"an independent online kurdish website

زیاتر لە ٦٠ رۆژە بەندکراوانی سیاسی باکوور لە مانگرتندان و بە پێی هەواڵەکان ئێستا ژمارەیەک لە مانگرتووانە لە لێواری مەرگدان. ئەمرۆژانە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە سەر مەسەلەی ئەخلاق و ئەو مانگرتنە قسەمان دەکردhusein_ahmedpur

. لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وەبەرچاو دەهاتن کە رەخنەیان لە پەکەکە و بەدەپە دەگرت و بە باوەڕی ئەوان بێ ئەخلاقییە ئەگەر داوایان لێ نەکرێ کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن و چاوەڕوانی ئەوە بن جەنازەی مانگرتوان لە بەندیخانە بێننە دەرێ و ناڕەزایەتی پێ درووست بکەن.

سنووری نێوان ئەخلاقی بوون و نا ئەخلاقی بوون شایەد هەمان ئەو پردی سیراتە بێ کە لە موو باریکترە. بۆیە بڕیاردان لە سەر ئەو بابەتە زۆر ئەستەم دێتە بەرچاو و شایەد کاری هەر کەسێک نەبێ. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر ویژدانی بێدار یان هاواری ویژدانی زیندوو بە پێوەر بگرین، وێدەچێ بڕیاردان لە سەر ئەو بابەتە ساناتر بێ. ماهاتما گاندی وەک مەرجەعێکی گەورەی ئەخلاقی” دەنگ یان هاواری ویژدان”ی بە بنەما دەگرت.

مانگرتن و مردن بە هۆی مانگرتنەوە تراژێدیایەکی زۆر هەژێنەرە کە بەبەرچاوی مرۆڤەکانەوە روو دەدات. هەژێنەرە چوونکە کەسی مانگرتوو بە ئانقەست ویژدانی مرۆڤ دەهەژێنێ. بەڵام هەژاندنی ویژادنی مرۆڤایەتی لە زاتی خۆیدا نە تەنیا نا ئەخلاقی نیە بەڵکوو دەکرێ وەک جووڵەیەک بۆ گەڕاندنەوە و زیندوو کردنەوەی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا بخوێنرێتەوە. کەسی مانگرتوو کە بە وشیارییەوە رێگای مردن هەڵدەبژێرێ لە پێناو داخوازییە رەواکانی خۆیدا دەیەوێ چەند ئامانج بپێکێ:

١- دەسەڵاتدار و پێشێلکەری مافەکانی تەسلیمی ئیرادەی مافخوازانەی خۆی بکا. چوونکە دەزانێ دەسەڵاتدار گیانی ئەوی وەک خۆی بۆ گرینگ نیە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو جووڵەی ئەو جۆرێک وشیاری لە ناو کۆمەڵدا درووست بکا و کۆمەڵگا بهەژێنێ، و دەسەڵاتیش لەو وشیارییە و لە جووڵەی کۆمەڵگا دەترسێ. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵات تەسلیمی ئیرادەی ئەو بێ.

٢_ سووک کردنەوەی ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگا: ئەگەر دەسەڵات تەسلیمی ئیرادەی مانگرتوو ببێ، ئەوا مانگرتوو ویژدانی ئاسوودەیە کە توانیوویەتی بە هەلبژاردنی وشیارانەی رێگای مەرگ، تێچوو و ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگا لە پێناو گەیشتن بە مافە ئینسانیەکانی کەمتر بکاتەوە. بە جێگەی ئەوەی ئەو رێگەیە سەدان و هەزاران و … قوربانی دیکە بگرێ، ئەوا ئەو خوازیارانە لە بری ئەوان قوربانی دەدا.

٣_ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی: بەشێک لە کۆمەڵگا لە ئاست ماف و ئازادییەکانی خۆیان بێ هەڵوێستن و یان ناوشیارن. بەشێک لە پێناو بەرژەوەندی مادی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیاندا ئاگایانە ستەم و کۆیلایەتی قەبووڵ دەکەن، بەشێک لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان ئامادەن زیاترین توندوتیژی لە بەرامبەر نەیاردا بنوێنن. بەشێک لە کۆمەڵگای نەتەوەی سەردەست لە ژێر کاریگەری درووشم و فکری دەسەڵاتدا پشتیوانی لە چەوسانەوە و ژێر دەستی زیاتری چەوساوەکان دەکەن یان بە بێ دەنگی پشتیوانی ناراستەوخۆ لە ستەم دەکەن و… کەسی مانگرتوو بە هەڵبژاردنی شێوە مەرگێکی تراژدیک و هەژێنەر ئەو ویژدانە خەوتووانە بە خەبەر دێنێ.

کۆتایی هاتنی ستەم لە بە خەبەرهاتنەوەی ویژدانەکان و لە وشیاری بە کۆمەڵی مرۆڤەکاندایە. ئەو جووڵەیەی کەسی مانگرتوو رێک ئەو جووڵەیە کە مەسیح کردی، مەسیح بە وشیارییەوە کوتی من دەبێ ببمە قوربانی تا ئێوە لە گوناهەکانتان پاک ببنەوە. واتە تا وشیار ببنەوە و رێگای درووست بگرنە بەر. مەسیح بە مەرگی خۆی ویستی شۆکێک لە مرۆڤەکان بدا و بە نقورچکێک کە مەرگی خۆی بێ وەخەبەریان بێنێ.
کەسی مانگرتووش هەمان مەبەستی هەیە و دەیەوێ نقورچک لە ویژدانی کۆمەڵگا بگرێ. سوقراتیش لە نێوان پاشگەزبوونەوە و دوورخستنەوە، راکردن لە دەستی قانوون و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەم خواردن بە دەستی خۆی، رێگەی سوەم واتە سەمخواردن بە دەستی خۆی هەڵبژارد تا نقورچکێک لە کۆمەڵگا بدا و مرۆڤایەتی دوای ئەو رێگەی زانایی هەڵبژێرن. پێشەوا قازی محەمەدیش بە هەمان شێوە بە هەڵبژاردنی مەرگی خۆی لەلایەک ویستی تێچووی کۆمەڵگا کەم بکاتەوە و لەلایەکی دیکەش نقورچکێک بۆ وشیاربوونەوە لە کۆمەڵگا بدا تا بۆ ئازادی و مافەکانیان لە مەرگ رانەکەن. ماهاتما گاندیش بڕیاری مانگرتن تا سنووری مەرگی دا بەڵام نەیارەکەی زوو و دوای ٥ رۆژ تەسلیمی ئیرادەی ئەو بوو.

٤_ مانگرتن وەک تاکتیکێکی کاریگەر لە خەباتی مەدەنی: ئەم شێوە خەباتە بە هۆی ئەو کەس یان کەسانی خەباتکار هیچ چەشنە تووند و تیژییەک لە دژی نەیار بەکار ناهێنن و بە شێوەیەکی خوازیارانە تەواوی رەنج و سەختی رێگاکە بە گیانی خۆیان دەدەن و تەنانەت مردن هەڵدەبژێرن، لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە راکێشانی سەرنجی رای گشتی جیهانی زیاترین هاوسۆزی و مەشرووعییەت بۆ پرس و داواکارییەکانیان کۆ دەکەنەوە. کەسی مانگرتوو بەو وشیارییە دەگا کە چ چەکێکی کاریگەری هەڵگرتووە، چوونکە ئەگەر بە سەر کاریگەرییە مەزنەکانی هەڵوێستەکەی خۆیدا ئاگایی نەبێ، ئەوا تووشی گومان و دوودڵی دەبێ و ناتوانێ تا سەر بەردەوام بێ.

کە واتە سەرجەم مەبەستی کەسی مانگرتوویەک کە لە پێناو ماف و ئازادیدا خوازیارانە رێگا مەرگی تراژیک هەڵدەبژێرێ، ئەخلاقییە. کەسی مانگرتووی لەو چەشنە کە ئەسیری دەستی نەیارە، بە ئیرادەی خۆی ئەو رێگایە هەڵدەبژێرێ و ئەگەر لە ژێر فشاردا مان بگرێ ئەوا یان لە ترسی گیانی کۆڵ دەدا و یانیش لە کەش و هەوایەکی وەک ئێستای باکووری کوردستان و تورکیەدا کە رۆژانێکی ئاڵۆز تێپەڕ دەکەن بە هۆی تەماح وەبەرنان کۆڵ دەدا. کەسی مانگرتوو تەنانەت بەو ئاکامەش دەگا کە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بێ کە مەرگی ئەو زوو بەرهەم بدا و شایەد هەڵوێستەکەی ئەو لە داهاتوویەکی دووردا کاریگەری خۆی بنوێنێ.

بەم پێیە دەبێ لە دەرەوەی مانگرتووان بۆ نائەخلاقی بگەڕێین. دەبێ لە ناو کۆمەڵگا و کاربەدەستان و رێبەرانی ئەو کۆمەڵگایە بۆ بێ ئەخلاقی بگەڕێین. بە باوەڕی من کێشەکە ئەوە نیە کە دەبێ داوایان لێ بکرێ واز لە مانگرتن بێنن یان نا. راستە دەکوترێ ئەو مانگرتوانە قسە لە ئاپۆ و رێبەرانی پەکەکە و بەدەپە وەرەگرن و ئەگەر ئەوان داوایان لێ بکەن ئەوا واز دێنن. بۆ دیاری کردنی لایەنی ئەخلاقی و نا ئەخلاقی نابێ داواکاری وازهێنان لە مانگرتن بە بنەما بگیردرێ. دەکرێ هەموو رێبەرانی کورد و هەموو رێبەرانی تورک داوایان لێ بکەن کە واز بێنن و مانگرتوانیش وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتواندا بێ ئەخلاقی بەرۆکی ئەو رێبەر و بەرپرسانە بەرنەدا و بە پێچەوانەشەوە دەکرێ وەها داوایەک نەکەن و مانگرتوان ژیان لە دەست بدەن و بەڵام ئەو رێبەرانە تووشی بێ ئەخلاقی نەبووبن. ئەگەر قەبووڵمان بێ کە یەکەم، گیانی هیچ ئینسانێک لە گیانی ئینسانێکی دیکە بە نرختر نیە، گیانی زیندانییەک لە گیانی پێشمەرگە و گەریلایەک و تەنانەت سەربازێک گرینگتر و بە نرختر نیە( کە بێ گومان لە رووی ئەخلاقییەوە وایە) و دووەم ئەگەر قەبووڵمان بێ کە تێپەڕبوون لەم دۆخە پڕ ستەم و جەهالەت و نا ئینسانییەی ئەمڕۆکە پێویستی بە قوربانی هەیە ( کە بێ گومان وایە و قوربانی هەر دەگرێ) کە واتە مەسەلە ئەوە نیە کە زیندانییەک بە مانگرتن دەمرێ یان ١٠٠ گەریلا لە شەڕدا دەمرن. بەڵکوو مەسەلەکە دوو لایەنی دیکەی هەیە.

یەکەم: شۆڕشێک و بزاڤێکی مافخوازنە بە تێچوویەکی کەمترەوە سەربکەوێ. پێش بە درێژەکێشانی شەر بگیردرێ. ئەگەر رێبەرانی کورد ئەمە مەبەستیان بێ تەنانەت ئەگەر بزانن ئەو بەندکراوانە گیانیان لە دەست دەدەن ئەوە ناکرێ بە بێ ئەخلاقی لە قەڵەم بدرێ. چوونکە هیچ فەرقی نیە لەگەڵ ئەوەی شەڕ بەردەوام بێ و کۆمەڵێک ئینسانی دیکە ببنە قوربانی. ئەوەش با مانای ئامانج کەرەستە پاساو دەداتەوە نیە.

لە درێژەکێشانی شەڕدا هەزاران کەس دەبنە قوربانی و لە راستیشدا لە ژیان و لە مێژوودا ون دەبن و کاریگەری مەرگی ئەو مرۆڤانە بە لایەنی پۆزەتیفدا زۆر کەمە و کاریگەری نێگەتیفیشی یەکجار زۆرە و دوژمنایەتی ریشەدارتر دەکا. بەڵام لە مردن بە هۆی مانگرتنەوە ئاکامەکە بە پێچەوانەوەیە. بە هۆی تراژدیک بوونیەوە کاریگەری نێگەتیفی کەمتر و کاریگەری پۆزەتیفی زیاتر دەبێ. لانیکەم دەبێتە هۆی هەژاندنی ویژدانی کۆمەڵگا. لەم حاڵەتی یەکەمەدا گرینگ هەڵوێست و کرداری رێبەران لە دوای مانگرتنە. ئەوان چەندە وەفادار بە پەیام و رێبازی مانگرتوان دەبن.

دووەم: ئایا رێبەران و کۆمەڵگا مەبەستیانە ئەو کۆمەڵە ئینسانە بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بێ ئەوەی گرینگی بدەن بە پەیامە ئەخلاقییەکانی جووڵەی مانگرتن. ئەم خاڵە زۆر گرینگە چوونکە کەسی مانگرتوو پەیامی ئەخلاقی خۆی لە سەر ویژدانی رێبەران و تاکەکانی کۆمەلگا بار دەکا و ئەوان دەبێ ئەو بارە ویژدانییە بە ئاکام بگەیەنن. بە روونی بڵێم ئێستا دوو مانگە ئەو مانگرتووانە پەیامی ئەخلاقی خۆیان لە سەر ویژدانی رێبەران و کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بار کردوە.

دەبوو رێبەرانی ناو شار لەو ماوەیەدا ئەرکی ویژدانیان جێبەجێ کردبا. دەمیرتاش و بایدەمیر و… رێبەرانی ناو شاری بزاڤ درەنگ ئەو پەیامەیان وەرگرت. ئەوانیش دەبوو هەمان جووڵەیان بەڕێوە بردبا. سەرەڕای هەموو رێز و خۆشەویستیم بۆ ئەو رێبەرانە، ئەوان کەمتەرخەمیان کردوە و دەبێ لە رووی ئەخلاقییەوە قەرەبووی بکەنەوە. رێبەر دەبێ لە پێش خەڵکدا ئامادەی مەرگ بێ. رەمزی سەرکەوتنی پەیامە ئەخلاقییەکانی ماهاتما گاندی لەوەدا بوو کە ئەو خۆی پێش خەڵک دەخست. رێبەران نابێ دوای مانگرتووان بکەون.
رێبەران دەبوو خۆیان لە سەرەتادا دەستیان پی کردبا، وەک چۆن گاندی خۆی دەستی پێ دەکرد و لە بەرامبەریشدا خەلک و لایەنگران ئەرکی ئەخلاقیانە کە بە پشتیوانی کردن و لە مەیدان دابووندا بەرگری لە ژیانی ریبەر بکەن. دەمیرتاش کوتی: ئەگەر ئەوان بمرن دەبێ ئێمەش بمرین. قسە لە سەر ئەوە نیە کە ئەگەر ئەوان مردن دەبێ دەمیرتاش و کشاناک و… بمرن. قسە ئەوەیە دەبوو ئەوان خۆیان دسپێشخەر بایەن، ئەگەر دەسپێشخەر نەبوون لە ئێستاوە دەست پێ بکەن و ئەگەر پێویستیش بوو با ئەوانیش بمرن.
قسە ئەوە نیە نابێ لە پێناو ئازادی و مافەکاندا کەس بمرێ، قسە ئەوەیە دەبێ بەم چەشنە خەبات بە ئەخلاقی بکرێ. دەکوترێ بایدەمیر و ژمارەیەک پارلمانتێر دەستیان کردوە بە مانگرتن تا سنووری مەرگ. ئەوان ئەگەر تا سەرکەوتن درێژەی پێ بدەن، ئەرکی ئەخلاقیان لە ئاست مانگرتوان و شوێنکەوتوانیان بە جێ هێناوە. دەنا داوا کردن بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتن خۆی لە خۆیدا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، ئەمرۆ یان سبەی خەبات دەبێ بەو قۆناغەدا تێپەڕ ببێ.

سەبارەت بە رێبەرانی پەکەکەش بە هەمان شێوەیە و پێموایە بە هۆی سرووشتی جووڵەی مانگرتنەکەوە، لەم قۆناغەدا گرینگترین ئەرکی ئەخلاقیان ئەوەیە کە بۆ دەرفەت دان بە سەرکەوتنی پەیامی مانگرتووان شەڕ یەک لایەنە رابگرن تا پەیامی مانگرتن لە ناو هەر دوو گەلی کورد و تورک و رای گشتی جیهانیدا جێگیر ببێ. ئەگەر چی مانگرتوان خۆیان وەها داوایەکیان نەکردوە. بەڵام زاتی ئەو جووڵەیە خۆی هەڵگری ئەو جۆرە پەیامە ئەخلاقیانەیە.{jcomments off}

لە بیرمان نەچێ ماهاتما گاندی زۆربەی مانگرتن و رۆژویە سیاسییەکانی جگە لە یەکجار نەبێ، هەموو بۆ ناڕەزایی بە دژی تووندوتیژییەکانی گەلەکەی خۆی بوو، هەر بۆیە پەیامی مانگرتنی گاندی هەموو سنوورەکانی دونیای دەتەنی. لە باکوور مانگرتووان وەها داوایەکیان نەکردوە، بەلام ئەگەر رێبەرانی پەکەکە وەها پەیامێک لە سرووشتی مانگرتنەکە بخوێننەوە و بە رەسمی رابگەیەنن کە بۆ رێزگرتن و دەرفەت دان بە بەرخۆدانی ئاشتیخوازانەی مانگرتوان یەک لایەنە شەڕ رادەگرن، بێ گومان پەیامی مانگرتوان لە ئاستێکی بەربلاوتردا جێگیر دەبێ.

لە کۆتایی دا ئەوە ئەڵێم کە هیچ تاکێکی کورد و تورک ناتوانێ خۆی بێ بەری بکا، تەنیا کەسانێک دەتوانن داوای کۆتایی بە مانگرتن لەوان بکەن کە خۆیان بەشداریی ئەخلاقی لە جووڵەی ئەواندا بکەن. من وەک خۆم ئەو مافە بە خۆم رەوا نابینم چوونکە بەشداریم تێدا نەکردوە. ئەرکی ئەخلاقی من یان بەشداریکردنە لە جوولەی ئەوان و یان پشتیوانی و دەربڕینی هەڵوێستی کاریگەری دیکەیە و دواتریش وەفاداربوون بە پەیامی مانگرتووان.

ئەم بابەتە لە دیواری فەیسبۆکی نووسەر وەرگیراوە
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی