چه‌ند ساڵێک له جیابوونه‌وه‌ی تاقمێک2 له حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران تێده‌په‌رێت که‌چی تا ئێستا جگه له هه‌ندێ وتار..
___________________________________________________________________________
گرنگایه‌تی حێزب و مافی خاوه‌ندارێتی وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی[1]
چه‌ند ساڵێک له جیابوونه‌وه‌ی تاقمێک[2] له حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران تێده‌په‌رێت که‌چی تا ئێستا جگه له هه‌ندێ وتار و ره‌خنه و دووبه‌ره‌کی نووسین و یه‌کتر کوتان و لایه‌نگری کردن له که‌سایه‌تیه جۆراوجۆره‌کان هه‌وڵێکی ئه‌وتۆ بۆ روونکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی خودی حێزب و مافه‌کانی وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌ک (نه‌هاد) نه‌دراوه‌و تاقمی جیاوه‌بوو به بێ هیچ هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له مافه مه‌عنه‌ویه‌کانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و له خۆیان نه‌پرسیوه که داخوا له باری نه‌ریت (عورف) و رێسا و یاسا باوه‌کانه‌وه ئه‌و مافه‌یان هه‌بووه که ئه‌و به‌ڵایه به‌سه‌ر رێکخراوێکی نه‌ته‌وه‌یی و جێگه‌و پێگه دیار له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا بهێنن و به سه‌ره‌ڕۆیی و ملهوڕی له ناو و ئیمکانات و مێژوو و که‌سایه‌تیه گرنگه‌کانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ بوونی خودی ئه‌و حێزبه به جیاواز که‌ڵک وه‌رگرن یان نا؟! له‌م پێوه‌ندیه‌دا له‌لایه‌که‌وه، دیاره لاده‌ران ئاگاداری ئه‌وه نه‌بوون که کۆمه‌ڵگای کوردستانی ئه‌وڕۆ زۆر گۆڕاوه و چینی رووناک‌بیر و خوێندکار ره‌وا و ناڕه‌وابوونی ئه‌و کاره‌یان له بواره جۆراوجۆره‌کانی یاسایی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه لێکده‌ده‌نه‌وه‌و به سانایی پێڕه‌وی که‌سایه‌تیه‌کان و تاکه‌کان ناکه‌ن و حێزب وه‌کو دامه‌زراوه بۆیان پێشترێتی هه‌یه به‌سه‌ر خۆشه‌ویستی تاکه‌کاندا و بۆیان جێی پرسیاره که بۆچی ئه‌و پێشترێتیه له‌لایه‌ن تاقمی جیاوه‌بووه‌وه له‌به‌رچاو نه‌گیراوه و بۆچی هه‌ستی به‌رپرسایه‌تیان نه‌بووه له به‌رانبه‌ری خه‌ڵکدا وه‌کو خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی دامه‌زراوه کوردیه‌کان! له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، وێرای روون بوونی هه‌ڵه‌و کاری ناشیاو و ناڕه‌وای لاده‌ران ده‌بێت ئاماژه‌ش بکرێ که سه‌رکردایه‌تی حێزبی دێمۆکراتیش به هۆی هه‌ندێ تێبینی سیاسی و به‌تایبه‌ت دووره‌په‌رێزی له شه‌ڕی ناوخۆیی و براکوژی له‌به‌ر چه‌کداربوونی لاده‌ران، به‌داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه تاکو ئێستا به‌دواداچوونێکی ئه‌وتۆیان نه‌بووه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشێلکردنی مافی خاوه‌ندارێتی (مادی و مه‌عنه‌وی) ئه‌م حێزبه له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه که لاده‌ران جار و بار هه‌وڵیان داوه به ساخته‌کردنی مێژووی حێزب و وه‌پاڵ خستنی هه‌ندێ تۆمه‌تی بێ بنه‌ما شه‌رعیه‌ت به خۆیان بده‌ن. لاده‌ران له وتارێکدا به ناوی کورته مێژوو که دواتر ئاماژه‌ی پێده‌کرێت سه‌باره‌ت به کۆنگره‌ی 13 بێ هیچ هۆ و پاساوێک ئاماژه ده‌که‌ن که رێبه‌رایه‌تی حێزب له رێگای نایاساییه‌وه زۆرینه‌ی به ده‌ست هێناوه و ده‌ستیان کردووه به ده‌رکردنی ئه‌ندامانێ که روانگه‌ی سیاسی که‌مینه‌یان رێبه‌ری کردووه‌و ئه‌مه به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی خۆیان ده‌زانن! ئه‌دی ناڵێن چ رێگا و ئامرازێکی نایاسایی!؟ ئاخۆ جگه له‌و رێگایه بووه که ئه‌وان پێشتر زۆرینه‌یان به ده‌ست ده‌هێنا!؟ ئه‌و کاته‌ی که مامۆستا ده‌نگی ده‌هێناو کاک مسته‌فا پیرۆزبایی لێده‌کرد! دیاره رێگا لێره‌دا به‌س ده‌نگی به‌شداربووانی کۆنگره بووه و ئه‌و جۆره قسه‌کردنه سووکایه‌تی به‌و کۆنگره‌و تاکه‌کان و شعوری سیاسی به‌شداربووان و به خۆشیانه که ده‌نگیان به‌و کۆنگره دابوو یان له کۆنگره‌یه‌کدا به‌شدار بوون که کاروباره‌که‌ی به نایاسایی ده‌زانن! هه‌موو به‌ڵگه‌کان پیشان ده‌ده‌ن که زۆرینه ده‌نگیان به‌و رێبه‌رایه‌تیه داوه‌و له باری یاساییه‌وه کێشه‌یه‌ک نه‌بووه. جگه له‌وه‌ش هه‌موو ئه‌ندامانی حێزب له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا له پێش هه‌رشتێک پێشمه‌رگه‌ن هه‌ر له سه‌رکرده‌وه بگره تا پێشمه‌رگه‌ی ساده بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌قام په‌رستی نه‌بێت پێشمه‌رگه‌یه‌کی ساده‌ش بن مادام که له‌و حێزبه‌دان و به‌رنامه‌که‌یان قبووڵ کردووه ده‌بێت چالاکییان له‌و چوارچێوه یاساییه‌دا درێژه بدایه. له‌و وتاره‌دا به ئاماژه‌کردن به ده‌رکردن و زه‌خت له‌سه‌ر بوون (که شتی وا نه‌بووه)، رووداوی پاش کۆنگره‌ی 13 وه‌کو رووداوێ ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م که به گوته‌ی ئه‌وان له کۆنگره‌ی 3 دا روویداوه واته دکتۆر قاسملۆ و هاوڕێیانی زه‌ختیان خستووه‌ته سه‌ر لایه‌نگرانی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د تۆفێق بۆ به‌جێهێشتنی حێزب! بۆخۆشیان ده‌ڵێن که به‌م بۆنه‌وه جیابوونه‌ته‌وه و ناوی سه‌ره‌کی KDP به‌کار ده‌هێنن واته ناوی پێش کۆنگره‌ی سێهه‌م. ئه‌دی سه‌رنجی ئه‌وه ناده‌ن که پێش و پاش کۆنگره‌ی سێ هه‌ر ئه‌و که‌سانه وێرای هه‌ندێ جیاوازی بیروڕا درێژه‌یان به کاری حێزبی داوه و حێزب هه‌مان حێزب بووه به‌ته‌نیا کۆنگره‌ی مه‌شروع هه‌ندێ گۆڕانکاری په‌سه‌ند کردووه‌و هه‌روه‌ها که دواتر ئاماژه ده‌کرێت ناو یه‌ک ناو بووه و سه‌ره‌کی و لاوه‌کی له ئارادا نه‌بووه. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که خودی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ش پاش جیابوونه‌وه به رادیۆ فه‌ڕه‌نسه له 2006 دا[3] ده‌ڵێ که جیابوونه‌وه‌یان به ئاشتی بووه و باسیان له دوو ساڵی رابردوودا له‌سه‌ر چاکسازی پێکهاته‌ی به‌کۆمه‌ڵی رێبه‌رایه‌تی حێزب بووه و به هۆی لێکنه‌دانه‌وه‌ی داواکاریه‌کانیان به ئاکام نه‌گه‌یشتوون. ئه‌دی ئاماژه به وه‌ده‌ستهێنانی زۆرینه له رێگای نایاساییه‌وه ناکات، چۆن وانه‌بووه ئه‌گینه بۆ پاش دوو ساڵ جیا ده‌بنه‌وه. دوو ساڵ مانه‌وه به‌و واتایه که هه‌م کۆنگره‌ی پێشوو مه‌شروع بووه، هه‌م رێگای زۆرینه به‌ده‌ستهێنان یاسایی بووه. جیابوونه‌وه‌شیان جگه له هه‌وڵ بۆ مه‌قام شتێکی لۆژیکی تێدا نابینرێت چۆنکو ئه‌گه‌ر دڵنیا بووایه‌تن که کاری نایاسایی کراوه دوو ساڵی دیکه‌ش ده‌مانه‌وه‌و به خستنه ده‌ره‌وه‌ی راستیه‌کان و کاری پێویست وه‌کو دانانی چاوه‌دێر و لایه‌نی سێهه‌م و بێلایه‌ن زۆرینه‌یان ده‌سته‌به‌ر ده‌کرد. پرسیار ئه‌وه‌یه که ئاخۆ ئه‌گه‌ر به وته‌ی مامۆستا چاکسازیه‌که به ئاکام بگه‌یشتایه ئه‌وه رێگای وه‌ده‌ستهێنانی زۆرینه له کۆنگره‌یه‌ک که له‌و کاته‌دا دوو ساڵ پێش به‌ڕێوه‌چووبوو یاسایی ده‌بوو!؟ دیار نییه پێناسه‌یان له یاسایی چیه؟ هه‌رچۆنێک بێت ئه‌مه یه‌ک له‌و پاساوهێنانه‌وه‌یان بووه ئه‌دی له خۆیان نه‌پرسیوه ئاخۆ کام کاری ئه‌وان یاسایی بووه!؟
له راستای روون بوونه‌وه‌ی کاری یاسایی و نایاسایی و پیشاندانی هه‌ندێ له کاره نایاسایی و ناڕه‌واکانی لاده‌ران ئه‌م وتاره به مه‌به‌سته تیشکێکی هه‌رچه‌ند کورت بخاته سه‌ر مافه مه‌عنه‌ویه‌کانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وه‌کو یه‌کێک له دامه‌زراوه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی هه‌ره گرنگ که که‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و پێگه‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان دیاره و خاوه‌ن مێژووی پڕ له شانازیه و وه‌کو تاقه حێزبی دێمۆکرات بووه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا. له‌م پێوه‌ندیه‌دا، جیا له دواهاتی زۆر خراپی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه که رێک له راستای به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یارانی گه‌لی کوردا بوو[4] و جیا له هه‌ندێ ره‌خنه که تا ئێستا ئاراسته کراوه و ئه‌وه‌ی که بڕێ له‌و که‌سانه هه‌ر ئه‌وانه‌ی بوون که پێشتریش له سه‌رده‌می خودی شه‌هید دکتۆر قاسملۆدا جیابوونه‌وه‌و ته‌نانه‌ت دڵیان به تێرۆریان گه‌ش ده‌بووه‌وه‌و، لێره‌دا به پشت به‌ستن به هه‌ندێ به‌ڵگه‌و فاکت، هه‌وڵ ده‌درێت که ناڕه‌وا بوونی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناو و هێما و ناوی ئۆرگانه‌کان و ئیمکاناتی حێزبی دێموکراتی کوردستان و پێشێل کردنی مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی و مێژوو و که‌سایه‌تیه‌کانی ئه‌و حێزبه له‌لایه‌ن تاقمی جیاوه‌بوو و خۆناساندنیان وه‌کو حێزبی دێمۆکراتی کوردستان، تاڕاده‌یه‌ک که بکرێت روون بکرێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پاش روانینێکی کورت به‌سه‌ر ده‌ور و گرنگایه‌تی حێزب له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا، بۆ سه‌لماندنی داواکاریی ئه‌م باسه ئاماژه به هه‌ندێ بابه‌ت وه‌ک: مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی، وته‌کانی شه‌هید دکتۆر قاسملۆ و نه‌ریتی باو له مێژووی کوردستاندا ده‌کرێت.
گرنگایه‌تی حێزب و ده‌وری له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا: ده‌وری جیاوازی له کوردستاندا
حێزب له سیسته‌می سیاسی وڵاتانی دێمۆکراتیکدا وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی پێوه‌ندیده‌ری خه‌ڵک و حکومه‌ت چاوی لێده‌کرێت و بیروڕای خه‌ڵکی و ویسته‌کانیان کۆ ده‌کاته‌وه‌و به حکومه‌تی ده‌گه‌ینێت بۆ فۆرموله‌کردنی یاسا و سیاسه‌ته‌کان و جێبه‌جێ کردنیان. به‌ڵام له وڵاتانی نادێمۆکراتیکدا که زۆربه‌ی حێزبه‌کان هه‌لی چالاکی سیاسی و ئازادانه‌یان بۆ ناڕه‌خسێت و حکومه‌تیش وه‌ڵامده‌ری ویستی خه‌ڵکی نییه زۆربه‌ی کات حێزبه‌کان هه‌ندێ ئه‌رکی دیکه و له سه‌ره‌وه‌یاندا ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌بات له دژی حکومه‌ت و سیسته‌می سیاسی سه‌پاو به‌سه‌ر خه‌ڵکدا به ئه‌ستۆ ده‌گرن. واته له جێی کار بۆ حکومه‌ت و یارمه‌تیدان بۆ هاوسه‌نگی له سیسته‌می سیاسی‌دا، به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه. له‌م پێوه‌ندیه‌دا حێزبی دێمۆکراتی کوردستان که به‌پێی پێناسه‌ی حێزب له‌لایه‌ن هه‌ندێ له بیرمه‌ندانه‌وه وه‌کو جان بلانده‌ل له چه‌شنی حێزبه پێکهاته‌ییه‌کانه که له‌سه‌ر بنه‌مای پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی پێکهاتووه له باری چالاکی سیاسیه‌وه به‌پێی بارودۆخی نادێمۆکراتیکی حکومه‌تی ئێران له ناو تاقمی دووه‌م دایه[5] واته له دژی سیسته‌مه چۆنکو نه هه‌ر ئه‌م حێزبه به‌ڵکو هه‌موو حیزبه‌کانی تری سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کان که داخوازی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌یه له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا رێگه‌یان پێنه‌دراوه بۆ چالاکی نواندن.
که‌واته حێزبی دێمۆکراتی کوردستان دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه که ئه‌رکی رێبه‌رایه‌تی سیاسی و کۆکردنه‌وه‌ی ویستی خه‌ڵک و خه‌بات بۆ دابینکردنی ئه‌وانه‌ی به ئه‌ستۆیه‌و وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی چاوی لێده‌کرێت که به‌پێی ساڵانی ساڵ خه‌بات له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ناسراوه و که‌سایه‌تی و مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی خۆی هه‌یه. واته بنه‌ما و مێژووی تایبه‌تی به خۆوه گرتووه و جگه له که‌سایه‌تیه‌کانی ئێستاکه‌ی ناوه‌وه‌ی حێزب، خودی پێکهاته و دامه‌زراوه‌ی حێزبه‌که‌ش گرنگایه‌تی تایبه‌تی هه‌یه. گرنگایه‌تی خودی دامه‌زراوه‌که به‌و ناوه‌وه کاتێک زۆرتر ده‌سه‌لمێندرێت که جاروبار باس له‌وه کراوه که لاده‌ران ده‌توانن به گۆڕینی ناوی خۆیان له ناوخۆی وڵات‌دا چالاکی بنوێنن! هه‌رچه‌ند ئه‌مه به‌س قسه‌یه‌و کرده‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نییه چۆن له ناوخۆی وڵاتیش زۆر هه‌وڵ درا بۆ پێکهێنانی حێزبی کوردی و مۆڵه‌تیان بۆ ده‌رنه‌کردن، به‌ڵام پیشانده‌ری گرنگایه‌تی دامه‌زراوه‌یه‌که که ناو و بوونی جیا له ئه‌ندامه‌کانی مه‌ترسیداره بۆ ره‌ژیم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به واتای له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ده‌وری ئه‌ندامه‌کان نییه چۆن بێ تاک و ئه‌ندام له راستیدا دامه‌زراوه‌ش وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی رووت و قووت کاریگه‌ر نابێت و بوونی نییه به‌ڵام لێره‌دا بۆ روونکردنه‌وه‌ی ده‌ور و گرنگایه‌تی خودی دامه‌زراوه‌که ئه‌مه باس ده‌کرێت که ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره‌یه و نایه‌وێت وه‌کو لایه‌نگری که‌سێکی تایبه‌ت بدوێت. له‌م راستادا ناڕه‌وابوونی کرده‌وه‌ی لاده‌ران هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا ده‌کرێ له سێ خاڵی سه‌ره‌کیدا بسه‌لمێندرێت:
ئه‌لف: مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی
جگه له مافی خاوه‌ندارێتی مادی بۆ هه‌موو ئیمکاناتی پێوه‌ندیدار به حێزب که ده‌بێت به‌پێی نه‌ریت و یاسا به‌ته‌نیا بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌و له راستای ئامانجه‌کانیدا به‌کار بهێنرێت، هه‌موو حێزبێک هه‌ر به پێکهاتنی ده‌بێته خاوه‌ن که‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و له‌و راستاشدا مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی (بۆ نموونه له‌مباره‌وه یاساکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له درێژه‌دا ببینن که ئاماژه‌ی پێده‌کرێت).
مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی یان هزری[6] که هه‌ندێ جار به ناوی مافی ئه‌خلاقی له چوارچێوه‌ی یاسای مه‌ده‌نیشدا ناوی لێبراوه ده‌سته‌واژه‌یه‌که که ئاماژه ده‌کات به جۆره جیاوازه‌کانی داهێنانه فیکریه‌کان که بۆیان زنجیره‌یه‌ک مافی تایبه‌تی، و له بواره پێوه‌ندیداره‌کان به یاسادا دیاری کراوه. واته له واتای به‌ربڵاویدا مافه‌کانی پێوه‌ندیدار به پێکهێنان و داهێنانه فیکریه‌کانه له بواره جۆراوجۆره‌کاندا. ئه‌و مافانه‌ی که به خاوه‌نه‌کانیان ده‌سه‌ڵاتی که‌ڵکوه‌رگرتنی تایبه‌تی له چالاکیه هزری و داهێنه‌رانه‌کانیان ده‌به‌خشێت و بایه‌خی ئابووری و توانستی مامه‌ڵه‌ی هه‌یه به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ی شتی دیاری مادی نیه. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م مافانه بیر و هزری مرۆڤه بۆیه هه‌ندێ له نووسه‌ران خاوه‌ندارێتی هزری پێده‌ڵێن. خاوه‌ندارێتی هزری سروشتێکی تێکه‌ڵه له مافی پێوه‌ندیدار به دارایی پێکهێنه‌ر و مافی نادارایی پێکهێنه‌ر و پێوه‌ندی به مافی ئه‌خلاقی و که‌سایه‌تی مرۆڤ و دامه‌زراوه‌کانی هه‌یه. ئه‌و مافانه‌ی که بوونی مادی و عه‌ینیان له ده‌ره‌وه نیه به‌ڵام کۆمه‌ڵگا بڕوای به بوونی ئه‌وانه به‌خشیوه و یاساش ئه‌وانه‌ی ناسیوه.
به شێوه‌ی باو خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی زۆرتر له دوو بواردا باسی له‌سه‌ر کراوه: خاوه‌ندارێتی پێوه‌ندیدار به پیشه‌سازی و بازرگانی (نیشانه بازرگانیه‌کان، داهێنانه تۆمارکراوه‌کان، مافه‌کانی گه‌ڵاڵه‌ی پیشه‌سازی و نهێنیه‌کانی بازرگانی له هه‌ندێ بواره یاساییه‌کاندا) و خاوه‌نداریتی وێژه‌یی-هونه‌ری (کۆپی رایت، ئاسه‌واره نووسراوه‌کان و چاپه‌مه‌نیه‌کان و …). هه‌رچه‌ند له چوارچێوه‌ی ئه‌م دابه‌شکاریه‌دا ده‌کرێ زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان لێکبدرێنه‌وه و پێوه‌ند بدرێن به‌مانه‌وه به‌ڵام به گوێره‌ییه و ده‌کرێ به پێی پێناسه‌ی که‌سانی جیاواز به شێوه‌ی جۆراوجۆر مافی مه‌عنه‌وی نهۆمبه‌ندی و دابه‌ش بکرێت و له روانگه‌ی جیاوازه‌وه چاوی لێکرێت له‌وانه له بواری زانستی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، وێژه‌یی، جوگرافیایی و…. که‌واته ده‌سته‌واژه‌ی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی به‌کار ده‌هێنرێت بۆ وه‌سفکردنی زۆر چه‌مکی جیاواز، ناپێوه‌ندیدار و یاسایی. له‌م راستادا خاوه‌نه‌کان مافگه‌لێکی تایبه‌تیان بۆ گه‌ڕه‌نتی ده‌کرێت بۆ جۆره‌کانی دارایی که به چاو نابیندرێن و ده‌ستیان پێوه ناته‌قێت. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئاماژه ده‌کات به پێکهێنان و چێکردنه فیکریه‌کان: دۆزینه‌وه‌کان و داهێنانه‌کان، مۆسیقا و کاره هونه‌ری و وێژه‌ییه‌کان، وشه‌کان، رسته‌کان، هێما و سه‌مبۆله‌کان، ناوه‌کان، وێنه‌کان، و گه‌ڵاڵه به‌کارهێنراوه‌کان. تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئاسه‌واری پشتگیری کراو بریتین له هه‌ستپێکراو بوونی ئاسه‌واره‌که، ره‌سه‌نایه‌تی ئاسه‌واره‌که واته داهێنه‌رانه بێت و نوێنه‌ری هزر و بیری خاوه‌نه‌که‌ی بێت به‌ڵام نوێ بوون مه‌رج نییه، خاوه‌ندارێتی دارابوونی ئاسه‌واره‌که به‌جۆرێ که ده‌وری نه‌ریت (عورف) و راهاتوویی ئاسه‌واره‌که له‌گه‌ڵ به‌ندوباوی گشتی و ئه‌خلاقدا پێویسته، جێبه‌جێ کردن، چاپ یان بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌که بۆ یه‌که‌مین جار له وڵات‌دا له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌که‌یه‌وه جێبه‌جێ کرابێت. هه‌روه‌ها مافی مه‌عنه‌وی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه له‌وانه ئه‌وه‌ی که یه‌که‌م سه‌ر به که‌سایه‌تیه‌کی حه‌قێقیه (یه‌ک یان چه‌ند که‌س) و دووه‌م نه‌گوێزراوه‌یی بوونی ئه‌وه‌یه که به پێی سروشتی ناکرێ به ناو که‌سێکی تره‌وه (چ حه‌قێقی و چ حقوقی)، به هۆی مه‌عنه‌وی بوونی قه‌ت ناتوانێت به گشتی بگوێزرێته‌وه بۆ لایه‌نێکی تر و له باری ئه‌خلاقیه‌وه ئاسه‌واره‌که به‌رده‌وام به ناوی پێکهێنه‌ر (به‌رهه‌مهێنه‌ر) ده‌بێت، سێهه‌م دایمی بوونه که مافه مه‌عنه‌ویه‌کان سنووردار نه‌کراونه‌ته‌وه به کات و شوێن و به تێپه‌ڕینی کاتیش له نێو ناچن و که‌واته یاسادانه‌ر رێگه نادات به ده‌سدرێژی کردنه سه‌ر ئه‌م ئاسه‌واره و به‌ته‌واوه‌تی پاڵپشتی له‌م مافه ده‌کات.
ئه‌م مافه له زۆر وڵات‌دا وه‌ک: فه‌ڕه‌نسه، ئاڵمان، ئێران، کوردستانی باشوور و … به فه‌رمی ناسراوه. پێشێلکردنی مافی مه‌عنه‌وی ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ی که‌تن و سزادانه‌وه. بۆ نموونه له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا که مافی مه‌عنه‌وی هێشتا به ته‌واوه‌تی وه‌ک به‌شێکی جیا له یاسا نه‌ناسراوه وه‌کو به‌شێک له یاساکانی تر وه‌ک سووکایه‌تی (ئیفترا) و رکابه‌رایه‌تی نادادپه‌روه‌رانه دێته ئه‌ژمێر. ئه‌وڕۆکه له بواری جۆراوجۆردا رێکه‌وتننامه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی له نێوان وڵاتان و لایه‌نه جۆراوجۆره‌کاندا واژۆ ده‌کرێت. له راگه‌یندراوی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌له‌پووری و مه‌ده‌نی و سیاسیش‌دا جه‌خت کراوه له‌سه‌ر که‌ڵکوه‌رگرتن له به‌رژه‌وه‌ندیه مادی و مه‌عنه‌ویه‌کان و پێویست بوونی جێبه‌جێ کردنی کاری شیاو له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه له‌بۆ پاراستن، په‌ره‌پێدان و بره‌ودانی ئاسه‌واری وێژه‌یی و هونه‌ری. به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ندین کۆنڤانسیۆنی جیهانی و ناوچه‌یی له‌م پێوه‌ندیه‌دا، ده‌رخه‌ری سه‌رنجی جیهانیه به‌م بابه‌ته؛ بۆ نموونه، کۆنڤانسیۆنی پاریس له بواری خاوه‌ندارێتی پێوه‌ندیدار به پیشه‌سازی و داهێنان (1883)، کۆنڤانسیۆنی بێرنی سویس (1886) له بواری مافی دانه‌رانی ئاسه‌واری وێژه‌یی و هونه‌ری و زانستی، تێکه‌ڵ بوونی ئه‌م دوو کۆنڤانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه له ساڵی 1893 دا و دانانی یه‌که‌مین به‌ردی بناخه‌ی رێکخراوی جیهانی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وه‌ی (هزری)، رێکه‌وتننامه‌ی لیسبۆن له بواری پشتگیری له نیشانه جۆگرافیاییه‌کان، رێکه‌وتننامه‌ی مادرید سه‌باره‌ت به نیشانه بازرگانیه‌کان، رێکه‌وتننامه‌ی تریپس (1995).
که‌واته پێناسه‌ی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی ناو و وێنه‌و هێماکان له‌به‌ر ده‌گرێت و ئه‌مانه تایبه‌ت ده‌بن به یه‌ک دامه‌زراوه‌وه و ره‌وا نیه که دامه‌زراوه‌ی تر به‌کاریان بهێنن. کێشه‌ی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی حێزبی دێمۆکرات هه‌م به گشتی و له ژێر سه‌ردێری سه‌ربه‌خۆدا له چوارچێوه‌ی ئه‌و مافه‌دا ده‌کرێت لێکبدرێته‌وه وه‌ک که‌ڵکوه‌رگرتنی لاده‌ران له ناو و هێماکان و که‌سایه‌تی و پێشینه‌ی ئه‌م حێزبه، وه هه‌م ده‌کرێت له ژێر ناوی خاوه‌ندارێتی وێژه‌یی و هونه‌ریدا و له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه ناوی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان و دیکه‌ی ئۆرگانه‌کانی که وێرای هه‌بوونی ساڵانیکی زۆر پێشینه به‌ڵام بۆ یه‌کم جار و به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن حێزبه‌وه به‌کار هێنراون. جێی ئاماژه‌یه ئه‌م باسه‌ی ئێره به‌پێی پێناسه جۆرێک له‌و مافه‌یه به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی که تاکو ئێستا کێشه‌ی وا رووینه‌داوه‌و ئه‌وه‌نده روون بووه بۆ خه‌ڵک که هه‌مووان له‌به‌رچاویان گرتووه و له هیچ وڵاتێک‌دا نه‌بینراوه بۆیه باسێکی ده‌گمه‌نی یاساییه و بگره بۆ یه‌که‌م جار بێت باس ده‌کرێت. له زۆر بواری پێوه‌ندیدار به مافی خاوه‌ندارێتی کێشه هه‌بووه به‌ڵام له‌م بواره‌دا ئه‌وه ره‌نگه له یه‌که‌م کێشه‌کان بێت که دێته ئاراوه و مسداقی یان نیه یان که‌مه بۆیه له جۆره ده‌گمه‌نه‌کانی مافی خاوه‌ندارێتی دێته ئه‌ژمێر که‌چی مسداقی جۆره باوه‌کانی مافی خاوه‌ندارێتی زۆرن.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی نێوان حێزبی دێمۆکراتی کوردستان و لاده‌ران مافی خاوه‌ندارێتی حێزبی دێمۆکرات له‌و بابه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا له ئارادایه‌و ده‌کرێ به‌دواداچوونی یاسایی بکرێت و چۆن به شێوه‌ی ئاسایی کێشه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی به‌پێی یاسای ناوخۆیی وڵاته‌کان لێکده‌درێته‌وه، ده‌کرێت به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئێستاکه که هه‌ردوو لایه‌ن له باشووری کوردستاندان ئه‌و کێشه‌یه له دادگاکانی کوردستان سکاڵای له‌سه‌ر بکرێت و به‌دواداچوون بکرێت. هه‌رچه‌ند ئه‌م مافه په‌سه‌ندی گشتی هه‌یه و هه‌روه‌ک ئاماژه کرا له زۆربه‌ی وڵاتاندا ناسراوه. له‌م راستادا لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێ یاسای کوردستان ده‌کرێت که وه‌کو پێوه‌رێکی یاساییش ده‌کرێ له‌به‌رچاو بگیردرێن. بۆ نموونه ماده‌ی 19 “که‌رامه‌ت و ژیان و ئازادی” له پڕۆژه‌ی یاسای بنچینه‌یی هه‌رێمی کوردستان خاڵی شازده‌هه‌م ده‌ڵێ: “حکومه‌تی هه‌رێم پاراستنی خاوه‌ندارێتی هزری و مافی دانان و بڵاوکردنه‌وه و بڕوانامه‌ی داهێنان و نیشانه بازرگانیه تۆمارکراوه‌کان دابین بکات.” له نامیلکه‌ی “کۆبه‌ندی یاساکانی چه‌ک و حزبه‌کان و کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوه کوردستانیه ناحکومیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان – عێراق”ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی باشووردا له “یاسای حزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق” له مادده‌ی یه‌که‌مدا هاتووه: “حزب رێکخراوێکی سیاسی خاوه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی مه‌عنه‌وییه و له یه‌کگرتنێکی ئیختیاری پێک دێ له نێوان کۆمه‌ڵه که‌سانێکی سروشتی‌دا که چه‌ند بیر‌و باوه‌ڕ و ئامانجێکی هاوبه‌شی راگه‌یندراو له پڕۆگرامی حێزبدا کۆیان ده‌کاته‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به رێوشوێنی دیمۆکراتیانه به‌دییان بهێنن.” هه‌روه‌ها له مادده‌ی هه‌شته‌مدا هاتووه؛ “حزب له رۆژی ده‌رچوونی مۆڵه‌ته‌که‌یه‌وه ده‌بێته خاوه‌نی که‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و بۆی هه‌یه چالاکی خۆ بنوێنێ و له په‌یوه‌ندییه یاساییه‌کانیدا ئه‌و که‌سه ده‌بێته نوێنه‌ری که په‌یڕه‌وی ناوخۆی دیاری ده‌کا.” له مادده‌ی سێزده‌یه‌مدا له خاڵی یه‌که‌مدا هاتووه: حزب ئه‌م مافانه‌ی ده‌بێت “1- به موڵک کردنی وه‌سیله‌کانی راگه‌یاندن بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی خۆی….” به‌پێی ئه‌م یاسایه هه‌ر 50 که‌س ده‌توانن وه‌کو ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر حزب پێکبهێنن. به پشت به‌ستن به‌م یاسایانه ده‌کرێ بگوترێت که حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ته‌نانه‌ت دوای جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و تاقمه، جگه له خه‌ڵک و لایه‌نگرانی زۆری، چه‌ند هه‌زار ئه‌ندامی هه‌بووه و چالاک بووه و بوونی هه‌بووه و خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی سه‌لمێندراوی هه‌بووه. که‌واته به بوونی وه‌ها حێزبێک که‌سانی تر ناتوانن هاوته‌ریب له‌گه‌ڵی حێزبێک هه‌ر به‌و ناوه‌یان هه‌بێت هه‌رچه‌ند مافی چوونه ده‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌و ده‌توانن به ناوێکی تر حێزب پێکبهێنن به مه‌رجێ که به‌پێی هه‌ر ئه‌م یاسایه خاوه‌ندارێتی موڵکی حزبێ که لێی جیابوونه‌ته‌وه له‌به‌رچاو بگرن و موڵکه‌کانی پێ بده‌نه‌وه.
هه‌رچه‌ند ئێستا که حیزبه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات له ناوخۆی وڵات به فه‌رمی ناناسرێن و ناتوانن چالاکی بنوێنن و ناویان له شوێنێکدا تۆمار ناکرێت، به‌ڵام هه‌ر له مێژه‌وه هه‌موویان بۆ خه‌ڵک ناسراون و به به‌یاننامه‌و ئاگاداری دامه‌زرانی خۆیان راگه‌یاندووه و هێما و سه‌مبۆله‌کانی هه‌ر حێزبێک دیاره‌و هه‌ر رێکخراو و دامه‌زراوه‌یه‌ک ده‌بێت مافه‌کانی بپارێزرێت. له سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووی ئه‌مانه حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وه‌کو حێزبێکی گرنگ و مێژوویی دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌و وه‌ک رێبه‌ری شه‌هیدی فه‌رموویانه یه‌ک حێزبه‌و هێما و سه‌مبوله‌کانی هێمای نه‌ته‌وه‌یین و ده‌بێت وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی مافی بپارێزرێت. له راستیدا خه‌ڵکی کوردستانن که خاوه‌نی سه‌ره‌کی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ن و مافی خۆیانه که رێگه نه‌ده‌ن هه‌ر که‌سێ له‌و ناوه که‌ڵک وه‌رگرێت و زیان به پێگه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بگه‌ینن. له درێژه‌دا چه‌ند بابه‌ت له مافه مه‌عنه‌ویه‌کانی ئه‌م حێزبه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێکرا لێره‌دا زۆرتر روون ده‌کرێنه‌وه:
1- ناوی حێزب و پێویستی پیشاندانی هه‌رێمی چالاکی:
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناوی حێزبه‌کان خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که له کوردستاندا به بارودۆخی پارچه‌پارچه کراو که هه‌ر پارچه‌یه‌ک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و هه‌ندێ حێزبی تایبه‌ت له پارچه جیاوازه‌کاندا چالاکن، ده‌بێت هه‌رێمی کار و چالاکی حێزبه‌کان له ناوه‌که‌یاندا دیار بێت. بۆ نموونه لاده‌ران ناوی “حێزبی دێمۆکراتی کوردستان” به‌کار دێنن که‌چی له دیکه‌ی پارچه‌کاندا هیچ پێگه‌یه‌کیان نیه که‌واته هه‌رێمی چالاکیان رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که ناوه‌که‌یان ئه‌وه پیشان نادات. یان حێزبی کمۆنیستی ئێران، که پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له دیکه‌ی ناوچه‌کانی ئێران جگه له کوردستان نییه که‌چی ناوی ئێرانی له‌سه‌ره به‌ڵام کوردستان نا[7]!
سه‌باره‌ت به حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، وه‌ک دیاره ئه‌م حێزبه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناوی “حێزبی دێمۆکراتی کوردستان” بووه و پاشکۆی ئێران که دواتر زێده‌کراوه، له‌سه‌ر بڕیاری مه‌شروعی کۆنگره‌ی حێزب و بۆ جیابوونه‌وه‌ی له‌و حێزبه‌کانی دێمۆکراتی تر بووه که له پارچه‌کانی تری کوردستاندا چالاکن بۆ نموونه حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی تورکیه یان سوریه یان پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق که لێره‌شدا وشه‌ی ئینگلیزی پارت هه‌مان حێزبه. که‌واته لابردنی ناوی ئێران یان بوونی ناتوانێ پیشانده‌ری حێزبێکی جیا بێت و بوونی حێزبێکیش هه‌ر به‌و ناوه و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ حێزبی سه‌ره‌کی دروست نیه، هه‌روه‌ک دکتۆر ده‌فه‌رمێت “حێزبی دێمۆکرات له کوردستاندا تاکه حێزبه”. لاده‌ران بۆخۆشیان له کورته مێژووی ساخته‌کراودا ئاماژه ده‌که‌ن که له کۆنفڕانسی سێهه‌م له 1971 و کۆنگره‌ی سێهه‌م له 1973 ناوی ئێران زێده کراوه و له کۆنگره‌کانی تریشدا ماوه‌ته‌وه. واته زێده کردنی وشه هه‌روا له خۆڕا نه‌بووه و کۆنفڕانس و کۆنگره ده‌نگیان له‌سه‌ری داوه. ئێستا چۆن تاقمێک که به وته‌ی خۆشیان له‌و کورته مێژووه‌دا که‌مینه‌ن و بۆ ماوه‌ی 2 ساڵیش له حێزبدا به رێبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره 13 ماونه‌ته‌وه‌و دواتر له حێزب رۆشتوونه‌ته ده‌رێ بێ له‌به‌رچاو گرتنی هیچ یاسایه‌ک و بێ له‌به‌رچاو گرتنی مافی دامه‌زراوه‌یه‌ک که زۆرینه تێیدا ماوه‌ته‌وه ده‌بێت ناوی ئه‌و حێزبه به کار بهێنن.
هه‌روه‌ها له به‌راورد له‌گه‌ڵ دیکه‌ی دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کانیشدا جێی ئاماژه‌یه که که‌سانی ده‌رچوو له رێکخراوێک تا کاتی ده‌رچوون له مافی مه‌عنه‌وی دامه‌زراوه‌که‌دا به‌شدارن و له مێژووشدا بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه که به‌شدار بوون ده‌مێنێته‌وه به‌ڵام مادام که چوونه ده‌ره‌وه له رێکه‌وتی چوونه ده‌ره‌وه به‌ولاوه سه‌باره‌ت به‌و دامه‌زراوه و چالاکیه‌کانی مافێکیان نابێت. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌یه که له هه‌ندێ رێکخراوی مه‌ده‌نیشدا کاتێک که‌سانێک له رێکخراوێک ده‌چنه ده‌رێ بۆخۆیان راده‌گه‌ینن که ئه‌دی پێوه‌ندی و به‌رپرسایه‌تیه‌کیان له به‌رانبه‌ر چالاکیه‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌دا نییه‌و رۆشتوونه‌ته ده‌رێ. ئه‌مه نه‌ریتێکی باوه له هه‌موو شوێنێکدا و مسداقی زۆری هه‌بووه و زۆر له‌و راگه‌یندراوانه‌ش له کوردستاندا بینراوه. له ئابووریشدا بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کارگێڕان و ئه‌ندامانی کۆمپانیایه‌ک بچنه ده‌ره‌وه ناتوانن به ناو ئه‌و کۆمپانیاوه کار بکه‌ن به‌ڵام مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له ژێر ناوێکی تردا هه‌ر چالاکیه‌ک بکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌رکام له شه‌ریکه‌کانی کۆمپانیایه‌ک ویستی بڕواته ده‌رێ ده‌توانێ به‌شی خۆی بگرێ و بڕوا ناتوانێ بڵێ که دیکه‌ی شه‌ریکه‌کان که له‌و کۆمپانیادا کار ده‌که‌ن ناتوانن درێژه به کاریان بده‌ن. وه هه‌روه‌ها مافی ئه‌وه‌شیان بۆ نابێت بڕۆنه ده‌رێ کۆمپانیایه‌کی تر به‌ڵام به‌و ناو و پیشینه‌وه دانێن له کاتێکدا که ئه‌و ناو و کۆمپانیایه تۆمار کراوه. هه‌رچه‌ند له باسی شه‌راکه‌تدا ده‌بێت بگوترێت که حێزب وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسی –مه‌ده‌نی جیاوازه‌و وه‌ها نییه که چه‌ند که‌س وه‌رن پاره و سه‌رمایه دانێن هه‌رکات ویستیان بڵێن به‌شی خۆمان ده‌به‌ین و ده‌ڕۆینه ده‌رێ. به‌تایبه‌ت حێزبێ که گرێدراوه به پرسی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و وانه‌بووه که گروپێکی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی مادی و به‌ته‌نیا بۆ ئامانجی سیاسی –ئابووری و ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست پێکیانهێنابێت. مافی چۆنه‌ده‌ره‌وه و هاتنه‌ناو بۆ هه‌مووان هه‌یه و ئه‌ندامه‌کان به ئۆگری خۆیان هاتوون و ئازادن بڕۆنه ده‌رێ به‌ڵام ناتوانن مافی مه‌عنه‌وی دامه‌زراوه‌که له‌گه‌ڵ خۆ ببه‌ن.
هه‌روه‌ها له‌م راستاشدا به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که تاقمی جیاوه‌بوو به‌س بۆ خه‌ڵک فریودان و پاساوهێنانه‌وه ده‌ڵێن ئێمه نه‌ته‌وه‌یی ترین و له ناوی ئێران که‌ڵک وه‌رناگرین. بۆ نموونه له زۆر کۆنفرانس‌دا چالاکانه به‌شداری ده‌که‌ن که پێوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت به گوێره‌ی ئه‌و حێزبه‌کانی تریش نه‌رمونیانی زۆرتر پیشان ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئێرانیه‌کاندا دانوستانیان هه‌یه. هه‌رچه‌ند ئه‌م کاره له سیاسه‌تدا نکۆڵی لێناکرێت به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که بۆخۆشیان هه‌ستیان پێکردووه که له‌و ئاسته‌دا راشکاوانه ناوێت تۆخبوونی نه‌ته‌وه‌خوازی خۆیان پیشان بده‌ن و پێویستیان به هاوکاری هه‌موو لایه‌نه ئێرانیه‌کانه و ئێستا له‌م دۆخه‌دا له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا جارێ خه‌ریکی خه‌باتن. که‌واته ناوی ئێرانیان به‌س بۆ پاساوی کاری خۆیان کردووه‌ته بیانوو. له کورته وتاری مێژووی ساخته‌کراویاندا ئاماژه ده‌کرێت که خه‌بات ده‌که‌ن بۆ: “ئێرانێکی دێمۆکراتیک، سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌ن، مافی خه‌ڵکی ئێران (ناڵین گه‌لانی ئێران) بۆ دیاریکردنی چاره‌نووس…”
له‌م چه‌شنه کاره‌یان ده‌کرێت به نوێترینیان واته کۆبوونه‌وه‌ی رۆژانی 7-8ی جانیوه‌ری 2012ی کۆڵن له ژێر ناوی “شورای هەماهەنگی بۆ هاوپێوەندی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران” ئاماژه بکرێت. به‌ڕێز کاوە ئاهەنگەری ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنفڕانسه‌که له روونکردنه‌وه‌یه‌کدا لە سەر کۆنفرانسەکەی کۆڵن بۆ رۆژهەڵات‌تایمز دەدوێت و ده‌ڵێت “…ئێمه ئێستا به ناوی ‘شورای هه‌ماهه‌نگی بۆ همبستگی، دێموکراسی و حقوق بشر لە ئێران’ کار ده‌که‌ین.” جا ئه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ها چالاکانه بۆ ئێران کار ده‌که‌ن بۆچی ناوی ئێران ده‌که‌نه بیانوو بۆ گۆڕینی ناو! جگه له به‌شداری له‌و کۆنفڕانسانه‌دا ئه‌م تاقمه له‌گه‌ڵ دیکه‌ی حێزبه کوردیه‌کاندا وێرای هه‌ندێ ده‌سکه‌وت و له‌وانه به‌رابه‌رکردنی فارسه‌کان له‌گه‌ڵ دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران دوابه‌دوای تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی ده‌بن و به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دروشمی نه‌ته‌وه‌خواز‌ییان بڕیارنامه‌یه‌ک (قطعنامه اجلاس همبستگی برای دموکراسی و حقوق بشر در ایران (شهر کلن – هشتم ژانویه ۲۰۱۲) که ” شورای منتخب اجلاس همبستگی برای دموکراسی و حقوق بشر در ایران” 26 ژانویه 2012 بڵاوی کردووه‌ته‌وه) واژۆ ده‌که‌ن که تێیدا ئێران نه به وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یی به‌ڵکو به یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ناسێنێت و له‌م کاره‌شدا چۆن ئه‌و تاقمه زۆرتر چالاک بوون و ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کۆنفرانسه‌ش بوون به‌رپرسایه‌تی زۆرتریان به ئه‌ستۆیه: “ما خواستار جدایی نهاد دین از نهاد دولت و حاکمیت و خواھان سیستمی دموکراتیک٬ غیر متمرکز مبتنی بر منشور حقوق بشر، در به تحقق رسانیدن برابری حقوق سیاسی٬ اجتماعی و فرهنگی همه ملیتها و اقوام (فارس، ترک، بلوچ، عرب، ترکمن، کُرد، لر و …) که مجموعاً ” ملت” ایران را تشکیل میدھند ھستیم۔” له کاتێکدا که ده‌کرا بنووسن وڵاتی ئێران یان خه‌ڵکی ئێران، چۆن ئه‌مه وه‌کو به‌ڵگه‌یه‌ک له داهاتوودا به‌کار ده‌هێنرێت وه‌کو ئامرازێک له دژی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لانی ئێران. جگه له‌وه نه‌خشه‌یه‌کیش له‌گه‌ڵی دراوه‌ته ده‌رێ که هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردنشینی له کوردستان بڕ داوه!
بابه‌تێکی تر له‌م پێوه‌ندیه‌دا به‌کارهێنانی وشه‌ی ئێرانه له ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا که به ئینگلیزی له ژێر ئارمه‌که‌دا هێناویانه. جا چۆنه که ئه‌و تاقمه ناوی بێ وشه‌ی ئێرانیان له‌سه‌ر خۆ داناوه به‌ڵام له ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا ئێرانیان زێده کردووه جێی پرسیاره. دیاره هه‌ستیان به‌وه‌ی کردووه که ده‌بێت هه‌بێت تاکو بیانیه‌کان بزانن که له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا چالاکن واته شتێ که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هۆی زێده‌کردنی ئه‌و وشه‌یه بووه بۆ حێزب و بوون و نه‌بوونی نه به واتای ناوی حێزبێکی جیاوازه نه پله‌ی زیاتر نه‌ته‌وه‌یی بوون بۆ گروپێک ده‌سه‌لمێنێت.
که‌واته پاشگری ئێران نیشانده‌ری جیابوونه‌وه‌ی دوو حێزب له یه‌کتر نییه‌و زۆر جاریش بۆ ناوبێرکردنی ئه‌م حێزبه ئاماژه‌ی پێناکرێت و که‌ڵکوه‌رگرتنی لاده‌ران له ناوی حێزب زۆر جار هۆی سه‌رلێشێواوی بووه به‌تایبه‌ت له بواری راگه‌یاندنه‌کانی ئه‌و تاقمه‌و هه‌روه‌ها هه‌واڵه‌کانی پێوه‌ندیدار به هه‌ر دوو لا. جار وابووه ئاگاداریه‌کیان بڵاو کردووه‌ته‌وه خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانی تر وایانزایوه که ئه‌وه هی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووه‌و ره‌خنه‌و گله‌ی خۆیان ئاراسته‌ی ئه‌وان کردووه. یان له هه‌واڵه‌کاندا، بۆ نموونه له هه‌واڵێکی ماڵپه‌ڕی “اخبار روز” له‌سه‌ر رێوڕه‌سمی یادی خوالیخۆشبوو شێخ عێزه‌دین حوسه‌ینی به‌مجۆره ناوی لایه‌ن و رێکخراوه‌کان ده‌بردرێت: ” … سازمان راه کارگر، حزب دمکرات کردستان، سازمان فدائیان کمونیست، جمعیت جمهوریخواهان کردستان شرق، انجمن دفاع از زندانیان عقیدتی و سیاسی و کمیته مستقل ضد سرکوب شهروندان ایرانی-پاریس …”[8] که وێرای ئه‌وه‌ی له هه‌ردوولا به‌شداریان هه‌بووه لێره‌دا ئاماژه به یه‌ک ناو کراوه.
2- هێمای حێزب:
بابه‌تێکی تر ئه‌وه‌یه که لاده‌ران ئه‌گه‌ر خۆیان به حێزبی دێمۆکرات ده‌ناسن بۆ له هه‌ندێ هێمای جیاواز که‌ڵک وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ر به حێزبێکی نوێش بۆ له مێژوو و سه‌مبوله‌کانی حیزبی دێمۆکرات ئه‌بێ که‌ڵک وه‌رگرن. له نێوان حێزب بوون و نه‌بوون دا هه‌ڵاواسراون! بۆ نموونه ئارمی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌سکاری کردن به‌کار ده‌هێنن. ئه‌م ده‌سکاریه واده‌گه‌ینێت که ئه‌م تاقمه خۆیان به حێزبێکی تر ده‌زانن. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ی دێته ئاراوه که ئه‌گه‌ر حێزبێکی نوێن بۆچی له ناوی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان که‌ڵک وه‌رده‌گرن و هه‌روه‌ها بۆچی هێمای به‌ته‌واوه‌تی گۆڕاو به‌کار ناهێنن و له لۆگۆی حێزبی دێمۆکرات لاساییان کردووه‌ته‌وه و هاوشێوه یان واته به چه‌ند ده‌سکاری بچووک هه‌ر هێمای حێزبی دێمۆکراتی کوردستان به‌کار ده‌هێنن و ده‌بنه هۆی سه‌رلێشێوای. چۆن له‌لایه‌که‌وه هێماکه‌یان گۆڕیوه له‌لایه‌کی تره‌وه ناو، مێژوو و پێشینه و ناوی ئۆرگانه‌کانی حێزبێکی تریان له‌سه‌ر خۆ داناوه و له داراییه‌کانی حێزبێکی تر که‌ڵک وه‌رده‌گرن؟! ئه‌مه له باری یاساییه‌وه قبووڵ ناکرێت و ناڕه‌وایه. هه‌رچۆنێک بێت به‌کارهێنانی هاوشێوه‌ی ئارم و لۆگۆی حێزب کێشه‌سازه. هه‌روه‌ها که له وێنه‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ئه‌و تاقمه‌دا ده‌بینرێت (له درێژه‌دا هێنراوه) هه‌ندێ گۆڕانکاریان له ئارمه‌که‌دا داوه که ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج نه‌درێت بۆ خه‌ڵکی ئاسایی جیاوازیه‌ک نابینرێت و به‌تایبه‌ت هه‌روه‌ک ئاماژه‌ش کرا له ژێریدا له به‌شی ئینگلیزیه‌که‌یدا وشه‌ی ئێرانیان داناوه.
له وتاری کورته مێژووی ساخته‌کراوی خۆشیاندا به جۆرێ وێنه‌ی ئارمی حێزب ده‌هێنن و ره‌وتی گۆڕانکاریه‌کان پیشان ده‌ده‌ن که گوایه ئه‌دی ئه‌و ئارمه‌ی KDPI به‌کار ناهێنرێت و ئێستا ئارمی نوێ له جێی دایه. له کاتێکدا که ئه‌و ئارمه هی حێزبی دێمۆکراته و به‌رده‌وام به‌کار ده‌هێنریت و لاده‌رانن که بۆ پیشاندانی جیاوازی خۆیان ئارمه‌که‌یان گۆڕیوه. به‌وجۆره له‌م وتاره‌دا ئاماژه ده‌که‌ن، ئه‌وان خۆیان پێوه‌ند ده‌دن به پێش کۆنگره 3 و به سه‌ره‌کی زانینی خۆیان ساڵانی چالاکی KDPI بۆیان گرنگایه‌تی نییه که‌واته نابێت ئه‌و ماوه‌یه به به‌شێک له ره‌وتی مێژوویی خۆیان له قه‌ڵه‌م بده‌ن و کاتێ که خودی KDPI هه‌یه ناکرێ مێژووه‌که‌ی و هێماکه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به‌کار بهێنرێت بۆ پیشاندانی ره‌وتی گۆڕان به سه‌ر لۆگۆکه‌دا که‌چی ته‌مه‌نی رێکخراوه‌که‌یان له 2006 به‌ملاوه‌یه. بۆ خۆیان له‌و کورته مێژوودا دان به‌وه‌یدا ده‌نێن که که‌مینه‌ن به‌ڵام له خۆیان ناپرسن که چلۆن که‌مینه ده‌بێته میراتداری مێژوو و رابردووی حێزبێک و به رۆشتنیان هه‌مووی له‌گه‌ڵ خۆ ده‌به‌ن و ره‌وته‌که‌شی پیشان ده‌ده‌ن! لاده‌ران به‌وشێوه‌ی خواره‌وه گۆڕانی مێژوویی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن!
3- به‌کارهێنانی ناو و هێمای بڵاوکراوه‌کان
هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه کرا یه‌کێک له دوو بواری باو که مافی مه‌عنه‌وی له‌وێدا دێته ئاراوه خاوه‌ندارێتی وێژه‌یی – هونه‌ریه. له‌م پێوه‌ندیه‌دا ده‌بێت به به‌کارهێنانی ناو و هێمای ئۆرگان و بڵاوکراوه‌کانی حێزب وه‌کو رۆژنامه‌ی کوردستان، گۆڤاری ژنان، خوێندکاران و نامیلکه‌ی ناوخۆیی تێکۆشه‌ر و … ئاماژه بکرێت. لاده‌ران بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ رێسایه‌ک له ناوی ئه‌و بڵاوکراوانه که‌ڵک وه‌رده‌گرن و وه‌کو ئۆرگانی خۆیان هه‌ر به‌و ناوانه‌وه‌و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که وه‌کو ئۆرگانی حێزب به‌رده‌وام ده‌رده‌چن ئه‌وانیش ئه‌و بڵاوکراوانه ده‌رده‌که‌ن! له هه‌موو شوێنێک کاتێک رۆژنامه‌یه‌ک ده‌رده‌کرێت ئه‌گه‌ر هیچ یاسایه‌کیش نه‌بێت که ئه‌و چاپه‌مه‌نیه له‌به‌ر بگرێت وه‌کو هه‌لومه‌رجی ئێستای چاپه‌مه‌نیه‌کانی حێزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ئازاد نین، دیسان ئه‌و که‌سانه وه‌کو رێسای باو و په‌سه‌ندکراوی گشتی له پێشدا ده‌پرسن و ئاگادار ده‌بنه‌وه که ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌یه‌ک به‌و ناوه ده‌رده‌چێت ئه‌وان نابێت له‌و ناوه که‌ڵک وه‌رگرن. که‌چی لاده‌ران وێرای ئه‌وه‌ی ده‌زانن ئه‌و بڵاوکراوانه ساڵانی زۆره ده‌رده‌چن هه‌ر به‌و ناوه‌وه بڵاوکراوه ده‌رده‌که‌ن! ناوی حێزب و ناوی ئۆرگانه‌کانی بریتی له ناوی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان به‌رهه‌می فیکری ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی بووه که له مێژووی حێزبدا بۆ حێزب و به ناوی حێزبه‌وه کاریان کردووه و تایبه‌تی ئه‌و حێزبه‌یه‌و وه‌کو مافی مه‌عنه‌وی دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو ده‌گیردرێت. جگه له مافی خاوه‌ندارێتی هزری نووسه‌ران که پێوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه، لێره‌دا هه‌رکام له‌م بڵاوکراوانه وه‌کو دامه‌زراوه مافی مه‌عنه‌وی خۆیان هه‌یه و ئه‌م مافانه ناگوێزرێنه‌وه. ناو، لۆگۆ، مێژووی چالاکیان و کاری هونه‌ری که له‌سه‌ریان کراوه تایبه‌ت به خۆیانه. زۆر له هه‌واڵ، راپۆرت، کاری هونه‌ری و وێنه‌کان و… به ناوی خودی ئه‌و بڵاوکراوانه‌وه بووه و له زۆر بواردا بۆ نموونه رفڕێنس دان به‌م بابه‌تانه له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا ئاڵۆزی و پێشێلکاری مافی مه‌عنه‌وی رووده‌دات.
4- به‌کارهێنانی مێژووی حێزب و گۆڕینی به‌قازانجی خۆیان
لێره‌دا پێویسته بۆ روونکردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌وڵدانی ئه‌م تاقمه بۆ مێژووسازی و شه‌رعیه‌ت دان به خۆیان، بۆ نموونه ئاماژه به کورته وتارێک بکرێت به ناوی “کورته مێژووی حێزبی دێموکراتی کوردستان”[9] به ئینگلیزی که پێشتر له ماڵپه‌ڕه‌کانیاندا بڵاویان کردووه‌ته‌وه. له‌و وتاره‌دا که له به‌شه‌کانی پێشوودا ئاماژه‌مان به هه‌ندێ لایه‌نی کرد، جۆرێ باس ده‌که‌ن که ده‌ڵێی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هه‌ر بوونی نییه‌و حێزب به‌و ناوه‌وه قۆناخێکی مێژوویی چالاک بووه و تێپه‌ڕیوه و ئێستا ئه‌وان میراتداری ئه‌و مێژوویه‌ن. که‌چی له باری یاساییه‌وه به بوونی خودی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ئه‌مه شتێ جگه له پێشێلکردنی مافی خاوه‌ندارێتی نییه. جگه له قۆناخه سه‌ره‌تاییه‌کانی مێژووی حێزب که خۆیان کردووه‌ته خاوه‌نی، کاتێک باس له سه‌رده‌می شۆڕشی 1357 و دوای ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن ئاماژه به KDP ده‌که‌ن نه‌ک KDPI. ئه‌وه له کاتیکدایه که دواتر بۆخۆیان ده‌ڵێن که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوی حێزب وشه‌ی ئێرانیشی به پاشکۆیه‌وه هه‌بووه و ئاماژه ده‌که‌ن که کۆنفڕانس و کۆنگره‌ی سێهه‌م ئه‌و وشه‌یه‌ی زێده کردووه. بۆخۆشیان له ده‌قه‌که‌دا ئاماژه به کوردستانی ئێران (Iranian Kurdistan) ده‌که‌ن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مێژوویه به هی خۆیان له قه‌ڵه‌م بده‌ن به‌س ئاماژه به KDP ده‌که‌ن. دیسان لێره‌دا پیشان ده‌درێت که ئه‌و وشه‌یه دیاریکه‌ر نییه بۆ جیاکردنه‌وه وه‌کو دوو حێزب. به‌و کاره‌یان ده‌یانه‌وێت به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که بڕوایان پێیه‌تی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه له 1971 تا 2006 به مێژووی خۆیان له قه‌ڵه‌م بده‌ن! له هه‌مان کاتیش‌دا به ئاماژه به ناوی به‌ڕێز ئه‌حمه‌د تۆفێق وه‌کو رێبه‌ری کۆنگره‌ی 3 (1973) له کاتێکدا که ئه‌و به‌ڕێزه نه‌بووه له‌وێ! وه ئاماژه‌کردن به زه‌ختی لایه‌نی دکتۆر بۆ سه‌ر لایه‌نگرانی ئه‌حمه‌د تۆفێق و به‌جۆرێ به هاوشێوه پیشاندانی ئه‌و زه‌خته له‌گه‌ڵ زه‌ختی پاش کۆنگره‌ی 13 ویستوویانه خۆیان گرێ بده‌ن به ئه‌حمه‌د تۆفێق و لایه‌نگرانی و چالاکیه‌کانی پاش 1971 به رێبه‌رایه‌تی دکتۆر قاسملۆ به هێند له‌به‌رچاو بگرن. به گوته‌ی خۆیان چوونه‌ته‌وه سه‌ر ناوی سه‌ره‌کی و رێبازی سه‌ره‌کی حێزب! گه‌ڕانه‌وه یانێ قبووڵ نه‌کردنی کار و چالاکی رێبه‌رایه‌تی له‌و ماوه‌یه‌دا. چۆن ده‌کرێ ناوی حێزب و که‌سایه‌تیه‌کان و رێبه‌رایه‌تی قبووڵ نه‌کرێن به‌ڵام مێژووه‌که‌ی و دروشم و تیۆریه داڕێژراوه‌که‌ی ئه‌و که‌سانه و ئه‌و سه‌رده‌مه که به‌شی هه‌ره گرنگی ئه‌وان ده‌وریان تیدا گێڕاوه به هی خۆ بزاندرێن!
هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا بۆ نموونه هه‌موو کۆنگره به‌ڕێوه‌چووه‌کانی مێژووی حێزب وه‌کو هی خۆیان ئاماژه پێده‌که‌ن که‌چی له کۆنگره‌ی سێهه‌مه‌وه له ژێر ناوی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌ڕێوه‌چوون. کاتێ باسی تێرۆری دکتۆر ده‌که‌ن به سکرتێری گشتی KDP ناوی ده‌به‌ن! به‌شداری KDPI له کۆنگره‌ی ئینته‌رناسیۆناڵ سوسیالیست ساڵی 1996 و 2005 به ناوی خۆیانه‌وه ده‌نووسن. واته کاتێ که جیانه‌بوونه‌ته‌وه‌و به‌شداربووانیش به ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌شداریان کردووه. هه‌رچۆنێک بێت له‌و کورته مێژووه‌دا هه‌موو مێژوو و رابردووی حێزبیان به ناوی خۆیانه‌وه هێناوه که‌چی وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن که‌مینه‌ش بوون! ئه‌مه به‌ته‌نیا له مه‌نتیقی لاده‌راندا ده‌بینرێت.
5- بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کان و دروشمی حێزب
خاڵێکی تر به‌کارهێنانی هه‌مان دروشم و تیۆری حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه له‌لایه‌ن لاده‌رانه‌وه. له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی رێکخراوه‌که‌یاندا له وتاری کورته مێژوودا و دیاره له به‌رنامه‌و پڕۆگرامیاندا به‌م شتانه ئاماژه ده‌که‌ن: دروشمی “به‌ده‌ستهێنانی خودموختاری بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له کۆماری فێدراڵ دێمۆکراتیکی ئێران”دا، ئامانجی درێژخایه‌نی “سوسیالیزمی دێمۆکراتیک له کۆمه‌ڵگادا”. یه‌که‌م ئه‌گه‌ر دروشم و تیۆریتان هه‌ر ئه‌مانه‌ی حێزب بووه جیابوونه‌وه چ واتایه‌کی هه‌بووه جگه له ده‌سه‌ڵاتخوازی؟! دووه‌م تیۆری سوسیالیزمی دێمۆکراتیک بۆ حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له‌لایه‌ن دکتۆر قاسملۆوه نووسراوه و لاده‌ران له رێگای به‌کارهێنانیه‌وه مافی خاوه‌ندارێتی هزرییان پێشێل کردووه.
6- به‌کارهێنانی وێنه‌و ناوی که‌سایه‌تیه‌کان:
له باری که‌ڵکی ناله‌بار وه‌رگرتن له وێنه‌و ناوی که‌سایه‌تی و رێبه‌رانی پێشووی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌زی ده‌روونی سه‌رکرده‌کانی لاده‌ر و بۆ فریودانی خه‌ڵک خۆی یه‌کێکی تر له پێشێلکاریه‌کانی مافی مه‌عنه‌وی ئه‌و حێزبه‌یه. جگه له لاده‌رانی پاش کۆنگره‌ی هه‌شت که پێشتر له سه‌رده‌می خودی دکتۆردا دژبه‌ری بوون و به‌ڕێز جه‌لیل گادانی له په‌رتووکه‌که‌یدا و دیکه‌ی هاورێێانی به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئێستاش دووپاتی ده‌که‌نه‌وه، خودی مامۆستاش هه‌ڵوێستی له به‌رانبه‌ری رێبه‌رانی شه‌هیدا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی بووه که ئێستا له ناویاندا هه‌یه، دیاره ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵک فریودانه. به جۆرێ که پێش کۆنگره‌ی 13 لە دەفتەری سیاسیی حێزب بریار ده‌ده‌ن وێنەی رێبەران دکتۆر قاسملۆ و دوکتۆر شەرەفکەندی لە شوێنە گشتییەکان و بنکەکان هەڵگیرێ و تەنیا وێنەی پێشەوای نەمر دابندرێ. یان نامەیەکی مامۆستا بۆ به‌ڕێز حەمەی حەسەنپوور که له په‌رتووکی بیره‌وه‌ریه‌کانی دکتۆر خه‌لیقی دا هێنراوه و زۆر به خراپی و ناشیرین له‌سه‌ر دکتۆر قسه ده‌کات.[10] که‌چی ئێستا له پشت سه‌ری سه‌رکرده‌کانیان و له هه‌موو شوێنه‌کان و سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌کاندا وێنه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه هه‌یه! خۆ ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵک فریودان و که‌ڵکی ناله‌باری سیاسی وه‌رگرتن نیه ئێوه که به شتێ باوه‌ڕتان نییه (راست یان هه‌ڵه) بۆچی له کرده‌وه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.
له‌و وتاره‌ی کورته مێژووشیاندا به جۆری هه‌وڵ دراوه که ده‌وری دکتۆر قاسملۆ و شه‌ره‌فکه‌ندی به هێند بگیردرێت. ئه‌وه له‌کاتێکدایه که بۆ که‌ڵکوه‌رگرتن له لایه‌نی سیاسی تێرۆری ئه‌و رێبه‌رانه کاتێک ئاماژه به تێرۆریان ده‌که‌ن به سکرتێری گشتی KDP ناویان ده‌به‌ن! که‌چی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌م لاده‌رانی پاش کۆنگره هه‌شت هاتبوونه ده‌رێ و هه‌م ناوی حێزب وشه‌ی ئێرانی له‌سه‌ر بوو و هه‌م جیابوونه‌وه له بازنه‌ی رێبازی دکتۆردا جێ ناگرێت. له‌لایه‌کی تره‌وه به زه‌قکردنه‌وه‌ی ناوی کاک ئه‌حمه‌د تۆفێق هه‌وڵ ده‌ده‌ن بڵێن ئه‌وان حیزبی سه‌ره‌کین و له سه‌رده‌می ئه‌ودا ناوی حێزب وشه‌ی ئێرانی نه‌بووه! له‌م راستاشدا بۆ کۆنگره‌ی سێ ئاماژه ده‌که‌ن به رێبه‌ری ئه‌حمه‌د تۆفێق به‌ڵام بۆ کۆنگره‌کانی تر به رێبه‌رایه‌تی دکتۆر هیچ ئاماژه ناکه‌ن. ئه‌وه له کاتێکدایه که له کۆنگره‌ی دووه‌مدا دوو به‌ش پێکهاتبوو: کۆمیته‌ی سیاسی (قاسملۆ..) و کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاریی (ئه‌حمه‌د تۆفێق، قادر شه‌ریف، سلێمان معینی..) که ئه‌حمه‌د تۆفێق به‌رپرسی کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاریی بوو و ئه‌و به‌ڕێزه له کۆنگره‌ی سێهه‌میشدا نه‌بووه. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزه رێبه‌ری ئه‌و کۆنگره بووه بۆچی هه‌ر له‌و پاڕاگرافه‌دا ده‌ڵێن زه‌خت خراوه‌ته سه‌ر لایه‌نگرانی که حێزب به جێ بهێڵن. لێره‌شدا دیسان ئه‌وه دێته‌وه به‌رباس که ره‌نگه ئه‌و به‌ڕێزانه خۆیان به درێژه‌ده‌رانی ئه‌و تاقمه ده‌زانن که به گوته‌ی خۆیان پێڕه‌وانی ئه‌حمه‌د تۆفێق بوون و زه‌ختیان له‌سه‌ر بووه بۆ به‌جێهێشتنی حێزب پاش کۆنگره‌ی 3. که ئه‌گه‌ر وایه ئه‌و حێزبه له‌لایه‌ن دکتۆر قاسملۆ و هاورێیانی درێژه‌ی پێدرا ئێوه ئه‌دی نابێت له ناوی ئه‌و که‌سایه‌تیه که‌ڵک وه‌رگرن. لێره‌دا دکتۆر و هاوڕێیانی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به زه‌ختهێنان به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا بۆ به‌جێهیشتنی حێزب واته هه‌ر ئه‌و شته‌ی که پاش کۆنگره‌ی 13 بۆخۆشیان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن که گوایه زه‌ختیان له‌سه‌ر بووه. لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که له راستیدا خۆیان به پێڕه‌وانی کاک ئه‌حمه‌د تۆفێق ده‌زانن و لایه‌نی به‌رانبه‌ریان به پێڕه‌وانی دکتۆر قاسملۆ. له‌م راستادا دیار نییه بۆچی ناو و وێنه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه به‌کار ده‌هێنن. ناپرسن که ئاخۆ له سه‌رده‌می کاک ئه‌حمه‌د دا چۆن ئه‌و حێزبه له پارتی دێموکرات جیا ده‌کرایه‌وه؟ و ئاخ‌و پێویست به وشه‌یه‌ک بۆ جیاکردنه‌وه نه‌بوو؟ ئاخۆ دکتۆر به‌س به هۆی ئێرانچیه‌تی ئه‌و کاره‌ی ده‌کرد؟! ئه‌گه‌ر وایه‌و به‌وشێوه‌یه خۆ به دژبه‌ری دکتۆر ده‌زانن بۆ له ناوی که‌ڵک وه‌رده‌گرن؟ چۆن ده‌زانن دکتۆر له دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دایه‌و بێ ناوی دکتۆر ناتوان لایه‌نگرانیان راگرن. وایانده‌زانی که راستیه‌کان بۆ خه‌ڵک ده‌رناکه‌وێت!
بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بینینی ماڵپه‌ڕی ئه‌و تاقمه جێی سه‌رنجه. هه‌روه‌ها که له‌و وێنه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینرێت ئه‌و تاقمه هه‌م ناوی ئێرانیان داناوه له به‌شی ئینگلیزیه‌که‌دا، هه‌م وێنه‌ی شه‌هیدان! له لایه‌کی تریشه‌وه ده‌سکاری لۆگۆکه ده‌بینرێت!
ب: وته‌کانی شه‌هید دکتۆر قاسملۆ
جیابوونه‌وه له حێزبی دێمۆکرات پێشینه‌ی زۆری هه‌یه. جیا له جیابوونه‌وه‌ی هه‌ندێ که‌سی تاک و ترا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه که چه‌ندان ده‌وامیان نه‌بووه یان به ناوی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانه‌وه چالاکیان درێژه پێنه‌داوه، له سه‌رده‌می خودی نه‌مر شه‌هید دکتۆر قاسملۆدا دوو جار (پاش کۆنگره‌ی چوار و هه‌شت) جیابوونه‌وه روویدا. هه‌ڵوێستی دکتۆر له به‌رانبه‌ر ئه‌و جیابوونه‌وانه‌دا وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی قبووڵکراو له‌لایه‌ن هه‌ر دوو لاوه واته حێزب و به‌شێک له تاقمی جیاوه‌بوو ده‌توانێت پێوه‌رێکی تر بێت بۆ دیاریکردنی ره‌وا و ناڕه‌وابوونی کاری جیاوه‌بووان که هه‌ندی لێکچوون له نێوان ئه‌م جیابوونه‌وانه‌دا به‌تایبه‌ت دووه‌م و سێهه‌م هه‌یه. له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه بوونی هه‌ندێ که‌سایه‌تی دژبه‌ری دکتۆر له هه‌ر دووکی ئه‌م جیابوونه‌وانه‌دا واته زۆربه‌ی که‌سانی پایه‌به‌رزی لاده‌ران هه‌ر لاده‌رانی سه‌رده‌می دکتۆرن که هه‌ندێکی تریان له‌گه‌ڵ خۆ خستووه.
به‌پێی وته‌کانی دکتۆر قاسملۆ دوای جیابوونه‌وه‌ی تاقمێک پاش کۆنگره چواره‌م، حێزبی دێمۆکراتی کوردستان یه‌ک حێزبه‌و که‌س ناتوانێ ئه‌و ناوه به‌کار بهێنێت و ته‌نانه‌ت نابێت لاده‌ران ئه‌مواڵی حێزب ببه‌ن و ده‌بێت هه‌مووی ته‌سلیم بکه‌نه‌وه. ئێستا رێک لاده‌ران به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌ی دکتۆر له ناوی حیزب که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و له ناوی دکتۆریش که خۆی دژی ئه‌و جیابوونه‌وه حیزبیانه‌یه بوو که‌ڵکی ناله‌بار وه‌رده‌گرن و وێنه‌ی دکتۆر له پشت سه‌ریان داده‌نێن!
که‌واته چ به‌پێی یاسا به‌تایبه‌ت یاسای باو و نه‌نووسراو و چ به‌پێی جه‌ختی رێبه‌ری پێشوو و یه‌ک له سه‌مبوله مه‌زنه‌کانی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌کارهێنانی ناوی ئه‌م حێزبه له‌لایه‌ن لاده‌رانه‌وه ره‌وا نییه‌و ئه‌و وته‌ی به‌رێز کاک خالێد عه‌زیزی که له دیمانه‌یه‌کدا رایگه‌یاند که که‌س ناتوانێ بۆیان دیاری بکات که ناویان چی بێت به‌پێچه‌وانه‌ی یاسا و رێسا باوه‌کان و وته‌کانی دکتۆر قاسملۆیه‌و به‌رێز کاک مسته‌فا هیجری به‌س وته‌ی دکتۆری گوتووه‌ته‌وه که کاک خالید له‌دژی ئه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌کانی دکتۆر ته‌نانه‌ت سه‌رکردایه‌تی حێزب ئه‌گه‌ر ترسی شه‌ڕی براکوژیان نه‌بایه نه‌ده‌با رێگه‌یان بدایه که لاده‌ران له دارایی حێزب که‌ڵک وه‌رگرن و نه‌ده‌با ئه‌و که‌سانه هیچ له دارایی حێزبیان هه‌ڵگرتبایه و ده‌با بۆخۆیان هه‌وڵیان بدایه وه‌کو حیزبێکی نوێ دارایی پێکبهێنن. دکتۆر له‌و وته‌بێژیه‌دا ده‌ڵێت: “… که‌نگێ حه‌وت که‌س حێزبی دێمۆکرات بووه… ئه‌وانه به‌ته‌واوی له رێبازی کۆنگره‌ی چواره‌م لایانداوه و مونحه‌ریف بوون له رێگای حێزبی دێمۆکراتی کوردستان… ئێمه لێره‌وه راده‌گه‌ینین حێزبی دێمۆکرات یه‌که، تاقه حێزبی دێمۆکرات هه‌یه له کوردستاندا، هیچ که‌س حه‌قی نیه به ناوی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان کار بکات… هه‌رچی ئه‌مواڵی حێزبی دیمۆکراتیان لایه ده‌بێت ته‌سلیمی حێزبی دێمۆکراتی بکه‌نه‌وه… هه‌رکه‌س هه‌رچی بێت رابردووی له‌و حێزبه لابدات میلله‌ت مه‌حکومی ده‌کات جا ئه‌و که‌سه چ عه‌بدولڕه‌حمن قاسملۆ بێت چ هه‌ر که‌سێکی تر بێت… [پاش دروشمی سڵاو له دێمۆکرات بژی قاسملۆ] له بیرتان نه‌چێت شوعاری ئێمه به‌ته‌نیا بژی دێمۆکراته، فه‌ردپه‌رستی له حێزبی دێمۆکرات‌دا نابێت ببێت، به زه‌ره‌رمان ته‌واو ده‌بێت…”
دکتۆر له‌و وتانه‌دا دامه‌زراوه‌ی حێزب له که‌سایه‌تی تاکه‌کان جیا ده‌کاته‌وه و هه‌مووان هان ده‌دات بۆ پاراستنی ئه‌وه. به‌پێی ئه‌م وتانه به‌ته‌نیا ئه‌وه‌ی که هه‌ندێ که‌س به‌وبۆنه‌وه که له رابردوودا له‌و حێزبه‌دا بوون به خۆیان رێگه بده‌ن هه‌ر کارێک بکه‌ن قبووڵ ناکرێت و له‌م پێوه‌ندیه‌دا مافی دامه‌زراوه‌یی و مه‌عنه‌وی هی حێزبه نه هی تاکه‌کان. جا ئه‌گه‌ر ئه‌وانه که ئێستا خۆیان به پێڕه‌وی ئه‌و ده‌زانن و وێنه‌یان له پشت سه‌ریان داناوه ئه‌گه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاک و پۆست و ده‌سه‌ڵاتی حێزبی کاریان نه‌ده‌کرد بۆچی ئه‌و وتانه‌یان له پشت گوێ خست!
که‌واته هه‌روه‌ک دکتۆر له رێگای به‌کارهێنانی رسته‌ی “حێزبی دێمۆکرات تاقه حیزبی دێمۆکراته له کوردستاندا” به جوانی باسی لێده‌کات مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه که له باری یاساییه‌وه به‌کارهێنانی ئه‌و ناوه به‌س تایبه‌ته به حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هیچ لایه‌نێکی تر ناتوانێ به‌کاری بهێنێت و ئه‌وه مافی مه‌عنه‌وی یه‌ک رێکخراوه که له‌و ناوه که‌ڵک وه‌رگرێت ئه‌ویش حێزب بۆخۆیه‌تی. وه به‌وشێوه‌یه دکتۆر له مافی مه‌عنه‌وی و ناوی مێژوویی حێزب به‌رگری ده‌کات و رێگا نادات که‌سی تر به‌و ناوه‌وه کار بکات.[11]
سه‌باره‌ت به جیابوونه‌وه‌ی پاش کۆنگره‌ی هه‌شتیش دکتۆر له دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری “راه ارانی” به‌وجۆره‌ی خواره‌وه هه‌ڵوێست ده‌گرێت: “… به‌ر له‌وه‌ی که به‌یاننامه‌ی جیایی بڵاو بکرێته‌وه، زۆر به روونی به‌و که‌سانه‌مان وت، وه‌کو حێزبێکی لایه‌نگری پلۆرالیسم، بچووکترین دژایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که چه‌ند حێزبی تر له کوردستانی ئێران‌دا پێک‌بێت نییه، کوردستان موڵکی ح.د.ک. ئێران نییه. موڵکی خه‌ڵکی کوردستانه و خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌توانن به هه‌ر حێزبێک که ویستیان ده‌نگ بده‌ن و پشتیوانی لێ بکه‌ن. ئێمه هه‌موو کاتێک بیروڕامان وابووه که بیروڕا و باوه‌ڕه‌کانی خۆمان بنێینه به‌رده‌ستی خه‌ڵک و هه‌موو گروپ و رێکخراوه‌کانی تریش هه‌روه‌ها، ئه‌و کات ئه‌وه خه‌ڵکن که هه‌ڵده‌بژێرن، له کام گروپ، یان له کام حێزب پشتیوانی بکه‌ن. به‌ڵام که‌سانێ که له کۆنگره‌دا بچووکترین کێشه‌یه‌کیان نه‌خسته پاڵ کۆنگره، ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به شه‌رعیه‌تی کۆنگره قسه‌یان نه‌کرد و بۆخۆیان تا کۆتایی کۆنگره تێیدا به‌شدار بوون، ئێستا هاتوون و ده‌ڵێن که ح.د.ک. ئێران ئه‌وانن و حێزبی مه‌شروع به “فراکسیۆن” ده‌خوێننه‌وه. ئه‌م که‌سانه هه‌ر سیاسه‌تێکیان که هه‌بێت پێوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه. کێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی پێ‌کرد که ناوی حێزبیان داگیر کرد. چۆن کۆنگره‌ی مه‌شروعی ح.د.ک که بۆخۆشیان تێیدا به‌شدار بوون به‌م کۆمیته ناوه‌ندیه ده‌نگی داوه که من سکرتێری گشتیم. هه‌ر به‌مبۆنه‌وه کارێک که ئه‌وان کردوویانه، کارێکی ناڕه‌وا و نایاساییه، ئه‌گینه هه‌ر ناوێکیان له‌سه‌ر خۆ بنایه، هه‌ر رێگایه‌ک که ده‌ڕۆشتن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و رێگایه له دژی سیاسه‌تی ئێمه نه‌بوو، ئێمه ده‌مانتوانی ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵیان هاوکاری بکه‌ین. پێش ئه‌وه‌ی که به‌یانیه‌ی راگه‌یاندنی جیایی گروپی خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌مان پێیان گوت. من ته‌نانه‌ت نامه‌م بۆ نووسین. پاش ئه‌وه‌ی که به‌یانیه بڵاو کرایه‌وه و ویستیان کۆنفڕانس پێکبهێنن، دیسان په‌یاممان بۆ ناردن که ئێوه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌ڵێن سیاسه‌تێکی ترتان هه‌یه یان رێگایه‌کی ترتان له پێش گرتووه، ئه‌و کاته چاکترین رێگا ئه‌وه‌یه که ناوێکی تر بۆ گروپه‌که‌تان هه‌ڵبژێرن. سه‌یره که ئه‌مانه هاتوون ناوی خۆیان ناوه‌ته “رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ”. به‌ڕای من ئه‌مه بۆخۆی سووکایه‌تیه به ئه‌ندامانی خۆیان. بۆ ئه‌وه‌ی که به‌و واتایه که گروپه‌که‌یان شۆڕشگێڕ نین و ته‌نیا رێبه‌رایه‌تیه‌که‌یان شۆڕشگێڕه. ئه‌گه‌ریش ناوی خۆیان ده‌نا حێزبی دێمۆکراتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، تا ئه‌و راده‌یه دژایه‌تیمان نه‌بوو. به‌ڵام ح.د.ک ئێران یه‌کێکه و نابێته دووان و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه و لێره‌وه‌یه که کێشه‌کانی ئێمه سه‌رچاوکه ده‌گرێت و ناتوانین رێگه بده‌ین که‌سی تر به ناوی حێزبی ئێمه‌وه، ببێته لایه‌نی به‌رانبه‌ری خه‌ڵک. به‌ڕای من ئه‌مه مافی مه‌شروع و موسه‌له‌می ئێمه‌یه. وابزانن که بۆ نموونه خه‌ڵک ئاماده‌ن له باری داراییه‌وه یارمه‌تی ح.د.ک. ئێران بده‌ن، یه‌کێک بڕوات به ناوی حێزبی ئێمه‌وه له خه‌ڵک یارمه‌تی وه‌رگرێت یان به‌پێچه‌وانه‌وه سیاسه‌تێک به ناوی ح.د.ک له ناو خه‌ڵکدا بره‌و بدات که به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ح.د.ک. ئێران بێت و ئه‌م هه‌ڵه‌یه هه‌موو کاتێک ره‌نگه رووبدات… به‌داخه‌وه بوونه‌ته دار ده‌ست و هه‌ندێ گروپ ده‌یانه‌وێت له‌مانه بۆ زیانگه‌یاندن به حێزبی ئێمه که‌ڵک وه‌رگرن. بۆ نموونه کاتێک کۆنفڕانسه‌که‌یان پێکهات، هه‌ندێک له‌وانه‌ی که له کۆنفڕانسه‌که‌دا ئاماده‌بوون، پێشنیاریان کردبوو که ناویان بگۆڕن، به‌ڵام که‌سانێ که به ناو له رێبه‌رایه‌تیدا بوون، راشکاوانه وتیان که ئێمه له رێکخراوی موجاهێدین یارمه‌تی وه‌رده‌گرین و ئه‌گه‌ر ئه‌م ناوه بگۆڕین، رێکخراوی موجاهێدین یارمه‌تیمان نادات…. ئه‌و شته‌ی که ئێوه ناوی ده‌نێن له‌تبوون، هۆی جۆراوجۆری هه‌یه، وه‌ک: مه‌قام په‌رستی و یان دانانی پێوه‌ندی له جێی رێسا و یاسا که هێشتا له کوردستاندا کار ده‌کات، بۆ نموونه یه‌کێک براکه‌ی جیابووه‌ته‌وه، ئه‌ویش بۆخۆی رۆشتووه… [ئه‌وان] له باری سیاسیه‌وه شتێکی نوێیان پێ نییه. هه‌روه‌ها که پێشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد له کۆنگره‌شدا به راپۆرتی لێژنه‌ی سیاسی و هه‌موو بڕیارنامه‌کان ده‌نگی ئه‌رێنییان دا. که‌واته کێشه‌ی تایبه‌تی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیان له‌گه‌ڵ حێزبدا نه‌بوو. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی سیاسی زۆر گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ حێزب هه‌بایه، ئه‌و کات ده‌کرا بگوترێت که رێگایه‌کی تریان بۆخۆیان هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام نیانه. ئه‌وان ئێستا سه‌باره‌ت به رابردوو خه‌ریکی بیانوو گرتنن، ئه‌وان بۆخۆیان له‌و کاته‌دا له رێبه‌رایه‌تیدا له‌گه‌ڵ ئێمه شه‌ریک بوون…”[12]
ئه‌م وتانه‌ی دکتۆر چه‌ند خاڵێکی گرنگ روون ده‌کاته‌وه که بۆ ئێستاش به‌کار ده‌هێنرێت و دکتۆر هه‌رچه‌ند راسته‌وخۆ ده‌سته‌واژه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی مه‌عنه‌وی به‌کار ناهێنێت به‌ڵام له‌وێدا که باسی یاسایی نه‌بوونی کاری لاده‌ران ده‌کات باسه‌که‌ی زۆرتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مافی خاوندارێتی مه‌عنه‌وی. ئه‌م هه‌ڵوێسته:1- ناڕه‌وا بوونی که‌ڵکوه‌رگرتن له ناوی حێزب 2- نه‌بوونی سیاسه‌تێکی جیاواز و نوێ له‌لایه‌ن لاده‌رانه‌وه و له ئاکامدا زیانگه‌یاندن به حێزب و پێگه‌ی حێزب و بوون به دارده‌ستی نه‌یاران، 3- هه‌لپه‌رستی و ده‌سه‌ڵاتخوازی لاده‌ران پیشان ده‌دات، واته بابه‌تگه‌لێ که له ناو تاقمی لاده‌ری پاش کۆنگره‌ی سێزده‌شدا ده‌بینرێت. به‌جۆرێ که ئێستاش یه‌کێک له به‌ربه‌سته‌کانی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو حێزبه. ده‌سه‌ڵاتخوازی لاده‌ران و به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر بڕۆنه‌وه ناو حێزبی دێمۆکراتی کوردستان ره‌نگه ئه‌و پله‌و پایه‌ی که ئێستا له‌وێ هه‌یانه هه‌ندێکیان به شێوه‌ی سروشتی له ده‌ستی بده‌ن چۆن جیابوونه‌وه هه‌ندێ پۆست و پله‌ی زۆرتی بۆیان ره‌خساندووه‌و هه‌رکه که له ناو حێزبدا به هۆی جه‌ماوه‌ری زۆرتر و که‌سانی شیاوتر بۆی نه‌ده‌کرا به پۆست بگات ئێستا ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ره‌خساوه. ده‌بینی که‌سانێ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندین و هه‌ندێکی زۆر نوێنه‌رن و… خۆ ئه‌مانه به هاتنه‌وه‌یان ئه‌دی ره‌نگه هه‌ندێکیان پله‌یان بێته خواره‌وه که بۆیان قبووڵ ناکرێت!
مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ش بۆخۆی له پشتڕاستکردنه‌وه‌ی وته‌کانی دکتۆر سه‌باره‌ت به لاده‌ران ناڕه‌وا بوونی ئه‌م جۆره کرده‌وانه په‌سه‌ند ده‌کات و دان به مافی خاوه‌ندارێتی حێزب ده‌نێت. جا چۆن بوو که خۆی هه‌مان هه‌ڵه‌ی دووپاتکرده‌وه جێی پرسیاره و ئاگایانه یان نائاگایانه له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و گرنگایه‌تی نه‌دان به خودی دامه‌زراوه‌ی حێزب پیشان ئه‌دات! ئه‌م به‌ڕێزه لە سەر لاده‌رانی پاش کۆنگره‌ی هەشت کە ئه‌م جاره‌یان پێکه‌وه رۆشتنه ده‌رێ له حێزب، له په‌رتووکی کورته مێژوودا (نیو سەدە تێکۆشان) واده‌ڵێت: ”ئەگەر جیابوونەوەی ئەو دەستەیە لە کادرو ئەندامانی حێزب ئەویش بەو شێوە ناشیرینە و لەو کاتە ناسکەدا زەبرێکی گەورەی لە بزووتنەوەی میللی دیمۆکراتیکی گەلەکەمان وەشاند، دانانی ناوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سەر خۆیان زیانێکی گەورەتری لە حیزب و بزووتنەوە وەشاند…جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە بەوەشەوە نەوێستان و هەر وەک بیانەوێ شەڕ بفرۆشن و شەڕ هەلیسێنن تەواوی ناوەکانی ناو حێزبیان لە سەر ئۆرگانەکانیان دانا… بە دانانی ناوی حیزبی دیمۆکرات لە سەر خۆیان بە کردەوە زەمینەی شەڕ هەڵگیرساندنیان خۆش کرد‌و فەزای سیاسی کوردستانیشیان تووشی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە هێنا… ئەگەر ناوێکی دیکەیان لە سەر خۆیان دانابایە و شتێکی تازەیان داهێنابایە، دوور نەبوو، کۆمەڵێکی زیاتر لە ئۆگرانی مەسەلە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران وەدوایان بکەون.”[13]
هاوشێوه‌یی ئه‌م دوو جیابوونه‌وه و هه‌ڵوێستی رێبه‌ری حێزب له‌و سه‌رده‌مه‌دا به هه‌ندێ چاوپۆشیه‌وه سه‌باره‌ت به لاده‌رانی پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ش راسته‌و ناڕه‌وا و نایاسایی بوونی کرده‌ی لاده‌ران پیشان ده‌دات. که‌واته وته‌کانی دکتۆر قاسملۆ پێوه‌رێکه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی کرده‌وه و دروستی و نادروستی کاری تاقمی جیاوه‌بوو. ئه‌گه‌ر خۆیان به پێڕه‌وی بزانن ده‌بێت وته‌کان و هه‌ڵوێستیشی پێڕه‌و بکه‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه که‌ڵکی ناله‌بار وه‌رگرتنه له ناو و که‌سایه‌تی دکتۆر بۆ مه‌به‌ستی خۆیان و فریودانی خه‌ڵک.
ج: نه‌ریتی باو له مێژووی کوردستاندا
له مێژووشدا هه‌ندێ جیابوونه‌وه له حێزبه‌کان له کوردستاندا روویداوه به‌ڵام هیچ کام له‌و که‌سانه‌ی که جیابوونه‌ته‌وه رێگه‌یان به خۆیان نه‌داوه که به ناوی حێزبێ که تێیدا بوون کار بکه‌ن. گرنگترینی ئه‌وانه جیابوونه‌وه‌ی که‌سانێ وه‌ک ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سکرتێری پێشووی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق و مام جه‌لال و… بووه که وه‌کو باڵی مه‌کته‌بی سیاسی له پارتیدا ده‌ناسران و سه‌رده‌می خۆی به‌شێکی به‌رچاوی پارتییان پێکده‌هێنا و دواتر پاش جیابوونه‌وه، له 1975 دا یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانیان پێکهێنا. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا ده‌کرێ به جیابوونه‌وه‌کانی ناو “کۆمه‌ڵه” ئاماژه بکرێت[14] که هه‌رکام له‌و حێزبانه ناوێکی تایبه‌تیان هه‌یه و به زێده‌کردنی پاشگر یان پێشگرێک به وشه‌ی کۆمه‌ڵه خۆیان له یه‌کتر جیا کردووه‌ته‌وه: حێزبی کۆمه‌ڵه‌ی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، پارتی سوسیال دێمۆکراتی کوردستان و…. که‌واته هه‌مووی ئه‌و که‌سانه که ناتوانن کار بکه‌ن له چوارچێوه‌ی حێزبێکدا به ره‌حه‌تی ده‌ڕۆنه ده‌رێ به‌ڵام خۆ ئه‌و مافه‌ی بۆخۆیان به ره‌وا نازانن که دامه‌زراوه‌که به ناو و مێژوویه‌وه له‌گه‌ڵ خۆ ببه‌ن. به‌س له ژیاننامه‌ی تاکه‌کاندا وه‌کو مافی مه‌عنه‌وی ئه‌و که‌سه که تا ئه‌و ماوه‌یه له فڵان حێزبدا چالاکی نواندووه ده‌مێنێته‌وه.
که‌واته به‌پێی ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه حێزب لای خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی لایه‌نگرانی وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی که‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی و جێگه‌و پێگه‌ی خۆی هه‌یه‌و به‌و ناوه‌وه تاقه حێزبه له کوردستاندا و هیچ که‌س و لایه‌نێک ناتوانن به‌و ناوه‌وه چالاکی بنوێنن و ئه‌مه‌ش چ له باری یاساییه‌وه و چ له باری نه‌ریتی باو له کوردستان و هه‌موو شوێنه‌کانی جیهاندا و چ به‌پێی وته‌کانی رێبه‌ری شه‌هید دکتۆر قاسملۆ که بۆ بڕێکی زۆر له لاده‌رانیش جێی رێز و قبووڵکراوه، بۆ خه‌ڵکی کوردستان سه‌لمیندراوه و له باری ئه‌خلاقی و یاساییه‌وه جیابوونه‌وه‌ی تاقمی لاده‌ر به‌و شێوه‌یه و که‌ڵک وه‌رگرتنیان له ناو و هێماکان و که‌سایه‌تی و مێژوو و ئیمکاناتی حێزب ناڕه‌وا بووه و به‌رپرسن له به‌رانبه‌ر گه‌لی کورد و زیانێ که دایان له گه‌وره‌ترین و گرنگترین دامه‌زراوه و حێزبی کوردستانی رۆژهه‌ڵات و به‌وجۆره دڵخۆشکردنی نه‌یارانی گه‌لی کورد و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل. بۆیه ئه‌م تاقمه ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یان به‌سه‌ر خۆیاندا هه‌بێت؛ یان بگه‌ڕێنه‌وه ناو حێزبی دێمۆکراتی کوردستان یان وه‌ک دکتۆر قاسملۆ کاتی خۆی به لاده‌رانی گوت ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و رێبازی نوێ و جیاوازیان هه‌یه ناوی خۆیان بگۆڕن و حێزبێکی تر پێکبهێنن که به‌پێی قبووڵکردنی بنه‌مای پلۆرالیزمی حێزبی هیچ کێشه‌یه‌ک نیه‌و مافی هه‌ر گروپێکه که حێزب پێکبهێنن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر کرده‌یه‌کی تر له‌و چه‌شنه‌ی که تا ئێستا کراوه ره‌وا نیه. به هه‌ڵبژاردنی یه‌ک له‌م دوو رێگایه (که دیاره به‌پێی ئه‌زموونی جیابوونه‌وه‌کان که گه‌ڕاوه‌کان به سه‌ختی ده‌توانن خۆیان رێکخه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ پرینسیپی حێزب و ره‌نگه له داهاتوودا دیسان کێشه‌ساز بن، وه هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتخوازی هه‌ندێ له لاده‌ران، رێگای دووه‌م ره‌نگه ساکارتر بێت) رێگا ته‌خت ده‌کرێ بۆ دیالۆگی نێوان دوو لایه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌موو لایه‌نه کوردستانیه‌کان بۆ پێکهینانی به‌ره‌ی یه‌کگرتوو که ئاواتی گه‌لی کورده له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ره‌شه‌مه‌ی 2711 کوردی.
[1] هاوکات له‌گه‌ڵ نووسینی ئه‌و بابه‌ته که به هۆی سه‌رقاڵی نووسه‌ر درێژه‌ی خایاند چه‌ند بابه‌تێکی جێی سه‌رنجی دیکه بڵاو کرایه‌وه که چاکتر وایه خوێنه‌رانی به‌ڕێز وه‌کو ته‌واوکه‌ری یه‌کتر چاویان لێبکه‌ن و بیانخوێننه‌وه. ئه‌و بابه‌تانه بریتین له: 1- “تکرار تاریخ! (انشعاب در حزب دمکرات کردستان ایران)”، ئاسۆ موکریانی، له ماڵپه‌ڕی: http://www.kurdane.com 2- “بۆ مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە”، جەمیل کولاهی، ماڵپه‌ڕی: https://peshmergekan.com 3- “نامەیەکی دڵسۆزانە بۆ مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزاده”، کۆمەڵێک لە ئەندامان، کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆ‌و دەرەوە، له ماڵپه‌ڕی: http://www.kurdane.com 4- “بحران هویت و مشروعیت در حزب دمکرات کردستان”، امید آذرخش، 9 / 3 / 2012، http://www.facebook.com.
[2] نووسه‌ر وه‌کو تاکێک له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا به‌پێی ئه‌و باسانه‌ی که لێره‌دا ده‌یکات و به هۆی گرنگایه‌تیه‌ک که بۆ حێزبی دێمۆکراتی کوردستان وه‌کو دامه‌زراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌تی به مافی خۆی ده‌زانی له وشه‌ی حێزب بۆ ئه‌م تاقمه جیاوه‌بووه که‌ڵک وه‌رنه‌گرێت و لای نووسه‌ر حێزبی دێمۆکرات له کوردستاندا تاقه حێزبه.
[4] جێی ئاماژه‌یه که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سیاسه‌تی “سه‌ر لێده له‌ش بۆ خۆی ده‌که‌وێت” و له‌ت له‌ت کردنی حێزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌کێک له سیاسه‌ته گرنگه‌کانی کۆماری ئیسلامی بووه له دژی هێزه کوردیه‌کان بۆ به‌گژیه‌کدا دانیان و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریان له کۆمه‌ڵگادا. له‌م راستادا پاش له نێو بردنی سه‌رکرده سه‌ره‌کیه‌کانی حێزب و رێکخراو و ره‌وته‌کان چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه، زۆر زیره‌کانه و ناڕاسته‌وخۆ له دووبه‌ره‌کی و قه‌ڵشتی نێوان پاشماوه‌ی سه‌رکرده‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه بۆ تێکدانی ئه‌و رێکخراوانه. بۆ نموونه له ناوخۆ پاش کاک ئه‌حمه‌دی موفتی زاده مه‌کته‌بی قورئان، له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش کۆمه‌ڵه‌و دواتر حێزبی دێمۆکراتیش پاش له‌ده‌ستدانی هه‌ندێ له رێبه‌رانی سه‌ره‌کیان ئه‌و به‌ڵایان به‌سه‌ردا سه‌پا. هه‌رچه‌ند ئه‌م باسه باسێکی ره‌ها نییه‌و جیابوونه‌وه‌کان هۆکاری زۆریان هه‌یه به‌ڵام به‌داخه‌وه یاریده‌ری حکومه‌تی ئیسلامی بوون بۆ هه‌ندێ نزیک بوونه‌وه به مه‌به‌سته‌کانی.
[5] له کوردستاندا زۆربه‌ی حێزبه‌کان له‌م چه‌شنه‌ن جگه له بارودۆخی ئێستاکه‌ی کوردستانی باشوور که ئه‌رکی حێزبه‌کان گۆڕدراوه و تاڕاده‌یه‌ک ده‌که‌ونه نێو تاقمی یه‌که‌مه‌وه.
[7] هه‌ڵبه‌ت نه‌هێنانی ناوی ئێران و کوردستان له تاقمی لاده‌ران و حێزبی کمونیستدا هۆی جیاواز و له دژیه‌کی هه‌یه. له لاده‌راندا به‌وشێوه‌یه ده‌یانه‌وێت زۆرتر نه‌ته‌وه‌یی بوونی خۆیان بسه‌لمێنن که لێره‌دا ده‌سه‌لمێندرێت و کرده‌وه‌شیان پیشانی داوه وا نیه! له حێزبی کمونیستیشدا که خۆیان به دژی ناسیۆنالیزم ده‌زانن پێیان وایه قسه‌کردن له کورد و ناوی کوردستان هێنان نه‌ته‌وه‌خوازیه و له دژی ئیدئۆلۆژیه‌که‌یانه به‌ڵام ناوی ئێران نا! که‌چی ئێرانچیه‌تی و ناسیۆنالیزمی تۆخ و شۆڤێنیزم له ناوه‌که‌شیاندا شه‌پۆلان ده‌کات چ بگات به کرده‌وه‌یان (بانێک و دوو هه‌وایه).
[8] بڕواننه: سوسن محمدخانی غیاثوند، “برگزاری مراسم بزرگداشت شیخ عزالدین حسینی در پاریس”، دوشنبه ۲۴ بهمن ۱٣۹۰ – ۱٣ فوريه ۲۰۱۲، سایت: www.akhbar-rooz.com
[10] ئه‌م بابه‌تانه وه‌رگیراون له بابه‌تی: “نامەیەکی دڵسۆزانە بۆ مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزاده”، کۆمەڵێک لە ئەندامان، کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆ‌و دەرەوە، له ماڵپه‌ڕی: http://www.kurdane.com .
[11] بۆ گوێدانی وته‌بێژی شه‌هید دکتۆر قاسملۆ له‌سه‌ر تاقمی حه‌وت که‌سی سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی یووتیوب بکه‌ن: Dr.Qasemluo Mitingi Mehabad
[12] وه‌رگیراو له بابه‌تی “تکرار تاریخ! (انشعاب در حزب دمکرات کردستان ایران)”، ئاسۆ موکریانی. له ماڵپه‌ڕی:
[13] وه‌رگیراو له بابه‌تی: “بۆ مامۆستا عەبدۆڵا حەسەن زادە”، جەمیل کولاهی، ماڵپه‌ڕی: https://peshmergekan.com و هه‌روه‌ها: “نامەیەکی دڵسۆزانە بۆ مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزاده”، کۆمەڵێک لە ئەندامان، کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆ‌و دەرەوە، له ماڵپه‌ڕی: http://www.kurdane.com .
[14] جێی ئاماژه‌یه که نووسه‌ر “حێزبی کمونیستی ئێران” له‌گه‌ڵ رێزی بۆ که‌سایه‌تیه‌کانی ناو ئه‌م حێزبه، به حێزبێکی کوردستانی نازانێت بۆیه لێره‌دا به جیاوه‌بوونه‌کانی ئاماژه ناکرێت. وێرای ئه‌وه‌ی که ئه‌م حێزبه زۆربه‌ی ئه‌ندامان و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی ئێستاکه‌ی کوردن و تاڕاده‌یه‌کی که‌میش پێگه‌ی له ناو خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌یه و خوێنی کوردی له پێناودا رژاوه به‌ڵام جگه له ئیدئۆلۆژیک بوون و سیاسه‌ت و وێژه‌ی کۆن به‌داخه‌وه چه‌ندان سه‌رنجی مافه ره‌واکانی گه‌لی کورد ناده‌ن و خۆشیان به کوردستانی نازانن و هێشتاکو هه‌ر سیاسه‌ته داڕێژراوه‌کان له‌لایه‌ن تاقمێکی فارس که ناووکی سیاسی ئه‌و حێزبه بوون له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیدا وه‌کو تیۆرسیه‌ن به‌سه‌ر ئه‌و حێزبه‌دا زاڵه. ئه‌وه له کاتێکدایه که هه‌روه‌ک ئاماژه کرا له دیکه‌ی ناوچه‌کانی ئێرانیشدا پێگه‌یه‌کیان نییه. دیاره ئه‌گه‌ر پاش جیابوونه‌وه‌ی حێزبی “کمونیسم کارگری” ناوی خۆیان بگۆڕایه به “حێزبی کمونیستی کوردستانی ئێران” جیابوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه له‌م حێزبه نموونه‌یه‌کی دیکه ده‌بوو.{jcomments off}