پاش ئه‌وه‌ی پێداویستیی لێکنزیکبوونه‌وه‌ی مرۆڤان بووه هۆکارێکی گرنگ بۆ رووبه‌رووبوونەوە‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی سروشت و کاره‌ساته مه‌ترسیداره‌کانی ژیان، یا، به واتایه‌کی دیکه، بۆ باشتر تێکگه‌یشتن و هاوکاری و په‌یداکردنی بژێو، وورده وورده به درێژایی ئه‌و پرۆسەیە چه‌ندین خه‌سڵه‌ت و نیشانه سه‌ریان هه‌ڵدا و چه‌سپان.
سه‌رئه‌نجام به‌رده‌وامیی مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م ره‌وته و قاڵبوونه‌وه له بۆته‌یه‌کدا بووه رۆتینێکی ژیان. ئینجا، به ئامانجی خۆناسینه‌وه و جیابوونه‌وه له‌وانی دیکه، هه‌ستی هاوچارەنووسی و بانگاشه‌ی (ئێمه) رسکا. تاکه‌کانی گرووپی(ئێمه)، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خه‌سڵه‌ت و جیاوازییەکانیان به‌رجه‌سته بکه‌ن، بیریان له په‌نابردن بۆ دۆزینه‌وه و داهێنانی هێما و سیمبۆڵی تایبه‌ت به خۆیان کردەوه. ئه‌رکی ئه‌و هێمایانه‌ش هه‌ڵگرتن و رهنگپێدانهوه و ناساندن و ناسینه‌وه‌ی ئه‌و گرووپ و ده‌سته جیاوازانه بووه.
له مه‌ودای درێژخایه‌نی پرۆسه‌ی مێژووییی گووران و قاڵببهستنی (ئێمه،خێزان،خێڵ، گه‌ل، نه‌ته‌وه)دا، که ده‌ستووری په‌له‌ی ژیان داینه‌مۆی به‌گه‌ڕخستنی بووه، سیما و دیارده‌ی مێژوویی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌له‌ک جاران جوگرافی و زۆر دیارده‌ی دیکه‌ی تایبه‌ت به (ئێمه) له‌و هێما و سیمبۆلانهدا به‌رجه‌سته بوون.
ئێرنست رێنان، زانستکاری ئاینیی فه‌ره‌نسایی1823 ـ1892، له ووتاره به‌ناوبانگه‌که‌یدا “نه‌ته‌وه چییه”، دوای شه‌ڕی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ئێلزاس، له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه ده‌ڵێ: “نه‌ته‌وه بریتییه له پرنسیپێکی گیانی و هه‌ستی و ده‌روونی. دوو خه‌سڵه‌ت، که له‌راستیدا یه‌کن، ئه‌م گیانه دروست ده‌که‌ن، ئه‌م پرنسیپه ههستەکی و ده‌روونییه ده‌خوڵقێنن. یه‌کێ له‌مانه په‌یوه‌سته به رابردووه‌وه و ئه‌وی دیکه‌یان به ئێستاوه.” {jcomments off}
رێنان (ئێمه) به “کۆمه‌ڵگای هه‌ره‌وه‌زی” ناو ده‌بات. لێ له‌و رۆژه‌وه‌ی سۆسیۆلۆگی ئه‌مه‌ریکایی ولیام زامەر (William G. Summer) قسه له‌سه‌ر جیاوازیی ده‌سته‌ی “خۆمان” یان “ئێمه” in-group و ده‌سته‌ی “نامۆ” یاخود “ئه‌وان” out –group وه‌ک نیشانه و جیاکارییه‌کی بنچینه‌ییی هه‌موو گرووپه‌کان ده‌کات، ده‌ڵێ: گرووپی “خۆمان” له لایه‌ن هه‌ستی “ئێمه” وه راگیراوه. که‌واته ئه‌مه ئه‌وه‌یه، که رێنان ناوی (پرنسیپی گیانی) لێناوه. بە قسەی زامه‌ر گرووپی “ئێمه” له رێگای ده‌سته‌به‌رکردنی “پەیوەندی، یا تێکەڵاوی و زێد و هەوارگە و هەستی هاوبەش”، که له نێو ئه‌م گروپه‌دا و بۆ ئه‌م گرووپه کارا بووە، مانا ئه‌به‌خشێ به بوونی خۆی. ئه‌م مانادارییهی گرووپی “ئێمه” هه‌ر له رێگه‌ی نۆرم و شێوازی هه‌ڵسوکه‌وته‌وه دروست ناکرێ، که ئه‌ندامانی گرووپی “ئێمه” پێکه‌وه په‌یوه‌ست بکات، به‌ڵکه له رێی خۆناسینه‌وه به سیمبۆلهکانهوه به‌رقه‌رار ده‌بێ.
به‌م پێیه، دروشم و ئاڵا و سیمبۆل و خه‌سڵه‌ت و چه‌ندین نیشانه و دیارده‌ی دیکه ده‌بنه که‌ره‌سه‌ی پێویستی به‌رده‌وامبوون و خۆپاراستن و پێشکەوتنی دەستەجەمعی. داهێنانی ئەو سیمبۆڵانە، به‌رجه‌سته‌کردن و چەسپاندنیان له هه‌ست و نه‌ست و که‌سایه‌تیی تاکه تاکه‌ی هاونیشتیماناندا، له ئاکامدا ده‌گه‌ن به راده‌یه‌ک، ده‌بنه به‌شێک له ناسنامه و بەخۆنازین و نیشانەی سه‌رکه‌وتنه‌کان و جۆشدانی ژیان و هیواپەیداکردن بە ئاینده‌یه‌کی پرشنگدارتر.
له نێو ئه‌م گروپانه‌دا و له‌م میانه‌وه هاوسۆزی و وابه‌سته‌بوون به نه‌ته‌وه و نیشتمانی هاوبەشه‌وه هێدی هێدی جۆش و خرۆش په‌یدا ده‌کات و ده‌گه‌شێته‌وه و ره‌هه‌ندی هێزی نه‌ته‌وه‌ش وه‌ک ده‌ستاوێژێکی سیاسی تا بێت خورتتر ده‌بێت.
په‌شێو، ئا له‌م ڕوانگەوە، بایه‌خ و قورسایی ده‌خاته سه‌ر چه‌مکی ئاڵا و نیشتمان و سیمبۆڵه‌کانی دیکه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌م چه‌مکانه، به درێژایی ساڵانی پڕ له هه‌ڵه‌مووتی سه‌خت و دژواری گه‌شته شیعرییه‌که‌ی په‌شێو، هه‌میشه میوانی نێو دڵ و هه‌ست و گیان و وێردی سه‌ر زمانی بوون. شاعیر په‌یمانێکی جه‌نتڵمانانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ستووه و به هۆشیارییه‌وه ده‌یه‌وێ کار له‌سه‌ر فه‌راهه‌مکردنی زه‌مینه‌ی ئه‌م بیر و ئایدیایانه بکات. په‌شێو گه‌ره‌کێتی ئه‌م ره‌گه‌زانه له نێو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بکاته مۆرک و بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕی هه‌میشه ئاماده و له رووی فه‌رهه‌نگییه‌وه، بیانکاته راستییه‌کی مانابه‌خش و به سانایی و به‌ڵگه‌نه‌ویستانه بکه‌ونه به‌ر زەین و هه‌ستی تاکی کورد. شاعیر ده‌یه‌وێ ئه‌م به‌هایانه ببنه کارێکی رۆتینی کوردی و شیعری کوردی به‌م چه‌مکانه برازێنێتهوه. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه شاعیرانی دیکه بێبه‌ش بکه‌ین له‌و به‌شدارییه‌ی له‌م کایه‌دا کردوویانه، لێ نه‌خشی په‌شێو له‌م بواره‌دا، به‌و قورساییه هزرییه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه و ئه‌و به‌شداریکردنه کارایه‌ی له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی “مفردات”ی ئه‌و چه‌مک و ئایدیایانه کردوویه‌تی، به‌رچاوتره.
ویست و خواسته‌کانی کورد له ئه‌ده‌به‌که‌ماندا به‌و دیده نه‌ته‌وه‌ییه‌ی، که کتومت ده‌ربڕی باس و ئاخافتن بێ له ئاڵا و نیشتمان کزه، له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه په‌شێو ده‌بێته دیارترین شاعیرمان، که یهکبێن و بێ پرینگانه‌وه و زۆر راشکاوانه سه‌رگه‌رمی تانوپۆچنینی ئه‌م ته‌رزه ره‌گه‌زانه‌یه له ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخماندا و هیچ که‌س نابێته هاوکووفی له‌م مه‌یدانه‌دا.
رۆژگار په‌شێوی هه‌ڵدابێته هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م گێتییه‌وه، ئه‌و به‌ره‌و بێرکوت گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به هه‌ولێردا گوزه‌ری کردووه و له سلێمانی کۆڕی به‌ستووه و بۆته میوانی سابڵاخ و سه‌ردانی ئامه‌دی کردووه و سڵاوی بۆ قامیشلی ناردووه. په‌شێو شاعیری خاک و نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ڵگری ئاڵا و ناسنامه‌ی کورد و کوردستان و رابه‌ری هه‌میشه دیاری ئه‌م مه‌یدانه‌یه. هه‌رگیز نیشتمان له بیری په‌شێو نه‌چووه و مه‌حاڵیشه لێی بزر بێت و له مێژساڵیشه وێڵی کوته ئاڵایه‌کی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییه بۆ نیشتمان. ئاخر په‌شێو له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌رنجی له‌م چه‌مکانه داوه و له‌م پێناوه‌دا گه‌لێ سه‌لیقه و کارامه‌یی شاعیرانه‌ی به‌رزی خه‌رج کردووه. په‌شێو سیزیف ئاسا تا هه‌نووکه له هه‌وڵی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مکانه‌دایه بۆ فه‌زای سه‌روه‌ری و نه‌مری.
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه، وه‌ک هه‌وڵێکی خاکه‌ڕایانه و له چواچێوه‌ی دیدێکی هزری و سیاسییانه‌وه، ئاوڕێک له وێستگه گرنگه‌کانی ژیانی شاعیر له سه‌ره‌تاکانی پێخستنه گێتیی ئه‌ده‌به‌وه تا هه‌نووکه و تێکۆشانه‌کانی شاعیر بۆ تۆمارکردن و به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌م دروشم و هێمایانه ده‌داته‌وه. ئاڵا و نیشتمان په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیکیان پێکه‌وه هه‌یه و سه‌ره‌تا سیمبۆڵی ئاڵا به‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه، پاشان خوێندنه‌وه‌ی چه‌مکی نیشتمان به‌رچاو ده‌که‌وێت.
وێستگه مێژووییه‌کان
15.8.1969
له پێشه‌نگی کهژاوهتا،
ئاڵای خوێنینی مه‌هاباد هه‌ڵکرابوو. ل…. 144
لێره‌دا ئاڵا خۆی له مێژووی خه‌باتی سه‌خت و خوێناویی کوردایه‌تیدا نمایش ده‌کات.
به‌لای په‌شێوه‌وه… که‌ژاوه‌ی خوێناوی به‌ڵگه‌ی مێژوویه‌کی پڕ له مه‌رگه‌سات و قوربانییه و تێیدا لافاوی خوێن دەبێتە سه‌رقافله‌ی کاروانی مان و نه‌مانی کورد. کاتێ له‌م به‌یته وورده‌بینه‌وه تابلۆیه‌کمان دێته به‌رچاو، کە به ره‌نگی سووری خۆی به‌سه‌رهاتی کۆماره جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی کوردستان و لاشه‌ی پیرۆزی پێشه‌وای نه‌مر و هاوڕێ له سێداره‌دراوه‌کانی وه‌بیر ئێمه دێنیته‌وه. هاوزه‌مان زه‌بری کوشنده‌ی داگیرکه‌رمان ده‌خاته‌وه یاد.
ئه‌م کاره‌ساته لای شاعیر هێنده به‌سوێیه، هه‌رگیز هی له‌یادچوون و فه‌رامۆشی نییه.
په‌شێو، بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانێ، نه‌یتوانیوه خۆی له بازنه‌ی خه‌می مێژوو ده‌رباز بکات. ئاخر شاعیر چاک ده‌رکی به‌و راستییه کردووه، کە کورد قوربانیی ده‌ستی مێژووه. ئه‌وه مێژووی ره‌ش و غه‌دره بڕیاری چاره‌نووس و قه‌ده‌رێکی وا سەختی بۆ نەتەوەکەی داوه.
ساتێ ئه‌وه واقعی تاڵ و به زۆر سه‌پاو بێت، ده‌بێ رێگەچاره چی بێ؟ شاعیر به کامه که‌ره‌سه تابلۆی شیعره‌کانی بنه‌خشێنێ؟ بۆ وه‌رامی ئه‌م پرسیاره، ده‌بینین په‌شێو له ده‌وازه‌یه‌کی دیکه‌وه ده‌چێته ناو به‌سه‌رهاته‌کانه‌وه. ئه‌مجاره‌یان شکستی زۆردار و سه‌رکه‌وتنی هه‌ق و کوردایه‌تی به‌رجه‌سته ده‌کات. له‌م چرکه‌ساته‌دا دوای گلان و شکست په‌یامی رابوون و سه‌رفرازی له ئاڵای شه‌کاوه‌دا ده‌بینێ، ئایندهی تژی له رووناکی به‌دی ده‌کات و ده‌ڵێ:
له تنۆکی فرمێسکتدا
ده‌ماری بازووی کاوه‌م دی،
لاشه‌ی که‌وتووی زوحاکم دی،
ئاڵای به‌رزی شهکاوهم دی،
ئاسۆیه‌کی رووناکم دی. ل… 146
ئه‌دی ئه‌وه پێشه‌وا نه‌بوو جگه له مێژوویه‌کی تراژیدیائامێزی پڕ له‌سه‌روه‌ری، ئاڵای کوردستانی له دوژمنان قوتار کرد و به ئەمانه‌ته‌وه راده‌ستی نه‌وه‌ی پاش خۆی کرد؟ ئه‌و نه‌بوو په‌یام و مژده‌ی به‌رده‌وامیی کۆڵنه‌دان و سووربوون له‌سه‌ر خه‌باتی پێ به‌خشین؟ هه‌ر ئه‌و وانه خوێناوییه بوو جارێکی دیکه ئیراده‌ی پۆڵایینی نه‌ته‌وه‌ی به‌رجه‌سته کرده‌وه، وای لێ کرد تا به دوا ئامانجه‌کانی نه‌گات، ده‌ست له تێکۆشان به‌ر نه‌دات. به واتایه‌کی دیکه، مانیفێستی خه‌باتی ره‌وا و به‌رده‌وامی کوردی جاڕ دا. ئه‌م کۆپله شیعره له راستیدا هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی ئیراده‌ی زیندووی ژیانه.
1970
ئاڵا
دۆسته‌کانم! باش بزانن،
دوژمنان! باش بزانن:
چه‌ند باوه‌ڕم به زه‌رده‌شت و
به ئا‌ڤێستا و به خوا هه‌یه،
هه‌زار هێنده‌ش
باوه‌ڕم به هه‌ڵکردنی ئاڵا هه‌یه! ……….ل 248
داخۆ ده‌بێ چ په‌یامێک له‌مه ساده و روونتر به‌رووی یار و نه‌یاردا ووترا بێت!. که‌س هێنده راشکاوانه گوزاره‌ی له هه‌ست و نه‌ستی دڵ و ده‌روونی خۆی نه‌کردووه. په‌یامێکی کورت و مانایه‌کی به‌هێز. با دۆستان گوێی بۆ رادێرن و دوژمنانیش ئاگادار بن! شاعیر ده‌یه‌وێ بە دنیادا جاڕ بدا: هه‌ردوولا لێم بنۆڕن، شه‌رم ناکه‌م، ناسڵه‌مێمه‌وه و هاوار ده‌که‌م. گه‌ر ئایدۆلۆژیا و ئایین و مه‌زهه‌ب یه‌کجار جێی باوه‌ڕی بن، وا ئاڵا و سه‌ربه‌خۆیی هه‌زارجار ئومید و هیوایه‌تی.
لێره‌دا په‌شێو خواهیشتی که‌سی تێدا نه‌هێشتۆته‌وه و یه‌که‌وراست جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌که‌ی له دید و باوه‌ڕی خۆیه‌وه نه‌خشاندووه. لای په‌شێو، خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو پیرۆزییه‌کانی ئاسمان و سه‌رزه‌وی، ده‌که‌ونه پاش به‌ها و گرنگی ئاڵاوه. ئاڵاش له ره‌هه‌ندی خۆیدا وێنای سه‌ربه‌خۆیی قه‌واره‌ی سیاسی و ئازادی و که‌رامه‌تی مرۆیی ده‌کات و سیمبۆله بۆ هه‌بوون و ناسنامه‌ی خاک و نه‌ته‌وه.
22.3.1972 (یەکەم مەهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک)
مناڵه‌کان!
ئه‌ی بێلانه ژینتاڵه‌کان،
شه‌و له خه‌وما رێبوارێک بووم،
بۆ باره‌گای (یۆتان) ده‌چووم.
که ده‌روازه‌که‌ی قووتی دام،
ره‌شم بینی ـ ئاڵای هه‌بوو،
سپیم بینی ـ ئاڵای هه‌بوو،
هه‌رچیم بینی ـ ئاڵای هه‌بوو.
قیژاندییان:
“ئه‌ی بێ وڵات، بۆ ده‌ره‌وه!
ئه‌ی بێ ئاڵا، بۆ ده‌ره‌وه !”
منیش گوتم:
” مه‌قیژێنن!
که ده‌چمه‌وه،
ئه‌م چیرۆکه بۆ مناڵان ده‌گێڕمه‌وه!” ل… 238
چه‌ندم کرد و کۆشام، نه‌متوانی تاکه وشه‌یه‌ک، یان خاڵێک، له‌م تابلۆ به‌رزه شیعرییه بپچڕم، چونکه په‌یوه‌ندیی ئۆرگانیی و هارمۆنیی شیعره‌که رێگه نادات. ناکرێ ملوانکه‌یه‌کی مرواریی بپچڕین و ده‌نک ده‌نک نیشانی بده‌ین و بڵێین ئه‌مه ملوانکه‌یه و قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین، یا، به واتایه‌کی دیکه، ناوێرم له‌و گه‌وهه‌ره شیعره ته‌نیا کۆپله‌یه‌کی بۆ خوێنه‌ر راگوێزم.
ره‌نگه خوێنه‌ر له‌گه‌ڵمدا هاوڕا بێت و بزانێ چه‌ند ئه‌سته‌م و دژواره ئه‌م ناو و چه‌مکانه ”من، مناڵ، رێبوار، باره‌گای یۆتان، ره‌نگ ، قیژاندن، بێ ئاڵایی کورد” به ته‌نیا بخه‌مه به‌ر دیدی.
مناڵ، کاراکته‌رێکی هه‌میشه ئاماده و چالاک و هیوا له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوی نێو شیعری په‌شێوه. مناڵ هێمای ئاینده‌یه‌کی ئاسۆ فراوانتری پڕ له به‌خته‌وه‌ری و چاره‌نووسێکی گهشتتره. منداڵ توخمێکی بێگه‌رده و که‌ڵکی وه‌کاربردنی ماوه و هێشتا به کارتێکردنی سیاسه‌تی کوردی چه‌واشه و سه‌قه‌ت نه‌بووه. منداڵ که‌ره‌سه‌یه‌کی خاوه و ده‌کرێت ببێته هه‌وێنی پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌تر له خه‌ونه زڕ و نامۆکانی دنیای ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قڵی نه‌زۆکی کوردی. ئه‌م شیعره هه‌ڵگری په‌یامێکی مێژوویی و ناسنامه‌یه‌کی خه‌مگینی که‌رامه‌تی رووشاوی تاکی کورد و مێژووی مرۆڤایه‌تییه.
ساتێ په‌شێو له ره‌فتار و گوفتاری کاراکته‌ره‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسەتی کوردی بێ هیوا ده‌بێت، جارێکی دیکه روو له مناڵان ده‌کات و هیوایان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێ و چیرۆکی خه‌مباری و دڵشکاویی خۆی له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ده‌خاته ناو هه‌گبه‌که‌یه‌وه، بڕیار دەدا له گه‌ڕانه‌وه‌یدا مه‌رگه‌ساتی نه‌ته‌وه‌ی بێ ئاڵایان به وردی بۆ بگێڕێته‌وه.
په‌شێو، که ته‌ماشای نه‌خشه‌ی دنیا ده‌کات، له جوگرافیای هیچ کیشوه‌رێکدا وڵاتی بێ ئاڵای وه‌ک کوردستان به‌و زه‌قییه نابینێ. چیرۆکی نه‌ته‌وه‌ی بێ ئاڵاش ئه‌و باسه پڕ جۆشهیه، که هه‌رگیز له بڕانه‌وه نایه‌ت. شاعیر له هه‌ر شوێنێ میوان بوو بێت و به دیداری هەر که‌سێک گه‌یشتبێ، یاخود هەر ده‌رفه‌تێکی بۆ ره‌خسابێ، به سوودی کوردایه‌تی ده‌نگی هه‌ڵبڕیوه و هه‌لی قۆستۆته‌وه و ره‌نگی خۆی نیشان داوه.
5.1973
وه‌ک بیستوومه،
ئه‌و کۆتره مانگرتووه،
له ئاسمانی وڵاتێکی بێ ئاڵادا،
به شریخه‌ی تفه‌نگ نه‌بێ،
قه‌ت له شه‌قه‌ی باڵی نادا! ل… 253
لای په‌شێو هاوکێشه‌که روون و ئاشکرایه، داگیرکه‌ران هەر وان. له زمانی شه‌ڕ به‌ولاوه چ زمانێکی تر تێناگەن. ئەوان هه‌رده‌م به زه‌بری شۆرش و راپه‌ڕین و به ناچاری وڵاتی داگیرکراویان به‌جێهێشتووه. ئینگلیز به‌رگه‌ی خه‌باتی هیندی نه‌گرت، ئه‌وجا هیندستانی چۆل کرد و ئه‌مه‌ریکاش ڤێتنام و …هتد.
سروشتی داگیرکه‌رانی کوردستان، لەبەر هەندێک هۆ، کە ڕیشەیان بۆ کولتووری هەزاران ساڵەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە سروشتی داگیرکەرانی کڵاسیکی جیا دەکرێتەوە. ئاسەوارەکانی سیاسەتی داگیرکەرانی نیشتمانی کورد قورس‌تر و دژوارترن، ئەو جێبرینانەی بە جەستەی زمان و کو‌لتوور و ئابووری و ئاکاری نەتەوەیی و تەنانەت داب و نەریتیشەوە بەجێی دەهێڵن قووڵترن و بە ئاسانی ساڕ‌ێژ نابن. فارس و تورک و عه‌ره‌ب، بە تێکڕایی، به درێژایی 2 هه‌زارساڵ زیاتره شانی گرانی داگیرکاری و رووتاندنهوهیان له کوردستان داداوه. هه‌رگیز به‌ته‌مای بارکردن نین و نایانەوێ ده‌ست له یه‌خه‌ی نیشتمانی کورد بکەنەوە. په‌شێو ئه‌م چیرۆکه باش ده‌زانێ و لێی به ئاگایه، هەر بۆیە، تاکه ئه‌لته‌رناتیف له ده‌ستدانه چه‌ک و لووله‌ی تفه‌نگدا ده‌بینێته‌وه. په‌شێو بۆ خۆی عاشقهشهڕ و خوێنخواز نییه، وه‌لێ له لایه‌ک دڕنده‌یی و چه‌په‌ڵی داگیرکه‌ر و له لایه‌کی دیکه‌وه خۆشه‌ویستیی نیشتمان و نیگای فراوانی سه‌ربه‌خۆییخوازی و پیرۆزیی چه‌مکی ئازادی قه‌ناعه‌تی ده‌ستدانه چه‌کیان لا دروست کردووه.
17.10.1974
کاتێ خوێنم فڕکه‌ی کرد و
وه‌کوو چه‌پکه گڕێک پژا
به‌سه‌ر عه‌ردا،
جه‌للاده‌کان
هاتن… په‌نجه‌یان تێوه‌ردا
هاتن… چیلکه‌یان تێوه‌ردا:
پیتی ناوێکی سه‌ربڕاو،
نه‌خشه‌ی وڵاتێکی دزراو،
تێکه‌ڵاوبوون وه‌ک تانوپۆ.
یه‌کاڵایان نه‌کرده‌وه،
هه‌رچه‌ند په‌نجه‌یان تێوه‌ردا،
هه‌رچه‌ند چیلکه‌یان تێوه‌ردا! ل… 313
له هه‌ر تکه خوێنێکی شاعیردا ناو و نه‌خشه‌ی نیشتمان نه‌خش بووه. په‌شێو خانه به خانه‌ی جه‌سته‌ی له خۆشه‌ویستیی وڵات دارێژراوه. داگیرکه‌ر چه‌ند نه‌خشه‌ی وڵاتی لێ قه‌ده‌غه کردبێ، دیسان په‌شێو په‌نایەک، حه‌شارگه و داڵدەیەکی له جه‌سته‌ی خۆیدا بۆ پاراستن و هه‌ڵگرتنی نیشتمان په‌یدا کردووه. هه‌ر بۆیه‌شه، نیشتمان به نه‌مری له ناخی شاعیردا ماوه‌ته‌وه.
18.1.1979
بۆیه‌که‌م جار، به ئاشکرا،
نه‌خشه‌یه‌کم له دیوار دا
(ئه‌وه‌ی به رۆژ
له ئه‌تڵه‌سی دنیا دزرا). ل…448
له سایه‌ی تانک و تۆپی داگیرکه‌ردا، دوای ماندووبوونێکی زۆر نه‌خشه‌ی دزراوی وڵاته داگیرکراوه‌که‌ی ده‌ست ده‌که‌وێ، ده‌ستبه‌جێ، بێ ترس و سڵه‌مینه‌وه، له ناو خوێن و دڵیدا ده‌یهێنێته ده‌ره‌وه و به دیواری ژووره‌که‌یدا هه‌ڵیده‌واسێ. له‌و رۆژه‌وه هه‌تا ئێستا بێ‌وچان له خه‌باتێکی سه‌خت و دژواردایه و عەوداڵی ئەوەیە، نه‌خشه‌ی دزراو بخاته ناو پێکهاته‌ی نه‌خشه‌کانی دیکه‌ی ئه‌تڵه‌سی جیهان.
25.2.1980
به‌س ته‌ماشای ناوله‌پم که!
خۆ من نامه‌وێ پێم بڵێی
ده‌بم به باوکی چه‌ند مناڵ،
زه‌نگین ده‌بم ، یا هه‌روا لات…
ته‌نیا شتێکم پێ بڵێ:
هه‌تا ماوم وه‌ک تۆ ده‌ژیم،
یاخۆ ده‌بمه خاوه‌ن وڵات؟! ل… 15
په‌شێو به‌وپه‌ڕی په‌رۆشه‌وه وێڵ و سه‌وداسه‌ری نیشتمانه. خه‌می بێ‌وڵاتی هەمیشە سه‌رتۆپی ژانه قورسهکانێتی و گینگڵی پێوه ده‌دا. نه چاوترووکانێ بە کامی دڵ پشوویەک دەدا، نه لەسەر بسته زهمینێکیش پرسی نیشتمان یەخەی بەردەدا. ئازاری ئه‌م خه‌مه‌ی شاعیر هێنده به سوێیه، ته‌نانه‌ت سکاڵای دڵی خۆیشی لای قه‌ره‌جێکی بێ وڵات ده‌کا. ده‌ترسێ خۆشی وه‌کوو قه‌ره‌جێک هه‌میشه نیشتمان له کۆڵ و ئاواره‌ی وڵاتان بێت.
19.12.1980
مه‌زاد… مه‌زاد…
هه‌رچیم هه‌یه، هه‌مووی مه‌زاد….
به پارچه‌یه‌ک په‌ڕۆی ساده،
که هه‌ڵبکرێ و بشنێته‌وه
له‌سه‌ر بستێک زه‌ویی ئازاد!
مه‌زاد…مه‌زاد…
هه‌رچیم هه‌یه… هه‌مووی مه‌زاد! ل… 53
شاعیر هه‌موو ئه‌و به‌ها و که‌ره‌سانه‌ی لای من و تۆ نرخیان هه‌یه ده‌یانخاته مه‌زاده‌وه و ئاماده‌یه بە پارچەیەک په‌ڕۆیان بدا!! شاعیر لێره‌دا به روواڵه‌ت هه‌ڵگری سیفه‌تی بازرگانێکی ناشی و بێئاگایه، مامه‌ڵه‌یه‌کی نه‌زانانه به‌و هه‌موو شته جوان و به‌قیمه‌ت و نازدارانه‌ی هه‌یه‌تی……. ده‌کات له پێناوی کوته په‌ڕۆیه‌کدا.
نا، براله، پهشێوێک ژیان و مردنی خۆی به خۆشه‌ویستی خاک و نه‌ته‌وه‌که‌یه‌وه گرێ دابێ، له‌سه‌ر سه‌کۆی تێگه‌یشتنێکی به‌رزه‌وه له پیرۆزی و به‌های ئاڵا بڕوانێ، ئاڵا بیبیله‌ی چاوی بێ و نیشتمان هێز و هه‌ناوی بێ، دیارە باش له مه‌سه‌له‌که گه‌یشتووه و گه‌لێ ژیرانه مامه‌ڵه و سه‌ودا له ته‌ک قازانج و زیان ده‌کات. ئەو هه‌م هه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات، هه‌میش به سانایی تاڵانفرۆشیان ناکات .
ئه‌و پارچه په‌رۆیه، مایەی شانازی و سیمبۆلی پڕ له به‌های نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌و کوته په‌ڕۆ نه‌خشاوه به ره‌نگی سوور و سپی و سه‌وز ، له نێوه‌ندیدا تیشکی خۆرێکی زه‌رد، به 21 چوکڵه‌وه پێی ده‌وترێ ئاڵا. بۆ گەلێک لەسەر خاکی خۆی بژی، ئاڵا شتێکی کەمالی نییە، بەڵکو سەرەتایە دروستەکەی ڕێی پێشکەوتنی مادی و مەعنەوییە. نەبوونی ئاڵا بۆ کورد ئەوە دەگەیەنێ، کە تۆ ڕەنجبەری گەلێکی دیکەی لە خۆت بەهێزتر و لێوەشاوەتری. هەر گەلێکیش لەسەر خاکی خۆی، لەناو ماڵی خۆی، قایل بێ بە ڕەنجبەریکردن بۆ گەلێکی دی، ئەو گەلە هیچی هی خۆی نییە و ئەوەی هەشیەتی کۆیلەدارە سەردەستەکە بە منەت پێی داوە و هەر ساتێک ئارەزوو بکا لێی دەسەنێتەوە.
په‌شێوی شاعیر، چونکه به‌رده‌وام سه‌وداسه‌ری راستگۆیانه‌ی خۆشگوزه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی، به دووی به‌خته‌وه‌ریدا عه‌وداڵه. هۆشیارانه ده‌رکی به گرنگی ئاڵا کردووه، بۆیه‌کا هه‌ر هه‌موو شتێکی کردۆته قوربانی… لۆژیکی هاوکێشه‌که پێچه‌وانه خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه. گه‌ر کورد له سنووری وڵاتێکی به‌ره‌سمی ناسراودا، خاوه‌نی ئاڵای شه‌کاوه‌ی خۆی بێت، ئه‌وجا ده‌بێته خاوه‌نی هه‌موو شته پیرۆز و به‌نرخ و جوانه‌کانی دیکه. ئه‌وده‌م په‌شێویش ناچار نابێ کڵاوی زێڕین و خه‌نجه‌ری ده‌بان و پشتێنی پۆپه‌شمین و که‌وای سوورمهچنی خۆی و وڵاته‌که‌ی هەرزانفرۆش کات. له بری ئەوەی بیانباتە مەزاتخانە، له مهحکهمترین و رازاوهترین مۆزه‌خانه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردستاندا دەیان پارێزێ.
12.9.1984
موفاوه‌زات
ئه‌ی گوایه بۆ دڵخۆش نه‌بین؟
ئه‌ی گوایه بۆ هه‌ڵنه‌په‌ڕین؟
چیمان که‌مه؟!
وا که‌شتیمان روو له که‌نار، پشت له بایه،
خێروبێری کۆمپانیای خوێن
شه‌پۆل داوێ، بنی نایه،
سه‌رمان به‌رزه وه‌ک ئاڵامان،
هاوڕێی هه‌ور و لووتکه‌ی چیایه! ل…113
مێژووی گفتوگۆ یا موفاوه‌زاتی کورد له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی دۆڕاو به‌ولاوه هیچی دیکه‌ی لێ به‌رهه‌م نه‌هاتووه. چونکه سه‌رانی حیزبی کوردی، به خێرێ له سێبه‌ری داوای ئۆتۆنۆمیدا بۆ مافی کورد له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا دهستبهتاڵانه و شه‌رمنانه و زه‌لیلانه که‌وتوونه‌ته موفاوه‌زات. بێ ئه‌وه‌ی سه‌نه‌دی تاکه ده‌ستکه‌وتێ به‌ده‌ست بهێنن، زۆر پۆزه‌تیڤانه ده‌که‌ونه په‌سندانی داگیرکه‌ران، چاوه‌ڕێن داری زڕ به‌ریان بۆ بگرێت. به کورتی و کرمانجی زۆر زوو ده‌بن به‌داوی گرێی خۆ به‌که‌مزانی و برابچووکییهوه.
جارێکی دیکه ئاڵا سه‌ربڵند و شکۆمه‌نده، بۆیه ده‌بێته مایه‌ی شانازیی په‌شێو. شاعیر خۆی له سه‌نگه‌ری گه‌لدا ده‌بینێته‌وه، لۆما به کۆ قسه ده‌کات.
30.4.1991
زۆری نه‌برد،
هه‌ڵیکرده کزه‌بایه‌ک،
بینیم… په‌لکه‌زێڕینه
شه‌کایه‌وه و بوو به ئاڵا! ل… 250
به‌هاری 1991 له باشووری وه‌ک هه‌ر وه‌رزێکی دیکه‌ی ساڵانی رابردوو نه‌بوو.
سته‌می به‌عسی عێراقی ده‌رهه‌ق به کورد به چڵه‌پۆپه‌ی تاوانکاری گه‌یشتبوو. رۆژی 1991.3.5 جه‌ماوه‌ری کورد خرۆشا و شاری رانیه بووه ده‌روازه‌ی هه‌ڵڕشتنی رق و تووڕه‌یی کورد به‌سه‌ر داموده‌زگاکانی به‌عسدا. له چه‌ند رۆژێکدا کوردستان له داگیرکه‌ر پاککرایه‌وه و ئاڵای ره‌نگین له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا شه‌کایه‌وه. ئه‌مه ئه‌و چرکه‌ساته مێژووییه بێهاوتایه بوو، که په‌شێو ساڵانێکی دوور و درێژ بوو بۆی ده‌ژیا. له گه‌ڵ هه‌ڵاتنی ئه‌م رۆژه پیرۆزه‌شدا شاعیر هێندێک به ووریاییه‌وه باوه‌شی گه‌رمی بۆ ده‌کاته‌وه، ئاخر ئەو ماهییه‌تی حیزبی کوردی چاک ده‌ناسی، بۆیه‌کا ده‌بینین به دیقه‌ته‌وه و زۆر کارامانه ده‌سته‌واژه‌ی کزه‌بای به‌کار هێناوه. کزهباش به وه‌رز و کاتییه، به‌سه‌ر ده‌چێ و نامێنێ. ئا له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه له کۆپله‌کانی دواتردا، پێناسه‌ی ره‌فتار و بیرکردنه‌وه‌ی حیزبی کوردیمان بۆ ده‌کات و ده‌ڵێ:
1994
به‌یانی هه‌ڵسام،
ده‌ست شەتهکدراو…
پێ شه‌ته‌کدراو…
ده‌م شه‌ته‌کدراو…
به زیندوویه‌تی ئاوه‌ڕووتکراو…
چه‌می ئومێدم بوو به ئاوه‌ڕۆ
ئاڵای شهکاوهم بوو به دوو په‌ڕۆ! ل… 432
ئاڵا لای په‌شێو جارێکی دیکه‌ش ده‌بێته‌وه به پیرۆزترین سیمبۆڵ. ساتێ حیزبی کوردی پارچه په‌ڕۆ، یا هێمای حیزبی‌یان له ئاڵای نه‌ته‌وه لا پیرۆزتر ده‌بێت، شاعیر ئه‌مه به دوا پله‌ی شکسته‌کان و به نزمترین ئاستی هۆشیاری و لاوازترین ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ستبوون به نه‌ته‌وه‌وه داده‌نێ.
نەک هەر رۆڵەی هیچ میلله‌تێ، بگرە حیزبی هیچ میللەتێکیش، ئاڵای نهتهوەکەی خۆی بە پارچە پەڕۆی حیزب ناگۆڕێتەوە و لە ڕۆژگارێکی چارەنووسسازدا په‌ڕۆی حیزب له‌بری ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی بڵند ناکا و رێگه‌ش به‌وه نادا ئومێد و ئاره‌زووی گه‌ل ببێته ئاوه‌ڕۆ .
ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌په‌ڕۆی حیزبی له تاوانی کوردکوژیدا تۆماری کرد، دزێوترین و چه‌په‌ڵترین لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی هاوچه‌رخی کوردی گرتۆته‌وه و چەپەڵ کردووە.
خه‌ونێکم دی :
له‌و خه‌وه‌دا ئاهرومه‌زده گه‌ڕابۆوه
نیشتمانی کهفناری کورد
هه‌وری ئاسمان لاڵوپاڵ بوو
له‌به‌ر زرمه‌ی گه‌ڕی شایی و
هاتوهه‌وی شاسواری کورد
به‌یانیان ئاوێزانی گزنگ بووم،
تێمده‌چریکاند بۆ خاک، ئاڵا، ئاکاری کورد
ئێوارانیش رێی ژوانم گوڵڕێژ ده‌کرد
بۆ کوڕگه‌ل و کیژوکاڵی دڵداری کورد ل… 444
له سۆنگه‌ی بارودۆخی نه‌ته‌وه‌وه شاعیر به‌ده‌گمه‌ن ئاسووده‌یه. به‌خته‌وه‌ریی ئه‌و ده‌رئه‌نجامی کامه‌رانیی میلله‌ته‌که‌یه‌تی و ته‌نانه‌ت لەو چرکه‌ساته دەگمەنانەشدا، کە شاعیر خەونێکی خۆش دەبینێ، ئا لەو ساتانەشدا هەر سروود و گۆرانی بۆ نیشتمان و ئاڵای شه‌کاوه‌ی ده‌چڕێ.
لێ کاتێ به‌ره‌ی دژه کوردایه‌تی ده‌که‌وێته سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میلله‌ت و پێشێلکردنی مافه‌کانی و سووکایه‌تیکردن به هێما پیرۆزه‌کانی، ئه‌وده‌م په‌شێو به زمانێکی زبر، بێ سڵوکۆکردن و پرینگانه‌وه له هیچ هێزێک، ده‌که‌وێته ره‌خنه‌گرتن له ره‌فتار و گوفتاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته. سروشتی ئه‌و حیزبانه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر به‌ها پیرۆزه‌کانی نه‌ته‌وه سازشیان کردووه و به‌رده‌وام ده‌یکه‌ن لای په‌شێو نامۆ نه‌بوو و نییه. ئه‌وه‌تا له‌م کۆپله کورته‌دا مکوڕه له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته ناسراوه‌کانی خۆی و پێناسه‌ی ئه‌و ده‌سته و تاقمهمان ده‌خاته به‌رده‌ست و ده‌نووسێ:
دۆبڕن…دۆبڕن…دۆبڕ!
بڵێ: هانێ،
ئه‌مه ئاڵای سه‌فرازی،
ئه‌وان کفنت بۆ هه‌ڵده‌که‌ن.
بڵێ: هانێ،
ئه‌مه که‌وسه‌ری سه‌رکه‌وتن،
ئه‌وان ژه‌هری تێشکانی تێکه‌ڵ ده‌که‌ن. ل… 451
1965
تف له‌و به‌ژنه، له‌و باڵایه،
له‌و سه‌ر و مله واڵایه،
تف له‌و دڵه پڕ،سستییه
که هه‌ر فێری ژێرده‌ستییه!
تف له جوانیی ئه‌و دوو چاوه،
که بۆ چاوبازی خوڵقاوه..
نابینێ نیشتمانه‌که‌ی…
ئازاری خاکه جوانه‌که‌ی.
تف له‌و گوێچکه، چه‌ند سه‌گساره!
چه‌نده مووچه بۆ ده‌نگی پاره!
به‌ڵام دووره له بیستنی
کوردایه‌تی و په‌رستنی ل… 29
په‌شێو، له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی نیشتمان، نزیکترین هاوڕێی خۆی ده‌داته به‌ر رێژنه‌ی ره‌خنه و ئاماده نییه له کونجێکی دڵه پڕ له خۆشه‌ویستییه‌که‌یدا شوێنێکی پێ بدات، کاتێ دەبینێ ئەو هاوڕێیەی هیچ هه‌ست و سۆزێکی بۆ جوانیی نیشتمان و ئازاری گه‌له‌که‌ی خۆی نییه و گوێ بۆ بانگی کوردایەتی شل ناکا.
29.11.1979
نیشتمانم!
تۆ وه‌ک تانه‌ی له‌سه‌ر چاوم.
تۆ وه‌ک ته‌می،
له گشت لاوه ده‌ورت داوم.
تۆ ئاوێنه‌ی ـ
له‌ناو تۆدا هه‌موو دنیا به‌دی ده‌که‌م،
تۆ ته‌یمانی ـ
به هۆی تۆوه هیچ نابینم:
نه که‌ل ده‌بینم، نه زه‌وی،
نه خوا ده‌بینم، نه ئاسمان…
جا نازانم
نه جیهان وه‌ک تۆ بچووکه،
نه تۆ گه‌وره‌ی به‌قه‌د جیهان.
نیشتمانم ـ ک و ر د س ت ا ن ! ل… 468
په‌شێو له په‌سندانی نیشتمان هه‌رگیز هه‌ناسه‌سوار نابێ و ماندوێتی نازانێ و شه‌رم له کات و شوێن ده‌رهه‌ق به خۆشه‌ویستیی نیشتمانه‌که‌ی ناکات،که مێشکی خۆی پێ زاخاو داوه و شیاوترین پله و پایه‌ی له هزریدا بۆ ته‌رخان کردووه.
دیاره نیشتمان لای مرۆ، له‌به‌رده‌م حوکمی دوو تێڕوانینی جیاوازدا، قه‌تیس ده‌مێنێ. ده‌کرێ به خۆشه‌ویستی لێی بڕوانێ، یاخود به رک و کینه‌وه. په‌شێو هه‌رگیز نیشتمانی لێ بزر نه‌بووه و به هیچ جۆرێ له هه‌گبه‌ی کۆڵی داینهگرتووه و تا دوا که‌وشه‌نی هه‌ناسه و ژیان به جه‌سته‌یدا رۆچووه و هۆگری بووه. بیر و هه‌ستی شاعیر به راده‌یه‌ک ئاوێته‌ی ئه‌ڤینی وڵات بووه، به دژواری ده‌توانرێ گوزاره‌ی لێ بکرێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م عه‌شقه به ئه‌ندازه‌یه‌ک پیرۆزه، بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی په‌شێو به هه‌موو هێز و توانایه‌وه و له دڵه‌وه رکی له دوژمنانی نیشتمانه‌که‌ی بێت.
ئه‌و نیشتمانەی هه‌میشه له‌ته‌ک هیوا و خه‌ونه‌کانی په‌شێودا ئاماده‌یی هه‌یه، نیشتمانێکه نزیکه‌ی500000 هه‌زار کیلۆمه‌تر چوارگۆشه زیاتر و ٤٠- ٥٠ ملیۆن مرۆ له‌سه‌ری ژیان ده‌گوزه‌رێنێ و هەزاران روبار و ده‌ریاچه و کانی و دارستان و باخ وکێڵگە و بێستان و که‌ره‌سه‌ی خاوی تێدایه و به ئاسمانی‌دا ملیارده‌ها باڵنده هه‌ڵده‌فڕن و هێندەش زینده‌وار بە سەر زەوییەکەیدا دەخشن .
18.1.1982
ئاسمانی تۆ ـ به‌رپێی خۆته،
سه‌رت شۆڕ که،
ملت که‌چ که،
چاو مه‌گێڕه
بۆ ئاسمان و ئه‌ستێره و خوا ـ
ئه‌وه‌ی بستێک خاکی نه‌بێ
خوا و ئه‌ستێره و ئاسمانی کوا؟! ل… 16
مرۆی بێ نیشتمان نابێته خاوه‌نی هیچ سه‌رمایه‌یه‌کی تر له‌م گه‌ردوونه فراوانه‌دا، که‌واته، با سەر بەرەو ژوور هەڵنەبڕێ، له هه‌ساره‌کانی دیکه‌دا به‌دوای ئه‌ستێره و مانگ و رۆژ و خوادا نه‌گه‌ڕێ و خۆی ماندوو نه‌کات. جڵەوی خەیاڵی ڕۆمانسییانەی خۆی بەرەو ئاسمان شڵ نەکا، لە کاتێکدا زەوییەکەی ژێر پێیان داگیر کردووە و زات ناکا بڵێ ئا ئەم بستە زەوییە هی منە!
گه‌ر نیشتمان سنوورێکی ناسراوی به ره‌سمی نه‌بێت و له چوار لاوه داگیر کرابێ، ئیدی گه‌لێ شت مانای خۆیان لەدەست دەدەن. به‌ها و جوانی سیمبۆڵه‌کان لای په‌شێو گرێدراون به پارچه خاکێک له‌سەر ئەم گۆی زەوییە، که به نیشتمان ناسراوه. وڵات ناسنامه‌یه و گه‌ر مرۆڤ له‌م پیرۆزییه بێ به‌ش بێت شته ماکی و مینۆکییهکانی دیکه، سه‌رله‌به‌ریان دەژاکێن، پووچ و چرووک دەبن. سه‌رچاوه‌ی داکۆکیی په‌شێو لە خاک لەسەر بنەمای ئه‌م فاکتانەن ، نه‌ک راگوزه‌رانه هه‌ڵوێستی وه‌رگرتبێ.
5.8.1980
هێنده باسی نیشتمانی خۆم بۆ کردی،
هه‌تا گیانت لیوانلێو بوو له ئه‌ڤینی.
به ئاواتی جارێک بچی،
چاو بڕێژی به شار و دێی،
ده‌ستێک بده‌ی له برینی؟
که من کپ بووم،
کپیم زین که،
ته‌ماشام که و زه‌نگۆ لێده:
نیشتمانم خڕ ده‌بینی ل… 36
سەربردەی خۆشه‌ویستیی نیشتمان له هزر و رامان و ئه‌ندێشه‌ی په‌شێودا چیرۆکێکه بێ کۆتایی. هه‌ر وه‌ک چۆن ئاوی زه‌ریا له بن نایه‌ت، خۆشه‌ویستی و پیاهه‌ڵدان له ژینگه و مه‌مله‌که‌تی شاعیردا هه‌رگیز چۆڕبڕ نابێت. ئه‌ڤینی وڵات ژانرێکی ئه‌ده‌بی و تێشووی سه‌خت و پێخۆری باوه‌ڕی به‌رز و گه‌شی کوردایه‌تییه. ئه‌م عه‌شقه‌ش دووره له زمانی دبلۆماسی و مانۆڕی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سەکی، به‌ڵکه زاده‌ی قه‌ناعه‌تێکی قووڵی تۆکمه و خۆنه‌ویستانه‌یه.
18.12.1980
ئه‌ی کهڵهکێوییهکهی باکوور!
بێده‌نگ مه‌به، بچریکێنه،
ئاسمانی به تریاک نوسستوو راچڵهکێنه!
که دێمه سه‌ر لووتکه‌ی ده‌نگت ـ
هه‌ر په‌ڵه‌هه‌ورێک له‌به‌ر که‌م
زرێیه‌کی پڕ به به‌ره،
هه‌ر گزنگێک رمی ده‌سته،
هه‌ر ده‌وه‌نێک بۆم سوپه‌ره،
هه‌ر زنارێک ئه‌سپی شێێه،
وه‌ک برووسکه لهسهرپێێه،
له نیشتمانی لهتلهتما
دارێک بدزن،
به‌ردێک بدزن،
جێم بڵنده و ئاگام لێێه! ل… 50
کاتێ نیشتمان بیبیله‌ی چاوی په‌شێو بێ، ئەوا سه‌راپای، درێژایی و به‌رزایی و قوڵاییەکەی ئەو نیشتمانە، به نیگایه‌ک ده‌بینێ.
له‌م شاکارهشدا، که بۆ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره شڤان په‌روه‌ر گوتراوه، په‌شێو خۆی به پاسه‌وانی هه‌ر بسته زه‌مین و دار و به‌ردێکی سه‌رتاسه‌ری نیشتمان داده‌نێ. راسته، کوردستان داگیر و دابه‌شکراوه، لێ هه‌موو سنووره ته‌لبه‌ند و پاسه‌وانه دێ‌و و درنجه‌کانی ناتوانن ببنه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌ست و گیان و بینایی چاوه‌کانی شاعیردا. هیچ کام له‌و کۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌ستکردانه، له رووی ماکی و مینۆکییهوه، له هزر و ئاوه‌ز و خه‌یاڵی شاعیردا بوونیان نه‌سه‌لمێندراوه. هه‌تا ئه‌م چرکه‌ساته، شاعیر ئه‌و دیاردانه به ناسروشتی و ناهه‌ق و ستهمئامێز هه‌ژمار ده‌کات و هه‌رگیزا و هه‌رگیز له‌سه‌ر نه‌خشه و خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی په‌شێو نابنه دێفاکتۆ.
15.1.1982
منیش زراوم رژاوه!
ده‌ترسم له سه‌ره‌مه‌رگا
سییه‌کانم بزریکێنن
بۆ تۆسقاڵێک هه‌وای وڵات.
ده‌ترسم بمنێنه خاكێک
نه من ئاشنای بۆنی ئه‌و بم،
نه زمانم ئه‌و تێی بگات ! ل… 75
ژیانی ئاواره‌یی دوور له نیشتمان بۆته ترسێکی کوشنده‌ی نێو دڵی هه‌ر کوردێکی دابڕیندراو و ده‌ربه‌ده‌رکراو. په‌شێویش له‌م مۆته‌که‌یه به دوور نییه و زراوی له‌وه چووه تا دوا ساته‌کانی ژیان ئه‌م دوورییه فیزیکییە له نیشتمان درێژە بکێشێ، ئەو نیشتمانەی چرکه به چرکه هه‌ناسه‌ی بۆ ده‌دات. خه‌م و ئازاره‌کانی رۆژانه وه‌ک شه‌کرۆکه دادهکرۆژێ. گرێیه‌کی تر، که ده‌روونی شاعیری که‌یل کردووه، ئه‌و ناسۆره‌یه ساتێ به‌ره‌و دواهه‌واری ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌خرێته ئامێزی گه‌رمی نیشتمانی دایکی خۆی و سییه‌کانی به سروه‌ی شه‌ماڵی کوردستان پڕ نه‌کات.
شاعیر ده‌زانێ، جگه له خاکی کوردستان، گۆڕی له‌سه‌ر هه‌ر زه‌مینێکی دیکه بێت، بۆنی نیشتمانی لێ نایه‌ت و بخرێته ژێر هه‌ر زه‌وییه‌کی دیکه‌وه نه ئه‌و ئاشنای بۆنی زەوییە نامۆیەکە دەبێ، نە زەوییەکەش لە زمانی ئەو حاڵی دەبێ. په‌شێو نایه‌وێ غه‌ریبی ببێته نیشتمانی. ئاسووده نابێت لاشه‌که‌ی بخرێته باوه‌شی هیچ شوێنێکی دیکه.
13.4.1989
نیشمانی من:
هێلانه‌ی خۆره،
پڕشنگهجاڕه.
سه‌رم …. سه‌ر نییه:
گوڵه‌به‌رۆژه‌ی هه‌میشه لاره! ل… 141
به زمانێکی پاراو و روانگه‌یه‌کی پڕ له ئومێده‌وه و به هه‌ستێکی له خۆڕاپهرموونهوه په‌شێو ده‌که‌وێته پێناسه‌کردنی نرخ و به‌های نیشتمانه‌که‌ی.
سه‌ره‌تا به خۆری چواندووه، خۆریش له میتۆلۆژیای کوردی‌دا سه‌رچاوه‌ی ژیان و شایانی په‌رستنه. نیشتمان هه‌ساره‌ی دره‌وشاوه‌ی خۆره و مه‌ڵبه‌ندی تیشکهاوێژی رووناکییه. بۆ خۆشه‌ویستیی ئه‌م نیشتمانه به پیت و فه‌ڕه‌ی پڕ له میهر و جوانییه، شاعیر ده‌ڵێ:
مارتی 1990
نیشتمانی من شانیشتمان بوو،
ئاخ، سه‌ده‌ی پیتڕۆل،
ئاخ ، گاز و گیمیا!
ئاخ چی‌یان لێ کرد:
ته‌ره‌سی عۆجه و
گای بنه‌ی خۆیی و
گه‌وادی دنیا……… ل151
جوانی، خۆشی و پیرۆزی ئه‌و سیفه‌ته هێژایانهن، که ده‌کرێ به په‌سندانی نیشتمان ره‌وا ببینرێن. لێ ساتێ وڵات، بە هەموو دیمه‌نه جوانه‌کان و سیفه‌ته بێهاوتاکانییەوە، به‌ر شاڵاوی داگیرکه‌ر دهکەوێ, ده‌شێوێندرێ و بە سۆتەک ده‌کرێ ، وه‌ختێ ملهوڕانی ناوخۆش ناحه‌زی به‌رانبه‌ر ده‌که‌ن و سیمای بریندار ده‌که‌ن، کوردستان دەبێتە تاریکستان و دۆزه‌خی ژیان.
کوردستان رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ی سێ به‌ره‌ی جیاواز بۆته‌وه. هه‌ر لایه‌کیش به شێواز و میکانیزمی خۆی دوژمنایه‌تییه‌که‌ی پیاده ده‌کات: داگیرکه‌ری عۆجه‌یی و به‌کرێگیراوی ناوخۆیی و چاوچنۆک و بێوژدانانی دنیا.
20.3.1992
نه‌خشه
مناڵه‌کان،
کتێبه‌کانتان وه‌لانێن!
کاغه‌زێک و هه‌ندێک قه‌ڵه‌م
له به‌رده‌می خۆتان دانێن.
وێنه‌ی په‌ڵه هه‌ورێک بکه‌ن ره‌نگاوره‌نگ بێ.
با له سه‌ری هه‌سپێک بکا،
مووگزنگ و چاوپهرهنگ بێ.
پهڵهههورهکهم نیشان دهن!
له چی ده‌چێ؟
سه‌ری هه‌سپێ؟
تا شل ده‌بن ته‌ماشای که‌ن،
با له مێشک و خوێن بچه‌سپێ. ل… 182
په‌شێو جارێکی دیکه هیواکانی به پێگه‌یشتنی مناڵه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. چاوه‌ڕێیه له سایه‌ی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌ی دروستدا، مناڵ به کێشانی نه‌خشه‌ی نیشتمان فێر بکرێ و بهێنرێته به‌ر بار. دەیەوێ مناڵان نه‌خشه‌ی وڵات هێنده بکێشن و دووباره‌ی بکه‌نه‌وه و لێ بڕوانن تا به قووڵی له ئه‌ندامه‌کانی جهستەیاندا ده‌یچه‌سپێنن و له مێشک‌دا دەینەخشێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو چاو ترووکاندنهکاندا بێتەوە یادیان و له بیر و ئه‌ندێشه‌یاندا ئاماده‌یی هه‌بێت. دەیەوێ ئەو نەخشەیەی، که لە سەری هەسپێک دەچێ له خوێنیاندا بکه‌وێته گه‌ڕ و ده‌ورانی خۆی ته‌واو بکات و کامڵ بێت، چونکە تەنیا له پرۆسێسێکی ئاوه‌هادا ئاڵا و نیشتمان و بنه‌ما و سیمبۆڵه‌کانی دیکه ده‌بنه به‌شێکی زیندوو و لای تاکه تاکه‌ی هاونیشتیمانان، له ژیانی رۆژانەیاندا، ده‌بنه فه‌رهه‌نگ و رۆتین، مامه‌ڵه‌یان به دروستی و بەڕێزەوە لەگەڵدا دەکرێ و به‌رز و به نرخ رادەگیرێن . ئا له‌مه‌وه‌یه ده‌توانین ببینه گه‌واهی ئه‌وه‌ی، کە چه‌مکی ئاڵا و نیشتمان له هێکڕا و لە بۆشاییەوە لای په‌شێو دروست نه‌بووە، به‌ڵکه زاده‌ی باوه‌ڕ و ئیمانه.
که‌واته ئه‌مانه‌یه جوانی و مانا و به‌ها و ره‌هه‌ندی سیمبۆڵه‌کانی ئاڵا و نیشتمان لە شیعره‌کانی مامۆستا په‌شێودا.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رنجێکی پێویست:
له ده‌می نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا، کە هاوینی 2012 و جامی ئه‌وروپای یاریی تۆپێن له وڵاتی پۆلۆنیا و ئۆکرانیا به‌ڕێوه ده‌چێ. بۆ وێنه له شارێکی وه‌ک به‌رلین ملیۆنان هاوڵاتی ئاڵمان هه‌یه. هەر بابایە لەسەر ئەندامێکی جەستە، لەسەر ده‌موچاو و قژ و مه‌چه‌ک و …هتد یا لەسەر جلوبه‌رگ و ده‌ستکێش و ملپێچ و کڵاو و…هتد و یا لەسەر بەشێکی ئۆتۆمبیله‌که‌ی به‌ده‌یان جۆر ئاڵای ئه‌ڵمانیا نەخشاندووە. میدیاکان به گه‌رمی باس له کولتووری ته‌ماشاچییانی وه‌رزش ده‌که‌ن. ئه‌م دیارده‌ی هه‌ڵکردن و شه‌کاندنه‌وه‌ی ئاڵایه وای کردووه، ئاست و پله‌ی به خۆنازین و شانازی‌کردن به به‌ها و پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه پتر ببنه جێی سه‌روه‌ری. له کاتێکدا ئه‌م دیارده‌یه لای هه‌موو میلله‌تانی ئه‌وروپا به هه‌مان ئه‌ندازه به‌رچاو ده‌که‌وێ. ناشبێ له یادمان چێ ئه‌مانه سه‌دان ساڵه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تن و هه‌زار قۆناغیان بڕیوه، که گه‌لی کورد هێشتا پێیان نه‌گه‌یشتووه. حه‌مزه‌تۆڤ ناهه‌قی نییه که ده‌ڵێ: باڵیۆزی میلله‌تان به ئاڵای وڵاته‌کانیانه‌وه ده‌ناسرێنه‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
*پێڕه‌و و پرۆگرامی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک
*نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت له مێژووی ئه‌وروپادا. شولتس هاگن(به ئه‌ڵمانی).
*پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە، عەبدوڵڵا پەشێو، چاپی سوێد ٢٠٠٦
*هەسپم هەورە و ڕکێفم چیا، عەبدوڵڵا پەشێو، چاپی سوێد ٢٠٠٦
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره 81 گۆڤاری “هه‌نار” ی 1.11.2021 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.