( به‌سه‌رهاتی ره‌زگار بوونی 106 په‌نابه‌ری ئێرانی له زمان خۆیانه‌وه) که له خواره‌وه ئه‌بینن، وه‌رگێڕانی نووسراوه‌یه‌کی فارسییه له گۆڤاری (همبستگی – هه‌مبه‌سته‌گی)
له‌ژێر سه‌ردێڕی( داستان نجات 106 پناهنده ایرانی از زبان خودشان) له ساڵی 1992 چاپکراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی فارسییه‌که‌م باش نییه، تکایه وه‌ک هۆنه‌ری وه‌رگێران لێی مه‌ڕوانه، من وه‌رگێڕ نیم!
پێش ئه‌وه‌ی برۆینه سه‌ر (خودی بابه‌ته‌که) سه‌ره‌نجتان بۆ ئه‌و چه‌ن دێڕه رائه‌کێشم:
مێژوو
مێژوو چییه؟ مێژوو بریتییه له رووداوه‌کان. چه‌ن جۆر مێژوو هه‌یه.
مێژووی جهانی، ئه‌م مێژووه بریتییه له رووداوه‌کانی جهان.
مێژووی ناوچه‌یی، ئه‌م مێژووه رووداوه‌کانی ناوچه‌یه‌ک له خۆیدا کۆئه‌کاته‌وه.
مێژووی شارێکیش بریتییه له رووداوه‌کانی ئه‌و شاره.
پێمانخۆش بێ یا ناخۆش، ژیانی مرۆڤ له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه یه‌کده‌س نه‌بووه و نییه، جیاوازییه‌کی زۆری بووه و هه‌یه!
جیاوازییه‌کانی ئه‌مڕۆی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا دراوسێکه‌ی به چاو ئه‌بینرێ و هه‌ستی پێئه‌کرێ، به‌ڵام جیاوازی پێشووی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه که ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووه و تێپه‌ڕیون چۆناوچۆنان مرۆڤ له ئه‌مڕۆدا هه‌ستی پێ‌بکات و لێیان ئاگادار بێت؟
وه‌ڵام ئه‌و پرسیاره له سنگی مێژوو دایه. مێژوو مرۆڤێکی زیندووی سه‌د ساڵه، هه‌زار ساڵه و یه‌کملیۆن ساڵه نییه که دانێشێ و به‌سه‌رهاتی کۆمه‌ڵگاکانمان بۆ بگێڕێته‌وه و زانیاری بخاته به‌رده‌سمان. ئه‌و مێژووه زیندووه که بتوانێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه و مرۆڤی ئه‌مڕۆ له رووداوه‌کانی پێشوو ئاگادار بکات، پێی ئه‌ڵێن (په‌رتووکی مێژوویی) مێژوونامه.
لێره‌دا پێویسته بزانین، جیاوازی کۆمه‌ڵگاکان هه‌ر ئه‌و ژیان و به‌سه‌رهاتانه نییه که له رێگای مێژوونامه‌وه ئه‌که‌وێته روو، به‌ڵکو گرنگترین جیاوازی کۆمه‌ڵگاکان له خودی مێژوونامه‌کان دایه! هه‌ر مێژوونامه‌یه‌ک به‌پێزتر بوو، ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوو ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا بایه‌خیان داوه به رووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیان و ده‌وروبه‌ر‌یشیان.
ئه‌گه‌ر بڵێم (مێژوونامه‌ی) کورد و کوردستان له باری (کۆمه‌ڵایه‌تی، پیشه‌ی، فه‌رهه‌نگی، وێژه‌ی و سیاسی و …یه‌وه) به‌رانبه‌ر به (مێژوونامه‌ی) نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێی کوردستان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی گۆی ئه‌م زه‌وییه پیر و به‌ته‌مه‌نه لاوازترین، بێپێزترین و بێهێزترین مێژوونامه‌یه پێموانییه به تاوانبارم بزانی، به‌ڵکو لایه‌نگری ئه‌و باسه ئه‌بیت. به‌و هیوایه به‌رانبه‌ر به رووداوه‌کانی کوردستان له‌وه زیاتر که‌مته‌رخه‌م نه‌بین.
ئه‌م باسه که به‌ناوی: له یادی بیست ساڵه‌ی تێکشانی (پێلانێکی ئێران و تورکییه) به هێزی خه‌ڵکی سته‌مدیده و مرۆڤدۆستی شاری ئۆزالپ (Ozalap) ئه‌که‌وێته به‌ر ده‌ستان، کارێکه که (که‌سایه‌تی و که‌رامه‌تی 106 که‌سی له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه و سووکایه‌تی پێکردن) ده‌ربازکردوه، کارێکه که (گیانی 106 که‌سی له په‌تی خنگاند و مه‌یدانی گولله‌بارانکردن) هێناوه‌ته ده‌ره‌وه! ئه‌و کاره که له شاری ئۆزالپ ئه‌نجامدراوه، ئه‌گه‌ر له وڵاتێکی دیکه و له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا رووی بداێت، کتێبی له‌سه‌ر ئه‌نووسرا، فیلمی سینمایی لێ‌ساز ئه‌کرا، شانۆی لێدورست ئه‌کرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی که‌مته‌رخه‌می ئێمه‌ی کورده‌وه که‌وتوه‌ته خانه‌ی فه‌رامۆشی.
لێره‌دا رووی ده‌مم له تۆیه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له تۆیه‌ک که له‌ناو ئه‌و (106) که‌سه‌دا بوویت و ئێستا به ئازادی ئه‌ژیت، ئێستا وای له کۆڕی ژیاندا، له هه‌ر حیزب و رێکخراوێکدا هه‌ی یا نیت سه‌باره‌ت به‌و چه‌ن رۆژه، سه‌باره‌ت به‌و رووداوه (چی ئه‌زانیت، چیت له‌یاد ماوه، ناوی ئه‌و که‌سانه که له‌و کاروانه‌دا به‌ره‌و کاروانی نه‌مان ئه‌بران چی بوو، خه‌ڵکی کوێ بوون، باری ژیان و ته‌مه‌ن و ته‌ندورستییان چۆن بوو، هه‌روه‌ها کاردانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکییه به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی شاری ئوزالپ که ئه‌و پیلانه‌یان تێکشکان چۆن بووه، بینووسه با تاکه لاپه‌ڕه‌یه‌کیش بیت، به کوردی بێت یا فارسی… بینووسه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر وێنه‌ێکت سه‌باره‌ت به‌و چه‌ن رۆژه هه‌یه) بیانخه فه‌یسبووکه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ نووسه‌ری ئه‌م چه‌ن لاپه‌ڕه‌یشیان ره‌وانه بکه‌ی سپاست ئه‌که‌م، به‌ڵکو وه‌ک کارنامه‌ێکی بچکۆله‌ی شاری ئوزالپ ببێت به چه‌ن لاپه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌نترنێتی. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌یش بکرێ له په‌نای ئه‌وه‌دا خزمه‌تێک به‌و شاره کراوه، به‌ڵام وه‌ک پێشینان ئه‌ڵێن: نانی خۆیانه له‌سه‌ر خوانه‌که‌یان!
به هیوای ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره.
***
به‌سه‌رهاتی ره‌زگار بوونی 106 په‌نابه‌ری ئێرانی له زمان خۆیانه‌وه
هه‌روه‌ک ئاگادارن ماوه‌یه‌ک پێش ده‌وڵه‌تی تورکییه به‌پێی رێکه‌وتنێکی نهێنی ویستی 106 په‌نابه‌ری ئێرانی بداته‌وه به کۆماری ئیسلامی. ئه‌م بابه‌ته‌ی که لێره‌دا ئه‌که‌وێته به‌رده‌ستان وتووێژێکه له‌گه‌ڵ که‌سێک له‌و 106 که‌سه که پۆلیسی تورکییه ده‌ویست بیداته‌وه به ئێران. به‌هۆی گیروگرفتی ئه‌منییه‌تییه‌وه چاوپۆشی له نووسینی ناوی ئه‌و که‌سه ئه‌که‌م، تکا ئه‌که‌م ئێوه‌یش له نووسینی ناوی من له گۆڤاری (همبستگی)دا چاوپۆشی بکه‌ن.
پرسیار: باسی (دیپۆرت) واته وه‌ده‌رنانی ئێوه له کوێوه ده‌ستی پێ‌کرد؟
وه‌ڵام: ئێمه هه‌موو پێنجشه‌ممه‌یه‌ک بۆ ئیمزاکردن ئه‌چووینه بنکه‌ی پۆلیس. رۆژی پێنجشه‌ممه 9ی ژانویه که بۆ ئیمزاکردن چووینه بنکه‌ی پۆلیس، به من و هه‌ندێ له دۆستانی دیکه‌یان وت: رۆژی 13ی ژانوییه واته دووشه‌ممه‌ی داهاتوو بێنه‌وه ئێره تا له‌و رۆژه‌دا دابه‌ش بکه‌ین به‌سه‌ر شاره‌کانی دیکه‌دا. ئه‌م کاره پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی ئه‌وان بوو، چوون پێشتر ئه‌گه‌ر بیانویستایه‌ت په‌نابه‌رێک بۆ شارێک ره‌وانه بکه‌ن ناوی شاره‌که‌یان به‌و که‌س ئه‌وت، به‌ڵام ئه‌و رۆژه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێوتین: له رۆژی 13ی ژانوییه‌دا ئێوه دابه‌ش ئه‌کرێن و پێویسته له‌و رۆژه‌دا لێره بن.
ئێمه، ئه‌و 106 که‌سه به ژن و پیاو و مناڵه‌وه له‌و رۆژه‌دا له‌وێ ئاماده بووین، پاش تێپه‌ڕبوونی یه‌ک کاتژمێر بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌مانێرن بۆ شاری وان، پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌م که پێشتر هیچ په‌نابه‌رێک بۆ ئه‌و شاره ره‌وانه نه‌کرا بوو. ئه‌م کاره بۆ ئێمه جێکه‌ی بیرکردنه‌وه بوو. پێیان راگه‌یاندین: هه‌ر که‌سێک شتومه‌کی خۆی نه‌هێناوه خێرا بڕوات بیهێنێت با ره‌وانه‌تان که‌ین.
ده‌وربه‌ری 5/2 پاشنیوه‌ڕۆ بوو که دوو ئوتوبووس هاتنه مه‌یدانی بنکه‌ی پلیس و ماشینه‌کانیان وه‌ها راگرتبوو که که‌سێک له ده‌ره‌وه نه‌توانێ ئێمه ببینێت. پاشان کوتیان سوار بن با رێکه‌وین، به‌ڵام ئێمه ئاماده نه‌بووین سوار بین، کوتمان شاری وان له سنووری ئێرانه‌وه نزیکه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره کۆماری ئیسلامی زیانمان پێبگه‌ێنێت. پلیس کوتی ئه‌و شاره‌یش وه‌ک شاره‌کانی دیکه‌یه و په‌نابه‌ر ئه‌توانێ تێیدا بژی، هه‌روه‌ها کوتیان بڕیاردراوه (500) که‌سی دیکه‌یش بۆ ئه‌وێ بنرێن. پاش مشتومڕێکی زۆر له‌گه‌ڵ پۆلیسدا له کاتژمێر 3ی پاشنیوه‌ڕۆدا به زۆره‌ملی سواری ماشینیان کردین و به‌ره‌و شاری وان به‌ڕێ که‌وتین.
پرسیار: ئایا (کۆمیساریای سازمان ملل بۆ کاروباری په‌نابه‌ران له ئانکارا و شورای په‌نابه‌رانی ئێرانی له تورکییه ئاگایان له‌م کاره بوو؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ، پاش ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رکه‌وت بۆ شاری (وان)مان ئه‌نێرن، هه‌م (UN) و هه‌م شورای په‌نابه‌رانی (ئانکار)مان ئاگادار کرد. به‌ڵام (UN) له وه‌ڵامدا کوتی کاری دابه‌شکردنی په‌نابه‌ران به‌سه‌ر شاره‌کاندا پێوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه، ئه‌وه کاری ده‌وڵه‌تی تورکییه و ئه‌وان بڕیار ئه‌ده‌ن، ئێمه ناتوانین هیچ بکه‌ین. شورای په‌نابه‌رانیش چه‌ن جار پێوه‌ندی به (UN)ی ئانکاراوه کرد، به‌ڵام وه‌ڵامه‌که‌یان هه‌ر ئه‌وه بوو، بۆ ئه‌وانیش.
هه‌ر ئه‌و کاته له‌گه‌ڵ (فه‌رهاد به‌شارت) به‌ربرسی فدراسیۆن قسه‌مان کردبوو، باسه‌که‌مان بۆ ئه‌وانیش به‌یان کردبوو، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا کوتبووی به‌هه‌ر جۆرێک بێت ئه‌بێت رێگا نه‌ده‌ین ئه‌و کسانه بۆ شاری وان ره‌وانه بکه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی پۆلیسه‌کان زۆر بوو ئێمه نه‌مانئه‌توانی کارێک بکه‌ین. ته‌نیا کارێک که توانیمان ئه‌نجامی بده‌ین ئه‌وه بوو، پێش رێکه‌وتن به‌ره‌و شاری وان ناوی ئه‌و 106 که‌سه‌که‌مان نووسی و دامان به نوێنه‌ری شورای ئانکارا که بۆ خۆی له‌لامان بوو.
پرسیار: له ناو رێگا چی روویدا؟
وه‌ڵام: هه‌ر چه‌نده له وان نزیک ده‌بووینه‌وه زه‌بروزه‌نگی پۆلیس زیاتر ده‌بوو. له نێو رێگا کاتی نانخواردن زۆر که‌م بوو، رێگایان پێنه‌ئه‌داین له ماشین بچینه خواره‌وه، کاری زه‌بروزه‌نگ وه‌ها بوو دایان له چه‌ن که‌سیش.
پرسیار: که‌ی گه‌یشتنه شاری وان و له‌وێ چی روویدا؟
وه‌ڵام: ده‌وروبه‌ری 2ی پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی 10ی ژانوییه گه‌یشتینه وان، ئێمه‌یان برده (ئه‌منی سه‌را)، کوتیان ئه‌تانبه‌ین بۆ ئۆردووگایه‌ک (که‌مپ) ئه‌و ئۆردووگا 20 ده‌قێقه له شاره‌وه دووره.
پرسیار: ئایا هه‌ستان به‌و نه‌کردبوو که ئه‌یانه‌وێ ده‌رتان بکه‌ن؟
وه‌ڵام: نا، چون هیچکاتێک بیرمان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که زیاتر له 100 که‌س به مناڵه‌کانیانه‌وه بده‌نه‌وه به ئێران.
پرسیار: ئه‌ی که‌ی به‌وه‌تان زانی که ئه‌یانه‌وێت ده‌رتان بکه‌ن؟
وه‌ڵام: ماشینه‌که‌مان زۆر له وان دوور که‌وتبووه، ئه‌وه ماوه له‌گه‌ڵ ئه‌و ماوه‌ی که به ئێمه‌یان کوتبوو زۆر زیاتر بوو. هه‌ر چه‌ن کات تێئه‌په‌ڕ ئه‌بوو ئێمه ئه‌که‌وتینه شک و گومان و دڵه‌ڕاوکه‌وه، چون ئۆردووگایه‌ک له‌و ناوه‌دا نه‌بوو، به‌ره‌به‌ره باسی دیپۆرت هاته ئاراوه، له‌و کاته‌دا گه‌یشتینه شارێکی بچکۆله به‌ناوی ئوزالپ (Ozalap).
پرسیار: ئوزالپ له کوێیه و له‌وێ چی روویدا؟
وه‌ڵام: ئوزالپ له 20 کیلۆمتری سنووری ئێران دایه… کاتێ گه‌یشتینه ئه‌وێ ماشینه‌که‌ی ئێمه راوه‌ستا و چاوه‌ڕوانی ماشینه‌که‌ی دیکه بوو تا بگات. له‌و کاته‌دا خه‌ڵکێکی زۆر له ده‌ور ماشینه‌که‌ی ئێمه کۆبووه‌وه. خه‌ڵکی ئه‌و شاره کورد زمان بوون، ئێمه‌یش زۆربه‌مان کوردیمان ئه‌زانی. هه‌ر ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه بزانین که ئه‌یانه‌وێت بمانده‌نه‌وه به ئێران، چون خه‌ڵک له پۆلیسه‌کانیان پرسی بوو: ئه‌مانه کێن و بۆ کوێ ئه‌ڕۆن؟
پۆلیس له وه‌ڵامدا کوتبووی ئه‌مانه ئێرانین، هه‌موویان دزن و ئه‌مانه‌وێت بیانده‌ینه‌وه به ئێران.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆر بوو له ماشینه‌که‌دا بووین به بیانوی ئه‌وه‌ی که ماندووین، کوتمان با چه‌ن ده‌قێقه‌یه‌ک بڕۆینه خواره‌وه تا ئێش و ئازاری له‌شمان ده‌رچێ، به‌ڵام پۆلیس رێگای نه‌ده‌دا، ئیتر له‌گه‌ڵ پۆلیس ده‌سته‌ویه‌خه بووین، له‌و کاته‌دا ماشینه‌که‌ی دیکه گه‌یشته لامان، باسه‌که‌مان بۆ ئه‌وانیش گێڕایه‌وه، پاشان بوو به شه‌ڕوکێشه له‌گه‌ڵ پۆلیسدا. به‌هه‌ر جۆرێک بوو له ماشین دابه‌زین، له‌م کاته‌دا خه‌ڵکی ئه‌و شاره زانیان که ئێمه دزد نین و په‌نابه‌ری سیاسیین و ئه‌یانه‌وێت بمانده‌نه‌وه به کۆماری ئیسلامی.
داوای یارمه‌تیمان له خه‌ڵکی ئه‌و شاره کرد، پۆلیس له هه‌وڵ و کۆششی ئه‌وه‌دا بوو ئێمه سواری ماشین کاته‌وه، به‌ڵام کاتێک که ئێمه مه‌رگمان له رووبه‌رووی خۆماندا ده‌بینی که‌وتینه به‌رگریکردن، به‌ڵام به زۆره‌ملی سواری ماشینیان کردینه‌وه، شه‌ڕی و کێشه له‌گه‌ڵ پۆلیس به راده‌یه‌ک تونوتیژ بوو که (400) پۆلیسی دیکه‌یان هێنا، به باتۆم و کوته‌ک و تفه‌نگ په‌لاماری ئێمه‌یان ئه‌دا. ته‌نانه‌ت ژن و مناڵ و پیر و لاویش ده‌که‌وتنه به‌ر لێدان، کاری پۆلیسه‌کان گه‌یشته ئه‌و جێگه له ژنی دووگیانیشیان دا، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر هێرشی ئه‌واندا به‌رگریکردنی ئێمه‌یش له خۆمان زیاتر و زیاتر ده‌بوو. ئه‌م کاره تا شه‌و درێژه‌ی کێشا، له‌م پرۆسه‌دا تێکڕای خه‌ڵکی ئه‌و شاره هاتن به هانای ئێمه‌وه و بوون به یارمه‌تیده‌رمان له به‌رانبه‌ر پۆلیسدا و رێگایان نه‌ئه‌دا که پۆلیس بمانخاته‌وه ناو ماشین. نیوه‌ی په‌نابه‌ره‌کان به یارمه‌تی خه‌ڵک ده‌رباز بوون و له ماڵان مانه‌وه. له‌و کاته‌دا، له‌و پرۆسه‌دا پۆلیس هیچ چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌مابوو، ده‌سه‌ڵات به‌ده‌س خه‌ڵکه‌وه بوو، خه‌ڵک!
پلیس ئه‌یویست ئێمه ببات بۆ پادگان یا له سالۆنێکی گه‌وره‌ی خۆیان، به‌ڵام ئێمه و خه‌ڵکی ئه‌و شاره وتمان ئه‌مشه‌و تا رۆژ ئه‌بێته‌وه هه‌ر لێره ئه‌مێنینه‌وه، بۆ هیچ لایه‌ک ناڕۆین. ئه‌و شه‌وه سارد بوو، به‌فریش ئه‌باری، خه‌ڵک ئێمه‌ی برد بۆ ساڵۆنێک، ئه‌و شوێنه ساڵۆنی تیئاتری شاره‌که بوو، خۆیشیان له لامان مانه‌وه. له‌و کاته‌دا هه‌ر ئه‌وان بڕیارده‌ر بوون، هه‌ر ئه‌وان.
له چاوتروکانێکدا کۆمه‌ڵیکی زۆر نان، خوارده‌مه‌نی، میوه و شیری گه‌رمیان بۆ مناڵان هێنا و به شێوه‌یه‌کی مێهره‌بانه خزمه‌تیان ئه‌کردین. ها‌وکات پۆلیس ساڵۆنه‌که‌ی گه‌مارۆ دابوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه تا رۆژ لای ئێمه مایه‌وه و بۆ هیچ لایه‌ک نه‌رۆیشتن.
پرسیار: رۆژی دوایی چی هاته پێشه‌وه، چی روویدا؟
وه‌ڵام: هه‌ر ئه‌و شه‌وه نوێنه‌ری(UN) که که‌سێک بوو به‌ناوی (نه‌دیم) هاته ساڵۆنه‌که و کوتی به‌یانی ئێوه بۆ شاری وان به‌ڕێ ئه‌که‌ینه‌وه، خۆیشم ئه‌ڕۆم بۆ ئانکارا. بۆ به‌یانی به یارمه‌تی و رانمای خه‌ڵک ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که له ماڵان‌دا بوون، کۆکرانه‌وه و به‌ره‌و شاری وان به‌ڕێ که‌وتین، له وان ئێمه‌یان برده هۆتێلێک.
پرسیار: که وابێ مه‌ترسی ده‌رکردن و دیپۆرت کۆتایی پێهات؟
وه‌ڵام: نا، به‌س ئه‌ونده‌یان به ئێمه وت که جارێ له وان بمێننه‌وه تا له ئانکاراوه ئاگادارمان ئه‌که‌نه‌وه. له‌و کاته‌دا ئێمه به ته‌له‌فۆن هه‌موو جهانمان ئاگادار کرد، ژماره ته‌له‌فۆنی هۆتێله‌که‌مان دا به شورای په‌نابه‌رانی ئانکارا تا ئه‌وانیش له رووداوه‌کان ئاگادار بن، هه‌روه‌ها خۆیشمان ئاگاداری ئه‌و کارانه بین که ئه‌نجام دراوه. به‌ڵام ندیم نوێنه‌ری (UN) له‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ی له نوێنه‌رانی ئێمه کردبوو، وتبووی وه‌ده‌ریان ئه‌نێم. لێره‌دا ئه‌بێ بڵێم پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵک بوو که پاشه‌کشه‌ی به‌وان کرد. به ئێمه‌یان وت که 2 رۆژی دیکه روبرت(Robert) نوێنه‌ری (UN) دێت بۆ وان. ئێمه به‌و قسه زۆر خۆشحاڵ بووین که نوێنه‌ری (UN) دێت تا ئێمه ببات بۆ ئانکارا. ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌و بووین، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌و جۆره نه‌بوو، هه‌ر ئه‌ونده‌ی که روبرت که‌یشبوو وان به هاوڕیانی ئێمه‌ی کوتبوو هێچ چه‌شنه کار و کاردانه‌وه‌یه‌کی وه‌ها نه‌که‌ن چون هێشتا باسی دیپۆرت له ئارادایه.
ئێمه 3 خواستی دیاریکراومان خسته به‌رده‌ستی (UN):
1 – گه‌ڕانه‌وه‌ی بێ شه‌رت و مه‌رج بۆ ئانکارا
2 – راگرتنی فه‌رمانی دیپۆرت و دابینکردنی ئاسایش و ئه‌منیت بۆ هه‌موو په‌نابه‌ران، چون هه‌ر ئه‌و (106)که‌سه‌ی ئێمه نییه، به‌ڵکو(500 ) که‌سی دیکه‌یش هه‌یه.
3 – به‌ڕیکردنی تێکڕای په‌نابه‌ران له تورکییه‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه که په‌نابه‌ر وه‌رئه‌گرن.
هه‌روه‌ها رامانگه‌یان ئه‌گه‌ر تا رۆژی(20)ی ژانوییه وه‌ڵامی ئێمه نه‌ده‌نه‌وه، ئیمه ده‌سئه‌که‌ین به مانگرتن و هیچ شتێک ناخۆین. رۆژی 20ی ژانوییه هاته‌پێشه‌وه له دواینیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌دا ئێمه‌یان بۆ ئانکارا به‌ڕێکرد.
پرسیار: شتێکی دیکه ماوه که خۆتان باسی بکه‌ن؟
وه‌ڵام: من ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و کۆششی خه‌ڵکی شاری ئوزالپ نه‌بوایه‌ت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر کاروچالاکی هاوڕێیانی دیکه‌مان له ئانکارا و دۆستانی دیکه له جهان که زه‌ختیان خسته سه‌ر به‌ڕپرسانی نێونه‌ته‌وه‌ی نه‌بوایه‌ت، ئێستا ئێمه له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌بووین. لێره‌دا ئه‌مه‌وێت له‌لایه‌ن خۆم و هاوڕێیانی په‌نابه‌ره‌وه سپاسی ئه‌و که‌سانه بکه‌م که له‌م کاره‌دا ره‌نجیان کێشاوه ، به‌تایبه‌ت ئه‌ندام و لایه‌نگرانی فیدراسیۆن و به‌ربرسی گشتی شورای په‌نابه‌ران و مهاجرینی ئێرانی که به‌ڕاستی زۆر ره‌نجیان کێشا.
***
تێبینی: ئه‌و نووسراوه فارسییه که له گۆڤاری (هه‌مبه‌سته‌گی)دا چاپکراو، وتووێژێکه له نێوان دوو که‌سدا، وه‌ک ئه‌زانین ناوی ئه‌و دوو که‌سه ئاشکرا نییه. به‌ڵام با له‌و په‌راگرافه‌ی خواره‌وه که له‌سه‌ره‌وه کراوه به کوردی بڕوانین:
اوزالپ در 20 کیلومتری مرز ایران است … هنگام وارد شدن ما به اوزالپ اتوبوس ما توقف کرد که اتوبوس دیگر برسد. در آن هنگام مردم زیادی دور اتوبوس ما جمع شدند. اهالی آن‌جا کرد زبان بودند و اکثریت ما هم کردی بلد بودیم. همین موضوع باعث شد که بفهمیم که در حال دیپورت هستیم.
ئه‌و په‌راگرافه جێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه، لێکۆڵنه‌وه له‌و په‌راگرافه به نووسراوه‌یه‌کی ساده و کورت نا، به‌ڵکو به نووسراوه‌یه‌کی ده‌یان لاپه‌ڕه‌یی ئه‌گاته ئه‌نجام که ئه‌وه‌یش خۆی ئه‌بێت به به‌شێک له مێژوومان!
سه‌عی سه‌قزی 14/5/2012
{jcomments off}