پێشەکی
کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی چەپ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی کوردستانی ئێران پاش ٩ ساڵ خەباتی نهێنی لە زەمانی شاهدا، لە ٢٦ ڕێبەندانی ١٣٥٧ هەتاوی، واتە ٤ ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژیمی شاه، خەباتی ئاشکرای خۆی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران دەست پێ کرد.
تەمەنی کۆمەڵە لە مەیدانی خەباتی ئاشکرادا خەریک بوو شەش مانگ تێپەڕ بکات کە کۆماری تازە بە دەسڵات گەیشتوی ئیسلامی ئێران بە ڕابەری ئایەتوڵلە خۆمەینی بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی کردە سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان. ئەو شەڕە تا ئیستەش بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر بەردەوامە.
لە دەورانی دەسڵاتی ٣٣-٣٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە و خەباتکاری زیندانەکان بە دەستی ڕژیم شەهید کراون و دەیان هەزار کەسی دیکە ناچار کراون کە ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و ڕێگای هەڵهاتن و ئاوارە بوون هەڵبژێرن.
کۆمەڵە وەک هێزێکی چەپ و نوێخواز بۆ یەکەم جار لە بزووتنەوەی کوردستاندا لە لایەک لە خەباتی پێشمەرگانە لە بەرانبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستا و لە لایەکی دیکە بوو بە پاڵپشتی کرێکار و جوتیار و زەحمەتکێشانی کوردستان. کۆمەڵە وەک یەکەم حیزبی کوردستان توانی بچێتەوە بە گژ فەرهەنگی کۆنە پەرەستانەی پیاو سالاری و مەزهەبەوە و لە مافی ژنان دیفاع بکات و ژنان بهێنێتە نێو خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەوە.
کۆمەڵە بڕوایەکی قووڵی بە خەباتی جەماوەری هەبووە و هەر لە سەرەتاوە یارمەتیدەر بوو بۆ دامەزراندنی بنکەی شارەکان کە تا بتوانن لە ئاسایشی شارەکانیان پارێزگاری بکەن. یەکیەتی جووتیارانی لە بەرانبەر ئاغاکانەوە ڕێکخست.
کۆمەڵەی پارێزگاری لە مافی زەحمەتکێشانی ڕیکخست. کۆمەڵەی پارێزگاری لە مافی بێکاران، کۆمەڵەی پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕێکخست! کۆچی مەریوانی ڕێکخست! لە زۆر ناوچەی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی ئاغاکان بۆ سەر جووتیاران لە پشتیوانی کردنی جووتیاران درێغی نەکرد و هاوخەبات و ڕێ نیشاندەریان بوو!
کۆمەڵە لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی کوردستانی چریکە فیداییەکانی گەلی ئیران و مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی (یادی بە خێر!) هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کوردیان پێکهێنا بۆ وتووێژ کردن لە سەر مافەکانی گەلی کورد لە گەڵ دەوڵەتی مەهدی بازرگاندا!{jcomments off}
داڕشتنی بەیاننامەی ٨ مادەیی مهاباد، ٢٦ مادیی سنە. بەیاننامەی ١٤ خاڵی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان، بەرنامەی خودموختاری بۆ کوردستان، پێداگری لە سەر فدرالیزم و مافی چارەی خۆنووسین لە ئەو هەوڵانە بووە کە کۆمەڵە لە مێژووی سیاسی خۆیدا بۆ چارەسەری کێشەی میلی کاری لە سەر کردوون!
لە بەرانبەر بە لایەنگرانی ئەحمەدی موفتی زادە، ناسراو بە مەکتەبی قورئانییەکان، کە دواتر لە ژێر ناوی پێشمەرگانی کوردی موسڵمان بوون بە جاشی ڕژیم، وەستایەوە و ماهیەتی ئەو ڕەوتە کۆنەپەرەست و خایەنەی بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان ڕوون کردەوە. لە ڕاستیدا دەور و کاریگەری کۆمەڵە بوو کە نەیهێشت کوردستانی ڕۆژهەڵات ببێتە مەیدانی ڕمبازێنی ئیسلامی سیاسی.
کۆمەڵە لە کوردستاندا لە بەرانبەر دەستە و تاقمی سەر بە بەعس و کۆنە ساواکی شێلگیرانە خەباتی کرد و لە ئەو جێگەیەی کە کۆمەڵە پێگەی جەماوەری زیاتر هەبووە، ئەو تاقمانە کە زۆرتر لە شێخە ساواکییەکان و پیاوانی سەر بە ڕژیمی پێشوو بوون توانای خۆڕاگرییان نەما و بە کردەوە لە نێو چوون (ساڵەکانی نێوان ١٣٥٨ تا ١٣٦٢).
کۆمەڵە لە ڕابەرایەتی کردنی بەرخۆدان و مقاومەتی خەڵکی شاری سنە ، ناسراو بە شەڕی ٢٤ ڕۆژە و دەیان و سەدان نەبەرد و قارەمانەتی دیکە نموونەی گیانبازی و فیداکاری بووە!
کۆمەڵە لە کوردستاندا پارێزەری ئازادی و دیموکراسی و پارێزەری مافی بەشمەینەتان بوو و هەر لە ئەو پێناوەشدا قوربانی زۆری بۆ داوە!
بە کورتییەکەی بڵێێن، کۆمەڵە هەر تەنیا حێزبێکی چەکدار و خەباتکاری بواری پێشمەرگانە نەبووە، بەڵکوو ڕێبازێک بوو کە پەیامی ژیانی ئازاد و سەربەست و یەکسانی بۆ خەڵکی کوردستان پێ بووە!
هەر لە درێژەی ئەم خەبات و بەرخۆدانانەدایە کە کۆمەڵە لە کاتیکدا کە دەبینێ کە کۆماری ئیسلامی لە لایەک خەریکی کوشتاری بە کۆمەڵی شۆڕشگێڕان و چەپەکانی ئیرانە و لە لایەکی ترەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ ڕێکخراوی موجاهدینی گەلی ئێران هاوپەیمانی دەبستێت و دەچێتە نێو بەرەی بەرهەڵەستکاری نیشتمانییەوە (شورای ملی مقاومت) ساڵی ١٢٦١ هەتاوی، ئەویش لە گەڵ چەند لایەنی بچووکی چەپی ئێرانی کە تا ئەو کات بۆ زۆر کەس ناسراو نەبوون، دەکەونە بیری دروست کردنی حیزبی کومونیستی ئێران. بەم جۆرە حیزبی کومونیستی ئێران کە بڕیار بوو ببێت بە حیزبی چینی کرێکار لە ئێران، لە ١١ خەرمانانی ١٣٦٢ هەتاوی لە گوندێکی سەر بە ناوچەی سەردەشت ڕادەگەیەندرێت.
لە نێو ئەو چەند گرووپ و کەسایەتیانەی کە لە گەڵ کۆمەڵەدا حیزبی کومونیستیان پێکهێنا، سەهەندییەکان کە زۆرتریش بە یەکیەتی شۆڕشگێڕانی کومونیست دەناسران وژوبین ڕازانی، ناسراو بە ڕەفیق نادر یان مەنسووری حکمەت سەرکردەیان بوو تا ساڵی ١٩٩١ لە گەڵ حیزبی کومونیستدا دەمێننەوە و دواتر لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی کۆمەڵە حیزبی کومونیست بە جێ دەهێڵن و دەڕۆن حیزبێکی دیکە بە ناوی حیزبی کومونیستی کرێکاری ئێران پێكدێنن. ئەڵبەتە دوای مەرگی ناوبراو لە ساڵی٢٠٠١ حیزبەکەی تووشی ئینشعاب دەبێت و تا ئیستە ئەو جەریانە دابەشبووە بە سەر چەند لایەندا کە هەر کامەیان خۆیان بە ئیدامەدەری ڕێبازی ناوبراو دەزانن.
دوای ئەوەی کە مەنسووری حکمەت کۆمەڵەیەکی لە ڕاستیدا وێرانکراو بە جێ دەهێڵێ، هاوڕێێان ئیبراهیم عەلیزادە و عەبدوللە موهتەدی و باقی ڕێبەرایەتی کۆمەڵە بڕیار ئەدەن کە لە ژێر ناوی حیزبی کومونیستی ئێران و ڕێکخراوی کوردستانی ئێران – کۆمەڵە درێژە بە خەبات بدەن. من ناچمە سەر ئەو بەشەی کە لانی کەم، دوای چوونی مەنسووری حکمەت و هاوبیرانی لە کۆمەڵە و حیزبی کومونیست، هەر ئەو کات ئەو حیزبە بە باوەڕی من و زۆر کەسی تری کۆمەڵە، دەبوایە بە کردەوە هەڵبوەشایەتەوە و هەموو هێزو تواناکان سەرفی ڕێکخستنەوە و بوژاندنەوەی کۆمەڵە بکریایەت.
بە هەر حاڵ بە هەر جۆرێک بوو، کۆمەلە وەک ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران تا ساڵی ٢٠٠٠ زایینی بە هەموو کەم کوڕییەکەوە کەی هەیبوو درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا. لە ئێرەدا جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە ڕێز لە ئەو کۆمەڵە کادر و پێشمەرگانەی کۆمەلە بگیرێت کە کاتێک لە وڵاتی تورکیە دەبن و دەبیسن کە مەنسووری حکمەت و لایەنگرانی، کۆمەڵەیان بە بێ کەسی و هەژاری جێ هێشتووە و ئۆردووگاکانی تا سنووری چۆڵکردن چووە، لە وڵاتی تورکیەوە دەگەڕێێنەوە بۆ کوردستان و بە هیمەتی ئەوان و کەسانی دیکە نایەڵن ماڵە گەورەکەی کۆمەڵە وەچاخ کوێر ببێتەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش بە سەدان کەس لە دەوری کۆمەڵە کۆ دەبنەوە. هەر لە یەکەم مەراسمی ڕۆژی کۆمەڵە لە دوای دەرچوونی لایەنگرانی مەنسووری حکمەت، لە شاری ئیستۆکهۆڵم کە کاک عەبدوڵلە موهتەدی وتارێکی گرنگ دەخوێنێتەوە و دبێتە جێگەی دڵگەرمی هاوڕێێانی بەشدار لە مەراسمەکە، فیوریەی ١٩٩١.
جارێکی تر لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ زایینی کۆمەڵیک کێشەی ڕێکخراوەیی و سیاسی لە نێو کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران سەر هەڵ ئەدەن کە گرنگترینیان ڕخنەی کاک عەبدوڵڵەی موهتەدی دەبێت لە ئیدامەکاری خەباتی کۆمەڵە لە ژێر ناوی حکادا. بەم جۆرە لە مانگی ئاگووستی ساڵی ٢٠٠٠ زایینی کاک عەبدوڵلە موهتەدی و بەشێکی تری ڕیبەرایەتی کۆمەڵە و ئەندامانی ڕخنەگر لە حکا، لە ئەو ڕێکخراوە جیا دەبنەوە و خەباتی خۆیان لە ژێر ناوی پێشوی کۆمەڵە، واتە کۆمەڵەی پێش لە حکا، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەست پێ دەکەن. ئەم ڕێکخراوە تا ساڵی ٢٠٠٧ بە یەکڕێزی دەمێنێتەوە و دواتر باڵێکی لێ جیا دەبێتەوە بە ڕێبەرایەتی کاک عومەری ئیلخانیزادە و کاک ڕەزا کەعبی. ئەم بەشە کە پێش لە جیا بوونیان لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە باڵی کەمینە دەناسران دوای جیابوونەیان خەباتی خۆیان لە ژێر ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان تا ئیستەشی لە گەڵ بێت ئیدامە دەدەن. هەر دوای یەک، دوو مانگ لە ئەم جیا بوونەوە تێنەپەڕی بوو کە کۆمەڵێک کادر و ئەندام لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان جیا دەبنەوە کە دیاریترینیان کاک هێرشی عەلیزادەیە و لە گەڵ کەسێکی کوردی باشوور بە ناوی ڕێبوار ڕەشید پارتی سوسیال دیموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست ئەکەن. چەند مانگ دواتر لە نیو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیشدا کێشەیەکی تازە لە گەڵ کاک عەبدوڵلە کۆنەپۆشی (عەبە دلێر) پەیدا دەبێت و ناوبراو لە گەڵ هاوسەری، سەبری بەهمەنی و چەند پێشمەرگەیەک لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ جودا دەبنەوە و دەچن بۆ قەندیل.
ساڵی ٢٠٠٩ دیسان لە نێو حیزبی کۆمونیستی ئێران کێشەی سیاسی سەر هەڵ ئەدات و لایەنێک وەک فەراکسیون پێکدێت کە خوازیاری لابردنی حیزبی کومونیستی ئێران دەبێت و پێداگری دەکات لە سەر کار کردن لە ژێر ناوی کۆمەلەیەکی چەپ و سوسیالیست. لە کادەر بەرچاوەکانی ئەم رەوتە کە دواتر لە حیزبی کومونیستی ئێران وەلا نران و ئیستە بە ناوی رەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە کار ئەکەن دەتوانین هاوڕێێان کاک ساعدی وەتەندووست، کاک موحەمەد ئەمین حسامی، کاک جەعفەری ئەمین زادە، کاک حەبیب ئەللە گوێلی، کاک فاروق نەقشی و کەسانی تر ناو بەرین.
بەم شێوەیە نەهامەتەکانی کۆمەڵە و دابڕانەکان تا ساڵی ٢٠٠٩ درێژەیان کێشاوە!
ساڵی پار، واتە ساڵی ٢٠١١ لە نێو کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا جودابوونەوەیەک ڕوو دەدات و کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەو لایەنە کە خۆیان بە زۆرینەی کۆمەڵەی زەحمتکێشان پێناسە دەکرد، لە دوای جودابوونەوەیان دەچنەوە ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە و درێژە بە خەباتی خۆیان ئەدەن.
دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک بە تێکەڵ بوونەی دوو باڵ لە لایەنە دابراوەکانی کۆمەڵە، پارتی سوسیال دیموکرات بە ڕێبەرایەتی کاک هێرشی عەلیزادە و کۆمەڵەی رەوتی یەکگرتنەوە بە ڕێبەرایەتی کاک عەبە دلێر، لە ماوەی ٦ – ٧ مانگی ڕابردوودا ئەم دوو لایەنە یەکگرتووە لە گەڵ لایەنی دیکەی کۆمەڵە، ئەو بەشەی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کە تێکەڵ بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ نە بوونەتەوە، بە ڕابەری هاوڕێێان کاک عومەری ئیلخانیزادە و کاک ڕەزا کەعبی، تیکەڵ دەبن و خەباتی خۆیان لە ژێر ناوی کۆمەڵە زەحمەتکێشانی کوردستان دەبەنە پێش کە تا ئیستەش ئەو بەردەوامە.
من لە ئەو سەفەرەمدا کە هاوێنی ئیمساڵ بۆ کوردستان کردم و سەردانی لایەنەکانی کۆمەڵەم کرد، ڕەشبینییەکانم کەمێک ڕەوینەوە. ئیستە هەموو لایەک بە ئەو قەناعەتە گەیشتوون کە دابڕان و دوور کەوتنەوە لە یەک، خەساری زۆری گەیاندوە بە بزووتنەوەی کوردستان، بە هەموو رەوتی کۆمەڵە و دڵی دوژمن و نەیاری کورد و کۆمەڵەی پێ شاد بووە.
زۆر گەشامەوە کاتێک بیستم کە کۆمیسیونێکی هاوبەش لە هەر چوار لایەنەکەی کۆمەڵە دانراوە بۆ نوێژەن کردنەوەی گلکۆی شەهیدان لە باشووری کوردستان. گەشامەوە کە تەلیفۆن لە یەک کردن و تەنانەت سەردان و لە یەک پرسینەوەکان (ئەگەر چی لە ئاستی خوارەوەش بێت) دەستی پێکردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە. گەشامەوە کاتێک دەمدی چۆن بە خۆمخۆرییەوە گوێ بۆ دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان دەگرن و بە شوێن دوزینەوەی ڕێگا چارەدان.
ڕیگا چارەی لە یەک نزیک بوون و یەک گرتن!
تا ئەو جێگەیەی من بزانم و خوێندنەوەم لە سەریان کردبێت هیچ کێشەیەکی سیاسی و ئیدئولوژیک لە نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نابینم. تەنیا کێشەیەک کە هەبێت ، هندێک دڵ ئێشاوی چەند کەسێکە لە گەڵ یەکتر. بۆ یەک گرتنەوەی ئەم دوو لایەنە تەنیا و تەنیا لە خۆبردوویی وتەنەزول کردن بۆ یەک و هەست کردن بە ئەرکە مێژووییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد و کۆمەڵەیە. بۆ هەوڵدان بۆ یەک گرتنی ئەم دوو باڵە، سەرکردایەتی هەر دوو باڵ بەرپرسایەتی مێژووییان لە سەرشانە و دەىی هەر لە ئیستەوە بە بێ هیچ پێش مەرجێک بکەونە دیالۆگ و لە گەڵ یەک دابنیشن و بۆ دۆزینەوەی مکانیزمێک بۆ تێکەڵ بوونەوەیان!
لە سەر هاوڕێێانی ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵەش
ئەم هاوڕێێانە تا ئەو جێگایەی کە رخنەگرن لە ئیدامەکاری بە ناوی حیزبی کومونیستی ئێرانەوە و، دەیانەوێ لە ژێر ناوی کۆمەڵەدا کار بکەن، هەر هەمان قسە دەکەن کە باقی هاوڕێێانی دیکە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەیکەن و لە ئەم خاڵەدا یەکدەگرنەوە. بەڵام بۆ باقی بۆچوونە سیاسییەکانی دیکەیان زۆرتر لە گەڵ هاوڕێێانی حکا و سازمانی کوردستانی ئەوان (کۆمەڵە) نزیکایەتییان هەیە. دیارە بە پێێ ئەو قسە و باسانەی کە لە کۆنفرانسی یەکەم هەیان بوو و من وەک گوێگر لە ئاسۆ ساتەوە بیستم، ئەم هاوڕێێانە هەموویان لە سەر کێشەکان و لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵە وەک یەک بیرناکەنەوە.
من ڕوو دەکەمە ئەم هاوڕێێانە و وەک کۆمەڵەییەک و وەک ئەرکێکی مێژوویی داوایان لێ ئەکەم با لە گەڵ باقی هاوڕێێانی کۆمەڵە، لە لایەنەکانی تر بکەونە دیالۆگ و لە نیهایەتدا خۆیان لە کام لایەن بە زۆری نزیک تر دەبینن با هەوڵ بدەن بۆ یەکگرتن. بە ڕاشکاوی دەڵێم هەل و مەرجی ناوچەکە و ئیران و کوردستان بوونی کۆمەڵەیەکی یەکگرتوو دەخوازێت، نەک کۆمەڵەیەکی لەت لەت کراو!
لە سەر سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران – کۆمەڵە
ئەم هاوڕێێانە کە خۆیان لە باری بیری کومونیستی و خەبات بۆ چینی کرێکاری ئێران و دژایەتی کردنی فیدرالیزم وەک ڕێگە چارە بۆ سڕێنەوەی ستەمی نەتەوایەتی و زۆر شتی دیکە خۆی لە گەڵ باقی باڵەکانی دیکەی کۆمەڵە تەبا نابینێت. بەڵام خۆ وەک دوو یان چەند ڕێکخراوی جیاواز کە خاوەن مێژوویەکی هابەشن، ساڵها پێکەوە لە سەنگەرێکدا هاوخەبات بوون، دەیان و سەدان بیرەوەری تاڵ و شیرینیان پێکەوە هەیە، دەکرێت کۆمەڵێک کاری هاو بەش بکەن. بۆ نموونە دەتوانن لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی لە بەرەیەکی چەپدا هاو خەبات بن. هاتووچۆی یەک بکەن. سمیناری هاوبەش پێک بێنن. با لە گەڵ کۆمەڵەکانی دیکە، کە هیوادارم لە داهاتوودا هەر یەک کۆمەلەمان هەبێت، مەراسمەکانی ڕۆژی کۆمەڵە پێکەوە بگرن. ئاخر ئیستەشی لە گەڵ بێت لە زۆر بواردا کۆمەڵەییەکان نزیکترین کەسن بە یەک. لە سەر سیکولاریزم، لە سەر مافی ژنان. لە سەر ئیسلامی سیاسی، لە سەر پێداگری لە دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و….هتد هاوبیرن.
لە کۆتایی ئەم وتارەدا داوا لە ڕەوتی بەرینی کۆمەڵە ئەکەم کە داوا لە ڕێبەرایەتی باڵەکانی کۆمەڵە بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵە گەورەکەی کۆمەڵە!
ئاخر کۆمەڵە بە تەنیا مڵکی کەس و لایەنێک نییە! کۆمەڵە هیوای هەژاران و بەشمەینەتانی کوردستانە!
کۆمەڵە ڕێبازی پێشکەوتنخوازی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات!
یەکگرتوویی کۆمەڵە، بە هێزتر کردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە!
هاوڕێێان سەدان کادر و تێکۆشەری دێرینی دیکەی کۆمەڵە هەن کە ئیستە کاری ڕێکخراوەیی ناکەن، بەڵام چارەنووسی خۆیان لە چارەنووسی کۆمەڵە بە جیا نازانن و دڵنیام کە قسەی دڵی ئەوانیش هەر یەکگرتنەوەی ماڵە گەورەکەی کۆمەڵەیە!
بۆ ئەم یەکگرتنە دەستی هەموو لایەکتان بە گەرمی دەگووشم! سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات ئەخوازم!
هاوڕێتان عەلی قەنبەری ١٨-١٠- ٢٠١٢ زایینی