"an independent online kurdish website

٧- قەسری شیرین    

 جۆگرفیا، ژمارەی دانیشتوان، پێکهاتە، زاراوە و ئایین     

ئەم شارستانەش کە یەکێکی ترە لە شارستانەکانی پارێزگای  کرماشان، ژمارەی دانیشتوانی (١٣٨٥ هەتاوی) ٢٤٣٨٣ کەس و ئێستە کە ساڵی ١٣٩١ هەتاویە،ali_qenberi1

دەبێ ئەم ژمارەیە (بە پێی زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوان ٣% لە ساڵدا) گەیشتبێتە نزیکی ٣٠ هەزار کەس.

 ئەگەر ئاوارەکانی ( دەورانی شەڕی عێراق- ئێران) ئەم دەڤەرە لە ئەم شەش ساڵەدا گەڕابێتنەوە دەبێ ئەم ژمارەیە زۆر لە ئەوە زیاتریش بێت. لە بەر ئەوەی تەنیا شاری قەسری شیرین پێش لە شەڕی عێراق- ئێران زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس دانیشتووی هەبووە.  ئەو کات شاری  قەسری شیرین دوو ئەوەندەی شاری سەرپێڵی زەهاو دەبوو کە ئێستە ٦٠ هەزار کەسی تێدا دەژی. ئەو شارە کە لە شەڕدا بە دەستی داگیرکەری بەعسەوە تاڵان و وێران کرا، کەوتووەتە باشووری ڕژئاوا لە پارێزگای کرماشان. لە باکوورەوە لە گەڵ باکووری شارستانی (قضاء) خانەقین لە باشووری کوردستان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە  لە گەڵ سەرپێلی زەهاو، لەباشوورە  لە گەڵ شارستانی ئەیوانی ڕۆژئاوا لە پاریزگای ئیلام، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ گێڵانی ڕٶژئاوا و لە ڕۆژئاوایشەوە لە گەڵ شاری خانەقین، نەفتخانە ومەنەلی (مەندەلی) هاو سنوورە. زۆربەی دانیشتوانی ئەم شارە کوردی کەڵهووڕی زمانن کە لە شیعە و یارسانی پێکدێن. شیعەکان بە زۆری سەر بە هۆزی کەڵهووڕن و یارسانەکان سەر بە هۆزی سنجاوین کە لە ڕابردوودا بە زستاناندا لە دەوروبەری قەسری شیریندا نیشتەجێ دەبوون. ناوچەی قەسری شیرین خاوەن کەش و هەوایەکی گەرمەسێرییە. هەرلە بەر ئەوەش بووە کە هۆزەکانی کەڵهووڕ و سنجاوی لە زستاناندا دەهاتنە ئەو دەڤەرە بۆ بە خێو کردنی مەڕ و ماڵاتەکانیان .  لە قەسری شیرین و چەند گوندێکی سەر بە ئەم شارە خەڵکی سۆرانی زمان بوون و هەر ئێستەش کۆمەڵێک لە گوندەکانیان پاش شەڕ و ئاوارەیی ئاوەدان بوونەتەوە. لە ڕاستیدا ئیستە زۆر زەحمەتە کە بزانی پێکهاتەکانی شاری قەسری شیرین چۆنە، کام پێکهاتە زۆرینەیە و کام کەمینەیە. کارەساتی شەڕ و کاولکاری و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی بە جۆرێکە کە قەسری ئەمڕۆ لە گەڵ قەسری پێش لە شەڕی عێراق- ئێران زۆر جیاوازترە. هێشتا بەشێک لە دانیشتوانی کەڵهووڕی ئەم شارە لە گێڵانی ڕۆژئاوا و شوێنەکانی تری پارێزگای کرماشان و ئیلام دەژین و نە گەراونەتەوە بۆ شارەکەیان. هێشتا کە زۆر لە گوندە سنوورییەکان ئاوەدان نە بوونەتەوە. هێشتا  بەشێک لە سۆرانییەکانی ئەم دەڤەرە کە ئاوارەی عێراق بوون لە ئێرە و ئەوێ دەژین. ئەمە جگە لە ئەوەی کە هۆزی سنجاویش وەک جاران گەرمیان و کوێستان ناکەن و بە زۆری لە شوێنەکانی تری سەر بە کرماشان نیشتەجێ بوون. 

 لە ڕابردوودا بوونی سۆرانی (کە سونی مەزهەبن) لە شارەکەدا زۆر بەرچاو نەبوو. تەنیا یەک مزگەوتیان هەبوو بەناوی مزگەوتی قادری کە لە لایەن شێخ محەمەد تا‌هێر و شێخ عەبدولعەزیز (لە شێخانی سۆڵەیی) ئیدارە ئەکرا.  بێجگە لە نێوشار چەند گوندێک لە سەر سنوور هە بوون کە هەموو دانیشتوانەکەی سۆرانی بوون کە دواتر باسیان ئەکەین. بە گشتی باس لەوە دەکرێت کە پێش  شەڕی عێراق – ئێران شارستانی قەسری شیرین ١٢٠ گوندی لە خۆ گرتبووە بەڵام لە ئێستەدا تەنیا ٤٠ بۆ ٥٠ گوندێک، کەم تا زۆر ئاوەدان کراونەتەوە. ئەو هۆکارانە کە خەڵکەکە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە گوندەکانیان بریتین لە بوونی ئاسەواری مین و تەقەمەنی زۆری زەمانی شەڕ،  هاوکاری نەکردنی دەوڵەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری و قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی زیان لێ کەوتووی ئەو دەڤەرە.

شارستانی قەسری شیرین لە دوو بەخش و پێنج شارەدێ (دیهستان) پێکهاتووە کە بریتین لە:                                 بەخشی ناوەندی (مرکزی) کە ناوەندەکەی شاری قەسری شیرینە و ئەم دێهستانانە لە خۆ دەگرێت:
یەکەم شارەدێی (دێهستانی) نەسرئاوایە (نصرآباد) کە لە ئەم گوندانە پێکهاتووە: تازەئاوا، گەڕاوە (گڕاوە) نەیپان سەیفولا، نەیپان عەبدولا، ئیمام حەسەن خوار، ئیمام حەسەن سەر، ئیمام حەسەن ناوەراست،  بڕە، بۆرهەنجیران، کرکەڕەک، گەڕواە ئیسمائیل، سەید هەیاز، سەید زۆراو، سەید سەعید، تازەئاوا شێرعەلی و گەڕاوە نمرە دوو.
زۆرینەی دانیشتوانی ئەم گوندانە لە هۆزی کەڵهووڕ و سەر بە مەزهەبی شیعەن. باقییەکەشی لە هۆزی سنجاوین و سەر بە ئایینی یارین.
دووهەم دێهستانی فەتح ئاوایە کە لە ئەم گوندانە پێکهاتووە: کەڵانتەر، نەسرئاوا سەیدئەحمەد، نەسرئاوا سەید خەلیل، دار بەلووت، خەزاڵەخانم (شیرین ئاوێ)، تاماسب، نەسرئاوای سەید حاتەم بەفری، کۆشکەری، ئاخداخ، هەدایت، قلاچەرمک، باواهایی و یەک دوو گوندی تر. زۆرینەی خەڵکی ئەم گوندانە لە هۆزی سنجاوی و سەر بە ئایینی یارین. دوای ئەوان چەند ئاواییەکی سۆرانی نشین دێت کە سۆنی مەزهەبن کە لە ئەم گوندانە دەژین: هەدایەت. گوێکوڕی بەفری و خێلی شێرکە و خەزاڵەخانم و یەک دوو گوندی تر. جافەکان (سۆرانییەکان) کە سونی مەزهەبن بێجگە لە ئەم گوندانە لە چەند گوندێکی تر لە گەڵ سنجاوییەکان و کەڵهووڕەکان تێکەڵن و پێکەوە دەژین. هەر وەها لە چەند گوندێکی ئەم شارەدێیەشدا کوردانی هۆزی کەڵهووریش هەن.

سێهەم شارەدێی ئەڵوەنە کە لە حاڵی حازردا تەنیا ئەم گوندانەی ئاوەدانن: خەسرەوی و سەید داوود.                  خەڵکی ئەم گوندانەش لە هۆزەکانی کەڵهوور و سنجاوین. خەسرەوی لە دێر زەمانێکەوە  دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بووە لە نێوان تاران و بەغداد. لە بەرانبەری خەسرەوی لە بەشی ڕۆژهەڵات (ئێران)، گوندی مەنزەریە هەیە لە باشووری کوردستان لە تەنیشت شاری خانەقین. ئێستە ئەم دەروازەیە هاتووچۆیەکی زۆری لە سەرە لە نێوان بازرگانان و گەشتیارانی هەر دوو وڵاتی عێراق و ئێران.

بەخشێکی تری (ناوچەیەکی تری) سەر بە شارستانی قەسری شیرین بەخشی سۆمارە. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گشتی سەر بە هۆزی کەڵهووڕن کە بە هۆی شەڕی ئێران- عێراقەوە زۆربەیان لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون. بە پێێ سەرژمێری ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی کە لە ئەم ناوچەیە کراوە ژمارەی دانیشتوانی بەخشی سۆمار ١٤٧٧ کەس بووە کە لە ئەم دێهاتانە ئەژین: شتەران، مەمریک، مەمردوو، مەمرسێ، تاریوەن، سیاسیا، کوڵەجۆ، ناڵەشکێن، نەیپان، گەزێن، مەلاجافر، سەرئاسیاو، داروەیسالی، وەگەچ، شەرف شاە و نەفت شەهر. هەر وەک باسکرا خەڵکی ئەم دەڤەرە لە هۆزی کەڵهووڕن و شیعەمەزهەبن.

پێناسەیەکی کورتی شارۆچکەی وێران و چۆڵکراوی سۆمار

 

ئەم شارۆچکەیە کە سەر بە شارستانی قەسری شیرینە بە هۆکاری ئەوەی کە زۆر لە باشووری کوردستان و لە وڵاتی عێراق نزیک بووە لە گەل دەستپێکردنی شەڕی عێراق- ئێران (١٩٨٠- ١٩٨٨) لە لایەن سوپای عێراقەوە داگیر دەکرێت. هەر بە ئەم هۆیەوە ئەو شارۆچکە و هەموو دێهاتەکانی دەکەونە بەر شاڵاوی هێرشی سوپای عێراق و خەڵکەکەی ناچار دەبن کە زێدی خۆیان بە جێ بهێڵن و بەرەو ناوچەکانی تری وەک کرماشان، گێڵانی ڕۆژئاوا، ئەیوان و تەنانەت ئەسفەهان بڕۆن و لە ئەو شوێنانە نیشتەجێ ببن.
سۆمار کە لە ١٥ کیلۆمتری ڕۆژهەڵاتی شاروچکەی مەندەلییە (لە باشووری کوردستان) هەڵکەوتووە لە نێوان بەرزاییەکانی سارات، چیائامان، و ئاردوبان. هەروەها بەرزاییەکانی گێسکە وکۆنەریگ هەروەک دیوارێکی بەرز لە لای بەشی ڕۆژئاواوە لە سەر سنووری دەسکرد لە گەل باشووری کوردستان، شاریان لە ئامێز گرتووە. سۆمار نزیکترین  ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە گەڵ شاری بەغداد. لە زستاناندا ئەم ناوچەیە هەوایەکی گەرم و مامناوەندی هەیە و بۆ کشت وکاڵ، باخداری و ئاژەڵداری زۆر موناسبە.  بۆ نموونە بەرهەم هێنانی خورما و ترێ لە ئەم دەڤەرە زۆر بەرچاو بووە.

سۆمار لە مانگی ڕەزبەری (مهر) ١٣٦٦ هەتاوی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکەوێتە بەر هێرشی چەکی شیمیایی و خەڵکێکی زۆری بێ تاوانی لێ دەکوژرێت. ئەم شارە لە برواری ٨-٥-١٣٦٧ هەتاوی لە دەستی عیراقییەکان دەردەهێنرێتەوە.  هێشتا ئەم ناوچەیە ئاوەدان نەبووەتەوە، لە بەر زۆر هۆکار کە بریتین لە:

 یەکەم: ناوچەیەک بە پانتایی هەزار هکتار چێنراو بە مین کە هێشتا پاک نەکراوەتەوە.                              دووهەم: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نایەوێت ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە بەو جۆرەی کە خەڵکەکەی دەیانەوێت.

خەڵکی سۆمار هەر وەک باس کرا بە زۆری سەر بە هۆزی کەڵهووڕن.

ئەم ناوچەیە خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری گاز (غاز) و نەوتە، بەتایبەت لە ناوچەی نەفت شار (نفت شهر) کە هەر ئێستە لە حاڵی بەرهەم هێناندایە. نەفت شار کە لە زەمانی پاشایەتیدا بە نەفت شاه دەناسرا لە یەک کیلۆمتری ڕۆژهەڵاتی نەفتخانەیە لە باشووری کوردستان لە نێوان شارەکانی خانەقین و مەندەلی.

سروشتی ناوچەی قەسری شیرین

قەسری شیرین ناوچەیەکی گەرمەسێرییە. لە هاویناندا پلەی گەرما لە ئەم دەڤەرە بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتە ٥٠ دەرەجەی سانتیگراد و لە زستاندا پلەی گەرما بە زۆری لە دەورو بەری ١٠ بۆ ١٥ دەرەجە دەبێت. ئەم ناوچەیە  بە هۆی ڕووباری ئەڵوەنەوە زۆر باخ و باخاتی وەک لیمۆ، پورتەقاڵ و ترێ (هەنگوور) و میوەجاتی تری لێهەبووە.      لە زستاناندا لە زۆر جێگای تری ئێرانەوە خەڵک دەهاتن بۆ ئەم دەڤەرە بۆ بە سەر بردنی پشووی سەری ساڵ و نەورۆز.

ئەم دەڤەرە لە لای ڕۆژهەلاتەوە کەوتووەتە تەنیشت چیای بازی دەراز و لە لای ڕۆژئاواشەوە کەوتووەتە لای چیا و بەرزاییەکانی ئاخ داخ کە هاوسنوورە لە گەڵ ناوچەی خانەقین لە باشووری کوردستان. ڕووباری ئەڵوەن کە لە شاری سەرپێلی زەهاو تێدەپەڕێ دوای مەودایەکی ٢٠ بۆ ٣٠ کیلۆمتری دەگاتە شاری قەسری شیرین و لە ئەوێشەوە بەرەو خانەقین مل ئەنێت. لە ئەو مەسیرەدا چەندها گوند بە دی دەکرێت کە لە تەنیشت ئەم رووبارە ژیان و گوزەران ئەکەن.

باری ئابووری

خەڵکی ئەم ناوچەیەش تا پێش لە شەڕی عێراق – ئێران هەر وەک شوێنەکانی تر بە کشت و کاڵ، باخداری، ئاژەڵداری، کرێکاری، کەسابات و بە تایبەت قاچاخ فرۆشی (کاڵای عێراقییەوە) بژێوی ژیانیان بە دەست دەهێنا. ئێستەش دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و خەسرەوی سەرچاوەیەکی باشن بۆ ئابووری خەڵکی دەڤەرەکە. هەروەها لە ڕابردوودا چەندەها کوورەخانەی گەچ و خشت بڕین لە ئەم دەڤەرە هەبوون کە سەدان کرێکار لە سەریان کاریان دەکرد. جگە لە ئەمانە، لە بەشێک لە ناوچەکە (سۆمار و نەفت شار) سەرچاوەی گازی سروشتی و نەوت هەیە. ئەگەر چی خەڵکی ناوچەکە سوودی پێویستی لێ نابینن. سەرەڕای هەبوونی ئەم هەموو سەرچاوە ئابوورییانە بەڵام خەڵکەکەی هەژارن. ڕژیم سەرچاوە نەوتییەکانی ئەم دەڤەرە بۆ ئامانجەکانی تری خۆی بەکاردێنێت.

‌‌

مێژووی قەسری شیرین

نێو لێ نانی ئەم شارە بە قەسری شیرین بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێنەوە کە کاتی خۆی کە خەسرەو پەرویزی ساسانی (پادشای ئەو کاتی وڵاتی ئێران لە نێوان سالەکانی ٥٩٠ بۆ  ٦٢٨ زایینی) کە لە گەڵ شیرین (کە کچێکی سریانی و مەسیحی بووە و زۆر جاریش بە شیرین ئەرمەن ناسراوە.) ژیانی هاوسەری پێکدێنێ، لە ئەم ناوچەیە کلیسایەک و قەسرێکی یەک جار خۆش و گەورە دروست ئەکات بۆ شیرین و هەر بە ئەم هۆکاریشەویە کە ئەم شارە ناو نراوە قەسری شیرین.  بە پێی سەچاوە مێژووییەکان پێشتر ئەم شارە نێوی بت لشپر بووە ودواتر بە ئەو هۆکارەوە کە پێشتر باسمان لێوە کرد نێوەکە گۆڕدراوە بۆ قەسری شیرین. بەم شێویە مێژووی قەسری شیرین دەگەڕێتەوە بۆ  پتر لە ١٣٠٠ سال. لە مێژووی ئەم شارەدا خەڵکانی زۆری ئەم لا و ئەولا هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. لە ئەو هۆز و عەشرەتانەی کە بە درێژایی مێژووی ( ئەم شارە) هاتوونەتە ئەم دەڤەرە، دەکڕێت بە خەڵکانی قزڵ ڕەبات، وەرمەزیار، باجەڵان، بەرزەنجە  کە ئێستە بە زۆری لە بەشی باشوورن و خەلەج لە هەمەدان، کاشان، ئیلام (لەک و لووڕ) لە زەهاو، لە کرند. لە بێوەنیژ و هەر وەها لە هۆزەکانی کەڵهوور و سنجاوی هاتوونەتە دەڤەری قەسری شیرین. ئەم خەڵکانە سەرە ڕای ئایین و مەزهەبی جیاواز وەک شیعە، سونی، یارسان و لە دەورانێکیشدا هەبوونی خەڵکانی سەر بە ئایینی یەهوودی لە دەڤەرەکە، هەموو وەک  کەسی یەک پێکەوە ژیاون. بە گشتی تا پێش لە شەڕی عێراق- ئێران قەسری شیرین شارێک بوو کە هەم شارستانیەت و هەم جوانییەکی بێوێنەی پێوە دیار بوو. هەبوونی دار خۆرمای زۆر و کەش و هەوای گەرم لە زستاناندا لە گەڵ سروشتێکی زۆر باش بۆ کشت و کال و ئاژەڵداری لە ئەو هۆکارە گرنگانە بوون کە خەڵکانێکی زۆر بە درێژایی مێژوو ڕوویان لە ئەم ناوچەیە کردووە.
چەند بینایەکی کۆنی دەورانی ساسانی وەک عەمارەتی خەسرەو (کۆشکی خەسرەو) و چوار تاقییەک کە دەوارن دەوری بە باخ و باخات گیرابوو یەک لە پێناسەی ئاسەوارە هەرە کۆنەکانی ئەو دەڤەرەیە. بە پێی ئەو سەرچاوانەی کە کاک نەریمان سوبحانی لە کتێبەکەیدا کە لە سەر مێژووی ئەم شارە کوردییە پشتی پێ بەستووە، بە داخەوە ئەم دەڤەرە دەکەوێتە بەر هیرشی تازییەکان و بە گشتی وێران دەبێت.  لە وانەیە مەبەستی نووسەر لە هێرشی تازییەکان، عەرەبەکان بوو بێت کە لە زەمانی خەلافەتی خەلیفەی دووهەمی ئیسلام عومەری کوڕی خەتاب بۆ پەرەپێدانی دەسڵاتدارەیەتی ئایینی ئیسلام لە زەمانی خەسرەو پەرویزی ساسانیدا هێرشیان کردوەتە سەر ئێران کە بوو بە هۆی لە نێوچوونی دەسڵاتی ساسانی و دینی زەردەشتی و بە ئیسلام کردنی کۆمەڵگای ئێران. بۆ ئاگاداری خوێنەر لە ئەو کاتە بە دواوە بۆ ماوەی نزیک بە ٨٠٠ ساڵ ئێران دەکەوێتە ژێر دەسڵاتی خەلیفەکانی ئۆمەوی و عەباسی (لە نیوان سەدەی ٧ بۆ ١٥ زایینی).

کاریگەری شەری عێراق- ئێران لە سەر قەسری شیرین

شاری قەسری شیرین یەکەم شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بوو کە لە گەڵ دەست پێکردنی شەڕی ئێران و عێراق کە  لە گەڵ یەکەم  هێرشی ئەرتەشی عێراق بۆ سەر ئێران (١٣٥٩) داگیر دەکرێت و هەموو شار لە ماوەیەکی کورتدا وێران و تاڵان دەکرێت.

دەیگێڕنەوە کاتێک عێراق شارەکە داگیرئەکات، بیجگە لە بینایەک (مزگەوتێک) نەبێ کە ئەویش بۆ بە کار هێنانی ئیش و کاری عەسکەری، هەموو بینا و خانووی شارەکە تەختی عەرز دەکەن و هەموو سەروەت و سامانی خەڵکی ئەو شارە بە تالان ئەبەن. خەڵکی شاری قەسری شیرین لە ئەو هێرشەدا تەنیا توانیان گیانی خۆیان دەرباز بکەن و بە گشتی شارەکەیان بە جێ دەهێڵن و روو دەکەنە ناوچەکانی دیکەی دەڤەرەکە. تەنانەت زۆر جار بیستوومانە خەڵکانێک و لە ئەوان ژن و کچیش بە دەستی سەربازە عێراقییەکان بە دیل دەگیرێن و تا ئێستەش لە چارەنووسیان هیچ خەبەرێک نە بووە. لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی عێراق و ئێران (١٣٦٧) خەڵکی شاری قەسری شیرین بە ڕێژەیەکی نە چەندان زۆر ڕوو دەکەنەوە شارە وێران کراوەکەیان و دەست دەکەنەوە بە ئاوەدان کردنەوەی. بۆ زانیاری زیاتری خۆێنەر تا ئێستەش زۆری ماوە کە ئەم شارە و دێهاتەکانی بە تەواوی ئاوەدان ببنەوە.

زۆر بە داخەوە لە ئەو شەڕەدا تەنیا ماڵ و ژیانی خەڵک و تەنانەت گیانی کەسانێک نەبوو کە تێداچوون، بەڵکوو هەموو ئاسەوارە کۆنەکانی شارەکەش بە گشتی لە نێو چوون. جوانی و ڕووخساری شارەکە لە نێو چوو. 

لە زەمانی پێش لە شەڕدا شاری قەسری شیرین، شاری کەسابەت، شاری گەشت و گەشتیاری بوو. لە زستاناندا گەرم و لە بەهاراندا بە هەزاران خێزان لە سەرانسەری ئێرانەوە ڕوویان لە ئەم ناوچەیە دەکرد و پشووی نەورۆزیان لە دەشتە پڕ لە گوڵ و سەوزەڵانیەکانیدا بە سەر دەبرد و لە کاتی چوونەوەشدا، سەوقاتیان لە شاری قەسر دەکڕی کە هەمووی جنسی خارجی بوو، کە ئەو کات لە ڕێگای قاچاخەوە دەهێنرایە شارکە.

 مێژووی  رامیاری (سیاسەت)

خەڵکی قەسر خەڵکێکی سیاسی و پێشکەوتوو بوون. لە ڕاپەڕینەکانی دژ بە نیزامی پاشایەتی چاڵاکانە ىەشدار بوون. دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی محەمەد رەزا شایش بە کەمی ڕوویان لە لایەنە ئیسلامیەکان کرد کە ئایەتوڵا خومەینی ڕابەرایەتی دەکردن. تا ئازادییەکانی خەڵک لە لایەن دار و دەستەکەی ئایەتوڵا خومەینییەوە بە تەواوی سەرکووت نەکرا بوو، قەسرییەکان بە زۆری لە گە ل ڕێکخراوەکانی وەک موجاهید، تودە، چریکی فیدایی، جبهەی میللی و ڕیکخراوە چەپەکانی تری ئەو سەردەمەدا بوون. بەڵام  بە هۆی نەبوونی پێشینەی چالاکی حیزبی کوردی، قەسرییەکان جێگەیان لە نێو حیزبە کوردییەکاندا بە خاڵی مایەوە. من بۆ خۆم بە هۆی کارەکەمەوە (لە شیرکەتی تەعاون ڕووستاییدا کارم دەکرد) و زۆر کات لە قەسر دەبووم لە بیرمە کاتێک کە لە نەورۆزی ١٣٥٨ هەتاوی (٣٩ بۆ ٤٠ ڕۆژ دوای ڕووخانی رژیمی پاشایەتی) کاتێک کە پادگانی سنە لە جیاتی نەورۆزانە، شاریان دایە بەر خومپارە و دەستڕیژی چەکی جۆراوجۆر، کە بەو هۆیەوە خەڵکیکی زۆری بێتاوان بوونە قوربانی، لە لایەن تێکۆشەرانی شاری قەسرەوە کە بە زۆری سەر بە چریکە فیداییەکان بوون چەند ماشین پڕ لە دەرمان و خواردن بەڕێکرا بۆ سنە، بەڵام لە لایەن پاسگای  پاتاقەوە          (هەڵکەوتوو لە نیوان ڕێگای سەرپێڵ و کرند) کە لە لایەن کۆمیتەی حیزبووڵڵایەکانە ئیدارە دەکرا، دەستی بە سەرداگیرا.

سپاس و پێزانین!

جێگای خۆیەتی کە سپاسی ئەم بەڕێزانە بکەم کە لە سەر ئەم بەشەی نووسراوەکەم یارمەتییان داوم.

کاک حەمیدی تەیمووری کە لە سەر مێژووی قەسری شیرین بە کەڵک وەرگرتن لە یەک دوو سەرچاوە  یارمەتی داوم. کاک عەزیزی پیری کە لە سەر دانیشتوانی گوندەکانی دەور و بەری قەسر زانیاری پێویستی پێ بەخشیوم. هەر وەها پێی ڕاگەیاندووم کە لە باتی وشەی دێهستان وشەی شارەدێ بە کار بووەم.  کاک حاجی ئەحمەد پێرە  کە خەڵکی چەند گوندێکی ناوچەکەی پێ ناساندووم.

بەشی حەوتەم لە سەر شارستانی گێڵانی ڕۆژئاوایە. تکایە چاوەروان بن!                                                     عەلی قەنبەری

سەرچاوەکان

نەقشەی ئێران لە چاپدراوی ١٣٨٥ هەتاوی. سایتی ویکی پێدیا، کە ئەویش لە زۆر سەرچاوەی نێوخۆیی کەڵکی وەر گرتووە. کتێبی شاری مێژوویی قەسری شیرین (بە فارسی) لە نووسینی بەڕێز نەریمان سوبحانی و زانییارییەکانی نووسەر (خۆم) لە سەر ناوچەکە.

{jcomments off}

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی