"an independent online kurdish website

ڕەنگە هەڵبژرادنی ئەم سەردێڕە بۆ زۆر کەس سەیر بێ و زۆر کەس پێی گران بێ کە سودانیەکان بەراورد بکرێن لە گەڵ  ئێرانیەکان، یان بۆ باسی تورك و عەرب ناکەم لە باسەکەمدا.dana_elyasi10

لە 9 جولای 2011 لە شاری جوبای باشوری سودان عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی سودان لە ئاهەنگی سەربەخۆی باشوری سودان کە لە وڵاتی سودان بڕیاری جیابوونەوەی دابوو بەشداری کرد و پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی خەڵکی باشووری سودان کرد و لە وتارەکەیدا وتی کە وڵاتەکەی یەکەمین وڵات دەبێت کە نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتە تازەیەدا بکاتەوە و دان بە سەربەخۆییدا دەنێت.

ئەم جیا بوونەوە دوای 27 ساڵ جەنگی نێوان باشووری زۆرینەی مەسیحی و باکووری زۆرینە موسڵمان هاتە ئاراوە ، 27 ساڵ جەنگ نەیتوانی بە زۆر باشووریەکان گرێ بدات و وایان لێبکات خۆیان بە هاووڵاتی وڵاتی سودان بزانن ، چونکە لە سەرەتای سەربەخۆی وڵاتی سودان لە ساڵی 1956 کە وڵاتێکی ژێر دەستی وڵاتی میسر و بەریتانیا بوو ، تا ڕۆژی سەربەخۆییان خەڵکی باشووری سودان لە هەموو جۆرە مافێکی هاووڵاتی بێبەش ببون وە خزمەت گوزارییە گشتیەکان لە ناوچەکەیاندا بە شێوەیەکی گشتی هەر نەبوو ، سەرەڕای ئەوەش بە هاووڵاتی پلە دوو دەهاتنە ئەژماردن.

لە سەرەتای ساڵی 1983 بەرەی ڕزگاری خوازی سودان بوونی خۆی راگەیاند  و لە ساڵی 1985 دەستی کرد بە شەڕی پارتیزانی دژی حکەمەتی ناوەندی ، لە ساڵی 2005 پەیمان نامەی نیفاشایان لە گەڵ حکەمەتی ناوەندیدا واژۆ کرد کە بە پێێ ئەو ڕێکەوتنە تا ساڵی 2011 رێگە خۆش بکرێ بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد بۆ ئەوەی خەڵکی باشووری سودان بڕیار لە سەر چارەنوسی خۆیان بدەن ، بە پەیوەست بوونی هەمیشەیی وەك هەرێمێکی فیدراڵ لە گەڵ وڵاتی سودان یان  سەربەخۆیی ، ئەوە بوو لە 9 جانیوەری 2011 لە ڕێفراندۆمێکی گشتیدا خەڵکی باشوور بڕیاری سەربەخۆییان دا و حکومەتی ناوەندی ملکەچی ئەم بڕیارە بوو وە دانی بەو سەبەخۆییەدا نا.

بۆیە ئەم کورتە مێژوویییەم لەسەر ئەم کێشە باس کرد ، بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەربێ بۆ هەموو باسە کە .

لە وەتەی لە ساڵی 1514 خاکی کوردستان لە نێوان دو ئیمپراتۆری عوسمانی سەفەویدا دابەش بووە تا ئێستا میللەتی کورد هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە خۆی لە ژێر ئەم چارەنووسە ڕەشە بێنێتە دەر و سەربەخۆی خۆی ڕابگەیەنێ ، لێرەدا من نامەێ بچمە سەر باسی هۆکاری سەرنەکەوتنی گەلی کورد لەم بوارەدا تا ئێستا ، بەڵام باسی ئەو خۆ بە زل زانیەی ئێرانیەکان   ( فارسەکان ) دەکەم کە لە هەموو دەورەو زەمانێکدا کوردیان بە جودایی خواز زانیوە و کەمترین مافیان بۆ قایل نەبووە .

ئەگەر لە هەر ئێرانیەك بپرسیت ” بۆچونی تۆ لە سەر سودانییەك چیە ئایا دەکرێ لە گەڵ ئێرانییەك بەراوردی بکەیت ؟  وڵامەکەی یەکسەر بێ شك ئەوە دەبێ ، کوفرە سودانیەك لە لە گەڵ ئێرانییەك بەراورد بکەی ، سودانیەکان هیچ نازانن و گۆشتی سوسمار دەخۆن ، ئێرانیەکان خاوەنی شارستانی کۆنن و مەنشوری جیهانی حقوقی بەشریان داناوە و هتد ….

بەڵام ئەو سودانییەی کە لە چاوی ئێرانییەك هیچ نازانێ و گۆشتی سوسمار دەخوات و پێی پەتیە و  پێشینەی شارستانی نیە ، توانی بگاتە ئەو ئامانجەی کە بە شەڕ هیچ کێشەیەك چارە ناکرێ و یەکپارچەیی تەواوی خاكی وڵات بە خوێنی میللەتێکی دی ناپارێزرێ ، وە میللەتی باشووری سودان مافی خۆیانە بەو شێوەیەی کە ئەیانەوێ بژین.

هەرچەند چەندین هۆکاری دەرەکی هەبوون بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەی نێوان باشوور و باکوری سودان بگاتە ئەو ئاکامە ، کە دۆزینەوەی نەوت گەورەترین خاڵی سەرەکی جیابوونەوەی باشوور بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا پاڵپشتیان بێ بەرەو سەربەخۆی.

لەم ڕۆژانەدا پەیتا پەیتا گرتەی ڤیدیۆی کاناڵە فارسیەکان بڵاو دەبێتەوە کە چۆن گاڵتە بە مافی چارەنووسی میللەتی کورد دەکەن بە جیایخوازی ناو دەبەن ، بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران ئامادەن لە گەڵ شەیتاندا هاوکاری بکەن وە چەقۆی ژەنگاوی بە غەدر ئاودراوی چەندین سەدەیان بۆ ئەم مەرامە گڵاوە تیژ دەکەنەوە ، وەك ئەوەی وابێ مافی بوون و فەرمانڕەوایی هەر بۆ ئەوان هاتبێتە خوارەوە ، لە هەموو بۆنەیەکدا دانی پیسیان لە گۆشتی میللەتی کورد دەرناهێنن.

ئێرانیەکان بە خۆیان دەڵێن با فەرهەنگترین میللەتانی سەر گۆی زەوی ، کە گوایا ئەوان خاوەنی کۆنترین شارستانی مێژوویین ، ئەگەر وابێ  کە ئەوەی ئەوان دەیڵێن ، ئەی ئەم هەموو مێژووە لە خوێن ڕشتن و کوشت و کوشتار و سڕینەوەی ناسنامەی گەلان و بێڕێزی کردن بە هەموو بەها مرۆیەکانیان چ ناو لێدەنێن ، ئەگەر وەك خۆیان دەیڵێن کە ئەوان خاوەنی یەکەمین نوسراوەی مافی مرۆڤن ، چۆن دەبێ هەر لە سەرەتاوە ئەوەی  ئەوان پێشێلیان کردوە مافی مرۆڤ بێ .

ئەوان کورد بە جیایخواز ناودەبەن ، پرسیار ئەوەی جیابوونەوە لە چی ؟

ئەگەر هەر نەتەوەیەك بۆ بە دەستهێنانی ئازادی خۆی بە جیایخواز ناوببرێ و شایانی کوشت و کوشتار بن ، ئەوە فارسەکان دەبێ لە خۆیانە وە دەست پێبکەن . چونکە لە سەرەتای هاتنی فارسەکان لە دارستانەکانی هیندستانەوە بەرەو وڵاتی ماد  لە ساڵی 500 بەر لە زاین و نیشتەجێبوونیان لەوناوچانە و دوای پیلانگێڕی لە لایان کورشی جەلادەوە دژی مادەکان و لە نێو بردنی مادەکان ، ئەوان خۆیان جیاخواز بوون .

 فارسەکان یان زۆر کەس هەیە لە ئێمە کورد کە زۆر کاڵفامن هەمێشە ئەو ڕستەیەی ڕێبەی شەهیدمان د.قاسملوو ئەڵێنەوە کە فەرمویەتی ” ئێمە لە هەموو ئێرانییەك ئێرانی ترین . منیش ئەوە دەڵێم ، واتای ئەو ڕستەیە ئەوەیە” بەر لە وەی فارسەکان بونیان لەو خاکەی کە ئێستا بە ئێران ناسراوە هەبێ ، ئێمە هەبووین ، ئێمەی کورد خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو خاکەین  نەك قەومی فارس. چونکە ڕێبەری شەهیدمان بەردەوام دەبێ و دەڵێ ، کاتێك میللەتی کورد یەکی گرت ئەمە جیابوونەوە نیە لە هیچ وڵاتێك ، بەڵکو گەڕانەوەی میللەتێکە بۆ باوەشی یەك و وە سەر یەك خستنەوەی خاکەکەیەتی کە بەبێ ئارەزووی خۆی دابەشکراوە.

ئەگەر بە مێژووی خوێناوی میللەتی کورد لەو بەشەی کوردستان بڕوانی ، بۆت دەردەکەوێ کە فارسەکان چەندە دڕندەتر و نامرۆڤانەتر بوونە لە داگیرکەرانی کوردستان ، لە مێژووی خەباتی خوێناوینماندا ، هیچ کام لە ڕێبەرانی کورد نابینی لە مەیدانی شەردا شەهید کرابن ، هەموویان بە زمانی ژەهراوی فارسەکان لە بەین براون .

ئەوان هەمیشە لە واژەی ( مرزبانان غیور ) (ایرانیان اصیل ) و هتد.. کەڵك وەردەگرن وە بەداخەوە کەم نین لە ئێمەی کورد فریوی ئەو دەستەواژانە نەخۆین .

من پێم شەرم نیە کە بیڵێم ئێرانی نیم ، وە شانازی بەو واژە بۆگەنەوە ناکەم ، وە دەنگی من هەمیشە بەڵێ دەبێ بۆ سەربەخۆیی ، نەك بۆ ئێرانێکی فیدراڵ ،  

ئەگەر لە منداڵێکی فارس بپرسی چ منداڵێکی تەمەن 5 ساڵ بێت یان گەورە ساڵێك یان لاوێك. لە ئەویان کە خۆی بە دیموکراسی ترین و ئازادیخوازترین دادپەروەرترین مرۆڤی سەرگۆی زەوی دەزانێ بپرسیت ” ڕات چیە بەرانبەر خودگەردانیەکی بچووك ، من ناڵێم خودموختاری یان فیدراڵی یان مافی چارەی خۆنووسین . بێ هیچ دودڵیەك پێت دەڵێ ” ئەوە دەبێت هۆی پارچە پارچە بوونی ئێرانی کەبیر ، هێشتا لە نێو قەومی فارسدا کەسێکی وا هەڵنەکوتوە بڵێ ، کە میللەتەکانی تر مافی خۆیانە جودا ببنەوە .

فارسەکان ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە و باش دەزانن کە ئێرانی دوای کۆماری ئاخوندی هەمان جوگرافیای ئێستای نابێ ، وە میللەتانی کورد و تورك و عەرەب و بەلووچ جیا دەبنەوە ، وە ئەوەی کە بۆ ئەوان بەجێ بمێنی لەو چوارچێوە جوگرافیاییەی ئێستا تەنها بیابانەکانی کویر و لوت و چەندین شار دەبێ کە هیچ کانگایەکی ژێر زەوی تێدا نابێ ، وەك نەوت و غاز و گوگرد مس و زێر و ئاسن فۆسفاد و بەندەری دەریایی.

چونکە ئەو هەموو کانگایانە لەو ناوچانەن میللەتەکانی تری تێدا دەژی، وە ئێران هەمان چارەنووسی یوگۆسلاڤیای هەیە ، کە سربەکان بە دۆڕاو ترین گەلی ئەو کۆمارە دەرچوون ، کە ئەوەش هۆکاری کەلەرەقی و ڕەگەزپەرەستی خودی سربەکان بوو .

فارسەکان باش دەزانن کە ئەو زاراوەییەی ناویان لێناوە زمانی فارسی ، شتێکی دروستکراوە. چونکە ئەگەر وشە عەرەبی و کوردیەکان لە زاراەوکەیاندا بهێنیتە دەرێ دەبێتە زمانی لاڵەکان  ( زمانی ئەوانەی کە لەکوردیدا پێیان دەڵێن کەڕ و لاڵ )

بەڵێ لە چاوی منی کوردەوە سودانیەکان بە فەرهەنگترن لە ئێرانیەکان ، چونکە ئەوان توانیان مێزی وتووێژ دیاری بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانیان ، نەك لوت بەرزی و بێڕێزی و جینۆساید کردنی گەلانی تر.

بە هیوای سەربەخۆی کوردستان

فایەق ئەلیاسی – دانا

10-09-2012

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی