"an independent online kurdish website

لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینیەوە کە پژاک دامەزراوە؛ چەند دەستەواژەی نوێیش هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی پارتە رۆژهەڵاتییەکانەوە: ” حیزبی رەسەن و حیزبی ناڕەسەن”، ” هێزی کلاسیک و هێزی مۆدێڕن “.arf-nadri

 سرووشتی سیاسەت لە پانتا و فەزایەکی سالمدا ئەوەیە کە هێزەکان لە ئەگەری ململانیدا بە چالاکیی ئەرینییانەتر و هەوڵدانی زێدەترو هەمەلایەنەتر رەوایی خۆیان جێگیر و تواناییەکانی خۆیان ئاراستەی وەرگرانی خۆیان دەکەن. هاوتەریبیش بە فاکتەوە هەڵەکانی بەرانبەرەکەیان ئاشکرا دەکەن. گەر ئاراستەی هەڤڕکی و ململانییەکان بەم ئاقارەدا بیت دەرخەری ئەکتیڤبوون و زیندووبوونی هێزو گوتاری پێوەندیدار بەو هێزەیە. چۆنکە بە پراکتیک بانگەشەو پرۆپاگاندا بێ بنەماکان بەتاڵ دەکاتەوە. بەڵام مادام لە حاڵەتی دۆشدامانی و دەستەوەستانیی کاتیدا بێ؛ بەجێ بیرکردنەوە لە تواناکانی خۆی، چلۆن مانۆڕدان و چی ئافراندن، گوتارسازی و تێشک خستنە سەر راستییەکان؛ هەوڵدەدا بە میتۆدی هێزە رەقەبەرەکەی دۆخەکە تەمومژاویتر بکات و بە بانگەشەی بێبنەماترو تۆمەت وەپاڵدانی زێدەتر بەربەرەکانیی بکات. ئەمە چەشنە ململانیییە لە فەزای سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێش لە هەر شتێک نیشاندەری ناچالاکی و هەژاریی شێوە گوتاری هێزە سیاسییەکان بۆ دەرکەوتن لە بیاڤی گشتی، دوان لە گەڵ وەرگرانی خۆیان و دابینکردنی خوراکی فیکری بۆ ئەندامانیان بە شێوەیەکی ” رەسەن ” و ” مۆدێڕنە”. لە حالێکدا؛ هەڵسەنگاندن و چاوخشاندنێکی سەر پێیش بە سەر شێوازی کردار؛ گوتارو پارچەکرداری هێزە رۆژهەڵاتییەکان؛ دەرخەری ئەوەیە کە وێڕای هێزی پەنگراوی هەر یەک لەو هێزانەو پتانسییەلێکی گەورە لە کۆمەڵگادا؛ ئەوان بە هەڵوێستی ” ناڕەسەن ” هەم خەساریان لە پوتانسییەلەکان داوەو هەم کەلینەکانیان قووڵترو هەم ساردبوونەوەی سیاسییان لە نێو جڤاکدا پێکهیناوە.

فەزای ململانیی سیاسیی هیزە رۆژهەڵاتییەکان بۆ پێناسەکردنی یەکتر بە جۆرێک بووە کە ئەوان بە جێگەی کەڵک وەرگرتن لە شێوازی شیاو کە هاوکاتیش دەتوانی خزمەت بە گەشەی جڤاکی و هۆشیاریی مرۆڤی و سیاسی بکات. بەئەنقەست رێگایەکی پێچەوانەتریان لە پێش گرتووە؛ کە دەتوانین بە هەوڵدان بۆ ” گەمژەکردن ” ناوی بەرین. تەنیا یەک لایەن ئەمەی نەکردووە؛ هەموو هێزەکان کەم و زۆر ئەم شێوازەیان رەچاو کردووەو دەیکەن. رەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە هێزی کوردی زۆرجار بە شێوەی نەخوازراو یان تەنانەت خوازراویش دەکەوێتە ژێر کاریگەری گوتاری داگیرکەرەوەو لاساییکەرەوەی میتۆدەکانیەتی. داگیرکەر چۆن بەرپەرچی سیاسەت و گوتارەکانی ئەو دەداتەوە؛ ئەویش هەوڵدەدا راست بەو شێوازە بەرانبەر بە رەقەبەر یان نەیارانی دژەکردەوە نیشان بدات.

یەکێک لە هەڵەکانی هێزە بانگەشەکەرەکانی رەسەنایەتی؛ ئەوەیە کە بە جێگەی بەرپرسانەترو نەتەوەییترو ئەکتیڤانەتر دەرکەوتن لە ئاستی پیوەندی بە پرسەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە؛ بەپێچەوانەی میژوو و میرات و گوتاری خۆیان؛ حیزبیانە(بەواتا مۆدێڕنەکەی حیزب نە) و کۆنەپارێزانە دەردەکەون. دۆخێک کە وا دەکات بەشێک لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی بازنەی لایەنگرانی ئەوانن و زۆرێنەی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم دەستەیەدا جێ دەگرن ( بۆیە دەلێم زۆرێنە؛ راستە حیزبەکان لە نێو زۆرێنەدا ئیعتیباریان هەیە؛ بەڵام لە نێو کەمینەدا نفۆزیان هەیە)؛ وا رامان بکەن کە هێزە رەسەنەکان لە ژێر دەسەڵاتی کەسانی ناڕەسەندان.

بۆ نموونە تەنیا بە خێرایی ئاماژە بە چەند هەلوێستی حیزبی دیمۆکرات دەکەین، کە بە باوەڕی من هێشتاش زۆرترین پێگەی جەماوەریی هەیەو لە ئاستی ئیرانی و جیهانیشدا قورساییەکەی زیاتر لە لایەنەکانی دیکەیە. هەروەها لە ئەگەری پەرەسەندنی داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد و وشیاریی زیاتری نەتەوەییدا ئەم پارتە دەتوانێ زێدەتر لە هەموو هێزەکانی دیکە کە هەنووکە لە مەیدانی سیاسەتی رۆژهەتدا بوونیان هەیە، بەهرەمەند بێت. چۆنکە لە هەموو لایەنەکانەوە خاوەنی ئەو بەستێن، زەرفییەت و کاراکترانەیە.

لەم ساڵانەی دواییدا لە ترسی هێزە ناڕەسەنەکان کە مەبەستیان پژاکە؛ هەم ئەوان و هەم لایەنەکانی دیکە ترساون لە هەڵوێستگرتنی گونجاو و بەوەخت. لە هاوێنی ساڵی ٨٤دا لە بەر ئەم ” فۆبیا “؛ کە باشترە ناوی بنین ” فۆبیای پ ک ک “؛ بە نیسبەتی هێزە رۆژهەلاتییەکانەوە. لە هاوێنی ٨٤دا، هەڵویستی بەوەخت و گونجاویان نەبوو. لە زستانی ٨٥دا خۆپێشاندان و شەهیدبوونی کۆمەڵێک لە خەڵکی ماکۆیان کە بۆ پشتگیری لە بەڕیز ئۆجەلان بوو، بە ناڕەزایەتی بۆ چوونە سەرەوی نرخی سووتەمەنی ناو برد. لەهەمبەر رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستاندا و پاشانیش لە دەستبەسەربوونی کەبوودوەندا، هەڵویستی شیاویان نەبوو. لە سێدارەدانی ئیحسان فەتاحیاندا هەر چەند کۆمەڵە بوو بەڵام چۆنکە پژاک مانۆر لە سەر کەیسەکەی دەدا؛ دەستەوەستان بوون. لە مانگرتنی ١٩ی خەرماناندا هەر چەند رۆڵێکی هەرەگرینگیان گێڕا، بەڵام دەستپێشخەر نەبوون. لە کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکییەدا بە جێگەی پیرۆزبایی لە کوردەکان نامەی تەژی لە خۆشەویستییان ئاراستەی ئەردۆغان کرد و بچووکترین ئاوڕیانیش لە کوردەکان نەدایەوە. و…{jcomments off}

لە هەموو ئەو پێکدانانەی کە لە نێوان پژاک و ئیراندا دەهاتە ئاراوەو لەم ساڵانەدا بە دەیان گریلا شەهیدبوون؛ میدیاکانی هێزە رەسەنەکان قەت وەکوو هەوالێش نەیان دەخوێندەوە. وەکوو ئەوەی بڵێ ئەوەی پێوەندیی بە گوتاری پ ک ک وە هەبێ؛ لە چوارچێوەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبێ بسڕدرێتەوەو حاشای لێ بکرێت.

کاتێک مەسەلەی گوشار بۆ سەر موجاهێدینی خەڵقی ئێران هاتە ئاراوە؛ پێش لە خۆدی موجاهێدین هەڵویستیان گرت، بەڵام فۆبیای پ ک ک وا دەکات کە نەتەوەییترین هێزی کوردستانی بەرانبەر بە مانگرتنی سەدان زیندانیی سیاسیی نەتەوەکەی کە لە پێناو دابینکردنی مافە نەتەوەییەکاندا مەترسی مەرگیان لە سەرە؛ زاڤری ئەوەی نەبێت کە هەڵوێست وەرگرێ. ئەگەر پ ک ک بێ هێز بێ و پێگەی لە پارچەکانی دیکەدا نەبێ؛ دڵنیا بن هەڵویستی هێزەکانی دیکە ئەوان بەهێز ناکات. بەڵکوو هەڵویستی هێزەکانی دیکە تەنیا خزمەتکردن بە گەورەبوونی زێدەتری ئەو هێزانەو بەستێن سازی بۆ یەکانگیری و بەهێزتربوونی رۆحی تەبایی و لە یەکتر تێگەیشتن لە نێو کورددا دەکات.

*بەکاربردنی وشگەلی رەسەن و ناڕەسەن و کلاسیک و مۆدێڕن بە هیچ جۆرێک باس لە رای نووسەری ئەم دیڕانە ناکات و ئەو جۆرە دەستەواژانە دەتاشراوی هێزەکان لە فەزای ململانیی ناسالمی نێوانیان دایە. ئەمن وەکوو تاکێک هەموو حیزبەکان لە دیموکرات و پژاکەوە بگرە تا حیزبە ئینترنتییەکان هەموویان بە رێکخراوەگەلێک دەزانم کە باس لە بەشێک لە نێرێنی خەڵکی ئیمە دەکەن. ئێستە چەندە پێگەیان هەیە یان نییانە؛ بەشێکی هەنووکە ئاشکرایە بۆ هەموومان و لە دوارۆژیشدا خەڵکی کوردستان رەسەن و ناڕەسەن و کلاسیک و مۆدێڕن دەستنیشان دەکەن

rov46@yahoo.com.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی