لە چەند رۆژی رابردوودا وتووێژێکی سەلاحەدین خەدیو لە ماڵپەڕی “روز آنلاین” بڵاو بوویەوە کە هەڵگری چەندین خاڵی جێگای تێ رامانە.
جێگای ئاماژە پێ دانە کە ئەو وتووێژە بە زمانی فارسی بڵاو بووەوە، بەڵام چونکە من بەربێژەکانم کوردن و بە گۆمانم سەلاحەدین خەدیویش توانای کوردی خوێندنەوەی هەبێ، وڵامەکەم بە زمانی کوردی دەنووسم.
لە پێشدا دەبێ ئەوە بڵم کە هیچ گۆمان لەوەدا نیە کە رێککەوتنی نێوان حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بێ کەم و کۆڕی نیە و لە بواری جۆراوجۆرەوە رەخنەی لە سەرە. بۆیە دەبێ گۆشار بخرێتە سەر رێبەرانی ئەو دوو پارتە بۆ ئەوەی کە ئەو رێککەوتننامەیە بەر بڵاوتر بێتەوە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە خۆ بگڕێ. بەڵام هاوکات بە ئاوڕ دانەوەیەک لە رابردووی ئەو حیزبانە، دەکرێ وەک دەستکەوتێک سەیری بکەین. کەوابوو هەموان دبێ بە وردبینییەوە رەخنەی لێ بگرن و ئەو دوو پارتەش رەخنەکان قبووڵ بکەن و بۆ چارەسەری کەم و کۆڕییەکان هەنگاوی پێویست هەڵێنن.
لەم نێوەدا هێندێک کەس بە بیانووی رەخنە لەو رێککەوتننامەیە چونەتە بەرەی شۆڤێنیزمی فارسەوە و خەریکی دووپات کردنەوە و جووینەوەی بیرو بۆچوونی فارسەکان دژی کورد بەگشتین و ئەو رێککەوتننامەیە بۆتە بیانوویەک بۆ دەربڕینی بیر و بۆچوونە چەوتەکانیان.
سەلاحەدین خەدیو کە لە ماڵپەری “روز آنلاین”دا وەکو شرۆڤەکاری سیاسی کورد ناساندوویانە، بە هەمان ئەدەبیاتی فارسەکان لە سەر کورد دەدوێ. سەیر ئەوەیە کە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ناسیونالیست بووندا کەس لە خۆیان تۆختر نابینن و ئەگەر کەسێ تەنانەت بە هەڵەش وشەی قەوم بخاتە تەنیشتی ناوی کوردەوە یان بڵێ کوردستانی ئێران یان کوردەکانی ئێران، دەماری لاملیان دەر دەپەڕی و ماڵپەڕەکان پڕ دەکەن لە وەڵام و بەرپەرچ دانەوەی ئەو کەسە و حەیای لە حەفتا وڵاتدا دەبەن. بەڵام لە بەرانبەر سەلاحەدین خەدیودا متەقیان پێوە نایە و تەنانەت ئەگەر کەسێکیش رەخنەی لێ بگرێ لە گەڵ ئەو فاشیستانەی وا بە بێ هیچ عەقڵ و مەنتقێک هێرش دەکەنە سەر کورد، دەیخەنە خانەیەکەوە و دەڵین رەخنە قبوڵ ناکا بە چاوێلکەی حیزبێیەوە بۆ هەموو دنیا دەروانێ! بێ ئاگا لەوەی کە ئەم باسانە باسی حیزبی نین، باسی نەتەوەیین و دبێ لە بەرامبەریاندا هەڵوێست بگیردرێ.
سەلاحەدین خەدیو لە وتەکانیدا پێ لە سەر بەستراوەیی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ی.ن.ک و پ.د.ک دادەگرێ و لە درێژەدا دەڵێ کە دروشمی فیدرالیزم و بەرەی کوردستانی دەقا و دەق لە پارتەکانی باشووری کوردستان گیراوە. بەڵام بەڕێزیان تەنیا یەک بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئاخاوتنەکانی ناهێنێتەوە و تەنیا بە “احتمال دارد” و “شاید” و “بعید است” دەیەوێ راستی شرۆڤەکەی بسەلمێنێ.
جەنابی کە پێ دەڵن شرۆڤەکاری سیاسی، زانیاری لە سەر مێژووی سێ دەیە پێشیش نیە کە دۆکتور قاسملو لە سەرەتای هاتنە سەرکاری رژیمی کۆماری ئیسلامی لە دووتۆی نامەیەکدا بۆ رێبەرانی ئێران سیستمی فێدرلیزمی بە گۆنجاوترین رێکار بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئێران پێشنیار کرد یان هەر لەو کاتەدا حیزبە کوردییەکان لە قەوارەی بەرەیکدا لە گەڵ رژیم وتووێژیان دەکرد هەرچەندەش ناوی بەرەی لە سەر نەبوو بەڵام ناوەرۆکەکەی بەرە بوو. لەوانەیە کە جەنابیان ئیشی بە سەر ناوەرۆکەوە نەبێ، تەنیا ناوی بۆ گرینگ بێ! بۆیە دەڵێ لە پارتەکانی باشوور کۆپییان کردووە.
پێموایە دۆکتور خەدیو ئەوەندە سەرقاڵی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی سەردار قاڵیباف و حەجاریان و مەنسوور حیکمەت و سروش بێ کە کاتی بۆ خوێندنەوەی مێژووی کورد نەبێ! کەسێک کە چوارچێوەی بیری لە سەر کتێب و نووسراوەکانی ئەو دژە کوردانە دامەزرابێ و بە هێنانەوەی تانە و تەشەرەکانی ئەوان دژی کورد، خریکی کوتانی کورد بێ، ئاساییە کە ئاخاوتن و بیر و بۆچونەکانی ئەوان لە سەر کورد بجوێتەوە و لەوان خراپتر مەسەلەی کورد شرۆڤە بکات.
کاتێک کە بە بێ دوو دڵییەوە دەڵێ لە ساڵی ٢٠٠٠ نە حیزبی ئەکتیڤ نە هێزێکی دەرەکی هەبوو کە پاڵپشتیان بێ (مەبەست هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتە)، بە تەواوی مرۆڤ دێتە سەر ئەو باوەڕە کە جەنابی خەدیو دەرسەکانی ئەو چوار کەسەی چاک لە بەر کردووە، چونکە ئەوە ئەدەبیاتی ئەوان بوو کە بە حیزبە کوردییەکان دەیانگۆت “ایادی استکبار جهانی” و “گروهکهای وابستە بە آمریکا” واتە دروشمی فیدرالیزم و ئەم رێککەوتنامەیە لە پشتیبانی هێزە دەرەکییەکان سەرچاوە دەگرێ! ئەگینا ئەو دوو حیزبە بەم دەرئەنجامە نەدەگەیشتن.
شرۆڤەیەک کە بە تەواوی لە بیرو بۆچوونی ئەو چوار کەسەی وا ناوی هێناون و هەروەها لە بە ناو ئۆپۆزێسیونەکانی فارس وەرگیراوە! ئەگەر چاوێک لە راگەیەندراوی لایەنە فارسەکان لە چەند رۆژی رابردوودا و سەردار قالیبافەکان و سرووشەکان بگێڕین ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەم قسەیەی جەنابی خەدیو دەقاو دەق لەو بەیاننامە و روونکردنەوانە لایەنە فارسەکان وەر گیراوە.
ئەم بەستراوەیی فیکرییەی بەڕێز خەدیو کاتێ بە روونی دەر دەکەوێ کە بۆ شرۆڤەی داخوازی خەڵکی کوردستان پەنا دەباتە بەر روانگەی کەسێک وەکو حەجاریان کە یەکێک لە تێئۆرێسییەنەکانی کۆماری ئیسلامییە! و دەڵێ مەسەلەی کورد سیاسی نیە و ئابوورییە، واتە مەسەلەی کورد بە دوو گۆنی کەنم و گۆنییەک برینج چارەسەر دەبێ! ئەم بیرۆکەیەی جەنابی خەدیو گەڵاڵەی “محرومیت زدایی” رژیمم دەخاتەوە بیر کە پێی وابوو کورد لە برسییەتیدا پەنای بۆ چەک بردووە و بە دابەش کردنی چەند گۆنی برینج و چەند کیلو رۆن، کورد واز لە خەباتی نەتەوەیی دێنێ و شۆڕشی کورد فەشەل پێ دێی! لێرەدایە کە مرۆڤ بەزەیی بە کورددا دێتەوە کە بۆ دەبێ کەسێکی ئاوەها ببێتە رووناکبیر و دەمڕاستی و دەستەیەکی دیکە کە خۆیان ناوی رووناکبیریان لە سەر خۆیان داناوە، چەپڵەی بۆ لێدەن و وەک رەخنەگر بە سەر کورددا بیسەپێنن؟
ماڵی فارسەکان ئاوەدان، لانی کەم فارسەکان لە سەر چالاکی فەرهەنگی و تا بڕێکیش مافی شارۆمەندی کێشەیان نیە! کێشەی ئەوان لەوەدایە کە کورد بڵێ ئەز نەتەوەم و مافی نەتەوەییم دەوێ. بۆیە وەک بەڕێز خەدیو گۆتەنی دبێ بڵی قەومم! با دۆکتور گۆتەنی “گفتمان”مان لە نێو چینی مام ناوەندی شارەکاندا کڕیاری هەبێ و وەک حیزبەکان بایکۆتمان نەکەن! ئەمەیە عەقڵیەتی رووناکبیری نەتەوەی کورد؟!
لەو هەموو فەیلەسووفە ناودارانەی جیهان دەبێ سەردار قاڵیباف و سەردار حەجاریان ببنە سەرچاوەی فیکری بۆێ؟ ئەگەر حەجاریان دەڵێ کێشەی خەڵک کێشەی هەژاری و برسییەتییە، مەبەستی فارسەکانە و راستیش دەکا، خۆ فارس وەک کورد نە زمانی، نە فەرهەنگی، نە ژینگەی… لە مەترسیدا نین، بەڵام کورد جیا لە مەسەلەی ئابووری، کێشەی سیاسی و فەرهەنگی قووڵی هەیە کە چارەسەر کردنیان لە کێشە ئابوورییەکە کەمتر نیە؟ بە دڵنیاییەوە تا کێشەی سیاسی کورد چارەسەر نەکرێ کێشەی ئابووری و فەهەنگیشی چارەسەر ناکرێ. چونکە ئەو بایکۆتە ئابوورییە بەدرێژایی کێشەی سیاسی خراوەتە سەر کورد و چارەسەرییەکەی بەستراوەتەوە بە چارەسەری سیاسی مەسەلەی کوردەوە.
کاتێک کە بەڕێز خەدیو دەڵێ یەکێک لە هۆیەکانی تێکچونی ئۆپۆزێسیونی ئێرانی لەم رێککەوتننامەیە، ئەوە بوو کە رووی ئەم رێککەوتننامەیە زیاتر لە بەربێژە کوردستانییەکان بە تایبەتی حیزبە رکەبەرەکانیان بوو نە باسی دیکە! مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەبێ! من پێم وانیە کە جەنابی خەدیو ئاگاداری هەڵوێستی دژبەران لە کۆمۆنیست و سەڵتەنەتخواز و ئیسلامی و میلی-مەزهەبی بێ ئاگا بێ، چونکە لە نێو باسەکەیدا چەندین جار بە هەڵوێستی ئەو لایەنانە و دژکردەوەی کوردەکان ئاماژە دەکا، ئیدی نازانم بۆ بەو شێوەیە پاکانە بۆ شۆڤێنیزمی زاڵ دەکا.
هەموان دەزانن کە لەو ماوەیەدا نووسەران، کەسایەتییەکان،رووناکبیران و حیزبە فارسەکان لە سەر چەندین خاڵ بە شێوەیەکی هاوبەش ساق ببوونەوە و هێرشیان دەکرد، لەوانە دەتوانم بە مافی دیاری کردنی چارەی خۆ نووسین، فێدرالیزم، نەتەوە، جووڵانەوەی رزگاریدەر، سەربەخۆیی… ئاماژە بکەم. واتە فارسەکان ئەوانە بۆ کورد بە رەوا نابینن و کورد وەک قەوم و عەشیرە… دەناسن. کێشەی سەرەکی ئەوان مافی دیاری کردنی چارەی خۆنووسین بوو نەک ئەوەی وا جەنابی خەدیو دەڵێ! ئاخۆ بۆ دەبێ رووناکبیرێکی کورد ئەوەندە لاواز بێ و خۆ بە کەم زان، کە پشت لە داخوازی نەتەوەیی نەتەوەکەی بکاو بیر و بۆچونی شۆڤێنیستەکان لە سەر کورد پاساو بداتەوە و درۆیشیان بۆ بکا؟!
سەلاحەدین خەدیو لە درێژەدا باسی دووانەی کورد-عەجەم دەکا و دەڵێ کورد هەر دەم لە گەڵ تورک بە هۆی دراوسێیەتی لە ئۆستانی ورمێدا نێوان ئاڵۆزی هەبووە و فارسەکان لەم نێوەدا “هیچ کار”ەن! لە پێشدا دەبێ بڵم ئەم بیر و بۆچوونە خۆی جێگای تێ رامانە، چونکە شۆڤێنیزمی فارس هەردەم دەیەوێ گرژێ بخاتە نێوان نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران و خۆی بە سەریاندا زاڵ بێ. بۆیە جێگای خۆیەتی بپرسم کە ئەم هێڵە سیاسییەی کە دەیەوێ گرژی بخاتە نێوان ئازەری و کورد و دەستی شۆڤێنیزمی فارس بۆ تواندنەوە هەر دووکیان ئاوەڵا بکا لە کوێوە دێ و جەنابی خەدیو پرۆپاگەندەی بۆ دەکا؟
پاشان لە بەر ئەوەی کە زمان و فەرهەنگ و سیاسەتی فارس بە سەر ئێراندا زاڵە و دەیەوەێ هەموان لە نێو خۆیدا ئاسێمیلە بکا و یەک نەتەوە و یەک وڵات چێ بکا، شۆڤێنیزمی فارس کێشەی هاوبەشی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە و ناتوانی بڵی چ پێوەندییەکی بە فارسەوە هەیە و دووانەی کورد-فارس هەڵەیە و کورد-تورک راستە! لە فارس گەڕێ و کێشەی ئێمە لە گەڵ ئازەرییە چونکە لە ئۆستانی ورمێدا سنووری هاوبەشمان لە گەڵیان هەیە! و تێکەڵاوین.
جەنابی خەدیو لە کۆتاییدا بە تەواوی هێڵی فیکری خۆی دەردەخات کە بە توندی لایەنگری رێفورمخوازای حکومەتییە، رێفۆرمخوازییەک کە سەری لە تاران پان کراوەتەوە، بەڵام لە کوردستان کلکی هێشتا هەڵدەفڕێ و پێی وایە کە هێشتا زیندووە! داخوازییەکی لە مێژینەی رژیم و ئۆپۆزسیون دێنێتە گۆڕێ و ئەویش چەک کردنی هێزە کوردییەکانە و بە قسەیەکی بێ ناوەرۆکی شۆڤێنیستێک وەک مەنسووری حیکمەت کە تا سەر ئێسقان دژی کورد بوو، گاڵتە بە پێشمەرگە دەکاو دەڵێ ئەم چەند پێشمەرگەیە بە کەڵکی چەک کردنی یەکەمەین پرسگەی دێهاتی سەر سنووریش نایەن!
بێ ناوەرۆکی ئاخاوتنەکانی جەنابی خەدیو لێرەدا دەر دەکەوێ. خۆ ئەگەر بە قەولی حیکمەت-خەدیو تەنیا ئەو چەند پێشمەرگە ببایان، راست بوو بەرگەی هێزی پڕچەکی رژیمیان نەدەگرت و لە رۆژێکدا هەموویان دەکۆژران. بەڵام بەو حاڵە بۆچی کۆماری ئیسلامی و دەست وپێوەندەکانی و ئۆپۆزێسیونەکەشی لە بەر پێشمەرگە توقیون؟ خۆ تەنیا چەند کەسن! لە هەموان سەیرتر ئەوەیە کە جەنابی هێزی پێشمەرگەی باشووری بە میلیشیا ناو دەبات! هەر وەک فرووزەندە کە بە پێشمەرگە دەیگۆت “تفنگچی”.
شرۆڤیەکی زۆر لاوازە کە ئاساری بە سەر پاسارەوە نیە! ئەگەر ترسێک هەیە کە هەیە تەنیا لەو چەند کەسە نیە، بەڵکو لە فکریەتێکە کە ئەو چەند کەسە نوێنەرایەتیی دەکەن و لە کاتی پێویستدا دەبنە دەریایەک و بە گژی دۆژمندا دەچنەوە هەر وەک رابردوو. ئەگەر جەنابی خەدیو پێشنیاری پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتووی نیزامی بۆ کوردی رۆژهەڵات بدایا، ئەوە هەموو مرۆڤێکی تێگەیشتوو پشتیوانی دەکرد، بەڵام چەک کردنی کورد بە هیچ کلوجێک لە خزمەتی کورددا نیە و لە خزمەتی رژیمە و دووپات کردنەوەی داخوازی رێبەرانی رژیمە لە زاری کوردێکەوە!
شۆڤێنیزمی فارس سەلماندوویەتی کە هەر کات هێزی لە بەردەستدا بێ، گوێ بە هیچ یاسا و رێسایەک نادات و هەموویان پێشێل دەکا. هیچ هیوایەک بە گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگەی فارسدا نیە، چونکە هەموو لایەنەکانیان پاراستنی یەکپارچەیی وڵات بۆیان ئایەتی قورئانە. پارت و رێکخراوە فارسەکان لە لایەک و رووناکبیران، نووسەران و کەسایەتییە فارسەکان هەموویان لە سەر ئەو ئایەتە کۆکن و بەرگری لێ دەکەن و بە توندی خەریکی تەیار کردنی زەینی کۆمەڵگەی خۆیان دژی مافی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانن، کە لەو بوارەشدا سەرکەوتنی تەواویان دەستەبەر کردووە بە دەر کردنی فتوایەک دیسان خوێنی کورد حەڵاڵ دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر هێزە نیزامییەکانی ئێران بەو هێزەوە بمێننەوە و کورد چەکی بە دەست نەبێ، هەزاران رێکخراوی مەدەنی لە کوردستان هەبێ هەر هەمووی سەرکوت دەکەن. نموونەی ئەو هەڵوێستانەمان لە چەند رۆژی رابردوو دیت، کە بۆ سەرکوتی کورد ئامادە بوون دەستی خامنەیی ماچ بکەن. وەرگرتنی مافی نەتەوی کورد لە رێگای رێکخراوی مەدەنییەوە خەیاڵی خاوی کەسانێکە کە هیچ پێناسەیەکیان لە سەر شۆڤێنیزمی ئێران کە بە هەموو رەنگێک (سەڵتەنەت خواز، کۆمۆنیست، ئیسلامی، دیمۆکراسی خواز و…) دەر دێ نیە.
{jcomments off}