"an independent online kurdish website

= کوردستان ئەمرۆ هەرێمێکی ئازاد و ئاسایشە تا ڕادەیەکی زۆر لە چاو دەرو دراوسێکانیدا و بە تایبەت لە چاو عێراق. زۆر لە عەرەبەکان لە ناوچەکانی خۆیان بژێویان نیە و خۆیان گەیاندووتە کوردستان و کارو کاسبی ئەکەن و ژیانی خۆیان بە باشترین شیوە لەوێ تێپەڕ دەکەن.mejid_kakeweisi_2012._dokan

تەنانەت سەرمایەیان داناوە و بوون بە خاوەن مڵک و سامان و سەرچاوە لە کوردستان. بە جل و بەرگی سوونەتی خۆیانەوە لە ناو شار و قەراخ سەیرانگاکان، بە ئازادی ژیان تێپەڕ ئەکەن. لەوەی کە کوردستان بووەتە شوێنی حەوانەوە و سەرچاوەی بژێوی، بۆ بیانیەکان و هەرێمێکی ئاسایشە بۆ ئەوانەی لە ترسا خۆیان گەیاندووەتە ئەوێ، باشە و منیش پێی خۆشحاڵم ئەگەر لە ڕادە بە دەر نەبێت و لە خانە خوێ زیاتر بەڕەیان درێژ نەکەن. بەڵام گومانی تیا نیە کە دەڵێن؛ ” جێی سەرم بکەرەوە لاقم خۆی جێی دەبێتەوە.” هیوادارم بەرپرسان و گەلی کورد زیاتر وشیار بن و ئگاداری پاشە ڕۆژ بن کە نەک رۆژێک بێت کورد لە ماڵی خۆیدا تەنگی پێهەڵچنرێت و جێگای خۆی نەبێتەوە….. هەر شتێک حساب کتابێکی ببێت باشە بە گۆترە و بێ لە بەر چاو گرتنی شتە بچووکەکان لەوانەیە کارەساتی گەورەی بە دواوە بێت……

= بە لای باوەڕی منەوە ئەم بەربڵاوی و پارە ڕژاندنە بە لێشاو، بۆ خۆی کارەساتە و خەڵکی فێری تەمەڵی کردووە، و مرۆڤی کوردی کردووەتە بخۆر و سەرفکەر.  تاکەکانی لە داهێنان و خولقێنەر دوور خستووەتەوە. جیاوازیەکی زۆری لە ناو چین توێژەکانی کومەڵ دروست کردووە. دەستی خەڵکی لە کارو کاسبی کێڵگەو بەروبوومی خۆماڵی کەم کردووەتەوە، لادێکان بە بەتاڵی ماونەتەوە، شارهەرچی دێت گەورەتر دەبێت جمەی دێت، خانوو و زەوی نرخی لە ڕادە بەدەرە و گەیشتووەتە ئەو پەڕی خۆی، خەڵکی توشی پەرێشانی و سەرگەردانی کردووە.

= پارە، تەبعە و نرخی نیە. و بچوکترین یەکەی دراو لەو وڵاتە ئیستا ٢٥٠دینارە. ئەمە لەوانەیە بەرزبێتەوە بۆ ٥٠٠ دینار و بەرەوسەرەوە…. نرخی دراوی بیانی لە هەرێم زۆرتر بایەخی پێدەدرێت و دولاری ئەمریکی سەرەکیترین دراوی مامەڵە پێکراو و ڕەواجە. لەوانەیە ئەمرۆ گرنگی بەمە نەدەن بەڵام ئەوە بۆ خۆی ترس دروست ئەکات. دەستی خەڵکی لە هەموو داهێنان و ئاژەڵداری و کشت و کاڵی و باخدارییەک وە دوا دەخەن و دەبڕن، و دواتر دەرگای دەرەکەی یان دەبەستن یان نرخی زۆر بەرزتر دەبێتەوە، تا دەگاتە ئاستێک کە هەژار و کەم دەرامەت نەتوانن بژین. ئەوجار وڵات توشی قەیرانی ئابووری، سیاسی و توێژ و چینی کۆمەڵ دەبێتەوە و بەرزی نزمی ژیان لە ناو توێژی کۆمەڵگا لە یەک دوور دەکەونەوە و دەپچڕێت و  خوانەخواستە زەرەرو زیان بە سەروەری کوردستان ئەگەیەنێ.

= نزیک بە تەواوی شت و مەکەکان وەک جل و بەرگ و پۆشاک و ناوماڵە، و زۆربەی خواردن و خواردنەوەکان، تەنانەت سەوزە و تەڕەبار و میوەکان،  لە دەرەوە دێن و بە نرخی گران دەفرۆشرێن. گۆشت تا ڕادەیەک گرانە و مریشک نا سروشتیە و بە کیمیاوی پەروەردە دەکرێن. کە مامەڵەچیان هەڵەڵەو هاوار دەکەن دەڵێن ئەوە هی فڵان وڵاتە و ئەمە هی فڵان سەنعەتی دەرەوەیە؛ بە شانازیەوە هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە و سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن، نرخی شتە خۆماڵیەکان کە بەروبومی خۆماڵیە و خاوێنترە، بێ نرخ سەیری دەکەن و پەراوێز کەوتووە و هاندەر کەمن بۆ گەشانەوەی بەروبوومە خۆماڵیەکان، و گرنگیان پێ نادرێ، بۆیە هاووڵاتی، لادێ و گوندەکانی پەراوێز خستووە و تەنیا مەگەر لە بەر بێدەرەتانی یان سەیران و گەشت و گوزارێک سەردانی دەری شار بکەن. لە کاتێکا کە ساڵەکای ٨٠ بەرهەمی تەڕەباری شارەزوور نەک هەر بەشی عێراقی دەکرد بگرە دەڕۆیشتە وڵاتانی دەورو بەر و دەرەوەتریش بۆ فرۆش.

= بێ سەرو بەرەییەک بە خانوو بەرەوە دیارە و هەموو وڵاتی تەنیوە کەچی بەشێکی بە نیوەچڵی ماوەتەوە و خەڵکێکی زۆر بێ خانوو و بەرەن و خانوویان بە کرێش دەس ناکەوێ یان ئەوەندە گرانە کرێچی لە قووەی نایەت. بەشی هەرە زۆری بە بلۆک ساز کراوەو چاولیکەریانە دروستی دەکەن، کەمتر ڕەچاوی بنەما و بناخەی دروست و بتەو و زانستیانە دەکەن، هەر بە بیانووی بەرز کردنەوە و دیکۆر پێدان هەیکەلی لێدەدەن و دەیڕازێننەوە. ساف کاری و نەخشان پەخشانی دەکەن و یەک شەوە ئامادەی دەکەن بۆ ژوان. بۆیە دوای ماوەیەک تریشکی لێ پەیدا دەبێت و دەقڵشی، یان بە هۆی نەبوونی مرجی خانوو بەرە و ڕێنمایەکان و نەبوونی بناخەیەکی بتەو زانستیانە، دەنیشێ و تێک دەچێت.

= بازاڕو کوچە و گەڕەک و کۆڵانەکان بەشێکیان تا ڕادەیەک خاوێنن، بەڵام بەشێکیان بە پێی پێویست خزمەتگوزاری نیەو پاشکەوت و پاشماوەکانی خواردن و خواردنەوە لەم لاولا کۆ بوونەتەوە و لە سەر گوزەرە گشتیەکان بۆ چەندین ڕۆژ دەمێننەوە، و سیمای شاریان تێکداوە….

” ئەوانەی کە بە کورتی لە سەرەوە باسم لیوە کردوون کێ بەر پرسیارە؟ ”

= بە لای باوەڕی منەوە هێشتا لەو وڵاتە فەرهەنگسازی بە پێی پێویست نەکراوە و ئاستی ڕۆشنگەری و ڕووناکبیری نزمە. هەم خەڵک و هەم دەسەڵات لێی بەرپرسیارن. گەل دەبێ وشیارتر بێتەوە و هەوڵ بدات مافەکانی خۆی بناسێت و کوێر کوێرانە هەنگاو و بڕیار نەدات، هەر کەسێک دەبێ لە خۆوە دەست پێ بکات، خۆی بە خاوەن ماڵ و یاساو و دەسەڵات بزانێت، بە بیرو هزرو ڕامانەوە لە ماف ئەرکەکانی بڕوانێت، چمکگری بەشێکی ئەو ڕایەخە بێت و هەر بەرامبەرەکەی بە خزمەتگوزار و خانە خوێ نەزانێت. تاک و کۆ دەبێ ڕەچاوی یاسا بکات و یاسا سەروەر بێت بە سەر هەموو تاک و کۆ و حیزبێک، و مافی هەرکەس بە پێی بەندەکانی یاسا و ڕێسای گونجا و شیاوی ئەو گەل و نەتەوەیە بێت.

= دوورە پەرێزیەک لە نێوان خەڵکی ئاسایی و دەسەڵات دەبینم. خەڵک و دەسەڵات پێکەوە نامۆن و خەڵکی ئاسایی حکومەت بە هی خۆی و بە بەشێک لە خۆی نازانێت، کە ئەمەیە کارەسات. هاووڵاتی پێی وایە یاسا و حکومەت بە ناوی تاک و حیزب و دەسەڵاتەوە زوڵمی لێدەکات و مافی پێشێل ئەکات و حکومەتیش پێی وایە کە هاووڵاتی دەبێ ملکەچی یاساو ڕێسای داسەپاو بێت و سرتەی لێوە نەیەت، کە ئەمە بۆ هەردوو لا نە گونج و نادروستە و لێک تێنەگەیشتن هەیە و ئەگەر هەروا بروات کێشەی دابڕانی دەسەڵات و گەل قوڵتر ئەبێتەوە. حکومەت هی خەڵکە و دەبێ بۆ خەڵک بێت و لە هاووڵاتیەوە دەنگی یاسایی بوونی خۆی وەرگرێت و داواکریەکانی گەل بە جێ بگەیەنێت و خۆی بە نوێنەری جێ بەجێ کارو خزمەتگوزاری گەل بزانێت.

= حکومەت هێشتا حیزبیانە بەڕێوە دەچێت و مۆرکی حیزبی بە ئەندامان و کارگێڕانی ئیدارەکانەوە دیارن و دوو ئیداری بە دام و دەزگا و تاکەکانەوە زۆر بەرچاون. کار و بارەکان هێشتا بۆرۆکراتیانە نیە و بە بڕیاری حیزبی و تاکی ناسراوی حیزبی و هاوڕێیەتی هەڵ ئەسوڕێت. تەلەفونێک، نامەیەک، لە کەسێکەوە باشترین یاریدەرە بۆ بە جێ گەیاندنی مەبسەتێک و کارو داوایەک. بۆ کەسی بێ کەس و بێ دەسەڵات ئەرکەکان و داوایاریەکان بە دژواری دەچنە پێش. هاووڵاتی بەردەوام سەرقاڵە بە ناساندن و پاراستنی ئەو کەسایەتیانەی کە کارو فەرمانیان لە دەس دێت و لە ڕوویی ناچاریەوە کڕنۆشیان بۆ دەبەن و بە بەڵێ قوربان  خۆیان لە بەردەمیان قوربانی دەکەن و دەبەخشن!. ئیدارەکان ڕۆژانە جمەیان دێ لە هاووڵاتی و ئەرکەکان وەک پێویست ڕاناپەڕێن و بەشێک لە کارگێڕان بە مەیل ویستی خۆیان کار دەکەن. کەسی شیاو لە پۆستی شیاو کەمتر دیارن و شپرزییەک بە ئەرک و کارەکانیانەوە دەبینرێن.

ئایا ئەم کەم و کۆڕیانە هەر حکومەت لێی بەر پرسیارە؟

= بە لای باوەڕی منەوە گەل بەرپرسیاری یەکەمە، چونکی گەلە حیزب و حکومەت و یاسا دادەنێت و تاکەکانی کۆمەڵ و گەلن کە دەبنە خاوەن بڕیارو دەسەڵاتدار. بنەماڵە لە ژن و پیاو، کۆمەڵ لە خێزان، گەل لە کۆمەڵ و وڵات لە کۆمەڵگە پێک دێت. یاساو ڕێسا و دیمۆکراسی و دیکتاتۆری، لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە پێک دێت و سیستەمێکی تاکڕەوی یان کۆمەڵی دێنێتە کایەوە. واتە لە هەر کۆمەڵگەیەک کە وڵات ئاوساوی فەردپەرەستی و حیزبێنە و تاکڕەوی و بەرتیلخۆری بوو، ئەو کۆمەڵگە و ئەو وڵاتە فەرهەنگسازی نزمە و ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان گەشەی نەکردووە و تاک بە باشی لە یاساو ڕێسا و وڵاتپارێزی و حکومەتداری نەگەیشتووە و نازانێت لە کوێدا داوای هەقیەتی لە کوێ ناهەق؛ بەوە دەبێژن کۆمەڵگەی پاشکەوتوو.

– میللەت دەبێ پارێزەری کەرامەت و ڕۆحی بەرزی نیستمانی و سەروەری گەل وڵات بێت، نەک گەل و وڵات و دەسکەوتەکان فیدای رۆژانەی خۆی بکات بۆوەی تەنیا سکی تێر بێت و ئاگای لە دەرو دراوسێی نەبێت. نەک وەک مەلای مەشهورە لە سەر ئەو لەقەدارەی کە دانیشتووە بیبڕێتەوە و بکەوێتە خوارەوە، کە هەم زەرەر لە درەختەکە دەدا و هەمیش خۆی دەکوژێت.

– بنەماڵە و بە تایبەت باوک و دایک بەرپرسیاری یەکەمن لە پەروەردە بۆ ئەوەی تاکی ڕۆشنبیر و زانا و شارەزا زۆر بن و بتوانن بە هاوکاری یەکتری خۆیان لە قەیران و کێشە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئیداریەکان ڕزگار بکەن و یاسا و ڕێساکانی مرۆیی و سروشتی بزانن تاکو بتوانین هیواداربین بە پێشکەوتن و بووژانەوەی گەل و وڵات، ئەو جا دەتوانین لە سیستەمی باش و دڵخواز کەڵک وەر بگرین و داهێنانی فکری زانستیمان هەبێت و مافەکان لە چوارچێوەی یاسایی کەسێتی و گشتیدا بناسین و ڕەچاویان بکەین. پێویستە تاکەکان هەوڵی زانیاری و تێگەیشتن بدەن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیستەمی ئیداری بە هەموو بەند و باوەکانیەوە تا بتوانن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان بەرچاو ڕۆشن بن و نەکەونە هەڵەوە و کوێر کوێرانە تفەنگ بە تاریکیەوە نەنێن و نەبنە هۆی ئاڵۆزی و بشێوی و قەیرانی ئیداری.

چ جۆرە سیستەمێک پێویستە؟

= لە لایەکیترەوە دەسەڵات و حکومەت دەبێ بە باشترین شێوەی گونجاو سیستەمی باش و شیاو کە گونجاو بێت لە گەڵ فۆرم و قەوارەی کوردستان، گونجاو بێت لە تەک بوواری دەروونی، سیاسی، فەرهەنگی، ئاینی ئەو کۆمەڵگەیە و سادە و ساکارانە شیکرێنەوە بۆ گەل و کۆمەڵگە لە هەر بوارێکەوە تێگەیەنن. سیستەم دەبێ خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین بکات، فەرهەنگسازی بکات، جیاوازی چینایەتی کەم بکاتەوە، یەک سیستەمی ئیداری فەرهەنگی کۆمەڵایەتی هەبێت وەک یەک گشتگیر بێت. مافی هیج تاکێک پێشێل نەبێت و بە پێی یاسایەکی چەسپاو و گونجاو و ڕێ پێ دراو ئەرکی هاووڵاتیان ڕاپەڕێنێت. سیستەمی پەروەردەیی، قوتابخانە، ئیدارەکان بە شێوەی نوێ و سەردەم بگونجێنێت و یەک ئاست بێت لە هەموو شوێنەکان. سیستەم دەبێ پێوەندی خۆی و هاووڵاتی پێکەوە گرێ بدا و بە هاوکاری یەکتر بە لێک حاڵی بوون لێكهەڵپێکێنرێن و ببنە یەک درەختی هەزاران لەق پۆ دار…. تا بتوانین هیواداربین لە داهاتوویی نزیک چاوەڕوانی وڵاتێکی گەشاوەتر، گەلێکی ڕۆشنبیرتر و شارەزاتر بە ماف و یاسا و ڕێسا و سیستەمی پەسەند کراو و گشتگر، تا پێکەوە ببنە چەتر و سێبەر لە سەر کوردستانی سەربەرز.

حکومەت و کابینەکانی کوردستان

= حکومەت و کابینەکانی کوردستان هەرچەند هەمیشە مۆرکی حیزبی و تاک پەرەستیان پێوە دیار بووە و بە شانازی لایەنی خۆ ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە و بە سەر خەڵکیان داداوەتەوە، بەڵام دیسان کاری باش و بەرچاویان کردووە، لە ماوەی ئەو ٢٠ساڵەدا کە ئەو کات هاتنەوە سەر وڵاتێکی وێران داڕماو، بە واتای خۆی داڕماو و سەقەت؛ کە گەر تەنیا وێنەکانی ئەو کاتی شارەکانی کوردستان و ئیستا بەراورد بکەین دەزانین کە چی کراوە. بەڵام ئەوە بەو واتایە نیە کە بێ کەم کۆڕی نەبێت و تەنیا پەسنبێژی بکەین؛ مەبەستی من لێرە کە پێشتریش باسم کردووە، پشتگری لە لایەنێک یان دژایەتی کردن نیە بەڵکوو بەرچاو خستن و هاندانە بۆ باشتر بوون بە هەموو لایەکمانەوە. چاکە و خراپە یەک لایەنە نیە و بە پێی بەرامبەر نرخی بۆ دادەنرێت و کردار و دژەکرداری ئەنجام دەدرێت.

کێشەی ڕێگا و بانەکان

= ڕێگەو بانەکان هێشتا هەر سەقەت و ناهەمواری و تەسکی زۆریان پێوە دیارە. لە زۆر جێگا جادەکان یەک هێڵە و پڕ لە تاسە و هەڵبەز و دابەز کە ئەمانە لە سەر ڕێگای سەرەکین و ترس و زەرەری زۆری بە هاو وڵاتیان گەیاندووە کە هێشتا چاک نەکراون. بەشی زۆریان جادەکانی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ کانن کە ئەو کات هەموو عێراق باوەڕ ناکەم بە قەد سلێمانی ماشین و دەسگای گواستنەوەی قورسی هەبوو بێت، بەڵام ئیستا جادە هەر ئەو جادەیە و قورسایەکان بە هەزاران بەرامبەر بوونەتەوە. ماشین باری قورس و گران بە بارەوە لە سەیارەی شەخسی بێژم زۆرتر بە ڕێگاوەن و ڕێگاو بانەکانیان کاول و وێران کردووە و زۆریش ناشارەزایانە و بێ پرنسیپی یاسای هاتوو چۆ، بە خێرایی نایاسایی لێی دەخوڕن و دەڵێی مێشێک میوانیان نیە کاتێک کە بە سەر ئەو جادە ناهەموارانەدا تێدەپەڕن و بە خێرایی لە ڕادەی خۆ بەدەر سبقەت لە یەکتری و تەنانەت لە ماشینی شەخسی دەگرن.!!

= ڕێگای سلێمانی کۆیە کلکە سماق کە هاتو چۆیەکی زۆری لە سەرە تەسک و پڕ لە چاڵی چۆڵی هەوراز و لێژە، و بێ تابڵۆی پێویستی ڕێنمایە و بە دەگمەن دەبینرێن. لە باتی ئەوەی کە ڕێنمای و تابڵۆی شوێن و شار و جێگایەکان هەڵواسرابن، کە چی بە پێچەوانە لە بەر تابڵۆی گەورە و زەبەلاحی ” ڕیکلام”  سەرنجی شۆفێر و موسافیرەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و زۆر جار ئەوانە دەبنە هۆی حاڵەتی ڕووداوی ناخۆش و کارەساتی گەورە. کە ئەمە بە ڕاستی دیاردەیەکی نا دروست و ترسێنەرە و لە هیچ کوێی دونیا بێجگە لە کوردستان باوەڕناکەم بەو ڕادەیە باو بێت.

= جادەی سەرەکی سلێمانی دەربەندیخان زۆر تەسکە و کەم کۆری و تاسە و خواری خێجی زۆرە و رووداوی ناخۆش ڕوویانداوە. لە هندێک شوێندا کاری لێ دەکەن بەڵام مەودایەکی زۆریان داوەتە بەری و بەشێکی زۆری ڕیگاکەیان بڕیوە و خەریکی نوێژەنکردنەوەن کە چی زۆر بە کەمی کاری لە سەر دەکەن. حکومەت لێپرسراوە لە ئاست ئەو شیرکەتانە کە ئەو ئەرکانەیان وە ئەستۆ گرتووە بۆوەی بە کارەکانیان ڕا بگەن بەردەوام چاوەدێری و گوشاریان بخاتە سەر.

= لە هەمووی ناخۆشتر جادەی سەر شاخی دەربەندیخان بوو کە بۆ یەکەمجار لە مانگی ٥/٢٠١٢ ز. بە ناچاری ڕێمان تێی کەوت کاتێک کە تونەیلەکەی دەربەند بە ناو چاکسازی داخرا بوو. سبەینێ یەکەم ڕۆژی داخستنی کاتژمێر دەوروبەری ٩ بەیانی لە تونەیلەوە تیپەڕین و بە ماشێن بردنیان و بە دەم ڕێگاوە بە گۆرانی ورنگە ورنگ و پێکەنین ڕۆیشتن بەرەو سەرتەک و بەمۆ بۆ دیداری ئازیزانی کەس و کار و خۆشک برا کە قەرار بوو لەو دیوەوە، واتە کوردستانی بندەستی ئێران، ەوە، بێن بۆ دیدار تازەکردنەوەی یەکتریمان دوای ١٦ساڵ دووری لە یەکتری، لە سنوور بە یەک شاد بینەوە، بەڕێ کەوتین و کاتژمێر ١٠ گەیشتینە دارە کونجە لە نزیک سنوری بەڕوێن بانەدار. بە هاوکاری خزمان؛ ” س و ع و م ” کە بە ڕاستی دڵسۆزی و هاوکاری باشیان کردین و ئەو خۆشەویستانەی کە لەو دیو سنورەوە چاوەڕوان بوون زیاتر لە ٢٠ کەس بوون دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی گێرەو کێشە ئەوجار ئیزنیان دان و بە ماشین هێنانیان بۆ لای ئێمە لە دارە کونجە. لەوێ پیکەوە شاد بینەوە، ئەو ڕۆژە هەر هەموو میوانی بنەماڵەی کاک ” ع و م س” بووین. بۆ خۆشی لێمان گوزەرا و دوای دوو کاتژمێر ناچار خزمانی ئەو دیو گەڕێندرانەوە بۆ سنوور و لەوێوە ڕۆیشتنەوە بۆ ناو بنماڵەی خۆیان. ئێمەش بەرەو سەرتەک و بناری بەمۆ کەوتینەوە ڕێ و لە لای ڕەئیسان دیسان بنەمان داخست و لەویش نانی ئێوارەمان لە بن ئەو دارانە و لە قەراخ ئەو ئاو و سراوانە تێپەر کرد و سێبەری تاریکی بەمۆ گرتینی و نوێژی ئێوارە و شەومان پێکەوە خوێند و ئەوجا بەرەو زەڕایەن و نەسرو باریکە بەڕێکەوتینەوە.

-= درەنگێک کاتژمێر ٨ی شەو گەیشتینە تونەیلەکەی دەربەند بەرەو زەڕایەن، کە چی وتیان لە سبەینێوە داخراوە و تا چەند حەوتوویەک ناکریتەوە. هەروەها وتیان دەبێ لە سەر شاخەوە بڕۆنەوە؛ بە هەر حاڵ گەڕاینەوە بۆ سەر شاخ. چەند خولەک پێشتر ئێمە وەستاین و س خەریکی بەنزین کردنی ماشینەکەی بوو، و زەنگمان بۆ م  لێدا کە ئەو نەوەستێت بڕوات و ئێمەش بە دوایدا دێین. بەڵی کە نزیک شاخ بووینەوە زەنگمان بۆ م لێدا و وتمان تونەیلەکە داخراوە تۆ لە کوێوە ڕۆیشتی؟ وتی: ” من لە تونەیلەکە تێپەڕیم و تونەیلەکەیان داخست و خەمی منتان نەبێ ڕۆیشتووم”. پێمان وابوو ڕاست ئەکات، س وتی ئاخ چۆن ئەم بەنزین کردنە دای بە کۆڵما! ئێمە کە وە سەر کەوتین بۆ سەر جادەی شاخ دیتمان کە نەخێر ئەم تەپ و تۆز و دوکەڵ و هەموو ماشین باری و دوکەڵانە هی ئیستا نیە حەمە چۆنین دەرچووە!!. دیسان وتمان لە خوا بە زیاد بێت کە ئەگەر لێرەوە بهاتایە نەیدەتوانی دەرچێت و هەم ماشینەکەی نزم  و بچوک بوو هەم  باری گران و م. هەڵگرتبوو گرانتر ببوو، خوایە هەزار بار شکور… بەڵی هاتین لە تۆز و دوکەڵ نوقم بووین و تەنگە نەفەسی ڕووی تێکردین. بە ئاستەم ئەو دەبڵ کابینە بە هێزەش سەر دەکەوت و تەگەرەکانی جاروبار لە شوێن خۆیان خولیان دەخواردەوە. بە هەمە حاڵ چەند خولەکێک ڕۆیشتین و دیتمان کاکە حەمە بە خۆی و ماشین و سەرنشینیەوە لە ناو ڕێگادا پەکی کەوتووە و جۆڵەی لێ بڕاوەو لە بەر تەپ و تۆزی ڕێگا و ماشین باریەکان و دەنگ و دوکەڵی گڵابەکان ناتوانن بێنە دەرەوە.!! هەم پێ کەنین و هەمیش دڵگران بووین. وتمان زوو میم و میم و. وەرنە خوارەوە بۆ ناو ماشینەکەی ” س”.

– جێگای ئێمەیان گرت و ناچار بە ناو ئەو تەپ تۆزە کە تا قاپورە جادە خۆڵی نەرمی لێ نیشتبوو کەوتمە ڕاکردن بەرەو ئەو بەرەو ژوورە و بۆ سەرەوەی شاخ. لای ڕاستم گرتبوو و ڕام دەکرد بۆ سەرەوە. ماشینەکان ئەوەندە بە هێواشی وەسەر دەکەوتن من بە ڕاکردن لێیان تێپەڕ دەبووم. چەند سەد مترێک ڕامکرد و سینیش هەر هاواری ئەکرد کورە بابە بۆ کوی! دەتەوێ تا کوێ ڕابکەیت؟! زۆری ماوە و ١٠ کم زیاترە، چۆنین دەیبڕی؟ چاو نەیدەبینا لە بەر تاریک و تەم مژی تۆز و خۆڵ و دوکەڵی ماشین باری. بەڵام دیتم ڕاست ئەکات نە من دەتوانم و نە هێزم دەمێنێت لە ناو ئەو شەڕە دوکەڵەدا، بۆیە وەک ع و ح لە دوای دوکابینەکەوە خۆمم پیا هەڵواسی لە سەر نوکی پێی و پەنجەکانی دەست خۆمان ڕاگرت و تا سەر شاخ و بەرە و خوار هەموو ئەو تەپ تۆزە گرتینی و بە تۆز و دوکەڵ ڕەنگ کراین. بە هەر حاڵ لە خوا بە زیاد دەرباز بۆین و بە سڵامەتی گەیشتینەوە. ئەوەم قەت لە بیر ناچێت، کە لە کاتی وەستان و ڕۆیشتن خەریک بوو بترازێین و بکەوین، ئەوکات من لە خەیاڵی حکومەت و ئەو ڕێگاو بانەدا بووم و بیرم دەکردەوە؛ ئاخۆ، بۆچ پێش وەخت کار ئاسانی نەکراوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە چاک بکەن وەک ڕێگای دووەم کە گوایا ئەوە چەندین جارە تونەیل بە هۆی ڕووداوی جۆراو جۆر داخراوە و جادە کەوتووەتەوە سەر شاخ، و ئیستاش هەر وەک خۆیەتی!؟ بە ڕاشکاوی دەیڵێم هەر کەس لەو شاخەوە بە تایبەت بە شەو تێپەڕێت بە ملوێنێک ناسزایی بە حکومەت و دەسەڵات ئێژێ. پرسیار لێرەدایە؛ بۆچ ئەو ڕێگایە لە ماوەی ئەو ٢٠ساڵەدا چاک نەکراوە؟. لانی کەم هیج نەبێت تەخت و ئاوپرژێنی بکەن و زیخ ڕێژی بکەن کە تۆز نەکات. بە ڕاستی ئەوە زۆر ناخۆش بوو هیوادارم کە بەر پرسانی حکومەت بۆ جاریکیش بە شەو بە سەر ئەو شاخەدا بە ماشێن بچن و بزانن هات و چۆ چەندە ترسناک و پڕ کارەسات و نا هەموارە. هیوادارم تا پێش ئەم بابەتەی من ئە ڕێگایا بە دڵی خەڵک چاککرا بی.

( بێینەوە سەر ئاسایش و پۆلیس و ڕێگا و بانی ناو شار و بازگەکان و ترافیک لایتەکان.)

= پۆلیس لە هەموو شوینێک لە ڕادە بەدەرن و ئەرکی خۆیان بەڕێوە دەبەن. لەوانەیە لە زۆری و بۆریدا لە ڕادە بەدەر بن. بەڵام بەو حاڵەش هێشتا خەڵک کونترۆڵ ناکرێت کە ئەوەش نا شارستانی ناشارەزای خەڵک لە یاسا و ڕێگا و بانەکان و هاتوو چۆکان ئەگەیەنێ. کە هاووڵاتیان لە مەرجی ڕێنمایی و هات و چۆ و موڵەتی لێخورین نا شارەزان و بێ موڵەت بێ یاسا هەر کەس بۆ خۆی لێی دەخوڕێت.. ئەمەش تەنیا بە زۆری پۆلیس چارەسەر ناکرێت و دەبێ خەڵک لە فێرگەکاندا ڕۆژانە خولیان بۆ دابنرێت و فێر کرێن و لە تاقیکاری دەربچن.

* ئیستاش خەڵک فێر نەبووە یان فێر نەکراوە کە وڵات دەبێ وەک ماڵ و پەیکەر و ڕۆح و گیانی خۆی سەیری بکات  و پاک و خاوێن ڕایگرێت و لە نەخۆشی و ترس بیپارێزێ….

جادەکان زۆریان بێ ڕێنمایین و ترافیکلایت لە ناو شارێکی وەک سلێمانی کە ڕادەی دانیشتوانی لە ملیونێک زیاترە بە قەت شارێکی دانمارک کە دانیشتوانی ١٠٠٠٠ کەسە کەمترە!! ئەمە لەم سەردەمەدا و بەم هەموو قەرەباڵخیەی شارو ماشێن و ئامێرە ڕاگوێزەکان بە ڕاستی کەم و کۆڕی زۆری پێوە دیارە.

– من لە لایەن خۆمەوە دیسان دەسخۆشی لە پۆلیس و ئەرکە پیرۆزەکانی ئەکەم، کە لە سەر جادە و شەقامەکان بە گەرما و سەرما هەوڵ ئەدەن نیشتمان و هاووڵاتی لە کارەساتی نا خۆش ببپارێزن و ڕووداوەکان کەمتر بکەنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بە پۆلیس و یاسا چارەسەر ناکریت، بەڵکو سیستەمی باش دەبێ بێتە کایەوە و کاری خێرای بۆ بکرێت و خەڵک وشیارتر بکرێتە. ئەگەر هاووڵاتانی کوردستان لە ئەرک و مفەکانیان و یاسا ڕێساکانی شیاو و چەسپاو لە هەرێمی کوردستان بە ئاگا بێنەوە و فێر بکرێن، پاشان بۆ سەر پێچی سزا بدرێن، ئیتر پێویستی بەو هەموو پۆلیسە نیە کە جادە و سەقامەکانی داپۆشیوە، لە باتی ئەوە بوجەی وڵات بۆ شتە گرنگەکان، وەک ڕێگا و بان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، بنکە تەندروستی کۆمەڵایەتیەکان، سەرف بکرێن.

= ئاسایش ڕۆل و ئەرکی چاک دەگێڕن، بەڵام جێگای داخە کە خەڵک زۆر لێیان دەترسێن، و وەک ڕێکخراوێکی سەرکوتکاریان ناودەبەن. پێم وایە ئەوانیش بە ژمارە لە پۆستەکانیاندا زۆرن و لە ڕادە بەدەرن، لە هەموو شوێن و جێگایەک دەبینرێن و خەڵک و بوجەی وڵاتیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، نیشتمان لە ڕوانگەی منەوە بە وڵاتێکی سەربازی دێتە بەرچاو. بە باوەڕی من ئەگەر سنوورەکان بە باشی چاوەدێری بکرێن و خەڵکیش هەرکام لە لای خۆیەوە لە ناوخۆوە چاوەدێر و هاوکاری یاسا و حکومەت بن، پێویستی بەو ڕادە زۆرەی ئاسایش ناکات.

= هەموو ئەو کەم و کۆریانە بە جێی خۆی، من پێم وایە یەکەم هەموو ئەو نادادپەروەرییانە بۆ دانیشتوانی کوردستان بە گشتی ناوشیاری ئەگەڕێتەوە، بۆیە وڵات پڕە لە نا هەمواری. هاووڵاتی یەکلایەنە بریارو قەزاوەت ئەکات و پێی وایە ئەوە تەنیا ئەرکی حکومەتە کە مافی هاووڵاتی بپارێزێ، بە خێوی بکات، ژیانی بە هەموو لاکانیەوە بۆ دابین بکات؛.

– من پێم وایە ئەوە زۆر هەڵەیە ئەگەر هاووڵاتی تەنیا چاوی لە دەستی حکومەت بێت و حکومەت بە چاوەدێر و پارێزەری وڵات بزانێت؛ مەگەر حکومەت لە کوێوە هاتووە؟ هەر نەوە و نەتیجە و کور و کچی ئەو کۆمەڵگەیە نین؟. ئەوە گەلە حکومەت هەڵدەبژێری و بە لێزانیەوە دەنگ دەدات بە نوێنەری هەلبژاردەی خۆی. ئەوە گەلە دەبێ چاوەدێری خۆی و وڵات یاسا و ئەندامانی حکومەت بێت. هەر گەلە دەسەڵاتی لابردن و هێنانە سەرکاری تاک و کۆی دەسەڵات و حکومەتی هەیە و گۆڕانکاریە گەورە و چارەنوس سازەکان دەخوڵقێنێت. هاووڵاتی و ئەندامانی کۆمەڵگەیە کە دەبێ وشیار بن و ئاگاداری حکومەت و کارەکانی بن. هاووڵاتی دەبێ بە باشی مافەکانی خۆی و بەرامبەرەکەی بزانێت تا بتوانێت خۆی و بەرامبەری و گەل و نیشتمان بپارێزێ و تا سەر ئیسقان لە دادپەروەری و مەفە ڕەواکانی پارێزگاری بکات.

سەرپێچی هاووڵاتی لە یاسا و ڕێساکان

– تا ئەو ڕادەی من لەو چەند ڕۆژەدا کە لە کوردستان بووم و سەرنجی هاووڵاتیم ئەدا و یاسا و ڕێساکانم ئەبینی، بە داخەوە هاووڵاتی هیج؛ سەرپێچی یاساکان دەکەن، لە لایەکیترەوە خۆیان بە بەشێک لە حکومەت و دەسەڵات نازانن و دژایەتی ئەکەن؛ هەر کەسێک نەیەوێ لە خۆوە دەسپێبکات و پێیوایە کە دەبێ بەرامبەرەکەی دەبێ بگۆڕێ، کە ئەمە کارەساتە. هەر کەس بە هەڵە و پەڵەی خۆی نەزانێت و کەم و کۆڕی خۆی چارەسەر نەکات، ناتوانێت ڕەخنەگرێکی باش بێت. هەر کەس دەبێ خۆی بە بەرپرسیار لە ئاست ژیان و وڵات و دەرو دراوسێ و بەرامبەری بە بەرپرسیار بزانێت و لە ناخی خۆیەوە دەسپێبکات. ئەگەر هاووڵاتی هاوکاری و پشتگیری لە حکومەت نەکات و هەرکام چەمکێک لە ژیان و بەڕەی دەسەڵات هەڵنەگرن و نەپارێزن، ئەو حکومەتە نەک لە کوردستان بێت لە قوڵایی دیمۆکراتیەتی ئوروپاشدا بێت تێک دەچێت و بەڕێوە ناچیت. هەماهەنگی هاوکاری دەسەڵات و گەل پێکەوە وڵاتێکی ‌هێمن و ئاسایش و خاوەن یاسا و ڕێسا و ئازاد دابین ئەکات، نەک پێچەوانەکەی.

بۆ یە گرنگە کە هاووڵاتی پێش هەموو شت وشیار بێت و ماف و ئازادی خۆی و بەرامبەری بناسیت، لە کاتی قەزاوەتدا خۆی بخاتە شوێن بەرامبەری، واتە ئەو کەس یان دەسەڵاتەی داخوازی لێی هەیە و مافی لایەتی، بخاتە شوین خۆی، ئەوکات بۆی دەردەکەوێ کە چۆنین بۆ مەسەلەکە بڕوات.

٠ نموونە: ئەو ماوە لە کوردستان لە سەر ڕێگاو بانەکان تا ڕادەیەک ڕێنمایی هەبوو، بەڵام دیسان خەڵک زۆر کەم یاساییانە لێیان دەخوری، بەشێکی زۆری خەڵک بە یاسایی ئیزنی لێخوڕینی ترۆمبیلیان نیە و نایاسایی لە گیرفانیان ناوە و هەر بێ ئاگان لە ڕێنمایی و تەنانەت خوێندەواریشیان نیە کە بزانن لە سەر تابلۆکان چی نوسراوە.! نازانن کامە دەستی خۆیان و چۆنین و کەی سبقەت بگرن، توند یان هێواش بڕۆن، قایشی خۆبەستن بە کار نابەن، خێرایی و پێشبڕکێ زۆر بەرچاون و لە خۆ باییانە بە هۆڕن هەلهەلە تێدەپەڕن. ئەمە وێڕای کەم و کۆڕی جادە و بانەکان، و ترۆمبیلەکان کە ترمزو فەرمانیان ناڕێک و پێکن. دیسان دەڵێم لە هەموو ئەوانەدا هاووڵاتی لە پلەی یەکەمدا تاوانبارە. هەرکەس مافی خۆی و خۆی نەناسێت ناتوانێت مافی بەرامبەری بپارێزێ. ” نوستوو کەی دەتوانێت نووستوو لە خەو هەڵسێنێت”.

ن. مەجید کاکەویسی

دانمارک ٥/٢٠١٢ز.  

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی