دە ساڵ بەرلە ئیستا وکاتێک تۆڕی جیهانگیریی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی بەرین کەوتبووە خزمەت کۆمەڵگا ، میدیاکارانی کوردیش پێ بە پێی کۆمەڵگایی جیهانی کەوتنە بیری بەرینتر کردنی راگەیاندنی کوردی لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا.
یەکێک لەو تێکۆشەرانەش کە خۆی پێشمەرگەی دەیان ساڵەی خەباتی پێشمەرگایەتی لەڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا بوو ، بە ئیمکاناتی خۆی و بە کەمترین ئەزموونی راگەیاندن ، بیری لە دانانی ماڵپەڕێک بە ناوی پێشمەرگەکان دەکاتەوە و ئەو ماڵپەڕە ی کە دە ساڵە خزمەت بە ڕاگەیاندنی کوردی دەکاتەوە ، دایدەمەزرێنێ و لە ڕۆژی ٢٦ ی سەرمازی ٢٠٠٢ دەست بەکار دەبێ .
ئەمڕۆ ماڵپەڕی پێشمەرگەکان دەهەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرسێنێ و لە سەر پیی خۆی ڕاوەستاوە . لە تەواوی ئەو دە ساڵە دا سەرەڕای کەم ئەزموونی و کەمیی پێرسۆنێل ، کە لە سەرەتا دا تەنیا و تەنیا کاک سالە نەڵۆسی کە خۆی خاوەن و بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکە بوو ، بەڕێوەی دەبرد ، توانیویەتی خوێنەر و لایەنگرێکی زۆر لە خۆی کۆبکاتەوە و ببێتەوە ناوەندێکی باوەڕ پێکراوی راگەیاندنی کوردی وزۆر نووسەر و میدیاکاری کورد خۆی تێدا دەبیننەوە . دواتر و بە ناسرانی ئە وماڵپەڕە ، چەند کەسێکی دیکەش وەک هاوکار و بەڕێوەبەری ماڵپەڕ دەست بەکار بوون و پێکەوە تا ئەمڕۆ سایتەکەیان بەڕێوە بردووە .
ئەگەر خۆمان بپارێزین لە پێیا هەڵکوتن وتەوازوع ڕەعایەت بکەین ، دەتوانین بڵێین کە پێشمەرگەکان بە ماڵپەڕێکی بە پڕەنسیپ و پارێزەری ئەخلاقی ڕاگەیاندنێکی ساڵم ناسراوە . بەڵام ئەوەش بەو مانایە نیە کە هەڵە نەکراوە ، لە لایەنگری کردنی جیهەتێکی سیاسی دا سنووری نە بەزاندووە ، بەڵێ ! ئەوانەش هەبوون . بەڵام بە جورئەت و بە ڕووسووری یەوە دەتوانین بڵێین کە: تاقە میناکێک نیە بسەلمێنێ کە ئەو ماڵپەڕە تەوهینی بە کەس یان کەسایەتییەک ، یان ڕێکخراوێکی سیاسی کردبێ ، یان چووبێتەوە نێو ژیانی تاکەکەسی یەوە و بە مەبەستی ناوزڕاندن کەسێکی کردبێتەوە ئامانج . لە گەل ئەوەش دا بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بۆ هەموو لایەک ناسراون و قەت خۆمان بێ لایەن لە قەڵەم نەداوە و هەمیشە بە ئاشکەرا و بە بێ سڵەمینەوە ، بەرگریمان لە هزری سیاسیی خۆمان کردووە . شوعاری ئێمە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ئەوەیە کە : بە تەواوی سەربەخۆین و ئیزن لە هیچ لایەنێک و تەنانەت ئەو لایەنەی کە شەڕەفی ئەندامەتیشمان تێیدا هەیە ، وەرناگرین بۆ کاری خۆمان ، بەڵام بێ لایەن نین و جیهەتی فیکریی ئێمە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە ، لە گەل ئەوەی کە ئەو حیزبەش تا بە ئەمڕۆ کە دە ساڵ بە سەر تەمەنی پێشمەرگەکان دا تێدەپەڕی ، بچووکترین هاوکاریی لە گەڵ نەکردووین، سەرەرای ئەوەی کە زۆرجار نەیارانی حیزب ئەو ماڵپەڕە بە ماڵپەڕی حیزب ناو دەبەن ، کە وانیە .
ئارشیوی پێشمەرگەکان پێک هاتووە لە : هەزاران بابەتی جۆراوجۆری سیاسی ، زانستی ، کۆمەڵایەتی ، دیرۆکی ، بیروەری ، شێعر ، ئەدەب و هونەر ، رەخنەگرانە ، لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر ، خەباتی ژنان ، لاوان ، خوێندکاران ، ………… و دەیان هەزار وێنەی جۆراوجۆر کە بەشێکی زۆری وێنەی شەهیدانی کوردستان و پێشمەرگەکانن. هەر وەها ژمارەیەکی زۆری گۆڤار ، کتێب ، ڕۆژنامە و بڵاو کراوەی کوردی و فارسی لە ئارشیوی پێشمەرگەکان دا پارێزراون .
ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان ، وێڕای ئەوەی کە پیرۆزبایی تێپەڕینی دە ساڵ بە سەر تەمەنی ماڵپەڕ دا لە خوێنەران و نووسەرانی ، پیرۆزبایی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی لە دایک بوونی ماڵپەڕەکەمان لە هەموو خەڵکی کوردستان ، پێشمەرگە خۆشەویستەکان ، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و قەڵەم بەدەستانی میللەتەکەمان دەکەین.
ئیوەش شاد و تەمەنی پێشمەرگەکان هەر درێژ ، و چاوەڕوانی هاوکاریی قەڵەم بەدەستانی هێژاین .
دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان
ساڵە نەڵۆسی
کاووس عەزیزی
ڕەشید ڕەحمانی(زەرواو)