"an independent online kurdish website

ئاندریاس:   هاوڕێک داوای لێ کردم، چەند رۆژ پێش جێژنی سەری ساڵ شەوێک لێی میوان بم! منیش پێشوەختە، واتە کاتژمێرێک پێشتر لەو ئەوکاتەی بۆ دیدار دیاریمان کردبوو خۆم پۆشتە کردو لەماڵ وەدەر کەوتم.

siamand-shexaxayiy_0

بەفرێکی قورس باریبوو، هێشتاش بەفر لێی نەکردبووە، کڵۆکڵۆو هیدی هێدی کڕێوەی دەکرد. ڕێگاکەم بەنێو پارکی گەورەی شاردا بوو. بە بۆنەی نزیک بوونەوەی جێژنی سەری ساڵ خەڵک لە هاتووچۆدا بوون. رێچکەیەک بەسەر بەفرەکەدا کشابوو، بەفری نەرم لە بن پێیاندا پان دەبووە. دارەکان لەژێر بەفری سەنگیندا سەریان شۆڕ کردبووەو بەشێکیان لە ژێر ڕووناکایی چرای نێو پارکەکەدا دەتگوت داری بادامن لە سەرەتای بەهاردا پشکوتوون!

 لە دوورەوە، لە نێو گۆلاوو سەر دەراوان، واتە ئەو شوێنانەی سەهۆڵ نەی بەستبوو، قو، قازو مراوی قاوو قیڕیان بوو. دیاربوو ئەوانیش لە خۆشی جوانی سروشت و گەیشتنی جێژنی سەری ساڵ ئاهەنگیان دەگێڕا. دەکرێ بڵێم سروشت لەم شوێنە هەر ئەوەندە دڵگرو جوان بوو، پیاو حەزی نەدەکرد ڕوو لەم دیمەنە دڵڕفێنە وەرگێڕێ… لەم کاتەدا بێ ئەوەی هەستم بەڕێگا رۆیشتن کردبێ، ناگا خۆم لەبەر دەرگای ماڵی هاوڕێیەکەم دۆزییەوە.

 هاوڕێ لە پشت پەنجەرە ڕاوەستابوو، چاوەڕووانی دەکردم. بەدیتنی من خێرا بەپیرمەوە هات دەرگای لێکردمەوە. بەگەرمی یەکترمان لەئامێز گرت، گەیشتنی سەری ساڵی نوێمان بەیەکتر پیرۆزبایی گوت. پاشان هەر دووک بەجووتە چووینە ژوور. ‘لارس’ زۆر مەردو ڕەندو کورد خۆشەویست بوو. یەکەمجار لە کۆبوونەوەیەکی گشتی لەگەڵی ئاشنا ببووم، ئیدی هەر ئەو ئاشنایەتییە بوو بە بەردی بناغەی دۆستایەتیمان. دەکرێ بڵێم لە دیدارەکەی ئەم شەوەماندا هەر دووکلا لە ڕادەبەدەر خۆشحاڵ بووین. هەستمان بەسووکباری دەکرد.

 لارس سەرمەست و خۆشحاڵ، بێ ئەوەی بزانێ بەدوای چ دا دەگەڕێ، بەبێ مەبەست بەدەم قاقا کێشانەوە لەنێو ژووردا لە جووڵە دابوو. منیش بەدوایەوە قسەم بۆ دەگێڕاوە. ئەوسا خۆی لێ نزیک کردمەوەو ڕاوەستا چاوێکی لێکردم و گوتی:

_ ببوورە ئیمشەو لە خۆشی هاتنی تۆ سەرم لێ شێواوەو بۆخۆشم نازانم چ دەکەم، هەربەڕاستی دەست و پێی خۆم ون کردووە!؟ فەرموو بابچین دانیشین لە پێشدا قاوەیەک بخۆینەوە!

ئەوسا چووین لە دەوری میزێک کە زۆر بەسەلیقە ڕازاندبووییەوە، دانیشتین، گوتی:

_ لە هەوای ئاوا بەفرو بەستەڵەکدا قاوە تام و بۆنی تایبەت بەخۆی هەیە! فینجانێک قاوەی لە پێش دانام. پاش قاوە گلاسێک ویسکی بۆ تێکردم… گلاسەکانمان بەخۆشی یەک هەڵێنا! بەدەم خواردن و خواردنەوە سەرمان گەرم بوو. بەردەوام قسەی خۆشمان بۆ یەک دەگێڕاوە. پاشان داوای لێکردم بچینە دیویی دانیشتن، موزیکێکی ئارام و دڵنەواز ناخی دیوەکەی داگرتبوو. دارە کاجێکی بەپەرەنگی سوور ڕازاوە لە سووچی ژوورەکە داندرابوو. لە پێش پەنجەرەش حەوت مۆمی کارەبایی دەئایسان!

لارس ڕوو بەڕووم لەنێو مۆبلێک پاڵی داوەو گوتی:

_ پێتخۆشە فیلمێکی کورت بخەمە سەر ویدۆ؟ منیش بێ دڵیم نەکرد. ئەویش گورج هەستا فیلمێکی ئەویندارانەی خستە سەر شاشەی تلویزۆن. ئاکترەکانی فیلمەکە زۆر لێزان و هونەرمەندانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا، بەڵام لەکۆتاییدا سەرەنجامێکی خۆشیان لە دوای ئەوینداریەکەیان بەجێ نەهێشت و بەدەستی بەتاڵ و سکرانە لێک هەڵبڕان!

دوای فیلمەکە داوای لێکردم هێندێک لە بارەی وڵاتەکەمدا بۆی بدوێم. نەمازە زۆر حەز لێبوو باسی کولتوورو پەیوەندییەکانی نێوان خزم و کەس بەگشتی کۆمەڵگای کوردەواری بۆ بکەم. منیش بەهەستێکی خاوێنی دوور لە خەوش و خاڵ هەرچی بەزەینم داهات بۆم گێراوە، وەک:

 باسی خۆشەویستی خوشک و برا، دایک ، باوک و خزمانی نزیک سەبارەت بەیەک، باسی هامووشۆوی گەرمی نێوان دراوسێ و دۆست و ئاشنا، بەتایبەت لە رۆژانی شین و شایی و تەنگانەدا… باسی ئەوەی چۆن خوشک لە زەماوندی برادا سەرچۆپی دەکێشێ و لە پێش بووک سەمایەدەکا. هەروەها لە مەرگی برادا لە قووڵایی دڵەوە شین دەگێڕێ! و…

لارس زۆر بەحەزەوە گوێی بۆ قسەکانم ڕاگرتبوو، بەڵام هاوکات تەمێکی خەم هاتبوو تەوێڵی دادەپۆشی. منیش بۆ ئەوەی نەبمە تێکدەری ئەم شەوە خۆشە. بڕیارمدا قسەکانم بەبارێکی دیکەدا بگۆڕم، بەڵام ئەو مۆڵەتی نەداو بەدەم ئاخێکەوە هەستایە سەرپێ و گوتی:

_ هاوڕێ، من لەسەر ڕووی ئەم دنیا پان و بەرینە بێجگە لە تاقە کوڕێک و دایکێکی پیرو نەخۆش نەبێ، دەنا هیچ کەسێکی دیکە وەک خزم و کەسی نزیک سەبارەت بەخۆم شک نابەم! ئەو کەسەی ئێستا زۆر دەنگم لێ نزیکە تەنیا کوڕەکەمە، ئەویش هەنووکە لە دیوی خۆی بە تەنیا دانیشتەوەو دەرگای لەسەرخۆ گاڵەداوە، بە فیلم و کامپیوتێڕو شتی وەهالانەوە مژووڵە! زۆر سەیرە! بێ ئەوەی هەست بەوە بکا لەم ماڵەدا لەگەڵ باوکی دەژی، بێ خەیاڵ لە دنیاییەکی دیکەدا پەل داوێ! زۆر هەوڵدەدەم بیدوێنم، بەڵام زۆر کەم وڵامی لێ دەبیسمەوە! هەتا بڵێی لەگەڵم کەمدۆو بێگانەیە…! دایکیشی هێشتا تەمەنی کوڕەکە نەببوو بەسێ ساڵ، ئەویش لێمان جیابووەو لێداو رۆیشت!…

 لارس پاش کەمێک بێدەنگی، هەستا ئاڵبۆمێکی ئەستوورو کۆنی هێناو هات شان بەشانم دانیشتەوە، لاقی هاویشتە سەرلاق و ئاڵبۆمەکەی کردەوە. چەند وێنەی قەدیمی نشان دام کە هی باب و باپیرەو مامەکانی بوو. وێنەکە نیشانی دەدا لە ڕابردوودا بنەماڵەیەکی هەژار بوونە. وەک گێڕایەوە باپیرەو مامەکانی بەدوای کاردا بەکۆڵەمەرگی خۆیان گەیاندبووە وڵاتی ئەمریکا. باوکی کرێکاری گارگەیەکی ئاسنگەری بووە. لە وێنەیەکدا کوتکێکی ئاسنگەری لەسەر شان دەبیندرا. لە وێنەکی دیکەشدا تەنیا دایکی لارس نەبێ وەک ژنی لای خۆمان بەرهەڵبێنەی لەخۆ شەتەک دابوو، بەپێوە ڕاوەستابوو، دەنا ماباقی خزمان لەبن دیواری خانوویەکی دارینەی کۆن لە بەربەڕۆچکە دانیشتبوون. لەم وێنەیەشدا بە ئاشکرا هەژاری بەسیمایانەوە دیاربوو.

ڕووم کردە لای لارس و پرسیم:

_ باوکت ماوە؟

گوتی: نەخێر، ساڵی ڕابردوو مرد!

پرسیم: باوکیشت هەر لەم شارە دەژیا؟

وڵامی دایەوە:  نا! لە سێ مایلی ئێرە لە گوندێک دەژیا.

دیسان پرسیمەوە:

_ ئەدی پەیوەندیتان پێکەوە چۆن بوو، سەردانی یەکترتان دەکرد؟

لارس لەحاڵێکدا سەری بەردابووەو چاوی لە پێشەخۆی بڕیبوو، گوتی:

_ بەداخەوە دەبێ بڵێم نا! زۆر بەدەگمەن یەکترمان دەدیت. مەگەر ساڵێ یەکجار ئەویش بەڕێکەوت لە نێو بازارو سەر شەقامان… لارس لەپڕ قسەکەی بڕی و بەدەنگی بەرز بانگی کوڕەکەی کرد:

_ ‘وێنەتان’ کوڕم دەست لەو داتایە هەڵگرە بەسە! دەوەرە تاوێک لەلامان دانیشە!؟

وێنەتا بەحاڵ بۆڵەیەکی لێ بیسترایەوە ماناکەی ئەوە بوو، نایەم!

لارس بەتەمابڕاویی هەناسەیەکی بەرزی هەڵکێشاو گوتی:

_ هاوڕێم، هەر وەک دەبینی من لەم ماڵەدا لەگەڵ ئەم تاکە کوڕەم دەژیم! ئەمیش چاوەڕوانە تەمەنی بگاتە هەژدە ساڵ و پاشان بەدوای چارەنووسی خۆیدا لێدا بڕوا. سا ئیدی هەروەک من و باوکم داخوا پاشان ئاگامان لە یەک دەبێتەوە یانا، ئەمەیان داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدا… ئیدی سەری داخست ویستی لە گژ فکران رابچێ، دەرفەتم نەداو لێم پرسی:

_ لارس ئەدی دایکت چی؟

سەری هەڵێناو پاش چەند چرکە چاو لە میچی ژوورەکە برین، گوتی:

_ دایکم لە شارێکی دیکە دەژی کە بیست مایل لەم شارەی من دوورە. ئەویش چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشی فەرامۆشی (ئاڵزایمر) هاتووە، بەداخەوە ئێستا نامناسێتەوە، بەڵام پێش ئەوەی ئەم نەخۆشییەی دووچار بێ، زۆرم سەردان دەکرد… بێدەنگی… پاش تاوێک تفی دەمی قوتداو گوتی:

_ ئەوەی شایانی باسە! دایکم پێش نەخۆشییەکە ڕۆژێک لە حاڵێکدا ڕواڵەتێکی شڵەژاوو گوناحکارانەی پێوە دیاربوو! بەحاڵەتێکی زۆر نائاسایی بۆلام هات توند جمگەی گرتم و لە تەنیشت خۆی داینام! بەدەم پاڕانەوە گوتی: “لارس کوڕەکەم لێم مەتۆرێ! لە ژیانمدا ڕووداوێک قەوماوە، دەیان ساڵە بەنهێنی لە نێو ئەم دڵەمدا ڕامگرتووەو تاکوو ئێستا لەلای هیچ کەسێک نەمدرکاندووە! ئێستاش لە مەرگ نزیک بوومەوە و تاب توانای ڕاگرتنی نهێنییەکەم نەماوە. هەر ئێستا حەز دەکەم پاش ساڵیانێکی دوورو درێژ بۆ تۆی بگێڕمەوە، بەڵکوو پاش گێڕانەوەکە بتوانم نەختێک ڕووحی خۆم ئازاد بکەم و باری قورسی سەر شانم سووک بکەم! بەڵام بەمەرجێک بەڵێنم پێ بدەی پاش گێڕانەوەکە  لێم زوێرو دڕدۆنگ نەبی!؟”

بەپەلە پرسیم:

_ دایە گیان بەڵێنت پێ دەدەم تووڕە نەبم! دەی زوو بۆم بگێڕەوە بزانم چ بووە چت لێ قەوماوە!؟ 

دایکم سەری هەڵێناو دیسان دووپاتەی کردەوە:

“_ کەوابوو بەڵێنم پێ دەدەی لێم تۆڕە نابی، ها!؟ کوڕەکەم قەڵس نابی و لێم ناتۆرێی!؟…”

بەهۆی ئەم پێداگرتنەی دایکم شک و نیگەرانی هەڵی گرتم. خۆم کۆکردەوەو بەواقوڕماوی چاوم لە چاوی بڕی و بەپەلە گوتم:

_ دایە خۆ ئەتۆ هێشتا هیچت نەدرکاندووە تاکوو من پێی توڕە بم و دژکردەوە نیشان بدەم! بەڵێنت پێدەدەم تا ئەو جێگایەی بۆم بلوێ لەسەرەخۆ بم. ئێستاش زوو بڵێ بزانم ئەم بەسەرهاتە گرینگە چییە تاکوو ئێستا لە منت شاردۆتەوە!؟

لەم کاتەدا ئازارێکی قورس دەروونی دایکمی داگرتبوو، لەخەفەتان بۆ ماوەیەک بە هەردووک دەستان توند سەری خۆی گوشی. ئەوسا سەری هەڵێناو داوای لێکردم لە سەلاجە پەرداخێک شەربەتی مێوژەڕەشکەی بۆ بێنم!

منیش خێرا هەستام پەرداخێک شەربەتی ساردم بۆ هێناو لە پێشم دانا. پاش ئەوەی چەند ‌قوومێکی لێ خواردەوە، هەناسەیەکی بەرزی هەڵکێشاو هاوکات چەند فرمێسکیش بەسەر گۆنای سیس و لاوازیدا هاتنەخوار. بۆ چرکەساتێک مات و بێدەنگ بوو، ویستی لە گێڕانەوەکە پاشگەز بێتەوە، بەڵام لە ژێر گوشاری مندا نەیتوانی خۆ بدزێتەوە، بەپچڕپچڕەوە گوتی:

“_ لاسە گیان! هەست دەکەم مردنم نزیکە! جابۆیە نامەوێ خەتایەک کە لە سەردەمی هەرزەکاریدا ڕوویداوە لەگەڵ خۆم بیبەمە نێو گڵ… ڕۆڵەکەم! ئەوەی تاکوو ئێستا لە ئێوەم شاردۆتەوە ئەمەیە کە ئەتۆ برایەکی لە خۆت گەورەترت هەیە!!…”

دایکم دیسان سەری داخستەوەو بێدەنگێکی قورس کەوتە نێوانمان!…

بەهۆی بیستنی خەبەرێکی ئاوا چاوەڕوان نەکراو دەمم ئاواڵەو واقم وڕمابوو! بەڵام لە جێدا بەتەواویی رووح و گیانەوە ببووم بەگوێ و پەلەم بوو بزانم پاشماوەی ئەم بەسەرهاتە بەکوێ دەگا…

دایکم بێدەنگی شکاندو سەری هەڵێنا، بەدەم گریانەوە گوتی:

“_ بمبوورە، بمبوورە لاسە گیان!! بەتایبەت لە ئەوەی تاکوو ئێستا ئەم نهێنییەم لێ شاردوویەوە! بمبوورە کورەکەم! داوای لێبوردنت لێدەکەم لارس گیان!…”

دایکم هەمدیسان قسەکەی بڕی و سەری داخستەوە. ڕەنگی گۆڕابوو، لێوی تەتەڵەی دەکرد. نەیدەویست زیاتر درێژە بەگێڕانەوەکە بدا، لەلایەکی دیکەوە کەمێکیش پەشیمان بوو کە بۆچی پاش ساڵانێکی دوورو درێژ ئیمرۆکە ئاوا سادەو ساکار باری خەمی ئەم نهێنی یەی لەلای من هەڵڕشت.

منیش مات و حەپەساو بەبێدەنگی چاوم تێوەبڕیبوو. لەو کاتەدا وەبیرم هاتەوە بۆچی دایکم لە تەواویی ژیانیدا خەمبارو لێوبەبار بوو. زۆر جاران دیتبووم دوورەپەرێز دادەنیشت بەدەم فرمێسک هەڵوەراندنەوە زۆر غەریبانەو بەپەرۆش لە بەلێواندا گۆرانی دەگوت. بەڵام من بەپێچەوانەی بیرکردنەوەکەی دایکم هیچ لەوە نارەحەت نەبووم کە دایکم کوڕێکی دیکەی هەیە! هیچ بۆشم گرینگ نەبوو ئەم برایە چۆن وەدی هاتووە. لەلایەکی دیکەوە بەبیستنی ناوی برایەک کە هەمیشە بۆی ئاواتەخواز بووم، هەستم بەخۆشی دەکردو پەلەم بوو هەرچی زووە لەزمانی دایکم ببیسم ئەم برایەی من کێیە، ناوی چییەو لەکوێ دەژی؟

 هەربۆیە بێدەنگیم شکاندو لە دایکم پرسی:

_ دەی دایە گیان باسی براکەم بۆ بکە! … دەی!… نەتگوت ئەم برایە کێیە!؟

دایکم بەزەحمەت سەری هەڵێناو چاوێکی لێکردم و هاوکات لە قوڵپی گریانی دایەوەو بەدەنگی بەرز شیوەنی گێرا. پاش کەمێک دامرکاندنەوە کڵوکۆی دەروون ڕووی کردەوە لای من گوتی:

“_ کاتێک ئەو تفڵە بێ تاوانەم بوو، زۆر گەنج بووم. نەفام بووم. بیرم لە پاشەرۆژ نەدەکردەوە. کوڕم تەمەنی گەنجی پڕە لە نەزانی و کەم ئەزموونی! گەنج قەت هەست بەوە ناکات رۆژێک ئەویش پیر دەبێ و سەری نەدامەت بۆ هەڵەکانی دادەنوێنێ. من لە کوڕێکی هاوتەمەن و ئاواڵی خۆم حامیلە بووم. ئەوکات هەردووکمان زۆر کەم تەمەن بووین. بۆ ئێمە زوو بوو ببین بەخاوەنی منداڵ. لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی هەردووک لامان هەژار بوون. ئاواڵەکەم پاش حامیلە بوونەکەی من لەترسان سەری خۆی هەڵگرت رۆیشت. ئیدی من شوێنم نەگرت و وەدوای نەکەوتم. ئێستاش کە ئێستایە نەمزانی چی بەسەرهات. بەدوای ئەودا زۆرم هەوڵدا بەڵکوو منداڵەکە لەبەر خۆم بەرم، بەڵام هەرچی هەوڵمدا نەکرا. پاش ماوەیەک خۆشاردنەوە لە دایک و باوکم منداڵەکەم بوو. هێشتا حەوتوویی تێ وەرنەسووڕابوو، مەلۆتکە بەستەزمانەکەم برد، لە پیش ماڵی بنەماڵەیەکی زەنگینم دانا، بۆخۆشم چووم لە دووری بە دەم گریانەوە خۆم وەبەر پەنایان داو لە چاوەڕوانی چارەنووسی کۆرپەکەمدا مامەوە. لە دوورەوە گوێم لە دەنگی گریانی بوو، نەمزانی ئەو گریانەی لەبرسان بوو یان لە سەرمان!؟ بەڵام من ناتوانم خۆم فریو بدەم، ئەو بە گریانەکە هاواری منی دەکردو دەیگوت:

“_ دایە بەجێم مەهێڵە! دایەی بێ مروەت!…!”

دایکم دیسان لە قوڵپی گریانی دایەوەو ناڵاندی:

من تاوانبارم! تاوانبار!… ئەوە دەیان ساڵ بەسەر ئەو رۆژە شوومەدا تێ دەپەڕێ و پاش ئەو ماوە دوورو درێژە ئێستاش کە ئێستایە بۆ کارێکی هەڵە کە لە هەڕەتی جوانی دا نەدەبووایە کردبام، لە ناخەوە ئازار دەکێشم… من بەدڵەوە گوێم لە قسەکانی دایکم ڕاگرتبوو، هاوکات پەلەشم بوو زانیاری زیاتری  لێوەربگرم، هەر بۆیە پرسیمەوە:

_ دەی دایە! منداڵەکەت فڕێدا ئەدی پاشان چی؟ چارەنووسی بەکوێ گەیشت؟

دایکم بەدەسڕەیەکی سپی ڕۆندکی سەر ڕوومەتی سڕی یەوەو گوتی:

“_ ئەو رۆژەی منداڵەکەم لەبەردەرگای ماڵە دەوڵەمەندەکە دانا، دیتم ژنی خاوەن ماڵ بەدەنگی گریانی منداڵەکەوە لەماڵ هاتەدەر. گورج ڕۆیبوویەو هەڵی گرت. ئەوسا منداڵ لە باوەشدا بەدەنگی بڵیند چەند جار لەسەریەک بەهەڵاتن ئەو سەرو ئەم سەری کۆڵان و سەر شەقامی کرد! پاش تاوێک مێردەکەشی بە دەنگی یەوە هاتەدەرو لەحاڵێکدا منداڵەکەیان ئەم دەست و ئەودەست پێ دەکرد. پاش هێندێک بەخۆوە گوشین بردیانە ژوور. بۆ رۆژی داهاتوو لە رۆژنامەی شاردا بێ ئەوەی ناوو نیشانی خۆیان بنووسن، لە ئاگاداریدا نووسرابوو: “منداڵێکی کۆرپە دۆزراوەتەوە، خاوەن منداڵ دەتوانێ پەیوەندی بە رۆزنامەی (…) بگرێ.”پاشان کە دیتیان کەس بەدەنگی بانگەوازەکەیانەوە نەچوو بۆخۆیان مندالەکەیان هەڵگرتەوەو کردیان بەمنداڵی خۆیان. منی تاوانبار لە تەواویی ئەوماوەیەدا، واتە دروست لەو ڕۆژەوە چۆن کۆرپەکە پێی گرتووە، چۆن چۆتە قوتابخانەو زانستگای تەواو کردووە، تەنانەت چۆن ژنی هێناو زەماوەندی کردووە، هەر هەمووی سایە بەسایەی بەدوایدا رۆیشتووم و چاوم لەسەر هەڵنەگرتووە. ئێستا ‘ئاندریاس’ خاوەنی چەند منداڵ و نەوەی جوانە. ژنەکەشی شارەدارەو لە شارەکەی ئێوە دەژین…” “ئاخ ئاندریاسی لانەوازم!… لەوماوە دوورو درێژەی تۆم لەخۆم تەریک کردووە تاکوو ئێستا زۆرم بەربەرەکانی لەگەڵ خۆم کردووەو بەڵکوو بتوانم خۆم ڕازی بکەم و بێم خۆم بەسەر پێڵاوەکانتدا بکێشم و داوای لێبوردنت لێ بکەم، بەڵام بەداخەوە بۆم نەلواوەو ترساوم بەم کردەوەیە بەیەکجاری ژیانی ئاسایت بشێوێنم و ببمە هۆی ژانەسەرت…!”

لاسە کوڕم! لەوانەشە ئاندریاس هەر نەزانێ ڕووداوێکی ئەتۆ لە ژیانیدا ڕوویداوە، چونکە ئەو دایک و باوکێکی دڵسۆز ئامێزی خۆشەویستان بۆ کردووەو لە داوێنی پڕ خۆشەویستی خۆیاندا گەورەیان کرد. ئێستاش هیچ ڕەوا نییە، بێ دایکێکی دڵڕەقی وەک من وەخۆ بگرێ. ئەویش ئەو دایکەی کە هێشتا دوو حەوتوو لە دایک بوونی کۆرپەکەی تێ نەپەڕیبوو، بردبووی لەبەر دەرگای خەڵکان فڕێی دابوو.

دایکم لەو ماوە دوورو درێژەدا تەنیا یەک رۆژ چییە لە چارەنووسی کوڕەکەی بێ ئاگا نەببوو، لە دوورو نزیکەوە ئاگاداری تەواویی رووداوەکانی ژیانی ببوو. ئەگەرچی دایکم بەدرکاندنی ئەم نهێنی یە تاکوو ڕادەیەک باری تاوانی لەسەر شانی خۆی کەم کرد، بەڵام لەجێدا منی بەسەر گێژاوێکی فیکری قووڵدا خست…

سەرەنجام پاش گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە زۆری نەخایاند، وەک گوتم دایکم تووشی بەتووشی دەردی ئاڵزایمر هات. منیش بەدوای شوێنی برایەکدا هەڵوەدا بووم کە ڕەنگە هەزار جار زیاتر لەسەر کۆڵان و نێوشار تووشمان بە تووشی یەک هاتبێ و وەک بێگانەیە بەلای یەکدا تێ پەڕیبین.

بەو ناوو نیشانەی دایکم دابووی، براکەم دۆزی یەوە. ئەویش چ دۆزینەوەیەک، تەنیا لە دوورەوە ڕادەوەستم سەیری قەڵافەتی دەکەم. زۆر شێوەی خۆم دەدا… دیمەنی وا نیشان دەدا لە تافی لاوی دا جوانچاک و خۆش سیما بووە. لەگەڵ ئەوەی بەساڵداچووە، زۆر کەم شوێنەواری پیری پیوە دیارە. لەبەرچاوم گەلێک بەسام و هەیبەتە. سەت مخابن منیش هەروەک دایکم تاکوو ئێستا لە خۆم ڕانەدیوە بەڕاشکاوی لێی بچمە پێش، ئەوەی دایکم نەیوێراوە ڕووبەڕوو پێی بڵێ، من بۆی بگێڕمەوە. تەنیا یەکجار نەبێ کە وەک ڕێبوارێک بەلامدا تێ پەڕیوەو سەیری کردووم، دەنا هەر چاویشم لێ ناکاو ئاوڕیشم لێ ناداتەوە. بەڵام من لە هەر شوێنێک بیبینم دەسبەجێ رادەوەستم تاکوو لەبەرچاوم ون نەبێ چاوی لێ هەڵنابڕم و هاوکات لە دڵدا هاوار دەکەم:

_ کاکە گیان! من بێ تاوانم! من تۆم خۆش دەوێ!… ڕوو بکە لام! ئاخر تۆ براگەورەی منی کاکە ئاندریاس!  دەوەرە لە ئامێزم بگرەو هێزو پشت و پەنام پێ ببەخشە… بەڵام ئەم هاوارو پاڕانەوەیەی من تەنیا لە ناخمدا بە ناکامی دەنگ دەداتەوەو لێم دوور ناکەوێتەوە!…

*****

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی