پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌رناوه‌ڕۆکی ئه‌و باسه‌ی ئه‌مه‌وێ له‌م نوسینه‌دا بیخه‌مه ڕوو، پێم باشه به کورتی باسێک..
له سه‌ر مێژووی کوردستان و ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان بکه‌م. ئه‌گه‌ر به کورتیش بێت چاوێک بخشێنینه‌وه به مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان و به وردی له‌وه بکۆڵێینه‌وه که هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌سه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستان و هۆی دروست نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی چی بووه، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو شۆڕش و خه‌باته‌ی که نه‌ته‌وه‌که‌مان له پێناو مافی چاره‌ی خۆنووسین و به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ری خاک و نه‌ته‌وه کردویه‌تی چۆن سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست نه‌هێناوه!
هه‌رچه‌ن که خوێنێکی یه‌کجار زۆریشمان داوه له پێناو ئازادی نه‌ته‌وه و خاکی کوردستاندا هه‌ر له ئه‌نفال، کیمیاباران، و ئیعدامی ڕێبه‌ران، تا ده‌گات به شه‌هید بوونی ده‌یان هه‌زار تێکۆشه‌ری سه‌ر چیاکانی کوردستان و ناو زندانه‌کاندا، ده‌بێت بگه‌ین به ئامانجێک بۆ ئه‌وه‌ی بزانین هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنمان چی بووه؟
کاتێک چاو له مێژووی کوردستان ده‌که‌ین که مێژوو نووسانی بیانی و کوردستانی نووسیویانه‌ته‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که یه‌که‌م هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی کورد به‌سه‌ر داگیرکه‌رانی کوردستاناندا و ئه‌و هه‌موو کۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه که هاتۆته پێشه‌وه بۆ کورد ته‌نها هه‌ڵه‌ی سیاسی و ناکۆکی نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان بووه، هه‌ر له پاش شه‌ڕی چاڵدرانه‌وه له ساڵی ۱۵۱۴ی زاینیه‌وه که له نێوانی ئیمپراتۆری سه‌فه‌وی و عوسمانیه‌کانه‌وه که به کرده‌وه کوردستانیان دابه‌ش کراو له ساڵی 1639ی زاینی‌دا په‌یمانێکی واژۆ کرا که دژ به کورد له نێوانی سوڵتان مورادی عوسمانی و شا عه‌باسی سه‌فه‌ویدا که دابش کردنی کوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا.
هه‌تا ده‌گات به شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و دروست کردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی له ناوچه‌و جیهاندا، سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان هینده به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی به‌لاوه گرنگ نه‌بووه و هه‌موو کات به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یان کردووه به قوربانی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و بنه‌ماڵه‌یدا، بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ڵه و ناکۆکی نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی نه‌بوایه کوردستانیش هه‌ر له مێژ بوو وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تر ڕزگاری ده‌بوو، بۆ نموونه هندێک له مێژوو نووسان و سیاسه‌توانای کورد ده‌ڵێن کورد هینده ئاستی ڕۆشه‌نبیری و سیاسی له‌سه‌ر نه‌بووه که بتوانێت ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی دروست بکات یا کوردستان هیچ ڕێگایه‌کی نه‌بووه که ده‌ست ڕه‌سی هه‌بێت به ده‌ریاوه که سه‌رکردایه‌تی سیاسی بیتوانایه که‌ڵکی لێوه‌ر بگرتایه بۆ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی.
ده‌توانم بڵێم له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ ئه‌و که‌سانه و نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌رزم به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وانه ته‌نها هه‌وڵی ده‌دات بۆ کۆمه‌ڵگا گه‌وجاندن و خۆ شاردنه‌وه له حه‌قیقه‌ته‌کان، بۆ نموونه ئه‌فغانیه‌کان یا زۆر نه‌ته‌وه تر هه‌ن له‌م دوونیایه‌دا که ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان دروست کردووه، که‌چی دوای ده‌یان ساڵیش که ده‌وڵه‌تی خۆیانیان هه‌یه ئاستی هوشیار و نه‌ته‌وه‌یان هینده نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر نییه، یا خاکه‌که‌یان هیچ په‌یوه‌ندی به ده‌ریاوه نییه و ئه‌وانیش هه‌میشه وه‌ک کورد چاوساونه‌ته‌وه به ده‌ستی نه‌ته‌وه‌کانی چواده‌وری خۆیانه‌وه، که‌چی مێژوو نووسی کورد و سیاسه‌توانه‌کانمان ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێن و خۆیان له حه‌قیقه‌ت ده‌شارنه‌وه! ڕاسته ئه‌گه‌ر کوردستان په‌یوه‌ست بوایه به ده‌ریاوه یارمه‌تی شۆڕشی کوردی ده‌دا.
به‌ڵام په‌یوه‌ست نه‌بوونی کوردستان به ده‌ریاوه نابێته به‌هانه بۆ ڕزگار نه‌بوونی کوردستان، هه‌ڵه‌و ناکۆکیه‌کانی نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان نه‌ک هه‌ر بووه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه به‌ڵکوو بووه‌ته به هۆی ده‌یان شه‌ڕی براکوژی و ماڵوێرانیش، هه‌ڵه و ناکۆکی نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی هینده کاریگه‌ری نگه‌تیووی هه‌بووه له‌سه‌ر نه‌وه‌کانی دوای خۆیشیان که هینده بیر له به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌که‌یان نه‌که‌نه‌وه و هه‌ر کات هه‌لێکیان بۆ ڕه‌خسابێت بۆ ڕزگاری ناوچه‌یه‌کی کوردستان یان کوردستان به گشتی، داگیرکه‌رانی کوردستان به سووک و ئاسانی توانیویانه پلانێکیان بۆ دابڕێژێت و به دژی یه‌کدیان بدات، سه‌د مخابن ده‌توانین بڵێین که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان به هه‌ڵه‌و ناکۆکیه‌کانیان تۆمی دووبه‌ره‌کی و دڵ ساردبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مانیان له گه‌یشتن به ئامانجه باڵاکانیان له ناو نه‌ته‌وه‌ی کوردا چاندوو تا ئه‌مڕۆش کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان هه‌ر ماوه‌ته‌وه!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌موو چتێک گرنگتره بۆ مله‌تی کورد ئه‌وه‌یه که ڕێگه به‌وه نه‌ده‌ین ئه‌و هه‌ڵه و دووبه‌ره‌کیه که له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا له نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستاندا هه‌بووه و کاریگه‌ری کردۆته سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌مان و هه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌شمان بووه که باجه‌که‌ی داوه ، ده‌بێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووبێت ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمان بده‌ین بۆ ببنبڕ کردنی ئه‌و کێشانه‌ی که به‌رۆکی کۆمه‌ڵگاکه‌مانی گرتووه، چوون ئه‌و هه‌ڵه و ناکۆکیانه‌ی که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له ڕابردوودا کردوویانه نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کوردیان تووشی شکست و ماڵوێرانی کردووه به‌ڵکوو خۆیشیان به هیچ ئامانجێک نه‌گه‌یشتوون بێجگه له سێداره و شه‌هید بوونیان نه‌بێت. به بڕوای هه‌موو چاودێرانی سیاسی ئه‌وه‌ی له ساڵی ۲۰۱۱ و ۲۰۱۲ ڕویداوه و به چاوی خۆمان بیناومانه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی به شێوه‌یه‌کی یه‌کجار خێرا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له دوونیا و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، که به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌ره‌تای ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ن که له ناوچه‌که‌دا ڕووده‌ده‌ن.
و بێگومان کوردستانیش به‌ده‌ر نابێت له‌و گۆڕانکاریانه، به بڕوای من باشترین هه‌له له مێژوودا بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌ڵکه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی بگات به مافه نه‌ته‌وایه‌تێکانی خۆی و ڕزگاری ببێت له دیلی و ژێرده‌سته‌یی. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان و پاڵپشتی کردنی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌بێت له سه‌رکردایه‌تی سیاسی” نه‌ک دانیشتن و چاوه‌ڕوانی هێزێکی بێگانه بین ئامانجه‌کانمان به دی بێنێت. له‌و باوه‌ڕه‌دام که کورد ده‌توانێت بگات به ئامانجه‌کانی ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ڕه‌چاو بکه‌ن له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تاکه‌که‌سی :
یه‌ک_ یه‌کگرتنی هێزه کوردستانیه‌کان له یه‌ک به‌ره‌دا.
دوو_ پێکهێنانی دوو هه‌یئه‌ت یه‌ک بۆ کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ئه‌وی دی بۆ ناوخۆی کوردستان
سێ_ دروست کردنی هێزێکی پێشمه‌رگه وه‌ک سوپای کوردستان که له هه‌موو هێزه کوردستانیه‌کان پێک هاتبێت و به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ست وه‌رنه‌داته ناو کاروباری سیاسی، چی له ده‌ره‌وه و چی له ناوخۆی کوردستانداو ته‌نها هێزی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی کوردستان بێت و به فه‌رمانی ئه‌و هه‌یئه‌ته بجووڵێته‌وه که بۆ ناوخۆی کوردستان دروست کراوه.
چوار_ بانگ کردنی لاوانی کوردستان بۆناو سپای کوردستان
پێنج_ مه‌حکوم کردنی هه‌ر پلان و هێرشێک که بکرێته سه‌ر کوردستان یان لایه‌نێکی
بۆیه سه‌ره‌تای باسه‌که‌م به کورته‌یه‌ک له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌ستپێکردوو هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی نه‌ته‌وه‌ی کوردم به چه‌ند هۆکارێک زانی که سه‌ره‌کیترینیان هه‌ڵه و ناکۆکی نێوان سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان بووه و جارێکی تر ئه‌و ڕخنه‌یه ڕووبه‌ڕی سه‌رکرده‌کانمان بوونه‌وه، ته‌نها مه‌به‌ستی من به‌بیر هێنانه‌وه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان و هه‌ڵه و ناکۆکێکان بوو نه‌ک هیچی تر، چوون به بڕوای من ئێمه بیری مێژوویمان لاوازه و زۆر هه‌ڵه‌ی مێژووی دووباره ده‌که‌ینه‌وه. هه‌ربۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مجاره‌ش سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان هه‌ڵه‌کانی ڕابردووی سه‌رکرده‌کانی ترمان دووباره بکه‌نه‌وه به پێوویستی ده‌زانم که سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکرێت و نه‌به‌خشرێن له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه.
4/4/2012
{jcomments off}