رۆژى 12ى جۆزەردانى ساڵى 1362 ى هەتاوى ئەو رۆژەیە کە لە لایەن “حەمید رەزا جەلایى پوور
“فەرماندارى شارى مەهابادەوە ئاگادارییەک لە نێو خەڵکى ئەو شارەدا کە نێوى 59 لاوى کوردى تێدا بوو کە بە تۆمەتى بوونى پێوەندى لە گەڵ هێزە کوردستانییەکانى دژبەرى کۆمارى ئیسلامى بە لەسێدارە و تیرباران مەحکووم کرابوون بڵاو کرایەوە.
زۆربەى ئەو لاوانە لە سەرەتاکانى مانگى خاکەلێوە و بانەمەڕى 1362 دا دەستگیر کران و بە بڕیارێکى نامرۆڤانە هەر 59 لاویان بە مەبەستى لە نێو بردن رەوانەى شارى تەورێز و دادگاى بە نێو شۆرش کە لە لایەن تەورە ریشدارەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە و بە بێ بوونى هەر چەشنە یاسا و رێسایەکى دادپەروەرانە ئیجازەى سەپاندنى هەر چەشنە حووکمێکیان بە سەر خەڵک، پێدرابوو، بە لە سێدارەدان مەحکووم و بە پێى هێندێک سەرچاوە باس لەوە دەکرێت کە لە شارى ورمێ تیرباران کراون، بەڵام هێندێکیش تەئکید لەوە دەکەنەوە کە لە شارى تەورێز حوکمەکەیان بەرێوە چووە کە تاکوو ئێستا ئەو شتە بە ناروونى ماوەتەوە.
“حەمید رەزا جەلایى پوور”یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە ئەنجوومەنى ئیسلامى”تکنیکوم نفیسى” تاران خەریکى خوێندن و پاشان لە گەڵ چەند کەسێکى تر لە هاوبیرانى لە لایەن مەهدى کەرووبى و میر حووسێن مووسەوى بە مەبەستى پەرەپێدان بە کارى فەرهەنگى رەوانەى کوردستان دەکرێت و لە شارى نەغەدە نیشتەجێ دەبێت، یەکێک لە کارە فەرهەنگییەکانى کە بە ناوبراو دەسپێردرێت سازادنى تەفرەقە و دووبەرەکى لە نێو دوو نەتەوەى کورد و توورک کە هەردووکیان لەو شارەدا نیشتەجێن و لەو کارەشدا بەداخەوە سەرکەوتن بەدەست دێنێت و بۆ ماوەى چەندین ساڵ لە نەغەدە و پاشان بە مەبەستى سەرکەوتوو بوون لە ئەرکەکەیدا پیشنیارى چوون بۆ مەهاباد و بوون بە فەرماندارى ئەو شارە و نوێنەرایەتى کارووبارى سیاسى پارێزگاى سنەى بۆ دیار دەکرێت و بەو شێوەیە تا ساڵى 1368 لە کوردستان دەمێنێتەوە.
ئەوەش دەر خەرى ئەو راستییەیە کە کارووبارى فەرهەنگى “جەلایى پوور” جگە لە دارشتنى پلان بۆ سەرکووت، قەتڵ و عام، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانى خەڵکى کورد شتێکى تر نەبووە و لە تاوان و جینایەتانەش کە بەسەر کورد لەو وڵاتە هاتوون بێگوومان کەسانێکى وەک مووسەوى و کەرووبى کە ئەو کات بەرپرسایەتى بەرزیان لە حکوومەتدا هەبوو رۆڵێکى بەرچاویان بینیوە،بۆیە پێویستەئاوڕێک لە دەسەڵاتدارەتى و بڕیاردەرانى ئەوکات و ڵاپەرە پڕ لە تاوانەکانیان بخەینە بەر دیدى راى گشتى و پێیان بڵێین کە ئەوانەى ئەمڕۆ خۆیان بە خەم خۆرى خەڵک و خوازیارى رێفۆرم لە ئێراندان هەمان جەلادان و حاکمانى ئێعدام و جینایەتەکانى ساڵانى 58تا 68 تن، بەتایبەتى مووسەوى کە لەو سەردەمەدا وەک” نخۆست وەزیر” و زۆربەى نامەى قەتڵ وعامەکان لە ژێر دەستى ئەو دا تێپەڕ دەبوون، کەچى وەک کورد واتەنى” نە باى دیوە و نەباران”.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى دەسەڵاتدارەتى کۆمارى ئیسلامى بدەینەوە بۆمان دەر دەکەوێت کە لە دواى بەتاڵان بردنى دەسکەوتەکانى شۆرشى گەلانى ئێران لە لایەن تاقمێک ئاخووندى بیرتەسک کە بۆ خۆسەپاندن بە سەر کۆمەڵگاى ئێران دەستیان لە هیچ چەشنە جینایەت و کردەوەیەکى نامرۆڤانە نەپاراستووە، بە تووندترین شێوە لە هەوڵى سڕینەوەى تاک و کۆى نەتەوەکانى ئێران بەگشتى و نەتەوەى کورد لە کوردستانى ئێران بەتایبەتى کە مل کەچى ویست و داخوازەکانى ئەوان نەبوونە دراوە!.
فتواى جیهاد بۆ سەر خەڵکى کوردستان لە مانگى گەلاوێژى 1358 و کارەساتى قارنى و قەڵاتان و شەڕى سێ مانگە ونەورۆزى خوێناوى شارى سنە و ….هتد نموونەیەکى بەرچاون لەو جینایەتانە، بەتایبەتى دەهەى 60تەکان کە بە سەردەمى ئێعدامى بە کۆمەڵى چالاک وانانى سیاسى و ئازادى خوازانى ئیرانى و بەتایبەت لاوانى کوردستان، لە لایەن تەورە ریشدارەکانى کۆمارى پەت و سێدارە دێتە ئەژمار، لەو ساڵاندا گەلێک جەنایەت و قەتڵ و عامى بەکۆمەڵ لە کوردستان هاتوونەتە ئاراوە .کە بەرچاوترینیان لە گوللە باران کردنى 59 لاوى کوردى شارى مەهابادبوون، ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە کە لاوان بەگشتى و لاوانى کورد بەتایبەتى وەک هێزێکى ئەکتیو و چالاک لە بەرابەر سەرەرۆیى و جینایەتەکانى ئەو رێژیمە لە تێکۆشان سڵیان نەکردووە و هەمووکات وەک زەنگێکى مەترسیدار بۆ سەر دیکتاتۆرییەت هاتوونەتە ئەژمار.
ئێستا و دواى تێپەڕ بوونى نزیک بە سێ دەیە بە سەر گوللە باران کردنى ئەو پۆلە لاوەدا تێپەڕ دەبێت و رێژیم بەشێوەیەکى بەرچاو پەرە بە جینایەت و کردەوە نامرۆڤانەکانى دەدات بەڵام زۆر جار تاکتیکى تر بۆ بەلاڕێدا بردنى بۆچوونى خەڵک بەکار دێنێت بۆیە بەشێک لە خەڵک ئێستاش لەو باوەڕە دان کە خەڵکى ئێران بەگشتى و گەلى کورد لە کوردستانى ئێران بەتایبەتى شارەزائییان بە نسبەت کردەوە دزێو و نامرۆڤانەکانى ئەو رێژیمە نییە و ئەوەش بۆتە رێگا خۆشکەر بۆ بەردەوام بوونیان لە جینایەت خولقاندن.
بەڵام بەبرواى من خەڵکى ئێران و کوردەکانى ئەو وڵاتە بەتایبەتى زیاتر لە خەڵکانى تر لە کردەوە و جینایەتەکانى ئەو رێژیمە شارەزاترن هەر بۆیەش و بۆ بەرپەرچ دانەوە و بەربەرەکانى و تێکۆشان لە بەردەوامن و تەنانەت بۆ رزگار بوون لە دیکتاتۆرییەتى کۆمارى ئیسلامى لە دانى بەنرخ ترین سەرمایەى ژیانیان واتا گیانیان سڵیان نەکردووە و ناکەن هەر ئەوەش بۆتە هۆى وەزاڵە هێنانى رێژیم. بۆ سەلمینەرى ئەو راستییەش دەتوانین ئاوڕێک لە خەباتى رزگارى خوازى گەلى کورد لە کوردستانى ئێران بدەینەوە کە هەر لە سەرەتاى هاتنە سەرکارى کۆمارى ئیسلامى و لە یەکەم هەنگاوەکانى ئەو رێژیمە بۆ زەوت کردنى مافى نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەى کوردبوو، هەر ئەو سیاسەتە چەوتەش واى کرد کە کوردەکان کەوتنە بەربەرەکانى لە گەڵ ریژیم و کوردستانیان لێکردن بە سەنگەرێکى لە گیران نەهاتوو لە راستاى دەستەبەر کردنى مافە رەواکانیان.
کۆمارى ئیسلامى و کەڵک وەرگرتن لەهەستى مەزهەبى و هێندێک تاکتیکى چەواشەکارانە سەرنجى خەڵکى ئێرانیان بە لاڕێدا برد بۆ ماوەیەکى بەرچاو، بەڵام ئەوە راستییەکى حاشا هەڵنەگرە کە خەڵکى ئێران بەگشتى شۆرشیان لە پێناو بینا کردنى دەسەڵاتێکى دێموکراتیک کە بە هیمەت و تێکۆشانى هەموو پێکهاتەکانى وڵات و لە هەمانکاتدا مافى هەموو لایەکى تێدا پارێزرابێت، نەک قوربانى لە سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانى ئێران و دەسکەوتەکانى لە لایەن تاقمێک ئاخووندى بیر تەسکەوە بە تاڵان بچێ ، بەلام لە گەڵ هاتنە سەرکارى ئەو رێژیمە، ئاخووند و تەورە ریشدارەکان چەقوو شەمشیرەکانیان لە ژێر حەباکانیان حەشاردا و پاشان بە نێوى ئایین و ئیسلامەوە دایانن بە تاقمێک جەلادى خوێن رێژ بۆ هەڵگیرساندنى شەڕێکى ئایینى بە نێوى جیهاد و.
ساڵانى 1360 تا 68 بە یەکێک لەو ساڵانەى کە زۆرترین رێژەى ئێعدامەکانى چالاک وانانى سیاسى و خەڵکى ئێران، لە مێژووى تەمەنى پڕ لە جینایەتى کۆمارى ئیسلامى دێتە ئەژمار، ئەو سەردەمە کەسانێک بەرێوەبەر و بڕیار دەرى ئەو تاوانانە بوون کە ئەمڕۆ بەرابەر بە خەڵک ژێستى خوازیار بوونى رێفۆرم و کۆمەڵگایەکى خەڵک سالارن و بەرابەر خەڵک وادەنوێنن کە کەسێک نییە لە وان زیاتر خەمخۆر و ئازار هەڵگرى خەڵک بێت، بەڵام لە راستیدا کۆمارى ئیسلامى هەر لەسەرەتاى هاتنە سەر کارییەوە هیچ کات و بە هیچ شێوەیەک خۆى لە کوشت و کوشتارى خەڵک نەپاراستووە و ناپارێزێت، رەنگە شێوەى تر بەکار بێنێت بەلام هیچ کات بیرى خزمەت کردن بە خڵک لە جێگاى جینایەت کردن دانانێت .{jcomments off}