1ـ چاولەحەوا، لەم کۆنفرانس بەو کۆنفرانس!
رەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە دەست لەسەر دەست ساڵیکیتر لە ژیانی خۆی تێپەڕاند و کۆنفرانسێكیتریشی کاسەبەتاڵ و بیئاسۆ، هەر بەو شێوازەی کە چاوەڕوان دەکرا، بەڕێکرد.
ئەمە بە مانای دەستپێکردنی دەورێکیتر لە نەکرکاری و درێژەپێدانی قەیرانێکی قووڵی بەڕێوەبەرییە تا چەلێکیتر و کۆنفرانسێکیتر. راگەیاندراوی کۆتایی کۆنفرانسی سێهەم و درێژەپێکێشانی چەند حەوتوویی لەسەر ساغبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی “هەیئەتی هەماهەنگی” بە باشی پێداگرتن لەسەر ئەو رێوشوێنە نیشان دەدات کە تا ئێستا هەر بەرەو نشیوی بردووە.
ئەمە ئەو شتەیە کە هەر لە سەرەتاوە تا هاتووە زیاتر بەرۆکی رەوتی گرتووە، هەناسەی پێبڕیوە و رۆژ بە رۆژ زیاتر لە مانای بوونی خۆی و ئەو شتەی لە پێناویدا هاتە ئاراوە، دووری خستۆتەوە. بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم وەزعیەتە لە نامەی یانزدە کەسیی لە هەیئەتی هەماهەنگی، لە ئیستعفای هاورێیان رەزا مستەفا سوڵتانی و رەزا یەغموری، هەروها دەست لە کار کێشانەوەی ژمارەیەکیتر لە ئەندامانی هەیئەتی هەماهەنگی و لە لێکدانەوە و نامەی ئێمە بۆ کۆنفرانسی دووهەم، لە نووسراوەکان، وتار و قسەوباسی ژمارەیەکیتر لە هاوڕێیاندا هاتووە.
هەموومان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە چاوی خۆمان ناکۆکی بەردەوام، بێمتمانەیی قووڵ و قەیرانی ناوبەناومان دیتووە، کە چۆن وەک خۆرە کەوتۆتە گیان ئەم رەوتە و بەری بەرەوپێشەوەچوونی کارەکانی گرتووە. ئێمە دیتبوومان کە چۆن بەرد دەخرێتەسەر هەر هەنگاوێکی گشتی بۆ بە یاساییکردنی پێوەندییەکانی ناوخۆمان و هەوڵدان بۆ خەریکبوون بەو ئەرکە سەرەکیانەی سەرشانمان کە لە پێناویدا لە دەوری یەک کۆببووینەوە و دەمانەویست بە کردەوە شێوازێکی نوێ لە کارو ژیانی رێکخراوەیی و چالاکی سیاسی رووبەدەرەوە و لە ئاست کۆمەڵگادا نیشان بدەین. هەموومان دیتبوومان چۆن بڕیار و پەسەندکراوەکانی کۆنفرانسی بەرینی یەکەم لەبابەت ئامادەکردنی پێڕەوی ناوخۆ، چوارچێوەدارکردنی قەوارەی رێکخراوەییمان و دەرچوون لە گۆترەکاری، هەروەها دانانی کومیسیونێک بۆ ئیدارە و تەنزیمکردنی بەشی ماڵی خرایەژێرپێ و گوێیپێنەدرا! ئەمانە ئەو هەنگاوە سەرەکیانە بوون کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە دەبوا هەڵمانبگرتایە تا لەم رێگایەوە:
1. رەوت بکەوتایەتە سەر هێڵی راستەقینەی خۆی و بە دارشتنی بنەڕەت و دامەزراندنی مکانیزمێکی ئەمڕۆیی و گونجاوی کاری بەکۆمەڵ، کۆتایی بە بێقەوارەیی و بێسەرەوبەرەیی تەشکیلاتی هاتبا و لەم رێگایەوە چوارچێوەی دەسەڵات، ئەرکەکان و مافەکان لە لایەکەوە و وڵامدەربوون لەبەرامبەر ئەرکی پێسپێردراو لە لایەکیترەوە قانونمەند و دیاری کرابا.
2. سپاردنی بەشی ماڵی بە کومیسیونێک تا بکرێ ئەم بەشە گرنگە دیار و بە بەرنامە برواتە پێشەوە.
3. لە رێگای داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاست و تاکتیکی دیار و بەرپرس، لە رێگای هەڵسووڕانی بەکردەوەی سیاسی، لە رێگای بەرەورووبوونەوەی شارستانیانە و ئەمرۆیی فکری و بیروبڕوایی لە گەڵ خەڵکانیتر و بیری جیاواز. هەروەها لە رێگای گوزارشدانی بەردەوام بە هاوڕێیانی رەوت و زۆرترکردنی کۆبوونەوە گشتییەکان، زەمینە و بەستەری دەخاڵەتی گشتی لە چالاکی سیاسی بۆ هەموان فەراهەم ببێ و بەمجۆرە گەشەکردن و زیندویی رەوت دابینبکرێ و هەڵسوڕانی رەوت لە بێنەوبەرەی بێسەرەنجامی ناوخۆیی و باسوخواسی بێکۆتایی ژوورەکانی پاڵتاک، بەرەو چالاکی سیاسی رووبەدەرەوە بگوێزرێتەوە.
بەڵام بەداخەوە ئەم پێداویستیە سەرەکییانە لەناو ئاوری ناتەبایی و کێشەی لەبڕانەوە نەهاتوی هاورێیانی “سەرەوە” کرانە خۆڵەمێش. هەروەها ناکۆکی نێوان قسە و کردەوەشیان رۆژلەگەڵ رۆژ زیاتر “رەوت”ی بەرەو هەڵدێری لەیەک بێگانەبوون و دوورکەوتنەوە و پچرانی رایەڵەی پێوەندییەکان ڕاکێشا. بەداخەوە هەر ئێستاش هەموو نیشانەکان دەریدەخەن کە ئەم نەختەیەش کە ماوەتەوە لەبەر گیرۆدبوون بە رەشبینی و بێمتمانەی بە یەکتر، تەکانی لێبڕاوە.
ئێمە ساڵی پار کاتێ دیتمان هەموو هەوڵی دەستەجەمعی، بەتایبەت یانزدە کەسیی لە “هەیئەتی هەماهەنگی” بەلاڕیدا برا و بە تەرازووی “پیلان” قەپانکرا. کاتێ بە ئاشکرا دەدیترا کە ئیرادەیەک لەگۆڕێدایە و بە هەر قیمەتێک دەیەوێ ئەم رێگای روولەنشیوە درێژەپێبدا و بۆشی دەچێتەسەر، کاتێ بە ئەزمونی ئەم چەندساڵەی رابردوو دەمانزانی ئاخریەکەی ئەم پاوانخوازییە، ئەم فکرەی خانەخوێیی و میراتبەرییە، رەوت لە کەڵک دەخات و دووری دەخاتەوە لەو ئامانجانەی کە لە پێناویدا هاتە مەیدان، کەوتینە سەر ئەم بیرۆکەیەی کە بێین و بەڕاشکاوی ئەم راستییە تاڵانە بە گوێێ هەموو هاوڕێیانیتریش بگەیێنین، کە تا ئێستا لەبەر “مەسڵەحەت” شاردرانەتەوە. هەروەها دەمانەویست وێڕای رەخنەی نەبوونی ئیرادەیەکی گشتی لەناو خۆماندا، ئەوەش بخەینە پێش چاو کە ئۆباڵی سەرەکی ئەم دۆخە هەر بەوجۆرەی کە هەیە، لە ئەستۆی ئەو هاوڕێیانەیە کە زۆرترین دەسەڵات بۆخۆیان شک دەبەن و تا ئێستا وایان بۆ چۆتەسەر، هەرکات ویستویانە بە بێدەنگی و بە بلۆکەکردن، بە تۆران و بە هەرەشەی “من نایکەم” هەر هەنگاو و هەر گەڵاڵەیەک ـ بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نالەبارە ـ پەکبخەن و هەر ئەو شتانە ببەنە پێشەوە کە خۆیان گەرەکیانە!
ئێمە هەر ئەوکاتێش کە پووختەی راستەقینەی بارودۆخەکەمان خستە بەردەمی کونفرانسی دووهەم، دەمانزانی هەوڵ دەدرێ قسە و روونکردنەوەکانمان لەبەر ئەوەی حاشاهەنگرن، بە بێ دەنگی تێپەڕێنن و لەناو تەپوتۆزی کێشەکانی کونفرانسی دووهەمدا پووشبەسەری بکەن. وەستایانە هەرواش کرا. ئێمە هەرئەوکات بە پێشنیاری ژمارەیەک لە هاورێێان کە پێیان وابوو هێشتا ڕۆژنەیەک بۆ دەربازبوون ماوە، بێدەنگەمان لێکرد و زۆری لەسەر نەچووین. هیواداربووین ئەو ڕۆژنەیە بەڕاست دەرچێ و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لەم ئیفلیجییە کە ئیتیر لە تام چۆتەدەرەوە بکرێتەوە. بەداخەوە هەر زوو دەرکەوت کە نە رۆژنەیەک لە گۆڕێدایە و نە حەزێک بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە. بۆیە بەدوای کۆنفرانس هەرخێرا هەموو شتەکان، بەڵکوو خرابتر، چوونەوە ناو قاپووڕی کۆنی خۆیان.
ئێستا بە دەرکەوتنی دەرئەنجامی ناسەرکەوتووی ئەم شێوازانە، وەک جاران و بگرە زیاتریش بڕوای پتەومان هەیە کە کاری بەکۆمەڵ بەبێ رێکخراوبوون قسەیەکی بێمانایە، هەر بەو ئەندازەیەش رێکخراوبوون بە بێ قەوارەیەکی بیرلێکراوەی ئەمڕۆیی، بە بێ دوورکەوتنەوە لە گۆترەکاری، بە بێ دیارنەبوونی سنوری دەسەڵات و بەرپرسی و مافەکان، بە بێ بوونی سازوکارێکی دیموکراتیکی بریاردان، بە بێ بوونی ئامانج، سیاسەت و تاکتیک و بەرنامەی رۆشن و واقعی، شتێکی نەگونجاو و ناوبەتاڵە. هەروەها ئاشکرایە ئەگەر هەر قەوارەیەک ئەم پێداویستییانەی نەبێ، ناتوانێ پێگەیشتوانە خۆی بەرهەم بێنێتەوە، ناتوانێ لە ناوخۆیدا تەبایی و یەکریزی دابین بکات، ناتوانێ نەخشی سازندەی هەبێ لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و بردنەسەرەوەی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی و سازدانەوەی کۆمەڵگا. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو دەبێ بە بەردەوامی لە قەیرانی ناوخوییدا دەستوپێ بکوتێ و ناوبەناو لەگەڵ لێکدابڕان، ناتەبایی و لەتلەت بوون بەرەوروو ببێتەوە.
بۆچی وای لێهات؟ بۆچی فراکسیون و پاشان رەوتێک کە بانگەشەی گۆڕانخوازی دەکرد و خۆی لە قاڵبێکیتردا دەنواند و داوای پێکهێنانی ئاڵوگۆر لە شێوازی کاروباری رێکخراوەیی دەکرد و ئاڵای نوێخوازی لە جۆری تێڕوانینی سیاسی و فکری هەڵگرتبوو، زۆر زوو بەرەو پیری و پەککەوتەیی هەنگاوی نا؟ داخوا ئەمە سەرەنجامێکی چارەهەڵنەگر بوو؟ ئایا رێگای تریش هەبوون کە رەوت بتوانێ بیگرێتەبەر و بە کاروئەزموونی خۆی زمانێکی تازە بخاتە گەڕ و رێگایەکی بەکەڵکهاتوو لە شوێن خۆی بەجێ بێڵێ؟
ئێمە وەک کەسانی دەستەی یەکەمی ئەم حەرەکەتەی کە بە ڕەوت ناسرا و نەخشی راستەوخۆمان هەبوو لە داڕشتنی ئەو زمان و روانینەی کە لەسەرەتاوە هێنامانەگۆڕ. نەک هەر بە پێویست، بەڵکوو بەئەرکی خۆمانی دەزانین بە پێی توانا خوێندنەوەیەکی بابەتیانە لەم رێگایەی کە بڕیومانە، بەدەستەوە بدەین و بە دیدێکی رەخنەگرانەوە ئاوڕ لەو شێواز و بۆچونانە بدەینەوە کە رێگای بەرەوپێشچوونی رەوتیان بەربەست کرد. ئەمەش وەک تەجروبەیەکی گشتی، وەک خوێندنەوەی ئەزمونێکی نوێی ژمارەیەک ئینسان کە دەیانەویست نۆڕمێکی تازە لە کاری رێکخراوەیی و فکری، لە جۆری تێڕوانین بە هەڵسوڕانی حیزبی و سیاسی، بەدەستەوە بدەن و بە کردەوی دەربێنن.
پووختەی ئەو ئەزمونە تازەیەی کە رەوت دەیەویست بیگرێتەبەر ئەوە بوو کە شێوازێکی نوێ و سەردەمیانە لە کاری بەکۆمەڵی رێکخراوەیی بەدەستەوە بدات کە گەشە و نەشە بخوڵقێنێ، یارمەتی بدات بە دوورکەوتنەوە لە دایرەی دەسەڵاتی تاکە کەس، یان بەستراوە بە ژمارەیەک ئینسانی “تاقانە” و بە دوور لە پێشداوەریی فکری ـ مێژوویی و ئیدئولۆژیکی. ئێمە شوین بەرژەوەندی ئەموئەو نەکەوتبووین. ئێمە خۆمان بۆ ئەوە تەرخان کردبوو کە رەوتێکی فکری ـ سیاسین. دمانەویست بە وازهێنان لە تەنگبینی سیاسی و فرقەگەرایی و تەریقەتخوازی، بە دوور لە درووشمی بریقەداری ناواقعی، بە دوور لە خۆبەگەورەزانین و لاف لێدان، رێگای تەعامولی راسبێژانەی سیاسی لە گەڵ خەڵک، لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ هێزەکانی ناوکۆمەڵگا بگرینەبەر و زمانێکیتر بخەینەگەڕ کە کەش وهەوای سیاسی کوردستان بەرەو هاوکاری و ئەهوندی زیاتر ببات، تەبایی و یەکریزی رێکخراوەیش پتەوتر بکات. وێڕای هەموو ئەوانەش دەمانەویست هەوڵی خۆمان بخەینە پاڵ هەموو ئەو تەکان و بزوتنەوە جەماوەری و عەداڵەتخوازانەیەی ناو کۆمەڵگا کە لە دایرەیەکی گەرورتری چەپ، بۆ نەهێشتنی هەرجۆرە ستەم و بێعەداڵەتییەکدا دەتوان یەکبگرنەوە و بە ئاراستەیەکدا برۆن….
بەداخەوە تا ئێستا هەموو ئەم ئامانجە پاک و بێگەردانە، بەهۆی رێگایەکی خراپ کە هەڵمانبژارد، بە هۆی شێوزای پەرپووت و نائەمڕۆیی، بە هۆی دەرکنەکردنی قووڵایی ناوەڕۆک و هەزینە و پێداویستییەکانی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بانگەشەمان بۆ دەکردن، بە ئەنجامی خرابتر و بە پێچەوانە گەیشتوە. ئێمە دەمانەوێ لەرێگای بەدەستەوەدانی تەسویرێکی راستەقینە لەو رێگایەی تێمانپەڕاند، بە ڕوانینێکی رەخنەگرانە لەو شێواز و فکرەی کە ئێمەی گەیاندۆتە ئێرە، یارمەتی بدەین بە دیتنەوەی وڵامی ئەو پرسیارانەی کە لە سەرەوە هێنامانە گۆڕێ.
ئێمە ئەوەندەی پێمان دەکرێ، دەمانەوێ نیشانی بدەین ئاستەنگەکان کامانە بوون، بە گوێرەی توانای خۆشمان دەمانەوێ لەپێناو دۆزینەوەی رێگاکانی دەربازبوون لەو گرفت و ئاستەنگانە هەوڵ بدەین و بەگشتی بەرەو دۆخێک بچین کە بتوانێ لە ئاڵترناتیوێکمان نزیک بکاتەوە بۆ گەیشتن و هەنگاونان بەرەو ئەو باوەڕ و ئامانجانەی کە ئاماژەی پێکرا و هەر لە سەرەتاوە لە پێناویاندا لە دەروی یەک کۆبووینەوە.
بۆ هەنگاو هەڵگرتن لەم رێگایە، دەمانەوێ بەم نزیکانە لاپەڕەیەکی ئینترنێتی ـ تایبەت بە ئەزمونی رەوت بخەینەگەڕ و بەمجۆرە پەنجێرەیەک بەرەورووی ئەم باسانە بکەینەوە. ئێمە دەزانین ئەمە کارێکی گەلێک قورسە و تواناشمان کەم، بەلام هەر هیوادارین بە هاوبیری و هاوکاری هاورێیانیتر، کەسانی بەئەزمون و بە کەڵک وەرگرتن لە بیروڕای کەسانی شارەزا و ئەزمونی خەڵکانیتر، بەردەوام بین لەم ئەرکەی کە خستومانەتە سەرشانمان. هیوادارین لەجێگای خۆیدا بێت و کەڵکی پێویست بگەیێنێت.
ناسر ئەمیننژاد ـ فەرهاد رەسوڵی
٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٢ بەرابەر بە ١٧ی رەزبەری ١٣٩١