پرسیارگه‌لێک که له ده‌وری ” دابڕان بۆچی؟” هاتۆته ئاراوه، هیچ کات له چوارچێوه‌ی لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسی دیاریکراو به‌رسڤی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌و هه‌تا کاتێ هۆگه‌لی ئه‌و دابڕابنه(انشعاب) له چوارچێوه‌ی لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسی دیاریکراو تاوتوێ نه‌کری هه‌ر رێگاچاره‌یه‌ک بۆ سه‌قامگیری ئاشتی و ئارامی دوو لایه‌ن،
کاتی و ناته‌واوه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که جارێکی دیکه ئه‌مری واقیع دزه بکاته ناو جه‌رگه‌ی ئه‌مری هێمایی(نمادین) هه‌تا سکڵی ژێر خۆڵه‌مێش به کزه بایه‌ک گڕ بگرێ و ببێته هۆی دابڕانێکیتر.
ئه‌وه‌ی که له‌م وتاره دا دێته به‌رباس پێش ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بێ له‌بڕی رێکارێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ بڕیاردانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی ـ ئایدۆلوژیک ، ده‌پڕژێته سه‌ر هۆگه‌لێک که له رێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی سیاست و فانتاستیک کردنی رووداوه‌کان، بوونه‌ته ماکه‌ی سه‌ره‌کی شاراوه کردنی هۆگه‌لی ئه‌و دابڕانه‌ی که پاش کۆنگره‌ی سێزده له ناو حیزبی دێموکرات رووی دا. هه‌تا هه‌ر بڕیارێکی سیاسی و رێچاره‌یه‌کی مه‌نتیقی نه‌زۆک بمێنێته‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو باسه‌که به پێویست ده‌زانم دوو چه‌مکی سه‌ره‌کی که له‌م وتاره‌دا که‌ڵکم لێ وه‌رگرتوون شی بکه‌مه‌وه 1 – ئه‌مری هێمایی (نمادین) 2 – ئه‌مری واقیع
ئه‌مری هێمایی که ده‌توانین به ئایدئۆلۆژیا و قانوونیش نێوی بێنین ، پێکهاتووه له راستیگهلی به‌رهه‌ست و فیزیکی و راستیه ده‌روونیه‌کان یان ئه‌و هزر‌ی نێوبژیوانیانه‌ی (اندیشه‌های واسطه‌ای ) که حیزب له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وان دامه‌زراوه. ئه‌مری واقیع له راستیگهلی بان ده‌روونی یان ئارمانگه‌لی شاراوه که ره‌گی له بۆشایی (فقدان)، دایه پێکهاتووه.
ئه‌مری واقیع هاوکات که ده‌توانێ سه‌رپێچی کردن بێ له قانوون، ده‌توانێ پشتیوانی قانوونیش بێت و هه‌ر وه‌ها هۆکاری سه‌ره‌کی پێشڤه‌چوون و زیندوو راگرتنی پێکهاته‌ش دێته ئه‌ژمار.
چه‌قبه‌ستوویی شێواز و یاساگه‌لی ئه‌مری هێمایی و روو به روو نه‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع محاڵه. ئێمه گه‌لێک جار له ناو حیزبی دێموکرات دا شاهیدی ئه‌و بۆشایی و گۆڕینی شێواز و هێندێ سیاست بووینه.که ده‌توانین ده چوارچێوه‌ی راستی ره‌وانی یان هزر‌ی ناوبژیوان دا به سوسیال دێموکراسی و فێدرالیزم ئاماژه بکه‌ین.
له هه‌ر دوو نمونه‌ی سه‌ره‌وه شاهیدی کاریگه‌ری ئه‌مری واقیع له ناو ئه‌مری هێمایی و گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی له پێکهاته‌ی هێمایی بووینه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ترۆما (آسیب روانی )یه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه که پاش کۆنگره‌ی سێزده قه‌ڵما.
ئێستا له‌گه‌ڵ پرسیارێکی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی رووبه‌روو ده‌بین. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زێده‌بایی (مازاد) ئه‌مری واقیع یان بۆشایی و ئارمانی شاراوه که بۆته هۆی دابڕان، خوازیاری چ گۆڕانێک له فۆرم و ناوه‌رۆکی حیزب دا بووه؟
له ژێره‌وه تاووتوێی ئه‌و جوابانه‌ی به‌و ئاره‌زووه شاراوانه دراونه‌وه و هێندێ جوابی رێتێچوویتر ده قالبی شه‌ش پرسیاری سه‌ره‌کی که به گشتی سی پرسیاری بنه‌ڕه‌تی له خۆ ده‌گرێ دێنینه گۆڕێ.
1 – ئه‌رێ ئه‌و زیده‌بایه‌ی ئه‌مری واقیع که له ناو فراکسیون دابڕاو دا گه‌شه‌ی ئه‌ستاند بوو، گۆڕانی تاکتیک له بری: زیندوو کردنه‌وه‌ی شه‌ری چه‌کداری، به‌شداری له هه‌ڵبژاردن و رازی بوون به ئه‌سلی 15 و 19 (قانوونی ئه‌ساسی) بووه؟
2 – ئه‌رێ دابین نه‌بوونی ئه‌ندیشه‌کانیان له رێگه‌ی سوسیال دێموکراسی وه و هێنانی تیۆری دیکه له گۆڕێ دابووه؟
3 – ئه‌رێ هه‌ڵسووڕان له چوارچێوه‌ی ئێران و فیدرالیزم ناته‌واوه که ده‌بێ شێوازێکی تازه هه‌ڵبژێردرێ که فه‌زای کوردستانی گه‌وره دابگرێ و سیاسه‌تی رادیکاڵی جیاوازی خوازی بگرێته پێش؟
ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه له به‌رسیڤگه‌ڵێ هه‌لێنجێندراون که له هه‌وه‌ڵێن دژ کرده‌وه‌ی ره‌فتاری ره‌وتی دابڕاو له رێگه‌ی هاوتا سازی له‌گه‌ڵ پ ک ک خراونه روو که به شێوه‌یه‌کی سه‌خت شکستیان هێناوه. ئه‌سلی 15 و 19 له‌گه‌ڵ شکانی بزوتنه‌وه‌ی دواکه‌وتوانه‌ی سه‌وز نوشوستی هێنا! هه‌ر وه‌ها شه‌ری چه‌کداری له رێگای بیرورای گشتی به وشه‌ی بێئاوهزی وه‌بیر هێنراوه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگا ی تازیه‌بار کرد له‌دیمانه‌یه‌کی تلویزیونی دا کاک خالید عه‌زیزی به ئاشکرایی رایگه‌یاند که هیچ کات جیاوازیخواز نه‌بوونه. که‌وا‌ته ئه‌و چوار کێوه‌ی ناو ئاڕم وه‌ک ژماره ئوستووره‌یه‌کان ، ته‌نیا ژماره‌یه‌کی پیرۆزن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌مزه‌کانیان هه‌ڵبندرێ!!
ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه به‌راستی زێده‌بایی ناو ئه‌مری واقیع بن، بێ‌شک ره‌وتی دابڕان پاش ئه‌وشکست و نسکۆیه به‌و ئاکام گه‌یشتووه که بۆوه‌ی نابێ ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ک هۆگه‌لی دابران بخرێنه رۆژه‌ڤه‌وه ، بۆیه بێ سێ و دوو و به‌له‌ز به‌ته‌مان بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی حیزب به‌و مه‌رجه‌ی که بیروڕای گشتی ـ له رێگه‌ی کۆمه‌ڵێک ساز و کار ده‌روونی یه‌وه ـ به‌و ئاکامه بگه‌یه‌نن که حیزب هه‌ڵه‌ی کردووه نه‌ک ئه‌وان که پاشان به‌وردی ئه‌و سازوکاره ده‌روونییانه ده‌خه‌ینه به‌رباس.
4 – ئه‌رێ ته‌کره‌وی و پاکتاو کردنی ناو حیزب که ره‌وتی دابراو به کۆده‌تای نێو ده‌با، به شێوه‌یه‌ک ببووه هۆی ناکارامه‌یی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی حیزب ، که ره‌وتی دابراو ناچاربوو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی حیزب هه‌ڵوێستگه‌لێ بگرنه به‌ر که ببێته‌هۆی گۆڕینی روانگه‌ی ئه‌وسا؟
سێ پرسیاری هه‌وه‌ڵ ده کرده‌وه دا و پرسیاری چواره‌م به راشکاوی وه‌ک جوابێ بۆ دیاری کردنی ئه‌مری واقیع یان ئه‌و ویستانه‌ی بوونه‌ته هۆی دابران ده‌ربڕاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوابی ئه‌رێنی بۆ پرسیاره‌کانی 1هه‌تا 4 نه‌یانتوانیبێ به‌قه‌ناعه‌تمان بگه‌یه‌نێ ده‌بی وه‌دوای هێندێ پرسیاری رێتێچوویتر بکه‌وین که قه‌ت ده‌رنه‌بڕاون. پرسیارگه‌لێک که له‌رێگه‌ی ئه‌و فانتزی یانه‌ی له درێژه‌ی ئه‌م وتاردا ده‌خرێنه‌روو، رێگا له ئاشکرا بوونیان گیراوه.
5 – ئه‌رێ ئارمانی شاراوه و راستی ده‌روونی ئه‌و فراکسیونه به‌و رادده‌یه تایبه‌تی بوونه که ده چوارچێوه‌ی یاساگه‌لی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئایدئۆلۆژیک دا نه‌یان توانیوه بیخه‌نه روو؟ ئه‌ری ئه‌و واقعییه‌تانه ئه‌وه‌نده پارادۆکسیکاڵ بوونه که هیچ رێگایه‌ک بۆ خستنه‌روویان له رێگه‌ی تێکنۆلۆژی دیپلۆماسی یه‌وه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه؟
6 – ئه‌رێ ویسته راسته‌قینه‌ی ره‌وتی دابراو، نه‌ک هه‌ڵوێستی سیاسی جیاواز به‌ڵکه هانه‌ی(انگیزه) به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه؟
سه‌رکوت کردنی کێشه‌یه‌ک که ئه‌مری واقیع له ناو ناسکار( سوژه) دا هێناویه‌ته گۆڕێ و بێ ده‌سه‌لاتی له دابین کردنی داخوازیه‌کانی و په‌لکێش کردنی بۆ ناو حه‌وزه‌ی هێمایی ده‌بێته هۆی ترۆما. بۆ پێش گرتن له‌و خه‌ساره ، ناسکار(سوژه) په‌نا بۆ فانتیزیا ده‌با، هه‌تا داخوازیه‌کانی ئه‌مری واقیع له ناو فانتێزی دا خۆ‌یا بکا، که‌وایه نه‌گونجاو نییه که جوابی ئه‌رێنی بۆ پرسیاری سێهه‌م وه‌کوو فانتێزی بۆ پرسیاری چواره‌م و پێنجه‌م بێت که له درێژه‌دا به تێر و ته‌سه‌لی روونی ده‌که‌ینه‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌تا بۆ ته‌ته‌ڵه کردنی زیاتر و که‌م کردنه‌وه‌ی تێکه‌وه ته‌نینی تیۆریک ده‌مهه‌وێ به‌سه‌ر‌هاتێک بگێڕمه‌وه که هه‌وێنه‌که‌ی له چێشتی مجێوری مامۆستا هه‌ژار وه‌رگیراوه. یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کانی به‌ساڵاچووی حیزبی دێموکرات(عه‌لی عه‌جه‌م) که قه‌تی ژن نه‌هێناوه ، کاتی له‌گه‌ل هه‌واڵانی حیزبی داده‌نیشێ له قاره‌مانییه‌تی و ره‌شیدی کوره‌که‌ی ده‌دوێ که خه‌له‌بانه و له هێزی هه‌وایی دا کار ده‌کا. هه‌موو جارێ هه‌واڵانی حیزبی پێی راده‌بوێرن.
هه‌ر له‌و جه‌فه‌نگه دا یه‌کێک خه‌به‌ری ده‌داتێ که ته‌یاره‌ی کوره‌که‌ت که‌وتۆته خوار و کوره‌که‌ت کوژراوه، کابرا گریانێک ده‌گریا که به که‌س ژیرنه‌ده‌بۆوه. خاڵی سه‌ره‌کی لێره‌یه، کورێک له‌گۆڕێ دا نه‌بووه، له هه‌مووان چاتریش هه‌رئه‌و کابرا پیره ئاگاداری قه‌زیه‌که بووه. خوڵقاندنی که‌سایه‌تی کوری خه‌له‌بان له لایه‌ن مام عه‌لییه‌وه فانتێزیا بووه بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی زه‌خت و ته‌وژمی ره‌وانی سه‌رچاوه گرتوو له ئه‌مری واقیع ، یانی یه‌کته‌نی و بێ ژنی و ره‌به‌نی ئه‌و بووه.
ئه‌وه‌ی بۆی ده‌گریا ترسێک بوو له روو به روو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع و له ده‌ست دانی فانتێزایا! چوونکه فانتێزی دێمه‌نێکی خه‌یاڵییه که له‌و دا ناسکار قاره‌مانه. یان به لێکدانهوهیهکیتر فانتێزی ، خۆ دابینکردنی (خودارضایی) گوماناوی ناسکاره له به‌رامبه‌ر شتێکی راسته‌قینه.
ئه‌وه ده‌قیقه‌ن شتێکه که له ناخی ره‌وتی دابراو دا رووی داوه. ئه‌رێ به‌رێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن له ناوخۆی ره‌وتی دابڕاو وسه‌رکه‌وتن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له غیابی به‌رناس(ابژه)ی راسته‌قینه یان هه‌مان حیزبی دێموکرات ، هه‌ر ئه‌و فانتێزی خۆ دابین کردنه نییه؟
له‌وه‌ی که هێندێک گێرانه‌وه یان بابه‌ت له ده‌روونی فانتێزی دا هه‌نه و بێ نێوه‌دان له سێناریۆی فانتێزی دا دووپات ده‌بنه‌وه. ئه‌رێ هۆی دووپات کردنه‌وه‌ی بێ نێوه‌دانی ره‌وتی دابڕاو بۆ به ره‌سمی ناسین و پێش مه‌رج بۆ هه‌ر جۆره وتووێژێک روون ناکاته‌وه؟
جوابی ئه‌رێنی بۆ ئه‌م پرسیارانه و هه‌روه‌ها تاوتوێی دژکرده‌وه‌کانی ره‌فتاری که هه‌ر وه‌ک سیاسه‌تی بیر لێ نه‌کراوه هاتنه به‌رباس، ئه‌و راستییه ده‌خه‌نه‌روو که ناکارامه‌یی پێکهاته‌ی حیزبی دێموکرات و ناساندنی فراکسیون ده قالبی ناسکارێکی سیاسی که به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی هه‌یه و دامه‌زراندنی دێموکراتی 2 ناتوانێ جوابێکی مه‌نتیقی بێ بۆ دابڕان.
بابه‌تێکی تری که له سناریۆی فانتێزێکانی ره‌وتی دابراو(ئینشعاب) دووپات ده‌بێته‌وه و هه‌وڵی بێوچانی بۆ هێنانه به‌رباسی یه‌کگرتنه‌وه له دوو ره‌وایه‌ت دا دارێژراوه، که له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه هۆکاری سه‌ره‌کی رووداوه‌کانی ناو حیزب به لارێ‌دا ده‌با
دوو گێرانه‌وه‌ی ساخته (جعلی) که له یه‌کیاندا ره‌وتی دابراو پێداگره به چاوپۆشی له جیاواز یه‌کان، له پێناو وه‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و حیزبی، هه‌مووکات ئاماده‌یه و دایمه دووپاتی کردۆته‌وه که ئێمه زۆر جار بۆ یه‌کگرتنه‌وه هه‌نگاومان هه‌ڵێناوه‌ته‌وه و ئاماده‌ین بۆ هه‌ر هه‌نگاوێک له‌م بواره‌دا پێلهمل بین. گێڕانه‌وه‌ی دووهه‌م لایه‌نی سه‌ره‌کی حیزبه، که دژی یه‌کگرتنه‌وه‌یه و هه‌ر هانگاوێکی که له‌م باره‌وه ببێته هۆی بڕیارێکی شیاویش، له‌باری ده‌با.
ده‌لاله‌تی شاراوه‌ی وه‌ها فۆرماسیونێک ده‌توانێ ببێته هۆی به‌رهه‌م هاتنی فانتێزیایه‌کی دیکه. لێره‌دا هه‌میسان دووپاته‌ی فانتازیای دێموکرات بوون له‌لایه‌ن ره‌وتی دابڕاو وه‌کوو په‌رده‌یه‌ک، بۆته هۆی شاردنه‌وه‌ی ره‌فتاری نابه‌رپرسانه و نادێموکراتیک و هه‌ڵوێستی بێ یاسا و ڕێسای ئینشعاب
ئه‌گه‌ر چاوێک به سه‌ر ئه‌و دوو گێڕانه‌وه سه‌ره‌وه‌دا بخشێنین ده‌بینین که ره‌وتی دابڕاو چۆناوچۆن له رێگه‌ی دوو جه‌مسه‌ری کردنی کێشه‌که خه‌ریکه ئه‌مرێکی سێهه‌م که ده‌لاله‌تی شاراوه‌یه له زه‌ینی به‌رده‌نگ که لێره‌دا مه‌به‌ست بیرورای گشتییه دێنێته گۆڕێ. ئه‌م ده‌لاله‌تی شاراوه که به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ خه‌ریکه بیروڕای گشتی به لاڕێدا ده‌با له رێگه‌ی له پاڵ یه‌کدانانی دوو وێنه له دوو رێبه‌ر و دوو بریار که یه‌کیان دڵسۆزانه و ئامانجداره و ده‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دایه، ئه‌ویترش که به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به فیڕۆ ده‌دا و ده‌یکاته قوربانی به‌ر له هه‌موو شت فۆڕمێک له زه‌ینی به‌رده‌نگدا زه‌ق ده‌کاته‌وه، فۆرمێک که له ناخی خۆی دا له دوو به‌ش پێکهاتووه که لایه‌نی سه‌ره‌کی له‌لایه‌ک و لایه‌نی دابڕاو ده‌که‌وێته لایه‌که‌یتر، واتا ده‌لاله‌تی شاراوه له رێگای فۆڕمه‌وه ده‌گاته ئوستووره‌سازی ( به‌مانا بارتییهکهی ) که ده‌توانێ ره‌وتی دابراویش وه‌ک ناسکارێکی سیاسی و فه‌رمی بناسێنێ.
گرینگتر له‌وه‌ی که فۆرمی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ری کردنه کردوویه‌تی کرداری به‌رامبه‌ری ناوه‌رۆکی ئه‌وه، که له رێگه‌ی خوڵقاندنی کۆمه‌ڵێک فانتازیا بابه‌تی سیاسی ده‌کاته بابه‌تی شه‌خسی و رووماڵی سیاسی له پرسه‌که ده‌سڕێته‌وه. بۆ تاوتوێی وردتری ئه‌و بابه‌ته و بۆ نمونه لێره‌دا چاوێک به سه‌ر یه‌کێک له هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی کاک خالیدی عه‌زیزی که له دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵات تایمز دا هه‌یبووه ده‌گێڕین.
خالید عەزیزی: شەخسی کاک مستەفا هیجری ئەو فورسەتەی کە هەڵکەوتبوو، لەباری برد
عەزیزی ئاشکرای کرد کە لە دانیشتنێک دا لە گەڵ مستەفا هیجری پێشنیاری پێ کردووە کە با بە یەکەوە پلانێک بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات ئامادە بکەین و هەر کاممان لە لای خۆمانەوە بیخەینە بەردەم کۆمیتەی ناوەندیی حدک و حدکا. وتیشی کە پێم گوتووە ئەگەر کۆمیتەی ناوەندیی حدک دژایەتی خۆی لەگەڵ نیزیکبوونەوە و یەکگرتنەوە لە گەڵ حدکا نیشان دا، ئەوا من دەست لە کار دەکێشمەوە و بە خەڵکیش رادەگەیەنم کە ریبەریی حدک دژ بە یەکگرتنەوەیە و داواشی لە مستەفا هیجری کردووە کە لە ئەگەری دژایەتیی کۆمیتەی ناوەندیی حدکا، ئەویش هەمان هەڵوێست لە خۆی نیشان بدا. http://rojhelattimes.org/read.php?id=5614
هه‌ڵبه‌ت به‌ر له هه‌ر شتێک خاڵێکی گرینگ که نابێ له بیر بکرێ ئه‌وه‌یه که له هه‌وڵێکی تازه‌تر دا ره‌وتی دابڕاو رایگه‌یاندووه که حیزب دانیشتنی دووهه‌می بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو حیزب به بیانووی پڕوپووچ له‌بار بردووه!به‌و پێ و حیسابه ئێمه له جێگای بابه‌تیک له‌گه‌ڵ دوو بابه‌ت به‌ره‌و رووین که له هه‌ر دوو بابه‌ت دا گیڕانه‌وه‌ی فانتێزی یه‌ک شته. به‌ڵام به دوو شێوه به یه‌ک ئاقاردا دووپات ده‌بێته‌وه. به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بێ ئاماژه به چه‌ند خاڵی سه‌رتایی و ساکار بکه‌ین که له‌و خه‌به‌ره‌دا وه‌ده‌ست ده‌که‌وێ.
1 – دانیشتنێک له ژێر ناوی گه‌ڵاڵه‌ی دانیشتنی دووهه‌م. به‌ر له هه‌موو شتێک خۆی ده‌توانێ گومانی به‌رێوه‌چوونی دانیشتنی پێشوو یان دانیشتنی هه‌وه‌ڵ پشت‌راست بکاته‌وه.( به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که کاک حه‌سه‌نی شه‌ره‌فی رایگه‌یاند که دانیشتنێک له کار دا نه‌بووه و کاک خالید و کاک مسته‌فا به رێکه‌وت تووشی یه‌کتری بوونه)
2 – ئه‌و دانیشتنه کار بۆکراو و بیرلێکراوه و فه‌رمی بووه که لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه وشه‌ی فه‌رمییه.
3 –کاک خالید به شێوه‌ی فه‌رمی ئه‌وه‌ی که له‌م دانیشتنه‌دا هاتۆته گۆڕێ به مێدیایی کردووه.
به‌ڵام بگه‌رێینه‌وه سه‌ر قسه‌کانی کاک خالید که پاش دانیشتنه‌که و به شێوه‌ی فه‌رمی (به پێداگرێ) بۆ تێگه‌یاندنی بیروڕای گشتی بڵاو کراونه‌وه.
ئه‌وه‌ی له قسه‌کانی کاک خالید ده‌توانین هه‌لینجین ئه‌وه‌یه که هێشتا ره‌وتی دابڕاو له ناوه‌رۆکی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ری کردنه وه‌همییه‌ی خۆی ئاگادار نییه و به‌رنامه‌یه‌کی پته‌وی بۆ وه‌ها دانیشتنێک ده قالبی هه‌ڵوێستی سیاسی دیاردا دانه‌رشتووه که کاک خالید قه‌رار له سه‌ر ئه‌وه‌ی داده‌نێ هه‌تا باسه‌که له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بێنێته به‌رباس، جا ئه‌گه‌ر هاتوو کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بیر‌و رای ئه‌ویان قه‌بووڵ نه‌کرد ده‌ست داته ئاکارێکی خۆکوژانه و له‌ناوچوونی فانتیزی به‌گوێی خه‌ڵک بگه‌یه‌نێ.
وه‌ها ئاکارێک جیا له چوارچێوه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع شتێکی دیکه نابێ.جا بۆیه ئه‌وه‌ی کاک خالید له دویه‌تی خرکردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی فانتازیا نییه به‌ڵکه ده‌یهه‌وی خه‌له‌بانی خه‌یاڵی زیاتر له راستی وه‌نیزیک بخاته‌وه، دڵسۆزیه‌ک که ده قسه‌کانی کاک خالید دا خۆیان حه‌شار داوه به رادده‌یه‌ک چۆته پێش که ئاماده‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و حیزب ته‌نانه‌ت خۆشی فیدا بکا هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامێک که له کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێی ده‌گا بۆ ئاگاداری بیرورای گشتی نه‌ته‌وه‌که‌ی به مێدیایی بکا. هه‌ڵوێستێکی له‌م چه‌شنه خه‌ڵک په‌لکێشی ناو ئه‌م سیناریویه ده‌کات تا له رێگه‌ی وروژاندن و بریندار کردنی هه‌ستی جه‌ماوه‌ر بیروڕای گشتی به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره ناله‌باره به‌رن که جارێکی‌تر بێ له‌به‌ر چاو گرتنی واقیعییه‌تی سیاسی کێشه‌که خه‌ڵک ده‌نگ هه‌ڵبڕن و بڵێن هه‌رچی چێشتوومانه به‌سه ناکۆکێکان وه‌لانێن، چیتر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و حیزب له کێشمه‌کێشمی به‌خۆڕایی به فیرۆ مه‌ده‌ن.
ئه‌ری ئه‌وها رووبه‌روو بوون له‌گه‌ڵ پرسه‌کان و دوور بوون له هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسی دیار، ناسکارێکی سیاسی هه‌تا ئاستی ناسکارێکی ئیحساسی دانابه‌زێنێ؟ ناسکارێک که قه‌ڵبه‌زه‌ی ئیحساساتی چاو له هه‌ر چه‌شنه جیاوازییه‌ک ده‌نوقێنێ.
له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و هه‌مووه نیگه‌رانیه و فکر مه‌شغوڵیه و دڵسۆزیه له‌ڕاده به‌ده‌ری کاک خالید که به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی به گوێی هه‌مووانی ده‌گه‌یه‌نێ ئایا شه‌خسی کردنی بریاری سیاسی نییه؟
ژیژک ده‌ڵێ: که‌س له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه نییه سیاسه‌تمه‌دارێ که ده‌که‌شی گشتی به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی هه‌ڵوێست ده‌گرێ، له ناو بنه‌ماڵه‌که‌شی هه‌ر ئه‌و شێوه ره‌فتاره‌ی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر وایه ئێمه له‌گه‌ل دوو که‌شی گشتی و تایبه‌تی به‌ره‌و رووین. کاتێ سیاسه‌تمه‌دار ده که‌شی گشتی دا به‌شێوه‌یه‌کی جیدی و فه‌رمی قسه ده‌کا له زبان حیزب، دامه‌زراوه یان رێکخراوه‌که‌ی قسان ده‌کا. یان به وتهیهکیتر دامه‌زراوه یان حیزب له رێگه‌ی ئه‌و که‌سه‌وه بیروڕای خۆی ده‌رده‌بڕێ.
ئێستا به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و خاڵه ئه‌گه‌ر جارێکی دیکه قسه‌کانی کاک خالید وه‌رد بده‌ینه‌وه تێده‌گه‌ین که نه‌ک ده‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی سیاسی دیاری دامه‌زراوه به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ ده‌غده‌غه‌کانی فکری شه‌خسی کاک خالید به‌ره‌ورووین که له‌م رێگایه‌وه کێشه‌ی سیاسی به ته‌واوی شه‌خسی و خسووسی ده‌کا. سرنج راکێشتر ئه‌وه‌یه هه‌ر ئه‌و ئاکارانه که بۆ خۆی ده‌یهه‌وێ بیانکا ده‌یان داته پال کاک مسته‌فا. هه‌ڵبه‌ت پێش ئه‌و پێشنیاره گۆمانێکی به یه‌قین داناوه و ده‌بێ سوور بێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که حدکا و شه‌خسی کاک مسته‌فا هه‌ر چه‌شنه بڕیارێکی بۆ یه‌کگرتنه‌وه له بار ده‌با. ئه‌گه‌ر سرنج بده‌ینه ئه‌وه‌ی که کاک خالید له رێگه‌ی رۆژهه‌ڵات تایمزه‌وه ده‌یڵێ، له هه‌وه‌ڵه‌وه قسه له‌و هه‌وڵه هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حدکا بۆ به ئه‌نجام نه‌گه‌یاندی ئه‌و دانیشتنه ده‌کا و پاشان پێشنیارکه‌ی که ته‌نیا که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی زه‌ینی ـ شه‌خسی کاک خالیده له‌گه‌ل کاک مسته‌فا دێنێته گۆڕێ. خۆشتر ئه‌وه‌یه پاش ئه‌و قسانه هه‌واڵێکی دیکه دێته روو که حدکا کارکردن بۆ دانیشتنی دووهه‌م به به‌هانی پڕوپووچ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی دابڕاو، حدکا بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ هاوڕیانی پێشووی خۆی بریاری سیاسی دیارکراو ده‌دا و ده پلۆنۆم دا ده‌یخاته به‌رباس و پێویستی به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ی دیار له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیع ده‌باته ناو سیستمی هێمایی و له رێگه‌ی هێنانه گۆڕی ئه‌و کێشه‌یه وه‌ک کێشه‌یه‌کی سیاسی له پلۆنۆم دا ره‌سمییه‌تی پێده‌دا.
به ئاوردانه بۆ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له‌م وتاره دا ئاماژه‌ی پێکرا، ده‌مهه‌وی جارێکی دیکه بگه‌رێمه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیارانه که نیشانده‌ری ناوه‌رۆکی زیاده‌بایی و خواستی ده‌روونی ئه‌مری واقیع دێننه به‌رباس. سیاسه‌ت سڕینه‌وه و فانتازیاسازی وه‌ک سه‌ر پۆشێک دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر جوابێ که نیشانده‌ری ئاواتی نه‌ستی شاراوه و ناوه‌رۆکی ئه‌مری واقیع بێ که هۆگه‌لی سه‌ره‌کی دابڕان شی ده‌کاته‌وه، به‌ناکامی ده‌هێلێته‌وه که ئه‌وه بۆخۆی ده‌بێته هۆی قووڵتر بوونه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان وێنه‌ی خه‌یاڵی ره‌وتی دابڕان له خۆی و ئه‌مری واقیع. بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێک له لایه‌ن ره‌وتی دابراو، ئه‌و فراکسیونه نه‌ک به ناسکارێکی سیاسی به‌ڵکوو وه‌ک ناسکارێکی بریندار و ئالۆز و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو ده‌ناسێنێ.
که واتا یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌له‌به‌ری نێوان ئه‌و دوو ره‌وته هێنانه گۆڕی پرسی یه‌کگرتنه‌وه ده چوارچێوه‌ی بڕیارێکی سیاسی، نه‌ک ئیحساساتی دایه و هه‌ر بۆیه مه‌رجی سه‌ره‌کی ئه‌و پرسه تووڕ هه‌ڵدانی هه‌ر چه‌شنه پێش شه‌رتێکی چه‌وته. یان ئه‌گه‌ر به‌زمانی لاکان بدوێین، ده‌توانین بڵێین هه‌تا کاتێک که که‌له‌به‌ری سازبوو له رێگه‌ی فانتازیا و سیاسه‌ت سرینه‌وه که وه‌کوو له‌مپه‌رێک له نێوان ره‌وتی دابڕاو و ئه‌مری واقیع دا هه‌یه لانه‌برێ، هه‌ر جۆره کرده‌وه‌یه‌ک بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی که‌له‌به‌ری نێوان به‌شی سه‌ره‌کی و فراکسیونی دابڕاو بێ ئاکام ده‌مێنێته‌وه و هیچ ده‌سکه‌وتێکی نابێت. {jcomments off}
سایتی پێشمەرگەکان بەرپرس نیە لە ناوەڕۆکی بابەت.