"an independent online kurdish website

لە دوورەوە ژنێک بەرەو ڕووم دەهات، کەمێک دیوناس دەهاتە بەرچاو کە زیاتر لێم نزیک بووە، ئەوجار ناسیمەوەو زانیم ئەو خاتوونە کێیە.siamand-shexaxayiy_0

خاتوونەکە گەیشتە نزیک، منیش چەند هەنگاو بەرەوپیری چووم سڵاوم لێکرد. ئەویش بەدەم رێزو ئیحترامەوە ڕاوەستاو چاکوخۆشی لەگەڵ کردم. ئەوەی لەم کاتەدا بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو، ئەم خاتوونە لەو ماوەی ئەو یەک دوو ساڵەی نەمدیبوو ڕووخساری تەواو گوڕابوو، باڵای بەرزی کەمێک لە کورتی دابوو! لێوبەبار، ڕوومەت چرچ، دەوران پشتی چاوی تۆزقاڵێک هەڵپزاو بوو. لە دڵی خۆمدا گوتم:

لە وڵاتێکی ئوروپایی وەک ئێرە کە ئازادی بەتەواویی حاکم و مافی ژن بەشێوەیەکی تایبەت، ئەویش خسوسەن بۆ ژنی پەنابەر پارێزراوە،” بۆ دەبێ تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ئاوا بێ بەزەیانە گوشاریان خستبێتە سەر جەستەی ئەم ئافرەتە!؟”

بەڕاستی بەدیتنی سیمای تێکشکاوی خاتوو ‘نازدار’ لە سۆیان دەروونم کەوتە ژان. هەربۆیە داوام لێکرد، ئەگەر بۆی کرا لە دەرفەتێکدا بۆ سەردان تەشریف بێنتە ماڵی ئێمە و بەڵکوو لەم دوورە وڵاتە بتوانین بەهۆی هامووشۆو نزیک بوونەوە لە یەک زیاتر لە حاڵ و گوزەرانی یەکتر ئاگادار بین.

ئەویش پێشنیارەکەی منی بەلاوە پەسەند بوو، بەڵام پێی خۆش بوو لەپێشدا من و خێزانم  بچینە سەردانی جاپاشان.

چوومەوە ماڵ پاش پرسوڕا لەگەڵ خێزانم رۆژی یەکشەمبەمان بۆ سەردان هەڵبژارد.

رۆژی سەردانەکە، پاش کەمێک دانیشتن، قسەو چایی خواردنەوە، من و خێزانم داوامان لێکرد بۆمان باس بکا بزانین چ کۆسپ و تەگەرەیەک بۆتە هۆ کە ئاوا بێ بەزەیانە ژیان و ژیاری بشێوێنی.

خاتوو نازدار پێش ئەوەی وڵامی پرسیارەکەی ئێمە بداتەوە، بۆ چرکە ساتێک گریا، پاش ئەوەی کەمێک کڵوکۆی دەروونی دامرکایەوە وەک خوشکێک بەمتمانەوە ژیانی خۆی هەر لە سەردەمی جوانی یەوە، تاکوو ئەم ساتەوەختەی لەلای دانیشتبووین، بەبێ پەرژین دەست پێکرد. گوتی:

_ تاکە کیژی دایک و بابم بووم، لەنێو باوەشی خۆشەویستی بنەماڵەو بەپشت ئەستووری چەند کەڵەبرا پەروەردە بووم. تازە خۆم ناسیبوو، گەیشتبوومە تەمەنی مێردکردن. لەگەڵ کوڕە جحێڵەی جیرانمان کە چەند ساڵ لە من بەتەمەن تر بوو، ژیانی هاوبەشیمان پێکهێنا.

لەگەڵ ‘باپیر’ی هاوسەرم لەبەرچاوی یەک گەورە ببووین. بەڵام دەبێ ئەوە بڵێم، پێش شووکردنەکە یەکلایەنە باپیرم زۆر خۆشدەویست! ئەویش چ خۆشەویستێک کە بەرزترو مەزنتر لە چیاکانی کوردستان بوو. ئەوەی ڕاست بێ من هیچ ئاگام لە دڵی باپیری نەبوو، هەروەک گوتم، تەنیا من بووم، لە دەروونی خۆمدا بۆ ئەو دەسووتام و دەبرژام!…

ڕێگای هاتووچۆیی رۆژانەی باپیر بەبەر ماڵی ئێمەدا بوو. منیش دەچووم لە سووچێک خۆم دەگرت و تەنیا تەماشای بەژن و باڵای باپیرم دەکرد.

باپیر هەتا دەست هەڵێنی باڵابەرز، چوارشانە، ڕووخساری سوورو سپی بوو، سمێڵ سوورو قەیتانی و پاکوخاوێن بوو. بەداییم کەواو پانتۆڵی سوورمەیی دەبەر دەکرد. کەمێکیش پێچ و کڵاوەکەی لار دادەنا! تەواویی ئەو ماوەیە کە لەماڵ وەدەردەکەوت، تاکوو ئەوکاتەی دەگەڕایەوە ماڵ، تەنیا دڵم بەوە خۆش بوو، بۆ جارێکی دیکە بەپێش ماڵی ئێمەدا بگەڕێتەوەو چاوم بەقەڵافەتی مێرانەی بکەوێتەوە! نازانن چەندەم حەز لێ دەکردو چەندەم خۆش دەویست! باپیرو بیرو هۆشی لێ ئەستاند بووم! خۆشەویستێک کە بێجگە لە خۆ توواندنەوە چی دیکەی بۆ من بەدواوە نەبوو!

منی کیژوڵەو کچانی لەگوێن من مافی ئەوەمان نەبوو وەک مرۆڤێک بەئاشکرا هەستی ئەویندارانەی خۆمان سەبارەت بە کوڕی خۆشەویستمان دەربڕین. بۆخۆتان ئاگادارن لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا، دڵداری تاوانە! نەمازە ئەویش بۆ ژن! لەبەر ئەوەی کچ بووم، بۆم نەبوو پەردەی شەرم لادەم و وەکوو کوڕێک هەنگاو بنێمە پێش، هەستی پاکی خۆم لەلای کوڕە قەندیلەکەم دەربڕم! سابۆیە لەنێو خەزێنەی نەهێنی یەکانی ناخمدا باپیر دەهات وەک موومێک هێدی هێدی ژیانمی بەرەو سووتان و تواندنەوە دەبرد.

ئێوارەیەک کە هێشتا خور ئاوا نەببوو، وەک رۆژانی ڕابردوو، لە چاوەڕوانی دیتنی باپیر دا پاڵم بەلاشیپانەی دەرگای مدبەقێ یەوە دابوو. باپیر لە شار دەگەڕاوە. لەپڕێک ڕوو بەمن ڕاوەستاو سڵاوی کرد.

ئاخ!… چ کاتێکی خۆش و چاوەڕوان نەکراو بوو.  ئەو ڕاوەستان و سڵاوە کتوپڕە بەجارێک ژیانمی ژێرو ڕوو کرد، بەشێوازێک تەواویی ئەو خەم و ناهومێدییەی لەسەر دڵم کەڵەک ببوونەوە، هەمووی بەجارێک لەبیر بردمەوە. ئەوسا بەخێرایی بروسکەیەک چاوێکی سێحراوی لێ کردم و کەمێک بەدەنگی بەرزەوە گوتی:

_ ‘نازدار’ ئاویی ساردتان هەیە؟ توونیمە ئەگەر دەکرێ جامێک ئاویی ساردم بۆ بێنە! لەم کاتەدا لە خۆشیان وەختابوو، شاگەشکە بم! بەدەست و پێ تێکهاڵاوی ڕامکردە ژوور، لەبەر سەرلێشێواییان گۆزەی ئاو لەبەر دەمم بوو، نەمدەدیت! پاش کەمێگ بە دەوری خۆدا سووڕانەوە، لەسەر بەری دەست بەپەلە جامێک ئاویی ساردم بۆ برد. ئەویش دەستی درێژ کردو پشتی دەستم کەوتە نێو پەنجەی، گەرمایی قامکانی بەسەراپای ئەندامم داگەڕا. لەم کاتەدا حەزم دەکرد ئەم گەرماییەی دەستی بۆ هاتاهەتایە نەبڕێتەوەو بەردەوام بەنێو خوێنی شادەمەرەکانمدا بگەڕێ. ئاگا لەخۆبڕاوانە و مەست و شەیدا چاوم لە چاوی بڕیبوو کە وەئاگا هاتمەوە، هەستم کرد سۆزی بەتینی ئەوینەکەم ئەوەندە ئاگراوی بووە، زۆر بەخێرایی تیری ئەوین ئامانجی پێکاوە!

باپیر ئاوەکەی لە دەست وەرگرتم، لەسەرەخۆ خواردییەوە، پاشان نیگایەکی ئاشقانە بەخێرایی تیشکی هەتاو لێکردم و ئیدی ڕانەوەستا بەدەم ماڵئاوایی بەرەو ماڵ بووە.

پاش رۆیشتنی باپیر بۆ تاوێک لەجی تاسام و بەمەلولی ڕاوەستام. نەمزانی ئەم پریشانی یەکدابەدوویە لەخۆشیان بوو یان دڵەڕاوکێ لە بێ ئاکامی پاشە رۆژی ئەوین بوو…

 لەنەکاو وەخۆ هاتمەوەو بەخێرایی بەرەو دوا گەڕامەوەو خۆم دەژورێ هاویشت، لە سووچێک دانیشتم و خۆم گرمۆڵەکردو چۆک بەسنگەوە هۆن هۆن فرمێسکم هەڵوەراند.

پاش تاوێک دایکم هات بەهێوڕی لە تەنیشتم دانیشت، سووک دەستێکی پڕ محەبەتی دایکانەی بەسەرم داهێنا، بەدەم قوربان و خۆ دەسەر گێڕانەوە گوتی:

_ کچم چ بووە؟ بۆچی وا لەخۆڕا دەگری؟

بەتوڕەیی ولامم دایەوە: لێم گەرێ، نازانم!

دایکم پێکەنی و گوتی:

_ بەڵام من دەزانم بۆچی دەگری! چونکە لە دوورەوە چاوم لە هەڵسووکەتی تۆو باپیری بوو. راوەستانی ئێوە بەجووتە هەموو شتێکی بۆ دەرخستم. کچم چارەنووسی ئەوینداران لە دەست خودا دایە! بۆ تۆی کیژۆلە جوانییە ئاوا ئاگالەخۆبڕاوانەو بەقوڕ پێوان عالەمی خودای لەخۆت تێ بگەیەنی! لەلایەکی دیکەوە تۆ خاوەنی باوک و چەند براو ئێڵێک خزم و کەسی؟ لە تۆ ناوەشێتەوە لە پیش چاوی دۆست و دوژمن خۆت سووک و بێ بایەخ نیشان بدەی!

بەقسەکانی دایکم کەمێک سووکناییم هاتێ. بەڵام هێندەی نەخایاند بۆم دەرکەوت داوای ئاوکردنەکەی باپیر بیانوو بووە. رۆژێک بەڕاشکاوی هاتە لام ڕاست و ڕەوان هەستی ئەویندارانەی خۆی سەبارەت بەمن دەربڕی و ئیدی لەو رۆژە بەولاوە بڕیارماندا بۆ یەک بژین و لەگەڵ یەک بمرین!

ئێوارەیەک، قەت ئەو ئێوارە پیرۆزە لەبیر ناکەم! دایکم هاتە بن گوێم و بە سەبرایەک گوتی:

“_ ئیمشەو میوانمان دێ! قەرارە ماڵی بابی باپیر لەگەڵ کەیخوداو ردێن سپییەکانی ئاوایی بۆ خوازبێنی بێنە ماڵی ئێمە.” بە پێی ئەم خەبەرە بۆم دەرکەوت باپیر ویستبووییە خافڵگیرم بکا! چونکە پێشتر لێم نەبیستبوو وا کتوپڕ بنێرێتە سەرم. دەکرێ بڵێم ئەم هەواڵە خۆشترین و بەنرخترین دیاری بوو، لەلایەن دایکمەوە وەرم دەگرت! پاش بیستنی ئەم هەواڵە لەخۆشیان تەواویی جەستەم شادێکی لەبڕان نەهاتوو دایگرت و هەموو ئەو داهێزان و دژدوێنیەی رۆژانی پێشوو بەجارێک لە سەر جەستەم باریان کرد.

شەوی خوازبێنیەکە جمووجۆڵێکی چاوەروان نەکراو دەنێو ماڵەکەمان کەوتبوو. بۆ شامێ مەنجەڵی گەورە لەسەر ئاورگ داندرابوو. باوکم کاوڕێکی کوشتبووە. دایکم و براژنەکانم لەحاڵێکدا قۆڵچاغیان هەڵکێشابوو، بەرهەڵبێنەیان لەخۆ شەتەک دابوو، گورجوگۆڵانە خەریکی کابانەتێ بوون!

بوولێڵ بوو. دەستەی گەورەپیاوانی دێ بۆ خوازبێنی لەماڵی ئێمە وەژوور کەوتن. کۆڕی کەیخودایان گەرم بوو. هەموولایەک بەدەم پێکەنینەوە قسەی خۆشیان دەگێڕایەوەو گاڵتەو فڕو لاتاوی باوکم و بابی زاوا ‘مام حەمەد’، وەک هەموو رۆژانی ڕابردوویان سنووری بەزاندبوو! بەڵام من هەر لەخۆڕا ترسێکی شاراوە دایگرتبووم! پەلەم بوو زوو شام بخورێ و ڕێوڕەسمی خوازبێنی دەست پێ بکاو ئیدی ئەم دڵەڕاوکێ یەم سوکنایی پێ بێ!

نانخواردن تەواو بوو، بەڵام گاڵتەو فڕو لاتاوی بەشداربووانی مەجلیسەکە نەبڕایەوە. من لەوکاتەدا لە پشتەوە لە شوێنێکی کەمێک نەدیوو دانیشتبووم، بێ ئارام گوێم لە قسەی پیاوان ڕاگرتبوو… کچۆڵە بووم چم کردبایە؟ پەلەم بوو وەک هەر ئادەمیزادێک زوو پێ بنێمە ماڵی ئاوات…!؟

لەپڕ مەلای ئاوایی هاتە نێو قسان کۆتایی بەغەڵبەغەڵبەکە هێنا! مەلا لەپێشدا بەهێندێک پەندی پێشینیان ڕێگای قسانی بۆلای مەبەست خۆش کرد. ئەوسا ڕوو بەباوکم گوتی:

“_ ‘کاک سڵەمان’! وەک ئاگاداری ئیمشەو ئێمە بۆخازبێنی نازدارێ هاتووینە لات کە باپیری کوڕی مام حەمەدی هاوڕێی دێرینەی خۆت بە نۆکەریی قبووڵ بکەی!”

بەدوای پێشنیارەکەی مامۆستادا پشوویەکم هاتەوەبەر. باوکیشم هەستا سەرچۆکان پاش کەمێک دەست بەدەم چاو داهێنان و بیر کردنەوەیەکی کورت خایەن ڕوو بەمەلا گوتی:

_ مامۆستا ئێمە خەڵکی ئەم دێیە لەجانی بنی جانەوە پێکەوە ژیاوین! چ کەسێک لە باپیر شیاوتر بۆ نازدار! کچ و کور هی خۆمن و باشترە پاش پرس بەکچەکە، ئەگەر ڕازی بوو، منیش لەسەر دڵی نازدارم و دوایەش کچ پێشکەش بەباپیرە! لەم کاتەدا گەرمایەکی بەهێز بەتەواویی ئەنداممدا گەڕا. ئۆخەژن نێو قووڵایی دڵمی داپۆشی. ئەگەر شەرم نەبووایە هەڕام دەکردە نێو مەجلیسەکەو لەپێش چاوی هەمووان دەمم بەڕوومەتی باوکمەوە دەناو تێرتێر ماچم دەکرد.

پاش پرسوڕا گۆرینەوەو قسەو بەڵێن لەگەڵ من، ئەوسا باس هاتە سەر مارەیی. باوکان بەم ئاگامە گەیشتبوون، لە ناوچەدا، داب و نەریت بۆ کچ بەشوودان چییە، ئاواش بۆ من بکەن! دایکم لەم کاتەدا باوکمی بانگ کردە دەرو شتێکی بەگوێدا چپاند. بابم خێرا گەڕاوەو گوتی:

_ دەبێ کچەکەم گوارەی بەبەندو سووڕەت، زێرچەنەو زنجیرێکی زێڕیشی بۆ بکەن… بۆ نێوماڵیش لەسەر هەر دووک باوکان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی سەرەتایەکانی ژیانی زاواو بووک چییان پێویستە بۆیان بکەین.

کەس لەبەرانبەر قسەکانی بابمدا ڕانەوەستا. هەموو کارەکان بەخێرو خۆشی لە نێو سروشتێکی خزمانەو خۆمانەدا بڕایەوەو من و باپیر لەیەک مارەکراین.

ڕۆژانی شیرنی خواردن، جەلک هەڵگرتن، خەنەبەندان و شایی زەماوەندم قەت لەبیر ناچێتەوە! نەمازە ئەو رۆژەی کە بە یەکجاری و خاترجەمی خۆم لە کەنار باپیردا دیتەوە… سەرەنجام من بووم بەکابانی ماڵ و باپیریش بەنانهێنەری ماڵ. ژیان بەخۆشی و بە بەردەوامی دەچووییە پێش، تاکوو بووین بەخاوەنی دوو منداڵ، من و باپیر بەختەوەرترین ژن و مێر بووین. بەڵام شتێکی خۆشەویستر لە ژن و منداڵ بۆ باپیر ئازادی و سەربەستی گەلەکەمان بوو. ئەوە کاتێک بوو، شۆڕشی کوردان بۆ ئازادی لەگەشە دابوو. منیش  لەگەڵ ئاواتەکانی باپیر هاودڵ و هاودەنگ بووم. لەبەرئەوەی منیش بەئێسک و پروسکەوە هەستم بەژێر چەپۆکەیی گەلەکەم کردبوو. لە نزیکەوە دیتبووم چۆن لەسەر تایەک تووتن، ژاندەرمەو مفەتیشان چ لێدان و کووتان، بێنەو بەرەیەکیان دەرحەق بەخەڵکی دێیەکەی ئێمەو دەوروبەر کردبوو. تەنانەت بەتۆمەتی ناڕەواو ساختە باوکمیان ساڵەوەختێک لە بەندیخانە کردبوو!

 باپیر لەنێو لاوانی خەباتگێڕو گۆرەپانی سیاسەتدا زۆر زوو توانی لێهاتوویی خۆی نیشان بداو بە فەرماندەری دەستەیەک پێشمەرگەی ئازا هەڵبژێردرێ.

وڵات تاکوو پێدەچوو زیاتر دەبزرکاو دەشڵەژا. دوژمنی نەتەوە، ئاوو خاک و بیروباوڕمان. مافی ئازادی ئێمەی نەسەلماندو بۆ سەرکوتکردنی ئازادی بێ بەزەیانە هێرشی هێنا سەرمان، “شەلم کوێرم کەس نابوێرم”!

شەر لە کوردستان بەردەوام و بەخەستی دەستی پێکرد. باپیر ماندوویی نەناسانە قارەمانی ڕێگای خەبات بوو. ئەو لەنێو بوێراندا ببوو بەشێرێکی هەڵکەوتوو، نەترس، ئازاو بەگورد ئیدی وا لەنێو شۆڕشدا قاڵ ببوو، بێجگە لەسەرکەوتن بیری لە هیچ شتێکی دیکەی سەر ئەم دنیاییە نەدەکردەوە! بەڵام زۆر بەداخەوە! ئەم کەڵەپیاوە ئازایە، تەمەن ماوەی پێ نەداو لە شەڕێکی حەماسی دا بەگوللەی دوژمن گیانی لە دەستداو شەهیدی ڕێگای ئازادی بوو! من و دوو منداڵ و کۆڕی شۆڕشی بەیەکجاری بەجێهێشت!…

یایی نازدار بۆماوەی چەند چرکەساتێک گریاو بەدەسڕەی نێو دەستی فرمێسکی سڕێوە، پاش هێندێک ئارام گرتن، ئەوسا هەستا ریزێکی دیکە چای هینا لە پێشمانی داناو ئەوجار دانیشتەوە.

 خێزانم ڕووم هەڵبڕییە لای خوشکە نازدار و گوتی:

_ دەی خوشکێ! بەدوای شەهید بوونی باپیردا چ بوو؟ چارەنووستان بەکوێ گەیشت؟

ئەویش بەدوای هەڵکێشانی ئاخێکی بەرز زۆر بەلەسەرەخۆیی گوتی:

_ من لەبەرئەوەی ڕێبازەکەی باپیرم بەلاوە پیرۆز بوو، لەگەڵ خەمی لە دەستچووی ئەوین و پشت و پەناکەم، کەمتاکورتێک ڕاهاتم. یادگاری باپیر ناوو ناوبانگ و منداڵەکانی بۆ من بەس بوون. منداڵەکان بۆ من دنیایەکی خەم ڕەوێن بوون!… لە ئامێزم دەکردن، بەخۆمەوە دەگوشین و بۆنم پێوە دەکردن. لە هەڵمژینی بۆنی منداڵەکاندا بەتەواویی هەستم بەبۆنی خۆشی باپیری دەکرد. دەمویست هەتاکوو مردن بەیادی باپیرەوە بژیم، بۆ پەروەردەو راهێنانی منداڵەکان لە هیچ فیداکارێک دریغی نەکەم، بەڵام لە وڵاتی ئێمەو لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا ژیان بۆ ژنێکی بێ مێرد، ئەویش بێوەژنێکی جوان و جحێڵ، تەنانەت خزم و کەس و داژداریشی هەبێ، سادەو ساکار نییە!… بێدەنگی و کوڵەێ گریان… جگە لەوەش ژنێکی گوندی بەکشتوکاڵ و مەڕو ماڵات بەڕێ دەچێ، تازە بەڕێوەبردنی ئەوەش بۆ بێوەژنێک ئەرکێکی ساکار نییە. ژن لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا هەرچی بێ بۆ درێژە پێدانی ژیان حەوجێی بەپیاو هەیە! ئەوەش بۆ منی مێرد شەهید بوو، کارێکی بێ تەنگ و چەڵەمە نەبوو. چونکە مێردکردنەوە بەبێ شک منی لە منداڵەکانم هەڵدەبڕاند! لەبەر ئەوەی باوک و برای باپیر هیچ کاتێک ڕێگایان نەدەدا منداڵەکان بکەونە ژێر باڵی کابرایەکی بێگانەی زڕباب!  هەروەها من بۆخۆشم ویژدانم قەبووڵی نەدەکرد منداڵەکانم لە نازی دایکیان بێبەری بن و بکەونە ژێرچەپۆکەو قوون دەرکی خزمان. هەربۆیە ددانم بەجەرگم داگرتبوو و خۆم لەگەڵ قۆرت و کۆسپەکانی ڕەوتی ژیان ڕەکێش دەکرد…

بەڵام خزمان لێم نەگەران بەئاسوودەیی لەماڵی خۆم دانیشم. وردە وردەو بەخشکە لێم هاتنە پێش، تێم وەروکان و چوون دەکلێشەمەوە. بەبیانوویی ئەوەی جوان و جحێڵم و منداڵەکانم پێویستیان بەسەرپەرەستە، دەبێ مێرد بە ‘پیرۆت’ی براچکۆڵەی باپیری بکەم!

پیرۆت هەروا ساڵێک دەبوو نەدەبوو لە من بەتەمەنتر بوو. من قەت و هیچ کاتێک بەمەبەستی خۆشەویستی دڵم بۆلای ئەو کورکەی نەکرد بوو! تەنانەت وەک خوشک و برا سەیری یەکترمان دەکرد. ئەویش هیچ کاتێک بیری لەوە نەکردبووە کە پاش مەرگی کاکی دەست بەسەر من دابگرێ. بەڵام شەقی رۆژگارو نەریتی ناحەزی کۆمەڵگا، ئەویشی ناچار بەم دیاردە زۆرەملییە دەکرد! چونکە هەردووک لامان هەستمان بەوە کردبوو، ئەم پەیوەندییە کارێکی ناڕەوایەو تاوانە! بەڵام چارە چ بوو؟ چارەنووس دەدەست خۆمان دا نەبوو! کوتک لە دەست کەسانێکی دیکەدا بوو! لەلایەکی دیکەوە پیرۆتیش ویژدانی ناڕەحەت بوو، نەیدەوست برازاکانی هەست بەبێ بابی بکەن و منیش بەبێ سەرپەرەست لەکونجی ماڵێکدا جوان و جحێڵ بەتەنیا بژیم! تەنیا لەخۆبردوویی ئەو لەم پێوەندییەدا خزمەت بەمن و مناڵەکانم بوو. سابۆیە هەر دووکلا گوشاری بنەماڵەکانی خۆمان سەلماند، سەرەنجام بەنابەدڵی ژیانی ژن و مێردایەتیمان پێکەوەنا!

 جارێ شەوی یەکەمان بەشیوەن و گریان بردەسەر، بۆ شەوەکانی دیکەش بۆ ماوەی یەک مانگی ڕەبەق، تەنانەت زیاتریش، جێگامان لەتەنیشت یەک ڕاخست و بەگریان پشتمان لە یەک کرد.

لەگەڵ چارەنووس هیچ ناکرێ! ناچار ملمان لەگەڵ ژیان ڕاکێشاو لە پیرۆتیش بووم بەخاوەنی منداڵێک.

پیرۆت لەنێو ماڵ و منداڵدا جێگای کاکی پر کردبووە. هەتا حەز بکەی مەردو ڕەند بوو، ئازاو بەمشوور بوو. لەژێر باڵی ئەودا ژیانمان بەخۆشی و تێروپڕی دەچووییە پێش. بەڵام بناغەی ئەم ژیانەشم بەهۆی هێرشی ماڵوێرانکەری دوژمن بەجارێک خاپوورو تەفرو تونا بوو! ناچار بەدەستی بەتاڵ لە زێدی بابو پیران واتە دێیەکەی خۆمان هەڵکەندراین. زەوی، ماڵ و ڕەزو کانی خۆشمان بەجێهێشت، پەنامان بۆ نێو چیا سەخت و دوورەدەستەکان برد.

پیرۆت لە چیا بەداییم بەیادی کاکی بوو، داوای لێ دەکردم ڕێگای بدەم بەڕێبازەکەی کاکیدا بڕواو تۆڵەی بستێنێتەوە. سەرەنجام ئەویش رۆیشت شەهید بوو، ئیدی نەگەڕاوەو بەتەواویی ئێمەی بی خاوەن بێدەرەتان هێشتەوە! بۆ دوایین ماڵئاوایی لە شەهیدەکانم، دەستی منداڵەکانم گرت، چووین گڵکۆی هەردوو قارەمانی ئازیزی خۆمان دۆزییەوە… دوو برا لەنێو دوو گۆڕ بەیەک بەرزی و بەیەک درێژایی لەتەنیشت یەک لە گۆڕەپانێکی بە داربەڕوو داپۆشراو، ئارام و بێدەنگ ڕاکشابوون. چوومە پێش لەنێوانی هەردووکیان چۆکم داداو باسکم هاویشتە سەرسنگی گۆڕەکانیان تێرتێر پڕ بەدڵ بەفرمێسکی چاو بەرپێیانم ئاوپڕژێن کرد.

کاکەو دادە گیان! خۆ ئەگەر لەبەر خاتری منداڵەکانم نەبووایە بەدڵ ئاواتەخواز بووم، منیش هەر لەوێ لەمابەینی هەردووکیاندا ڕووحم دەرچووبایەو ئیدی چی دیکە چاوم بەم ژیانە حەسرەتبارە سپڵەیە نەکەوتبایەوە! بێدەنگی…

یایی نازدار بۆماوەیەک سەری دەباڵە خۆی ناو پاش لەگژ فیکر ڕاچوونێکی خەماویی سەر هەڵێناوەو بە ئەوکەکوڵەوە گوتی یەوە:

_ پاش ئەوکارەساتە دڵتەزێنانە، سووکێک دەستی مندالەکانم گرت، وێڕای خەڵکانی ئاوارەی لەگوێن خۆم، بەکێوو بەندەناندا ڕێگای پڕ لەمەترسی و نادیاری هەندەرانمان گرتەبەر. پاش بەزاندنی سنووری چەند دەوڵەتان بە چەرمەسەرێکی لەگێڕانەوە نەهاتوو، بەکۆڵ و باوەش، ماشێن و… منداڵەکانم گەیاندە ئەم ئوروپایە. ئێستاش منداڵەکان بەتەمەنی یاسایی گەیشتوون، یەک بەدوای یەکدا، وەکوو بێچووە مەلی لەخەم ڕستوو، پەرەوازەیان کردووەو بەدوای چارەنووسی خۆیاندا بۆ ژیانێکی خۆشترو لەبارتر لە هەوڵدان.

منیش ئەوە ماوەی ساڵێک کەمترە، تەنیاو بێ هەمدەم، لەگەڵ غەریبی و داب و نەریتی کۆنی لە کۆڵ نەبووە، لەم ئاپارتمانە بڵیندەدا بەهەناسە ساردی دەژیم!..

یایی نازدار ڕووی کردە لامن و خێزانم، گوتی:

_ هیچ کارێک لە پیاو عەیب ناگیرێ! پیاو دەتوانێ لەهەر جێگایەک بۆی بڕەخسێ، بەکەیفی خۆی بژی و ژن بێنێ!  تەنانەت ئەگەر بیهەوێ ژن و منداڵی خۆی لەم ئوروپایە بەجێ بهێڵێ و لێدا بڕواتەوە وڵات، بەبێ شەرم و شورەیی ژنێکی جوان و جحێڵ لە خۆی مارەکاو هەوێ بەسەر ژنەکەی بێنێ… بەڵام بۆ ژنێکی لەگوێن من بیرکردنەوە لە بابەتێکی ئەوتۆ دنیایەک شەرمەزاری بە دواوەیە! و… بێدەنگی….

 منیش بەدوای قسەکانی ئەودا بێدەنگیم شکاندو گوتم:

_ خوشکم قسەکەت دەسەلمێنم! من کارم بەسەر خەڵکانی دیکەوە نییە چۆن بیردەکەنەوە. من دەڵێم ئەوەت لەبەرچاو بێ، ئێرە وڵاتێکی ئوڕوپاییەو کولتورێکی جیاوازی هەیە! ژن لێرەکانە ئازادەو هەر چۆنێک بژی پەیوەندی بەخۆییەوە هەیەو کەس حەقی بەسەرییەوە نییە! ئەوەی بەلای منەوە گرینگە ئەوەیە. ژیانی تەنیایی و بێ هەمدەم لە تاراوگە خسوسەن بۆ ئافرەتی لای خۆمان زۆر گورچکبڕە! خاتوو نازدار تۆش مرۆڤی وەکوو هەر ئادەمیزادێک نیازت بە هاودەم و هاوڕاز هەیە! گوێ مەدەیە خەڵک چۆن بیردەکەنەوە! سەربەستانە بیر بکەوەو هەوڵ بدە بۆخۆت بژی! ئێستاش درەنگ نەبووەو بزانە کام ڕێگا ڕاستە، بەبێ دوودڵی بیگرەبەر! 

خاتوو نازدارسەری هەڵێنا بەئۆگرەیەکی تەواوەوە چاوێکی پڕ لە ڕەزامندانەی لیکردم و گوتی:

_ قسەکەت دەسەلمێنم! بەڵام کاکە ئەم قسەیەی تۆ بە کردەوە ئاسان نییە! چونکە ئەو کەسانەی وەک من لە کولتوری داخراودا پەروەردە بوون لە هەموو کەس زیاتر بۆخۆمانین شوورەی بڵیندی عەیب و عارمان بەدەوری خۆماندا کێشاوە! جابۆیە دەباز بوون لەم حەسارە نگبەتە کارێکی سانا نییە!؟… لەبەر ئەوەی عەیب و عار لە ژیانی ئێمە مەماناندا بووە بە پاشکۆی یەکی دانەبڕاو. ئەویش فەرق ناکا لەکام شوێنی ئەم دنیاییەدا بژین! و…

خێزانم قسەکەی بڕی و گوتی: خوشکە نازدار، بەبڕوای من ڕێگای دروست ئەوەیە! نابێ خۆت لە قەفەسدا زیندانی بکەی! باشترە بڕیاری بوێرانە بدەی و پەل بۆلای ژیانێکی نوێ و ئازاد بهاوێژی!

ئەویش ئاخێکی هەڵکێشاو لە وڵامدا گوتی:

_ خوشکم وەک ئاماژەم پێ کرد بۆ ڕەگەزی من و تۆ ئاسان نییە. بڵێی نەڵێی چارەنووسی ئێمە ژنان بەدەست لۆمەو لەقەی کولتوری داخراودا دەناڵێنێ و لە کێشەدایە! ئەم دیاردە ناحەزە سواری گوردەمان بووە، هەرچی بکەین تازە دابەزینی نییە!

منیش لە سەر قسەی خێزانم گوتم:

_ خوشکە نازدار قسەکەی ڕاستە! ئەو دەڵێ خۆت لە قەیەدو بەندی بێ مانا ڕەهاکەو هەنگاوی بوێرانە بۆلای ژیانێکی نوێ و ئازاد هەڵێنە!

خاتوو نازدار سەری ڕاوەشاندو گوتی:

_ کاکە زۆرم بیر لێکردۆتەوە هەرچی دەکەم سەرەنجام ریسەکەم لێ دەبێتەوە بەخوری! بۆچی؟

لەبەر ئەوەی ژنم! بەتایبەت ژنی کورد لەهەر شوێنێکی ئەم دنیاییە بژی، فەرق ناکا دیسانیش بەدەست هەڕەشەی خزم و کەس، قسەو قسەڵۆکی دەوران پشتی خۆی تاکوو دەمی مەرگ دەبێ بناڵێنێ و بتلێتەوە… ئێستاش منی بێ دەستەوەستان لەنێو دەریایەکی تۆفانیدا مسافیری پاپۆڕێکی تێکشکاوم، ژیانم بەدەم  شەپۆلی زریاکاندا لە جەولان دایەو بێ سەبرانە چاوەڕوانی پەرجۆیەکم تاکوو لە دەست شەپۆلە بە تەوەژمەکان ڕزگارم کا!!..

*****

{jcomments off}

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی