"an independent online kurdish website

بە خۆشییەوە چەندساڵێکە لەسایەسەری خۆماندووکردنی هێندێک لە زمانزان,siamand-shexaxayiy_0

رووناکبیرو هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، زوان و ئەدەبی گەلەکەمان بەرەو ئاقارێکی دڵخۆشکەرانە هەنگاوی ناوە. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەو بەرەوپێشەوە چوونەی زمان  دیسانیش کۆمەڵگاکەمان هەر خاوەو بەم پەلەو ڕادەیە نەگەیشتووە کە بتوانێ بایەخی شیاوو پێویست بە کولتوورو ئەدەبی خۆماڵی بدا! بەڵکوو لە هێندێک شوێننان بیندراوەو بیستراوە بەدەم گاڵتەجاڕی و بە چاوی کەم بایەخانە تێڕوانین لەگەڵ نووسراوە کوردییەکان کراوەو دەکرێ!

خەڵکی ئێمە فێرن، پاش مردن بەخەستی و بەگەرمی بە نووسەرو هونەرمەندی خۆیان هەڵ بڵێن! بەڵام بەپێچەوانە، هەروەک دەزانن نووسەرە بێ بەختەکانمان، لەکاتی زیندوو بووندا، تەنانەت تووشی تۆمەت و بێ حورمەتی دەبنەوە! بەڵام پاش ئەوەی لاقایان جووت کردو خودا بۆخۆی بردنەوە، ئەوسا عالەم بۆیان لە چۆک دەدەن و ئاخ و کەسەر بۆ لەدەست چوونیان هەڵدەکێشن. فیستواڵ و بۆنەی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ پێکدێنن. وێنە ڕەش و سپی و شڕو دڕاوەکانیان لە ئینترنێتدا بڵاو دەکەنەوە، یان سەر تاقەی ماڵەکانیان پێ دەڕازێنەوە! ئەویش بەم واتایە دێ، بەڵێ ئێمە ئەدیب، هونەر دۆست و نووسەر پەروەرین!.. نووسەرە زیندووەکانیش کە بە هەزار کۆڵەمەرگی و شەونەخوونی، لە زاری ماڵ و منداڵی خۆیان دەگێڕنەوەو کتێبی پێ چاپ دەکەن، هەرکە کتێبەکەیان گەیاندە بازار. ئەوکاتە کەس نیە بەڕاشکاوی هەنگاو بنێتە پێش و بڵێ ئەرێ کاکی نووسەر ئەم کالایەی تۆ چەندی بەچەندە!؟…

ئەوەی لێرەدا بە لای منەوە گرینگە، زۆربەی نووسراوە کوردییەکان لەجێ و شوێنی خۆیاندا ناکەونە بەر باس و ڕەخنەگرێکی بەڕێوجێ. خودای نەخواستە ئەگەر هاتوو ناوێکیش هاتە نێو نێوان، ئەوکاتیش ناوەرۆکی نووسراوەکە بەدروستی و بێلایەنانە نایەتە هەڵسەنگاندن! بەڵکو جاری وایە ڕەخنەگر بێ ئەوەی بۆخۆی کتێب و یان نووسراوەکەی خوێندبێتەوە، لە زمانی کەسانێکی دیکەوە لێدوان دەردەبڕێ! یان لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندن و پێوانەی نووسراوەکان زیاتر بەلای خۆشەویستی و ناخۆشەویستی نووسەردا دەشکێتەوە! بەم واتایە پێوەری ڕەخنەگر مخابن لە هەڵسەنگاندنی ناوەرۆکی کتێبدا نابێتە خاڵێکی هومێدبەخش، بەڵکوو پێوانە بە ئەملایەدا دەشکێتەوە کە خوێنەر چەندەی خۆش لەتەرح و دیداری نووسەر بێ. یان بەکورت و کرمانجی نووسەرەکەی خۆش بوێ یان ناخۆش بوێ!! لێرەدا ئەگەر هاتوو نووسەر بەخت یاری بوو، واتە ئێسک سووک دەرچوو. ئەوسا خۆ زەحمەت دانی پێناوێ. چونکە بەهەمان ڕادە نووسراوەکەش بەپێزو پڕ ناوەڕۆک دەردەچێ!!… یان لەلایەکی دیکەوە دەبێتە شەڕەگەڕەک! بۆچی؟

_ لەبەرئەوە، ئەگەر هاتوو نووسەر بیرو بۆچوونی سیاسی لەگەڵ لایەن، کەسایەتی، یان بەڕاشکاوی بڵێن حیزبێک و… یەکی نەگرتەوە. ئەوە نووسراوەکەشی دەکەوێتە بەر بەرداش و زەبری تیرو شیر!  لێرەڕا ئیدی کەس حیساب بۆ دەوڵەمەندی و کزی و لاوازی ناوەڕۆکی نووسراوەکە ناکا! بە قەولی هاوڕێەک دەڵێ:

” لەنێو کۆڕو کۆمەڵی سیاسییە کوردەکاندا کێوێک لەسەر کێوێک دابنێ، ئەگەر هاتوو خۆشیان لە قسەت نەهات، سووک و هاسان پێت دەڵێن هیچ نیە!”

وشەی هیچ نییە ڕەواجترین و پڕبایەخترین کالایە لەنێو کۆمەڵگای سیاسی ئیمڕۆکەی ئێمەدا باوە! سابۆیە نووسراوە لانەوازەکانیش لەم رێزو مەرتەبەیە بێ بەری نابن، هەر بەو پێودانەی (هیچ نییە) ئارشیویان بۆ دەکرێتەوە!

شایانی گوتنە! لە هێندێک کۆڕو کۆمەڵدا بیستراوە، دەڵێن:

“ناوێری مەرحەبایی لە فڵانە نووسەر بکەی، خێرا کتێبێکت بۆ کڕین لە پێش قووت دەکاتەوە.”

من بەش بەحاڵی خۆم بەزۆر کتێبم بەکەس نەفرۆشتووە، ئەگەریش خودای نەکردە کارێکی واشم کردبێ، ئێستا وەبیرم نایە، بەڵام دەکرێ بڵێم کتێبم لەلای هەر ناسراوو یان هاوڕێیەک داناوە، زۆربەی کتێبەکانم بەخێرو بێرەوە سەریان تێداچووە. بۆ نموونە کورێکی کورد ئێستا لەوڵاتی فینلاند دەژی. لە هەموو کتێبەکانم  سەرجەم ٥٥ کتێبی بۆفرۆشتن  لێ وەرگرتم.  وەک بۆ خۆی دەڵێ سەرجەم کتێبەکانی فرۆشتوە. بەڵام سەیر ئەوەیەا لەباتی پارەی کتێبەکانم بۆ بنێرێ، ماوەیەک پێش شەوناشەوێک لای نیوە شەو بە تەلەیفون لەخەو ڕاستی دەکردمەوەو دەیپرسی: ” ئەرێ پێم بڵێ کتێبەکانت چەند جلد بوون پارەکەی لەگەڵ هی گیرفانم تێکەڵ بووە؟”

دەمگوت لەوەی گەڕێ کتێبەکان چەند جلد بوون، هەرچەندە پارەم بۆبنێری دەڵێم بەزیادی بێ! تکات لێدەکەم، جارێکی دیکە وا بەبێ وەخت تەلەیفونم بۆ مەکە! چوونکە بە رۆژ کار دەکەم… دوایە بۆم دەرکەوت ئەم کابرایە تووشی زگ ئێشە بووەو لەگەڵ لەتێک لە حیزبەکەمان رۆیشتووە. منیشی بەخەیاڵ لە لەتێکی دیکەدا جێهێشتووە!!! بەبیانووی ئەوەندە جڵدبوو، ئەوەندە نەبوو پارەی کتێبەکان حەپەلووش کران!!…  هەروەها چەند نموونەی دیکە کە شەرم دەمگرێ باسی بکەم و بایەخی گێڕانەوەیان نییە…

پرسیاری من ئەوەیە:

نووسەری کورد لەم دوورەوڵاتانە چ بکا باشە؟ خۆ لەم تاراوگەیەدا شوێنێکی دڵخۆشکەر وەگیرناکەوێ، تاکوو نووسەر بتوانێ بۆ فرۆشتن کتێبەکانی لێ دابنێ؟ کەوابوو لەبەر ناچاری و بێ دەسەڵاتییە نووسەر پەنا بۆلای هاوڕێیانی خۆی دەبا. هاورێیانیش بێمزڕەت بن! میرزا حاتم خان ئیللا ماشاڵا!… یان ئەگەر هاتوو نووسەریەک لەڕووی هات، لە کۆبوونەوە، جێژن و بۆنەکان لە گۆشەیەک ڕابوەستێ، بەلارەملی کتێبەکانی بۆفرۆشتن لەسەر میزێک دانبێ. ئەوکاتیش بەشێوەیەکی دیکە عەیبی لێ دەبیندرێتەوەو تەنانەت تۆمەتبار دەکرێ! دەبێ لێم بسەلمێنن نووسەرەکانی کوردستانی رۆژهەڵات هەربەراستی بێدەرەتانن، لەبەر ئەوەی زۆربەیان ڕێگای چوونەوەی وڵاتی خۆیان لێ بەستراوەو بە تەواویی لە نیشتمانی خۆیان هەڵبڕاون. خۆ ئەگەر ئەوانیش چووکترین رۆژنەی هومێدیان شک بردبایە، دڵنیام دەستی نیازو هاریکاریان بۆلای ئەم ئەو درێژ نەدەکرد. بەڵکوو وەکوو نەوەی ئادەم بەعەرزو ئەدەب دەچوون کتێبەکانی خۆیان لەلای کتێبفرۆشان دادەناو پاشان چاویان لە دەست و کەرەمی ئەو زاتانە دەبڕی. ئیدی نەک وەک ئێستای من نێو ماڵە بچکۆلانەکەی خۆی نەدەکرد بەعەمباری کتێبان و شەوانە قارەمانی داستانەکانی دەخەوی نەدەهاتن و لێی نەدەبوون بە مۆتەو دەستیان دەئەوکی نەدەنا… بەکورتی خزمینە! یاڕەبی خودای هەژدەر عالەمین قەت کەس بە ئەم شێوازە تووشی نووسەری و رۆژانی ئاوا پڕ لە سەرئێشە نەکا!!… ئامین…!!

مەبەستی نووسەر لەکتێب فرۆشتن. لەهەنگاوی یەکەمدا بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانێتی، لە قوناغی دووهەمیشدا هیچ نووسەریەک ئامادە نییە بەرهەمی بیرو هزری خۆی بەبێ بایەخ و کەم بەها لەنێو خەڵک دابەش بکا. کەی ڕەوایە چاوەڕوانی ئەوە بین، نووسەر پاش ئەو هەموو خەرج و ماندووبوون و شەونەخوونی بە کاتژمێرو رۆژو مانگ لە حیساب نەهاتوو. نەتوانێ لەتام و بۆنی میوەی باخی خۆی بچێژێ، سەرباقی تووشی بێ هیوایی و دابڕان لە نووسینیش ببێ! پرسیار ئەمەیە:

داخوا نووسەری کورد لەم سەردەمەدا پێویستە بۆگەلی خۆی بنووسێ و لەسەرنووسین سوور بێ! یان وەک پێشینیان کاتی خۆی بۆ خزمەت بە زمانی بێگانە تەرخان بکا؟! ئەگەر وڵام ئەوەیە، بۆ گەلی خۆی بنووسێ! گەلیش دەبێ یارمەتیدەرو هەروەها رەخنەگرێکی باویژدان و دلسۆز بۆ نووسەرەکەی خۆی بێ!

هاوڕێیەکی شاعیر، نووسەرو هونەرمەندی سوئیدیم هەیە کە ئەندامی بەڕێوەبەری دەستەی نووسەرانی سوئیدیشە. رۆژێک کە هەروا کتێبەکانمی لەنێو دەستیدا سەرو بن دەکرد، گوتی:

_”تۆ بەرهەمی نووسینت زۆرە؟ بۆ بەسوئیدی نانووسی پێی دەوڵەمەند بی!”

وڵامم دایەوە:

_ ئێوە گەلی سوئێد بە نۆ ملیۆن مرۆڤەوە، تەنیا کتێبی کتێبخانەی چوار شارۆچکەی وڵاتەکەتان لە سەرجەم کتێبی کتێبخانەکانی چوار پارچەی وڵاتە دابەشکراوە چل ملیۆنێیەکەی من کوردستان زیاترە! برام! من لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمانەکەم کوردستان ئامادە بووم، دەست لەدارو نەداری خۆم هەڵگرم و سەرەنجام ئاوارەی باوەشە گەرمەکەی وڵاتی ئێوە بم. ئامانجی من لە نووسین، بەخاتری وەدەستهێنانی ماڵی دونیاو دارایی و ناو دەرکردن نییە. بەڵکوو مەبەستی سەرەکی من زەنگین کردن و گەشە پێدانی فەرەهەنگی کزو لاوازی نەتەوە ژێردەستەکەمە. ئەوەی من هەوڵی بۆ دەدەم، ئەگەر دڵۆپێک لە دەریایەکیش بێ، دیسان هەر بەقازانجی گەلەکەمە. مەسەلێکی کوردی هەیە دەڵێ:

” چرایەک کە بۆ ماڵ ڕەوایە لە مزگەوت حەرامە.”

بەڵێ برای کوردم! گەلانی سەرکەتوویی ئەم  دنیاییە کە ئێستا لەسایەسەری پێشکەوتنی عێلم و زانست خۆیان گەیاندۆتە ئەستێرەکان و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆزینەوەی دنیاییەکی دیکە دەکەن، ئەوانیش لە دەسپێکدا هەر وەک ئێمە بە گاگۆڵکەو دارەدارە ڕەوتی پێش خۆیان بڕیوە. ئێستاش وەک دەبینین لە فەرهەنگ و هونەردا ئەوەندە پێشکەوتنیان وەدەست هێناوە، ئێمەی کورد بە ساڵ ڕاکردن ناتوانین لە دواوە تۆزیان بشکێنین!

نووسەر، شاعیر، هونەرمەند، داهێنەر، لێکۆلەوەرو وەرزیشکارو… و کورد بەگشتی، زۆر مکوڕانە لەلایەن گەلی خۆیانەوە، حەوجێیان بەپشتیوانی هەیە. نەمازە ئەویش لەم سەردەمەدا، پشتیوانی لە نووسەرەکانمان یەکجار گرینگە! من ناڵێم نووسەر سواڵ بکاو خەڵکیش خێری پێ بکا. من دەڵێم ئەگەر هاتوو لە نووسەری خۆت کتێبیکت کڕی، منەتی بەسەردامەکە. دڵنیابە بەو کتێب کڕێنە، نووسەرەکەت لەسەر نووسین مکوڕو لێبڕاوتر دەکەی! چونکە بەو پارەی من و تۆیی کڕیار، نووسەر دەتوانێ بەرهەمی نوێتر پێشکەش بەگەلی خۆی بکا.

جێی سرنجە! خەڵکی ئێمە ئەوەندە سەخاوەتمەندن، ئەگەر هاتوو لێیان میوان بووی، ئامادەن بۆ شەوێک هەرچی هەیانە بێنن لە پێش میوانی خۆیان دابنێن و گرانترین ویسکی لەسەر میزی نانخواردن قووت کەنەوە، بەڵام بە پێچەوانە هەر هەمان میواندار بەدڵ ئامادە نییە کتێبێکی سەت کرۆنی لە نووسەرەکەی خۆی بکڕێ!!  سەیر ئەوەیە! لەو یەک دووساڵانەی دواییدا لەلای تاقمێک بۆتە باو، هەرکە ناوی کتێبت هێنا، زوو هەڵدەدەنێ و دەڵێن، کتێب باوی نەماوەو هەمووشتێک لە ئینترنێتدا دەست دەکەوێ. بەڵام بەبڕوای من وا نییە! چونکە کتێب خوێندەوە، ئەویش لەسەر گازەرای پشت ڕاکشان، دنیاییەکی خۆی هەیە!…

زمان پێناسەی گەلانە:

بەداخەوە لەم دوورەوڵاتانە زۆر جار دەبیندرێ هێندێک لە کوردەکان پێکەوە زمانی تورکی و عەرەبی و… قسان دەکەن. یان بەشێکیان منداڵەکانیان نانێرنە کلاسە کوردییەکان و بەپێچەوانە منداڵەکانیان دەنێرنە کلاسی بێگانەو فێری زمانی تورکی، عەرەبی و فارسیان دەکەن. من بڕوام وایە زانین و فێربوونی هەر زوانێک نیشانەی پێشکەوتوویی هەر مڕۆڤێکە. ئەویش بەمەرجێک زوانی دایکی خۆشی بەپوخت و پاراوی بزانێ. ئەو کەسانەی دەرتانی فێربوونی زمانی خۆیان هەبێ و پێیان کەسری شان بێ و خۆیی لێ بدەن. ئەمە نیشانە ئەوپڕی دواکەوتووییە…

لە سوئید دوو ژنە کوردی ئاشنا، پێکەوە بەزمانی عەرەبی قسەیان دەکرد. لێیان چوومە پێش و گوتم:

_ مەگەر ئێوە کورد نین؟ بۆچی پێکەوە بەکوردی قسان ناکەن؟!

وڵامیان دایەوە:

“_ بۆیە بەعەرەبی قسان دەکەین، برا عەرەبی زمانی قورعانە!”

منیش بەدەم سەرزەنیشت و بۆڵەبۆڵەوە گوتم:

_ خوشکم راست دەفەرموون! زمانی کوردی زمانی شەیتانە! بەڕاستی ئێوەی ژن قەرزداری زمانی قورعانن، چونکە ئەم زوانە زۆر رێز بۆ مافی ژنان دانێ!!

رۆژێک پۆلێک لە کوردە سیاسییەکانی باکوور، لە دەوری یەک دانیشتبوون پێکەوە تورکیان قسە دەکرد. چوومە نێو قسەکانیان و پرسیم:

_ ئێوەیەک کە بستێک لە خاکی کوردستانی گەورەتان بەبێ بەستەکەی دیکە ناوێ، هۆ! سەبەب چییە ئامادە نین بەزمانی گەلی کوردستان قسان بکەن!؟

بە پێکەنینەوە وڵامیان دایەوە:

” _ هەواڵ عادەتمان بەزمانی تورکی گرتووە، بۆ ئێمە بە تورکی قسەکردن ڕەوانترە!”

منیش دەنگم لێ هەڵێناو گوتم:

_ دەبڕۆن هەڵی گرنەوە. بێ دەلێل نییە تورکان پێتان دەڵێن تورکە کێویلکە!”

بەبڕوای من هەڵسووکەتی ئەو چەشنە کوردانە بەشێکی زۆر لە خۆ بەکەم زانینەوە سەرچاوە دەکرێ. چونکە هێشتا تێ نەگەیشتوون کولتوورو ئەدەبی  گەلەکەیان واتە کورد چەندە زەنگینە. زمانی کورد خزمەت نەکراوە، بێتوو خزمەت کرابایە، بێ شک لە زوانی هیچ یەک لەگەلانی سەر گۆیی ئەم زەوییە دوا نەدەکەوت!

ئێمەی کورد خاوەنی چەندین زاراوەی رەنگاوڕەنگ و دەوڵەمەندو بەپێزین. پشتی هەر دۆڵێکی کوردستان شێوەزاری تایبەت بەخۆی هەیە: لەکی، لۆڕی، فەیلی، کەڵهوڕی، گۆران، هەورامی، جاف، ئەردەڵان، ژاوەرۆ، موکری، هەوشار، سۆران، کرمانج، زازاکی، دملی، جەلالی، شەبەک، گەڕوس، زاخۆرانی، موسڵانی، چارداوڕوو(چارداوڵی)…و… ئێمەی کورد بە هیچ لەونێک بۆ کەرەستەی زمانێکی پووخت و پاراو یەکدەست دەستەوەستان نامێنین. نەمازە لەم سەردەمەدا کە هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد چاومان لە کوردستانی باشوور بڕیوە، بەخۆشی یەوە ئەم مەڵبەندە ئازادەو دەستی ئاواڵەیە. پێویستە دڵسۆزانی ئەم بەشە لە کوردستان، هەرچی زووە هەنگاوی بەنرخ بۆ بەهێز کردنی زمانەکەمان بەرز کەنەوەو نەمازە لە دەسەڵاتدارانی ئەم مەڵبەندە چاوەروانین، لەباتی دروست کردنی ئەو هەموو کۆشک و تالارانە، یەک هەزارومیش ئاوڕ لە زمان و فەرهەنگەکەمان بدەنەوە. کۆشک و تالاری بڵیندو نەوی دەبنەوە، بەڵام زمانێک کە خزمەتی نەکرا، نۆژەن نەکرا، دروستکردنەوەی ساکار نییە.

زمان کەسایەتی مرۆڤەکانە. زمانی پیشکەوتوو نیشانەی شارستانیەتی کۆمەڵگایە… کۆشک و تالارەکان دەروخێن، مرۆڤەکان دەمرن، بەڵام زمان و ئەدەب و نووسراوە رەسەن و بە نرخەکانی گەلان هەر زیندوو دەمێننەوە. نووسەرە بەتواناو نووسراوە بەهادارەکان هەر تەنیا مڵکی گەلێک و حاکم و دەسەڵات و دەوڵەتێک نینن، بەڵکوو مڵکی سەرجەمی گەلانی زیندووی ئەم دونیاییەن. ئەو نووسراوە بایەخدارانەی بەبڕواو بۆچوونی زێڕینەوە لەدایک دەبن، بۆ هەتاهایە وەک میرات و گەنجینەی گەلان بە زیندوویی دەمێننەوە. لێرەدایە، نابێ سیاسەت پێش بە بیرو هزری نووسەراندا بگرێ و لەنێو بازنەی تەنگی حیزبایەتیدا قەتیسیان بکا… چونکە مانەوەی بیری نووسەر لەنێو چوارچێوەی حیزبایەتیدا قەڵمی کول و بۆچوونەکانی سنووردارو بەرتەسک دەبێتەوە!

هەنگاو بۆ زمانێکی یەکگرتوو:

لەم بۆارەدا ئێمەی کورد حەوجێمان بەکەسانی چالاک و تێکۆشەر هەیە. دەبێ بەهیمەتی زمانزان، لێکۆڵەوەر و هۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی… هەموو دەسپێکەوە، مکوڕو لێبڕاو قۆڵ هەڵماڵن، لە باژێڕانەوە بەرەو گوندە دوورەدەستەکان وەڕێکەون. بەشێنەی و بە پووختی، هەوڵ بۆ کۆکردنەوەو دۆزینەوەی وشە نایاب و نەناسراوو ونبووەکان بدەن. دوور لە دەمارگرژی و ناوچەگرایی، بێ دەستدرێژی بۆ سەر زاراوە ڕەنگینەکانمان و کز کردنیان، بناخەی زمانێکی یەکگرتوو داڕێژن و بەم شێوازە زمان و کولتوورو ئەدەبی رەسەنی گەلەکەمان ساخ کەنەوەو کەسایەتییە زەوتکراوەکەی دووبارە پێ ببخشنەوە! هەروەها ڕێ لەو کەسانەش بگرن کە لە رووی نەزانین یان بەئانقەست بەوشەی ناڕەسەن و لەخۆوە داتاشراو زمانەکەمان ناشیرن دەکەن. یان پیتی کوردی دەگۆڕن(ژ _ چ_ گ_ پ…) بەعەرەبی و بەم چەشنە دەیانهەوێ بڵێن زمانی کوردی نەقوستانە. کەوابوو با هەموومان بەپاڕانەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور بکەین بۆ بەرز راگرتنی کولتوور، زمان و ئەدەبەکەمان قۆڵی هیمەت هەڵماڵن و یارمەتی مادی و مەعنەوی لێزان و پسپۆڕانی کورد بدەن. بۆ دروست کردنی زمانیکی پوخت و پاراوو یەکدەست. منەتیشیان لەسەرچاون دادەنێن! بێتوو بمانکەن بەسەرێک لە نێو هەموو سەران….

نووسەر{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی