قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی نوێ نییە و، ریشەییەکی مێژوویی هەیە کە لە پاوانخوازی عەرەبەکان و، خوشباوەڕی کوردەکان بە بەڵێنی عەرەبەکان لە کاتی لاوازیاندا سەرچاوە دەگرێ.
ئەگەرچی لە سیاسەتدا متمانە کردن و سەرسپاردن بە لایەنی بەرانبەر کە مافت لە لایە و دەبێ وەری بگریتەوە، بوونی نییە و، دەبێ بە وتووێژ و بەڵگەوە فشار بخەیتە سەر بەرانبەرەکەت، بەڵام ئەم دیاردەیە لای کورد سەرەڕای دەیان ساڵ ئەزموون لەو بوارەدا جێگیر نەبووە و، نیشانەی کرچ و کاڵی کادری سیاسیی کورد لە بواری کردەوە و دیپلماسیدایە.
کەسێ یا نەتەوەیەک کە مافی لێ زەوت کرابێ، نابێ کردەوەکانی خۆی لە بەرگریکردن و دژکردەوەدا قەتیس بکاتەوە. کەسی خاوەن ماف دەبێ بۆ بەدەست هێنانەوەی مافەکەی هەمیشە خاوەن کردەوە و پلان بێ و، بۆ پێشەوە بچێ، لە هێرشدا بێ نە پاشەکشە بکا و، لە بەرانبەر هێرش و کردەوەکانی بەرانبەرەکەیدا تەنیا دژکردەوە نیشان بدات. ئەگەر لێرە ئێژم دەبێ هەمیشە لە هێرش بردندا بێ، مەبەستم هێرشی نیزامی نییە، بەڵکوو دەبێ لە بواری دیپلوماسیدا بەرانبەرکەی وا بخاتە تەنگانەوە کە ناچار بێ ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە. لێرەدا پرسیاری لای من دروست بووە، ئایا هەرێمی کوردستان کام لەم ئیستراتژییانەی رەچاو کردووە، کردەوە لە مەیداندا یا دژکردەوە لە بەرانبەر کردەوەکانی حکوومەتی ناوەندیدا؟
بەڕای من بەشی دووەم واتە دژکردەوەی هەڵبژاردووە، هەربۆیە تاکوو ئێستاش، نەیتوانیوە ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی هەرێم بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە چەندین نموونە لە کردەوەکانی حکوومەتی ناوەندی دژ بە هەرێمی کوردستان و، دژکردەوەی هەرێمی کوردستان بە کورتی دەخەمە بەرچاوی خوێنەرانی بەڕێز.
ئەگەرچی قەیرانەکانی نێوانی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی دۆسییەیەکی دوورودرێژە، تا شوێنەی بۆم بگونجێ نموونە بەرچاوەکان باس دەکەم. ئەگەر بارودۆخی دە ساڵ بەر لە ئێستا بە بیر خۆماندا بێنییەوە، سەیر دەکەین کوردەکانی باشوور بێ هیچ رێکەوتنێکی نووسراو لەگەڵ ئامریکادا چوونە جەنگی دیکتاتوری و، سەدامیان رووخاند و هەموو خاکی کوردستانیان لە داگیرکەر پاک کردەوە. پاش ماوەیەکی کورت هەر ئەو هاوپەیمانە پێشمەرگەکانی لە کەرکووک دەرکرد و خستییە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی عێراقەوە کە ئەو کات خۆی سەرپەرەستی دەکرد.
لەو سەردەمەی کە هیچ دەسەلاتێکی ناوەندی نەبوو و، ئەحزابی عەرەبیش پرش و بڵاو بوون و عێراق لە دۆخێکی پەشێو و ئاڵۆزدابوو، کوردەکان لەباتی پێداگری لەسەر دەرنەچوون لە ناوچەئازاد کراوەکان، بەداخەوە هەڵەیەکی مێژووییان کرد و نیوەی زیاتری خاکی کوردستانیان تەحویلی حکومەتی ناوەندی دایەوە کە، لەو کاتەدا بوونی نەبوو و، هەر لە لایەن کوردەکانەوە پارێزگاری لە بەغداش دەکرا. ئەمە لەکاتێکدا کە دەبوو تەنیا خۆیان بە کێشەی ناوچەکوردنشینەکانەوە خەریک بکردایە نە ناوچە عەرەب نشینەکانەوە.
پاشان کوردەکان بە چڕ و پڕی بەشداری دەسەڵات و سەقامگیری عێراق و داڕشتنی قانوونی بنەڕەتییان کرد، کوردستانیان بە تەواوی لەبیر کردبوو. هەر لە کاتی مەجلیسی حوکم و داڕشتنی قانوونی بنەڕەتی کاتی، عەرەبەکان یەکگرتووانە کەوتنە خافڵاندن و فێڵ کردن لە کورد. سەرەتا مادەی ٥٤یان لە قانوونی کاتی بۆ چارەسەری کێشەی ئەو بەشە لە خاکی کوردستان دانا. پاش ساڵی هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیرا و، پاشان لە مادەی ١٤٠ی قانوونی بنەڕەتیدا جێگیریان کرد و، ماوەیەکی قانوونیان بۆ جێبەجێ کردنی دیاری کرد.
لەوێش یەکگرتوووانە کەوتنەوە خافڵاندنی کورد و ئەو ماوەی دوو ساڵە کە بۆ جێبەجێ کردنی بڕگەکانی ئەو مادەیە دانرابوو، جگە لە کارشکێنی و کێشە سازکردن هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەیان بۆی هەڵ نەهێنایەوە. ئەوە چەندین ساڵ بەسەر ئەو ماوەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا یەک برگەشی جێبەجێ نەبووە. عەرەب و تورکمانەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەباربردنی جێبەجێ کردنی ئەو مادە قانوونییەیان داوە. تاکوو عەرەبەکان هەنگاوەکانیان دژ بەو مادەیە نەگەیاندبێتە ئەنجام، کورد هیچ دژکردەوەی نەبووە. پاش ئەوەی دژکردەوەشی نیشان داوە، بە وادە و بەڵێنێکی سەرزارەکی بێدەنگ بووە.
نموونەیەکی دیکە پەسندکردنی قانوونی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینییە کە بە دەست تێکەڵکردنی شیعە و سوننی فێڵێکی دیکەیان لە کورد کرد، کورد دیسان دژکردەوە نیشان دەدا و بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو قانوونە هانا بۆ سەرکۆمار دەبا کە کوردە. پاش ڤێتۆی سەرکۆمار و، سەرەڕای هەموارکردنی قانوونەکەش هێشتا عەرەبەکان سەرکەوتوو بوون و کەرکووکیان کە سەربە حکوومەتی ناوەندیش بوو، لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەرهاویشت و هەڵبژاردنی تێدا نەکرا و کوردەکەش بێدەنگ بوو.
لە ژووئییە و ئووتی ٢٠٠٨ی زایینیدا جارێکی دیکە لە پارێزگای دیالەوە بە ناوی راهێنان و گەڕان بە دوای تێروریستەکاندا، حکوومەتی ناوەندی هێزی ناردە شارەکانی، سەعدییە، جەلەولا، جەبارە و قەرەتەپە. هەرکە جێگیر بوو، زوو هێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە ناچار بە پاشەکشەکرد، ئەگەرچی هەرێم هەمدیسان دژکردەوەی نیشان دایەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و، ئەو ناوچانەی کە ئازادکرابوون کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەرتەشی حکوومەتی ناوەندی و، پێشمەرگە لەو ناچانە دەرکران. پاش دەرچونی هێزی پێشمەرگە زەبروزەنگ دژی کورد دەستی پێکرد و، تا ئەو شوێنەی ئاگادار بم زیاتر لە ١٥٠٠ بنەماڵە هەڵاتن و چەندین کوردیش بە دەست عەرەبەکان کوژران.
ئەگەر سەیری مێژووی ئەم چەند ساڵە دەکەین قەیرانەکان هەمیشە بەردەوام بوونە، کێشەکانی دروست کردنی هێزی سەحوە، دامەزراندنی کارمەندی عەرب لە دەرەوەی کەرکووک و ناردنیان بە بنەماڵەوە بۆ ئەو شارە کە جۆرێکی ترە لە تەعریب، کێشەی بەشە بوودجەی هەرێم، ئەرتەش(هێزەکانی پارێزگاری لە سنوورەکانی کوردستان)، هێزی پێشمەرگە، نەوت و گاز و هەروەها دامەزراندنی مەجالیسی عەشایر و دەیان پیلانی دیکە دژ بە کورد… رەنگە بابەتەکە زۆر درێژتر بکاتەوە، بۆیە دەمەوێ بگەڕێمەوە سەر دروست بوونی ئوپراسیونی دیجلە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو رووداوانە لە سەرەوە ئاماژەم پێی کرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالیکیدا روویان داوە.
ئوپراسیونی دیجلە لە مانگی ژووییەی ٢٠١٢ی زایینی لە لایەن نووری مالکییەوە دامەزراوە کە، هێزێکی تایبەتە و لە ژێر فەرماندەویی خۆیدا بە مەبەستی کونترۆل کردنی سێ پارێزگای گرینگی عێراق پێکی هێناوە. کەرکووک کە موڵکی کوردە و بە نەوت دەوڵەمەندە و ئەوەش کە عەرەبەکان مەبەستییانە هەر نەوتەکەیە، پارێزگای سەلاحەدین کە ناوەندی دەسەڵاتی سووننییەکانە و، مەزاری دوو ئیمام زادەی شیعەی لێیە و، لایان پیرۆزە و بۆیان گرینگە دەستی بەسەردا بگرن. پارێزگاری دیالە کە پێکهاتەکەی کورد و شیعە و سونییە و بە نەوت دەوڵەمەندە و، مەبەستی مالکی ئەوەیە کە ئەم پارێزگایە بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دابەش بوونی عێراقدا لانی کەم سنووری دەوڵەتی سوننی بەرتەسک بکاتەوە و، سنووریان لەگەڵ ئێراندا نەهێڵێ. بەو شێوەیەش ئیدی بۆ ئێرانی شیعە دەراوسێیەکی سووننی دوژمنکار بوونی نییە.
ئەگەرچی کورد ئاگاداری دامەزراندنی ئەم هێزە و ناوەندی فەرماندەیی دیجلە بووە، جگە لە راگەیاندنی میدیایی، لەو ماوەیەدا هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەی دژی ئەو بڕیارە هەڵ نەگرتووە.
مالیکی یەکەم هەنگاوی خۆی بە ناردنی هێزێکی شیعە لە ناوەند و باشووری عێراقەوە بەرەو کوردستان تاقی کردەوە. ئەو سوپایە لە زمار لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردەوە پێشی پێ گیرا و، نەیان هێشت بگەنە شوێنی مەبەست. دیارە بیانووی ناردنی ئەو هێزە ئاڵۆزی بارودۆخی سووریە و، پاراستنی سنوورەکان بوو کە لە بنەڕەت ئامانجیان شتی دیکە بوو.{jcomments off}