"an independent online kurdish website

ئەو نووسراوەیەی کە لە خوارووی ئەو پێشەکییە بەرچاوتان دەکەوێ و دوایی دەتوانن بیخوێننەوە، ژیان و بەسەرهاتی شەهیدێکی شۆرشگێرە کە بە پێنووسی شەهیدێكی شۆرشگێری دیکە واتە باوکی خۆم، بۆ هاوڕێ شەهیدەکەی مامە “عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی” نووسیویەتی و بە دەنگ تۆماری کردووە.abdula_sharifi_shehid

نووسینی ژیاننامە: شەهیدی نەمر عەولای شەریفی
ئامادەکردنەوەی: پرشنگ شەریفی
خوێنەرانی هێژا

کاتێک مندال بووم وەکو زۆربەی منالانی دیکە زۆرجار دەچووم سەیری ئەلبوومی وێنەکانی باوکم دەکرد. هەموو جارێک کە ئەو وێنە سێ قۆڵیەی شەهیدان “خدرە سوور و شەهید عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی و باوکم” وەبەر چاوم دەهات، داوام لە باوکم دەکرد کە ئیجازەم بدا کە ئەو وێنەیە لە ناو ئالبومەکەی دەربهێنم. ئەو کەسانەی کە باوکم لە نیزیکەوە دەناسن، دەزانن کە ئەو هەتا بڵێی زمان شیرین و ڕووخۆش بوو و دڵی بە دونیا زۆرخۆش بوو وهەمیشە بزەو پێکەنینی لەسەر لێوان بوو. ئیتر کە من قەت ئەوم وەک لەو وێنەیەدا مات نەدیتبوو و ئەوم زۆر خۆشدەویست، ئەوە وێنەیە زۆر ئازاری دەدام و هەمیشە داوای دەرهێنانیم لە ناو ئالبومەکەیدا لێدەکرد تا رۆژێک باوکم ئەو بەسەرهاتەی کە لە پشت ئەو وێنەیە و ئەو ژیاننامەیەدا هەیە بۆی باس کردم و باسی لە قەولە کرد کە ئەو سێ شەهیدە لە کاتی وێنەکێشان بەیەکیان داوە. من لێرەدا باسی نهێنییەکانی ئەو قەولە ناکەم، ئێوە دەتوانن لە خوارەوەدا بخوێنننەوە. هەرچەند ژیاننامەکە دوور و درێژ نووسراوە، بەلام شایانی خوێندنەوەیە چونکە جگە لەو خاڵانەی کە باسم کردن، گوزارشێکە لە ژیانی پڕ لە ئازاری شۆرشگێرە راستەقینەکان: چۆنیەتی شەهید بوونی شەهید عوسمان یەکێکە لە تراژیدیاکانی پێشمەرگایەتی، چۆنیەتی بە خاک سپاردنی تەعبیرێکیشە لە چۆنیەتی بەخاک سپاردنی تەرمی باوکم. بە مانایەکی دیکە باوکم لێرەدا نەک هەر باس لە ژیان و بەسەرهاتی شەهید عوسمان دەکات بەلکو هی خۆشی. لەگەل ئەوەی کە ئەو “ژیاننامە”یە بە ئەدەبیاتێکی زۆر جوان نووسراوەو دارێژراوە، مرۆڤ ئەگەر بە وردی لێی بڕوانێ و بیخوێنێنتەوە، زۆر دەرسیشی لێوە فێر دەبێ وەکو: خۆشەویستی وڵات، هاوڕێ ,خۆشەویستی خەڵک و بەتایبەت زەحمەتکێشان، دەرسی قەول و وەفا و بەڵێنی بەجێگەیاندن و هتد.
کاتێک کە مامە عوسمان شەهید بوو من زۆر منال بووم و بەداخەوە مەرگی ناوەختی ڕێگای نەدا کە من لە نیزیکەوە بیناسم و لەگەل بیرو بۆچوونەکانی ئاشنا بم. بەلام ئەو رۆژەی کە پێش چوونەوەی بۆ ناوچە، بۆ مالئاویی کردن هاتە ماڵی ئێمە بە باشی لەبیرمە. مامە عوسمان سندووقێک کە تەواوی سەروەت و سامانی ژیانی واتە لیباسەکانی و کەمێک شتی شەخسی تێدا بوو هێنا و داوای لە دایکم کرد کە بۆی ڕابگرێ تا دەگەرێتەوە. ئەوجار رووی لە من و لە خوشکەکەم، کە بەتەواوی فێری قسەکردن نەببوو کرد و کوتی “کە لە ناوچە گەرامەوە، چیتان دەوێ کە بە دیاری بۆتانی بهێنم”. خوشکەکەم وەک هەمیشە شەیدای جل و بەرگی کوردی بوو، لە وەلامدا کوتی “لیباسی توردی”. منیش چونکە باوکم پێیکوتبووم دەمزانی بۆ کوێ دەچن، کوتم “نا مامە ئێوە دەچن بۆ شەرێ، من هیچم ناوێ”. ئیتر رۆژ و حەوتوو چەند مانگێک تێپەرین، باوکم گەرایەوە، بەلام بەداخەوە مامەی لەگەل نەبوو. مامە عوسمان بەم شێوەیە بۆ هەمیشە مالئاوایی لە ئێمە کرد و گیانی بەختی ڕزگاری گەلەکەی کرد.
ئەو ژیاننامەیە بە دەنگی باوکم تۆمار کراوە و من نیزیکەی 9 مانگ لەمەوپێش لە ناو کاسێتەکانی باوکم دا دۆزیومەتەوە و بۆ ئەوەی کە لەفەوتان بیپارێزم، هێناومەتە سەر کاغەز. بە پێی زانیارییەکانی سەر کاسێتەکە مێژووەکەی بۆ 22 ساڵ لەمەوپێش دەگەرێتەوە و من ئێستا بلاوی دەکەمەوە، بە تایبەت بۆ بە نەوەی نوێی ئەم گەلە چەوساوەیە، کە بەهۆی هەڵە زەق و یەک لەسەر یەکەکانی سەرکردایەتی حیزبەکانەوە، بەتایبەت حدک و حدکا، و هەروەها بەلێنی یە جێبەجێنەکراوەکانیان وەک من تووشی بێ متمانەیی بوون پێیان و وایان لێکردوون کە تەنانەت گومانیان لە هەبوونی “شۆرشگێری راستەقینەش” هەبێ. منیش لێرەوە پێیان دەڵێم: بەڵێ، شۆرشگێری راستەقینە هەبوون، من دیتمن، من ناسیمن، ئەوان ئاوا بەلێنیان بە یەکتر دەدا، ئاوا وەفادار بوون. ئێوەش وەرن سەیر کەن ئەوان بۆ گەل چۆن ژیان، چۆن نەسرەوتن هەتا مردن، بەلام ئێوە نەکەن لە یادیان بکەن!
لە 23هەمین ساڵوەگەری شەهید بوونی شەهید مامە “عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی”دا بەوپەڕی ڕێزەوە بەو ژیاننامەیە یادی دەکەمەوە و لە دوورەوە سڵاو دەنێرم بۆ ڕووحی پاکی ئەو و شەهید خدرەسوور و باوکە دڵسۆز و خۆشەویست و هەمیشە لەیادەکەی خۆم و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای رزگاری کورد و کوردستان. شانازی دەکەم کە ئێوەم ناسی و سوپاس لەوەی کە بۆ بەختیاری و ڕزگاری ئێـمە ژیان و لەو پێناوەدا سەربەرزانە سەرتان نایەوە. ژیانی شۆرشگێرانەی ئێوە و خەباتتان بۆ ئازادی و یەکسانی، سەنبوول و ڕێنیشاندەری ژیانمە.
لەگەل رێزمدا,

پرشنگ شەریفی

ژیاننامەی شەهیدی نەمر عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی لە نووسینی شەهیدی نەمر عەولای شەریفی


کاتێک لە وڵاتێكدا لە جیاتی ئازادی و دڵخۆشی و بەختیاری گەل، ملهووڕی و shehidan-abdula_sherifi_xdre-sur_osmanزۆرداری و بێ قانوونی و ڕەشەکوژی زاڵە
کاتێک کە سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەند تەنیا و تەنیا بۆ نەتەوەی فەرمانڕەوا حەڵاڵە و خەرج دەکرێ، نەتەوە زۆر لێکراوەکان مافیان پێشێل و وەک هاونیشتمانی دەرەجە چەند حیسابیان بۆ دەکرێ
کاتێک نەتەوەیەکی چەند میلیۆنی شەخسیەت و کەرامەت و مافی نەتەوایەتیی و چارەنووسی خۆی لێ زەوت دەکرێ، خوێندن و نووسینی بە زمانی خۆی قەدەغەو کوشتنی ئازاد دەکرێ
لە کاتەوە کە گەلی کورد نیشتمانی خۆی، زێدی باب و باپیرانی بەش بەش کراوە و سنووری دەسکردی لێ دەکێشرێ، برایەک لەودیو و یا لەمبەر و برایەک لەودیو نیشتەجێ دەکرێ و ڕێگەی هاتوچۆ و سەردانی لێ قەدەغە و بە تاوان حیساب دەکرێ، گەلی کورد دەستی بە خەبات کردووە. سەرەڕای هەموو و زەبروزەنگ و فشار و کوشتار و سیاسەتی تواندنەوە و لەبین بردنی کۆڵی نەداوە و کاروانی خەباتی نەوەستاوە. ئەم کاروانە زۆرجار لە سەر کانیاو و مەنزڵگە وچانی داوە، بەڵام بە گەلێک هیوا و هومێدەوە، سەرەڕای هەموو کەندو کۆسپ و هەوراز و نشێو و سەدان و هەزاران گیروگرفتی چکۆلە و گەورە، سەختی و ناخۆشی سەر ڕێگەی خەبات، بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن هەڵکشاوە، سوور بووە لەسەر پێوانی ئەم ڕێگەیە و بەردەوام بووە لەسەر ڕێبازی.
یەکێک لەم ڕۆڵە تێکۆشەرانەی کە بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەو ئاواتە بەرزانە هاتە ڕیزی پڕ لە شانازی حیزبی دێموکراتەوە و تا سەر بۆی تێکۆشاو وەفادار مایەوە، هاوڕێی خۆشەویست و ڕووناکبیر، شەهید “عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی”، ناسراو بە مامۆستا عوسمانە.
کاک عوسمان لە یەکێك لە رۆژەکانی فێنکی پاییز کە سروشت بە تەواوی بەرگی زەردی پۆشیبوو و گەڵاڕێزانی ڕەز و دار بوو، لە ساڵی 1340ی هەتاوی دا لە گوندی بچکۆلانەو لەمێژینەی “خەلیفان” لە ناوچەی مەنگوڕانی مەهاباد، لە بنەماڵەیەکی ڕەشایی و دەستکورت لە دایک بوو. باب و دایکی عوسمان دڵخۆش بەوە کە عەولادی تازەیان پەیدا بووە و ئاواتێكی دیکەشیان وەدی هاتووە، لە لایەکی دیکە لە دەروونی خۆیاندا بە پەرۆش بوون کە بەم وەزعیەتە ژیانەی کە هەیانە، دواڕۆژی منداڵەکانیان چۆن دەبێت. 
ژیانی مناڵی عوسمان نموونەی ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری و کوێرەوەری و هەژاری مندالە ڕەش و ڕووتەکانی کوردستانە. ڕۆژ و ‌‌حەوتوو و مانگ و ساڵ تێدەپەرێ، عوسمان بەرەبەرە گەورە بوو تا گەیشتە تەمەنی 8 ساڵی. شەهید عوسمان لەمەڕ ژیان و بەسەرهاتی خۆی ئاوا دەنووسێ: “ژیانی دەورانی مناڵیم وەکو دایکم بۆی گێڕاومەوە لەبێشکەرا تا چوونم بۆ قوتابخانە، ئەوەی کە خۆم بیرم دێ لە قوتابخانەڕا تا پێشمەرگایەتی ئەوەندە تاڵ و ناخۆشە کە نامهەوێ بیاننووسم و بیر خۆیان بهێنمەوە نەکا بۆ هەمیشە لە ژیان ناهومێد بم”.
شەهید عوسمان لە تەمەنی 8ساڵی دا چووە قوتابخانەی گوندەکەی خۆیان “خەلیفان” و دەورەی سەرەتایی لەوێ تەواو کرد، بۆ ماوەیەک دەرسی ئایینی خوێند و دوایی دووبارە گەڕایەوە قوتابخانە. لە کاتی خوێندن دا وێرای چوونی بۆ قوتابخانە لە کاتی پشوودانیش بەهۆی خراپی وەزعی ژیان کرێکاری دەکرد بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە خوێندن بدات. لە ساڵی 1355″سکلی” وەرگرت. بەلام بێدەرەتانیی و وەزعی خراپی ژیان فشاری زۆری بۆ بنەماڵەکەی هێنا و نەیتوانی زیاتر درێژە بە خوێندن بدات و بەو ئاواتانەی کە بەرەبەرە تێیدا پێکدەهات بگات. بە ناچاری بۆ ئەوە کە بتوانێ زووتر لە کارێک دابمەزرێ و شتێک وەدەست بهێنێ و بتوانێ بارێكی هەرچەند سووکیش بێ لەسەر شانی باوکی پیرو زەحمەتکێشی هەڵگرێ، لە ساڵی 1356چووە “دانشسرای تربیت معلم روستائی” لە شاری شیراز. پاش ساڵێک خوێندن و دەورەی ئاموزش پلەی مامۆستای روستائی وەرگرت و گەرایەوە کوردستان. وەک مامۆستا ماوەی 2 سال واتە لە سالەکانی 1359-1357 لە گوندەکانی “قڕوچای سەرێ” و “قالوێ زەندان” سەر بە ناوچەی گەورکی مەهاباد دەرسی بە مندالە خونچیلانەکان دەکوتەوە و خۆشی دەرسی دەخوێند تا پۆلی دووهەمی نەزەری وەرگرت. شەهید عوسمان کە ژیانی مناڵی و دەورانی مەدرەسەی بە هەزار ڕەنج و زەحمەت تێپەڕاندبوو و لە نیزیکەوە تێکەڵاوی لەگەل زەحمەتکێشان هەبوو، بە ئێسک و پێستەوە هەستی بە زۆرلێکراوی و بێبەشی گەلەکەی دەکرد. چاک دەیزانی کە ئەم ژیانە تەنیا ژیانی ئەو نیە بەلکو ژیانی نیزیک بە زۆربەی منالانی کوردستانە. بۆیە ڕق و قینێكی تایبەتی لە دژی ڕێژیمی شا و نیزامەکەی لە دڵدا بوو و هەروەها لە دەورانی مامۆستایەتی دا بە خوێندنەوەی کتێبی هەندێک نووسەرانی شۆرشگێر هەستی دەروونی زیاتر گەشەی کردبوو بۆیە لە ڕاپەرینی خەلکی ئێران لە ساڵەکانی 1357 چالاکانە بەشداری کرد و بە هەموو تواناوە دژی ئەم نیزامە تێدەکۆشا. بە ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزبی خۆشەویستی گەلی کورد، حیزبی دێموکرات لە ساڵی 1358 دا، عوسمان لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەو ڕێبازی حیزب ئاشنایەتی پەیدا کرد. هەستی کوردایەتی و حیزبایەتی بۆ رزگاری گەلەکەی رۆژ لەگەل رۆژ زیاتر هانی دەدا. لاوی خوێنگەرمی سەر بە خولیای دل، وریا و تازە پێگەیشتوو بۆ دەست پێکردنی موبارەزە چووە ناو ڕیزی رێکخراوی “لاوانی دێموکراتی کوردستان”، هاوکات تێکۆشانی حیزبی وەک لایەنگرێكی دڵسۆز درێژە پێدا و ئەرکە دیاری کراوەکانی بەرێوە دەبرد. لە سالی 1359 بەڕەسمی هاتە ناو ڕیزی تەشکیلاتی حیزب و وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی گەورکی دوو دیاری کرا. تا سالی 1360 زۆر چالاکانەو سادقانە لە دامەزراندن و رێكوپێك کردنی ئەو کۆمیتەیە لەگەڵ باقی هاوڕێیان تێدەکۆشا. چونکە عەلاقەیەکی تایبەتی بە دەرس کوتن و مامۆستایی هەبوو، لە سالی 1961-1360 وێرای ئەندامێتی لە کۆمیتە ناوچە، مامۆستای شۆرشی قوتابخانەکان بوو و دەرسی دەکوتەوە. لە سالی 1362-1361 بوو بە ئەندامی “کۆری پەروەردە و فێرکردنی مەهاباد”. لە سالی 1362 کە دوژمن بەرەبەرە بەشێک لە ناوچەکانی مەهابادی دەگرتەوە، شەهید عوسمان دووبارە گەڕاوە کۆمیتەی شارستان و وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی گەورک دیاری کرایەوە. تا سالی 1363 لەمبەشەشدا بە تەواوی تواناوە کاری کرد و لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی خەلکی ناوچە و بە تایبەت لاوەکان ڕانەوەستا. لە سالی 1364-1363 بەهۆی لێوەشاوەیی و هەڵسووری و مودریەتی، بە بەرپرسی کۆمیتە ناوچەکانی گەورکی 1 و 3 دیاری کرا و ئەم بەرپرسیاریەتیەشی بە باشترین شێوە بەرێوە برد و بە تەواوی تێیدا سەرکەوتوو بوو. لە سالی 1365 لە سازماندەهی تازەی حیزبدا وەک کادرێکی شارەزا و باسەواد، بە کادری سیاسی یەکێک لە لکەکانی هێزی شەهید پێشەوا دیاری کرا.
بە هەموو وجوودەوە بۆ ئاموزشی پێشمەرگەکان لە باری سیاسی و نەزم و دیسیپلینی شۆرشگێرانە، بەرخوردی جوان لەگەڵ دیلەکانی شەر و رێز و حورمەت بۆ خەلک حەولی دەدا و بەهۆی سەرکەوتن لەم کارەشدا لە سالی 1366 وێرای تەشویق کردنی لە لایەن کۆمیتەی شارستان، بە ئەندامی موشاویری کۆمیتەی شارستانی مەهاباد دیاری کراو دووبارە کاری ئاموزشی پێشمەرگەکانی ئیدامە پێدا. لە سالی 1367 عوسمان بە هۆی تایبەتمەندی بەرز و شۆرشگێرانەی، هەروەها ئەوەی کە چەندین دەورەی لە یەکێتی لاوان و مامۆستای شۆرش و کلاسی سیاسی و سیمینار دیتبوو و بەشداری کردبوو، ببوە کادرێکی پوختەو کارامە. بە ئەندامی کۆمیتەی شارستان و دوایی وەک ئەندامی “هەیئەتی اجرایی‌” کۆمیتەی شارستان هەڵبژێرا و تا کاتی شەهید بوونی ئەم ئەرکە قورس و گرانەی لەم وەزعە سەخت و دژوارەدا سادقانە بەرێوە بردوو و مۆری سەرکەوتنی وە کارنامەی روون و گەشی خۆیەوە نا و لەناو زەحمەتکێشانی ناوچەکانی مەهاباد و لە ڕیزەکانی حیزبدا زیاتر خۆشەویستیی و ڕێز و اعتماد و اعتباری پێکهێناو بەجۆرێک کە ئاسۆیەکی زۆر ڕوونی لێبەدی دەکرا.
بەلام سەد داخ و مەخابن چەرخی گەردوون چەپ وەرگەڕا و گوڵی تەڕ و تازەی تەمەنی، بە ڕەشەبای خەزاڵ و بەد ئیقبالی پەڕپەڕ کرا. لە شەوی 5.6.1368 کە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید پێشەوا و کادرەکانی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد دەچوونە گوندی “قادراوا” لە ناوچەی سارم ومیرقازی مەهاباد، بە هۆی ئەوە کە چەندین شەوی پێشتر پێشمەرگەکان کاتی چوونی گوندەکان پەیتا پەیتا لەگەڵ دوژمن دەرگیر دەبوون و چەند فەرماندەو دژی گەلییان بە سزا گەیاند، هەمیشە قامک لەسەر پەلاپیتکە ئامادەبوون بۆ نیشانە گرتن ڕوو بە ڕووی هێزەکانی کۆنەپەرستی، بە داخ و هەزار داخەوە ئەمجار بە هەڵە سینگی هاوڕێی خۆشەویست مامۆستا عوسمان کەوتە بەر دەسترێژی پێشمەرگەی نیگاهبان و دڵی پڕ لە ئاوات و هیوای لە لێدان کەوت و بە قەدرایی کێوەکانی ناوچەی سارم و میرقاز خەم و پەژارە و خەفەتی خستە سەر دڵی هەموو ئەو کەسانەی عوسمانیان دەناسی. بەمجۆرە هاورێ عوسمان لاوی بە کام نەگەیشتووی دەست لە ملی هیوا نەکردوو لە نێومان ڕۆیشتوو و لێمان هەڵبرا و چەرخی چەپگەرد لێکیهەڵبرین، ئەوی بە دایکی نیشتمان سپارد و ئێـمەش لە دەریای خەم و پەژارەدا تلاینەوە.
مامۆستا عوسمان زۆر تایبەتمەندی کادرێکی کارامە و دڵسۆز و شۆرشگێری حیزبی تێدا بوو. ئەو لە مەکتەبی پڕ لە ئەزموون و سەروەری حیزبی دێموکرات، حیزبی پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوی نەمردا پێگەیشتبوو. بۆیە کاتی بڵاو بوونەوەی هەواڵی شەهید بوونی لە رادیۆ دەنگی کوردستان، وێژەری ڕادیۆ لە بەشێک لە قسەکانی دا ئەم هەوالە ناخۆشەی ئاوا بڵاو کردەوە:” شەهید مامۆستا عوسمان تەنیا مامۆستایەکی دڵسۆز نەبوو بەلکو کادرێکی تێکۆشەری حیزبەکەمان بوو. لە ڕوونکردنەوەی زەحمەتکێشانی ناوچەی مەهاباد دا دەورێکی بالای هەبوو”.
شەهید مامۆستا عوسمان دووهەمین شەهیدی بنەمالە، ژیانی یەکجار زۆر خۆشدەویست. لەوە کە تێکۆشەرێکی دێموکراتە زۆر شانازی بە خۆیەوە دەکرد. کوڕێكی بەحەیا و لەسەرەخۆو یەکجار موحتەرەم و بەشەخسیەت و ئینساندۆست و گەلدۆست بوو. شەهید مامۆستا عوسمان کادرێکی دڵپاك و سادقی حیزبەکەمان بوو. بەڕاستی لە مەکتەبی حیزبی دێموکراتدا پێگەیشتبوو و بار هاتبوو. زانیارییەکانی کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر حەولی بۆ دەدان، لە مەیدانی عەمەلدا بەکاری دەهێنان. بە شەهیدبوونی حیزبەکەمان یەکێک لە باشترین و بە ئەمەگناسترین ڕۆلەکانی خۆی، کە داهاتوویەکی ڕوونی لە حیزبدا لێ چاوەروان دەکرا لەکیس دا. باوکی پیر و ژیری و دایکی رووسووری کە عوسمانیان یەکجار زۆر خۆشدەویست، تازە دەهات کە بیرنی شەهید بوونی کوڕە خونچیلانەکەی دیکەیان “کەمال” سارێژ بێتەوە کە ئەم هەوالە تاڵەشیان پێگەیشت. بەلام دیسان زۆر شێرانە ئەم موسیبەتە گەورەشیان تەحەمول کرد. وەک شەهید عوسمان خۆی وەسیەتی کردبوو ئەگەر گونجا هەر کاتێک شەهید بووم جەنازەکەم بەرنەوە شاری مەهاباد و لە تەنیشت هاوڕێی شەهیدم ” سالەی حوسێنی” بە خاکم بسپێرن. باوکی سەرەڕای فشار و زەبرو زەنگی بەکرێگیراوانی رێژیم ئەو کارەی کرد و بە دەیان کەس خەلکی دڵسۆز لە ناشتنی تەرمی پیرۆزیدا بەشداریان کرد، بە جۆرێک کە باوکی پیری لە وەڵامدا کوتبووی “بەم هەموو هاودەرییە برین و زامی گەورەم سارێژ و ژانی گەورەم ساکین بۆوە و شانازی بەوە دەکەم کە کوڕێكی ئاوام بۆ گەلەکەم پێگەیاندووە”.
هاوڕێی شەهیدم! هەرچەند نووسینی ژایاننامەی هاوڕێیان، بەتایبەت هاوڕێیەک کە لە چکۆلەیی ڕا بەیەکەوە گەورە ببووبن، بە هەزاران بیرەوەری تاڵ و شیرینی دەورانی مناڵی، قوتابخانە و پێشمەرگایەتییان بەیەکەوە بووبێ، چەندە سەخت و گرانە بەلام بە پێی ئەو پەیمان و بەڵێنی یەی کە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی 1365 کاتی وێنەگرتن لەگەڵ هاوڕێیان شەهید “خدرەسوور” و عوسمان بەیەکماندا هەرکەس زووتر شەهید بێ ژیاننامەی ئەوی دیکە بنووسێ، هەرچەند قەڵەم بە بێگار و زمان بە ئیجبار ئەو وشانە دەهێنێتە سەر کاغەز لە داخی چەرخی ڕۆژگار.
ئێستاش کە ئێستایە ئەو سەحنە ناخۆشە لەبەر چاوم دایە کە ئەو شەوە چەند دەقیقە پێش شەهید بوونی هاوڕێ عوسمان لەگەل ژمارەیەک لە هاوڕێیان لە ماڵی دۆستێک میوان بووین، شێعری “مال ئاوایی” کە لە ڕۆژنامە کوردستان دا چاپ کرابوو، بۆی خوێندینەوە کە دوایی نیو سەعات ڕاست ماناو مەفهومی ئەم شێعرە کە مامۆستا عوسمان بۆیخوێندبووینەوە هاتە پێش چاوانم. ئەوجار نەک دەنگی خوێندنەوە بەڵکو تەرمی ئەو کەسەی کە ئەو شێعرەی بۆ خوێندبووینەوە، بوو بە مانا و بە هەوێنی شێعرەکە. ئەوجار تەرمی خوێناوی مامۆستا عوسمان کەوتە سەرپشتی ئەسپ و بەم شەوە تاریکە کە کزەی بای دەهات و نم نم باران دەباری، بەلام نەک لە ئاسمان بەڵکو لە چاوی هاوسەنگەرانی، بە ڕێگای پڕ پێچ و باریک بە ناو گاشەبەردەکانەودا وەڕێکردین تا تەرمی پیرۆزی شەهیدێک لە مەیدانی دوژمن بەرینە دەر.
بەڵێ هاوڕێم! لەسەر گوزەشتی دوور و درێژ و لە کاروانی نەسرەوتنی بەرەو پێشچوونی گەلدا، لەناو جەرگەی بەربەرەکانی سەخت وململانێ و زۆرانبازی، لە نێوان هێزی عەدالەت و ڕزگاری و ڕووناکی و بەختیاری و خێرخوازی- بەرامبەر بە هێزی ڕەش و پیسی ڕسوایی و ئابڕووچوونی کۆنەپەرستی ئاخوندی دا- شەهید نەخشی بەرچاوت دیار بوو. تۆ وەک مۆمێک سووتای تا رووناکی بە گەل ببەخشی. خوێنی ئاڵت دڕی بە شەوەزەنگی تاریکیی ژیانەوە نا. زەنگلێدەر و چەکوش وەشێن بووی بۆ ڕاپەرین و هێنانەدی ئاوات و ئامانجی حیزب و گەلەکەت. تۆ دڵت پڕ بوو لە ئازادی، برایەتی، ئاشتی و خۆشەویستی و لێبووردن.
هاوڕێم! دوژمنان، بەدکاران و ناحەزان بە مەرگت شاد بوون بەلام خراپ حالی بوون! کڵاورۆژنەی رووناکی ئاواتی بەرزی گەلێک بە هەوری ڕەشی مەینەت ناتەندرێ. بە کوێرایی چاوی دوژمنان، بیرو باوەڕێکی زیندوو لە دڵ و گیانی میللەتێک ڕوواوە. خوێنی لاوانی ئاڵاهەڵگر و خۆبەختکەر بۆتە هەوێنی پێگەیاندن و مەشق پێکردنی نەوەی دوارۆژ لە پێناوی زیاتر قوربانی دان، ئازایەتی نوواندن و مل تێچواندن.
هاوڕێم! ئەوانەی دەیانهەوێ بۆ هەمیشە بژین، دەبێ لە ڕێگای گەلدا بمرن چونکە نامرن. تۆ نەمردووی بەلام مردن لە ڕێگای خۆ ڕزگارکردن، گەلێک چاکترە لە ئازارو جەزرەبەی ناو قەفەس. دڵنیام ئەوەتا هاوڕێیانت، هاوسەنگەرانت، هاوبیرانت سوورن لەسەر درێژە پێدانی ڕێگای پیرۆزت. ئەوەتا لە هەموو ئەو شوێنانە کە تۆیان خۆشدەویست و تۆ خۆشت دەویستن، لە شاری مەهابادی شەهیدان، لە دەشتی قارەمانان، لە ناوچەی چۆمی مەجید خانی بە خوێن دێراو، لە سارم و میرقازی حەماسە خولقاو، لە مەنگورانی بە گور و تین، لە گەورکایەتی جێگای وەلەد و خۆشەویستی تۆ، قوتابیانت، رفیقەکانت، هەواڵانت بەردەوام و شێلگیرن لە زەربەلێدان لە دوژمن، لە پێوەندی و سەردان و بەسەرکردنەوەی زەحمەتکێشان. دڵنیابە میراتگر و تەواوکەری ڕێبازی پیرۆزت زۆرن و زۆرتر دەبن و بەرەوپێش دەچن. تۆ خەمبار بووی بەلام هەوری خەمی ناهومێدی ڕەوانەوە. بە بازووی ئاسنین و گیانی باوەربەخۆ بوون، بە وەفای کوردانەو بیرو باوەڕی حیزیبانە تەلیسمی نەهێنی زۆرداری ووردوخاش دەکەین. بەندو باوی دەم ڕەشەبا کە دەیکوت کورد دەبێ بەدەست ئاخ و ئوخی چەرخی چەپگەرد بتلەوێتەوە، دەبێ پشت بکاتە بەهەشتی خۆشی ژیان و ڕزگاری بۆ گەل و نیشتمان.
هاورێم! ئەم ژیاننامەم نووسی بە یادی هەموو دەورانی مناڵی، قوتابخانە، تاڵی و شیرینی و سەختی و ناخۆشی دەورانی پێشمەرگایەتی. تۆ لە یادمان دای و لە یادمان دەرناچی. هەرکات دەچمەوە کۆبوونەوەی گشتی و پشتی میکرۆفۆن، بیرم دێتەوە، بیری ئەو هەموو جارانە کە لە مزگەوت و شوێن و جێگە لە ناوچەکانی مەهابادی دێموکرات پەروەر، بۆ حیزب خۆشەویستانمان کۆبوونەوەت کردووە. دەچمە سەر هەر کانیاوێک یادی هەموو ئەو کانیاوانە دەکەمەوە، کە کاتی خۆی مەنزڵمان بووە و بە کۆڵەپشتییەوە پشوومان لێداوە و ئەگەر مەترسی دوژمن نەبووبێ چاییمان لێناوە. کاتێک هەر شوان و گاوانێک دەبینم، یادی تۆ و شەهید خدرەسوور دەکەمەوە کە چیها جار لە سەفی پێشمەرگە خۆمان وەدوا داوە و لەلای لامان داوە و بە دڵخۆشی و ڕووخۆشی چای بۆمان لێناوە. کاتێک دەچمە سەر هەر بەرزاییەک، یادی ئەوە دەکەمەوە کە چیها شەومان لەسەر چیای بەرز، لەبن گاشە بەرد و شاخ و تەلان رۆژ کردۆتەوە، هێرشی دوژمنمان لێ بەرپەرچ داوەتەوە. هەر گۆڕێک دەبینم، یادی ئەوە دەکەمەوە کە چەندەها هاوڕێ و هاوسەنگەرو ڕفیقی خۆشەویستمان بە لەشی خوێناوی بە لیباسی پێشمەرگایەتی لەبن دارو دەوەن و کۆنە قەبرستان، جێ هەوارگەو ئاودڕ و کەلێنە شاخ و کونە بەردو قامیشەڵان و کەڵەکە بەرد، لە تەنیشت کانیان و لە نیزیک چادراخە کۆن بە دزی دوژمن تەسلیم بە دایکی نیشتمان کردووە، تا ڕێگامان تێکەوتووە سەرمان لێداوە و یادمان کردوونەوە.
یادی ئەو کات و ساتانە دەکەمەوە کە ئەگەر دایکی شەهیدان دەهاتنە لامان دڵخۆشیمان دەدانەوە و لەبەر خۆماندا دەمانکوت ڕۆژێک دایکی ئێـمەش ئاوا دێتە لای هاوسەنگەرانمان، تەنانەت ئیحساسی شەرمەزاریمان دەکرد کە چۆنە ماوینەوە.
‌هاوڕێـم! چۆن چیمەن و باغ ‌‌‌‌بە گوڵەوە جوانە، ئاسمانیش بێ ئەستێرە نابێ.

وێنەکان
وێنەی یەکەم: شەهیدان “عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی، خدرە سوور و عەولای شەریفی”
وێنەی دووەم: شەهید عوسمان و شەهید عەولا لەسەر گلکۆی شەهیدی نەمر خدرە سوور
وێنەی سێیەم: شەهید عوسمان

………….

بۆچوونێکی کاک ئەحمەد شیربەگی لە سەر بابەتی سەروو

ئای چەندە مایەی شەرمەزاری وجێی بەزەیی یە ئەوانەی گوتاریان لە گەڵ کردەوەکانیان یەکناگرێتەوە و فریودەرانە خویان وا پێناسە دەکەن کە پێجەوانەکەی دەردەکەون . کاتێ لەزمان شەهیدێکەوە بەسەرهاتی شەهیدێکی دیکە دەبیسی کە بەڵێنی ئەوەیان بە یەکتری داوە هەرکامیان زووتر لەویدیکە شەهید بوو لەسەری بنووسی،چ زمانێک و چ قەڵەمێک دەتوانێ بەیانی ئەو چوونە مێعراجە بکات.؟لێرەدایە کە جیاوازی مرۆڤە شوڕشگێرەکان لە گەڵ بەرواڵەت ئینسانە شۆڕشگێرەکان دەبینی . لەم بەسەهاتە دڵتەزێن و هەژێنەرەدابیرت باڵ دەگرێ و لەگەڵ کەسانێک بەرەوروودەبی و هاوسەفەری کە مزایدە لە سەر گیانی خۆیان ناکەن،نان بەیەکتری بە قەرز نادەن.ساتو سەودای دارایی و ماڵی دونیا لە گەڵ یەکتری ناکەن. بازرگانانی خوێن نین ،زۆر بێ ریا و زۆر ڕاستگۆیانە بەڵینی ئەوە بە یەکتری دەدن کە هەرکامێکییان لەویدیکە زووتر شەهید بوو چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی هاورێ یەکەی دیکەی.. .ئیدی ئەوە ئەگەر گەێشتن بە چڵەپۆپەی فیداکاری و بەزاندنی لووتکەی باوەڕ نەبێ ، ئەگەر براوی بە هێزی مرۆڤ بە خۆ بەتاڵ کردن و داماڵین لە خۆپەرەستی و خۆبەزلزانی.نەبێ دەتوانرێ چ ناوێک و چ سفەتێکی بۆ دابندرێ کە پڕ بە باڵای بێ ؟بوونی تێڕوانین و ڕوانگەیەکی وا تەنیا لە مرۆڤە شۆڕشگێرەکان دا کە بۆ ژیان دەمرن خۆی دەردەخا. وانەکانی ئەو پەیامە ئەوەندە روون و ئاشکران کە ساویلکەترین مرۆڤەکان لێی تێدەگەن و ئیتر نیاز بەوەی نێ شی بکرێتەوە.من ئەوەم لە پێشمەرگەکانی دوێنی شاخ و ئەمرۆی دەشت دەوێ کە گیانی ئەو بەیەک بوونەوبۆیەک مردنە بگەرێننەوە ئەو حیزبەی کە هەزارانی وەکوو شەهیدان عەوڵای شەریفی،خدرە سوور و عوسمانی ئوستاد ئیبراهیمی بە خوێنی گەشیان دێر بەدێڕ و لاپەڕبە لاپەڕەی مێژووی خەباتی ئەو بزووتنەوەیان نووسی.ئیتر بەسە خۆپەرستی،لووتبەرزی،م
ێژوو بێ رەزاو بێڕحمە .لەسەر کەسەوە ناچێ…

سڵاو کچە ژیر و بوێر و دڵ پڕ لە گڕی نیشتمانپەرەری کورد پڕشنگ .بەدڵنیایی باوکی شەهیدت روحی شادە و سەربەستە لەوەیکە بەری ژیانی هاوبەشی،کیژۆڵە بچکۆڵانەکەی لە کڵ هاتۆتە دەرو پێگەیوە.دەزانێ بابی کێ بوو،چۆن هات و چۆن ڕۆیی.

شێربەگی-ئەحمەد

………..

 

پێشکەش بە جگەر گۆشەی شەهیدەکان 

نووسینی: ئاسۆ 
………………………………….
..
من فرمێسکی هه‌تاوو، شا بزه‌ی گه‌لاوێژم
من شه‌پۆلی شه‌ماڵم، نه‌مامی گوڵ ده‌نێژم

من ئه‌و خوێنه‌م که‌ ڕۆژێ، ڕژاوه‌ له‌ شه‌هیدێ
ئه‌و لاوه‌م یه‌که‌م هه‌نگاو،له‌ ده‌ستم چوو ئومیدێ

من ئه‌و کیژه‌م وه‌ته‌ی هه‌م، ته‌رمی یادگارێ ده‌شۆم
وه‌ته‌ی هه‌م هه‌ر چاوه‌ڕێم، خه‌می دیدارێ ده‌خۆم

سات به‌ ساتی ژینی من، پڕ له‌ ئه‌سرین و خه‌مه‌
کچم، کوردم، هه‌ژارم، من زاده‌ی ئه‌و داخه‌مه‌

ده‌پرسم کوانێ بابم، ده‌ڵێن پێش هاتنت چوو
نه‌ده‌کرا جارێ نه‌چێ؟ بۆ چی ڕۆیشتی ‌وا زوو ؟

گه‌ر ده‌بینم کۆرپه‌کان، ده‌چنه‌ ئامێزی بابه‌
دڵم پڕ ده‌بێ له‌ ژان، تۆ خوێنت بابه‌ ڕابه‌

ئاخر بێ تۆ بێ نازم، دایه‌ گیانیش هه‌ر ده‌گری
ناکرێ وه‌ک گه‌لاوێژ، فه‌قه‌ت ڕۆژانه‌ بمری!

باوکه‌ ده‌ڵێن ئاسمان، چه‌شنی گۆڕستانێکه‌
هه‌ر چی کۆچی کرد له‌ ژین، ئه‌ستێره‌ی ئاسمانێکه‌

ئه‌دی تۆ کام ئه‌ستێره‌ی، تا شه‌وێکی بێمه‌ لات
بسووتێم له‌ ناختدا، وه‌کوو خۆت ببمه‌ فیدات

ڕوخساری من له‌ تاوت ، بۆ فرمێسک بۆته‌‌ گۆڕ
ڕۆڵه‌ی شه‌هیدی کوردم، چۆن بژیم به‌ سه‌ری شۆڕ

بابه‌ دایه‌ پێم ده‌ڵێ، بۆ ڕۆڵه‌ی بێ باوکم ڕۆ
پێی بڵێ گه‌وره‌ بووم و خوێنت ناده‌م به‌ فیڕۆ

ئێستا وا له‌ سه‌نگه‌رت کیژۆڵه‌که‌ت حازره‌
چاوی کانیاوی خه‌مه‌و، دڵی کووره‌ی ئاگره‌

به‌قدرای خه‌می دووریت، تامه‌زرۆی سه‌ربه‌ستیه‌
به‌تای ژینی رووسووریت،ڕقی له‌ ژێر ده‌ستیه‌

چنگی ناوه‌ته‌ ئاگر، تا شه‌وان بسووتێنێ
ئاگر دا ده‌بارێنێ،تا گوڵان وه‌بووژێنێ

له‌ سه‌ر خاک و زێدی کورد، گڕو پۆڵا له‌ت ده‌کا
له‌ نێو ڕووباری خوێندا، سێداره‌و چه‌ک په‌ت ده‌کا!

ده‌ست له‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌، بانگی یه‌کسانی ده‌دا
سروودی نه‌سره‌وتن و، موژده‌ی نه‌پسانی ده‌دا

ده‌ڵێ خوێن ڕێژی غه‌دار، یا مافم یا مردنم
بمکوژه‌ من نامرم،له‌ پۆڵایه‌ گه‌ردنم

پرچ و مه‌مکم هه‌ڵکه‌نه‌،کوردم و شه‌هید زاده‌م
بستێ خاکی ئه‌م گه‌له‌، به‌ هه‌موو دنیا ناده‌م

تاکوو هیوای شه‌هیدان، له‌م خاکه‌ نه‌ یه‌ته‌ به‌ر
تاکوو ئاڵای نیشتیمان بۆم نه‌بێته‌ تاجی سه‌ر

سوێندم به‌ خاک و ئاڵا، ده‌ست له‌ خه‌بات به‌رناده‌م
پێشمه‌رگه‌ی کوردستانم، کۆڵ له‌ داگیرکه‌ر ناده‌م

من یادگاری شه‌هیدم، مزگێنیی گه‌لاوێژم
بۆ ئه‌وه‌ی ژێر ده‌ست نه‌بم،خۆم لاشه‌ی خۆم ده‌نێژم.

سەرچاوە ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی