(کۆبوونه‌وه‌ی ئێران و 5+1 له به‌غدا)
ده‌ورێکی نوێی وتووێژه‌کانی نێوان پێنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی شووڕای ئه‌منییه‌ت هاورێ له گه‌ڵ ئاڵمان (5 +1)له لایه‌ک، و ئێران له لایه‌کیتر له سه‌ر پهروەندهی ئه‌تۆمیی ئه‌و وڵاته رۆژی سێهه‌می مانگی جۆزه‌ردان له شاری به‌غدای پێته‌ختی ئێراق به‌رێوه ده‌چێت.
کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وره‌یه له کاتێکی هه‌ستیاری سیاسی و ئابووریی ناوچه‌ی و جیهانی دا به‌رێوه ده‌چێت. قه‌یرانی ئابووری رۆژه‌ڤی هه‌موو پێوەندییه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی داگیر کردوه که، ده‌رئه‌نجامه‌کانی گرژبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رچاوی که‌ش و هه‌وای سیاسی جیهانی به‌دواو بووه. نێوه‌رۆکی ئه‌و وتاره هه‌وڵیکی خێرایه بۆ ناساندنی لایه‌نه‌کانی به‌شدار له پهروەندهی ئه‌تۆمیی ئێران و به‌رژوه‌ندییه باڵاکانیان که سێبه‌ری به سه‌ر ئه‌و پهروەندهیه دا کێشاوه.
له ماوه‌ی نێوان ئاخر وتووێژی ئه‌سته‌مبووڵ هه‌تا ئێستا، هه‌ر دوو لا به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی و له جه‌وێکی دۆستانه و گه‌شبینتر له پێشوو ده‌چنه سه‌ر مێزی وتووێژکان. ئه‌م گه‌شبینییه به‌رهه‌می گۆڕانه له پله‌ی جیاوازیی پارسه‌نگی هێزه‌کانی به‌شدار له‌م وتووێژه دا ، و نه شتێکی تر.
بۆ باشتر ناسینی پرۆسه‌ی دانووستان و بریاردانی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کان، پێویسته که توانایی،لاوازییه‌کان و هه‌ڕه‌شه و دهڵەراوکێکانییان بناسرێن و لێکبدرێنه‌وه. ڕوانینێکی وه‌ها یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌رین و قووڵتر هه‌ڵسه‌نگاندنی پێوەندییه نێونه‌ته‌وییه‌کان. به‌شی ئه‌سلی ئه‌م وتاره پێناسه‌یه‌کی کورتی 5+1 و ئێرانه، که وینه‌یه‌که له پیگه‌ی ناونه‌ته‌وه‌ی ،یان گرفته‌کانیان و دهڵهراوکه ئابووری و سیاسیه‌کانیان، له به‌شی کۆتاییدا ده‌رئه‌نجامی وتاره‌که باسده‌کرێت.
لایه‌نه‌کانی سه‌ر مێزی وتووێژی به‌غدا
له چه‌ند سالی رابردوو و له هه‌ل و مه‌رجی جیاوازی سیاسی جیهانی دا، په‌روه‌نده‌ی ئه‌تۆمیی ئێران نێو به نێو بۆته بابه‌تی وتووێژ. كۆبوونه‌وه‌ی به‌غداش به‌شێکه له‌و پرۆسه دوور و درێژه چه‌ند ساڵه‌یه. نه‌بوونی پارسه‌نگێکی ئه‌وتۆ له ته‌رازووی هێزه‌کانی پێوەندیدار دا، هه‌تا ئێستا بۆته هۆی ئه‌وه که ئه‌م په‌روه‌نده‌یه به ئاکام نه‌گات. هه‌ڵ و مه‌رجی ئه‌مرۆ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ئه‌و پارسه‌نگییه پێک هاتبێت ، و یان مه‌ترسی په‌یدا بوونی پارسه‌نگێکی وه‌ها، له لایه‌ن به‌شێک له هێزه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌م په‌روه‌نده‌یه‌وه به‌دی بکرێت. له‌و کێشه‌یه دا سێ فاکته‌ری به‌رژه‌وه‌ندی، بێ متمانه‌ی سیاسی و لایه‌نی حقووقی مهسەلهکه رۆڵی به‌رچاو دبیین. ده‌سته‌ڵاتی ئێران مافی که‌ڵک وه‌رگرتن له زانست و سه‌نعه‌تی ئه‌تۆمی به مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌ی کردۆته دروشمی پرۆپاگەندەی خۆی، له کاتێکدا رۆژئاوا به هۆی نه‌بوونی متمانه‌ی سیاسی به ئێران ئه‌و لایه‌نه حقووقییه پێ هه‌و نییه. به هاتنی رووسیا و چین بۆ نێو ئه‌و پهروەندهیه، کیشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بووه به کارتێک بۆ بریاردان له سه‌ر پاراستن و به‌رفره‌وان کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له ڕاده‌ی ناونهتهوهیدا.
له ده‌وری مێزی وتووێژه‌کانی به‌غدا شه‌ش لایه‌نی خاوه‌ن به‌رژه‌وندی جیاواز و کۆمه‌ڵیک گرفتی هاوبه‌شه‌وه به‌شدارن. له وتاره‌دا تێده‌کۆشین پێگه و هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و لایه‌نان بخه‌ینه به‌ر باس.
چین : له هه‌ل و مه‌رجی ئابووریی ئێستای جیهان دا چین خاوه‌نی گه‌شه‌ی ئابووریێکی له سه‌ره‌وه‌یه( زێده له8%) که به هۆی بازاڕی مه‌زن، هێزی کاری زۆر و هەرزان، سه‌قامگیریی سیاسی ودیسپلینێکی باشی کۆمه‌ڵایەتی بۆته زل هێزێکی ئابووریی جیهانی. ئه‌م پێگه ئابوورییه‌ی چین له جیهاندا و هه‌ڵمه‌تی به کاره‌کانی بۆ به‌رفره‌وان کردنی بازاڕی کار ، فرۆش و دروست کردنی که‌ل و په‌ل ، بلۆکی رۆژئاوای خستۆته ده‌ڵه‌راوکێی زۆره‌وه. به تایبه‌ت حوزووری چین له ئافریقا زه‌نگی خه‌ته‌رێکی مه‌زنه بۆ رۆژئاوا، گۆڕانکارییه‌کانی باکووری ئه‌فریقا و وه‌ده‌رنانی ده‌یان هه‌زار کرێکار و خاوه‌نکاری چینی له بازاڕی لیبی، ڕاوه‌ستانی پرۆژه‌ی ده‌یان میلیارد دۆڵاریی راکێشانی ئاو له سه‌حرای لیبی ڕا بۆ که‌ناره‌کانی لیبی که چینیه‌کان پێوه‌ی خه‌ریک بوون . ئه‌و وڵاته‌ی ده‌رحه‌ق به هه‌نگاوه سیاسی، ئابووری و نیزامییه‌کانی رۆژئاوا دڕدۆنگ کردووه و واده‌رده‌که‌وێت که هاورێتی نیسبی رابردوویان ده‌گه‌ڵ رۆژئاوا له کزی دابێت. په‌یمانه ئیستراتژیکەکهی نێوان ئه‌فغانستان وئه‌مریکا، و مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له ئه‌فغانستان، له لایه‌ن چینی یه‌کانه‌وه وه‌ک مه‌ترسی بۆ سه‌ر سنووری باشووری رۆژئاوایان چاو ڵێده‌کرێت. سه‌رجه‌می ئه‌وانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه که ده‌وله‌تی چین شێلگیرتر له پێشوو بازار و ناوه‌نده‌کانی ژێر کاریگه‌ری خۆی بپارێزێت . هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌سبه‌رداری پشتیوانی له ئێران نابێت، ههلهکهوتهی جوغرافی ئێران، که هاوسنووره ده‌گه‌ڵ هه‌ردووک هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مریکا یانی ، پاکستان و ئه‌فغانستان و رێگایەکی باشه بۆ خۆگه‌یاندنی چین بۆ ناوچه‌ی کەنداوی فارس که ناوه‌ندی 75% ئینێرژیی جیهانه، ته‌ماحی زهردپێستهکانی بۆ مانه‌وه‌یان له‌م ناوچه‌یه زیاتر کردووه . له هه‌مان کاتدا چین ده‌توانێ له ئه‌گه‌ری گرژبوونه‌وه‌ی کێشه‌کانی ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، له نفووزی سیاسیی ئێران له ئه‌فغانستان دا که‌لک وه‌ربگرێت و یان ئێران ڕا کەنداوی فارس به کار بێنێت بۆ زه‌ره‌ر گه‌یاندن به ئه‌مریکا. خاڵێکیترە که هانده‌ری چینی یه‌کان له پشتگرتنی ئێران برێتیه له: متمانه له دابینکردنی پێویستیه‌کانی ئینرژی ئه‌و وڵاته.
ئێران به هۆی دووری له بلۆکی سیاسی ئابووریی رۆژئاوا و هه‌رزان فرۆشی وگۆرینه‌وه‌ی نه‌وت به که‌ره‌سته(پایاپای) شه‌ریکێکی به که‌ڵک و پڕ قازانجه بۆ چینی یه‌کان.
روسیا: وه‌ک رۆژئاوا ده‌گه‌ڵ کێشه‌ی ئابووری به‌ره‌وروو نییه. گه‌شه‌ی داهاتی ناخالیسی ناوخۆ(GDP) که ده‌رئه‌نجامی متمانه‌ی کۆمه‌ڵگا و سێحه‌ب کاره‌کانه، هه‌بوونی نه‌وت و گازی زۆر و سه‌قامگیریی سیاسی له خاڵه به هێزه‌کانی ئه‌مرۆی رووسیان. به‌ڵام بریاراتی سیاسی و هه‌نگاوه‌کانی رۆژئاوا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌فریقا و به تایبه‌تی نفووزی ئه‌مریکا له وڵاتانی ئاسیای ناوین که له دهراوسێتی رووسیا دان. هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌کانی ئه‌مریکا له پرۆسه‌ی به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژرادنه‌کانی روسیا ، بوونه هۆی ده‌ڵه‌راوکێی رووسه‌کان و هاتنه خواری پرستیژیان له راده‌ی ناوچه‌یی و جیهانی دا. رووسیا وا هه‌ست ده‌کات رۆژئاوا خه‌ریکه وه‌ک پاشکۆیه‌کی خۆیان لێبکات. هه‌ر بۆیه له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕووسه‌کان زیاتر له پێشوو به سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆ دینه مه‌یدان و که‌متر هاوڕایی یان ده‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا گرتۆته‌به‌ر. مانه‌وه‌ی ده‌سته‌لاتی ئێستای ئێران و به‌هێزبوونی نیسبیی ئێران، ده‌توانێت رێگای ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسه‌کان له ناوچه‌ی خه‌لیجی فارس‌دا، ئاواڵه‌تر بکات. مانه‌وه‌ی ئه‌و پێگه ئیستراتێژیکە وه‌ک ئێران، بۆ روسیا له گرێوی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی به‌دیله سیاسیه‌کانی رۆژئاوایه که بۆ گۆڕان له سیستەمی سیاسی ئێران ده‌یانخاته ڕوو. له هه‌مان کاتدا به هه‌بوونی هاوپه‌یمانێکی وه‌ک ئێران ده‌توانن له به‌شێکی گرینگی سنووری باشووریان ئارخه‌یان بن. هاوکاری ئه‌تۆمی و نیزامی ئێران، هاتنی روسه‌کان بۆ نێو کێشه‌ی سوریه و لێدوانه‌کانی ئه‌و دوایانه‌ی مدودف له وشیارکردنه‌وه‌ی رۆژئاوا ده‌رحه‌ق به هه‌لبژاردنی رێگاچاره‌ی نیزامی دژ به ئێران ، نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که روسیا به‌و هه‌ڵوێستانه‌ی، یه‌که‌م: ئێران زیاتر له رۆژئاوا دوور بخاته‌وه. دووهه‌م: چینی یه‌کانیش مه‌جبوور به گرتنی هه‌ڵوێستی توند بکات ده‌رحه‌ق به رۆژئاوا به مه‌به‌ستی مه‌زن کردنه‌وه‌ی که‌له‌به‌ری نێوان چین و رۆژئاوا. دیارە له هه‌ردوو حالهتتیش دا هه‌ر رووسیا قازانج ده‌کات.
یه‌کێتی ئورووپا: هه‌موو وڵاتانی ئورووپایی به‌شدار له وتوێژه‌که‌دا، ئه‌ندامی به توانایی یه‌کێتی ئورووپان کە به بروای من هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه به‌شداری ئه‌م وتوێژه‌ن. له‌کاتی پێویست دا فه‌رانسه و ئینگلیس له میکانیزم و تواناکانی ئه‌ندامه‌تییان له شووڕای ئه‌منیه‌تدا که‌ڵک وه‌رده‌گرن. یه‌کێتی ئورووپا وه‌ک بلۆکێکی ئابووری له دوای گه‌شه‌ی ئابووری ساڵه‌کانی ئاخری سه‌ده‌ی رابردوو و ده‌سپێکی ساڵه‌کانی 2000 .ئێستا ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک کێشه‌ی سیستەمی ئابووری بهرهوڕوییه.
گه‌شه‌ی ئابووریی رۆژئاوا له ماوه‌ی رابردوودا به گشتی یان له خواره‌وی خاڵ بووه ، یان هێندێک له سه‌ره‌وه‌ی یه‌که.گومان له‌وه‌دا نییه که ترس و دهڵهڕاوکێیی نه‌مانی یۆرۆ رۆژ له گه‌ڵ رۆژ زیاتر ده‌بێت. وڵاتانی باشووری ئوروپا له قه‌یرانێکی مه‌زنی ئابووری دان، که ره‌نگه یارمه‌تییه‌کانی فه‌ڕانسه و ئاڵمانیش نه‌توانێت نهجاتیێان بدات. ئه‌و قه‌یرانه بۆته هۆی ئه‌وه که توانای ره‌قابه‌ت و کێبه‌رکێی ئورووپا به گشتی له به‌رامبه‌ر بلۆکه ئابووریییهکانیتری وه‌ک چین ، زۆر له کزی بدات. له هه‌مان کاتدا بێ‌کاری ڕوو له گه‌شه، هاتنه خواری راده‌ی تەئمینی کۆمه‌ڵایەتی، زیاد کردنی ماڵیاتی داهات بۆته هۆی چوونه سه‌ری بێمتمانه‌یی کۆمه‌ڵگا ده‌رحه‌ق به سیاسه‌تمه‌داران.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی فه‌رانسه وه‌ک یه‌کێک له کۆڵه‌که ئابوورییه‌کانی یه‌کێتی ئورووپا نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که سیاسه‌تی ڕوو له ناوخۆ کردن ده‌بێته‌وه باو. سه‌فه‌ری ئه‌و دواییه‌ی میشل رووکار، که‌سی نیزیک له ئؤلاند بۆ ئێران، دوا به دوای هه‌ڵبژاردنی ئۆلاند و چاوپێکه‌وتنی ده‌گه‌ڵ گه‌وره په‌رپرسانی ئێران و هه‌ڵوێستی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ری ئۆلاند له سه‌ر درێژه پێدان به وتووێژ ده‌گه‌ڵ ئێران، نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که ، هه‌ل و مه‌رجی خوڵقاو له ئاکامی ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه دا. توانای مانۆوڕی ئه‌ورووپای له مه‌یدانی کێبه‌رکێی ئابووری ده‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی دوور به گشتی و چین به تایبه‌تی که‌م ده‌کاته‌وه.
ئه‌م دیارده‌یه کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له سه‌ر لایه‌نی سیاسه‌تی جیهانی. وا ده‌رده‌که‌ێت ئورووپا له ماوه‌ی داهاتوودا خاوه‌نی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به بڕشت نه‌بێت و وه‌ک ڕابردوو هه‌ر وڵاته به جودا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی بۆ مه‌هاری ئه‌و قه‌یرانه که‌ڵک وه‌ر بگرێت. ئۆرووپا له گه‌ڵ هه‌موو گرفته ئابووری و کۆمهڵاێتیهکانی، ناتوانێ ده‌رحه‌ق به داهاتووی ئێران و گه‌شه‌ی نفووزی سیاسی و ئابووری چین و روسیا له ئێران‌دا بێ لایه‌ن بمێنێته‌وه. گه‌مارۆ ئابووری و بانکییه‌کانی ئورووپا له سه‌ر ئێران خاوه‌نی کاریگه‌ری به‌رچاون له سه‌ر سه‌نعه‌تی ئێران و سیستەمی پووڵیی ئه‌و وڵاته. مه‌ترسیی مه‌زن بۆ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوونی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی ئورووپا، هه‌وڵه‌کانی چین و روسیایه که وه‌ک به‌دیل بۆ پر کردنه‌وه‌ی بۆشایی رۆژئاوا له ئێران دا که‌وتوونه گه‌ڕ. بو وێنه شیرکه‌ته‌کانی بیمه‌ی رۆژئاوا حازر نین چیتر گهمیە نه‌وتکێشه‌کانی ئێران بیمه بکه‌ن، به‌ڵام چینیه‌کان له و هه‌له که‌ڵک وه ردهگرن و خه‌ریکن که ئه‌وان ئه‌و ئه‌رکه به ئه‌ستۆوه بگرن.
ئه‌مریکا: یه‌که‌م زهلهێزی به توانا له بواری سیاسی، ئابووری و نیزامی دا، هه‌روه‌ک هه‌موو لایهنهکانیتری جیهان به‌شی به‌رچاوی له شڵه‌ژاوییه ئابوورییه جیهان به‌رکه‌وتووه. قودره‌تی مانۆوڕی سیاسی و نیزامی ئه‌مریکاش گرێدراوی گه‌شه ئابوورییهکهیەتی که ئێستا له خواره‌وه‌یه.
چینیه‌کان پێشنیاره‌کانی ئه‌مریکایان بۆ گه‌مارۆی فرۆشی نه‌وت و بانکی ئێران قه‌بووڵ نه‌کردو بگره دلگهرمتر له پێشوو پێوەندییه توجارییهکانی ده‌گه‌ڵ ئێران په‌ره پێداوه. ئێران بووه به یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین وڵاتی دابینکردنی ئینێرژی چین. هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بۆ قه‌ناعه‌ت هێنان به هێند بۆ گه‌مارۆی ئابووری ئێران سه‌ری نه‌گرتووه، ئێران میکانیزمی پێویستی گۆرێنه‌وه‌ی پاره و فرۆشی نه‌وتی به هێند و چیینی گرتۆته ده‌ست. نیزیک بوونه‌وه‌ی ئێران وه‌ک ناوچه‌یه‌کی گرینگی ژئۆ-ئیستراتژیک و ژئۆ ئیکۆنۆمیکی له روسیا و چین ده‌توانێ توانای مانۆوڕی ئه‌مریکا له زۆر بوار دا له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست دا تووشی ئاسته‌نگی بکات.
به‌ڵام له گه‌ڵ هه‌موو کێشه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا، هه‌ر دوو وڵات به کردەوه نیشانیان داوه که بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌رژه‌وەندییه هاوبه‌شه‌کانییان ده‌توانن هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن. ئه‌م هاوکارییه به کردەوانه لە بواری نیزامی و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاریی له شه‌ری ئه‌فغانستان و ئێراقدا زۆر به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ و ئێستا له سووریه‌ش شێوازێکی تری ئه‌و هاوکارییه له کاناڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتۆکان ڕا به‌رێوه‌ده‌چێ. که وابوو له گه‌ڵ دژایەتی له بهرژهوەندیدا ، ئێران و ئه‌مریکا بۆ له ناوبردنی دۆژمنه هاوبه‌شه‌کانیان و ده‌سته به‌ر کردنی به‌رژه‌وەندییه جیاوازه‌کانیان( نموونه‌ی ئێراق) ده‌توانن یاریده‌ده‌ر یه‌کدی بن.
هه‌وڵ بۆ نیزیک بوونه‌وه له نێوان ئێران و ئه‌مریکا دا له ساڵی 2001 ڕا چه‌ند جار دراوه که هه‌رده‌م له لایه‌ن یه‌ک له‌و دوو ولاته را تێکدراوهتهوه. ئاخر هه‌وڵ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له چاوپێکه‌وتنێکی نێوان سه‌عید جه‌لیلی و نیکۆلاس برنز وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ، که سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. بۆیە به بڕوای من رووسه‌کان و چینی یه‌کان زۆر به‌م کرده‌وه قه‌ڵس بوون و پێوەندییان ده‌گه‌ڵ ئێران ڕووی له گرژی کرد و ئه‌مریکاش هه‌له‌که‌ی قۆسته‌وه و بریارێکیتری شووڕای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوکانی دژی ئێرانی پێ ده‌سته‌به‌ر کرد. له‌و کاته‌وه ئێرانییه‌کان به ده‌رس وه‌رگرتن له‌و هه‌ڵه‌یە یان زیاتر و زیاتر له رووسیا و چین نیزیک بوونه‌وه.
به بروای من ئه‌مریکا ده‌گه‌ڵ ئێرانێکی ئه‌تۆمی کێشه‌یه‌کی نییه، به‌ڵکوو ئیستراتێژی سیاسی، خولیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌کانی ئێران و خۆ دیتنه‌وه له بلۆکی سیاسی، ئابووری چین و رووسیایه که دڕدۆنگی له پیوەندییهکانیان دا پێک دێنێت، ئه‌گینا ئه‌مریکا له‌وه ئاگاداره که ئیران ئێستا خاوه‌نی زانستی ئه‌تۆمییه که به دزی ، یان به ئاشکرا ده‌توانێ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی درێژه پێ بدات و به سه‌رئه‌نجامی بگه‌ێنێت، و ئه‌وه به هیچ زه‌مانه‌ت و چاوهدێریکی جیهانی به‌ری پێناگیرێت. ئه‌وەی که ئه‌مریکا قه‌ناعه‌تی پی نه‌هێناوه رۆلێکه که ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆخۆی دیاری کردوه که میکانیزمه‌کانی به‌رێوه‌بردنی هه‌تا ئێستا کێشه خوڵقێنن.
هه‌ر بۆیه له ڕوانگه‌ی ولاته یه‌کگرتۆکان که‌ڵک وه‌رگرتنی ئێران له زانستی ئه‌تۆمی تا راده‌ی به‌رهه‌م هێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی، ده‌ستی ئێران بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسه‌ته‌کانی له ڕاده‌ی ناوچه‌یدا ئاواڵه‌تر ده‌کات.
ئێران: له گه‌ڵ هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ، ئیستراتێژی سیاسیی ئیران بۆ ناوچه و پێوەندییهکانیان دووچاری ئاڵ و گۆری بنه‌ڕه‌تی هات. نیزامی نوێ له جیاتی گه‌ڕان به دوای هاوپه‌یمانی ئاریایی؛ ده‌گه‌ڕا به دوایی هاوبیرانی دینی به گشتی و هاوپه‌یمانی مه‌زهه‌بی شیعه به تایبه‌تی. له ماوه‌ی سێ ده‌یەی رابردوودا له سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته کاری کردووه و تا ئه‌و جێگایەی بۆ گونجاوه ئه‌و هاوپهیمانانەی هێناونه‌ته نێو پرۆسه‌ی سیاسی وڵاتانه‌وه . له په‌نا ئه‌وه‌شدا بازاری فرۆشی نه‌وت و هێنانی پێداویستیه تێکنۆلۆژییه‌کانی هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆی گوونجاوه له ئورووپا ڕا وه‌رچه‌رخاندووه بۆ رووسیا و ئاسیای دوور. له پشت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێران ڕوانگه‌یه‌کی ئیستراتێژیک هه‌یه، که بریتیه له : بردنه پێشی ئامانجه‌کانی به کەلک وه‌رگرتن له کێشه‌ی بهژهوەندییهکانی نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، بناخه‌ی ئه‌م کێشهیەش له حه‌ز و نیازی چین و رووسیا بۆ حوزووری به‌کار له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و دژکرده‌وه‌کانی رۆژئاوا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان دامه‌زراوه.
سیاسه‌تی ئه‌تۆمی بوونی کۆماری ئیسلامی پاشکۆی ئه‌و ئێستراتیژییه سیاسی یە یە. کاتێک جیهان له هه‌بوونی جووڵانه‌وه ئه‌تۆمییه‌کانی ئێران ئاگادار بوون، به بڕوای من کار له کار گوزه‌را بوو، ئه‌وه‌ی که ئێران نه‌ده‌بوو وه‌ده‌ستی بکه‌وێت، به ده‌ستی هێنابوو ، ئه‌ویش زانستی ئه‌تۆمی بوو. له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ی که رۆژئاوا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ راگرتنی پێتناندی ئۆران‌یۆم و شه‌فافییه‌ت له سه‌رجه‌می به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بۆ سه‌ر ئێرانیان هێنا، ئه‌و ولاته بێ گوێ شل کره‌ن بۆ ئه‌و وشیار کردنه‌وانه و به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ل و مه‌رجی ناوچه‌یی ، به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی درێژه پێداوه.
ڕاده و چه‌شنی سانتری فیوژهکانی زیاتر کردووه، خه‌ستایی ئۆرانێۆمی به‌رهه‌م هێنراوی له 3،5% گه‌یاندۆته 20%. له گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئێران، جه‌غزی گه‌مارۆی ئابووری و بانکی رۆژئاوا له سه‌ر ئێران ته‌نگتر بۆته‌وه. سه‌رجه‌می گه‌مارۆکان له بواری ئابووری، فه‌ننی و بانکی کاریگه‌ری به‌رچاوی له سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ و ئابووری ئێران هه‌یه. ئه‌و کاریگه‌رییه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رئه‌و ڕاستییه که ئێران له بواری تکنولۆژی و سیستمی بانکی و دۆڵار وه‌ک ئه‌رزێکی جیهانی ، ئێستاش پێویستی یەکی زۆر گرینگی ئێرانه که ته‌نیا له لایه‌ن رۆژئاوا ڕا دابین ده‌کرێت. رووسیا و چین له‌م بوارانه دا نه‌یانتوانیوه جێگای رۆژ ئاوا بۆ ئێران بگرنه‌وه، به‌ڵام توانیویانه ئێشی ئه‌و گه‌مارۆیانه له سه‌ر ئێران که‌م بکه‌نه‌وه.
کۆماری ئیسلامی له وتوێژه‌کانی ئه‌و ده‌وره‌یه دا به دوای ئه‌وه مه‌به‌سته‌وه‌یه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له قورسایی روسیا و چین، دانی ئیمتیازی زیاتری ئابووری به رۆژئاوا، ڕاگرتنی به‌رهه‌میهێنانی ئۆرانیۆمی 20%ی و ئیزن دان به کۆنترۆلی سایتی پارچین، گه‌مارۆ ئابوورییه‌کان که‌متر بکرێنه‌وه و په‌روه‌نده‌ی ئه‌تۆمی ئێران له شوڕای ئه‌منییه‌ت ڕا بگه‌رێته‌وه بۆ ئاژانسی ناونه‌ته‌وه‌ی وزە. هه‌روه‌ها تواناییه سیاسی، نیزامی و زانیارییه‌کانی ئیران له ئیراق، لوبنان، سوریه، یه‌مه‌ن و وڵاتانی که‌نداو ده‌خاته تای تهرازوویەکەوە بۆ بردنه‌سه‌ری پارسهنگەکانی. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له پێناو بوون به زهلهێزێکی ناوچه‌یی به پێناسه‌ی سیاسی و فکری ئیێستایهوه.
ده‌رئه‌نجام:
کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ته‌نیا به‌شیکی بچووکی شه‌ری بهرژهوەندییهکانه که ده‌که‌وێته بەرباس و وتوێژ. رووسیا و چین بۆ حوزوور و کارتێکه‌ری هه‌نووکه‌ییان له رێگای ئێرانه‌وه له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست حازر به پاشگه‌زبوونه نین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ ئیمتیاز بده‌ن ئێران. به‌لام ئه‌م ئیمتیازه نابێت له کۆنترۆڵی ئه‌وان بچێته‌ده‌ر و بگاته راده‌یه‌ک که له داهاتوو دا بۆ ئه‌وانیش کێشه خوڵقێن بێت. به تایبه‌تی رووسیا به هۆی نیزیکی جوغرافی له ئیرانه‌وه توانای ئه‌و کۆنترۆڵه له خۆێدا ده‌بینێت.
رۆژئاواش له فۆرمولێک ده‌گه‌رێن که به‌دانی هێندێک ئیمتیاز به ئێران به‌ر به حوزوور و کارتێکه‌ریی رووسیا و چین له ئێران بگرن ، و یان له‌م راده‌ی ئێستا زێاتر نه‌ڕوات. به تایبه‌تی رووسه‌کان که دوای ئینقلابی بۆلشویکهکانهوه له 1917 ڕا قه‌ت به قه‌ده‌ر ئیستایان کاریگه‌ری له سه‌ر سیاسه‌تی ئیران نه‌بووه و چینی یه‌کانیش به درێژایی مێژوو نه له ئیران و نه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئه‌وەنده‌ی ئیستا خاوه‌ن شوێن و پێگه نه‌بوون. سه‌قامگیر بوونی سیاسه‌تی هاوپه‌یمانی ئه‌و دوو زهلهێزه له ئێران، مه‌ترسی ڕاسته‌وخۆی بۆ سه‌ر هژمۆنی رۆژئاوا له ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست دا دروست ده‌کات. کارتی گرینگی ده‌ست رۆژئاوا کاریگه‌ریی فه‌رهه‌نگی ئه‌وانه له سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئێران، هه‌روه‌ها سیستەمی کاری و په‌روه‌رده و تکنۆلۆژی ئێران هێشتاش هه‌ر رۆژئاواییه. گۆڕان له هه‌ر یه‌ک له وانه‌دا به به‌دیلی ڕووسی یان چینی ئه‌رکێکی کوشنده ده‌بێت بۆ ده‌سته‌ڵاتی ئێران.
له لایه‌کیتره‌وه ، گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی رۆژئاوا کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئابووری ئێران هه‌بووه، چوونه سه‌ری نرخی ئه‌رز له ئیران، گرانی، چوونه سه‌ری راده‌ی ئاوسان (تورم) و بێ‌کاری، به‌رهه‌می گه‌مارۆکانی رۆژئاوان که هێشتا کۆماری ئێسلامیان له پێ نهخستووە، به‌ڵام وشیاریان کردۆته‌وه که ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه هه‌تا سه‌ر ناتوانن درێژه‌ی پێبده‌ن. له به‌رامبه‌ر دا رۆژئاواش به له گوڕ و تاو که‌وتنی ئابوورییه‌که‌ی، ته‌ماحی بۆ سازان له گه‌ڵ ئیران بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له بازارێکی مه‌سره‌فی زیاتر له 70 میلێۆن ئینسان، سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌زنی نه‌وت و گاز، نهغهدینهیهکی بانکی زیاتر له 200 میلیارد دولار له جاران زێده‌تر بووه. له‌وانه‌ش گرینگتر بۆ رۆژئاوا کورتکردنه‌وه‌ی نفووزی رووسیا و چینه له ئێران، که ئه‌رکێکی حه‌یاتییه.
هه‌ل و مه‌رجی ئێستا و پارسه‌نگی هێزه‌کان له سێ به‌دیل زیاتر به ده‌ست لایه‌نه‌کانه‌وه نه‌هێشتووه:
-
پێکهاتنی کاتی(موقت) که ده‌بێته هۆی پشوودانێکی هه‌مه لایه‌نه، تا چێ‌بوونی پارسه‌نگی نوێ، که ئه‌م به‌دیله پڕ له ئه‌گەر و ئهممایه.
-
شه‌ڕ ، یانی لێدانی ئێران وه‌ک سووژه‌ی ئه‌سڵی، تاقیکردنه‌وەی میکانیزمه دهژبهرهکانی ناوخۆی ئێران، واتە هێرشی ده‌رکی و ناوخۆ وێکڕا. ئه‌و سینارێۆیه ده‌کرێ کێشه‌یه‌کی ناوچه‌ی، و یان جیهانیشی به دوا دابێت.
-
درێژه‌پێدان به وه‌زعییه‌تی ئێستا، که چین و ڕووسیا زێده‌تر له پێشوو جێ پێی خۆێان له ئێران دا قایم ده‌که‌ن و سیستەمی خۆیان ده‌خوڵقێنن. له ئاکام دا ئه‌وه به مانای ته‌سلیمی رۆژئاوایه له به‌رامبه‌ر رووسیا و چین دا. له هه‌ل مه‌رجی ئێستا دا ئه‌وه وه‌ک نامومکین دێته بر چاو.
که‌وابوو هه‌ر بریارێک که له کۆبوونه‌وه‌ی به‌غدا بدرێت بۆ پێک هێنانی پارسه‌نگێکی نوێیه له نێوان زهلهیزهکان دا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێران ده‌بێته به‌شێک له میکانیزمی پێکهێنانی ئه‌و پارسه‌نگییه، و سیاسه‌تی درێژه‌دان به قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل له کێشه‌ی نێوان رۆژئاوا و رووسیا و چیندا درێژه پێده‌دات.
21 می 2012, هوله‌ند
{jcomments off}