خوێنەرانی بەڕێز، هەروەک ئاگادارن ماوەیەک لەمەوپێش بابەتێکم لە ژێر ناوی “ژن و ژیان ” نووسی و بەڵاوم کردەوە.
وامان دانابوو ژیانی بێژن، ژانە. ئەوە پێچەوانەکەشی ،واتا، ژیانی ژنیش بە بێ مێرد، ناتەواوە. بابەتەکە ڕووی ئاخافتنی کردبووە پیاوان. ئاماژەم بە ژمارەیەک خاڵ کردبوو لە پێوەندی لەگەڵ ئەرکەکانی پیاوان لە بەرامبەر ژناندا. بێگومان، ژمارەیەک لەو خاڵانە هەردوولای ( ژن و مێرد) ی دەگرتەوە. بەواتایەکی دیکە، ئەرکی هەردوویان بوو لەبەرامبەر یەکتردا.
هەروەک لەو بابەتەدا بەڵێنم دابوو، لە داهاتوودا سەبارەت بە جنسی بەرامبەریش لەو پێوەندییەدا شتێک بخەمەڕوو. شایانی باسە، هەروەک چاوەڕوان دەکرا و منیش لەو بابەتەدا ئاماژەم پێدابوو، ئەنجامدانی هندێک لەو خاڵانە لە کولتوورە دواکەوتووەکاندا (بە کولتووری کوردەواریشەوە) ئاسان نییە.
بەڵام دەبێ هەنگاوی بۆهەڵبگیرێ. دەمەویست بە بیری خوێنەرانی بێنمەوە، ئەگەر بۆتان نەکراوە چاوێک بەو بابەتەی پێشوودا بخشێننەوە، ئێستەش نەچووە بچێ، لە سایتەکان و فەیسبووکدا دەتوانن بیخوێننەوە. بۆ ئاگاداریتان لەسەر ئەو نووسراوەیە، سرنج و تێبینی زۆرم بۆ هاتۆتەوە. ئەوانەی کە دەسخۆشییان لێکردووم، سپاسیان دەکەم.
ئەوانەش کە پێیان وابووە کە ئێستە زووە ئەو شتانە لە کۆمەڵی کوردەواریدا باس بکرێ و بهروژێنرێ. دەبێ پێیان بڵێین کە، ئێمەی کۆمەڵی کوردەواریش وەک گشت نەتەوە و کۆمەڵگاکانی دیکەی دونیا شایانی پێشکەوتنین و دەبێ پێ بەپێ وڵاتانی دونیا بچینە پێش. ئەو شتە پڕ لە زیانانەی کە دەبنە هۆی دواکەوتنی ئێمە دەبێ وازی لێ بێنین. ئێستەش بە کورتی ئاماژە بە ژمارەیەک خاڵ دەکەم .
لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لەو خاڵانە کە لە بابەتی پێشوودا هاتبوون، هەردوولای ژن و مێردی دەگرتەوە، لێرەدا لە دووپاتەکردنەوەیان خۆم دەبوێرم.
*-ژنان دەبێ دووریبگرن لە تۆڵەسەندنەوە.
مێژووی دوور و نزیک شاهیدی دەدەن کە ژنان لە کۆمەڵ و کولتوورە داوکەوتوو و پیاوسالارەکاندا، ستەمی چەندقاتیان لێچووە. یەکێک لەو دەیان ستەمەی کە لێیان کراوە، لە لایەن مێرد، باوک، برا و … هتد، بووە. ئەم ڕاستیە تاڵە حاشای لێناکرێ.
دەبێ دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کە زیانی بۆ کۆمەڵگە بووە و هەیە. بێگومان ئەوەش دەزانین کە هەڵە بووە. پرسەکە لێرەدا ئەوەیە، داخوا، ئەوەندەی ژنان ستەمی جنسیان (ڕەگەز) لێکراوە و دەشزانن کە پڕ زیان بووە، ئەوانیش دەبێ تۆڵەی خۆیان لە جنسی بەرامبەر بکەنەوە؟ واتا، ئەو هەڵە و ستەمکارییە، ژنانیش دەبێ هەمان کار بکەن لە بەرامبەر پیاواندا؟! بێگومان، نە، نە.
هەڵە بە هەڵە ڕاست ناکرێتەوە. کەوایە، پێویستە ژنان ژیرانە وڵام بدەنەوە. لە هەڵە و کەم و کۆڕییەکان ئەزموون وەرگرن. دووری بگرن لە تۆڵەسەندنەوەیەک کە زیانی هەردوولای تێدایە.
*- من کامە و تۆ کامە؟ واتا، گەر تۆ مەنی، من دوو مەنم، بێجگە لە گورز و کەمەنم.
لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی زۆرتر دەبێ ئەو ڕاستییە باس بکەێن کە، بەداخەوە ژمارەیەک لە ژنان بەهۆی تێنەگەیشتن لە ئازادی و سەربەستی، کەڵکی خراپ لە پاراستنی مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاو وەردەگرن. پیاوەکانیان تووشی گرەوگۆڵە دەکەن. لەپێشچاوی کەس و کەساندا ڕسوا یان دەکەن. هندێکجار تۆمەتی ناڕەوایان بۆ هەڵدەبەست.
دەڵێن ئێمەش وەک ئێوەی پیاوان خاوەنی مافین. ئەمە ڕاستە، بەڵام بە مەرجێک لە سنووری خۆی دەرنەچێ. کەوایە، هەردوولا بەیەکەوە شیرینن. هیچیان خۆیان بەدژی ئەویتریان نەزانن.
*-( پشتەسەر ووتن (غەیبەتکردن
ژنان لە پشتەسەر وتندا، زۆرتر ڕۆ دەچن. لە پێوەندی لە درکاندنی ڕازەکانی نێوان خۆیان و مێردەکانیاندا، کەمتر لە پیاوان دەتوانن ڕازەکانیان لای خۆیان ڕاگرن. هندێک جار شتەکانیان لەملاولا باس دەکەن. (ئەمە هەموو ژنەکان ناگرێتەوە) لەوانەیە هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، مێردەکانیان نەیانەوێ گوێ بۆ باس و خواستەکانیان ڕاگرن، هەروەها ماڵی بابیشی لاملی تێبکەن.
بێگومان ئەمەش نابێتە پاساو هێنانەوە بۆ ئەوەی ژنەکان تەڕ و ووشک پێکەوە بسووتێنن. ئەگەر ژنان دان بەو ڕاستییەدا بنێنن کە (ئەوان لیباسن بۆ پیاوان و هەروەها پیاوانیش لیباسن بۆیان) قورئانی پیرۆز، سوورەی البقر، ١٨٧. بێگومان هەردەم نایەڵن ئەو جلەیان پیس ببێ و هەر خاڵێکی خراپ کە بەو جلەوە بنیشێ، بێگومان هەردوویانی پێ لەکەدار دەبێ.
هەروەها ، فیلسوف “بول سالون” لە کتێبەکەیدا بەناوی “من دەتوانم ئاڵوگۆڕ درووست بکەم” دا دەڵێ (ژن و مێرد کۆی یەک لەسەر یەک دەکاتە دوو، نین، هەروەها کۆی بەیەکاکردنی یەک لەگەڵ یەک دەکاتە دوو نییە، بەڵکوو ئاکامێکی سەرسامهێنەری هەیە، واتا، دەبنە، دوو ژن، دوو مێرد، دوو خزم، دوو کۆمەڵ، دوو بنەماڵە و … هتد. (ئەمە حیسابێکی فەلسەفییە) کەوایە، بە کورتی و بە پوختی، گیانێکن لە دوو جەستەدا. چ ژن و چ مێردەکەش دەبێ خۆیان بە هاوبەش بزانن لە هەموو ئاکارێکی ئەرێنی و نەرێنی لە بەرامبەر یەکتردا.
بۆ کۆتایی ئەم بابەتە پڕ لە جێگەی پرسە، داواکارم، بە ووردی بابەتی پێشوو بخوێننەوە و لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم بابەتەشدا، ڕاو بۆچوونی خۆتانی لەسەر بنووسنەوە. واتا، بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم باسە و هەنگاو هەڵگرتن لەو پێوەندییەدا، دەبێ دەس بدەینە دەستی یەکتر و بە گشتمانەوە خزمەتی کۆمەڵگەکەمان بکەین.
تێبینی!
بۆ ئاگاداریتان ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٩.٩.٢٠١٢ کاتژمێر ١٤ (٢) ی دوانیوەڕۆ لە ڕادیۆ کوردان لە شاری کارلستادی وڵاتی سۆئید لەسەر بابتێکی کۆمەڵایەتی
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ژن و مێرد و دەسنیشانکردنی چارەسەرەکانی) وتووێژێکمان دەبێ، تکایە گوێگری بن.)
نۆروێژ.{jcomments off}