کۆمەڵکووژی ئیندرقاش/ هەنگاوێکی تری پرۆسەی پاکتاوی نەژادی کورد بە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر جار کە باس لە کۆمەڵکووژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا دەکرێ، ناوی قاڕنێ و قەڵاتان زیاتر وەبەر چاو دەکەوێ.
بەڵام جیا لەوەی کە لە سەر کارەساتی قاڕنێش لێکۆنیوەیەکی بەرچاو و باش ئەنجام نەدراوە، زۆر کارەساتی دیکەی لە شێوەی قاڕنێ هەیە کە هەر باسی لێ نەکراوە. کارەساتی ئیندرقاش یەکێک لەوانەیە. رۆژی ١٣-٨-١٣٥٩، هێزێک تەیار بە هەموو جۆرە چەکێک هێرشیان کردە سەر ئەو گوندە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێک دا جگە لە سووتاندن و تاڵان کردنی گوندەکە زیاتر لە ٣٠ کەسی بێ تاوانی ئەو گوندەیان کوشت.
حسێن رەسووڵی ئازەر کە خۆی خەڵکی گوندەی ئیندرقاشە و لە نزیکەوە لە گەڵ کارەساتەکە ئاشنایە، هەوڵێکی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە سەر ئەو کارەساتە دەست پێکردووە. بۆ ئەو مەبەستە وتوووێژێکی کورتمان لە گەڵ ناوبراو دا پێک هێناوە.
سازدانی دیمانە.هێرش ناسری
دەکرێ رێکەوتی درووستی کۆمەڵکوژییەکەی ئیدرقاشمان پێ بڵێی و چی روویدا لەو رۆژە دا؟
رێکەوتی ١٣-٨-١٣٥٩ی هەتاوی، هێزێکی قەرەپەپاخ و بەسیج و پاسدار بە سەرپەرەستی حەسەنی نوێنەری خومەینی لە پاێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بێ هیچ هۆکارێکی تایبەت و بێ ئەوەی کە پێشتر هیچ جۆرە رووداوێک رویدابێ، هێرشیان کردە سەر ئیندرقاش و زیاتر لە ٣٠ کەسیان لە خەڵکی بێ تاوانی ئەو گوندە کووشت. هەروەها شاهیدی زیندوو هەیە کە بە چاوی خۆی بینیوێتی لەو رۆژە دا ئەو هێزە سەڕەرای تاڵان و سوتاندنی گوندەکە دەستدرێژی جنسیشیان کردۆتە سەر ژنان و کچانی ئەو گوندە. بەڵام لە بەر بڕوای گشتی لە نێو خەڵک دا کەس ئامادە نییە باسی ئەو مەسەلەیە بکات.
باشە هێزی بەسیج و پاسدار دیارە کێن، بەڵام قەرەپەپاخ کێ بوون؟
قەرەپەپاخ هێزێکی میلیشیایی درووست کراوی کۆماری ئیسلامی بوون کە زیاتر لە خەڵکی ئازەری ناوچەکانی ورمێ و نەغەدە پێک هاتبوون و لە ژێر فەرمانی “حەسەن”ی ئیمام جومعەی ورمێ و نوێنەری خومەینی بوو. ئەو هێزە جگە لە چەکی گەرم، بە چەقۆ وتەور و تەورداس خەڵکیان دەکوشت. هەر ئەو هێزەش بوون لە گەڵ سپاو بەسیج کۆمەڵکووژییەکی ناوچەی نەغەدەیان ئەنجام دا کە دیارترینیان قاڕنێ و قەڵاتان بوو.
تۆ بۆخۆت شاهیدی ئەو کارەساتە بووی؟
بنەماڵەی ئێمە ساڵیک دوای کارەساتەکە چووینەتە ئەو دێ یە، بەڵام زۆربەی کەس و کارەکەم دانیشتووی ئیدرقاش بوون و ئەو کارەساتەیان بە چاوی خۆیان بینیوە. کە بە داخەوە ئەوانیش وەک خەڵکی دیکەی ئەو گوندە لە بەر هۆکاری ئەمنی ئامادە نین لەمبارەیەوە هیچ بڵێن.
تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لە لایەن ناوەندێکی یاسایی سەربەخۆ و یا حکومەتییەوە نەکراوە و هەروەها خەڵکیش نەیانوێراوە بۆ ستاندنی مافە یاساییەکانیان وەدوای مەسەلەکە کەون.
ئەی بۆچی مەسەلەی کۆمەڵکوژی ئیندرقاش تا ئێستا کەمتر باسی لێ کراوە؟
جیا لەوەی کە خەڵک بە گشتی ترسی هەبووە لە بەدواداچوونی یاسایی ئەو مەسەلەیە و هەروەها زۆربەی ئەو خەڵکەی کە ماونەتەوە دەستدرێژی جنسیان کراوەتە سەر خۆیان یان سەر کەس و کارو نزیکەکانیان، بۆیە لە بەر مەسەلەیەک بە ناوی ئابڕووەوە ئامادە نەبوون هیچ بڵێن. هەروەها ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئەو کات لە ناوچەکە دا حزووریان هەبووە و لە گۆڕەپانی سیاسییش دا بوون، هیچ هەنگاوێکیان بۆ تۆمارکردنی کۆمەڵکووژی ئیندرقاش و ناساندنی ئەو کارەساتە بە خەڵک و جیهان ئەنجام نەداوە. ئەو کات تەنیا یەک هەواڵ لە سەر ئەو کارەساتە و لە رادۆی دەنگی کوردستانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کراوەتەوە.
ئەی بە شێوەی دیکۆمێنتی و نووسراو هیچ بەڵگەیەک لە سەر ئەو کارەساتە هەیە؟
تەنیا جەلیل گادانی، لە بەشی یەکەمی کتێبی ٥٠ ساڵ خەبات دا و لە بەشی بەڵگەنامەکان دا باسی لەو کارەساتە کردووە. ئەویش زانیارییەکانی ناتەواوە. لە بەر ئەوەی کە ئەو کەسانەی ئەو لە کتێبەکەی دا وەک کووژراوانی ئەو کارەساتە ناوی بردوون، ئێستا لە ژیان دان و تەنانەت من ئاگادارم کە یەکێک لەو کەسانە کە کاک جەلیل لە کتێبەکەی دا ناوی هێناوە ئێستا سەر بە بەسیجە. هەروها بیسستوومە کەسێک بە ناوی س.ماکوان، بابەتێکی لەو بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە کە ئەویش کتێبەکەی کاک جەلیلی وەک سەرچاوە هێناوەتەوە کە وەک وتم زانیارییەکانی هەڵەن.
ئەی لە رۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەو کاتی ئێران دا هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵاو کراوەتەوە؟
من زۆرم بە دواداچوون بۆ ئەوە کردووە کە هەر نەبێ وەک کارەساتەکەی قاڕنێ و قەڵاتان، لە سەر کارەساتەکەی ئیندرقاشیش هەندێک شت بڵاو کرابێتەوە. بەڵام هیچ شتێک بڵاو نەکراوەتەوە.
تۆ وەک کەسێکی کە هەم لە نزیکەوە خەڵکی کارەسات دیتوی ئیندرقاش دەناسی تا ئێستا هەوڵت داوە کە بە هاوکاری ناوەندێکی مافی مرۆڤی لێکۆڵینەوەیەکی جیدی لە سەر ئەو کارەساتە بکرێ؟
لە راستی دا من خەڵکەکە لە نزیکەوە دەناسم و سەرجەمیان کارەساتەکەیان لە نزیکەوە بۆ گێڕاومەوە. هەروەها من وێنەی گۆڕی زۆربەی کووژراوەکانم لە لایە کە بەڵگەیەکی زۆر باشە و دەتوانم بیدەم بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ. من پێمخۆشە کە بۆ ئەو مەبەستە یارمەتی هەر ناوەند و رێکخراوێکی یاسایی و مافی مرۆڤی بدەم کە بیهەوێ لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە بکات.
ناوی ئەو کەسانەت لە لایە کە لەو کارەساتە دا کووژراون؟
من ناوی ٣١ کەس لە کووژراوانی ئەو کارەساتەم هەیە. هەروەها چەند کەسێکیش لەوێ میوان بوون و کووژراون کە بە داخەوە ناوەکانیان دیار نییە. بەڵام پێم خۆشە بۆوەی کە زیاتر قووڵایی کارەساتەکە دەربکەوێ شتێک بگێڕمەوە. کەسێک بە ناوی عەبدوڵڵا عەلایی ناسراو بە”عەولا شەل” لە رۆژی کارەساتەکە دا بریندار دەبێ، خێزانی دەبینێ کە مام عەوڵا بریندارە، نازانێ چی بکا، بۆیە داوا دەکا کە ئەو هێزەی هێرشی کردۆتە سەر گوندەکە یارمەتی بدەن و مێردەکەی لە مردن ڕزگاری بێت و دەرمانی بکەن. بەڵام ئەو هێزە بۆ ئەوەی کە جێی مام عەوڵا بزانێ، لە پێش دا دەڵین بیهێنە تیماری دەکەین، بەڵام دواتر لە بەرماڵان و بە برینداری دەیکوژن.
ناوی ئەو کەسانەش بەو شێوەیە:
عەلی قەنبەری
خدر قەیبەری
حەسەن قەنبەری (ئەوانە برا بوون و خێزان داریش بوون)
سەید رەحمان کولەکە فرۆش
حیسمەت دەشتی
مەحمود شێخە
محەممەد بابەکری
رەسووڵ سەیدە
عەلی شێخە
رەحمان مەولوودی”رەحمان کوێتێ)
خوسرەو مام موسا
ئیرەج پاکزاد
زوبێدە عەلایی (دایکی ئیرەج پاکزاد)
سلێمان کەریم سەیدە
کەریم سەیدە (بابی سلێمان)
مەحمود پیرۆتی
حاجی خووسە
حوسێن خووسە (میوانی بنەماڵەی خوسە بووە)
عەلییە خووسە (برا بوون)
ئەحمەد رەسووڵپوور
رەحیم ئەندەرز
ساڵح ئەندەرز (بابی رەحیم)
سەید عەلی قادر حوسەینی
محەممەد مڕە
بیلال سوهراب فەڕ (ناسراو بە بیلال عەجەم کە کەسێکی بەهایی بووە)
سەلاح بەرخانە
عەوڵا عەلایی (عەوڵا شەل)
کەریم عەلایی (کوڕی عەوڵا شەل)
عەوڵا رەحیمی (عەوڵا گۆلە)
عوسمان دیوازی
حوسێن خزر حاجی
هیچی دیکە ماوە لە کۆتایی دا باسی بکەی؟
لە کۆتایی دا پێویستە ئەوە بڵێم کە بەداخەوە تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک لەو مەسەلەیەی نەکۆڵیوەتە. کارەساتی ئیندرقاش درێژەی ئەو کۆمەڵکووژیانەیە کە لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی و لە قاڕنێوە دەستی پێکردو سەرجەم کوردستانی گرتەوە کە ئیندرقاشیش یەکێک لەو گوندانە بووە. لە راستی دا ژینۆسایدێکی بە تەواو مانا لەو ناچەیە کراوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنی مەیدانی هەیە. بەڵام بەداخەوە، جگە لەوەی کە هیچ لەو بارەویەوە نەکراوە، من چەندین جار مێدیای کوردیم ئاگادار کردۆتەوە کە هەر نەبێ بە شێوەیەیەکی کورت باس لەو مەسەلەیە بکەن، بەڵام هیچ کەس بە پیر ئەو داوایە نەهاتووە. ئەوە لە کاتێک دا یە کە چەندین مێدیامان هەیە و ئەوە ئەرکی ئەوانە کە ئەو کارانە ئەنجام بدەن و ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراوە، بکەنە دێکۆمێنت و بڵاوی بکەنەوە.{jcomments off}