وه‌ک له میدیاکاندا بڵاوبووه‌وه، رۆژی شه‌ممه ٢۶ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣۹١ی هه‌تاوی، به‌رامبه‌ر به 2012-04-21ی زایینی،
له هۆڵی پارله‌مانی سوید له شاری ستۆکهۆڵم سمینارێکی گرینگ بۆ باس له‌سه‌ر داهاتووی ئێران به‌ڕێوه‌چوو. له‌م سمیناره‌دا که حیزبی گه‌ل (Folkpartiet Liberalerna) له‌ژێر ناوی (ئێران ــ داهاتوویه‌کی بێ چه‌وسانه‌وه بوونی ده‌بێ؟) رێکی خستبوو، ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تیی کورد، فارس و سویدی لێدوانیان پێشکه‌ش کرد، که له خواره‌وه‌دا ئاماژه به ناوه‌کانیان و ئه‌و بابه‌تانه ده‌که‌ین که له سمیناردا پێشکه‌شیان کرد:
– “ده‌سپێک و ناساندن”، فرێدریک ماڵم، وته‌بێژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پارتی گه‌ل.
– “سیاسه‌تی دنیای ده‌ره‌وه به‌رانبه‌ر به ئێران”، ئیدریس ئه‌حمه‌دی، دوکتۆرا له زانکۆی ستۆکهۆڵم، پسپۆڕی بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌کیی ئێران
– “مافی ژنان و توندوتیژیی رژیم به‌رانبه‌ر به جیابیره‌کان”، مێهره‌نگیزی کار، پارێزه‌ر و چالاکی مافی ژنان له ئێران، مامۆستای زانکۆ له زانکۆی “براون” له “رۆد ئایله‌ند”، هه‌روه‌ها نووسه‌ری چه‌ندین په‌رتووک.
– “جۆراوجۆری له ئێران”، میرۆ عه‌لیار، ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
– “پرسی ژنان له ئێران‌دا”، مریه‌م عه‌لیپوور، راوێژکاری پێشووی کومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
– “ئێران و سوریه”، ناتان شاکار، هه‌واڵنێری رۆژنامه‌ی هه‌واڵه‌کانی رۆژ (dagens nyheter) له ئورشه‌لیم.
– “شه‌رایه‌تی گۆڕان له ئێران بوونی هه‌یه؟”، شه‌هریار ئاهی، یه‌کێک له پێکهێنه‌رانی “یه‌کێتی بۆ ئێران”.
گرینگی و بایه‌خی سمیناری پارله‌مانی سوید
ئه‌م سمیناره له چه‌ند باره‌وه جێگای سه‌رنج و لێوردبوونه‌وه‌یه، که به‌کورتی له خواره ئاماژه‌یان پێ ده‌کرێت:
یه‌که‌م: شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی سمینار
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره گرینگه‌کانی سمیناره‌که، شوێنی به‌ڕێوه‌چوونه‌که‌ی بوو. هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان بۆ گرتنی سمینارێک، که تیایدا پرسی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و پرسی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا تاوتوێ بکرێت، نیشانه‌ی بایه‌خی “حیزبی گه‌ل” و وته‌بێژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه، فرێدریک ماڵم، بۆ ئه‌و پرسه به گشتی و پرسی کورد له دواڕۆژی ئێران‌دا به‌تایبه‌تییه.
دووه‌م: زمانی پێشکه‌ش کردنی بابه‌ته‌کانی سمینار
زمان ئامرازێکی گرینگ و هه‌ره پێویست له ژیانی ئاده‌میزاددایه. که‌ره‌سته‌یه‌که، که مرۆڤ به هۆیه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌ن یان لایه‌نه‌کانی به‌رامبه‌ری پێوه‌ندی سازده‌کا و بیر و هه‌ستی خۆییان بۆ به‌یان ده‌کا و هه‌ر له رێگای زمانه‌وه، له‌وان تێده‌گا. به‌کورتی زمان ئامرازی تێگه‌یشتن، تێگه‌یاندن، دیالۆگ و گواستنه‌وه‌ی بیر و بۆچوونه‌کانی مرۆڤ بۆ یه‌کتره و دۆستایه‌تیی تاکه‌کان، کۆمه‌ڵگاکان و گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاجیاکانی سه‌رگۆی زه‌وی، به بێ که‌ڵک وه‌رگرتن له زمان مه‌یسه‌ر نابێت. بێجگه له‌وه، زمان پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤدا هه‌یه. وه‌ک ده‌زانین، کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی هه‌ن که به یه‌که‌وه پێناسه‌ی نه‌ته‌وه ته‌واو ده‌که‌ن، که زمان یه‌ک له‌وانه. به‌ڵام له ئێران‌دا زمانی گه‌ل و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان و یه‌ک له‌وان زمانی کوردی به‌ها و نرخی شیاوی خۆیان بۆ دانانرێ و به‌ئاگاییه‌وه ده‌رگای گه‌شه و هه‌ڵدانیان به روودا داده‌خرێ. ئه‌م هه‌نگاوه شۆوینیستییه، له بیرۆکه‌یه‌کی زۆر ساده و ساکاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ: “ژێرده‌سته‌بوونی تۆ زامنی باڵاده‌ستی و مه‌زنایه‌تیی منه و کزی و لاوازییه‌کانت چاوگی ده‌سه‌ڵات و هێز و تواناکانمه”. فارسه‌کان به پێڕه‌وی کردن له‌م بیرۆکه‌یه، گه‌وره‌یی و شکۆمه‌ندیی خۆیان له بچووک کردنه‌وه و بێ‌نرخ نیشاندانی به‌ها و هێما نه‌ته‌وه‌یی و کولتوورییه‌کانی گه‌لانی دیکه‌ی ئێران‌دا دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش بۆ تێکشکان و که‌مڕه‌نگ کردنی ئه‌و به‌ها و هێمایانه، ساڵانێکه به کرده‌وه هه‌نگاو ده‌هاوێژن و به که‌ڵکوه‌رگرتن له میتۆدی جۆراوجۆر به‌توندی به گژیاندا ده‌چنه‌وه. له نێو هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، وه‌ک ئاماژه‌ی پێ کرا، زمان جێگایه‌کی دیار و به‌رچاوی هه‌یه. گه‌لی کورد له کوردسانی ئێران‌دا، وه‌ک پێکهاته‌کانی دیکه‌ی ئێران بێجگه له فارس، خاوه‌نی زمانێکه که هێشتا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕه‌سمی و به‌کرده‌وه دانی پێدا نه‌نراوه و له خوێندنگه و ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کاندا به‌کارهێنانی قه‌ده‌خه‌یه. ئه‌م زمانه به شێوه‌ی سوننه‌تی هێشتا هه‌ر له چوارچێوه‌ی ماڵ و بازاڕ و له نێو خه‌ڵکی کورد بۆ خۆیدا به‌کار ده‌هێنرێت و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، گوێگری نابێت. ئه‌م زمانه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واوه، به ئه‌نقه‌ست هێنده بچووک کراوه‌ته‌وه، که به‌شێک له ئاخێوه‌رانی له به‌کارهێنانیدا هه‌ست به بچووکبوونه‌وه، سه‌رکزی و خۆ به که‌م بینین بکه‌ن. هیندێک جار ئێتیکێتی زاراوه‌ی پێوه ده‌لکێنن و هیندێک جاریش ناوونیتکه‌ی خۆجێیی (محه‌لی) لێ ده‌ده‌ن و به‌و جۆره له کۆڵی ده‌بنه‌وه. ئه‌وه له حاڵێکدایه که زمانی کوردی، سه‌ره‌ڕای خزمایه‌تیی نزیک له‌گه‌ڵ زمانی فارسی‌دا که زمانی ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته، زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازه.
هه‌رچه‌ند ئه‌و راستییه تاڵانه له ئێران‌دا به‌رامبه‌ر به زمانی کوردی ره‌چاو ده‌کرێن، که چی سمیناری ستۆکهۆڵم وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی له زمانی کوردی بۆ به‌شداران خسته‌ڕوو. زمانی کوردی له سمیناردا وه‌ک زمانێکی ره‌سمی و هاوئاست له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی سویدی، فارسی و ئینگلیزی‌دا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرا. به‌پێچه‌وانه‌ی بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر زمانی کوردی له ئێران‌دا، نوێنه‌رانی کورد که له سمیناردا به‌شدار بوون، ناچار نه‌بوون زمانی فارسی بکه‌نه که‌ره‌سته بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌کانیان. ئه‌وان توانییان له‌و په‌ڕی ئازادی‌دا ئاخاوتنه‌کانیان به زمانی کوردی پێشکه‌ش به به‌شداران بکه‌ن. بێجگه له‌وه، دوو وه‌رگێڕی کورد دیاری کرابوون که بابه‌ته‌کانیان له کوردییه‌وه بۆ سویدی و له سویدی و ئینگلیزییه‌وه بۆ کوردی وه‌رده‌گێڕایه‌وه. به‌کورتی، زمانی کوردی ئه‌و رۆڵه شیاوه‌ی پێ‌درابوو که ساڵانێکه کورد له کوردستاندا له پێناویدا خه‌بات ده‌کا و قوربانیی بۆ ده‌دا.
سێیه‌م: پێکهاته‌ی به‌شدارانی سمینار و بیستنی دوو ده‌نگی جیاواز
له سمیناره‌که‌دا ته‌نیا کورد به‌شدار، گوێگر و پێشکه‌شکه‌ری باسه‌کان نه‌بوون. سمینار له راستیدا، سویدی، کورد، به‌لووچ، ئازه‌ری، عه‌ره‌ب و گرینگتر له‌وه‌یش فارسه‌کانی، که تاقه نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له ئێراندان، له یه‌ک هۆڵدا له ده‌وری یه‌ک کۆکردبۆوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، سمینار ده‌رفه‌تێکی گونجاو و له‌باری بۆ بیستنی دوو ده‌نگی سه‌ره‌کی به‌ڵام، وه‌ک دواتر ده‌رکه‌وت، زۆر لێکجیاوازی له دواڕۆژی ئێران‌دا هێنابووه ئاراوه:
ده‌نگی یه‌که‌م ده‌نگێک بوو که له گه‌رووی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران‌دا ده‌هاته‌ده‌ر و هه‌ڵگری په‌یامی یه‌ک خاک بوون و یه‌ک نه‌ته‌وه بوونی ئێران بوو. بیستنی ئه‌م ده‌نگه، که له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زنیخوازیی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و ئینکار و بچووککردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و پێکهاته‌کانی دیکه‌ی ئێران بونیات نراوه، بۆ به‌شداران ده‌نگێکی نامۆ و نه‌بیسراو نه‌بوو. بۆ ئه‌وان و لای ئه‌وان، ساڵانێکه ئه‌م دروشمه له پانتایی ئێرانی مه‌زندا ده‌نگ ده‌داته‌وه و په‌رده‌ی گوێی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێرانی پێ ئازار ده‌درێ! ساڵه‌هایه له رێگای راگه‌یه‌نه‌ره گشتییه‌کانیانه‌وه ئه‌م په‌یامه دێت و ده‌چێت و به هه‌موو هێز و ته‌وژمێکه‌وه بێ ته‌قه له ده‌رگای هۆش و هزری رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێرانه‌وه گوزه‌ر ده‌کا و به بێ داوای مووڵه‌ت کردن خۆی ده‌خزێنێته ژووره‌وه و وایرۆسئاسا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان ده‌دا و له شوێنی‌دا گه‌رای ژاراویی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک خاکیی ئێران داده‌خا. مه‌زنایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له ئێران‌دا ساڵانێکی دوور و درێژه په‌ل ده‌هاوێ و ره‌گ داده‌کوتێ. ئه‌م په‌لوپۆ هاویشتنه ئه‌و کات زیاتر په‌ره‌ی گرت که قوتابخانه، له جیاتیی ئه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری زانست و هونه‌ر، سه‌نگه‌ری په‌روه‌رده و بارهێنان، سه‌نگه‌ری پێشکه‌وتن و نه‌هێشتنی دواکه‌وتوویی له وڵات‌دا بێت، له ده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وادا بوو به که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری شۆوینیستی و مه‌زنیخوازیی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌ڵگوتن به مێژووه‌که‌یدا، ره‌وتێک که هێشتایش هه‌ر به‌رده‌وامه.
سمینار جارێکی دیکه ئه‌و راستییه‌ی خسته‌ڕوو که رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا، له هه‌ر چین و توێژێک بن، خاوه‌نی هه‌ر جۆره بیر و رێبازێکی سیاسی بن، سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی حاکم له ئێران‌دا بن یان له به‌ره‌ی ئوپوزسیۆنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا جێ بگرن، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌کانیان، له یه‌ک خاڵدا کۆک و هاوڕان: ئێران وڵاتێکه که خاوه‌نی یه‌ک زمان و یه‌ک میلله‌ته و پێکهاته‌کانی دیکه ده‌بێ ئه‌و حه‌قیقه‌ته قبووڵ بکه‌ن که که‌مایه‌تین. ناوه‌رۆکی ئه‌م بۆچوونه، که له سمیناردا خرایه‌ڕوو، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه که ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی جیا له‌وه له ئێران بکا، به‌کرده‌وه له دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ “ته‌جزییه”ی وڵات هه‌نگاوی ناوه و بۆ نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا ره‌وایه به هه‌موو که‌ره‌سته‌یه‌ک به گژی‌دا بچێته‌وه، تاوانێک که ئه‌مڕۆ کۆماری ئیسلامی ده‌یکاته به‌ڵگه‌ی ره‌وایی هه‌ڵواسینی رۆڵه‌کانی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌نگه‌دا، ده‌نگێکی دیکه ده‌بیسترا، ده‌نگێک که هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ به‌شداران ده‌خسته‌ڕوو. به‌ڕێز میرۆ عه‌لیار، که به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراته‌وه له سمیناردا به‌شدار بوو، وته‌کانی وه‌ڵامێک بوون بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئیددیعایه که ئێران به وڵاتێکی “یه‌ک خاک ـ یه‌ک نه‌ته‌وه” له قه‌ڵه‌م ده‌دا. قسه‌کانی نوێنه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، که هه‌قیقه‌تی فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێران و که‌مینه نه‌بوونی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دووپات ده‌کرته‌وه، ده‌ربڕی کۆی ده‌نگه کپکراوه‌کانی گه‌ل و نه‌ته‌وه بێ مافه‌کانی جێگرتوو له چوارچێوه‌ی جوغرافیایی ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا بوو و هه‌ر له به‌ر ئه‌م راستییه‌ش بوو که به‌شدارانی غه‌یره کورد، له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک که دوای ته‌واوبوونی سمینار گیرا، ده‌ستخۆشییان لێ کرد. هێنانه‌وه‌ی دوو بڕگه له وته‌کانی به‌ڕێزیان لێره‌دا به پێویست ده‌زانم:
· به پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و لایەنە ناسیونالیسته‌کانی حاکم، ئێران وڵاتێکی فره‌گەلییه كه نه‌ته‌وه‌کانی فارس، توركی ئازه‌ری، كورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ، توركمه‌ن و چه‌ند كه‌مایه‌تیی دیكه‌ی ئیتنیكی و مه‌زهه‌بیی تێدا ده‌ژین. یانی چارەنووسی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە بەیەکەوە گرێ دراوە.
· لەکاتێکدا کورد و گه‌لانی دیکەی غه‌یره فارس ده‌وری ٧٠٪ی حه‌شیمه‌تی ئێران پێك دێنن، بەڵام لەهەموو مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانیان بێ بەشن. هیچ گه‌لێک له ئێران‌دا، نه گه‌لی فارس و نه گه‌لانی غه‌یره فارس، به ته‌نیا زۆرایه‌تی (اکثریت) نیه. هەموو ئەو گه‌لانە له باری مێژووییه‌وه خاوه‌نی خاک و هه‌رێمی خۆیانن و هه‌ر یه‌که‌ی له ناوچه‌ی خۆیدا زۆرایه‌تیی موتڵه‌قه.
له کۆتاییدا پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌م که هه‌قیقه‌تی فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێران و پێویستیی دابین بوونی ماف و ئازادییه‌کانیان شتێک نییه که له نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا شاراوه بێت و، وه‌ک وای نیشان ده‌ده‌ن، نه‌یبینن. ئه‌وان باش ده‌زانن که له ئێران‌دا نه‌ته‌وه‌کانی فارس، توركی ئازه‌ری، كورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ …هتد ده‌ژین، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که قبووڵ کردنی ئه‌و راستییانه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا نابینن و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه، رێگای ئینکار و حاشالێکردن ده‌گرنه‌به‌ر. به‌ڵام بێ‌شک “یه‌کگرتوویی کورد” و پاشان “به‌هێزبوونی پێوه‌ندی و هاوخه‌باتیی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران”، که له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ‌دا خۆی ده‌نوێنێ، پرۆسه‌ی ملدان به‌و راستییانه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واوه خێراتر ده‌کا.
١٣٩١-٠٢-٠٤
٢٠١٢-٠٤-٢٣
ره‌شید حه‌یده‌ری ـ ستۆکهۆڵم
rashidhaidari@gmail.com{jcomments off}