رێژیمی كۆنه‌په‌رستی ئێران هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌بینین كه هیچیه‌ك له‌و محهكانهی ناومان هێنان، له‌و رێژیمه‌دا نابیندرێن و به‌پێچه‌وانه به‌خراپترین و بێ ره‌حمانه‌ترین شێوه بهچهنگ و ددان ده‌ستیان به‌سه‌ر حكوومه‌ت و وڵاتی ئێران‌دا گرتوو بێ به‌زه‌ییانه بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له قه‌تڵوعامی منداڵانیش چاوپۆشی ناكه‌ن. واته ریفۆرم له رێژیمی ئێران‌دا، هیچ مه‌عنایه‌كی نابێ. فاكتۆرێكی به‌رچاوتر بۆ نه‌گونجاندنی ریفۆرم له ئێران‌دا، مۆره‌كان یان ئاڵترناتیوهكان بۆ ده‌سه‌ڵاته. به گۆڕینی دیمه‌نی ئاشكرا، ناتوانن ماهیه‌تی ئه‌سڵی رێژیم بشارنه‌وه و هیچ ئاڵوگۆڕێك به‌سه‌ر سیسته‌می ویلایه‌تی فهقیهدا نایه. له نه‌مانی ئه‌حمه‌دی نهژادو هاتنه‌سه‌ركاری موسه‌وی به‌دڵنیاییه‌وه جگه له‌وه‌ی كه ته‌مه‌نی رێژیمی كۆنه‌په‌رست درێژ ده‌بێته‌وه، هیچ به‌رهه‌مێكی بۆنه‌ته‌وه زوڵم لێكراوه‌كانی ئێرانی نابێت.
ره‌حیم ره‌شیدی رۆژنامه‌وان له واشنگتن ،له‌مباره‌وه بۆچوونی خۆیان ده‌ربری: چاكسازی بریتیه له‌وه‌ی مرۆڤ له ته‌واویه‌تی خۆیدا چوارچێوه، ئیدئۆلۆژی یان سیسته‌مێكی تایبه‌تی به‌لاوه په‌سه‌نده،به‌ڵام به تێپه‌ربوونی كات هه‌ست ده‌كا بۆ گونجاندنی ئه‌و ئیدئۆلۆژی یان سیسته‌مه له‌گه‌ڵ گۆرانكارییه‌كانی سه‌رده‌مدا، پێویسته له به‌شێك یان چه‌ند به‌شیدا ئاڵوگۆر پێك بێت. واته ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مرۆ نوێیه، ده‌كرێ بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه وه‌ڵام نه‌ده‌ر بێت، هه‌ر بۆیه پرۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وام و هه‌واڵدان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌مان و پێویستیه‌كانی گه‌شه بكه‌ین، پێویسته.به ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له گرێچنی ده‌سه‌ڵات له ئێران دا و خوێندنه‌وه‌ی ریژیم بۆ چه‌مكه‌كانی ئازادی، دێموكراسی، به‌رانبه‌ر و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، هاوكات سه‌ركه‌وتنی ریفۆرمخوازانی نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات له 2 ی جۆزه‌ردانی 76 ی هه‌تاوی، شكستی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای ئه‌و ره‌وته له هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌رۆك كۆماری ریژیم له ساڵی 88 دا، ئیدی هیوایه‌ك به سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌و سیسته‌مه‌دا نه‌ماوه‌و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ چاكسازی له چوارچێوه‌ی ئه‌و ریژیمه‌دا بێ ئاكامه. رێگایه‌ك جیا له روخانی كۆماری ئیسلامی له به‌رده‌مدا نیه. هیوان وایه ئه‌و ئاڵوگۆرهش بۆ خه‌ڵكی ئێران به كه‌مترین زیان بێته ئاراوه و قوتاریان بێت.
هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ریفۆرم له نێو كۆماری ئیسلامی‌دا هیچ كات رونادا، ئه‌گه‌ر شۆڕشیش كرا ئه‌وكات ده‌بینن كورده‌كان به‌شداری ده‌سه‌ڵات ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرینگه ئه‌وه‌یه كه ئایا كورده‌كان به چ به‌رنامه و ههدهفێكهوه به‌شداری ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن؟ له حاڵێكدا تا ئێستا كورده‌كان بۆ یه‌كجاریش بێ هه‌ر هه‌موو لایه‌ن و پارته‌كان نه‌یانتوانیوه ئه‌و لێك نزیك بونه‌وه‌یه بكه‌ن.
حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی له‌مباره‌وه ده‌ڵێ: له هه‌ر حاڵه‌تێكدا كه ئاڵوگۆڕی جیددی و بنه‌ڕه‌تی له ئێران‌دا روو بدا كورد به شێوه‌یه‌كی ئاسایی و گشتی شوێندانه‌ریی خۆی هه‌یه و شوێندانه‌ریی خۆی ده‌بێ. روونه ئه‌گه‌ر كورد به‌گشتی یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن ئه‌و شوێندانه‌رییه پتر ده‌بێ.
له ئێستا و له داهاتووشدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كورد به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان نه‌بێ، به‌ڵام مادام هه‌ده‌فی هاوبه‌ش و وه‌ك یه‌كیان هه‌یه، ده‌توانن خاوه‌ن به‌رنامه‌ی هاوبه‌شیش بن. هه‌ده‌فی هه‌موو لایه‌كیش ئه‌وه‌ی لێیان ده‌بیسرێ ئه‌وه‌یه كه كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و مافی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی بێ، خۆی به‌رێوه‌به‌ری خۆی بێ و له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیشدا به‌بێ جیاوازی هه‌م كورد و هه‌م نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش به‌شداربن. لێره‌دا نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بچێ كه له داهاتووی كوردستاندا ئه‌وه‌ی بڕیاری نیهایی ده‌دا ده‌نگی خه‌ڵكه.
راسته ئێران وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه و هه‌موو نه‌ته‌وه زۆر لێكراوه‌كانیش ئازاری وه‌ك یه‌كیان هه‌یه، داخوازیی وه‌ك یه‌كیان هه‌یه و داهاتووی وه‌ك یه‌كیش بۆ ئێران ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و هه‌رئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه بتوانن كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ پێك بێنن. ئه‌وه‌ش كه ئایا ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداربن هه‌ر نه‌بێ به رواڵه‌ت وه‌ڵامه‌كه‌ی ئهرێیه، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نییه كه مه‌سه‌له‌كان وه‌ك ئاوی ره‌وان به جۆدا ده‌ڕۆن و هیچ گرفتێك نایه‌ته پێش، به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكراتیكدا ده‌كرێ به دیالۆگ و لێك تێگه‌یشتن گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
عومه‌ر ئێلخانیزاده‌ش له‌مباره‌وه بۆچوونی خۆیان به‌م شێوه‌یه ده‌ربڕی:نه‌ك هه‌ر وه‌ختی ئه‌وه هاتووه كه كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لانیكه‌م بیر له چه‌ترێكی هاوكاری بكاته‌وه، وهدرهنگیش كه‌وتووه. به‌داخه‌وه ئه‌وه ده‌ردێكی گه‌وره‌ی كوردستانی ئێرانه كه هێشتا حیزبه سیاسییه‌كانی به‌جددی هه‌ستیان پێ نه‌كردووه. پێموایه بیركردنه‌وه‌ی ته‌سك و چه‌شنێك له سیكتاریسم هێشتا یه‌خه‌ی ئێمه‌ی به‌رنه‌داوه. هێشتا هه‌ن وا بیرده‌كه‌نه‌وه كه به ته‌نیا ره‌نگه بتوانن نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی له ئێران‌دا بكه‌ن. ناكۆكی، جیاوازی بیرورای شتێكی ئاساییه چ له ناو كۆمه‌ڵگادا و چ له ناو حیزبه سیاسیه‌كاندا.له هیچ كوێی ئه‌و جیهانه‌شدا جیاوازی سیاسی نه‌بۆته هۆی سه‌رنه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و دوژمنی به‌هێزی هاوبه‌ش و ته‌ماعی گه‌وره بۆ پاشه‌كشێ به كورد، فاكته‌ری جیددین. هیچ پاساوێك نابینم كه له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كاری پڕاوپڕ بۆ یه‌كگرتوویی و لانیكه‌م چه‌ترێكی هاوكاری تا دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك نه‌كرێ. كه‌مته‌رخه‌می له‌وباره‌وه تا ئێستا زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندوین و ده‌بێ هه‌مووان بۆی ده‌ست به‌كاربین ده‌نا من داهاتووی كوردستانی ئێران به‌و وه‌زعه‌ی ئێستا له ئارادایه، زۆر باش نابینم.
ئامادە کردنی گەلاوێژ مێهفەر.
سپاس بۆ هاوكارى قادر ره‌سولى.
سەرچاوە:
ماڵپەڕو ژومارە ٤٥ی گۆڤاری لاوان
{jcomments off}