ئاشکرایە کە ئەگەر بەدەر لە پرژوبڵاوی ومن من و، تۆتۆیی رێکخراوەیی
(بەتایبەت ڕێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) بڕوانینە لایەنەکانی دیکەی خەباتی کوردایەتی؛ هەل ومەرجی لەباری ئێستا؛ چ لە ئاستی ناوچەیی و، چ لە ئاستی نێونەتەوەیی ئاسۆیەکی گەشتر دەدا، بە دابینبوونی ئارەزووەکانی نەتەوەکەمان.
لەساڵانی رابردوودا، باسی مافی چارەی خۆنووسین، لە لایەک وەک هەستی تاکی کۆمەڵگای کوردستان خۆی دەنواند ولە لایەکی تریشەوە ئەم باسە لە لاپەڕەکانی بەرنامەو بۆچوونی حیزب ورێکخراوە سیاسیەکان دا کەت ولەت، وەک ئاڕمانی دوارۆژ؛ نەک وەک دروشمی ئاکتیڤی رێکخراوەیی دەگونجێندرا، بەڵام ئێستا باسکردنی ئەم ئاڕمانە وەک داوای بە کردەوەو واقیعی؛ هەتا ئاستی بەرنامەی کاری دەوڵەتمەردانی کورد بەرز بۆتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیەش نەک تەنیا لە ناوخۆی خۆماندا بەگەرمی باسی لێدەکرێ، بەڵکە لەوەش زیاتر سنووری کوردستان وناوچەدەبڕێ ودەگاتە بەرزترین ئاستی ناوەندەکانی دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان وکەسیش لێی ناسڵەمێننەوە. ئەم گوێلێگرتن ولێنەسڵەمینەوەیەش لە جێداهەم پشتگەرمی دەدا بە دەوڵەتمەردانی کوردو هەمیش کۆمەڵی کوردەواری ئومێدەوارتر دەکا بە دابینبوونی ئامانجی سەرەکی خۆی کە سەربەخۆیی یە. بەڵام بەوحاڵەش کەس نابێ چاوەوڕوانی ئەوە ببێ کە زلهێزەکان یان هەر دەسەڵاتێکی تری ناوچەیی و نێونەتەوەیی، یەکەونردوو، دەست هەڵبڕن و، پشتیوانیمان لێبکەن. بەڵکە درووست بەپێچەوانە؛ تائەوکاتە کە ئێمە بەتەواوی شێلگیرو یەکگرتوو نەبین و، بۆ وەدەستهێنانی داواکەمان بێ دڵەڕاوکەیی هەوڵ نەدەین؛ گەیشتن بە ئامانجی نیهایی، چاوەڕوانییەکی تەماوییە و ئاوات وئارەزوومان هەر وەک دەڵغەی فیکری دەمێنێتەوە. هیچ گەلێکیش تا ئێستا بەبێ دروشمی ڕوون، یەکیەتی سیاسی وبەربەرەکانی هەمەلایەنە بە سەربەخۆیی نەگەیشتووە.
لە تێروانین بە چۆنیەتی سەربەخۆیی گەلاندا بۆمان دەردەکەوێ کە زۆر گەلی دنیا، بە تەنیا یەکێک یان دوو لە مەرجەکانی بەنەتەوە بوون سەربەخۆ بوون. لە ئوروپا زمانی یەکگرتوو بوو بە دەستەچیلەی پێکهاتنی وڵاتانی ئێستا زۆرگەورەی فەڕانسە و ئاڵمان١ . دانیشتوانی سویسی بە دروشمی مێژووی هاوبەش هاتنە مەیدان وسەربەخۆبوون. پاکستانییەکان بە دروشمی ئاینیی لە هیندوستانی تازە ڕزگاربووی بەردەستی بریتانیای گەورە جیابوونەوە. کۆمەلگەلێکی ئەفریقایی تەنیا بە بەرزکردنەوەی جیاوازی ڕەنگی پێست داوای سەربەخۆییان کرد وسەریش کەوتن. مێژوونووسێکی فەڕانسەیی بە ناوی ئەڕنێست ڕێنان٢ جوانی بۆچووە کەدەڵێ : “نەتەوە و سەربەخۆیی یەکەی؛ بڕیارێکی بەکۆمەڵ ودەنگپێدراوە”. ئێمەی کوردیش ئەگەر نەڵێم سەدان ساڵە؛ لانی کەم زیاتر لە سەد ساڵە بۆ ناساندنی بەنەتەوەیی بوونی خۆمان هەوڵمان داوە و هەمو پێکهاتە هاورەگەزەکانیش؛ سەرەڕای جیاوازی زاراوە وئاین، خۆیان بە کورد دەزانن. لە سەر ئاستی دەرەوەییش دا؛ ئێستا کەس نییە کە ئێمەی کورد بە نەتەوە پێناسە نەکا. پرسی نەتەوەبوونی کورد ئەوەندە جێکەوتوبووە؛ کە تەنانەت سەردەستەکانیش واتە ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان لە ژێر پۆستاخ دایە، بۆ تەنیا ساتە وەختێکیش نەیان توانیوە بسەلمێنن کە کورد نەتەوە نییە! ئەمجا ئەوە دەمێنێتەوە کە ئێمەش دەبێ دەنگمان هەبێ و، دەنگ هەڵببڕین؛ جا بە مافی خۆمان دەگەین. دەنگی ئێمە دەبێ یەکگرتوویی سیاسی لێبکەوێتەوە. ئەگەر قەبووڵ بکەین کە داوای سیاسی و نەتەوەیی دەسەڵاتدار وئۆپۆزیسیۆن هەر یەکە؛ کەوابوو بە جیاوازی بۆچوونیشەوە دەبێ قەبووڵ بکەین کە دەنگهەڵبرینی سەرۆکی باشووری کوردستان، بەرێز مەسعود بارزانی دەنگی ئێمەشە و پێویستە پشتیوانی لێبکرێ. دەبا سیاسیکارانی هەموو پارچەکانی کوردستان خۆدوور بگرن، لە سیاسەتی چاولەدوویی سەردەستە چەوسێنەرەکان و، یەکجار بۆ هەمیشە بێینە مەیدان وشەفافتر سیاسەت بکەن. کاری سیاسی لەو رۆدا بە مسەمس وگغەگغ ناکرێ و دڵخۆشکردنیش بە ئاوڕدانەوەو خێسەکردنی شۆڤییەنیسەکانی سەردەستیش بە هیچ کوێمان ناگەیەنێ و، با هەموومان بڵێین ئەوەی پێناوێ بانگی محەمەد بە ڕاشکاوی وگوتنی محەمەدەلمستەفا خۆشە!
لەم رووانگەیەوە ئاوات دەخوازرێ کە تێگڕایی پێکهاتە، رێکخراوو، حیزبە رەسەنەکانی کوردستان بە پیر بیروبۆچوونی نەتەوەیی کاک مەسعود بارزانیەوە بچن. دەبا لەسۆنگەی پشتیوانی لە پەیامی نەورۆزی و وتوووێژە سەرکەوتوو؛ شافافەکەی بەڕێز بارزانی بگەین بە یەکگرتووییەکی سیاسی. کۆبوونەوە لە دەوری پلانێکی نەتەوەیی ونیشاندانی یەکدەنگی سیاسی ئەرکێکە کە قورسایەتی خستۆتە سەر شانی هەموو نیشتیمانپەروەرێک و کارێکە کە قەت پەشیمانی لە دوو نییە. خۆ دیارە هەموو نەتەوە پێشکەوتووەکانی جیهانی ئەمرۆ لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، لە گەڵ جیاوازی بیروبۆچونیان لە زۆر بارەوە؛ کاتێک دەگەنە بەر دەم پرسێکی چارەنووس ساز؛ پشتی رێبەرەکانیان دەگرن. ئەی بۆ ئێمەی کوردیش لەکاتێکدا بەحەق دژی کارەنارەواکان رادەوەستین؛ لە هەمان کاتیش دا پشتی سەرکەوتنی دوا ئامانجی نەتەوەکەمان نەگرین و یەکدەنگ نەبین لە گەڵ سەرۆکی هەرێم؟
تا ئەو جێگەیە کە ئێمەی رۆژهەڵاتی ئەگرێتەوە، بە پیرەوە چوون وپشتیوانیکردن لە بۆچونی بارزانی، هەم چەشنێک لە وەفادارییە بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی بەڕێزیان، هەم لەبەر ئەوە کە سەرۆکی هەرێم، لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری رۆژنامەواناندا پشتیوانی لەمافی هەموو پارچەکانی کوردستان کرد؛ بووەتە ئەرکیش بۆئێمە. بەوانەشەوە چونکە ئێران و راگەیەندنەکانی، حەولیان دا سەفەری کاک مەسعود بۆ ئەمریکا بەکەم بگرن و چەواشەکاری بکەن؛ باری بەرپرسایەتی ئێمە بۆپشتیوانی لە سەرۆکی هەرێم قورستریش دەبێ.
لە باشووری کوردستان خاوەنی هێزێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنین. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە زۆر ئازایانە بە گژ گەندەڵی دا دەچێتەوە وئەمەش دەستخۆشی دەوێ. بەڵام ئەو بەڕێزانە (بەتایبەت هێزە عیلمانییە کان) پێویستە پشتیوانی نەتەوەیی؛ لە گەڵ داوای ئیسلاح ورێفۆرم لە سیستیمی ئیداری کوردستان پێکەوە گرێ نەدەن. دەکرێ بۆ ئەمیان واتە پرسە نەتەوەییەکە هاوهەڵوێستی بیری نەتەوەیی سەرۆکی هەرێم بن و؛ لە بواری کار بۆ چاکسازییشدا هەر بەردەوام بن. ڕەنگە ئەوە زۆر لە گەڵ مەنتیق یەکنەگرێتەوە کە بگوترێ چونکە پرۆسەی نەهێشتنی رووتین، گەندەڵی وپلانداڕشتن وداڕشتنەوەی دووبارەی دامودەزگاکان بەوجۆرەی پێویستە بە دڵی ئەوان بەڕێوە ناچێ؛ کەوابوو نابێ پشتی ئاواتە نەتەوەییەکانی سەرۆکی هەرێمیش بگیرێ. ئەم ئازیزانە ئەبێ ئەوە بزانن کە هەر بەپێی ئەو یاسا وڕێسایەی کە خەڵک لە ئاخرین هەڵبژاردن دا بەشێک لەدەسەڵاتی بەوان بەخشی وکردنی بەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بە قەوەتە، هەرخەڵکیش بوو، ئەوانی دیکەی کرد، بەزۆرایەتی! کەوابوو هەم مافی بۆچوون دەربڕینیان هەیە و، هەمێش تاکاتێک خەڵک لە هەڵبژاردنێکی دیکە دا پێیان نەڵێ؛ ئیدی وتەکانتان نوێنەرایەتی ئێمە ناکا، وەک نوێنەری رەسمی دێنە ئاخاوتن و، هەڵوێست دەگرن. لەم لاشەوە گومان لەوە دانیە کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە عیلمانیەش هەر بەهەمان ئەندازەی سەرۆکی هەرێم بە پەرۆشن بۆ سەرکەوتنی ئامانجی نەتەوەیی. دەیجا ئەوە دەمێنێتەوە کە بڵێین لە بەر گرینگی پرسەکە ولە بەر ئەوە کە شۆڤییەنیستەکان خەریکن لە بەغداو تاران( رەنگە لەشوێنی دیکەشەوە بەتەمابن) پیلان بگێڕن، با ئێمەش لێرەدا یەکدەنگ بین ویەک کەلام هەڵوێست بگرین.
بەو شێوەیە کە لە سەرەوە باسکرا؛ کورد بۆ پێناسەکردنی خۆی وەک نەتەوە گرفتی نییە ، چونکە زۆر لە مێژە هەوڵ بۆ ئەوە دراوە ودنیای لێ تێگەیەندراوە کە کورد یەک نەتەوەیە وکوردستان یەک خاک. ئەم هەوڵە ش سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر مان هاتووە بووەتە ڕەمزی درێژەی خەبات. بەڵام ئێمەی کورد لە سەر پرسە چارەنووسازەکان ئەزموونی زۆرمان نییە لە پێکەوە هەڵکردن وهاوپێوەندی سیاسی لە گەڵ یەکتریدا. نەبوون یان لاوازی یەکگرتن ویەکیەتی سیاسی ناو ماڵی کورد؛ زۆر ڕێگربووە لە گەیشتن بە ئاواتەکانی. بێئینسافی تێدانییە کە بگوترێ هەتا ئێستاش یەک نەگرتوویی سیاسی ولاوازی یەکریزی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک گەورەترین کۆسپی سەر رێگای سەرکەوتن وبەئامانج گەیشتن بوون. ئەگەر لە بەئامانج گەیاندنی بیری نەتەوەیی؛ یەکدەست و دەڵ فراوان نەێینە مەیدان؛ ئەوەی هەشمانە لە کیسمان دەچێ و دواتریش هەزار هاوار بە پوولێک!
هەوڵ بۆ ناسینی ئەم دەرفەتە لەبارە کە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێستا دا؛ بۆ کورد رەخساوە؛ سەرفی نەزەر لەوە کە لە پارچەیەک بە فیدەراڵی ڕازی ببێ و؛ لە پارچەیەکی تر سەربەخۆیی وەدەست بێنێ، هەوڵێکی بێ ئاکام وبێ سوود ونەزۆک دەبێ؛ ئەگەر بە پێکهێنانی یەکگرتوویی سیاسیی و یەکدەنگی ڕادەربرینی نەتەوەیی بیر وهەڵس وکەوتەکانمان و ماڵی کورد یەک نەخەین! ماوەتەوە ئەوە بڵێین کە؛ ئەم سەردەمە کە تێیدا دەژین دەرفەتێکی لەباری بۆئێمە رەخساندووە و، سەرکەوتنی کورد حەتمی دەبێ، ئەگەر یەکگرتوویی سیاسی دەستەبەر بکەین!.
شاری ئۆسلۆ ٩ی مانگی ٤ ی ٢٠١٢ ی زاینی
١
– ساڵی ١٨٤٨ بەشی زۆری رۆژئاواوو ناوەندی ئوروپا هەژا وبە دروشمی نەتەوەیی یەکگرتنەوەی دەسەڵاتەناوچەییەکان وپێکهێنانی دەوڵەتی گەورەتردەستیان بە خەبات کرد. ئەم ساڵە واتە ساڵی ١٨٤٨ ساڵی نووسینی مانیفیستی کۆمونیستییشە کە لە حاڵێکدا ١٥٠ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ئورووپاییەکان بایەخی زۆری نەبوو، تا رۆژی ئەورۆش مێشکی بەشێک لە سیاسیانی کوردی لێپرکراوە وبووەتەبەربەست بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکەمان.
Ernest Renan ٢-{jcomments off}