"an independent online kurdish website

تەنەراوەی ئینتەرنێت ئەمڕۆ بۆتە ئامرازێک، کە دنیای بە یەکەوە بەستۆتەوە. لە ماوەی چرکەساتێک دا هەواڵ و بابەتی گرینگ، دەکەونە بەردیدی خوێنەران. گەڕان بەدوای زانیاریەکان دا لە هەموو بوارەکان دا بە چەند کلیکێک پەیدا دەبن.muhamad_feqi_ali_01

پەیوەندیەکان وایان بەسەر هاتوە کە دنیا بوە بە گوندێکی بچووک و لە ماوەی چەند چرکە دا، دەتوانی بە دەنگ و ڕەنگ و نوسراوە لەم سەر دنیاوە پەیوەندی بەو سەریەوە بگرێت. لە وڵاتەکانی پێشکەوتوو دیمۆکرات دا بە ملیارد دۆلار ساڵانە سەرفی ئەوە دەکرێ، کە هەرچی باشتر و تووندتر ئەم تەنەراوە پڕ بەرهەمەی نێونەتەوەیە بخرێتە خزمەت دانیشتوانی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە پەیوەندیەکان و ئاڵ و گۆڕ کردنی زانیاریەکان زیاتر و دەقیقتر بن، هەر لەو کاتەشدا ئەم تەنەراوە نێونەتەوەییە بۆتە چقڵی چاوی دیکتاتۆرەکانی دنیا و یەک لەوانە ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران.

شتێکی سروشتیە کە ، وەها ئامرازێک ترس و دڵەخورپە بۆ دیکتاتۆڕەکان دروست دەکات. بەتایبەتی ڕێژیمی کۆناپەرستی ئیسلامی ئێران. لەم ساڵانەی دوای دا هەرکارێک کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتیان دا دەکرێت بە ماوەیەکی زۆرکورت دنیای لێ ئاگادار دەکرێتەوە، نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێران بەداخەوە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و پێگەیاندن و میدیاکانی حکومەتی دا یان زانیاریان پێ ناگات یان ئەگەر زانیاریەکیش بێ،  بە بڕوبیانووی ئیسلامی نەبونیەوە ،ئەبێ حەوتخانی ڕۆستەمی تێپەڕ کردبێ و لە هەریەک لەمانەش دەبێ تۆزێک بەرغەزەبی سانسۆڕ کەوێ. لە وەها وڵاتێک دا کە گەیاندنی زانیاریەکانیش دەبێ لە گەڵ یاسا شەرعیەکان یەکبگرنەوە، چیتر چاوەڕوان دەکڕێت بێجگە لە دژایەتی کردنی وەها میدیایەکی نێونەتەوەی؟

ئەگەر لە باری تکنیکیەوە سەیری ئەم کارەی ئاخوندەکان بکرێ، دەبینین کە وەها شتێک ناتوانرێ وەک ئینەرنێت(Internet) سەیری بکرێت، چون ئینتەرنێت تۆڕێکی تەنەراوەی نێونەتەوەیە و مەرزێکی بۆ دیاری نەکراوە، راستە سێرڤەرەکانی بنەڕەتی ئینتەرنێت(Root Server) کە ١٣ دانەن و لەم ١٣ دانەیە ١٠ دانە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە کە بە وڵاتی لە دایکبوونی ئینتەرنێت ناسراوە، و ٣ دانەکەی دیکەش دانەیەکیان لە ئینگلساتان و دانەیەکیتریان لە نۆروێژ و ئەویتریان لە ژاپۆنە. بەڵام لە ئەسڵ دا و هەروەها لە چوارچیوەی مەرزبەندی دا ئینتەرنێت مەرزێکی دیاری کراوی نیە و هەر کەس بیهەوێ دەتوانێ کەڵکی لێوەرگرێت.

ئەوەی کە لە بەرنامەی ئاخوندەکان دایە و ئامادەن کە بە ملیارد دۆلار خەرجی بۆ بکەن، تەنیا دروست کردنی بەربەستە لە بەردەم خەلکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، دەنا ئەوە خودی ئاخوندەکانیش دەزانن ، کە تەنەراوەی ئینتەرنێت بێ هێندێک لە ناوەندە زەبەلاحەکانی دنیای نەرمئەفزاری وێب (webapplikation) وەک ماڵپەڕە سەرکیاکانی زانیاری، پەیوەندی، بازرگانی، هەواڵ، کۆمەڵایەتی و هتد…  ئینتەرنیتیش مانایەکی ئەوتۆی نابێ.

ئەم پلانەی ئاخوندەکان پێکهاتوە لە ٣ هەنگاو:

هەنگاوی یەکەمی دامەزراندنی ٢ نیتۆرکە(Network) کە ئینترانێتی(Intranet) ئێران لە ئینتەرنیت (Internet)جودا دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە کە گوایە دەستی پیکراوە و لە مانگی ٣ی ٢٠١٣ دا تەواو دەبێ، ئەم بەشەیان دەبێ تۆڕێک بێ کە سەرتاسەری ئێران بگرێتە خۆی و بە تایبەتی دام و دەزگاکانی حکومەتی، دیارە کەل و پەلی پیویستی تکنیکی(Hardware) و نەرمەفزاری(Software) زۆر پیویستە، تۆ بلێ ئەم کەل و پەلانەش لە بارەگای ئیمامەکان دا بە ئیسلامی دروست بکرێن. یان ئەوەیە ئێمە نەمانزانیوە و ئێران ناوەندی دروست کردنی سوپەرکامپیوتەرەکانە(Supercomputer).

هەنگاوی دووهەم: کە قەرارە مانگی ٣ی ٢٠١٤ تەواو بێ، دەبێ تێکڕای ماڵپەڕەکانی ئێرانی بخرێنە سەر ئیتڕانێتی ناوخۆی و بە تایبەتی ناوەندەکانی حکومەتی و هەموشیان بە کورتkراوەی ئێرانەوە واتا  (top level domain .ir) ببەسترێنەوە، چون تا ئێستا زۆریەک لە ماڵپەڕەکانی حکومەتی لە دەرەوەی ئێران لە سەر سێرڤەرەکان بوون بۆ نمونە ماڵپەڕی مەجلیسی ئێران لە سەر سێرڤەرێکی(Server) ئەمریکای بوو.

لە هەنگاوی سێهەم و کۆتای دا، کە دەبێ لە مانگی ٣ی ٢٠١٦ دا تەوابکرێ، زیاتر پەیوەندی بە کارو باری نەرمەفزارەوە(Software) هەیە کە لە لایەن ئێرانیەکانەوە دەنوسرێن بۆ نمونە  سیستمی بنەڕەتی کۆمپیوتەر(Operating systm) لە شیوەی ویندۆز(Windows) و لینوکس (Linux)و یونیکس (Unix)مەک ئۆئێس (Mac OS) بە ناوی قاسدەک یان پرۆگرامی خزمەتەکانی ئیمێل بە ناوی چاپار کە دەبێ ڕەقابەتی سیستمەکانی ئیمەل بێ لە سەتعی نێونەتەوەی دا، بە گوێرەی هێندێک زانیاری کە لە لایەن دام و دەزگاکانی ریژیمەوە دراونە دەر هەر ئێستا لە ناو ئێران دا دووسەدهەزار کەس کەڵک لەم سیستمە ئیمەلیە وەردەگرن. بە جێگای نەرمەفزاری گەڕان(Search Engine) کە لە ئینتەرنێت دا بە ناوبانگترینیان گوگل ە  (Google)قەرارە سیستمیکی گەڕانی تازە دروست بکەن بە ناوی فەجر.

ئەوەی کە لەم کارەیان دا دیکتاتۆڕەکان سەرکەوتوو دەبن یان نا، دەمێنێتەوە بۆ داهاتوو، کە خەڵکانی ناو بازنەی ئێران چەندە بەم زانیاریانە رازی دەبن کە دەبێ تەنیا لە چوارچێوەی شەرعی ئیسلام دابن و تەنیا لە گەڵ داب و نەریتە کۆنە ئیسلامی و ئێرانیەکان بێنەوە. بڵێی خەڵک کە زیاتر لە سێ دەهە یە لە ژێر دەسەڵاتداریەتی ئاخوندەکان دا ، ڕۆژ تا ئێوارە لە دەام و دەزگاکانی راگەیاندن و لە مینبەری حوسێنەیکانیانەوە ئەم خورافاتەیان بە گوێی وردو درشتی ئەم وڵاتە بەڵا لیدراوەدا خوێندوە، ئەوەندە تامەزرۆی ئەم زانیاریانە بن کە پیویستی بە ئیترانیتێکی(Intranet) جودا لە هەموو دنیا بێ.

تۆ بڵی نەوەی سەردەمی میدیای تازە بە دوای ڕەوزەخوانەکان دا بگەڕیت لە ئیترانێتی ئێراندا. لێرە دا هەر ئەوە ماوەتەوە کە بڵێین، سەڵا لە ئەقڵ و شعوری ئەم ئاخوندانە، کە گەرەکیانە بە بێژینگ بەری ڕۆژ بگرن.

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی