هه‌ر له یه‌که‌مین ساته‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆچی دوایی که‌سایه‌تی ناوداری دونیای ڕاگه‌یاندنی کوردی “شوکروڵڵای بابان”ه‌وه، واته هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه
،26 له سه‌ر 27ی گه‌ڵاڕێزانی 2712، 16ی نۆڤمبه‌ری 2012ی زایینی، له ته‌مه‌نی 89 ساڵی و له ماڵه‌که‌ی خۆی و له شاری “تاران” ،ئه‌م هه‌واڵه به ناو هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه و گۆڤار و ماڵپه‌ڕه‌کوردییه‌کان و بگره گشت ماڵه کوردێکدا بڵاو بووه‌وه و ته‌نانه‌ت هه‌ر که‌س و لایه‌ن و گرووپ و ئالی و حیزبێکی کوردییش ،هه‌ر له “مام جه‌لال”،سه‌رۆکی ئێراق و “مه‌سعوود بارزانی” ،سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه تا پارته کوردییه‌کان، به‌یاننامه و پرسه‌نامه و سۆزنامهیان به‌و بۆنه‌وه بڵاو کردوه‌وه که ئه‌مه جێی دڵخۆشیی و نیشانه‌ی قهدرزانبوونی گه‌ل به‌رامبه‌ر که‌سێکی دڵسۆز به فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی گه‌ل و میلله‌ته‌که‌یه‌تی.
ڕاسته مێژوو و دیرۆکی کار و چالاکی میدیایی و ڕاگه‌یاندنی کوردی به قه‌ده‌ر مێژووی کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی کۆن و خاوه‌ن مێژوولکه نییه به‌ڵام ئه‌م دیرۆکه با کاڵ و فره ده‌سکه‌وتیش نه‌بێت ،لێ به‌لێ هیچ له مێژووی ڕاگه‌یاندن لای وڵاتانی خودان ده‌سته‌ڵاتی داگیرکه‌ری کوردستان که‌متر نییه.ئه‌مه له به‌خت و چاره‌ی کورده که مێژووی کاری ڕاگه‌یاندنی کوردی به قه‌ده‌ر دیرۆکی ڕاگه‌یاندن لای فارس و تورک و عه‌ره‌به‌کان خودان مێژوویه یان شه‌قی ڕۆژگار و زه‌مانه‌یه که به‌و ده‌سته‌ڵاته سه‌رده‌ستانه‌ی کوردستانی کردووه و هه‌ر کامه و به جۆرێک به لای خۆیانه‌وه ،بۆ کپکردنی ده‌نگی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی گه‌لی بنده‌ستی کورد و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کورد ،ده‌ستیان داوه‌ته ده‌رکردن و بڵاوکردنه‌وه ، دانان و کردنه‌وه‌ی گۆڤار ،ئیزگه‌ی ڕادیۆیی یان که‌ناڵێکی ته‌له‌ڤزیۆنی که دوا نموونه‌یش له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا کردنه‌وه و دانانی که‌ناڵی TR6 ،یان هه‌مان “ته‌ره‌ته‌ی شه‌ش”ه به زمانی کوردی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه که ڕۆژگارێکی دوور و درێژ حاشای له بوونی مرۆیه‌ک به ناوی کورد له تورکیا ده‌کرد و زێتر به تورکی کێوی ناودێری ده‌کرد! گه‌ر هه‌ندێ بۆ دواوه بگه‌ڕێینه‌وه و ئاوڕێک له ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی کاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاگه‌یاندنی کوردی بده‌ینه‌وه ،لامان ده‌رده‌که‌وێ که دوابه‌دوای ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی “کوردستان” له تاراوگه و به ساڵی 1898ی زایینی له شاری “قاهیره”ی پێته‌ختی وڵاتی “میسر” ،له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی “به‌درخانییه‌کان” و سه‌رچڵ و پێشه‌نگی ئه‌و کاروانه نه‌مر “میقداد مه‌دحه‌ت به‌ردخان”ه‌وه ،تا هاتووه ئه‌م ڕه‌وته هه‌رده‌م ڕێی ڕوونتر و گه‌شتری بڕیوه و توانیویه‌تی کرژتر بچێته پێش و ئه‌مڕۆی گه‌شی میلله‌ته‌که‌ی و ڕزگاربوونی پارچه‌یه‌کی نیشتمانه‌که‌یشی به خۆوه ببینێ . هه‌ر پاش ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه که له ڕێی دڵسۆزی ده‌یان ڕۆڵه‌ی چاوکراوه و بیر و زه‌ین تیژ و به ده‌ست و بردی کورده‌وه سه‌رباری هه‌موو گرێ و قۆرت و چۆرتم و کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێ،کاروانی ڕاگه‌یاندنی کوردی ساتێک وه‌ستان و هه‌دادانی نه‌بووه و وه‌ک چه‌کێکی ههرهکارا،به‌رگری له گه‌له‌که‌ی کردووه و تیرێکیش بووه له چاوی دوژمنانی کوردستاندا . له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دونیا به‌رینه‌وه ،گه‌ر کورد سووکه هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی بۆ ڕه‌خسابێت، شوکر ڕۆڵه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌م گه‌له، با له بن نسێ و سێبه‌ری ڕه‌شی داگیرکه‌رانی کوردستانیشدا بووبێت، هه‌له‌که‌ی قۆزتۆته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی له توانادا بووه، خزمه‌تی گه‌ل و نیشمان و فه‌رهه‌نگ و کولتووره‌که‌ی کردووه. بهینێ له “یافا”، ماوه‌یه‌ک له “یه‌ریڤان”، دواتر له “به‌غا”، “که‌رکووک”،”تاران”، “کرماشان”،”سنه”، “مه‌هاباد” ،”ورمێ” و هتد و وا هه‌نووکه به‌خته‌وه‌رانه به ده‌یان و سه‌دان گۆڤار و بڵاڤۆک و ئیزگه و که‌ناڵی ڕادیۆ ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی درێژه به‌و خه‌باته‌ی خۆی ده‌دات تا زیندووێتی گه‌له‌که‌ی خۆ لای جیهان بخاته پێش چاو. نووسینه‌وه‌ی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاگه‌یاندنی کوردی دیاره پێویستیی به هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕووپه‌ڕی ده‌یان و بگره سه‌دان کتێب و په‌نابردنه به‌ر گه‌لێک ژێده‌ر و سه‌رچاوه هه‌یه و به‌خته‌وه‌رانه ساڵانێکه له ناو ئێمه‌ی کورددا هه‌ست به گرینگی و بایه‌خی ئه‌و پرسه کراوه و ئه‌مه نیشانه بۆ وشیاری توێژی ڕووناکبیر و خوێنده‌واری ئێستای کورده. به‌ڵام ئه‌م نووسینه ده‌یه‌وێ به نیشانه‌ی وه‌فا،یادێک له سیمایه‌کی ههرهگهشی ناو دونیای ڕاگه‌یاندنی کوردیی بکاته‌وه که سه‌رده‌می خۆی ستایل و شێوازێکی تایبه‌ت به خۆی له کاری پێشکه‌شکردن و بێژه‌ریی به زمانی کوردیی داهێنا و زۆر زوویش،زێترین هۆگر و داژداری له ده‌وری خۆی کۆ کرده‌وه و که‌میش نین له دونیای ڕاگه‌یاندن و کاری بێژه‌ریی کوردیی دا که که‌وتنه لاسایی کردنه‌وه‌ی ستایله‌که‌ی .مه‌به‌ست نه‌مر ” شوکروڵڵای بابان”ه. وه‌ک له ده‌سپێکی ئه‌م نووسینه‌دا ئیشاره‌تی پێدرا،ده‌نگ و سیما هه‌ره له‌به‌ردڵانه‌که‌ی بواری ڕاگه‌یاندنی کوردی “شوکروڵڵای بابان” شه‌وی شه‌ممه ،27ی گه‌ڵاڕێزانی 2712 ی کوردی (16ی نۆڤمبه‌ری 2012 ی زایینی)له ته‌مه‌نی 89 ساڵی و له ماڵه‌که‌ی خۆی و له شاری “تاران “بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی له گه‌له‌که‌ی کرد و ده‌نگی چووه ڕیزی ده‌نگی سه‌دان ڕێبواری ده‌نگ دلێری کاروانی ڕاگه‌یاندنی کوردییه‌وه.
هه‌ر دوا به‌دوای کرانه‌وه‌ی یه‌که‌مین ئیزگه‌ی ڕادیۆیی له ئێران به ناوی “ڕادیۆ جه‌نگ” و دواتر “ڕادیۆ تاران” و پاشانیش “ڕادیۆ ئێران” ،له گه‌رمه و هه‌ڵپه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ساڵانی پاش کۆتایی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و ئه‌و که‌ش و هه‌وا تایبه‌ته‌ی دروست ببوو،ڕژێم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆماری ساوا و تازه‌پێگرتووی کوردستان له شاری “تاران”دا ده‌ستی دایه کردنه‌وه‌ی ڕادیۆیه‌کی کوردی و سه‌ره‌تایش به چاره‌که کاتژمێرێک له حه‌وته‌دا و هێدی هێدی و به‌ره به‌ره سه‌عات و ماوه‌ی په‌خش و بڵاوبوونه‌وه‌ی زێتر و فره‌تر کرد. ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1324 ی هه‌تاوی (1946 ی زایینی) واته سه‌رده‌می دامه‌زرانی کۆمار. ویست و نیاز و ئامانجی ڕژێمی پاله‌وی له‌و کاره ڕوون و ئاشکرا بوو به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ئیزگه حوکوومهتییهی ڕژێم دواتر زۆر که‌سی خسته سه‌ر ڕێبازی کوردایه‌تی پاک و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا که ڕژێمی سه‌رکوتکار ئیزنی دانان و کردنه‌وه‌ی خوێندنگه و قوتابخانه‌ی به زمانی کوردی نه‌ده‌دات،بۆ خۆ بوو به فێرگه‌یه‌ک و سه‌دان که‌س له‌و ڕێگه‌وه فێره نووسین و خوێندنه‌وه‌ی کوردی بوون . هه‌تا ده‌هات ڕادیۆکهکهی ڕژێم لایه‌نگری زۆرتر ده‌بوو؛ هه‌ر بۆیه ڕژێم به وه‌رگرتن و دامه‌زراندنی ده‌یان که‌سایه‌تی کورد به نیازی خۆی ده‌یه‌ویست زێتر دزه بکاته ناو دڵی جه‌ماوه‌ر؛ لێ، به‌خته‌وه‌رانه هه‌ر خودی ئه‌و که‌سانه‌ی له ڕادیۆدا کاریان ده‌کرد به دڵ و گیانێکی پاکی کوردییه‌وه و به پێی توانا خزمه‌تی زمان ،ئه‌ده‌ب ، مێژوو و کولتووری کوردی‌یان ده‌کرد و نه‌خشه و پیلانه‌که‌ی ڕژێمیان ده‌کرده بڵقی سه‌ر ئاو .ئیتر ئه‌م ڕه‌وته هه‌ر وا به‌رده‌وام کرا . کرانه‌وه‌ی پێی ده‌یان که‌سایه‌تی و سیمای کورد به ڕادیۆ هه‌ر له مه‌لا “جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی”یه‌وه تا “سواره‌ی ئێلخانیزاده”،”حه‌سه‌ن زیره‌ک”،”مه‌زهه‌ری خالیقی”،سه‌ی “تایه‌ری هاشمی”،”شوکروڵڵای بابان” ،مه‌لا ” محه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی”،”هه‌ژاری موکریانی”،”هێدی”،سه‌ی” برایمی ستووده”،”هومایۆنی که‌مانگه‌ر”،”عه‌زیزی عه‌له‌وی”،”حه‌مه ساڵه‌ی ئیبراهیمی” (شه‌پۆل)،”حه‌سه‌ن سه‌لاح سۆران” ،”سۆران سنه‌یی” و … ناوبانگی ڕادیۆ کوردی گوێزته‌وه بۆ ناو هه‌موو ماڵه کوردێک له ئاستی جیهاندا . ساڵی 1958 بوو که ڕادیۆ کوردی سیمایه‌کی نوێی به خۆوه بینی که هه‌ر زۆر زوو توانی ژماری لاگرانی ڕادیۆ به ده‌نگه زوڵاڵ و پاقژ و له‌به‌ردڵانه‌که‌ی چه‌ند هێنده بکات. ئه‌و که‌سایه‌تییه که‌س نه‌بوو جگه له “شوکروڵڵای بابان”.
“شوکروڵڵای بابان” ساڵی 1302ی هه‌تاوی،1923ی زایینی له شاری “سنه”ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چاوی له ڕووی ژیان هه‌ڵێنا.دوا به دوای کۆتایی هێنان به خوێندنی دواناوه‌ندی ،بۆ درێژه‌دان به خوێندنه‌که‌ی ،ڕوو له شاری “تاران “ده‌کات و بڕوانامه‌ی بکالۆریۆس له سێ لقی زانستییدا وه‌ده‌س ده‌خات.ئه‌و لقه زانستییانهیش بریتی بوون له : زانسته دینییه‌کان،ده‌روونناسی و یاسا و ماف. ساڵی 1958ی زایینی وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا ،شوکروڵڵای بابان ڕێی ده‌که‌وێته ڕادیۆ تاران که ئه‌و ڕادیۆیه به‌رنامه‌یه‌کی ڕۆژانه 15 خوله‌کی به کوردی و به بن زاری ئه‌رده‌ڵانی بڵاو ده‌کرده‌وه که دواتر هه‌ر زۆر زوو هه‌ست به‌وه کرا پێویسته دیالێکتێکی گشتگرتر و زه‌نگینتر ده‌کار بێنێ تا بتوانێ سه‌رکه‌وتووتر بێت و به‌شێکی زۆرتر و گوێگر و لاگرێکی پتر و فره‌تری کورد بکاته خۆی.بۆیه پاشان ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی ئه‌م ڕادیۆیه بۆ کاتژمێرێک درێژ کرایه‌وه و ئه‌مجاره به‌رنامه به دوو زاراوه‌ی کورمانجی نێوه‌ڕاست(سۆرانی) و کورمانجی ژووروو بڵاو ده‌بووه‌وه.شوکروڵڵای بابان هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه وه‌ک بێژه‌ر و به‌رپرس ده‌ستی دایه کار و چالاکی و خێرایش بوونی خۆی سه‌لماند و ڕادیۆی کرده خاوه‌نی مۆرک و ناسنامه‌یه‌کی کوردیی تر و به پێشکه‌شکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین جۆره به‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی که سهرتۆپهکهیان به‌رنامه‌ی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” بوو،زۆر سووک و خۆمانه ڕێی بڕییه لای هه‌موو ماڵه کوردێک. هه‌ر له ماوه‌ی ساڵانی 1338 تا 1342 ی هه‌تاوی، 1959 تا 1963ی زایینی ،شوکروڵڵای بابان به هاوکاری چه‌ندین که‌سایه‌تی تری وه‌ک مامۆستایان “به‌دیعوزه‌مانی”،” سدیقی موفتی زاده”،” عه‌بدوڕه‌حمانی سیراجه‌دینی” و “شێخ عابید” له تاران‌دا ڕۆژنامه‌ی “کوردستان”یان ئاماده و له چاپ ده‌دا.ڕاسته ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له ژێرچاودێری و بگره ساخته‌ی ده‌ست خودی ڕژێم بوو به‌ڵام توانی به‌ش به حاڵی خۆی خزمه‌تی بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی بکات . له ماوه‌ی ساڵانی کاری میدیایی و ڕاگه‌یاندندا “شوکروڵڵای بابان” له ڕادیۆکانی “تاران”،”کرماشان”،”سنه” و “ورمێ” کاری کردووه و هه‌رده‌میش ئاماده‌بوونێکی چالاکانه‌ی بووه و به خامه و هه‌ستی دڵسۆزانه‌ی ،خزمه‌تی ئه‌م بواره‌ی کردووه.به دوای داخرانی ڕادیۆ کوردی تاران،ڕادیۆ کرماشان کرایه‌وه و کارمه‌ندانی ڕادیۆیش له تارانه‌وه گوێزرانه‌وه بۆ ڕادیۆ کرماشان و له په‌نا زاراوه‌ی سۆرانی دا ،به زاراوه‌ی که‌ڵهوڕیش به‌رنامه بڵاو ده‌کرایه‌وه.شوکروڵڵای بابان تا ساڵی 1969 به ناوی به‌رپرس ،بێژه‌ر و وه‌رگێڕ کاری ده‌کرد. هه‌ر به‌و ساڵانه خاسما له ڕادیۆ کرماشان‌دا بوو که شوکروڵڵای بابان له ڕێی ده‌نگی سیحراوی و ئه‌دای جوانی خۆوه توانی ناوبانگی ڕادیۆ کرماشان به هه‌موو لادا بڵاو بکاته‌وه و له هه‌موو شوێنێکی کوردستانه‌وه ڕووناکبیر و خه‌ڵکی ئاسایی ڕوویان له‌و ڕادیۆ ده‌کرد و تامه‌زرۆ بوون له نزیکه‌وه ئاشنا به‌و سیما ئێسک سووک و ڕهزاشیرینه کوردییه بن. شوکروڵڵای بابان هه‌ر له ڕادیۆ کرماشان‌دا به پێشکه‌شکردنی به‌رنامه‌ی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” هه‌ژانێکی خسته ناو ڕادیۆ و به هه‌زاران گوێگر به تاسه‌وه چاوه‌ڕوان بوون تا ساتی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌که‌ی شوکروڵڵا بابان بگات و به گوێی دڵ ،گوێبیستی بن و چێژ له به‌رنامه‌که و ده‌نگی دڵبزێنی خودی بێژه‌ر ببه‌ن. هه‌ر به‌و ساڵانه و بۆ یه‌که‌مین جار له مێژووی ڕادیۆی کوردییدا چیرۆکی کوردی له ڕادیۆوه بڵاو کرایه‌وه که گورجێ لاگرێکی فره‌ی ده‌س خست.شوکروڵڵای بابان بۆ خۆ ده‌وری سه‌ره‌کی له زۆر له‌و چیرۆکانه‌دا ده‌بینی و ژماره‌یه‌ک له‌و چیرۆکانه‌یش بۆ خۆی ده‌ینووسین که نموونه‌یش چیرۆکی “حه‌مه شوان”ه. واته شوکروڵڵای بابان هه‌م چیرۆکی ده‌نووسێ و هه‌میش ده‌وری ئه‌کته‌ر و ده‌ورگێڕی له چیرۆکه‌کاندا ده‌بینی. ئیتر ئه‌مجاره شوکروڵڵای بابان ناوبانگی هه‌موو لایه‌کی کوردستانی گرتبووه‌وه و هه‌زاران که‌س هه‌ر به عه‌شقی ئه‌و ده‌نگه تا ناخ کوردییه شه‌یدای وێژه و ئه‌ده‌ب و زمانه‌که‌یان بوون .گه‌ر سه‌یرێکی کتێبی “هێمن و من ” له نووسینی س.چ (هێرش) بکه‌یت و به وردی کتێبه‌که بخوێنیته‌وه،ئه‌و ڕاستییه‌ت لا ڕوون ده‌بێته‌وه و تێده‌گه‌یت سه‌دانی وه‌ک کاکه “هێرش” به پاڵپشت و یارمه‌تی و عه‌شقی ده‌نگه‌که‌ی شوکروڵڵای بابان ڕوو ده‌که‌نه فێربوون و خوێندنه‌وه‌ی کتێب و به‌رهه‌می کوردی . نووسه‌ر له‌و کتێبه‌دا به ئاشکرا ده‌نووسێ له ڕێی به‌رنامه‌کانی شوکروڵڵای بابانه‌وه به تایبه‌ت به‌رنامه‌ی “کاروانی شێعر و مۆسیقا” و ده‌نگی هه‌ره زوڵاڵی ئه‌و بێژه‌ره کورده‌وه که‌وتۆته سه‌ر ڕێبازی کوردایه‌تی و نه‌ک به دڵێک به‌ڵکوو به سه‌د دڵ شه‌یدای زمان و کولتووره‌که‌ی بووه. که‌م نین وێنه‌ی ئه‌و نووسه‌ره ناوئاشنایه‌ی ئێستای کورد (هێرش)که سه‌رده‌می خۆی به یارمه‌تی به‌رنامه‌کانی شوکروڵڵای بابان ڕێبازی ژیانیان بینیوه‌ته‌وه. پێشتریش وترا که شوکروڵڵای بابان ساڵه‌های ساڵ له ناوه‌نده‌کانی ڕاگه‌یاندن له تاران، کرماشان و سنه و ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ)خزمه‌تی بواری ڕاگه‌یاندنی کوردی کردووه . شوکروڵڵای بابان وه‌ک نووسه‌ر،بێژه‌ر و وه‌رگێڕ به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی دڵسۆزانه خزمه‌تی نیشتمانه‌که‌ی کردووه و به‌ری ئه‌و ساڵانه‌یش جگه له سه‌دان به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی ،چه‌ندین کتێبی به بایه‌خه. بابان ،ساڵی 1359ی هه‌تاوی (1980ی زایینی)خانه‌نشین ده‌بێت و هه‌لێکی بۆ ده‌ڕه‌خسێ خۆ به نووسین و وه‌رگێڕانه‌وه زێتر خه‌ریک و مژول بکات. شوکروڵڵای بابان خاوه‌نی چه‌ندین کتێب و به‌رهه‌می ڕه‌نگینه که له‌و به‌ینه‌دا ده‌کرێ ئاماژه بکه‌ینه ئه‌م چه‌ند به‌رهه‌مه: “سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی؛پاڵه‌وانی کورد”،”گوڵزاری کوردستان” و قامووسی “فارسی –کوردی “که ساڵی 1361ی هه‌تاوی(1982ی زایینی) بڵاوی کرده‌وه و بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه خاوه‌نی نرخ و بایه‌خێکی زۆر بوو و توانی چه‌ند هه‌زار وشه له دووتوێی قامووسه‌که‌یدا خڕ بکاته‌وه.شوکروڵڵای بابان هه‌روه‌ها چه‌ندین کتێبی تری ئاماده‌ی چاپه که له‌و به‌ینه‌دا ده‌کرێ ئیشاره‌ت بده‌ینه : کتێبی چوار به‌رگیی “جوگرافیای کوردستان” ، “ناو و نیشانه‌کان” و “دیوانی شێعره‌کانی” .ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت شوکروڵڵای بابان ده‌نگێکی هه‌ره ئاشنای ناو کوردان له حه‌فتا و هه‌شتاکانی زایینی دێته ئه‌ژمار که له ساته‌وه‌خت و سه‌رده‌می خۆیدا بوو به هۆکارێکی هه‌ره کارا بۆ لاکردنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه‌ی سه‌دان گه‌نج و لاوی کورد له فه‌رهه‌نگ و کولتووری کوردی و له ڕاستیدا هه‌ژان و ته‌کانێکی خسته ناو هه‌مووان و چه‌شنێک ڕابوون و بێداربوونه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵگه به‌خشی که نابێ ئه‌م خزمه‌ته شایانه له بیر بکرێ. نازانم هۆکار چبووه که ڕاگه‌یاندنی کوردی ئه‌وه‌نده لای له‌م که‌سایه‌تییه نه‌کردۆته‌وه و نه‌یتوانیوه سه‌تی یه‌کی خه‌بات و دڵسۆزی ئه‌و مرۆ بۆ به‌ره‌ی ئێستا بگوێزێته‌وه و به‌رامبه‌ر به ته‌مه‌نێک کار و چالاکی و خه‌باتی شوکروڵڵای بابان نه‌وه‌ی ئێستا ئاگادار بکاته‌وه! ته‌نیا به ساڵی 2004 بوو که بۆ یه‌که‌مجار شوکروڵڵای بابان سه‌ری هه‌رێمی کوردستانی دا و به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی بۆ کرا که ئه‌مه‌یش بۆ خۆ جێی ده‌ستخۆشی و سوپاسه و که‌لێنێک له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا پڕ ده‌کاته‌وه و سه‌نگێک به ئه‌رشیڤی ڕاگه‌یاندنی کوردی ده‌به‌خشێ که به سه‌ت داخ و که‌سه‌ره‌وه به هه‌زاران به‌رنامه‌ی به پیت و ڕه‌نگین و زه‌نگینی کوردی تۆمار و بڵاو بۆته‌وه که‌چی ئه‌رشیڤی ئیزگه و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی ڕژێمه‌کانی سه‌رده‌ستی کوردستان له‌و بواره‌دا زۆر لاوازه و هه‌ر به‌رپرس و لایه‌ن و ڕژێمێک هاتووه و ئه‌وه‌ی ئه‌رشیڤی کوردی بووه ،هه‌مووی له ناو بردووه.نموونه‌یش ئه‌رشیڤه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی ڕادیۆ کوردیی کرماشان و تارانه که پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ،له لایه‌ن که‌سانی تا ناخ دوژمنی کورده‌وه له به‌ین براوه.به داخه‌وه شوکروڵڵای بابان له دوا ساڵانی ته‌مه‌نیدا تووشی نه‌خۆشی فه‌رامۆشی (ئاڵزایمه‌ر) هاتووه و ئیتر ئه‌و ده‌نگه پهرجۆئاسایه ته‌نیا هه‌ر چاوی له جوانییه‌کانی دونیای ده‌ور و به‌ر بووه و به‌س.سه‌ره‌نجام شوکروڵڵای بابان دره‌نگانی شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه،27ی گه‌ڵاڕێزانی 2712، 16ی نۆڤمبه‌ری 21012 ،کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه له به‌شی هونه‌رمه‌ندانی گۆڕستانی “به‌هه‌شتی زارا ” که ده‌که‌وێته باشووری شاری تاران ،ئه‌سپه‌رده‌ی خاک کرا .شوکروڵڵای بابان 8 منداڵی هه‌یه(6 کوڕ و 2 کچ).خۆزی نزیکان،تۆزێک ئه‌رشیڤه‌که‌ی باوک و باپیر و …. بپشکنن و له‌و ده‌روون و ناخهکوردییهوه هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه سه‌رخۆ و خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڕتووک و کتێبێکی کوردی به خۆ بده‌ن و بزانن که ته‌نیا ” نامرن ئه‌وانه وا له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین”*.
* کۆپله‌یه‌ک له شێعری “نه‌ورۆز”ی پیره‌مێردی نه‌مر(1950-1867)
تاران
29ی گه‌ڵاڕێزانی 2712
{jcomments off}