گومانی تێدا نییە کە ساڵیادی لەسێدارە دانی پێشەوای کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان قازی موحەمەد لە لای هەر کوردێک بەرز ڕادەگیرێت و لەم ڕۆژە دا بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان بە گشتیی یادی شەهیدەکانیان دەکەنەوە، حاشا لەوەش ناکرێت کە بەرز راگرتن و یادەوەری شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و بە تایبەت ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە نێو نەتەوەکەمان دا بووە بە نەریتێکی ساڵانە و لەگەڵ فەرهەنگ و کولتوری کوردەواری دا بە شێوەیەک تێکەڵ و قاڵ بووە کە هیچ هێزێک ناتوانێت لێکیان جیاکاتەوە.
نەتەوەی گەورەی کورد باش دەزانێت کە پێشەوای مەزن قازی موحەمەد بە سەخاوەتەوە گیانی خۆی لە ڕێگای نەتەوەکەی دا بەخت کرد و بە خوێنی خۆی موژدەی سەربزێوی و نەبەزینی کوردانی مۆرکرد، هەر بۆیە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دا، نوسەران و ڕۆشەنبیرانی نەتەوەکەمان یادی ئەو ڕۆژە تاڵە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز دەنرخێنن و لەم ڕۆژە دا یاد و بیرەوەری شەهیدان و بە تایبەت پێشەوای مەزن بەرز ڕادەگرن.
ئەگەر بڕوانرێت و هەندێک لەسەر ژیان و خەباتی پێشەوا بکۆلدرێتەوە دەبینرێ کە پێشەوا قازی موحەمەد مرۆڤێکی خۆش نێو، کەسێکی خۆش مەشرەب، ئەھلی راوێژ و لە ھەمان کات دا خەباتکار و نیشتمانپەروەر و گەل دۆست، مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی، بێ فیسز و تەکەبور، سیاسی و دیپلۆمات و لێزان، دوور بین و خاوەن نەزەر، شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردوو، ئازا و نەترس، زمانزان و لێهاتوو و بە گشتیی خاوەن هەر هەموو سییفەت و کردارێکی جوان و مرۆڤانە بوو کە پێویستە لە ناخ و دەروونی کەسایەتییە کاریزما و دەگمەنەکان دا هەبن، زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین پێشەوا قازی کاریزمای کورد و تاقانە مرۆڤی دەگمەن بوو لە مێژووی کوردستان دا، هەر بۆیە ئەگەر بخوازرێ باسی پێشەوا قازی و کەسایەتی ئەو مرۆڤە کاریزمایە بکرێت و بیخرێتە سەر لاپەڕەکانی دەفتەری پڕ لە سەروەری مێژووی نەتەوەی گەورەی کوردەوە، لە توانای تاکە کەسێک دا نەبێت و بە دڵنیاییەوە دەبێ مێژووناس وشارەزایان و گروپگەلی تایبەت بە مێژووی کۆماری کوردستان و ژیان و خەباتی سەرۆک کۆماری کورد قازی موحەمەد ئەو زەحمەتە بگرنە ئەستۆ و لێکۆڵینەوەی زۆر ورد و دەقیق بکەن ئەوجار دەتوانن مافی تەواوی خۆی بدەنێ، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە نوسەر خۆ دەبوێریت و ئەم بەشە دەدرێتە دەست خودی خوێنەر و ڕۆشنبیران و مێژوو ناسانی نەتەوەی کورد.
گومانی تێدانییە کە پێشەوا قازی موحەمەد کەسێکی وێڕای ئەوەی نەتەوەیی و کورد پەروەر و شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردوو بووە، لە هەمان کاتیش دا مرۆڤێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست و خوازیاری تەبایی و پێکەوە ژیان بووە لەنێو نەتەوەی کورد و ناوچەکەش دا، پێشەوا هەمیشە خوازیاری بە دۆستایەتی ژیان و ئاسوودەیی و ئارامی بووە لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی دراوسێ و حەزی لە کوشتن و خوێنڕشتن نەبووە و لەو باوڕەدا بووە کە دەبێ مەسەلە سیاسی و نەتەوەییەکان لە ڕێگای دانیشتن و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، پێشەوا چەندە دژی خوێنڕشتن بووە سەد بەرانبەر خوازیاری چارەسەری کێشەی کورد لە ڕێگای دانیشتن و دیالۆگەوە بووە، هەر لەم پێناوەشدا چەندین جار سەردانی تارانی کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و هەر لە ڕێگای سەقامگیر کردنی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکان و بە تایبەت نەتەوەی کورد دا گیانی پاکی بەخشی.
گەل دۆستی و نیشتمانپەروەری پێشەوا لە قسە و لێدوان و کردەوەکانی دا بە ڕوونی دەردەکەوێت و بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، ئەگەر چاوێک بە وەسیەتنامەکەی پێشەوا قازی دا بخشێنرێت دەبینرێ کە قازی موحەمەد برایەتی و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەی گەورەی کوردی بە گرنگترین ھۆکاری ڕزگاری و سەرکەوتن زانیوە، ھەربۆیە هەمیشە لەم بارەوە دواوە و بەردەوام خوازیاری یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نەتەوەکەی بووە و یەکگرتوویی نەتەوەکەی بە مەرجی بنەڕەتی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆماری کوردستان زانیوە، گومانی تێدانییە کە بەشداری پێکردنی بارزانیەکانیش لە کۆماری کوردستان دا هەر لەم ڕوانگەیەوە بووە بیر و هزری نەتەوەیی پێشەوا بۆتە هۆکاری یەکڕیز کردنی نەتەوەی کورد لە پێناو پاراستنی کۆماری کوردستان لەم سەردەمە دا.
پێشەوا قازی وەک مرۆڤێکی ئازادیخواز و وەک کوردێکی بە تەواو مانای ووشە کورد، هەر لە سەرەتای ژیانییەوە و لە هەر ڕێگایەکی مومکینەوە کە بۆی کرابێت خزمەتی کردووە بە نەتەوە و وڵاتەکەی، هەرگیز لە خزمەت بە نەتەوەو و خاکەکەی دا ماندوو نەبووە و بارودۆخی نالەبار و نەگونجار زەڕەیەک کاری نەکردۆتە سەر هەست و نەستی ئەو مرۆڤە کاریزمایە لەم پێناوەدا، وەستانەوە بەرانبەر بە دادگا و مەحکوم کردنی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئێران بەمەی کە “کوردستان موڵکی کوردانە و ئێران داگیری کردووە” بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە لە بیر و هزری نەتەوەیی و سەربەخۆخوازیی ئەو کاریزمایەی کورد.
ئەگەر و چاوێک بە مێژووی ژیان و خەباتی پێشەوا دا بگێڕدرێت دەبینرێ کە کاتێک پێشەوا قازی موحەمەد دەبێت بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و وەک ئەندامی ڕەسمیی ئەو کۆمەڵەیە دەست بەکار دەبێت، کۆمەڵە ڕۆژ بەڕۆژ گەشەی زیاتر دەکات و بەرەو پێش دەچیت، وجودی ئەو کاریزمایە لە نێو کۆمەڵە دا وەک ئەستێرەکانی مانگی گەلاوێژ و خۆری درەوشاوەی ئاسمانی کوردستان بوو بە ھیوا و ئاواتی ئەندامانی کۆمەڵە و خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان، پسپۆڕی و لێزانی و تێگەیشتویی بە وەختی پێشەوای کورد، سیاسەتزانی و ئازایەتی و لەخۆبوردویی ئەو مرۆڤە مەزنە، گەل دۆستی و ماندوو نەناسی ئەم کەسایەتییە دەگمەن و کاریزمایەی کوردستان گەورەترین کاریگەریی کردە سەر ئەندامانی کۆمەڵە و نەتەوەی کورد و خەڵکی فەقیر و زەحمەتکێشی کوردستان بۆ ئەوەی پشتیوانی بێ درێغی خۆیان بۆ پێشەوا قازی و کۆماری کوردستان دەرببڕن لە پێناو گەیشتن بە ئازادی وڵاتەکەیان دا.
پێشەوا قازی نەک هەر لە لای نەتەوەی کورد بەڵکوو لە ڕوانگەی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستانیشەوە بە کەسایەتیەکی دەگمەن، ئاشتیخواز، مرۆڤدۆست، ئازادیخواز و کاریزما ناسراوە، ڕەنگە دوژمنانی نەتەوەکەمان لە زمانیان قورس بێت کە کاریزما بوونی پێشەوا بە ڕوونی بێژن، بەڵام ناڕاستەوخۆ دانیان بە هزر و بیری ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستی پێشەوا ناوە و ئەگەر بوار هەبێت و بە نێو ئارشیوی داگیرکەران دا بڕوانرێت دەبینرێ کە لە زۆر شوێن ئاماژە بە زۆر خاڵی گرینگ کراوە لەسەر بیر و هزری ئازادیخوازنە و مرۆڤدۆستانە و … پێشەوا قازی موحەمەد و کەسایەتی ئەو کاریزمایە، نمونەیەکی هەرە بچوک لە دانپێدانانی نەتەوەی سەردەست و خودی داگیرکەران بە کەسایەتی و ئاشتیخوازی پێشەوا ئەمەیە کە، کاتێک پێشەوای مەزنی کورد لە ڕێکەوتی ٢٨ی ژوئەنی ١٣٤٦ لەلایەن “قوام السلطنە”وە بانگهێشت دەکرێت بۆ تاران، لە لایەن ژمارەیەک لە وەزیرەکان و نوێنەری کوردەکانی تاران و هەروەها کەسایەتیە نێودارەکانەوە لە “فڕگە” ی تاران دا پێشوازی لێدەکرێت، ڕۆژنامەی”ایران ما” ھەر ئەوکات لە سەر کەسایەتی پێشەوا بەم جۆرە دەدوێ و دەنوسێت:( ئێستا کە قازی موحەمەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتوە، دەردەکەوێ کە بیر و ڕای ئەو جێگیر کردنی ئازادی و دێمۆکراسییە لە تەواوی ئێران و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی کوردیش لە گۆڕێ دایە، لە درێژە دا دەنوسێت: ھەر کارێک بە سوودی دێمۆکراسی بێت لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێت، ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوویییە کەڵک وەرگرێت. گومانی تێدانییە کە ڕۆژنامەی “ایران ما” و بە تایبەت نوسەری هەواڵەکە دەکرێ شارەزاییەکی زۆری هەبوبێت لەسەر کورد و بە تایبەت پێشەوا قازی موحەمەد و ڕەنگە مرۆڤێکی بیر تەسک و شۆوێنیست نەبووبێت و چاویلکەی ڕەشی تەنگەنەزەری لە بیرو مێشکی دا فڕیدابێت، بۆیە هیوادار بووە لەمەی کە “قوام السلطنە” سوود لە بیر و هزری ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازانەی پێشەوا وەربگرێت و ئێرانی بەزۆر لکێندراو بە یەکەوە لە دیکتاتۆری و سیاسەتی تاکڕەوانەوە بەرەو دێمۆکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ پێشبخات.
ئەم نوسینەی ڕۆژنامەی “ایران ما” لەسەر پێشەوای شەهید، دانپێدانانێکی ناڕاستەخۆی کەسایەتی، ڕۆژنامەوان و نوسەرانی نەتەوەی غەیرە کوردە بە بیر و باوەڕی ئازادیخوازانە و بلیمەتی پێشەوا و کاریزمای کورد قازی موحەمەد، گومان لەوە دانییە کە ئەم کورتە نوسینەی ڕۆژنامەی ایران ما قەترەیەکە لە دەریایەک لەمەڕ بلیمەتی، زانایی، ئاشتیخوازی، گەورەیی، گەل دۆستی، ئازادیخوازی، نەترسی و …. ئەو مرۆڤە کاریزما دەگمەنەی کورد.
ئەگەر هەندێک زیاتر بڕوانرێت دەبینرێ کە پێشەوا قازی بە ئاشکرا گەل دۆستی و نەترسی خۆی ڕوو بە دوژمنەکانی نیشانداوە و ئازایانە هەرچی لە دەستی هاتبێت لە پێناو بە ئازادی و سەربەستیی گەیشتنی نەتەوەکەی دا کردویەتی و کوتویەتی، پێشەوا کاتێک کە دەچێتە تاران و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران دا کۆدەبێتەوە، ڕاشكاوانە و بەبێ ترس لە لەدەست دانی گیانی خۆی بە دەسەڵاتدارانی تاران دەڵێ” ئێوە لە قسەکانتان دا دوو دڵن و بە هێچ شێوەیەک ناتانهەوێت مەسەلەی کورد و خاکی کوردستان چارەسەر بکەن”. ڕەنگە ئەم دێڕە قسە و نوسینە بە قەبارە زۆر کەم و چووکە بێت، بەڵام لە ناوەرۆک دا زۆر گرنگە و ئازایەتی و دووربینی و گەل دۆستی پێشەوا دەردەخات لە مەڕ پێوەندی و دیالۆگی نێوان کورد و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەک و فیداکاری و نەترسی و دوژمن بەکەم زانین لە لایەکی دیکەوە.
ئازایەتی و گەل دۆستیی پێشەوا قازی موحەمەد لە کاتێک دا زیاتر و ڕوونتر دەردەکەوێت کە لە لایەن بەنێو دادگای ڕێژیمی داگیرکەری تارانەوە دادگایی دەکرێت، پێشەوا قازی بە شێوەیەک دێتە بەردەم بەنێو دادوەر کە خودی دادوەر سەری سوڕ دەمێنێت لە ئازایەتی و جورئەت و نەترسی و بلیمەت و زانایی پێشەوا قازی موحەمەد و ئەو کەسایەتییە گەورەیە. (وەک ئاشکرایە پێشەوا قازی لە ماوەی بەندکرانی لە بەندیخانەی ڕێژیمی تاران دا دوو جار دادگایی کراوە، دادگایی یەکەم لە ١٩ی ژانویەی ١٣٤٧ بەرانبەر بە ٢٩ی بەفرانباری ٢٦٤٦دەستی پێکرد و چەند رۆژێکی خایاند و لە ئاکام دا ئەو حوکمەی کە هەر لە سەرەتاوە و لە تارانەوە بەسەر پێشەوا و هاوڕێکانی دا سەپێندرابوو قازیەکانی پێ مەحکوم کرا و پێیان ڕاگەیەندرا. دادگایی دووھەم لە ٢٨ی مارسی ١٣٤٧ بەرانبەر بە ٧ی خاکەلێوەی ٢٦٤٧ دەستی پێکرد و رۆژی ٣٠ی مارس واتە دوای دوو ڕۆژ کۆتایی پێهات ) لەم بە نێو دادگایی کردنە دا پێشەوا زیاد لە چوار کاتژمێر قسەی کردووە، یەکێک لە ئەفسەرانی ڕێژیمی داگیرکەری تاران و بە نێو پارێزەری پێشەوا، بە نێوی “سەروان شەریفی” بە ئاشکرا دانی بەم ڕاستیە داناوە کە ئەوە قازی موحەمەد بوو کە دەوڵەتی دادگایی کردوە و خستویەتییە ژێر پرسیارەوە، نەک دەوڵەت پێشەواقازی دادگایی بکات! گومانی تێدا نییە کە ئەم دانپێدانانەی سەروان شەریفی لە خۆشەویستی ناوبراو بۆ پێشەوا و نەتەوەی کورد نەبووە، بەڵکوو لە ئازایەتی، لەخۆبوردویی، نەترسی، سیاسیی و بلیمەتی، لێزانی و دوژمن بە کەمگرتنی پێشەوا بووە کە کەسێکی وەک سەروان شەریفی ئاوا باس لە سەرۆک کۆماری کورد دەکات و دان بە ڕاستییەک دا دەنێت کە هەرگیز باوەڕی پێی نەبووە و لە ناخەوە نەیویستووە بیڵێت، بەڵام چاونەترسی و لە خۆبوردویی و ئازایەتی پێشەوا بە ڕادەیەک کاریگەر بووە کە خودی قاتڵانی نێردراو لە تارانیشەوە نەتوانن حاشای لێبکەن.
لە بەشێک لە بیرەوەی و نوسینەکانی یەکێکی دیکە لە بەشدارانی دادگایی کردنەکەی پێشەوا و لە بنەڕەت دا لە نەتەوەی غەیرە کورد بە نێوی” نەجەف قولی پسیان” لە بارەی پێشەوا قازی موحەمەدەوە دەدوێت و وتەکانی پێشەوا قازی لە دادگا دا لە چەند رستەدا کورت دەکاتەوە و دەنووسێ: لە کاتی دادگایی کردن دا قازی موحەمەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی تاران و دەیگوت: “من لە قوژبنی زیندانەوە دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە، ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین، ئەوە ئێوەن لە نێو ماڵی خۆمان دا زوڵممان لێدەکەن، ئەوە ئێوەن دەبێ دادگایی بکرێن نەک ئێمەی خاوەن ماڵ. بێگومان ئەم قسانەی پێشەوا بەشێکی کەمن لە گشت قسە و نوسین و هزر و بیری ئەم کەسایەتییە کاریزمایە و قەترەیەکن لە دەریای ئازایەتی و گەل دۆستی و نەتەوەیی بوونی پێشەوا قازی.
لە شوێنێكی دیکە و رۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی “سولەیمان.خ” لە بەشێک لە نووسراوەکانیدا لە زمانی پێشەوا قازی موحەمەدەوە دەنوسێت و دەڵێ: تەواوی ئەو بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئێرانە. ئەگەر دەوڵەتی ئێران هەموو کوردان بە خائین دەزانێت و دەڵێ خیانەتیان بە دەوڵەتی ئێران کردووە، با دەست لەو مەڵبەندە و لە خەڵکی کوردستان ھەڵبگرێت، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێت با لێگەڕێ بۆخۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست و وەک میلەتێک بژین.
لە ئارشیو و بەڵگەنامە و رۆژنامەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دا زۆر شت لە بارەی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی دا نووسراون، لە شوێنێک و لە زمان ئەفسەرە ئێرانیەکانەوە دەگێڕنەوە کە پێشەوا قازی لە جوابی ئەوەی کە گۆیا کۆماری کوردستان لە مهاباد دەسکرد و دەستنیشانی سۆڤیەت بووە کوتویەتی: دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەموو ئەو ڕووداوانە لە ئاکامی ئەوەی دابوون کە ئێوە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆخۆتان قانوونی بنەڕەتیی ئێرانتان خسۆتە ژێر پێ. ئێستاش من تەنیا بۆخۆم و بە پشتیوانی میلەتی کورد دامەزرێنەری دێمۆکراسی لە کوردستانم و ھیچ ھێزێکی بێگانە یان یەکێتی سۆڤیەت ئەمنی ھان نەداوە بۆ ئەو کارە. ئەوەی ئەمنی هانداوە بۆ ئەو کارە تەنیا بێبەشی میلەتی کورد بووە و ئەمن لە پێناو میلەتەکەم دا ئەو کارەم کردووە و لێشی پەشیمان نیم.
کاتێک پێشەوا قازی موحەمەد بە بڕیاری حەمە ڕەزا شا و لە لایەن سەرۆکی بە نێو دادگاوە بە خیانەت کردن لە وڵات تاوانبار دەکرێت، پێشەوا لە وڵام دا دەڵێ: ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم. واتە پێشەوا بە ئاشکرا دەوڵەتی ئێران و نەتەوەی فارس بە داگیرکەر و بێگانە نێو دەبات و نەترسانە پێیان دەڵێ کوردستان وڵاتی کوردانە و دەبێ فارسی داگیرکەر لەم وڵاتە بچنە دەر، هەر چەند حاشا لەو راستیە ناکرێت کە پێشەوا بە ڕواڵەت و لەو سەردەمە دا خوازیاری مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانی بە زۆر لکێندراو بە یەکەوە دا بووە، بەڵام بیر و هزری پێشەوا و کار و کردەوەکانی ئەم کاریزمایەی کورد ڕێچکەی سەربەخۆیی و جیاوازیخوازی بەلاوە پەسەند و مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانی بە نەهامەتی بۆ نەتەوەی کورد زانیوە، قسەکانی پێشەوا لەمەڕ بەشداری پێکردنی بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان و ڕوو بە دادگای دەوڵەتی ئێران ئەمە بوو کە کورد مافی خۆیەتی و سەربەستە لەمەی کە لەکام شار و دێهات و ناوچەی کوردستان دا بژیت و کەس ناتوانێ پێشگیری لێبکات، بارزانییەکانیش کوردن و کەس مافی ئەوەی نییە لە ماڵی خۆیان دەریان بکات (بە پێی یاسای دەوڵەتی ئێرانی ئەوسا و ئێستاشی لەگەڵ دابێت، بارزانییەکان خەڵکی ئێڕاق و ناسنامەی ئێڕاقیان هەیە و مافی ئەوەیان نەبووە کە لە کوردستانی وەک خۆیان دەڵێن ئێران دا ببن بە بڕیاردەر و یان لە دامودەزاگا دەوڵەتییەکان دا کار بکەن) ، ئەم قسە و بیرکردنەوە و ڕوانینانەی پێشەوا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە قازی موحەمەد وەک کوردێکی کوردستانی بیری کردۆتەوە و باوەڕی بە جیایی کورد لە ئێران و سەربەخۆیی کوردستان بووە و بەردەوام ئەم بیرۆکەیە لە مێشکی دا جینگڵی داوە، لە لایەکی دیکەش و لە پەیوەندییەکانی کۆماری کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە دا ڕەنگی داوەتەوە، پەیوەندی گرتنی سیاسی و ئابووری و بازرگانی بە وڵاتانی دەرەوە و یەک لەوان یەکێتی سۆڤیەت پێشاندەری ئەوەن کە پێشەوا لە بنەڕەت دا باوەڕی بە یەکگرتویی و سەربەخۆیی کوردستان بووە و لەو باوەڕە دابووە کە نەتەوەی گەورەی کورد یەک نەتەوەیە و کوردستانیش هەر یەک وڵات و دەبێ کار بکرێت بۆ خۆشکردنی ڕێگای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان.
هەرچەند پێشەوای کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بە بڕیارێکی ناڕەوا و بە دەستی سەرانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئەوسای شاهەنشاهی ئێران و لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٦٤٧ و هاوڕێ لەگەڵ حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی جێگری سەرۆک کۆمار و ئەبولقاسمی سەدری قازی وەزیری بەرگری لە مهابادی پێتەختی ئەوسای کۆماری کوردستان و ڕاست لەو جێگایەی ساڵێک پێشتر کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرابوو لە سێدارە دران. بەڵام نێو و نێوبانگی پێشەوا بوو بە ڕەمزی هەرمانی نەتەوەی کورد و هەتا کوردێک لە ژیان دا مابێت نێوی پێشەوا و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستانیش هەر بە زیندویی دەمێنێتەوە و شانازی دەکات کە نەوەی ئەو کەسایەتیە دەگمەنەیە کە لە دوای مردنیشی پێڵاوەکانی هەر بەرزتر لە سەری شۆڕی داگیرکەران بوون. هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاکی کاریزمای کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان. نەمان و ڕوو ڕەشی و نەفرەت لە داگیرکەران و بکوژانی پێشەوا و کاریزمای کورد قازی موحەمەد.
قادری خەندەڕەش
١٤ی خاکەلێوەی ٢٧١٢
سەرچاوەکان:
١ – رۆژههڵاتی کوردستان له سهردهمی شهڕی دووهمی جیهانیدا- د.ئهفراسیاو ههورامی،
٢ – سهرۆک کۆماری کوردستان له بهردهم دادگا دا – بهدرهدین ساڵح،
٣ – چەند سایتێکی ئینتێرنێتی
تێبینی: ئەم بابەتە بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە وە نوسرا و بۆ یەکێک لە ڕۆژنامە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان نیردرابوو، بەڵام بەداخەوە دوای ماوەیەیکی زۆر چاوەڕوانی نە بابەتەکە بلاوکرایەوە و نە هیچ وڵامێکیش درایەوە بە نووسەر.
{jcomments off}