لە قوتابخانەی ناوەندیی بیتۆڕنە لە شاری مۆس، ڕۆژانی چوارشەممە، پێش ئەوەی دەرس دەستپێبکا، سەعاتێک هەموو مامۆستایان و بەرێوەبەرانی قوتابخانە پێکەوە کۆدەبینەوە. لەو کۆبوونەوانەدا باس و مەسەلە جۆراوجۆرە پەروەردەییەکان
و گیروگرفتەکانی کاری ڕۆژانەمان دەخەینە بەر باس و لێدوان. هەروەها زانیاری دەگەڵ یەکتر دەگۆرینەوە، پەخشنامە و یاساو بڕیارە تازەکانی وەزارەتی پەروەردە شیدەکەینەوە. جارجارەش بەڕیوەبەران و نوێنەرانی دامەزراوە جۆراوجۆرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و وەرزشی و ئیداریەکان لەو کۆبوونەوانەدا بەشداری دەکەن و باس لە کاروباری خۆیان و ئیمکاناتی بەردەستیان بۆ یارمەتیدانی قوتابخانەکەمان و بردنەپێشی پرۆسەی پەروەردە لەو شارەدا دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو کەسێک لەو کۆبوونەوەیەدا میوانمان بوو کە سەرۆکی رێکخراوێک بوو ئەندامەکانی خەریکی نوسینەوە و کۆکردنەوە و ئارشیوکردن و ساخکردنەوەی مێژووی شاری مۆس و دەورووبەری ئەو ناوچەیەن. ئەوانە یا پسپۆری کاروباری مێژوو و جوغرافیان یا شارەزای ناوچەکەن یا عەلاقەیان بەو کارە هەیە و پێکەوە لەو ڕێگایەوە خزمەتی وڵاتی خۆیان دەکەن.
کابرا لە ماوەی ٤٥ دەقیقەدا توانی هەموو ئەو شووینە جۆراوجۆرانەمان نیشاندا کە بایەخی کولتوری و مێژووییا هەبوو و لە نێو شار و دەرەوەی شار هەڵکەوتبوون و بۆ ئەوەدەبوو مامۆستاکان بۆ دەرس وتنەوە بە تایبەتی لە پێوەندی دەگەڵ مێژوو، پەروەردەی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و فەرهەنگی دا کەڵکیان لێوەرگرن.
مۆس بە هۆی هەڵکەوتی جوغڕافایی خۆی کە دەکەوێتە سەردەریا و هەروەها نزیکی سنووری سوئێدیشە، لە بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازیی نۆروێژ و پاشانیش لە مقاوەمەتی ڕگاریخوازانەی ئەومیللەتەدا بە دژی دەستەڵاتی داگیرکەری ئاڵمان لە شەری دووهەمی جیهانیدا رۆڵیکی کاریگەری هەبووە. هەر بۆیە زۆر شوێن و جێگای لێن کە مەیدانی شەڕوبەربەرەکانی قارەمانانەی نۆروێژیەکانن بە دژی داگیرکەران و پەلاماردەرانی خاکی وڵاتەکەیان.
لەکاتی نیشاندانی وێنەو فیلمی ئەو شوێنانەدا کابرا بە دەنگێکی پڕ لە شانازی و ئیفتیخارەوە، بایەخی مێژوویی و کولتوری ئەوانی بۆ درووستکردنی گیانی نیشتیماندۆستی و وڵاتپارێزی لە نەوەکانی ئێستای نۆروێژدا دەستنیشان دەکرد و داوای دەکرد کە مامۆستاکان لە هەرفرسەتێکدا کە بۆیان هەڵدەکەوێ قوتابیەکانیان بەرنە ئەو شوێنانە تا لە نزیکەوە بیانبینن. ئەوە هەم دەرسەکان و وەرگرتنیان ئاسانتر دەکا و هەم هەستی نیشتمانپەوروەی و وڵاتپارێزی لە منداڵەکان دەخوڵقێنی.
لە کاتی نیشاندانی دیوارێکدا کە زۆرتر بۆمن لە کەڵەکەبەرد دەچوو وتی ئێرە سەنگەری چەند نیشتیمانپەروەی نۆروێژیە کە لە بەربەرەکانی دەگەڵ سەربازانی ئاڵماندا کوژراون. لە بیرتان بێت کە قوتابیەکانتان بردن پێ یان بڵێن بەرێزەوە و بە پارێزەوە بە لای ئەو بەردانەدا برۆن پێیان لێنەنێن چونکە ئەوبەردانە خوێنی شەهیدانیان ڕژاوەتەسەر.
لەو لەحزەدا دەست بەجێ لەو قوتبی باكوڕەوە گەڕامەوە کوردستان. گەڕامەوە بۆ شاخ و دەشت و بەندەنەکانی کوردستان. بۆ ئەو شوێنانەی کە هەموو تەمەنی لاویی خۆمم لە نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا لە گەڵ هاوڕێکانمدا تێدا سەرفکردبوو. بیرم لەوەدەکردەوە کە سەرتاسەری خاكی پیرۆزی کوردستان مەیدانی خەبات و قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی کوردستان بووە. ئایا ئێمەش وەک میللەتێکی پێگەیشتوو دەتوانین ئەو هەموو قارەمانیەتی و فیداکاریە کە تێکۆشەرەکانی میللەتەکەمان لە خۆیان نیشانداوە بە بایەخەوە ڕاگرین و بیان کەینە سەرچاوەی ئیلهامی نیشتیمانپەروەری. ئایا ئەو شوێنانەمان تۆمارکردوون کە مەیدانی حەماسەخوڵقێنی ڕۆڵەقارەمانەکانی گەلەکەمان بوون. گۆڕی شەهیدەکانمان دیارە؟ ئایا وەک خەڵک هیچمان کردوە کە ئەو گۆڕانە بەسەرکەینەوە؟ ئایا دەتوانین هەموو ئەو شوێنانە تۆمارکەین کە بۆنموون شەهیدان عەبدووڵای بارامی، خەلیل خەلەبان، سولەیمان مۆریک، سەرگورد عەلیار، سەروان ئەفشین، چرچە، قادر ئیفتیخاری و عەلی عومەری و عومەر قەڵاتەڕەشی و برایم شێخاڵی و مینە گۆزەڵ و ڕەسوڵمستە و حەسۆعەلیپوور و خدرەسوور و هەزاران شەهیدی دیکەی گەلەکەمان خوێنیان بەسەریاندا ڕژاوە؟
خەباتی ئێمە دوروودرێژە. خەبات بۆ ئازادی میللەتیکە. ئەگەر میللەتێک نەتوانێ ڕێز لە تێکۆشەرکانی خۆی و لە سەربازەکانی خۆی بگرێت و وەفاداری بەوان و ئامانج و رێبازیان نیشانبدا، نیشانەی ئەوەیە هێشتاش لەباری سیاسی و فەرهەنگیەوە پێنەگەیشتوە. ئێمە لە داهاتووشدا رێگاو خەباتێکی دوورودرێژمان لە پێشەو کەسیش بە خێری خۆی ئازادی و ڕزگاریمان بۆ نایەنێ. ڕێگای ڕزگاری ئێمە خەبات و بەربەرەکانیە. بۆیە دەبێ وەك نەتەوەیەکی وشیار بایەخی ئەو خەباتکارانە بزانین کە ژیان و گیانی خۆیان دەکەنە دەستمایەی بردنەپێشی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان.
نۆروێژیەکان خاک و نیشتیمانی خۆیان خۆشدەوێ. شانازی بە نۆروێژی بوونی خۆیانەوە دەکەن. لە هەمان کاتدا لە بردنەپێشێ ئاشتی و ئازادی و مەفەکانی مرۆڤیشدا لە رێزی هەرەپێشەوەی خەڵکانی دونیادان. بە هاواری لێقوماوانەوە دەچن و شەوی وایە لە دووسەعاتدا بە سەدان میلۆن کڕۆن بۆ یارمەتی بێرەوبەوێ کۆدەکەنەوە. بەڵام لە سەر پاراستنی خاک و نیشتیمانی خۆیان ئامادەن ببنە قوربانی. ڕووسیەی زل هێز تەماعی کردبووە ئاوەکانی نۆرێژ لە لای قوتبی شیمالەوە، پێی وابوو ئێرەش ئێران و هەندێک شوێنی دیکەیە بتوانێ بیاندۆشێ،بەڵام پار سەرەنجام پاش چەنساڵ شەری دیپلۆماسی نۆرویژیەکان توانیان پەیمانێکیان بە سەردا بسەپێین کە ڕووسیە تائەبەد نەتوانێ خەیاڵ پڵاوی لەوچەشنە بکات.
ئێمەی کوردیش ئەگەر دەمانەوێ وەک میللەت بڕۆینەپێش و بچینە نێو ڕێزی میللەتانی سەر بەخۆی دونیا دەبێ هەرکەس پەلاماری نیشتیمانی ئێمەدەدا مەنجەنیقی بۆسازکەین و کەسێکیش بە لێقەومای یا بە میوانی دێتە کوردستان دەبێ نانی خۆمانی دەگەڵ بەشکەین. بۆیە زۆرگرنگە سەربازانی رێگای پاراستنی کوردستان گۆرەکەیان ببێتە زیارەتگاو پۆل پۆل منداڵانی قوتابخانەکانمان سەردانیان بکەن و کوردایەتی و فیداکاری و نیشتیمانپەروەریان لێوەفێربن. ئیسڕائیلیەکان ئەوەندە بایەخی سەربازەکانی خۆیان دەزانن، کە ڕۆژانی پشوو، هەموو ماڵەکان دەرگایان بۆ سەربازەکان ئاواڵایە تا ئەو سەربازانەی کە لە بەر دووری ناتوانن بچنەوە لای دایک و باوکیان ، بێن میوانی ماڵەکانی ئەوان بن. ئیمەش کە رێگایەکی درێژمان لە پێشدایە ئەگەر بایەخی خەباتکارانی گیان لەسەردەستی خۆمان نەزانین، نە بەڕزگاری دەگەین و نە شایانی ئەوەشین بچینە ئاستی میللەتانی بەختەوەری دونیا. قوتابی ناوەندیبووم کاتێک مامۆستا هێمن و کاک هاشمی کەریمی و هاوڕێیانی دیکەی کۆمیتەی ناوندی حیزب بۆ پلینۆمێکی کۆمیتەی ناوەندی چووبوونە بوڵگارستان. دوای گەڕانەوەیان بۆخۆم لە مۆمۆستا هێمنم بیست کە بوڵگاریەکان کەسێکیان کردۆتە قارەمانی میللی و لە بەردەرگای پاڕلەمانی خۆیان موجەسەمەیان بۆ سازکردوە کە لە ناوچەسنووریەکانی نێوان تورکیەو بوڵگارستان ڕاوە تورکی کردوە و ئەو تورکانەی ویستوویانە پێ بنێنە خاكی بوڵگارستان کوشتوونی. هەر لەبەر ئەوکارەش بوڵگاریەکان بە قارەمانی میللیی خۆیانی دەزانن. مامۆستا هێمن ئەوەی وەک شتێکی پۆزەتیڤ دەگێڕاوە. وەک دەرسێک بۆ لێ فێربوون باسی دەکرد. مەبەستی ئەوەبوو کە کورد دەبێ بایەخ و نرخی هەموو ئەوکەسانە بزانێ کە لە پێناو پاراستنی کوردستاندا خەبات دەکەن یا لەو رێگایەدا گیانیان بەختکردوە. لەخۆرا نەبوو دەیگووت من هەرچەند شاعیری گەلیشبم هێشتاش هیچنیم لە بەرانبەر گەورەیی پێشمەرگەداو و خاكی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم.
ئیبڕاهیم لاجانی
١٥.١١.٢٠١٢
{jcomments off}