"an independent online kurdish website

لەو تێکۆشەرانەی کەمم دیون و زۆریان گیرۆدە بووم، سۆفیزادە لە ڕیزی پێشەوەیانە. ئێستاش نازانم چۆن وا زوو کونجی دڵی داگیر کردم و بۆ ئاوا سەرسەختانە پێیەوە نووسا. بۆم پرسیارە چ شتێک دەو مرۆڤە دا هەبوو کە منی هاندا خۆشم بوێ و لە خۆمی نیزیک بزانم.

ئاخر ئێمە نەک هەر خەڵکی ناوچەیەک یان شارستانێک نەبووین تەنانەت شوێنی کار و تێکۆشانیشمان لێک دوور بوو. ئەوەی دەزانم هەموو تێکۆشەرانی ڕێی ئازادیی کوردستان خۆشەویستن و دڵ دەخوازێ لە ئامێزیان بگرێ، بەڵام لێدانی ترپەی دڵ بۆ هێندێکیان توندترە. ڕەمزی ئەوە دەچی دایە، نایزانم. جاری وایە بە یەکەم نیگا دڵت کەسێک دەگرێ، بەڵام دوایە کە لە هەڵسوکەوتی ورد دەبییەوە دڵت دەگۆڕێ. هەشە سەرەتا خۆتی لێ نادەی، کەچی بەرەبەرە لە خۆتی بە نیزیک دەزانی و خۆشت دەوێ. بەڵام جاری وایە هەر کە کەسێکت دیت یەکجێ وەبەر دڵت دەکەوێ و دوایەش هەتا دێ زیاترت خۆش دەوێ. رەحمانی سۆفیزادە بۆ من شکڵی سێهەمی هەبوو.

چەند شت دە ڕەحمانی سۆفیزادە دا هەبوون کە زوو وەبەر چاویان دەخست و خەڵکیان بۆ لای ئەو ڕادەکێشا. لەوانە دەتوانم بڵێم: لاوێکی باڵا بڵیندی جوان چاک بوو. ئاخر پێشمەرگە بۆ ئەوەی کۆڵێک ڕەخت و فیشەکدان لە خۆی بار بکا دەبوو چەندین میتر پشتێند ببەستێ هەتا پشتی تووشی ناڕەحەتی نەبێ. جا بۆیە زۆریان لە بن ئەو بارە قورسە دا وێک دەهاتن و کورتیان دیاری دەدا. ڕەحمان یەک لەو پێشمەرگانە بوو پشتێند و فیشەکدان لە باڵای بەرزی دیاری نەدەدا و هەر دەتگوت هیچی پێوە نییە. ئەوە نیعمەتێک بوو سروشت پێی دابوو و کەسیش حەسوودیی پێی نەدەهات. دووهەم شت کە زۆر و زوو سەرنجی ڕادەکێشا سەرلووتی هەمیشە ئارەقاویی کاک ڕەحمان بوو. دەگەڵ ئەو باڵا بەرزی و توند و تۆڵییەی هەیبوو، بە سەهۆڵبەندانی زستانیش سەرلووتی دایمە ئارەقەی دەکرد کە زۆری لێ جوان بوو. ئەوەش وای دەکرد زوو بکەوێتە بەر دڵ. دەگەڵ ئەوەش شێوەی بەستنی ئاغابانۆکەی کە توند بە سەرییەوە دەنووسا و لکێکی درێژی بە لایەک دا شۆڕ دەبۆوە لانی کەم بۆ من سەرنجڕاکێش بوو. شتێکی دیکەی کە ئەو مرۆڤەی زوو خۆشەویست دەکرد، دەم بە پێکەنینی و ڕووخۆشیی ئەو بوو. کاک ڕەحمان بۆی گرینگ نەبوو ئەوەی دەگەڵیەتی کێیە و چ مەنسەبێکی هەیە. دەگەڵ گەورە و چووک و سەر و خوار وەک یەک دەجووڵایەوە و دایم بزەی لە سەر لێوان بوو. شاد بوون، یان بڵێم خۆ بە شاد نیشان دان خسڵەتێکە هەموو کەس ناتوانێ هەیبێ. ئەوانەی دەم بە بزە و کەیف سازن زووتر دەنێو کۆمەڵ دا جێگا دەگرن و دۆست و ڕەفیق لە خۆیان دەهاڵێنن. ڕەحمانی سۆفیزادە لەو نیعمەتەش بەهرەمەند بوو کە دەبێ بڵێم خەنی لە خۆی. ئەوانەی باسم کردن لەو شتانە بوون کە لە یەکەم نیگا دا سۆفیزادەیان وەبەر چاو دەخست و وایان لێ دەکرد بەرچاو بێ.
بەڵام ئەوانەی شانسی ناسیاوی و دۆستایەتیی ڕەحمانی سۆفیزادەیان پەیدا دەکرد دواتر دەیان زانی کەسایەتیی ئەو مرۆڤە چۆنە. ئەمن بەو ماوە کەمە کە لە نزیکەوە ناسیم چەند خسڵەتی زۆر بەرزی ناوبروام بۆ دەرکەوت کە ئەوانەن:
– سۆفیزادە بە نیسبەت تەمەنی کەمی (ئەوکات لە خوار ٢٥ ساڵی دا بوو) زۆری دەزانی. لە نێو ئەو هەموو لاو و تازە لاوانەی کە تازە ڕوویان کردبووە ڕیزەکانی شۆڕش، ژمارەیەکیان زۆر دیار و بەرچاو بوون. ڕەحمان یەک لەوانە بوو کە چاوەڕوانیی زۆری لێ دەکرا و بۆچوون و زانیارییەکانی جێگای لێ وردبوونەوە بوون. ئەو کە لە یەکیەتیی لاوانەوە دەستی بە خەبات کرد وەک کەسێکی خۆش فکر و خاوەن ڕا چاوی لێ دەکرا و هەر بۆیە بە پەلە جێگای خۆی لە ڕێبەرایەتیی ئەو ڕێکخراوەدا کردەوە و تەنانەت بە هۆی زیرەکی و لێزانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەستی بە گەڕان کرد و بە قازانجی شۆڕش تەبلیغی دەکرد. ئەوە بوو بە هۆی زیاتر خۆشەویست بوونی ناوبراو و جێگایەکی تایبەتی بۆ کردەوە. چاکم لە بیرە لە ڕێورەسمی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦١ دا کە خەڵکی چەند گوندی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد لە نێو باغەکانی “قەرەگۆل” کۆببوونەوە، قسەکانی ئەو کوڕە باڵا بەرزە سەرلووت ئارەقاوییە گفتولفت خۆشە سەیر کاری تێکردن. ناوبراو هەمیشە قسەکانی بە شیعرێکی شۆڕشگێری دەست پێ دەکرد کە من لەتە بەیتێکیم هەر لە بیرە کە دەڵێ: بیری مێژوو ژیلەمۆی ئازادیخوازی تێکۆشان، …. سۆفیزادە لە ناوچەی پیرانشارەوە خۆی گەیاندبووە نیزیک میاندواو هەتا بە وتاری ئاگراوی تۆوی خەبات و خۆڕاگری بچێنێ و دەرسی چۆنیەتیی ژیان بڵێتەوە.
– سۆفیزادە لە کاری حیزبی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی دا سەداقەت و دڵپاکیی تەواوی هەبوو. هەرکەس ماوەیەک دەگەڵی با بۆی دەردەکەوت ئەو ئینسانە چەندە پاک و بێ گرێ و گۆڵە. هەن کەسانی وا کە خۆیان بە سادق نیشان دەدەن و پێیان خۆشە خەڵک ئاوایان بناسن، بەڵام چونکە ئەو تایبەتمەندییەیان تێدا نییە زوو دەناسرێن و لە بەر چاو دەکەون. بەڵام ئەوە بۆ کاک ڕەحمان بە پێچەوانە بوو، یانی هەتا زیاترت ناسیبا سەداقەتی ویت باشتر بۆ دەردەکەوت و زۆرترت خۆش دەویست.
– سۆفیزادە مەجلیس خۆش و کۆڕگێڕی چاک بوو. لە نێو کۆڕی پێشمەرگان دا ئەوانەی شتی زیاتریان بۆ گوتن پێیە و هونەری ڕازاندنەوەی مەجلیسیان زیاترە، زووتر و زیاتر وەبەر دڵان دەکەون و خەڵک پێی خۆشە لێیان نیزیک بێ. کاک ڕەحمان لەو نیعمەتەش بەهرەمەند بوو کە قسەی لێ نەدەبڕا و لە بواری جۆراوجۆر دا دایم شتی تازەی بۆ گوتن هەبوو.
– سۆفیزادە هونەری بەڕێوەبەری و مودیرییەتی بە تەواوی تێدا بوو. هەرچەند مودیرییەت ڕشتەیەکی خوێندن لە زانستگایە و خەڵک دەبێ بە خوێندن فێری بن، بەو حاڵەش هێندێک کەس زاتەن لەو توانایە بەهرەمەندن و هەر لە منداڵییەوە دەتوانن وەک سەرگرووپ یان سەردەستە خۆیان بنوێنن. لە نێو ڕێزەکانی پیشمەرگە دا کاک ڕەحمان زۆر زوو ئەو هونەرەی خۆی نیشان دا و بە بێ خوێندن توانی وەک مودیرێکی باش عەمەل بکا. ئەوە بە تایبەت بۆ تەمەنی کەمی ناوبراو زۆر گرینگ بوو.
– سۆفیزادە کوڕی کردەوە و جێ متمانەی ڕۆژی تەنگانە بوو. ناڵێم هەڵ ناکەوێ، بەڵام زۆر نین ئەوانەی هەم لە بواری فکری و نەزەرییەوە خاون توانا و بەهرەن و هەم لە هەمان کات دا لە مەیدانی کردەوە و سەنگەری بەرگرییش دا فیداکار و خۆ بەختکەرن. بە خۆشییەوە کاک ڕەحمان وەک تێکۆشەرێکی کورد لە هەر دووکی ئەو سفەتانە بەهرەمەند بوو. یانی کەسێک نەبوو تەنیا قسە بکا و کردەوە بۆ خەڵکی دیکە جێ بێڵێ. ئەو بە باشی لەو ڕاستییە گەیشتبوو کە پێشمەرگەی باش دەبێ هاوکات هەردووکی ئەو مەیدانانە پڕ بکاتەوە کە هەر وەک دیتمان بە خوێنی خۆی ئەوەی سەلماند.
دەزگای شۆڕش پێویستیی زۆری بە فکر و کردەوەی ڕەحمانی سۆفیزادە هەبوو. ئەو بڕیاری دابوو بەشێکی زۆر لە باری گرانی خەبات لە سەر شانی دابنێ و شاخەو شاخی پێ بکا. کاک ڕەحمان هەوڵی ئەوە بوو بیری ورد و توانای لە بڕان نەهاتووی خۆی بخاتە خزمەت بەرەو پێش بردنی ئامانجەکانی کورد. سۆفیزادە هاتبوو ببێتە باخەوانی ئەو باخە ساوایەی کورد کە تازە ڕیشەکانی نێژرابوون و پێویستیی بە خزمەتی چاک هەبوو. کاک ڕەحمان ئەلحەق لە توانای دا هەبوو لە دانانی بناخەکانی کۆشکی سەروەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا دەوری ئەندازیار بگێڕێ. جووڵە و تەکانەکانی ئەو لاوە دڵ گەرمە خەریک بوو تەزوویەکی خۆش بدا بە لەشی کوردستان کە دەستی ڕەشی زاڵم دڵی گەرمی لە لێدان خست.
بۆ من بیرکردنەوە لە ڕۆڵەیەکی وەک ڕەحمانی سۆفیزادە بیر کردنەوە لە هەوڵدانی بێ سنوورە لە پێناو گەیشتن بە ئاواتەکان دا. باسی ڕەحمانی سۆفیزادە یانی باس لە نموونەی ئەخلاقی بەرز، سەداقەت، داوێن پاکی، پڕکاری، فیداکاری و بە گشتی هەموو ئەو شتانەی پێناسەی مرۆڤی خەباتکاریان پێ دەکرێ. ئێستاش پاش دەیان ساڵ بە سەر شەهید بوونی دا، یادەکانی، قسەکانی، خوو و خدە و هەڵسوکەوتەکانی و گفت و لفتە شیرینەکانی تامی خۆیان هەر ماوە و وێ ناچێ قەتیش تەواو بن. ڕەحمانی سۆفیزادە چاک دەستی پێ کرد، باش هەوڵی دا، زوو پێ گەیی و بە داخەوە زۆر زووش لە دەست چوو. باش دەزانم هەموو ئەو کەسانەی ناسیویانە و هاوخەباتی بوون بە ڕێزەوە یادی دەکەن و خۆشەویستییەکەی لە دڵ و دەروون دا ڕادەگرن. کاک ڕەحمان ئۆلگوو بوو. ئۆلگوو بۆ هاوڕێیەتی و هاوسەنگەری، بۆ خۆ ماندوو کردن و هەوڵی بێ بڕانەوە، بۆ سازان دە کاری بە کۆمەڵ دا و ڕێز گرتن لە سەلیقسە و بۆچوونی جیاواز و بە گشتی ئەو ئۆلگووی سەداقەت و خەباتگێڕی و متمانە و ئیدامەکاری بوو.
خۆم یەکجار بەختەوەر دەبینم کە دۆستایەتیم دەگەڵ کەسایەتییەکی ئاوا هەبووە و بۆ ماوەیەک هاوسەنگەری بووم. زۆر خۆشە لە پەنا ئەو کەسانە کار بکەی کە دەکرێ دەرسیان لێ فێر بی و بە بوونیان غیرەت و توانا وەربگری. لە هەمان کات دا لە دەست چوونی کاک ڕەحمان بۆ من ئەوجی ناخۆشی و خەم و خەفەت بوو، چونکە هاورێ هەتا خۆشەویستر بێ شەهید بوونەکەی خەم هێنەرترە. دیارە لێم ڕوونە هەر کەس کاک ڕەحمانی ناسیبێ و ماوەیەک کاری دەگەڵ کردبێ شەهید بوونەکەی بە خەسارێکی گەورە بۆ بزووتنەوە دەزانێ و ناتوانێ لە بیری بکا.
هەیاس کاردۆ – ئوستڕالیا – ٢٠١٢/٤/١٤
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی